ئەو گۆڕانەی ئێوە خوازیاریبوون، كار و ئامانجی ئەوان نەبوو و نییە و ناشبێت !
ھەژێن
١٦ی فێریوەری ٢٠١٤
یەكێك لە گرفتەكانی تاكی خۆشباوەڕ، تاكێك كە خاوەنی خۆھوشیاریی و سەربەخۆیی بیركردنەوە و سەربەخۆیی كەسایەتی نییە، وەك پووش و گەڵای وەریو، بە ئاسانی ڕەشەبای ڕۆژگار لەتەك خۆیدا ڕاپیچیدەكات و بە ویستی باكانی ڕۆژگار، لە جێیەك كۆمادەبێت؛ ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (كاژیك) و ڕۆژاگارێك لەبەردەم (پدك) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (حشع) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (ڕزگاری) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (كۆڕەك) ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (ینك) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (ئاش) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای ئیسلامییەكان [(حاكع) و (جا) و (یاكع) و (كاكع) و (ناكع) و (جاكع) و (اا) و (سەلەفی) و … تد ] و ڕۆژگارێك لەبەردەم كۆمپانیای وشە و گردە دزراوەكەدا، بەڵام ھیچ كات و تەنیا بۆ جارێكیش لەبەردەم ماڵی خۆی و لە ڼێو كۆڵان و گەڕەك و لە شوێنی كار و فەرمان و خوێندنی خۆیدا نا. ھیچ كات لەپێناو خۆڕێكخستن و سەپاندنی داخوازییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی خۆیدا نا، بەڵكو ھەردەم لەپێناو ساختەچییەتی ڕامیاریی ئەوانی دیكەدا، ئەوانەی كە ھەردەم دەخوازن سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییە ڕەواكانی ئەو و ھاودەردەكانی ببن و وەك پەیژەیەك بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و پارلەمان و كەڵەكەكردنی سەرمایە و مشەخۆریی، بەكاریانبەرن ! بەداخەوە ئەوەیە تاكی ناڕازی و گۆرانخوازی كورد، كە لە ھەموو سەردەمەكاندا چ لە شاخ و چ لە شاردا، ھەردەم بەھۆی خۆشباوەڕیییەوە پاشڕەوی “فی سبیل اللە”ی ڕامیاران بووە.
ھەڵبەتە لێرەدا نامەوێت و مەبەستیشم نییە، خۆم وەك سۆپەرمانێك لە دەرەوەی بازنەی بوونی ئەو تاكە بەدبەختانەدا وێنابكەم، بەپێچەوانەوە ڕۆژگارێك منیش لە تەمەنی ھەرزەكاریی ڕامیارییمدا، پاشڕەویی یەك دووانێك لەو پارت و گروپانە [چەپەكانیان] بووم، بەڵام بە وانەوەرگرتن لە ئەزموونەكانی خۆم و ئەوانەی پێش خۆم، توانیوومە خۆم لە تەلیسمی ڕامیاریی ڕزگاربكەم و بەخۆم بیربكەمەوە، بەخۆم دیاردەكان ھەڵسەنگێنم و ڕێگەنەدەم دەزگەكانی دەبەنگكردنی مرۆڤ [تەلەفزیۆن و میدیای دەسەڵات و پارتە ڕامیارییەكان]، ڕووداوەكانم بۆ شیبكەنەوە و بەرەو بەھەشتی ئاسمان و زەوی ڕێنوێنیم بكەن.
كەم نەبووین ئەوانەی كە لە ناھوشیارییمانەوە ڕۆژگارێك بووینە سووتەمەنی جەنگە نێوخۆییەكانی میلیشیاكانی ناسیونالیزمی كورد و گیان و ژیان و بوونی خۆمان كردە قوربانی بەدەسەڵاتگەییشتنی كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز و مشەخۆر لەژێر دێوجامەی ڕزگاری نەتەوە و نیشتماندا و كۆمەڵێك سەركوتگەرمان گۆڕێن بە كۆمەڵێكی دیكە، بێجگە لە زەمینەسازیی بۆ پیادەبوونی نەخشەكانی داگیركەران و وێرانكردنی زیاتر لە ٣ ھەزار گوند و زیندانییبوون و لە سێدارەدانی ھەزارانی دیكە و كوژرانی ھەزارانی دیكە لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٦٣تا ١٩٩٨، كیمیاكوژكردنی زیاتر لە ٥ ھەزار كەس و ئەنفالكرانی نزیكەی ١٨٠ ھەزار جوتیار و گوندنشینی ناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی داگیركەر و كردنی كوردستان بە بەشێك لە جەنگی ماڵوێرانگەرانە و ناڕەوای عیراق-ئێران. ھەر خۆشباوەڕیی تاكی ژێردەستی كورد بوو، كە ڕاپەڕینی وەك قۆچێك لەبەردەم چەقۆی حازرخۆرانی سفرەدڕ دانا و ئەو نەھامەتییەی بارھێنا، كە دوو دەھەیە، ھەمان تاك دەرگیری دەستوپەنجەنەرمكردنە لەتەكیدا و لەوانەیە دیسانەوە چەند دەھەیەكی دیكەش ناچار بە قوربانیدانبین، تاوەكو بتوانین لە ڕاپەڕینێكی دیكەدا دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد وەك دەسەڵاتی بۆرجوازی عەرەب [ڕژێمی بەعس] ڕابماڵێنەوە.
بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، ھیچ كات دەسەڵاتداران و مشەخۆران دەستەوئەژنۆ دانەنیشتوون و چاوەڕێ نەماونەتەوە و نامێننەوە، تا ئەو چەند دەھەیەش بگوزەرێت و مەرگی خۆیان ببینن. ئەوان ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە ھەرچی خۆفرۆش و بەكرێگیراو ی ڕژێمی داگیركەری بەعس ھەبوو، بەناوی “چەكداری شۆڕشگێڕەوە” بۆ سەركوتی خەڵكی ڕاپەڕیوو ڕێكیانخستنەوە و بەریاندانەوە گیانی خەڵك. ئەو كات (نەوشیروان موستەفا) و ھاوڕێكانی ئەندازیاری “شۆڕشگێڕكردنی” چەكدارەكانی بەعس و گفتوگۆ لەتەك بەعس بوون، ئەو كات ئەوان لەلایەك ڕەشەكوژی ژنانیان بە پاساوی نامووسپەرستی كوردایەتی و ھاریكاری لەتەك بەعس ڕەوادەبینی و ژنانیان بەبیانووی ھاریكاری ڕژێمی بەعس ڕەشەكوژیدەكرد و لەلایەكی دیكەوە قرتێلەی “شۆڕشگێڕی”ییان لە بەرۆكی پیاوانی ھاریكاری بەعس و پێشلەشكرانی وێرانكردنی گوندەكان و كیمیاباران و ئەنفال دەدا! ئەو كات ئەوان تا ساڵی ٢٠٠٦، ھاودەنگی بڕیاری سەركوت و زیندانیكردن و كوشتن و لەسێدارەدانی لاوانی خۆنیشاندەری ھەڵەبجە و ناوچەكانی دیكە بوون!
لەوانەیە تا ئێرە، خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی تاكی كورد، وێڕای ئەو ھەمووە ئەزموونە، زۆر شایانی سەركۆنە نەبێت، لەبەرئەوەی بوون و ستەمگەریی و كارە چەپەڵەكانی ڕژێمی بەعس، تا ڕادەیەك پاساو و ھاندەر و تەشەپێدەری بوون. بەڵام كاتێك كە تاكی كورد، دەسەڵاتداریی و مشەخۆریی بۆرجوازی كورد دەبینێت و بە كردوەوە جیاوازنەبوونی لەتەك ڕژێمی بەعسدا بۆ دەردەكەوێت، ئیدی بێجگە لە خێلگەراییبوون و شارچییەتی، ھیچ بیانوو و پاساوێك نییە، كە بتوانێت داكۆكی لەوە بكات، ئەو تاكەی كە بە ھەمان شێوەی سەردەمی بەعس لە خۆنیشانداندا تەقەی لێدەكرێت، تیرۆردەكرێت، ئاوارەدەكرێت و ماڵ و سەرپەنای دەستی بەسەردادەگیردرێت و لەسەر لایەنگریی لە لایەنێكی دیكە لەسەر كارەكەی لادەدرێت و گەڕانەوە و سەردانی كوردستانی لێ قەدەخەدەكرێت، سەرباری ھەموو ئەوانە وەك ئەوەی كە لە مێژووی نیو سەدەی ڕابوردوودا نەژیابێت و ئاگادارنەبێت، زۆر بە خۆشباوەڕیی و خوێنساردییەوە، یەكێك لە ئەندازیارانی جەنگی نێوخۆ و تیرۆر و سەركوت، دەكاتە شوانەی خۆی و بە دەنگدان دەیگەیێنێتە دەسەڵاتداریی و مشەخۆریی پاشایانەی دەسەڵاتدارانی بەر لە خۆی !
