ژن تا خۆی لە وابستەیی بازار و كولتووریی بەكاربەریی و بووكەشووشەبوون لە میدیا و ڕیكڵام و ئۆجێكتبوون ڕزگارنەكات، ئەستەمە بتوانێت ببێتە مرۆڤێلی ئازاد و ھاوتا بە پیاو، ئەستەمە بتوانێت خۆی لە ستەمكاریی دەسەڵاتی كولتوور و سیستەمی ڕامیاریی ڕزگاربكات و ئەستەمە بتوانێت سنوور بۆ پیاوی ڕەگەزپەرست دابنێت !

لە كۆمەڵگەی گوندیدا ژن ھێندەی ژنی شار ژێردەست نەبوو، چونكە ھەم بەرھەمھێنەر بوو و ھەم وابەستەی بازار و بووكەشوشەی نێو میدیا و ڕیكلامی ئۆتۆمەبێل و چەك و كاڵای یەكجارەكی [یك با مصرفی] نەبوو !

لێرەدا مەبەستم ھەموو گوندێك و ھەموو ناوچەیەك نییە، چونكە لە نێو پێكھاتە خیلەكییەكاندا، سەرباری ژێردەستەیی ژنان تا ئاستی كاڵا و كەرستەبوون، پیاوانیش لە كۆتە كولتوورییەكانی خێڵ ئازادنەبوون و ئازادییان تەنیا ھاوتای ئازادی پاسەوانانی زیندان بووە !

***************************************

سڵاو خاتوو ***** ، زۆر دروستە و منیش نامەوێت و مەبەستیشم ھاوتاكردنی ژن نییە بە پیاوی ڕەگەزپەرست و دەبەنگكراوی دەسەڵات و سەرمایە و كولتوور، ھەروەھا ئەوە من نیم كە دەمەوێت ھاوتا بە پیاوی بكەم، بەڵكو ئەوە ژنانی فێمینیستن، كە دەیانەوێت ژنان بگەییڼە ئاستی پیاوانی كۆیلە و سوپاسگوزاری چەوسێنەرانیان، من خەیاڵی ھاوتایی [یەكسانی] مرۆڤەكان بە ھەموو ڕەگەز و نەژاد و ڕەنگ و ئایین و تەمەن و ئارەزوو و بیركردنەوەم لە سەردایە. ئەگەر مەبەستیشم ئەوە بێت، ئەوا دیسانەوە تۆ ئازادیت و من بەناوی ژنانەوە قسەمنەكردووە، بەڵكو تەنیا بۆچوونی خۆمم لەمەڕ ئەگەرەكانی ڕزگاری خستووەتەڕوو. بە كورتی دەمەوێت بڵێم، بە پێچەوانەی خەیاڵی خودی ژنانێك كە خۆیان بە ئازاد دەزانن، جیاوازی تەنیا لە جۆری خاوەندارێتی بەسەر ژندایە، لە ئایینەكاندا ژن بەشێكە لە دارایی پیاو، لە كەرەستە خۆشیپێبەخشەكانی، لە سیستەمی سەرمایەداریدا ژن ئامێرێكە وەك ھەر ئامێریكی دیكە، كە سەرمایە بۆ داراكان كەڵەكەدەكات، واتە ژن بەشێكە لە دارایی كۆمپانییەكان و دەولەت و پیاوە خۆشگوزەرانەكان … لەم سیستەمەدا ژنان كەرەستەی ڕیكڵام و پارەپەیداكردنن و ئەگەر تا ئەو ڕادەیە دەستەمۆنەكرابن، ئەوا تەنیا بەكاربەری نادەربەست و ساخكەرەوەی فی سبیل اللەی كاڵای بازارن. لە كاتی تەنگەژە ئابوورییەكەی دوو و سێ ساڵ ساڵ لەمەوبەر، تەنیا بواری پیشيسازی و بازرگانی میكیاج، پۆشاكی ژنان، پیشەسازی سێكس، تووشی قەیران نەبوون، ئایا ئەمە شیاوی بیرلێكردنەوە نییە؟ ئایا وێنەی ژنێك بە ڕووتی لەبەردەم زرێپۆش و فرۆكە و كەشتی و ئۆتۆمەبیڵ و كاڵاكانی دیكەی بازار، شیاوی تێڕامان نییە ؟ كەسمان لە سایەی كۆمەڵگەی چینایەتیدا ئازادنین، تەنیا دەتوانین ئازادانە بیربكەینەوە، ئەویش ئەگەر ئامادەیی خۆیی و ویستی خۆمانی لەسەربێت، ئەگەرنا ئازادی لە سایەی سیستەمی چینایەتیدا خەوبینینی وشترە بە فڕینەوە !