“١٧ی شوبات ” چی بوو و چی بەسەرهات ؟

“١٧ی شوبات ” چی بوو و چی بەسەرهات ؟

هەژێن

١٨ی فێبریوەری ٢٠١٥

– چەند ساڵ بوو،کە ناڕەزایەتی خەڵك لە گەندەڵی و سەرکوت و پارتایەتی لێوانلێو بوو …

– لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ تەقینەوەی ڕاپەڕین لێرە و لەوێ لە سەرهەڵداندا بوو ….

– کارایی ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی جەماوەریی وروژاندبوو …

– کۆمەڵێك هەلپەرست بە مەبەستی قۆرخکردن و پاوانکردنی ناڕەزایەتی خەڵك، کەوتنە کۆپیکردنی ئەزموونەکانی تونس و میسر و (ساحة التحریر بغداد) …

– لەژێر کارایی کۆمەڵێك هۆکار و هاندەردا تەقینەوەی جەماوەر چەخماخەی دا …

– پێشمەرگەکانی دەسەڵات تەقەیان لە خۆنیشاندەران کرد …

– سەرانی لیستی نەوشیروانییەکان کە لەژێرەوە خەڵکیان بۆ ناوچەگەریی و دژایەتی (پدک) هاندەدا، هەر کە زانیان ناڕەزایەتی خەڵک و خواستەکانی خۆنیشاندەران زیاتر لە بەرنامەکەی ئەوان دەڕۆن، ڕاپەڕینی خەڵکیان بە ئاژاوە ناوبرد و کەوتنە سووکایەتیکردن بە ئازادیخوازیی خەڵك.

– هەر وەك لاساییکردنەوەی “ساحة التحریر قاهرة”سەرای سلێمانی بوو بە سەکۆی ئازادی …

– نەوشیروانییەکان کەوتنە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکان تەنیا بەرەو (پدک) و ناوچەگەرییکردنی وەك سلێمانی بەرانبەر ناوچەی بارزان ..

– پارتییە ڕامیارییەکان تەنانەت ئەوانەش، کە دەمێك بوو ئەوروپا-نشین بوون گەڕانەوە و قسەکەرانی جادووگەری خۆیان [نووسەرانی دەربار] خستە پشتی بڵندگۆ …

– ڕۆژی ٢١ی ئازاری ٢٠١١ (سەرای سلێمانی) کرا بە فڕۆکەخانەی (میهرئاباد) و وەك (ئیمام خومەینی) پێشوازی لە نەوشیروان موستەفا کرا ..

– بە پووچگەرایی “بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی” و جادووی نووسەرانی دەرباری (ینک) و (لیستی بەناو گٶران) و (پدک)، جەماوەر سارد و خۆشباوەڕکرایە ..

– گروپە ئیسلامییەکان بە پشتیوانی نەوشیروانییەکان و پاشنوێژی “ڕۆشنبیرانی نەتەوە”، (سەرای سلێمانی) کە بووبووە سیمبوڵی ئازادی و خرۆشان، گۆڕی بە مزگەوت و مەیدانی جیهادی ڕامیاریی …

– قسەکەرانی پشت بڵندگۆ و کۆمەڵێك چەپ ناڕەزایەتی جەماوەرییان کردە چەپکەگوڵێکی سپی و بردیان و لەسەر مێزی “سەرۆك” فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، دایاننا ..

– پارتییە چەپە لاکەوتەکان هیوای خۆیان بە ١٧ شوبات گرێدایەوە و تا دوو ساڵ پاش ئەوە هەر بە زۆرەکی و میکانیکیانە ویستیان جەماوەر ڕەدووی خۆیان بخەن …

– ئێستاش چەپی لاکەوتە وەك تەنیا هیوایەك بۆ مانەوە خەریکی سەرمایەگوزارییە لەسەر ئەو ساڵیادە …

– دەسەڵاتداران بە دیمانەکردن لەتەك بێژەرەکانی ئەو کاتی (سەرای سلێمانی) وەك ئامرازێك بۆ فریودانی خەڵك و ئاشکردنەوەی قوربانیان و بکوژان بەکاردەباتەوە …

