پرسیارێكی گەلێك دروست و هەردەم پێویست و بەجێیە، چونكە بەتەنیا جیاوازبوون بەناو و پاگەندەکردنی شتەکان، ناکاتە جیاوازی لە میكانیزمی کار و شێوازی ڕێكخستندا، بەڵكو ئامادەیی خۆهوشیاریی و خۆچالاکی و خۆێکخەریی ئەندامانی ئەو ڕێكخراوانە دەبێتە مسۆگەرگەری ئەوەی كە ئەو ڕێكخراوانە وەك ڕێكخراوە قوچكەییەكان، لەلایەن كەمایەتییەكی بەتوانا و دەستەمۆگەرەوە, دەستەمۆ و كۆنترڵنەكرێن. ئەمە بەواتای پێویستی پێداگرتن لەسەر ڕۆڵی چارەنووسسازانەی میکانیزمەکانی خۆڕێکخستن و شێوازی خۆچالاکی و خۆکارایی گشت ئەندامانی پێکهێنەری ڕێکخراوەکە دێت، بەوەی کە ڕێکخراوەکان لە جیاتی پشتبەستن بە بڕیاری سەرەوە و نێوەندیی کار، بەکۆ-هەڵسەنگاندن و بەکۆ-بڕیاردان و بەکۆ-جێبەجێکردن لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەکەنە میکانیزمی بەرگرتن لە خۆسەپاندن و فەرماندان و زاڵبوونی دەستەبژێرە ڕامیارپیشەکان.
وەک دەزانین، هەموو ڕێکخستێکی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی لەسەر ئەو بنەمایەی، کە هۆش/ تیئۆری بە هۆکار و دروستکەری بزووتنەوەکان دەبینێت، خۆبەخۆ پێویستی بە نێوەندگەرایی بۆ ڕێکخستن و کارکردن و بڕیاردان و جێبەجێکردنی کاروبارە پارتییەکانی هەیە، نێوەندگەراییەش پێویستی بە شوانە/ ڕابەر لە لووتکەدا هەیە و شوانەش پێویستی بە کۆمەڵە پاشڕەو و ملکەچێکی زمانلوس و فریودەر بۆ ڕاگرتنی خۆشباوەڕان هەیە. بە هەمان شێوەش ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییە پاشکۆکانی دەوڵەت و پارت خۆبەخۆ کۆپیکردنەوەی هەمان پێکهاتەی قووچکەیی و ڕێکخستنی سەروخوار و پلەبەندیی کاروبارەکان و چالاکییەکان و بریارەکان دەبن، کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمانەوە تا سەردەمی بۆلشەڤیکەکان و تا ئەم سەردەمەی پارتە حیکمەتیستەکانی ئێران و عیراق، هەر هەوڵ و بزووتنەوە و ڕێکخراوێك، کە لەبەر نائامادەیی خۆهوشیاریی ئەندامان و خۆکارایی چالاکانی ڕەدووی پارتە ڕامیارەکانکەوتبێت، ئەوا هەنگاو بە هەنگاو لاوازبوون و دەستەمۆبوونی لەلایەن پارت و ڕێکخراوە ڕامیارییەکانەوە تەشەنەپێدراوە و دواجار وەك هەر شانەیەك یا کۆمیتەیەکی پارتیی دەستیبەسەرداگیراوە و وەك ئامراز بۆ بەدیهێنانی داخوازیی و حەزەکانی دەستەی سەروەرانی پارت [نووسینگەی ڕامیاریی، کۆمیتەی نێوەندی و کۆمیتەی ڕێکخستن و لێژنە خۆجێیەکانی پارت] بەکاربراوە و دەبرێن. لەم بارەوە نموونە زۆرن، هەر لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە سایەی زاڵبوونی ڕامیارییەکانی (حشع)دا تا دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو لە سایەی زاڵىوونی ڕامیارییەکانی ڕەوتی کۆمونیزمی کارگەرییی، بینەری چەندین بزووتنەوەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی بووین، کە بە هۆی هەژموونی ئەو دوو ڕەوتەوە لەباربراون و خەسێندراون و دواجار لەتەك تێكشکانی خۆیان، ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیشیان بەرەو تێكشکان بردوون.
ڕێکخراوەی خۆبەخۆیی جەماوەریی وەك سروشتیترین یەکێتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان، هەردەم لە بەرامبەر هەوڵی دەستەمۆکارانەی پارتەکان و کەس و دەستەبژێرە ڕامیارەکاندا کاردانەوەیان نیشانداوە و یەکەمین هەنگاوی ئەو کاردانەوەیە ئەوە بووە، کە سەربەخۆیی چینایەتی خۆی لە هەژموونی دەسەڵات و ڕیفۆرمیزم بپارێزێت و هاوکات بە دەرککردنی ئامانج و پەیبردن بە هاندەرەکانی هەوڵی خۆتێهەڵقورتاندنی پارت و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان لە خەباتی جەماوەرییدا بۆ بە ڕامیارییکردنی خەباتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکەی، خەباتکاران و چالاکانی خۆهوشیاری ڕێکخراوە جەماوەرییەکان هەوڵی دابڕاندن و دەستکۆتاکردنی ڕامیاران و پارتەکانیان داوە.
