هەژێن
٢٧ی ئایاری ٢٠١٥
بەشی یەکەم
ڕەخنە چییە و من چۆن ڕەخنە دەبینم، لەو بارەوە پێشتر چەند جار تێڕوانینی خۆمم خستووەتەڕوو، لەبەرئەوە لێرەدا فرەتر لەسەر تێڕوانینی بەرانبەر هەڵوێستەدەکەم، کە ڕۆژانە لە زۆربەی سایتە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەك شمشێرێك دەچەقێتە چاوی خوێنەر. لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا مەگەر چەمك و واژەی ” ئازادی ” هێندەی چەمكی ” ڕەخنە ” ئەتککرابێت. هەرچەندە (ڕەخنە) پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و تێڕامانێك بێت، پێویستە خوێندنەوەی بۆچوون و تێڕامانی بەرانبەر و شڕۆڤەکردنی ناڕۆشنیی و نیشاندەری گۆشە تاریکەکانی بیرکردنەوەی بەرانبەر بێت، بەڵام مەخابن لە کۆی زۆربەی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیریی کورییدا بەهەمان چاویلکەی ئایدیۆلۆجی و پارتایەتی، ڕەخنە دەخوێندرێتەوە وەك سووکایەتی و دژایەتی لێکدەدرێتەوە، دەکرێت هۆکاری وەها دیتن و لەبەرچاوگرتنێك بۆ ئالوودەبوونی بیر و هەستی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کە بەگشتی بە وەرەمی ڕامیاریی و پارتایەتی و پاشڕەویی ئایدیۆلۆجیی ئالوودە کراوە؛ لەبەرئەوە هەم ڕەخنەگر دەبێتە جەلادی نووسەری دەق و هەم نووسەری دەق لەجیاتی دیتنی ناڕۆشنیی بیرۆکە پێشنیارکراوەکانی نێو دەقەکەی، دەکەوێتە کێشە و بەرەنگاریی کینەدۆزانە بەرانبەر ڕەخنەگر و هەم خوێنەری نادەربەستیش وەك بینەری دوو تیمی فوتباڵ و ڕکەبەر لە کێشمەکێشەکەی نێوان ئەو دووانە دەڕوانێت و وەك کایەیەکی سەرگەرمی تێیدەڕوانێت.
وەك پێشتر گوتم، ڕەخنە واتە خوێندنەوەی ورد و شیکاریکردنی دەق. کاتێك کە ڕەخنەگر بتوانێت لە دەقی بەرانبەردا ئەو کارانە ئەنجامبدات، ئەوا ئەو کات دەتوانێت دروستییەك یا ئەڵتەرناتیڤێك بخاتەڕوو. لەبەرئەوە بۆ گەییشتن بەو ئاستە چاوەڕوانکراوە لە ڕەخنە، کۆمەڵێك میکانیزم و مەرج خۆیان دەسەپێنن، لەوانە:
– خوێندنەوەی دەق نەك بڕیاردان لەسەر بنەمای پێشداوەریی و خوێندنەوەی پێشینانی ئیدئۆلۆگی خود بۆ دەقەکە. لەو بارەوە خوێندنەوەی کەسانی دیکە یا پێشینانی خود نابێتە بەڵگەی نادروستی یا ناڕۆشنی دەقی بەرانبەر و دروستی ڕەخنەی خود و لەو بارەدا ڕەخنەگر پێشداوەریی لەسەر دەق و نووسەری دەق ناکات.
– بۆ ئەوەی سەرنجدانی دەق یا ڕەتکردنەوەی بیرۆکەیەکی نێو دەق بچێتە خانەی ڕەخنە، پێویستی بە پشتبەستن بە دراوەکانی نێو دەق و بە نموونەوەرگرتن لە دەقی بەرانبەر هەیە، تاوەکو بۆ خوێنەر شرۆڤەبکرێت و لەبارەیەوە قسەبکرێت و ناڕۆشنییەکان دەستنیشانبکرێن و ڕەخنە وەك بەشێك لە پرۆسێسی تەسەلبوونی بابەتەکە یا تیئۆرییەکە ڕۆڵی خۆی بگێرێت. بەواتایەکی دیکە ڕەخنە تەواوکەر و تەسەلکردنی دەقی ڕەخنەکراوە نەك چەپ و ڕاست هێڵ بەسەرداهێنانی دەقێك. بۆ نموونە کەسانێك کە ڕەخنە لە هزرێك یا بیرۆکەیەك دەگرن، پێویستە بەخۆیان خوێندنەوەیان بۆ ئەو هزر و بیرۆکەیە هەبێت، نەك بەبێ خۆماندووکردن و زیادکردنی ئەلفێك، پێشداوەریی پێشینانی خۆیان بکەن بە بەڵگەی نادرستی هزر و بیرۆکە سەرنجدراوەکە.
– بۆ ئەوەی ڕەخنە بتوانێت تەسەلکەری دەق و تێروانین بێت، پێویستە وێرانگەری لایەنە لاواز و ناڕۆشنەکانی دەق و تێروانینەکە بێت لەو کەتوار و کات و کۆنتێکستەدا کە تێدا لەدایکبووە، واتە خوێندنەوەی دەق لە کەتوارێکدا کە تێدا لەدایکبووە، نەك ڕەخنە بۆ هێڵی چەپ و ڕاست پێداهێنان یا پێداهەڵدانی حەزۆکییانەی ئایدیۆلۆجیی لە دەرەوەی کەتواری سەردەمی خودی دەق.
– ئەگەر ڕەخنە لەسەر دەقی سەرنجدراو پرسیار بەجێنەهێڵێت و خوێنەر بۆ بیرکردنەوە و گەڕان لە دوای وەڵام خەریکنەکات، ئەوا ناتوانێت تەواوکەر و تەسەلکەری دەق و هاندەری خوێنەر بێت بۆ وردبینی و سەرنجدانە سەر گۆشە ناڕۆشنەکانی نێو دەق. بە واتایەکی دیکە ئەگەر ڕەخنە وروژێنەری پرسیار نەبێت، ئەوا ڕەخنەگر ناتوانێت خوێنەر بۆ گەڕان و پشکنینی گۆشە ناڕۆشنەکانی دەق ئارەزوومەندبکات. لەبەرئەوە لە بارێکی ئاوادا سەرنجەکان بێجگە لە جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی پێشینان، شتێکی دیکە نابن و ناچنە خانەی ڕەخنە بەواتای وروژێنەری پرسیار بۆ تەسەلکردنی دەق و هاندان بۆ بیرکردنەوە.
– سەرەنجام، ئەگەر ڕەخنە نەبێتە پردێك بۆ پەرێنەوەی خوێنەر بۆ نێو دوورگە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق، ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان ڕەخنەگر و نووسەر کورتدەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە ڕەخنەکە ناتوانێت لەنێوان ڕەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات؛ شتێك کە بەر لە هەموو شت دەبێت ئامانجی سەرەکی ڕەخنە بێت.
[لە بەشی دووەمدا خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆ هزر بە نموونە دەهێنمەوە، کە بە بۆچوونی من هەرگیز ناتوانرێت بخرێتە خانەی ڕەخنە …. ]