ھەیاسە لەودیو دێوجامەی دێمۆكراسی چ باسە ؟ / داعش + قزڵباشی + نێوندە جیھانخۆرەكان = چاوپۆشی لە سەركوتكردنی خۆبەرێوەبەرایەتی كانتۆنە ئازادەكانی خۆراوا

ھەیاسە لەودیو دێوجامەی دێمۆكراسی چ باسە ؟ *

ھەژێن

٨ی جولای ٢٠١٤

داعش + قزڵباشی + نێوندە جیھانخۆرەكان = چاوپۆشی لە سەركوتكردنی خۆبەرێوەبەرایەتی كانتۆنە ئازادەكانی خۆراوا “ڕۆژئاوا” **

١. پاش ئەوەی كە ھێزەكانی داعش بە كۆمەكی دەسەڵاتدارانی كوردستان و چاوپۆشی دەوڵەتانی ناوچەكە و ئەوروپا و ئەمەریكا و ڕێگەدان بە سەدان لاوی توندڕەوی ئیسلامی نێو مزگەوتەكانی بریتانیا و ئاڵمانیا و فەرەنسە و ..تد، فرۆشتنی شاری موسڵ لەلایەن فەرماندەی سەربازیی و پارێزگاری (موسڵ)ەوە توانیان موسڵ و دەوروبەری و شوێنەكانی دیكە داگیربكەن، تاكە دەریچە و دەرگەی سنووری و بواری كۆمەكگەییشتن بە خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆراوا “ڕۆژاوا”، كەوتە دەستی داعش و دواتر وەك بەخشیش بە ھێزەكانی (پدك) درا، ڕێگە بۆ بەشی دووەمی پلانەكە كە ھێڕشی ھەمەلایەنە بۆ سەر كانتۆنەكانی خۆراوا، لە ڕۆژی ٢ی جولای ٢٠١٤ دەستیپێكردووە و ئێشتاش ھێرش و تۆپباران بە چەكی قورس ھەر بەردەوامە !

٢. شالیاری نێوخۆی ئاڵمانیا لەبارەی ڕامیاریی پەنادەرییەوە دەبێژێت لە ئێستادا تەنیا پەنابەرانی سوری بە پلەی یەكەم و ڕۆیماكان [قەرەچەكان] بە كەمی و كەسانێك كە ھێزی كاری ھەرزان دەھێننە ئەم ولاتەوە مۆڵەتی مانەوەیان دەدرێت ….

٣. ماوەی ھەفتەیەكە لە كانتۆنی كۆبانی ژنان و پیاوانی ئابڵۆقەدراوی ئەو دەڤەرە لەلایەن ھێزەكانی (داعش)ەوە ھێڕشیان لەسەرە، ھیچ دەزگەیەكی میدیایی وڵاتانی [دێمۆكرات!!!!] و دۆستەكانی كورد لەو بارەوە دەستەواژەیەكیان نەدركاندووە، ھەروەك ئەوەی كۆبانی پارچەیەك بێت لە ئەسترەیەكی دیكە. ئەمە لە كاتێكدا كە ئەمەریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا و قسەكەری عەرەبستانی سعودی و ڕژێمی ئسیلامی ئێران بە پاگەندە داعش بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر مافی مرۆڤ و جیھان و ناوچەكە و ئاساییشی نەتەوەییان دەزانن، كەچی لە بەرانبەر ھێرشەكانی داعش بۆ سەر كانتۆنەكانی خۆراوا چاوپۆشیدەكەن. ئا ئەمەیە دەبڵ مۆڕاڵی “بانێكە و دوو ھەوای” (دێمۆكراتە!!!!!)كانی ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا و كوردستان !

ئەوانەی كە ڕۆژانە تاعونی دێمۆكراتی پارلەمانی و مافی مرۆڤی نیئۆلیبراڵیستی و دەمارگیریی نەتەوەیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە، لە كاتێكدا كە چاویان مایكرۆ-ھەڵەی عەرەبزمان، توركزمان، فارسزمان دەبینێت، بەڵام چاوپۆشی زلھێزەكان لە ھێڕشی داعش بۆ سەر كانتۆنەكانی خۆراوا، پشتیوانی و ھاوپیلانی و ھەڵكەندنی خەندەق و ناردنی دەستەی تیرۆریستی “قزڵباشی” بۆ ڕوخاندنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆراوا و لێدان لە یەكەمین ئەزموونی دێمۆكراسی راستەوخۆ و ڕێكخستنی ھەرەزەویی و كۆمونەیی، نابینێت و گوێیان لە ئاستی ھاوار و بانگەواز بۆ فریاگوزاریی و ھاوخەباتیی و ھاوپشتیی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ كانتۆنەكانی خۆراوا، كەڕە!!!

*******************************************
* خوێنەری ھێژا، لەمەولا بەگوێرەی كات و توانا ھەوڵدەدەم لە گۆشەیەكدا بەناوی (ھەیاسە لە دونیای دێمۆكراسی چ باسە؟)، كە مەبەستم دێمۆكراسی پارلەمانی [بۆرجوازیی]یە، ناوبەناو بابەتێك بوروژێنم … ھەژێن

** من واژەی خۆراوا/ خۆرئاوا/ خۆر+ئاوابوون لە جیاتی واژەی جێكەوتەی “ڕۆژاوا/ ڕۆژئاوا/ ڕۆژ+ئاوابوون” بەكاردەبەم، لەبەرئەوەی كە “ڕۆژ” بەو ماوە كاتییە دەگوترێت، كە تێیدا خۆرھەڵدێت و دونیا ڕۆشندەبێتەوە، بەو جۆرە واژەی “ڕۆژاوا” ھەڵەیە، چونكە ناتوانین واژی ڕۆژ، ڕۆژەتاو لە جیاتی خۆر و خۆرەتاو بەكاربەرین.

تا ئەوەندەی من بزانم لە زۆربەی زمانەكاندا بۆ ھەر یەك لە [گۆی ڕۆناككەرەوە/ خۆر] و [ڕۆشنایی خۆر /خۆرەتاو] و [ماوەكاتێك كە تێدا گۆی زەمین بە دەركەوتنی خۆر ڕۆشندەبێتەوە/ڕۆژ] دەگوتڕێت و واژەی تایبەت ھەیە. بۆ نموونە لە زمانی ھۆرامیدا سێ واژەی تایبەت ھەن [ڕوجیار/ خۆر] ، [وەر/ خۆرەتاو] ، [ڕو / ڕۆژ] … ئەمە لە زۆربەی زمانەكانی دونیاشدا ھەر ئاوایە.

لەبەرئەوە، بەبۆچوونی من، زمانە كوردییەكان لەو بارەوە ھەژارنین و ھەر یەكەیان چەندین دیالێكت و لكە-دیالێكتیان ھەیە و دەكرێت بە سوودوەرگرتن لە واژەگەلی زمانە كوردییەكانی دیكە، كەلێنی زمنانێك كە واژەی دروستی بۆ شتێك نییە، پڕبكرێتەوە.