ئێتیكی نووسین و میدیاكاری و خۆھوشیاریی تاكەكەسیی*

ئێتیكی نووسین و میدیاكاری و خۆھوشیاریی تاكەكەسیی*

ھەژێن

٤ی ئایاری ٢٠١٦

لە ڕووی زمان و چەمك و فیلۆسۆفییەوە “فاشیستە توركەكان” و “توركە فاشیستەكان” دوو چەمكی دژبەیەك و جیاوازن، بەكاربەری دووەمیان دوو دەستەن:

یەكەم كەسانێك كە خۆھوشیاریی زمانی و ھزرییان نییە و لە واتای فیلۆسۆفی چەمكەكان تێناگەن، ئەم دەستەیە ھەمان دەستەن، كە لەنێوان [ كۆمونیزم، سێكیولاریزم، ئەناركیزم، پاسیفیزم، نێھیلیزم، ئیسلامیزم ] و [ كۆمونیست، سێكیولاریست، ئەناركیست، پاسیڤیست، نێھیلیست، ئیسلامیست] جیاوازی ناكەن و نابینن، كە یەكەمیان چەمكی ھزرییە و دووەمیان ھەڵگری ھزرەكەیە. نموونە (بزووتنەوەی سۆشیالیستی)، كە ناتوانرێت بگوترێت “بزووتنەوەی سۆشیالیزم”، چونكە سۆشیالیزم چەمكی ھزرییە و نابێتە كەس یا كۆمەڵێك.

كاتێك بێژین “فاشیستە توركەكان” واتە توركزمانانێك ھەن، كە فاشیست نین،ھەر ئاوا ئاماژەیە بەو شتەش، كە فاشیزم ڕەوتێكی جیھانین و فاشیستەكان یەك ئامانجیان ھەیە و ھاوكات فاشیستی كورد و عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیز و ئاڵمان و چیك و ڕوس و ئەرمەن و ….تد ھەن و ھیچ جیاوازییەكیان نییە.

بەڵام ئەوانەی كە دەبێژن “توركە فاشیستەكان” دەستەیەكن، كە ئامانجدارانە دەخوازن كۆمەڵ بەدوای ئاوا بیركردنەوەیەكدا ئاراستەبكەن و ھەمووان لە چەشمەكی ئەوانەوە شتەكان ببین. ئەوە ئەو ھۆكارەیە، كە زۆرینە بە ھەڵە دەدوێن و بە ھەڵە یەكدی دەبینن و بە ھەڵە لە یەكدی تێدەگەن و لەو كۆمەڵانەدا گەورەترین گرفت لەبەردەم دروستبوونی پردی لە یەكدیگەیشتن و پەیوەندی [كۆمیونیكەیشتن] دروستببێت. ئەوەش شتێكە كە ڕەوتە ئایدیلۆجییەكان ئامانجدارانە دەیخوازن و زەمینەسازی بۆ ئەو شتە دەكەن، چونكە ھەر چەندێك پەیوەندی و لەیەكدیتێگەییشتن نەمێنێت، ڕاوكردنی تاكی ناھوشیار وەك ئەندامی پارتیی و گروپە ڕامیارەكان ئاسانترە و ھەژماری گەلە-مەڕی پێش و پاش شوانە ڕامیارەكان فرەتر دەبێت.

بەداخەوە، كە زۆرینەیەك لە نووسەران و وێژەرانی میدیاكان ھەمان توانای جیاكردنەوەی چەمكی ھزری و ھەڵگرانی ئەو ھزرەیان نییە و ھەر ئاوا ناتوانن جیاوازی نێوان”فاشیستە كوردەكان” و “كوردە فاشیستەكان” بزانن و ھەوڵی تێگەییشتن لە ھۆكاری بوونی دوو دەستەواژە و دوو چەمكی جیاواز نادەن و ھۆشی خۆیان خەریكناكەن.

ھەرچەندە لە ساڵی (٢٠٠٠) تا ئێستا چەندین جار ئەم پرسەم وروژاندووە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام دەبیستم و دەخوێنمەوە، كە نووسەران و تەنانەت كەڵەگایانی ڕۆشنبیری كوردیش لەسەر ئەو نەزانی و ھەستەوەرنەبوونە بەردەوامن. ھیوادارم میدیاكاران و نووسەرانێك ھەبن، كە لەمەودا ھەستەوەرانە و خۆھوشیارانە لەنێوان چەمكەكان و دەستەواژەكان جیاوازبكەن و ڕیزی خۆیان لە ڕیزی پاشڕەوی میدیا و نووسەرانی فاشیست-بیر جیابكەنەوە، كە ئامانجدارانە دەخوازن ھەموو كوردەكان، عەرەبەكان، فارسەكان، توركەكان، ئاڵمانەكان، ئینگلیزەكان، …تد وەك یەك نیشانبدەن.

——————————————————————————–

* لە ھەرێمی كوردستان تەنیا گەندەڵیی ڕامیاریی و ئابووریی نییە، كە وەك مۆرانە جەستەی كۆمەڵی خواردووە، بەڵكو لە ئەوان كاراتر و پێشڕەوتر و زەمینەسازكەری ئەوانی دیكە،  نەزانی و نەبوونی خۆھوشیاریی یا ئامانجدارانە كوێكردن و دەبەنگكردن و ئاراستەكردنی خوێنەر و بیسەر و بینەری ناھوشیارە بەرەو فاشیستبوون و فاشیستییانە بیركردنەوە و فاشیستییانە بینین؛ كاراكتەرە دیارەكانی ئەو ئاراستەكردنە نووسەران و میدیاكارانن نەك ڕاستەوخۆ خودی دەسەڵاتداران و ئیدئۆلۆگەكان.