– هەموو ڕاپەڕینێکی تێكشکاو و دەستەمۆکراو بێجگە لە نائومێدی و تەشەنەی ڕەوتە کۆنەپەرستەکان ئیسلامیست، ناسیونالیست، شۆڤینیست، ڕەیسیست، فاشیست و سێکسیستەکان، بەهێزبوونەوەی دەسەڵات و زەمینەسازیی بۆ سیاریۆکانی دەسەڵاتداران دەڕەخسێنێت. کۆمەڵی هەرێمی کوردستان لەم ساتەدا لەم قۆناخەکدا دۆشداماوە و بووەتە کێڵگەی هەموو ڕەوتێکی دژە-مرۆڤایەتی تەنانەت (داعشیزم)یش.

بەداخەوە، هەر ئاوا شکستخوازدن و جەنگی نێوخۆی سوریە بەرهەمی کۆپیکردنی زۆردارەکی ڕاپەڕین بوو لە لایەن تاك و گروپە ڕامیارەکانەوە، ئەوەی هەنووکە لە (هەرێمی کوردستان)یش دەگوزەرێت، بەرهەمی هەمان کۆپیکردنی میکانیکیانەی ڕووداو و ئەزموونەکانە بۆ نێو کۆمەڵێك، کە نە ڕاپەڕینەکە بەرهەمی بەلوتکەگەییشتنی خودهوشیاریی خۆیەتی و نە دارای ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی خۆیەتی وەك “ڕۆژاوا”، کە بەلابردنی دەوڵەت و دەزگەکانی هیچ بۆشاییەك لە کۆمەڵ و بەڕێوەبردن و کارگێرییدا دروستنەبوو و کۆمەڵ تووشی ڕارایی و ئاوەڕدانەوە بەرەو دوا نەبوو، بەڵکو بوو بە سەرەتا و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی داهاتووی مرۆڤایەتی .

لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، ئێستا و دەیان ساڵی دیکە و وێڕای هەزاران هەوڵی دیکەش، ئەگەر تاکە ژێردەستەکانی کۆمەڵ بە ئاستێك لە خودهوشیاریی شۆڕشگێرانە نەگەن، کە لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و تێکۆشانی ڕاستەوخۆ و ڕێکخستنی ئاسۆیی، سەربەخۆیی خۆبیرکردنەوە و خۆڕێکخستن و خۆبڕیاردان و خۆبەڕێوەبردنیان پێدەبەخشێت، ئەوا هەموو جارێك تەنیا شکست و نائومێدی و ئازارەکانی ١٧ی ئایاری ١٩٨٧ی هەڵەبجە و ٧ی ئازاری ١٩٩١ و ١٧ی فێریوەری ٢٠١١ چەند بارە دەبنەوە و هەموو جارێك تێکۆشان و قوربانیدانیان دەچێتەوە گیرفانی کۆمەڵێك ڕامیار و پارت و گروپ و هەلپەرستانە لاوازییەکانی بزووتنەوەکە، کە خۆشباوەڕیی و متمانەیە بە پارتییەکان و ڕابەر و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەکان و کەسە کاڕێزمادارەکان!

دوا شت کە لەم وەڵامەدا دەمەوێت بیوروژێنم، پرسیارێكە هەموو ساڵێك لەم ساڵیادەدا دێتەوە پێشەوە و بەداخەوە تا ئێستا زۆرێك خۆیان لە وەڵامدانەوەی لادەدەن یا هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدەن؛ ئێستا پاش چوار ساڵیاد، خۆبەنوێنەرکەران و خۆبەنوێنەرزانانی سەرای سلێمانی چی وەڵامی خەڵك دەدەنەوە و چۆن خۆشباوەڕیی خۆیان بە بەڵێنەکانی “سەرۆك” هەڵدەسەنگێنن؟

**************************************************

خوێنەری هێژا، ئەمە دەقی وەڵامێکی منە بە پرسیاری هاوەڵێکی فەیسبووکی، کە گلەیی لە من دەکات و دەڵێت

” بۆ لەبارەی ١٧ شوباتەوە بێدەنگیت هەڵبژاردووە؟ “