هەڵبەتە لەبەرئەوەی کە دەستەمۆبوون و پاشکۆبوون و سازشکاریی تەنیا زەمینە یا هۆکاری دەرەکییان نەبووە، پرسەکە لێرەدا و بەم دوو بەرگرتنە کۆتایینەهاتووە، چونکە خودی تاکە ڕێکخراوەکانی نێو ئەو ڕێکخراوانە وەك هەر تاکێکی دیکە لە سیستەم و ڕێکخستنی پێکهاتە قووچکەییەکاندا پەروەردەبووە، ئەمە بۆ خۆی دروستکەری زەمینەی نێوخۆیییە بۆ سەرهەڵدانی هەمان ئاراستە و هەژموون. ئەم هۆکارە سەرنجی چالاکان و خەباتکارانی ڕێکخراوەکانی بۆ بەرگرتن بە هەژموونی دەسەڵات و پارتەکان لەو ڕێگەیەوە ڕاکێشاوە و ناچار بە بیرکردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە قووچکەییەکان و هێنانەئارای میکانیزمگەلێکی ڕێگر لە دروستبوونەوەی پلەبەندی و پێگەی سەر و خوار و ڕێکخستنی قووچکەیی، کردووە. هەر ئەم پێداویستییە بووە، کە لە بەرامبەر پابەندییی ئایدیۆلۆجی و هێڵی ڕامیارییدا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی چینایەتی و داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکان پێکهێنراون و لە بەرامبەر کۆبوونەوەی داخراوی نوێنەران و سەرۆکانی ڕێکخراوەکاندا، کۆبوونەوەی گشتیی گشت ئەندامان، لە بەرامبەر ڕێکخستنی قووچکەیی سەرکردایەتی و نێوەندی و سەرۆکایەتیدا، ڕێکخستنی ئاسۆیی لك و بەش و کۆڕ و کۆمەڵەکان و یەکگرتنەوەیان لەسەر بنەمای بەشداریی هەمووانی و دەنگدانی گشتی لەسەر پرسەکان لە کۆبوونەوەی گشتیدا پێشنیاربووە.
ئەم بنەمایانە دانراوی هیچ کەسێك نین، بەڵکو بەرەنجامی ئەزموونگیریی خەباتی چینایەتیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانن و ئەنارکیستەکانیش بە پێداگرتنەوە و پابەندیی لەسەر سەربەخۆیی خەباتی چینایەتی و ناسینی ئەو خەباتە بە تاقە سەنگەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی چەوساوان، هەردەم پاگەندەی ئەم شێوازە لە ڕێکخستن [خۆڕێکخستنی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان دوور لە دەستتیورانی ڕامیاران و پارتەکان و دەسەڵات]، بەکاربردنی ئەو میکانیزمانە لە خەبات و چالاکیدا [بڕیاردان لەسەر پرسەکان و چارەسەر و داخوازییەکان لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا]، پێداگریی لە خەباتی ڕاستەوخۆ [مانگرتن و خۆنیشاندان و بایکۆتکردن و دەستبەسەرداگرتنی کتوپڕ و نایاسایی] و نانێوەندییانە [ناسێنتراڵییانە] بڕیاردان و چالاکی هەر بەش و لکێکی ڕێکخراوەکە یا فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنی ڕێکخراوەکان بە پەیڕوکردنی ئەم بنەمایە “خۆجێی چالاکی بکە و سەرتاسەریی و جیهانی بیربکەرەوە” ..تد دەکەن و بەوە لە ئاراستەکانی دیکەی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی جیادەکرێنەوە، بەتایبەت لە دەوڵەتگەرا و دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیاکیستەکان !
ئەمە ئەو بنەمایانەن، کە ئەنارکییەکان پێداگرییان لەسەر دەکەن و بە بنەمای کاری ئەنارکۆسەندیکالیستی ناسراون. ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین، ئەو شێوازی ڕێکخستن و چالاکییە جەماوەرییەی کە لەسەرەوەدا هاتووە، خۆبەخۆ لە هەناوی خۆیدا هەڵگری میکانیزمەکانی بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی پێکهاتەی چینایەتی [قووچکەیی] و دزەکردن و تەشەکردنی ڕیفۆرمیزم و بیرۆکراسی و هەلپەرستی دەستەبژێرییانەی ڕامیارییە. هەروەها ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان، تەنیا ئامرازی ئەنجامدانی چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەستهێنانی داخوازییەکی کاتیی نین، بەپێچەوانەوە یەکێکی دیکە لە جیاوازییە هەرە بنەرەتییەکانیان، ئەوەیە کە فێرگەی پەروەردەکردنی مرۆڤی نوێ [مرۆڤی سۆشیالیستی ئازادیخواز]ن، واتە ئەو ڕێکخراوانە ئامانجیان لە چاکردنی ژیانی ڕۆژانە و هەلومەرجەکانی کار واوەتر دەڕوات و ئاراستەیەکی شۆڕشگێرانەیان هەیە.
هەڵبەتە مسۆگەریی پابەندمانەوەی ئەو ڕێکخراوە بە سەربەخۆیی و خەباتی شۆڕشگێڕانەوە، پێش ئەوەی کۆمەلێك بنەما و میکانیزم دابینی بکەن، بە خۆبیرکردنەوە و خۆڕێکخستن و خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆخەمخۆریی ئەندامانییەوە پەیوەستە.