سەروەریی کەمینە بەبێ خۆشباوەڕیی و ئامادەیی زۆرینەی کۆیلە هەرگیز خۆی ڕاناگرێت

سەروەریی کەمینە بەبێ خۆشباوەڕیی و ئامادەیی زۆرینەی کۆیلە هەرگیز خۆی ڕاناگرێت

دەوڵەت
٢٤ی فێبریوەری٢٠١٥

بەپێچەوانەی دەرکی ڕەخنەگرانی دەسەڵاتخواز لە سیستەمی چینایەتی، کەمینەی سەروەر لە ئاسمانەوە نەباریوە و هەروەها هێز و تەلیسمێکی جادوویی یا ئاسمانی سەروەریی ئەوانی ڕانەگرتووە.

نەخێر، سەرهەڵدان و مانەوەی سیستەمی چینایەتی زادەی خۆشباوەڕیی و ئامادەیی و ملدانی زۆرینەی ژێردەستەیە بە سەروەریی کەمینە. وەها خۆشباوەڕیی و ئامادەییەك لەخۆوە سەریهەڵنەداوە، نەخێر، هەزاران ساڵە ئایینەکان و نەژادپەستی و ناسیونالیزم و فیلۆسۆفان و ڕامیاران و ئیدئۆلۆگەکان تاکە ژێردەستەکان بۆ سیستەمی چێنایەتی پەروەردەدەکەن و خۆشباوەڕیی و ئامادەیی بۆ کۆیلەتی لە دایك و خێزانەوە بۆ منداڵ، لە پەرستگە و فێرکارەوە بۆ فێرکار، لە ئیدئۆلۆگ و ڕامیارانەوە بۆ پاشرەوان دەگوێزرێتەوە و لەتەك شیر و قەراخەناندا دەرخواردی تاکە ژێردەستەکان دەدرێت.

بێجگە لەوەش، ئەوە هەر خودی زۆرینەی خۆشباوەڕە دەبێتە سەرباز و پۆلیس و سیخوڕ و بەکرێگیراو و ئەشکەنجەدەر و پاسەوان و تیرۆریست و شۆڤێنیست و فاشیست و سیستەمی کۆیلەتی خۆی و سەروەریی چەوسێنەرانی ڕادەگرێت. لەبەرئەوە ئاراستەکردنی ڕەخنە بەتەنیا لە سەروەران وەك ئەوەی لە ئاسمانەوە باریبن، دەچێتە خانەی گلەیی و ئامۆژگاریکردنی چەوسێنەران و تەنیا خۆشباوەڕیی تاکی ژێردەست بە ئەگەری هاتنی سەروەر و دەوڵەت و فەرماندار و زیندانەوانی باش قوڵتر و بەهێزتر و فراوانتردەکات.

ئەگەر بەڕاستی ئێمە دژی چەوسانەوەین، دژی مشەخۆریی و سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەرین، پێویستە لە دووی ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدانی چەوسانەوە و ئامرازەکانی ڕاگرتنی و دەزگە ئاراستەکەرەکانی و ئایدیۆلۆجییە پارێزەرەکانی و هەروەها هێز و بەرەیەك کە دەیپارێزین بگەڕێین و خۆمان بە پەیداکردنی وەڵامی ئەم پرسیارە هەردەم ئامادانەی سەردەمەکانی مێژوو خەریکبکەین.

– ئایا پێکهێنەرانی هێزە سەرکوتگەرەکان [سەرباز، پۆلیس، سیخوڕ، تیرۆریست، ئەشکەنجەدەر …] کێن؛ منداڵانی دەوڵەمەندان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران…تد یا منداڵانی ژێردەستان؛ جوتیار و کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و …تد؟ چی ناچار بە پاراستنی سەروەری چەوسێنەرانی خۆیانیان دەکات ؟

– ئایا بە گۆڕینی ئەم لیست و قەوارە و پارتیی و بەرە بە ئەوی دیکە لە ڕێگەی پارلەمانەوە یا گۆڕینی دەوڵەتی ئایینی و لیبراڵ و نەتەوەیی بە دەوڵەتی کرێکاری و کۆمونیستی لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە یا ڕاپەڕینی خوێناییەوە، دەتوانێت کۆتایی کۆمەڵ و سیستەم و سەروەریی و کولتووری چینایەتی بێت؟

– ئایا گۆڕانی سیستەمی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵ هەر لە ڕێگەی پارلەمان و پارتایەتی و ڕامیاریی و دەوڵەتەوە دەبێت یا ڕێگەی دیکە بوون و ئەگەری هەیە؟

– ئەگەر وەڵام بە پرسیاری سێیەم، نەرێیە، ئایا دەتوانین بڵێین مرۆڤایەتی لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە بەم چارەنووسە [پێداویستی دەوڵەت و نەگۆڕیی سەروەریی چینایەتی] سزاوارکراوە؟

– ئەگەر وەڵام بە پرسیاری سێیەم، ئەرێیە، ئایا بەبێ ڕەخنەگرتن لە خۆشباوەڕیی و ئامادەیی و سوپاسگوزاری زۆرینەی کۆیلە، شۆڕش بەواتای گۆڕانی کۆمەڵایەتی توانا و ئەگەری ڕوودانی هەیە؟

– ئەی ئایا بە یاخیبوونی کۆیلە ڕاگرەکان و لەنێوبردنی دەوڵەت وەك دەزگەی سەروەریی [درۆشکەی سەرمایداران و ڕامیاران] ژیان دەوستێت و کاروبارەکانی کۆمەڵ بەڕێوەناچن و ئەو بێسەرەوبەرەییە ڕوودەدات، کە ڕامیاران [بە چەپ و ڕاستەوە، بە سێکیولار و ئاییندارەوە] ئێمەی کۆیلەی پێدەترسێنن؟