ئەنفال خاڵی نێوکۆیی فاشیزمی ئایینی و فاشیزمی دەوڵەتییە

ئەنفال خاڵی نێوکۆیی فاشیزمی ئایینی و فاشیزمی دەوڵەتییە

anfal

ئەنفال پێش ئەوەی کردەوەی بەعسییەکان بێت، سوورەت و ئایاتی پیرۆزکردنی چەتەگەریی چواردە سەدە لەمەوبەرە و ئەوەی کە سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و سەربازەکان و بەکرێگیراوە کوردەکانیان “چەکدارە شۆڕشگێرەکان” بانگەوازیان بۆ کرد و ئەنجامیاندا داهێنانێکی نوێی دەسەڵاتداران نەبوو، نەخێر، گێرانەوە و چەندبارەکردنەوەی فاشیزمی ئایینی چواردە سەدە لەمەوبەر بوو، ئەگەر ئەسحابەکانی مەککە و مەدینە لە ساڵی ١٩٨٨دا بوونایە، ئەوا لەجێی شمشێر کیمیایی و لە جێی ڕیگرتن لە کاروانی بازرگانی خێڵەکانی دیکە، هەزاران گوندیان وێران و سەدان هەزار گوندییان کۆمەڵکوژدەکرد و لەجیاتی “تەیر ئەبابیلە” میکی هەژدە و فانتۆمی شازدەیان بەکاردەبرد.

موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشی بۆ ڕەوایەتییدان بە فەرمانەکانی خۆی، چەتەگەریی و کۆمەڵکوژیی و کەنیزەککردنی ژنانی کردە خواستێکی ئاسمانی و جێبەجێکردنی کردە ئەرکێکی ئایینی و پاداشتەکەشی کردە تاڵانیی ئەم دونیا و پەرییەکانی بەهەشتی ئەو دونیا، هەر بەو جۆرەی کە سەدام حوسەین پاش چواردە سەدە بۆ ڕەوایەتییدان بە فاشیزمی پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتەکەی و پیرۆزڕاگرتنی ناسیونالیزمەکەی، پشتی بە پیرۆزکراویی فەرمانەکانی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشی بەست.

ئەوانەی کە دەخوازن ئەنفالی یەهوودیان چواردە سەدە لەمەوبەر و ئەنفالی کوردان بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە یەکدی جیابکەوە، یا کەسانێکی خۆشباوەڕ و نائاگان لە مێژوو، یا کەسانێکی فاشیستی ئایینین و دەخوازن پاپۆڕی تێکشکاوی ئایین لە نقومبوون ڕزگاربکەن و پاساوی پووچگەرایانە بۆ سوورەتی ئەنفال بهێننەوە!

سەدام حوسەین و پارتییەکەی و ڕژێمەکەی بە ئاشکرا گوتیان ئەوەی ئەنجامیدەدەن، ئەنفالی پیرۆزە، مێژووی چواردە سەدەی رابوردووش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەنفالی بادینان و گەرمیان و قەرەداخ و کیمیابارانی هەلەبجە هەر هەمان ئەنفالە کە موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا بانگەوازی بۆ کرد، کەچی قسەکەرانی بۆرجوازی کورد بۆ پاراستنی کورسیی و مشەخۆریی خۆیان، پاگەندەی جەنگی بەناو ئەنفال، دەوڵەتی بەناو خەلافەتی ئیسلامی و چەندین تڕۆهاتی دیکەی لەو جۆرە ڕێزدەکەن، کە تەنیا لە خانەی (تەرسەقول/ Bullshit)دا جێگەی دەبێتەوە!

هەڵبەتە ئەمە تەنیا تایبەتمەندیی ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانە، کە مێژوویان پڕ لە کۆمەڵکوژیی و چەتەگەریی و تاڵانی و کەنیزەککردنی ژنان و لەنێوبردنی کولتوور و کەلەپووری کۆمەڵەکانی دەرەوەی خۆیان و پیرۆزکردنی تاوانەکانی خۆیان و سزاوارکردنی بەرانبەریان.