ماریێ تریگۆنا ١٨ مارچی ٢٠٠٤ زانۆن ، ئه‌رژه‌نتین
وه‌رگێرانی له‌ئاڵمانییه‌وه: هەژێن*
لەنێو ته‌مومژی به‌یانییه‌كی ساردی زستان، كرێكارانی زانۆن بەرەو كارخانه‌كه‌یان ده‌چن. ئه‌وه یه‌كه‌م دەستەی سات 6 بەیانی – 13ی پاشنیوەڕۆیه. زانۆن كارخانه‌یه‌كی كیرامیكسازییه كه كرێكاران‌بەخۆیان به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن. لە بەر‌ده‌رگه‌ی كارخانه كرێكاره‌كان سڵاو له‌و كەسانه ده‌كه‌ن، كه بۆ پاسه‌وانیكردن و تۆماركردنی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی كرێكاره‌كان دانراون. له مارچی 2002 بەدواوە كرێكارانی زانۆن بەبێ خاوه‌نكار و بەبێ به‌ڕێوه‌به‌ر و بەبێ چاودێریكه‌ر به‌رهه‌مدێنن. كارخانه‌كه كه‌وتووەته چۆڵه‌وانییه‌كی گردۆڵكه‌یی ئه‌رژه‌نتین، خوارووی ناوچه‌ی نیوكوێن Neuquén. گه‌وره‌ترین كارخانه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌یه. پاش ململانێیه‌كی درێژخایه‌ن لەتەك خاوه‌نه‌كانی كارخانە له‌سه‌ر كرێ و مووچەی نه‌دراوی چه‌ند مانگ پێشتری كرێكاره‌كان و داخستنی له‌ناكاوی كارخانه‌كه، كرێكاره‌كان پاییزی 2001 بڕیاریاندا به‌سه‌ر كارخاكه‌یان ده‌ستبگرن. به‌و بڕیارە مۆركی دژه‌سه‌رمایه‌یی ڕاپه‌ڕنی خۆان بە گشت كرێكارانی جیهان نیشانی‌دا ، كە مرۆڤه به‌رهه‌مهێنه‌ره خۆ ڕێكخه‌ر و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌كان باشتر به‌رهه‌مدێنن.
” ئێمه‌ئه‌م دووڕیانه‌مان له‌به‌رده‌مدا بوو، لێره بمێنینه‌وه و تێ‌بكۆشین یان بەرەو ماڵ بڕۆینه‌وه. من ده‌متوانی بەرەو ماڵ بڕۆمه‌وه، به‌ڵام بڕیارمدا، لێره له‌نێو كارخانه بمێنمه‌وه و تێبكۆش‌م. له ماوەی ئەو 15ساڵه‌ی، كه من له‌نێو ئەم كارخانه كارمكردووه، ئەوە فێربووم كە پێویستە به‌رەنگاریبكه‌م، تێبكۆش‌م”، ڕۆزا ڕیڤێرا Rosa Rivera ئاوا خۆڕاگرییكردووه. ئەو یه‌كێكه له‌و (15) ژنه‌ی نێو (300) كرێكاری كارخانه‌كه.
“خاوهنكاران هیچ كات باجیاننه‌داوه، هه‌ر ئاوا له سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماری پێشوو ڕاوڵ مێنێم Raul Menem ملیۆنان دۆلاریان وه‌ك پشتیوانی دراویی وه‌رده‌گرت. چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكاران زۆر توندوتیژ بوو. كۆمپانی Mapuche بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی خاو بۆ كارخانه‌ی كیرامیك به‌ده‌ست بێنێ، سەراپای وڵاتی تاڵانكرد”. ساڵی 2001 كاتێك ئابووری ئه‌رژه‌نتین تاڵانكرا (سنووره‌كان خرانه ژێر پێی کۆمپانییە مۆنۆپۆڵکەر/چەپاوڵکەرە‌كانی بازاری ئازاد)، خاوه‌نانی زانۆن بڕیاریاندا كارخانه‌كان دابخه‌ن و كرێكاره‌كان دەربکەن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كرێی دواخراوی چه‌ند مانگه‌ی کرێکاران قه‌ره‌بووبكه‌ن. مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2001 (266) كه‌س له كۆی (331) كرێكار بڕیاریاندا به‌رده‌وام بڕۆنه كارخانه بۆ سه‌ركار ، بۆ سه‌ر شوێنكاره‌كانی خۆیان. كرێكاره‌كان چوار مانگ له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ی كارخانه‌كه مۆڵیانخوارد، به‌یاننامه‌یان بڵاوده‌كرده‌وه و به‌شێكی ڕێگەی خێرا/ مۆتۆوەییان داده‌خست، ئه‌و ڕێگەیه‌ی كه بەرەو پایته‌ختی ناوچه‌ی نۆیكوین دەچوو. بڕیاره‌كه‌یان له‌ژێر چاوه‌دێریی كرێكاری بەردەوام بوو، له‌و كاته‌دا بڕیارەکە كه‌وتبووه ژێركارایی ڕوداوه‌كانی وڵات، كارایی خرۆشانی گه‌ل له ڕێکەوتی20ی دێسه‌مبه‌ری 2001، كه ماوه‌یه‌كی كه‌م پاش ئه‌وه شه‌پۆلی ده‌سبه‌سه‌راگرتنی كارخانه‌كان و كۆبونه‌وه گه‌لییەکان و یه‌كگرتنی بێكاران و ڕێكخراوبوون ئەوانی به‌دوادا هات.