ئیدی ئەمە ئەوپەڕی داماوی و دەستەمۆبوونی تاكی كوردە لە لیتاوی ناسیونالیزم و دەسەڵات و دەوڵەتی خۆییدا، ھاوكات ئەمە ھەم شایستەی ئەو پەڕی بەزەییپێداھاتنەوەیە و ھەم شایانی ڕەخنەلێگرن و سەركۆنەكردنە، بەتایبەت لە كاتێكدا كە بە ھاوار و ئاواتی گۆڕانخوازییەوە دوای جەلادانی خۆی دەكەوێت و ھیوای ئایەندەییەكی بەختەوەریان پێوەگرێدەدات و چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەكات، كە پێچەوانەی خەونی دەسەڵاتخوازانە و مشەخۆرانەیان، ئەو ھەلپەرستانە بێن و ببنە بەدیھێنەری ئاواتەكانی خەڵكی ستەملێكراوی كورد !
ھەڵبەتە لێرەدا نامەوێت تاكی ناھوشیاری كورد وەك تاكە بوونێك لە مێژوو و لە جیھاندا نیشانبدەم، بەداخەوە ئەوە تایبەتمەندی تاكی چەوساوە و ژێردەستی گشت جیھانە و لە وڵاتانی تۆپ-پێشكەوتووی پیشەسازی و تەكنەلۆجیدا، لیتاوەكە لەوە خەسترە و پاش زیاتر لە چەند سەدە مافی دەنگداتن بە دەسەڵاتخوازان و مشەخۆران و ھەڵبژاردنی سەروەرانی خۆی، پاش سەدان ساڵ ئەزموون لەوەی كە ھەڵبژرادنی پارلەمانی ھیچ كات ئامراز و ڕێگەی گۆڕینی كۆمەڵگە و سیستەمەكە نادادوەرەكەی نییە و ھەردەم پاش ھەر دەنگدانێك، تاكی ژێردەستی خۆشباوەڕ تەنیا یەك كاری ئەنجامداوە، ئەویش سەندنەوەی مافی دەسەڵاتداری و مشەخۆریییە لە كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیار و دانی بە كۆمەڵێكی دیكە لەوان ساختەچیتر، كە بەدیاریكراوی گەمەی دەستاودەستپێكردنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیە لەلایەن ساختەچیانی ڕاستەوە بۆ چەپ و لە ساختەچییانی چەپەوە بۆ ڕاست، ھیچی لە خۆشباوەڕیی و بەدبەختی تاكی كورد كەمتر نییە، كە لە دووی سەرۆكی باش و پارتی باش و ڕامیار’ی باش و پارەلەمان و پارلەمانتار’ی باشدا وێڵە و پاش ئەو ھەمووە ئەزموونە مێژوویانەی مرۆڤایەتی، ھێشتا نەیتوانیوە ئەوە دەركبكات، كە گرفت لە ڕوخساری كەسەكان و ناوی پارت و لیستەكاندا نییە، بەڵكو گرفت لە خودی پێكھاتەی سیستەمە ڕامیارییەكە و میكانیزمەكانی ڕێكخستنیایەتی و دەسەڵاتی سەرووخەڵكی بەدەست ھەر كەسێكەوە بێت، تەنیا یەك ئەركی ھەیە، ئەویش پاسەوانی و پاراستنی دزییە، پاسەوانی و دابینكردنی مشەخۆریی چینێك و دەستەبژێرانێكی دیاریكراوە، ئیدی ئەوە ھیچ لە ناوەڕۆكی ئەو دزییە ناگۆرێت؛ من سەرۆك و دەسەڵاتداربم یا تۆ و ئەوانی دیكە، چونكە پێناوێك كە سیستەم و سەروەریی چینایەتی لەپێناودا ھاتووەتە بوون، دزی و مشەخۆرییە بەسەر سامان و داھاتی كۆمەڵگە و داگیركردنی ڕەنجی چین و توێژە ژێردەستەكانی خوارەوەیە !
بەپێچەوانەوە دەمەوێت ئەوە نیشانبدەم، گۆڕانێك كە تاكی خۆشباوەڕ و پاشڕەوی ڕامیاران دەیخوازێت، ھەمان گۆڕان نییە، كە دەسەڵاتخواز و مشەخۆرێك دەیخوازێت. بۆ نموونە لە ھەنگاوی یەكەمدا خەڵكی بەگشتی خوازیاری دابینكردنی كۆمەكە كۆمەڵایەتی و بیمە دەرمانی و چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی سیستەمی خوێندن و پەروەرە و یاساكانی كار و نیشتەجێبوون و مسۆگەریی ئازادییە تاكەكەسیی و گشتییەكان و بوونی دادپەروەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی لە بەھرەمەندیی و ڕێكخستنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەڕێوەبردنییەتی. بەڵام لەبەرئەوەی كە لە پڕۆسێسێكی مێژووییدا بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بەخۆ و ھاوپشتی و ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی، كە جاران پشتییان پێبەستراوە، لەودا [لە تاكی ژێرەست و نەدارادا] لەنێوبراون و لاوازكراون و خۆی كراوەتە پاشگر و تاك و ئەندامی ناچالاك و نائومێد، تا ئاستی ئەوەی كە خۆی بە دەنگێك و ئامرازی بەسەروەركردنی كەسانی دیكە دابەزێنراوە و دەبینێت، ھەموو ھێزێك لە دەرەوەی خۆی بە دیاریگەری چارەنووسی خۆی دەزانێت و ئامادەیە ملی ھاوكار و ھاوسێ و ھاوپۆل و ھاوڕێ و ھاودەم و ھاوسەر و ھاوحەز و ھاوڕەگەز ھاودەردانی خۆی، لەپێناو بەختەوەربوون و بەدەسەڵاتگەییشتن و مشەخۆربوون و كەڵەگابوونی كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیاردا، بشكێنێت و تیرۆری جەستەیی و ھۆشی و ئاوەزییان بكات !
