لە کوێندەرێ کڕکەووتوون، یارانی کوتەك
با پە ئێمەی نەزانیش بڵین
کو شۆڕش و کودەتایان لەیەك دا شەتەك
کوان با بێن
لە وەڵامی بەکۆمەڵ لەسێدارەدانا
دەستکەوتەکانی کودەتای جەنڕاڵان،
بە ئێمەش بڵێن !
کوان، لەکوێن ،
با بێن و پێمانبڵێن
چەپی کودەتاخواز
کەی بە لەسێدارەدانی ئێمەش
دەستخۆشانە بە بۆرجوازی کورد دەڵێن ؟
لە وڵاتی میسر، دادگەی دێمۆکراتی و “شۆشگێڕانە”ی کودەتاچییان، وێڕای کوشتنی ٦٠٠ کەسی خۆپیشاندەر لە ماوەی هەشت مانگی ڕابوردوودا، بڕیاری لەسێداردانی ٥٢٩ کەس لە زیندانیانی دا و ڕێگەی بەشداری پارێزەرانی سزادراوانی نەدا و بەبێ هیچ لێپرسین و لێکۆڵینەوەیەك، سزای بۆ هەمووان بڕییەوە.
هەڵبەتە وەها بڕیارێك بەبێ پێشینە نییە و بە پشتیوانی میدیای و لۆجیستیکی دەوڵەتە دێمۆکراتە پارلەمانییەکانی ئەمەریکا و ئۆرپا و پشتیوانی ورەیی [معنوي] چەپە-نیئۆلیبراڵەکانی خۆرهەڵات، بڕیاری دیکەش بەڕێوە دەبن و ئەم ڕۆژ سزا بۆ ٦٨٣ کەسی دیکە دەردەکەن و بەوەش فەرمانداریی جەنەڕاڵە دێمۆکراتەکان ڕووی فەرمانداریی ئیخوانە دێمۆکراتەکان سپی دەکەنەوە و مۆری کەڵەگایی بازارئازاد و دێمۆکراتی پارلەمانی لە مێژووی ئەم ڕۆژگارە دەدەن.
دەرکردنی بڕیاری لەم جۆرەی بە کۆمەڵ سزادان بە لەسێدارەدان بەبەرچاوی تەواوی میدیا و بەو پەڕی ئاشکراییەوە، کە تەواو پێچەوانەی سزادانەکانی دادگەکانی پینۆشیێت و سەدام ..تد. وە بوو، پەیامێکی نهێنی دەدرکێنێت و کۆمەڵێك ئەزموون دەخاتە بەرچاومان.
ئەو پەیامەی کە لە پشت ئەو کودەتا و بڕیارەوەیە سەرەتاتکێدەکات، ئەوەیە هەر بزووتنەوە و ڕاپەڕینێك دژی نوێنەرانی بازارئازاد و تەوژمی نیئۆلیبرالیزم و نەخشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و نەخشە ئابوورییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و جەمسەربەندییەکان لە هەرێمەکاندا، بە کودەتای دێمۆکراتی پارلەمانی وەڵامدەدرێتەوە.
هەروەها هەر پشتیوانییەك لە زیندانکردن و لەسێدارەدانی دژەکانمان لەلایەن چەپەکانەوە، ڕەوایەتی بە سەرکوت و کودەتا و سزای زیندان و سێدارە دەدات و هەروەها هەر خۆپیشاندان و بزووتنەوەیەکی ڕامیاریی توندوتیژ، بیانوو و پاساو بۆ بە یاساکردنی مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و کەڵەگایی ئەمەریکا خۆشدەکات و پاساو دەداتە هێزە سەرکوتگەرەکان و بەهێزکردنیان.
هۆکاری ئەم بۆلوانەش لەم ڕۆژگارەدا ئەوەیە، کە دێمۆکراتی پارلەمانی لە بازاری ڕامیارییدا کڕیاری زۆرە، بەتایبەت لەلای ئەو چەپانەی کە تا دوێنێ دروشمی “دێکتاتۆری پڕۆلیتاریا”یان بەرزکردبووەوە، لە ڕۆژەدا هەمان دروشمی دیکتاتۆرییخوازی، بەڵام بە گۆڕینی پاشگرەکەی “دیکتاتۆری پارەلەمانی” بەردەکەنەوە.
ئیدی مەگەر کەسێك دیکتاتۆرییخوازبێت، ئەگینا بوارێك بۆ پاساوهێناوە بۆ پشتیوانی لە کودەتا و داخوازیی سەروەریی یاسا و دەنگدان بە پارلەمان و دەوڵەتخوازیی نەماوەتەوە، کە بێجگە لە سەرکوت و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و زیندانکردنی هەر نارازیییەك و دەرکردنی سزای لەسێدارەکان، هیچی دیکە بەرهەمناهێنن و ئەوی بە هەر بیانوویەك و بە هەر تیئۆریزەکردنێك داکۆکی لە سەروەریی یاسای کوتەکبەدەستان و زیندان و سزای سێدارە و دەوڵەت بکات، چ بخوازێت و چ نەخوازێت، چ ئاگاهانە و چ نائاگاهانە، ئاو بە ئاشتی دیکتاتۆریدا دەکات و لە هۆشی خەڵکدا زەمینەی سەرهەڵدانەوەی ڕژێمەکانی هیتلەر و موسۆلێنی و ستالین و پینۆشێت و پۆلپۆت و خومەینی و سەدام و موبارەك، سازدەکاتەوە.