فرانسیسکۆ مۆلیناس Fransisco Mollinas ئاوا گێڕایه‌وه ” كاتێك كه ئێمه گه‌ڕاینه‌وه نێو كارخانه، له سنوورێكی دیاریكرادا، ده‌ستمانكرد به فرۆشتنی به‌رهه‌مه ئاماده‌كراوه‌كان. به‌ڵام كاتێك كه گشتی فرۆشرا، له خۆمان پرسی، ئێستا چی بكه‌ین، لەپێناو بەدەستهێنانی كۆمه‌كی بێكاریی (150) پێزۆیی كه نزیكه‌ی (50) دۆلاری ئه‌مریكییە تێ‌بکۆشین، یان كارخانه‌كه بەگه‌ڕبخه‌ینه‌وه؟ ” . مارچی 2002 كرێكارانی زانۆن گه‌ڕانه‌وه نێو كارخانه‌كه‌یان و به‌رهه‌مهێنانیان بەگه‌ڕخسته‌وه. “ئه‌وه جەنگە له دژی دووره‌په‌رێزی و ده‌ست به‌كڵاوه‌وه‌گرتن، دژی هه‌موو شتێك، دژی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان له سه‌ره‌وه ئێمه ناچارده‌كه‌ن. لێرۆكانه، له‌نێو ئەم كارخانه‌یه، تێکۆشان بۆ مرۆڤی نوێ ده‌كه‌ین”. كاتێك كه به‌بێ خاوه‌نكار ، بەبێ به‌ڕێوه‌به‌ر به‌رهه‌مهێنرا، لەنێو چوارچێوه‌ی كارخانه‌كه هەست به په‌یوه‌ندی و هه‌ڵسوكه‌وتی نوێ کرا. لەتەك تێكشاندنی پله‌به‌ندیی ڕێكخستن، به‌هره‌كێشی و دابڕانیش له‌نێوچوون. كرێكاره‌كان چۆنیه‌تی كۆنترۆڵكرانی خۆیان پێشتر له‌لایه‌ن خاوەنان و بەڕێوەبەرانی كارخانه ده‌گێڕایه‌وه، بۆ نمونه ده‌بوو پۆشاکی تایبه‌ت (یونیفۆرم) به ڕه‌نگی دیاریكراو بپۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ دیاربێ، كرێكاره‌كان هی كامه به‌شی کارخانەن. قسه‌كردن لەتەك كرێكاری به‌شێكی دیکە قه‌ده‌خه‌بوو. لەنێو نوسینگه‌ی كارخانه‌كه كیرامیكێك كه وێنه‌ی پیاوێكی گه‌نج بەناوی دانیێڵ Daniel لەسەر نه‌خشێنرابوو، هه‌ڵواسرابوو. نوسینه‌كانی یاداوه‌رییه‌ك بوون بۆ ئەو. دانێڵ هاوكارێك بوو، كه له‌نێو كارخانه مرد. جاران به‌رهه‌مهێنان ئاوا دامه‌زرابوو، كه تەنیا گرنگ ئه‌وه بوو قازانجی خاوه‌نكار زیادبكات. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه بۆ ئەوان ده‌لوا، مووچەی مانگانه‌ی کرێکارانیان له نزمترین ئاست ڕاده‌گرت، ئاسایش و پاراستن بۆ كرێكاران له ئارادا نه‌بوون. كرێكاران له‌ژێر فشاری خێرا کارکردن بوون، هه‌رده‌م ده‌بوو زیاتر به‌رهه‌مبهێنن؛ ئاوا بەو خێرای کرێکاریان پاشه‌كه‌وتده‌كرد . هه‌لومه‌رجی كار پێش ئه‌وه‌ی كرێكاران كارخانه‌كه بخەنە ژێر بەڕێوەبەریی خۆیان، به‌ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی (25 -30) ڕوداو