بەپێچەوانەی تێگەییشتنی چەپەوە، بەرزكردنەوەی كۆمەڵێك دروشم یا ڕەدوكەوتنی ئەوروپاگەریی، نابێتە ھۆی گۆڕانی كولتووری كەسێك بە كولتوورێكی دیكە، چونكە لە كۆمەڵناسییدا كولتوور بە مۆری ھەڵكەندراوی سەر پێست دادەنرێت، ھەرچەندە كەسەكان نكۆڵی لێبكەن و پێداگری لەسەر وازھینان لێی بكەن، ئەوا لە شێوازی گفتوگۆ و ھەڵسوكەوت [بەتایبەت لە ھێما و جوڵەی دەست و دەم و چاو]دا، لە شێوازی خواردن و سێكسكردن و خواردنەوەماندا، لە ڕۆییشتن و وەڵامدانەوەی زەنگی مۆبایلەكەماندا، لە كاتی سەركەوتنی ترام و دانیشتن و دابەزینماندا، لە ھەموو وردەكارییەكی ژیانی ڕۆژانەماندا كولتووری زاڵ خۆی نیشاندەدات …
بۆ نموونە، شانازییكردن بە خوان و دارابوونەوە وەك كولتووری خێلەكی، ھەرچەندە زۆرینەی كوردانی دانیشتووی فەیسبووكئاوا پاگەندەی شارستانیبوون و ئەوروپانشینی و جیاوازبوون یا گۆرانی كولتووریان بكەن، بەڵام وێنەكان كەتوارێكی دیكەمان نیشاندەدەن؛ شانازی خێڵایەتی و ئاغایی بە دیواخان و خوانی پڕ خۆراك و جەمی خۆراكخۆر لە سایەی خۆراكبەخشندەیی ئاخای میوانیدەردا !
لەبەرئەوە ناخێڵەكیبوونی ھەر تاكێك بە دابڕانی لە كولتووری خێڵ دەپێورێت، نەك بە پاگەندەی سۆشیالیستبوون، لیبراڵبوون، پۆستمۆدێربوون، ..تد.
لەم بارەوە سەرنجڕاكێشترین دەركەوتن، پەخشكردنەوەی وێنەی سفرەی ڕازاوەی دانیشتوانی فەیسبووكئاوایە لە كاتی ماڵوێرانییەكانی بومەلەرزە و لافا و زریان و تەقینەوە و نەھامەتییەكانی دیكەدا، بۆ نموونە لە كاتی ئاوارەبوونی كوردانی كوردستانی بەشی سوریە، بوومەلەرزەكەی فلیپین، تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا، تەنانەت ئەم دیاردەیە ھاوكات لە یەك كەسدا دەردەكەوێت، كە لە یەك ڕۆژدا ھەم وێنەی منداڵێكی برسی ئەفریكا و ئاسیا بڵاودەكاتەوە و ھەم وێنەی سفرە ڕازاوەكەی خۆی …
من خەریكە سەرم لێ تێكدەجێت، ئێمە لە كاروان جێماوین یا بیركردنەوە و پاگەندەی ئەو كەسانە بانێكە و دوو ھەوا ؟؟؟؟؟؟