” باڵداری گول، شەیدای داری زەقنەبووتە ”
ناسیونالیستەكانی كورد، شیوەنی ئاریێڵ شارۆن دەگێڕن، ئاخۆ ئەگەر ھێز و دەسەڵاتداریی ئەویان ھەبووایە، چییان لە خەڵكی ناكورد دەكرد ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
ئازادیخوازانی ئیسرائیل ئاریێڵ شارۆن بە خوێنرێژ دەزانن، كەچی ناسیونالیستانی كورد، لەم دوورەوە شین و شەپۆڕیانە بۆی، ئایا ئەمەش ھەر خۆشی دەنگی دھۆڵەكەیە، لە دوورەوە ؟؟؟؟؟؟
ئازیزم، من كۆمەڵگە بە گوێزێكی ساخی نەتەوەیی نابینم و نەتەوە [ناسیونالیزم] زادەی گشتگیرخوازی و سەراپاخوازی دەوڵەتی ھاوچەرخن. بەرێزم، تكایە ئاوڕێك لە ڕادەستكردنەوەی نەیارانی ڕژێمی پاشایەتی و ئاخوندی ئێران، تیرۆریان لە ھەرێمی كوردستاندا لە ٢٢ ساڵی رابوردوودا، پێشلەشركریی بۆ ڕژێمەكانی ئێران، توركیە، عیراق و ھەڵگیرساندنەوەی بزاڤی چەكداری بە خاتری برا بەعسییەكانی سوریەیان، دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی خومەینی و ئەتاتورك، لێسانەوەی ڕوخساری سەدام و كردنی بە داوەری داوەران، ببوورە لێرەدا ناكرێت و كاتیش فرە كەمە، كە بە بەڵگەوە ھەموو ھاوبەرژەوەندییەكانی بۆرجوازی كورد و عەرەب و فارس و تورك دژی بزاڤی ئازادیخوازانەی چەوساوانی كورد و ھەرەب و تورك و فارس بخەمەڕوو، ھەر ئەوەی كە ئێستا لە سورییە ڕوودەدات، باشترین نموونەیە، كە دەسەلاتدارانی ھەرێم پشتیوانی لە سوپا بەناو ئازادەكەی توركیە و قاعیدە و جبھە نصرە دژی خۆبەریوەرایەتی كوردان لەوێ دەكەن، ھەر ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانەكەی ھەرێم فرەتر لەتەك سەرانی وتوركیە دۆستە تا خۆبەڕیوەبەرایەتی كوردان.. ئیدی با پرسی كیژە ئەنفالكراوەكانی گەرمیان و قەرەداخ لە دەولەتانی عەرەبی و با پرسی پلەدوویی كوردانی خۆرھەلات و باكوور و خۆراوا لە ھەرێمی كوردستاندا لەو لاوە بوەستێت … بەداخەوە دەبوو ھیچ پێویستی بە لێدوان لەم بارەوە نەكردایە، بەلام بەداخەوە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی وەھا پرسەكانی لنگاوقوچكردوون، كە ڕووداوەكانیش بەھەندوەرنەگرین…. ئازیزم من گومانم لە دڵسۆزی تۆ و ھەزارانی وەك تۆ نییە، ھەروا ھیچ گومانم لە قوربانیبوونتان بەناوی نەتەوەوە لەپێناو مشەخۆران و دەسەڵاتداران و دەسەلاتخوازانی كورد نییە. ڕۆژگارێك بوو، منیش ھەزار جار خۆزگەم دەخواست، پێش ڕزگاربوونی كوردستان، شانازی گیانفیدابوون پێببرێت، بەلام ئێستا دونایەك سوپاسگوزاری ڕێكەوتەكان و چەوتی گوللەكان دەكەم، كە لە ڕۆژانی پیشمەرگایەتیدا نەیانكوشیم و وەك ئازیزەكانی دیكە خوێنم لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتنی بۆرجوازی كورددا، بەفێڕۆنەچوو