له ماوەی مانگێك ڕویانده‌دا، به‌ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی له ماوەی ساڵێك كه‌سێك بەهۆی ڕوداوی کار دەمرد. له‌و كاته‌وه‌ی له‌نێو کارخانەی زانۆن به‌رهه‌مده‌هێنرێت به‌گشتی (14) كه‌س كرێكار مردوون. له‌و كاته‌وه‌ش كه كرێكاران كارخانه‌كه بەڕێوەدەبەن، ته‌نیا ڕوداوێكیش ڕوینه‌داوه. كرێكارێك ئاوا ده‌ڵێت ” كاتێك كه خاوه‌نكارێكت هه‌بێت، توشی شله‌ژان ده‌بیت و ده‌كه‌ویته ژێر فشار. بەڵام به‌بێ خاوه‌نكار باشتر كارده‌كه‌یت، چونکە هوشیارانه بەخۆت گشت بەرپرسیارییه‌ك لەئه‌ستۆده‌گریت”. ئێستا ڕێكخستنی كارخانه به‌باڵاترین دیموكراتیی ڕاسته‌وخۆ خۆی ڕێكده‌خات، بە ڕۆشن‌ترین ئاسۆ و به هاوئاهه‌نگی. له‌نێو كۆبونه‌وه بڕیاره‌كان ده‌درێن. نه سه‌رۆك هه‌یه و نه به‌ڕێوه‌بەر. هه‌موو به‌شێك: گواستنه‌وه ، فرۆشتن ، به‌رنامه‌ڕێژیی به‌رهه‌مهێنان ، به‌شی چاپ و نه‌خشاندن، …تد بۆ دانانی ڕێكخه‌ر لێژنه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت،هه‌ر ڕێكخه‌رێك له‌سه‌ر ‘ مێزی نوێنه‌رایه‌تی’ له‌بارەی پرسەکان و شتی نوێ و كێشه‌كان زانیاری ده‌دات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌باره‌ی چۆنیه‌تی كاروبار له به‌شه‌كانی دیکە زانیاری وه‌ده‌گرێت. ئێستا (300) كه‌س لەنێو ئەم کارخانە (زانۆن) گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. شوێنكاری دیکەش له به‌رنامه‌ڕێژیدان. له‌و كاتەوە كارخانه‌کە کەوتووەتە ژێر خۆبەڕێوەبەریی کرێکاران زیاتر له (70) كه‌سی دیکە/تازە دامه‌زراون. لەنێو كۆبونه‌وه‌ی كرێكاره‌كان بڕیاردرا، زۆر گرنگه كه ئەندامانی ڕێكخراوی بێكاران وەربگیردرێن. له‌به‌رئه‌وه زۆربه‌ی كرێكاره تازه‌كان ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌ی كرێكارانی بێكارن MTD. هه‌موو كرێكارێك به‌گوێرەی خەرجی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی خێزانێك مانگی (800) پێزۆ وه‌رده‌گرێت؛ زانۆن له چەند بلۆك پێكهاتووه. كارخانه‌كه (18) به‌شی به‌رهه‌مهێنانی هه‌یه، له‌وانه ئێستا ته‌نیا (3) بەگه‌ڕخراون. ته‌نیا 10- 15% تواناییه‌كان به‌كارهاتوون. به‌هۆی كورتکردنەوەی ماوه‌ی كار و زیادکردنی كرێ به‌هره‌كێشیی لە کار و ڕەنجی كرێكاران كه‌مبووەته‌وه. هێشتا دەتواندرێت كه‌سی دیکە دابمه‌زرێن. یه‌كێك