من بەپێچەوانەوەی تاكی خۆشباوەڕ و ناھوشیار و پاشكۆوە، ھیچ لادانێك لە ھەڵوێست و لە مەبەست و لە بەڵێن و لە بەرنامە و لە ستراتیجی لیستی بەناو “گۆڕان” و سەرۆك و سەركردایەتییەكەی و ئەندامپارلەمانەكانیدا نابینم و پێشتر ھەمان بۆچوونی ئێستام ھەمووە و لە ساڵی ١٩٩١یشدا ھەمان ھەڵوێست و ھەڵسەنگاندنم بەرامبەر بە دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد ھەبووە و كاتێكێش كە ساڵی ١٩٩٢ لە زیندانی ئەو دەسەڵاتەدا شانازی ئازادیخوازبوونم پێبڕدرا، لە پشت دەرگەكانی زیندانی دەسەڵاتدارانی كوردزمانەوە دەمگوت “ئەوەی بۆ دەسەڵاتی بۆرجوازییانەی بەعس و چلكاوخۆرەكانی تەواونەكرا، دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی كورد دەیگەیێننە لوتكە، ئاوەدانكردنەوەی زیندانەكان و گرتنی ئێمە سەرەتای كارە، دێمۆكراتی پارلەمانی و دیكتاتۆری جەنەراڵەكان، دوو دیوی یەك دراون “. ھەروا كاتێك كە ئێمە سۆشیالیستخوازەكان ئەوەمان دەگوت، ھێشتا جەنگی نێوخۆیی باڵەكانی بۆرجوازی كورد ڕووینەدابوو، ھێشتا ڕژێمی بۆرجوازی بەعس نەڕووخابوو، ھێشتا تەقە لە خۆپیشاندەرانی ھەڵەبجە نەكرابوو، ھێشتا ژورنالیستان تیرۆرنەكرابوون، ھێشتا گەندەڵی ڕامیاریی و ئابووریی، كۆمەڵایەتیی نەكرابوونەوە، ھێشتا (ینك) و تاڵەبانی ناچارنەبووبوون ١٠ ملیۆن دۆلار بە دەستە ئاسنینەكەی نێو سەركردایەتی خۆیان [نەوشیروان موستەفا] بدەن، تاوەكو ناڕازاییانی ژێردەسەڵاتییان لەخشتەبەرێت، ھێشتا “جەلالی” و “مەلایی” [ بەكوشتدەرانی ھەزاران ڕۆڵەی كرێكار و زەحمەتكێشی كورد لەژێر دێوجامەی ڕزگاری] پەیمانی ستراتیجیان نەبەستبوو، ھێشتا نەوشیروان’ی چەپ و ئیسلامییە خەلیفەخوازەكان پەیمانی ستراتییجیان بەیەك نەدابوو، ھێشتا و ھێشتا و ھێشتا تاكی كورد، پاش ئەو ھەموو تاوانانە، بڕیاری ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری نەدابوو. ئەو كات بۆ كەمینەی سۆشیالیستخوازەكانی كوردستان، ئەم بەدبەختییانەی ئێستا ڕۆشن بوون و دەمانزانی ئەگەر تاكی كورد لە ئەزموونی گەلانی ناوچەكە و جیھان وانەی خەبات وەرنەگرێت، سەری لە پاشكۆیی و خولانەوە لە بازنەی بۆشی خۆشباوەڕیی بە خوشك و برایەتی چەوساوە و چەوسێنەری كوردزماندا دەسووڕێتەوە، لەسەر گۆڕانێك خۆی بەكوشتدەدات، كە گۆڕانخوازیی ئەو نییە، لەسەر بەرنامە و لیست و ستراتیجی لیستێك ئامادەی تیرۆر و سەركوتی ھاوسێكەیەتی، كە ھی ئەو نییە !