نامەیەك بۆ لاوانی شۆڕشخواز و ئاتەئیست/ ئەیتیئیست [Atheist]
ئازیزان، گیانی یەك تاکی شۆڕشگێڕ لە هەموو پارتیی و تاکتیك و ستراتیجە ڕامیارەکان بەنرخرتر و مانەوەی پێویستترە !
تکایە هوشیارانە بیر لە هەر چالاکییەك بکەنەوە، کە ئەنجامدەدەن، بیر لە ڕەهەندەکانی چالاکییەکان بکەنەوە و لایەنە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەکانی بەراوردبکەن، لەوە گرنگتر ئەوەیە، کە بزانین ئەو چالاکییەی کە ئەنجامیدەدەین، سەرەنجام بە قازانجی کێ تەواودەبێت و چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
پێویستە هەر یەك لە ئێمە ئەوە بزانێت، کە توندوتیژی تەنیا توندوتیژی بەرهەمدەهێنێت، هەروا کە کۆنەپەرستی و دەمارگیری [مەزهەب و ناسیونالیزم و ڕەیسیزم و شۆڤێنیزم و فاسیزم] هەر کۆنەپەستی و دەمارگیری لە بەرانبەرەکەدا دروستدەکەن و بەرهەمدەهێننەوە. ئەزموونی دوو سەد ساڵەی خەباتی بندەستان بۆ ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی و دادپەروەریی نیشانداوە، کە ڕامیاریی لە خەباتی کۆمەڵایەتی دوورماندەخاتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دەمانکاتە تاکی دەمارگیری پارتیی و بێجگە لە کۆنەپارێزیی ئایدیۆلۆجیا، هیچی دیکە دەرکنەکەین، ئەندامی گروپ و پارتییەکان وەك زیندانییەكن، کە هەواڵ و پرسەکان لە دەمی زیندانەوانەکانەوە دەبیستێت و لێی دەبنە ڕاستی بێچەندوچوون. بێچگە لەمەش نزیکترین ئەزموونی سەردەمی ئێمە ٢٢ ساڵی ڕابوردووە، کە پارتایەتیی ڕیزی یەکگرتووی ڕاپەڕیوانی شۆڕشگێڕ و لایەنگرانی بزووتنەوەی شورایی هەزار پارچەکرد و هێشتاکەش تاوەکو پارتایەتی بەناوی سۆشیالیزم و کۆمونیزمەوە لە بڕەودابێت، بەدڵنیاییەوە پارچە پارچەبوون و لەیەك دوورکەوتنەوە بەردەوامدەبێت، چونکە سروشتی دەسەڵاتخوازانەی ڕێکخستنی رامیاریی پەیوەندییەکان دەگۆڕێت بە پەیوەندی ڕابەر و پاشڕەو، فەرماندەر و فەرمانبەر لەنێوان سەرانی ڕێکخستن و ئەندامانی خوارەوەی ڕێکخستن، کە دواجار ململانێی دەسەڵاتخوازانە دەئافرێنێت و جیابوونەوە و لێکدابڕان دەبێتە چارەنووسی بێچەندوچوون، بێجگە لەوەش ڕێکخستنی ڕامیاریی لە ڕادیکاڵترین باریدا بەناوی سۆشیالیزم و کۆمونیزمەوە، تەنیا وێنەگرتنەوەی [کۆپی] کۆمەڵی چینایەتی و پەیوەندییە سەر و خوارەکانی و نایەکسانی پێگە و بڕیاردان بەرهەمدەهێنێتەوە !
ئەگەر نەگەرێمەوە سەر مێژووی چەپایەتی لە ساڵی ١٩٣٦ [دروستکردنی حشع] لە عیراق و کوردستان، ئەوا مێژووی دوو دەهەی ڕابوردوو پڕە لە بەکوشتدان و بەفێڕۆدانی وزە و خەبات و ژیان و گیانی لاوانێکی دڵسۆز لەپێناو ئەنجامدانی تاکتیك و ستراتیژی هەڵەی پارتایەتیی، کە تەنانەت لەم ساتەدا خودی سەرانی ئەو پارتانەی کە لە شیری کۆمونیزمی کرێکاری دروستبوون، نایانەوێت ناویانبهێنرێت و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی داپۆشانیان دەدەن؛ هەر لە دروشم و بەرنامەوە بگرە تا سەرکوتکاریی نێو ڕێزەکانی خۆیان!
بەداخەوە لەم ڕۆژگارەشدا وێڕای هەموو ئەو ئەزموونانەی کە چەوتی و نیگەتیڤبوونی دروشم و چالاکی و بەرنامەکان دەسەلمێنن، کەچی هێشتا لاوانێکی خوێنگەرم هەن، کە بازاری پارتایەتی چەپ گەرم ڕادەگرن و دەبنەوە بە قوربانی ڕامیارییەکانیان.