له هۆکارهكانی سه‌ركه‌وتنی خۆبەڕێوەبەریی زانۆن، جێکەوتەبوونی تێکۆشانی كرێكاران بوو له ناوچه‌كه. له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ی سه‌ره‌كی كارخانه‌كه كرێكاره‌كان له پارچە كیرامیكی شكاو دیوارێكیان دروستكردووه، كه به‌سه‌رهاتی تێکۆشانی كارخانه‌كه ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌وه هه‌مووی به چه‌ند ژن و پیاوێك ده‌ستیپێكرد، كه له چوارده‌وری مه‌نجه‌ڵێكی گه‌وره دانیشتبوون و له‌سه‌ر ئاگرێك ده‌كوڵا. هه‌موو مانگێك، كاتێك كه له‌به‌رده‌م كارخانه‌كه ده‌وه‌ستان، ئه‌وان ڕۆڵیانده‌گێڕا : دراوسێكان، خوێندكاران و كرێكارانی بزوتنه‌وه‌ی پێکوێتێرۆ Pekuetero هاوپشتی خۆیان ده‌رده‌بڕی، به‌وه‌ی كه به‌پاره و
خوارده‌مه‌نی به كرێكارانی كه‌مپه‌ینکەری زانۆن كۆمه‌كیانده‌كرد. له پشته‌وه‌ی كارخانه‌ی زانۆن زیندانێك هه‌یه. كه زیندانییه‌كانی ناو ئەو زیندانە به‌شه خۆراكه‌كه‌ی خۆیان به كرێكاره‌كانی زانۆن ده‌به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێكخراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆ نمونه کۆمەڵەی دایكانی مەیدانی مایۆ (Mothers of the Plaza de Mayo)** لە کرێكارانی کارخانەی زانۆن هاوپشتییانكرد. دایكان ده‌یانگێڕایه‌وه، كه هه‌ر ئاوا ئه‌وانیش ویستویانه به‌گیانیان كارخانه‌كه بپارێزن. تەمەنی هه‌ندێك له ژنه‌كان نزیکەی (٧٠) ساڵی دەبێت. پشتیوانەی سەرەکیی كارخانه‌كه ئاسایش و نه‌خشه‌ی خۆپارێزگارییه. فەرمانداریی/دەوڵەت به توندوتیژی وه‌ڵامی کرێکارانی زانۆنی ده‌دایه‌وه. به‌هۆی شێواز و تاكتیكی جۆراوجۆر هه‌وڵیدا كارخانه‌كه دابخات. به‌گشتی پێنج جار كارخانه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیس داخرا. به‌ڵام هه‌موو جارێك هه‌زاران دانیشتووی ئەو ناوچه‌یه ده‌هاتن، بۆ ئەوەی له كارخانه‌كه پارێزگاری‌بكه‌ن. لەبەر مه‌ترسی داخرانی کارخانەکە هه‌موو کرێکارەکان شوێن كاره‌كه‌ی خۆیان به‌جێده‌هێشت و پێكەوە به‌رپرسی ئاسایشی پاراستنی کارخانەکە بوون. له‌به‌رده‌م كارخانه‌كه ڕێكخراوه پشتتیوانلەرەکانی بێكاران و ئەوانی دیکە ڕیزبه‌ندیی به‌رگرییکردنیان ڕێكده‌خست، كرێكاره‌كان بەخۆیان له سه‌ربانی كارخانه‌كه سه‌نگه‌ریانده‌گرت و خۆپارێزیی و بەرەنگارییکردنیان ڕێكده‌خست ، بۆ نمونه به چه‌ك.