و ئەگەرچی بەشداریكردنم لە پارتایەتی و بزاڤی چەكداریدا وەك یەكێك لە زیرەكترین خوێندكاری ڕۆژگاری خۆم كردمی بە كرێكارێكی پەككەوتەی ھەردەم نەخۆش و پاشكاری برینە كیمیاییەكان، بەڵام دیسانەوە دونیایەك دڵخۆشم و سوپاسگوزارم كە ڕێكەوتی ڕۆژگار بەختێكی دیكەی پێبەخسیم، تاوەكو لە جیاتی ھەموو ھاوڕێ و ھاوەڵە پیشمەرگە گیانبەختكردووە شەیداكانی دونیای ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی دەنگھەڵبڕم و بڵێم ” خەونی ئێمەی ژێردەست لەتەك خەونی دەسەڵاتخوازان جیاوازە، ئەوان ھاوبەرژەوەند و ھاوخوانی داگیركەران و بكوژەكانمانن، ئێمەش ھاوچین و ھاوئامانج و ھاوخەونی ژێردەستانی دەولەتانی داگیركەرمانین ” … ئازیزم، بەوپەڕی دڵنیاییەوە، دەتوانم دڵنیاتبكەم، كە ئەگەر ھاوڕێ گیانبەختكردووەكانمان یەك جار بەختی زیندووبوونەوەیان ھەبووایە، ئەوا زۆرینەیان ھەمان ئەو ھاوارەی ئەو ڕستەیان دەگوتەوە، كە من لەجیاتی ئەوان دەیڵێمەوە، چونكە زۆرینەیان بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی گیان و ژیانی خۆیان بەختكرد، نەك بۆ گۆڕینی دەسەڵاتداران و مشەخۆرانی داگیركەر بە مشەخۆران و دەسەلاتخوازانی ھاوزمان !!!
دەستخۆش بۆ وەڵامەكەت، ئەگەر بكرێت بە كیبوردی ئارامی یا لاتینی بنووسیت، سوپاسگوزار دەبم، چونكە لە نووسینەكەت تێناگەم و زۆر ماندوودەبم تا لێی تێدەگەم، پرسەكە كەموكوڕی نییە، پرسەكە بەرژەوەندی چینایەتییە، كە سەرمایەدارێكی كورد، دەسەڵاتدارێكی كورد، ڕامیاریكی كورد، دەستەبژێرێكی كورد لەتەك ھاوچین و توێژەكانی كۆدەكاتەوە … ئەمە قسە و پێگەییشتنی من نییە، ئەمە ئەزموونی خەباتی گەڵانە لە سەرتاسەری دونیادا، لە دەمی كۆمونەی پاریس’دا سەروەرانی فەرەنسە لەتەك ھێرھێنەرانی پروس ڕێكەوتن، بۆ ئەوەی راپەڕیوانی پاریس لەنیوبەرن، كە ھاوكات دژی جەگی دەرەكی و دژی سەروەریی وڵاتەكەی خۆیان بوون. لە ڕوسیای پاش ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر، بۆلشەڤیكەكان لەتەك دەولەتی ئاڵمان و نەمسا ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی بزووتنەوەی كۆمونخوازەكانی ئۆكرانیا لەنێوبەرن، كە ھاوكات شان بەشانی بۆلشەۋیكەكان دژی ئەو دوو داگیركەرە دەجەنگان، ینك و پدك ١٩٩٢ لەتەك لەشكری توركیە ھێرشیان بردە سەر گەریلاكانی پ.ك.ك، ھەروەھا پدك بۆ گرتنەوەی ھەولێر لە ٣١ ئابی ١٩٩٦دا پێش لەشكری بەعس كەوت، چەند ھەفتە پاش ئەوە ینك پێشلەشكری پاسداران بۆ سەر كۆیە بنكەكانی حزبی دێمۆكراتی ئێران كەوت، تا لە ڕاماڵینی پدك كۆمەكی بكات… ئەزیزم ئەمانە كەموكوڕی نەزانین نین، ئەمانە پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەشی چینایەتین