یوتۆپیا ژیان لەبەرامبەر ڕامیارییبازیدا، یوتۆپیا وەک مامانی کەتوار

بە بۆچوونی من، تەنیا هەوڵێکی کەتواریی بۆ گۆڕین و بنیاتتانی کۆمەڵگەی نوێ، لە بەرامبەر ئەو هەموو پارتپارتۆکێ و بەکوشتدان و دووبەرەکی و ڕامیارییکردنەی پرسەکاندا، ئەو هەنگاوانە بوون، کە سان سیمۆن و رۆبێرت ئۆئێن و چارلز فۆریە هاویشتیانن.

خۆزگە لە جیاتی ئەو هەمووە پارتبازییە، ئەوانی پاش ئەوانیش هەر وەک ئەو سێ بیریارە خاوەن کردارە، کۆمەڵگەبازییان بکردرایە، خۆ بەلایەنی کەمەوە، خوێنی تێدا نەدەرژا و دووبەرەکی و دیکتاتۆری لێ سەوز نەدەبوو.

هەر لەو بارەوە، بە بۆچوونی من بیریارانی ئەنارکی، ستەمێکی زۆر گەورەیان لەو سێ سۆشیالیستخوازە کردەکارە کردووە و بە یوتپپیستیان زانیون، لە کاتێکدا یوتۆپیا مامانی هەموو ڕوانگە و دیتنێکی نوێیە و ئەگەر بەخۆیان یوتۆپیست نەبوونایە، بەدڵنیاییەوە بیرکردنەوەیان لە ڕیفۆرمیستە هاوسەردەمییەکانی خۆیان واوەتر تێپەڕینەدەکرد و نەیدەتوانی لەم ڕۆژگارەشدا بیریان گەش بێت!