بۆچی لە "هەرێمی کوردستان" گۆڕان ڕونادات؟

١٧ی جێنوەری ٢٠١٦

بە دیتنی من، ئەوانەی هاتوونەتە دەنگ، کەمینەی کۆمەڵن و زۆرینە چاوەڕێی بەزەیی یەزدان دەکەن، ئەگەر ئەوەش نەبێت هیواخوازی پاداشتی بەهەشتی ئەو دونیا یا خەریکی خۆ-دەوڵەتمەندکردن لە ڕێگەی هاودەستی لەتەك دەسەڵاتداران. ئەوەی دەمێنێتەوە، کەمینەیە و کەمینەی ناڕازیش ناتوانێت گۆڕان دروستبکات، نەك هەر تەنیا لەبەر کەمینەبوون، بەڵکو لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

– بەشی زۆرینەی ئەو کەمینە ناڕازاییە لە سەنگەری پارتییەکەی خۆیانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و مشەخۆریی زیاتر بۆ پارتییەکەی و خۆی هاتووەتە دەنگ، لەوانە نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکان.

– بەشێك لە کەمینەی ناڕازی بەتایبەت بەشە جنێودەرەکەی، سیخوڕ و دەستکەلای دەسەڵاتن.

– بەشێکی دیکەی کەمینەی ناڕازی لەژێرەوە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.

– بەشێکی دیکەی کەسانێکن، کە لە هەڵپەی دەسەڵات و تاڵانیدا هیچیان بەرنەکەوتووە و دەخوازن لە گۆڕانی دەم و چاوەکانی دەسەڵاتدا پشکیان بەرکەوێت.

– بەشێکی دیکەی کەمینە، لایەنگرانی ئەو گروپ و پارتییانەن، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و بەڵینی سەرخەرمان بە خەڵکی دەدەن.

– دوابەشی کەمینە یا کەمینەی کەمینە، کەسانێکی هەرە کەم و تاڕادەیەك لەو کۆمەڵە دابڕوان و ناڕەزایەتییەکانیان دەچنە خانەی خۆخاڵیکردنەوە.

– لە گشت ئەوانە گرفتر ئەوەیە، کە ئەڵتەرناتیڤی کەمینەی ناڕازی هەر لە بیرکردنەوە و بیرۆکە و تێروانین و شێوازی بەرهەڵستی و تێکۆشان و دەربڕین و زمانی دەربرین و مینتاڵیتی و ڕێکخستنەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی ئابووریی و بەرێوەبردنی کۆمەڵ بە موو لە نەریتی دەسەڵاتدران لایاننەداوە و لە باشترین باردا جەلادێکی دڵسۆزی خەڵک دەبن.

بە بۆچوونی من، ئەوەی گۆڕانخواز بێت و گۆڕانی کۆمەڵی بوێت، پێویستە لە خۆیدا و لە خۆیەوە دەست بە دروسکردنی گۆڕان بکات و ئەو شتانەی کە بەخۆی ڕەتیاندەکاتەوە، دەبێت سەرەتا بەخۆی دەستبەرداریانببێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەستبەرداری ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی و پارتایەتیی و ناوبانگخوازیی ببێت و لە شوێنی ژیان و کارکردن و فەرمان و خوێندن و نیشتەجیبوونی خۆیدا و لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا هەوڵی بەڕێخستنی گۆڕان یا ڕەنگدانەوەی گۆڕانە پۆزەتیڤە ناخەکییەکانی خۆی بدات؛ هەوڵی هەڵخڕاندنی بۆچوونی تاکەکاسیی سەربەخۆ و دروسکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ بدات و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و پارتایەتی و دەسەڵات و دەستەبژێڕیی بکاتە بناخەی ئەڵتەرناتیڤە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕەکەی. ئەگەر نا، هەر هەوڵێك سەرەنجام دەچێتە گیرفانی دەستە و پارتیی و دەسەڵاتخوازانێکی دیکە و ئەزموونی تاڵ و تێكشکاوی ناڕەزایەتیی و خۆنیشاندان و وردە ڕاپەڕینە ناوچەییەکانی ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ دووبارەدەبنەوە؛ بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوباتی پاڕێزگەی سلێمانی، کە سەرەنجام نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکانی گەیاندە دەسەڵات و لەنێو جەماوەری ناڕازیشدا نائومێدییەکی قوڵ و درێژماوەی دروستکرد و ناڕازییانی بەسەر دوو دەستەی خۆشباوەڕ و نائومید دابەشکرد.

————————————————————————–

بۆ پەیوەندی و مشتومڕی ڕاستەوخۆ لەتەك نووسەر خۆی، لەسەر ئەم لینکە کلیکبکەن

www.facebook.com/hejen.pize    یان    www.facebook.com/hejeenm