زیندانی ژماره (١١) كه‌وتووەته پشته‌وه‌ی كارخانه‌كه. شه‌وێك لەتەك كرێكاره‌كان، ئه‌وانه‌ی کە شه‌وانه پاسه‌وانییان ده‌كرد، له سوڕانەوەیەك به‌ده‌وری كارخانه‌كه، هەر كه له زیندانه‌كه نزیكبووینهوه، یه‌كسه‌ر شریخەی ڕاکێشانی میلی چەکی پاسەوانێکی زیندانه‌کە هات، كه ئێمه به لای ئەو تێپه‌ڕین، چه‌كه‌كه‌ی سواركرد. بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین، كه هیچ كه‌س به‌سه‌ر كارخانه‌كه ده‌ستناگرێت، لەنێو كارخانه شێوازی تایبه‌تیی خۆپاراستن داهێنران؛ هه‌موو كرێكارێك کاتی هاتن ده‌بێت ناوی خۆی تۆماربکات، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت سزابدرێن، ئه‌گه‌ر دره‌نگ هاتنه سه‌ركار، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی دیاربێت کە كێ دێته نێو كارخانه‌کە. پێشتر ئه‌ركی پاراستن بۆ ئه‌وه پێویست بوو، ئه‌گه‌ر كرێكاره‌كان كه‌ره‌سته‌ی كارخانه‌كه‌یان بدزیایه. ئێستا كرێكاره‌كان له خه‌می ئه‌ركی پاسه‌وانیکردنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی کە بەخۆیان كارخانه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ، هەر لەبەرئەوە پێویسته هه‌مووان بۆ كاركردن چه‌كه‌كانیان له‌ته‌ك خۆیان بهێنن.
نۆڤێمبه‌ری 2003 كرێكارانی کارخانەی زانۆن لەتەك ڕێكخراوی بیكاران له نۆیکوێنNeuquén دژ بە کارتی ئه‌ندامه‌تی بۆ بێكاران خۆنیشاندانیان كرد، کە فەرمانداریی ده‌یه‌وێت بڕی (150) پێزۆ کۆمەکی بێكاری تەنیا له ڕێگه‌ی كارتی بانكی بدات. به‌و جۆره بێكاران بەهۆی ئه‌و كارتە ته‌نیا كه‌مێكی ئه‌و بڕه پاره‌یه بەوان ده‌درێت و ته‌نیا ئەو مافەیان ده‌بێت، کۆمەڵە شتێکی دیاریكراو له سوپه‌رماركێته‌كان بكڕن، كه بە تۆڕی بازرگانی commercial networks ناسراون. به هێرشی توندوتیژی پۆلیسی خۆنیشاندانه‌كه كۆتاییهات. زیاتر له 22 كه‌س برینداربوون، له‌وانه (10) كه‌سیان به‌گوله بریندارکرابوون. ئاندرێس Andrés یه‌كێكه له‌و كرێكارانه‌ی كه بەسەر كارخانه‌ی كیرامیكی زانۆن دەستیانگرتووە و ئه‌ندامێکی ڕێكخراوی كرێكارانی بێكار MTD لایەنی كه‌م (64) گوله‌ی پلاستیكی به‌ركه‌وتبوو و پۆلیس (8) سات ئەوی زیندانیکردبوو و ئه‌شكه‌نجه درابوو و بواری تیماركردنی برینەکانی نه‌درابوو، بەهۆی ئەوە چاوی چه‌پی کوێربووە. ڕۆژی 2ی دێسه‌مبه‌ری 2003 (7) چه‌كداری ده‌مامكپۆش خۆیان ده‌خزێننه نێو كارخانه‌ی زانۆن و (32) هه‌زار پێزۆ ده‌دزن. پێشتر مانگی نۆڤێمبه‌ر هێرشێکی دڕندانه كرابووە سه‌ر ڕێكخراوه‌كانی هەرێمی Nuequén و كرێكاران و چالاکانی MTD له‌نێو ماڵی خۆیان لە ئەوان هه‌ڕه‌شه‌كراوە. گۆدۆی ڕاوڵ Raul Godoy كرێكارێكی کارخانەی زانۆن به‌و جۆره ده‌یگێڕایه‌وه “ئێمه گشت ئه‌و شتانه به زنجیره‌یه‌ك پلان ده‌بینین، بۆ ئه‌وه‌ی بەهۆی ئەو شتانە كه‌سانێك له ئێمه بخه‌نه ژێر فشار، ئه‌وانه‌ی كه بۆ كۆمه‌ڵێکی دادپه‌روه‌رانه تێده‌كۆشن”. لەنێو ڕۆشنكردنه‌وه‌یه‌كی چاپکراوی كرێكاره‌كان ئاوا هاتووه، پاش ئه‌وه‌ی کە چه‌ته‌كان پاره‌كه‌ی كارخانه‌یان دزی، فەرمانداریی بۆ ئه‌و مەبەستە جۆرە هاریكارییەك به‌كارده‌هێنێت، تاوه‌كو له‌و کارخانانەی كه له‌ژێر خۆبه‌ڕێوەریی كرێكارانن به‌شدارببێت. بێجگه له زانۆن ته‌نیا یه‌ك کۆمپانی هاریكاری ده‌وڵه‌تی ڕه‌تكرده‌وه، ئه‌ویش سوپەرمارکێتی تیگرە Tigre-Supermarkt بوو لە ڕۆساریۆ Rosario. “فەرمانداریی به ڕێگه‌ی جۆراوجۆر خۆی ده‌خزانده نێو بزوتنه‌وه‌كه، به‌و جۆره ده‌وڵه‌ت هاریكاریده‌كات، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ده‌بێت لە تێکۆشان وازبهێنیت”.
