كوشتنی ” بڕیار حەسەن “، ڕووداوێكی ڕێكەوت نییە

كوشتنی ” بڕیار حەسەن “، ڕووداوێكی ڕێكەوت نییە؛
بۆ نەزانی كۆیلە-چەكدارێكی ئەمن ” ئاساییش” ناگەرێتەوە؛
بەڵكو پێش ھەموو شت بۆ ھەراسانی دەسەڵاتدارانێك دەگەرێتەوە، كە بودجەی ھەڵەبجە و پێڼجوێن و سەیسادەق و شارەزوور و ھۆرامان’یان لەدەستچووە و بڕی مشەخۆرییان كەمیكردووە !

ئامانجی خۆپیشاندانەكە ھەرچی بووبێت، ھەر كەس ڕێكیخستبێت، ھەر كەس دنەدەری بووبێت، كوشتن ھەر كوشتنە و ھیچ پاساوێكی نییە و ھەر كەس ڕەوایەتی پێبدات، وەك چەكدارەكانی ئاساییش، وەك بەكرێگیراوەكانی دەسەڵات، وەك بەعسییەكان تاوانبارە !

ژێردەستانی كوردستان پێویستە ئەوە بزانن، كە نە كڵاوێك بۆ دەستپێوەگرتن ماوە و نە كاتێك بۆ خۆلادان لە تیرۆر و كوشتن و سەركوت و زیندانییكردنی ھەر ڕۆژە !

ئەوی ئەم ڕۆژ لە بەرامبەر تیرۆری ” كاوە گەرمیانی ” و ” بڕیار حەسەن “دا بێدەنگە ھەڵدەبژیرێت، دەبێت چاوەڕێی بێدەنگەی ئەوانی دیكە لە بەرامبەر تیرۆر و كوشتن و سەركوت و زیندانكرانی خۆی و منداڵەكانیدا بكات !

نەزیر عومەر [ئارام]’یان سوتاند
لەبەرئەوەی خەڵكی سمێل و كە كۆمونیست نەبوویت، ھیچت نەگوت.
ڕەئوف كامیل’یان گولـلەبارانكرد
لەبەرئەوەی خەڵكی ئاكرێ و تێكۆشانی ڕەنجدەران نەبوویت، ھیچت نەگوت.
حەمە حەلاق و ھاوڕێكانیان دەستبەسەر و كۆمەڵكوژكردن
لەبەرئەوەی خەڵكی كۆیە و سەر بە حشع نەبوویت، ھیچ نەگوت.
شاپور و قابیل’یان ئیسلامیانە كوشت
لەبەرئەوەی ئاوارەی كەركووك و كۆمونیست نەبوویت، ھیچت نەگوت.
سۆرانی مامە حەمە’ئیان تیرۆركرد
لەبەرئەوەی كەركوكی و نەیاری دەسەڵات نەبوویت، ھیچت نەگوت.
سەردەشت عوسمان’یان ڕفاند و تیرۆركرد
لەبەرئەوەی ھەولێری نەبوویت، ھیچت نەگوت.
كاوە گەرمیانی’یان تیرۆركرد
لەبەرئەوەی گەرمیانی و ئەنفالكراو نەبوویت، ھیچت نەگوت
وا بڕیار حەسەن’یشیان كوشت، لەبەرئەوەی سەیسادەقی نیت، نقەت لە خۆت بڕیوە.
بەیانی كە خۆت ا و ئەندامانی خێزانەكەت كوژران، تیرۆركران، سەركوتكران، زیندانیكران، چاوەڕێ نەبی كەس ناڕەزایەتی دەربڕت، چونكە بەۆت خوازیاری ئەوەیت و بێدەنگی ھەڵبژرادنت كردووە بە باو !

*************
گەورەكانمان ھەردەم دەیانگێڕایەوە، كە لە سەردەمی فەرمانداریی [حكومەتی] پاشایەتییدا دوو چەتە قۆڵچی’یان كوشتوون، چەند شەو و ڕۆژ خەڵك خەوی لێنەكەوتووە و وایانزانیوە كۆتایی دنیایە !
بەڵام ئەم ڕۆ لە سایەی پارتایەتی و ڕامیاریی و سەروەریی دەوڵەت و سیستەمی پارلەمانیدا، ھەر ڕۆژە و دەیان و سەدانمان دەمەوبەیان، بە ڕۆژی نیوەڕۆ، ئێوارە و نیوەشەو تیرۆر و لە خۆپیشانداندا گوللەباران دەكرێیین، نادەربەستان و كڵاوچییان، خەریكی مشەخۆریین لەسەر گەندەڵییەكانی دەسەڵات و بێدەنگی و خۆپەرستیی بۆرجوازییانە سەراپای كولتووری كۆمەڵگەی داگرتووە !

************
داوای لێبوردن لە ھۆنەری ئاڵمانیزمان دەكەم، كە سوودم لە ھۆنراوەكەی ئەو وەرگرتووە.