دەكرێت ئەوە وابێت، چونكە زۆر ئاساییە پارتیش وەك ھەر پارتێك و وەك ھەر دەستەبژێرێكی ڕامیاریی ھەوڵی قۆرخكردن و پاوانكردنی شتەكان بۆ خۆی بدات، وەك دەزانین ھەموو گروپێكی رامیاریی لەپێناو بەدەستھێنانی دەسەڵات و پێگەی ئابووریی و بەھرەمەندبوون لە مشەخۆریی چیدەكرێت، بڕواناكەم لەو بڕوایەدا بن، كە كەسانی ڕامیاریی و پارتەكان بە ئامانجی خزمەتی خەڵكی ئاسایی ئەوەندە خۆیان ماندووبكەن… لەبەرئەوە پێمخۆشبوو بزانم، ئەگەر پارتی یا ئنك یا نەوشیروانییەكان یا ئیسلامییەكان ھەر كامیان سەروەربن، چی لە ژیانی ئێمە دەگۆرێت، چی لە ژیردەستەیی و نەھامەتییەكانمان دەگۆڕێت ؟
بە بڕوای من جیاوازی هەیە لە نێوان ئەم هێزانە. سەیری هەولێرو دهۆك بکە لە لایەك و سەیری ناوچەی سلێمانیش بکە. جیاوازی هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی و هەروەها چونییەتی بەڕێوەبردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان. ڕاستە فاکتەری تریش هەیە بۆ دروست بوونی ئەو جیاوازییە. بەڵام وانییە بڵێیت ژیانی ئێمە ناگۆڕێت. ئیسلامییەکان بچنە سەر دەسەڵات شەریعە جێبەجێ دەکەن. گۆڕان بچێت ئازادییەکان زیاتر دەخنکێنرێ هەروەها بەهەموو شێوەیەك شەقام ئارام ڕادەگرێت.
ئەوە جیاوازی ھوشیاریی و ئەزموونگەریی خەباتی ژێردەستانی ھێزەكانە، كە ئەو جیاوازییە ڕواڵەتییەی بە ینك بەخشێوە، ئەمەش پێشینەی پرۆسێسێكی مێژووی ھەیە … با نموونەیەكی زیندوو لە سی ساڵی ڕابوردوودا بخوێنینەوە، كاتیك كە حزب اللە لە ئێران بەپێی میكانیزمەكانی ھەڵبژاردنی پارلەمانی بوو بە دەسەڵات و كۆماری ئیسلامی ئێرانی پێكھێنا، تا ساڵی ١٩٨٢ كە بەرەنگاری خەڵكی بەتەواوی لە باكوور و بلوجستان و عەرەبستان و ئازەربایجان و كوردستان، تیكنەشكاندبوو، نەیتوانی ئازادییە بەدەستھاتووەكانی لە كۆمەڵگەدا یەك شەو و ڕۆژە بپێچێتەوە، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە بە كۆمەكی جەنگی عیراق – ئێران و ئابڵۆقە ئابوورییەكانی خۆراوا، توانی تا چەند ساڵ لەمەوبەر ئێران بكاتە زیندانێكی گەورە و تەنانەت دەركەوتنی تاڵە پرچی ژنێك لەتەك شەلاق ڕووبەڕوودەبووەوە، ئەم بارە بەرەنگاریی خۆی بەرھەمھێنا و دە سالێك دەبێت، كە سەرپۆش تەنیا وەك كلیتەیەك بە سەری ژنانی ئازادەوە ماوەتەوە و لە میدیاكاندا ژنانی ئێرانی لەنێو ماڵەكانیاندا بەبێ سەرپۆش دەردەكەون و لە شەقامەكاندا وەك ناڕەزایەتی وێنەی بە كۆمەڵی بێ سەرپۆش دەگرن و تەنانەت لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەكانی خودی ئێرانیشدا ئەو گۆڕانە چەندایەتی و چۆنایەتییە دروستبووە و ئیدی ئەو كۆمارە ئیسلامییە نەماوە، كە ژنانی لەسەر نەپۆشینی مەقنەعە شەلاق و زیندان و لەسێدارەدەدا. ئا ئەمە ھۆكاری كراوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ینك و بە دڵنیاییەوە سەرانی ینك ئاواتەخوازن كە دەسەڵاتداری ناوچەی بلە و بەرزان بوونایە، تاوەكو بەبێ سەرئێشە چەكمەی ئاسنینیان بەسەر سەری ناڕازییانەوە سەما بكات … بەڕێزم، بێجگە لەو ھۆكارەی سەرەوە، ئەوەی ئەو بارەی راگرتووە و جیاوازییەكی ڕوالەتی پێبەخشیوە، ئەمانەن؛ یەكەم پابەندیی ناوچەگەریی، دووەم خۆشباوەڕیی ئایینی، سێیەم گەندەڵكردنی مۆڕاڵ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە ڕێگەی دەمچەوكردنەوە، كە ھەموو ئەمانە كارایی خۆیان لەسەر ھوشیاریی خەڵك و ڕێژەی ئەو ھوشیارییە بەپێی پابەندبوونی خەڵكی ناوچەكان، داناوە.