كرێكارانی بروکمان Brukman، كه كارخانه‌یه‌كی پۆشاك ئاماده‌كردنه له بۆینس ئایرس Buenos Aires و ڕۆژی 18ی ئەپریلی 2003 داخرابوو، توانییان پێش ماوه‌یه‌كی كورت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ركار، به‌ڵام به‌هاریكاری لەتەك ده‌وڵه‌ت. به‌گوێرەی ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك، كه ده‌وڵه‌ت خستییه به‌رده‌م كرێكاره‌كان، ته‌نیا دوو ساڵ ماوه‌یان ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ساختمان و ئامێره‌كانی چنین بكڕن. لەو كاتەوە کارخانەکە داخراوە، ڕامیاره چه‌په‌كان به‌خۆتێهه‌ڵقورتاندنی شێوێنه‌رانه له‌و پرسه له‌نێو بنبه‌ستی ڕه‌خنه گیریانكردووه. به‌ڕاستی شه‌رمه‌زارییه، بەدرێژایی 16 مانگ ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی كارخانه‌كه پاش داخستنی، كاتێك كه كرێكاران هه‌وڵیاندا بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ركار، ڕامیارە چەپەکان خوازیاربوون کرێکارەکان به ئەوه ڕرازیبكه‌ن، كه تاكتیكه‌كانی خۆپاراستن پێویستنین. له‌و كاته‌دا كارخانه‌كه پاسه‌وانی تایبه‌تیی هه‌بوو، ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە هەر له سه‌ره‌تاوه بۆ كارخانه‌كه دانراوه!
پازدە (١٥)ساڵه ڕۆزا ڕیڤێراRosa Rivera له‌نێو زانۆن كارده‌كات، گوتی ” خۆبەڕێوەبەریی زانۆن ته‌نیا تێکۆشانێك نییه بۆ (300 ) كرێكار لەنێو كارخانه‌كه، به‌ڵكو تێکۆشانیشه‌بۆ ناوچه‌كه و بۆ شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. “كاتێك كارخانه‌كان دابخرێن و له ته‌نگانه به‌جێهێڵدرێن، كرێكاران مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه، دووباره بە‌گه‌ڕبخه‌نه‌وه و به‌كاریانبەن و به‌ژیانی خۆیان لە کارخانەکان به‌رگریبكه‌ن”. له ئاسۆی بزوتنه‌وه‌ی له‌ت-له‌تكراوی ئه‌رژه‌نتین‌هێشتا خۆبەڕێوەبەریی کرێکارانی کارخانەی زانۆن سیمبۆلێكی به‌هێزی هه‌ستانه‌وه‌یه دژی سه‌رمایه‌داری. پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه له‌نێو ئەم كارخانه‌یە ڕوده‌دات، سروش و په‌یامێكه بۆ كرێكاران له‌نێو كارخانه ده‌سبه‌سه‌رداگیراوه‌كانی دیکە و بۆ چینی كرێكار له هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ئه‌م جیهانه و بە ئەوان سروش دەبەخشێت، تاکو بهڕێوهبهرەكان/خاوەنەکان/دارا‌کان تێكبشكێنن.
تریگۆنا ماریێ Marie Trigona ژورنالیستێکی سه‌ربه‌خۆ و لە ئەرژەنتین چالاکە و لەنێو هەرەوەزیی ڤیدیۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ Video und Direct Action-Kollektiv- alavio بەشدارە/هاریکارە. لینکی هەرەوەزیی ڤیدیۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ www.revolutionvideo.org/alavio
* ئەم بابەتە ساڵی ٢٠٠٤ وەرگێڕدراوە
** https://en.wikipedia.org/wiki/Mothers_of_the_Plaza_de_Mayo
سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگیراو: http://www.labornet.org/news/0505/zanon.htm