ئازیزان، خەباتی چینایەتی، خەبات و بەرەنگاریی کۆمەڵایەتییە، نەك پاڵەوانبازیی تاك و هەوڵی ڕامیاریی و دنەدانی پارتایەتیی. قورئان تەنیا پەرتووکێکە و بێگیان، سووتاندنی هیچ کاراییەکی پۆزەتیڤی نییە، بەڵکو تەنیا ئاییندارانی خۆشباوەڕ تووڕەدەکات و بەرەو بڕوادارتربوون هانیان دەدات. پێویستە ئێمە دوو شت: قورئان وەك پەرتووکێکی ئایینی لە ئاڵا و بەرنامەی پارتییەکی ئیسلامی جیابکەینەوە. چونکە ئەگەر ئاڵای داعش یا کۆمەڵی ئیسلامی بسووتێنین، تەنیا لایەنگرانی ئەو گروپە تووڕەدەکەین و زۆرینەی ترساوان لە هێرشەکانی داعش دەستخۆشیمان لێدەکەن، بەڵام کاتێك کە قورئان دەسووتێنین، ئەوا ملیارد و نیوێك کەس لە خۆمان توورەدەکەین و بەو کارە دەبینە هاندەریان بۆ دەمارگیرتربوون لەسەر باوڕەکەیان و هەروەها گشت دەرگەکانی تێگەییشتن لە ئامانج و خەونی مرۆڤدۆستانەکان بەڕوویاندا دادەخەین.
لەبەرئەوە ئەوی پێویستە لە بەرانبەر هەژموون و مەترسی ئیسلامییە رامیارەکان بکرێت، خۆڕێکخستنی جەماوەرە، پێکهێنانی یەکینەکانی خۆپارێزیی جەماوەرییە، پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانن، دروستکردنی دیالۆگی کۆمەڵایەتییە، ژیاندندنەوەی بڕوابەخۆبوونی تاکی بندەستە بە هێز و توانای کۆمەڵایەتیی خۆی لە بەرهەمهێنادا، ژیاندنەوەی هەرەوەزی و هاریکاری و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتییە، هەوڵی دوورکەوتنەوەیە لە وەرەمی ڕامیاریی و چۆلکردنی ڕیزی پارتییەکانە، گوێنەگرت یا وەڵامدانەوەیە بۆ/بە ئەوانەی کە خۆیان کردوووەتەوە سەرۆك و ڕابەر و دەمڕاستی خەڵكی چەوساوە و بندەست!
ئازیزانم، تکایە ئاگاتان لە خۆتان بێت، دەزانم ئێوەش دەبیتە قوربانی نەزانی و هاندانە چەوت و دەسەڵاتخوازانەکانی چەپ. ئەگەر ئێمە لەتەك هاوچینان و هاودەردانی دەوروبەرماندا هوشیاریی بگۆڕینەوە و هەوڵی پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و دابڕاوەکان لە ڕامیاریی بدەین، ئەوسا دەبینین کە چۆن قورئان وەك پەرتووکێکی ئەفسانەیی هیچ کارایی نامێنێت، ئەوسا دەبینین کە خەباتی چینایەتی تەنیا لە سەنگەری کۆمەڵایەتییدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و ڕامیاریی و پارتایەتی مۆرانە و ژەنگە بە جەستەی بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەیخوازییەوە!
هیوادارم خۆتان لە گروپە دەسەڵاتخواز و ڕامیارەکان دووربگرن، چونکە زۆر کەسیان بە کوشتدا و لەبیرکران و هەروا بەدڵنیاییەوە کوژرانی ئێوەش هەمان چارەنووسی دەبێت.
تێبینی: مانگی دێسەمبەری ١٩٩٥ نامەیەکی لەم جۆرەم بۆ هاوڕێی تیرۆرکراو (شاپوور عەبدولقادر) نووسی. بەداخەوە ئەو لە ژیاندا نەما، تاوەکو ببینێت کە پارتیی و ڕامیاریی پێشڕەو ڕێکخەری خەبات و بەرەنگاریی چینایەتیی نین، بەڵکو ڕامیاریی و پارتایەتی پارچە پارچەکەری ڕیزی خەباتکارانی سۆشیالیزمخواز و لەنێوبەری بڕوا و متمانەیانە بەخۆیان و بە هاوڕێکانیان و تەنانەت وەك دەبینین، هاوڕێکانی سەردەمی ڕاپەڕینی هەنووکە لەنێو خۆیاندا بوونەتە دوژمنی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی و پاریاتەیی یەکدی، لەوەش خراپتر زۆرێك لەوانە لە ناهوشیاریی و نائومیدیدا ئێستا قسەکەری لیستە کۆنەپارێز و دەسەڵاتخوازەکەی بەناو “گۆران”ن!
هاوڕێتان
هەژێن