“دەنگدان زۆر شت دەگۆڕێت، بەڵام بەرەو خراپترکردن و ڕامبوون و دەستەمۆبوون”

کاتێك سەد ساڵ لەمەوبەر (ئێما گۆڵدمان – نووسەر و چالاکی ئەنارشیست) گوتی “ئەگەر دەنگدان شتێکی بگۆڕیایە، ئێستا دەمێک بوو، کە قەدەخەکرابوو”.

مەبەشتی ئەو لە شت گۆڕین، گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ بوو لە بەرژەوەندی زۆرینەی زەحمەتکێش؛ ئەگەر نا، دەنگدان زۆر شت بەرەو نیگەتیڤ دەگۆڕێت، لەپێش ھەموو شتەکان، خودی سرووشتی مرۆڤ.

دەنگدان بڕوابوونی مرۆڤ بە خۆی لاواز و نەبوو دەکات و مرۆڤ لە ھێز و توانای خۆی نامۆ و نائومێدی دەکات و ڕام و دەستەمۆی ئەو خۆزگەیەی دەکات، کە “فریادڕەسێك” پەیداببێت و ژیان و دونیای بەدبەختییەکان بۆ ئەو بگۆڕێت.

بەڵام بێجگە لە ھەڵوێستی ھەر کەس بەرانبەر پارلەمان، خودی مێژووی سەدان ساڵەی پارلەمان ئەوەی نیشانداوە، کە پارلەمانتاران نوێنەری پارتییەکان و پارتییەکان خوازیاری مشەخۆری و سەروەریی چینایەتین و لە باشترین بار، پارلەمانتاران دەڵاڵی (نوێنەری | لۆبی) کۆمپانییەکانن و وەک بەکرێگیراوێک ئەو یاسا و خواستانە پەسەندەکەن، کە لە بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و سەرمایەداران و بنەماڵە و پارتییە دەسەڵاتدارەکانن.

ئەگەر ئەزموونی سەدان ساڵەی پارلەمانەکانی ئەوروپا و ئەزموونی بیست و شەش ساڵەی ھەرێمی “کوردستان” بۆ تێگەییشتنی تاکی خۆشباوەڕ و ناھوشیار لە ئامانجی ڕامیاران و پارتییەکان و ڕۆڵی کەتواریی پارلەمانتاران و پارلەمان و بەڵێندەرەکان، ھێشتا بەس نییە، دەکرێت ھەر کەس ئەو دوو پرسیارە لە خۆی بپرسێت:

  • ئەگەر پارلەمانتاریی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ چالاکییەکی بەبێ مووچە و خۆبەخشانە بووایە، ئایا ھیچ ڕامیاراێک، ھیچ پارتییەک و ھیچ بەڵێندەرێک ئامادەدەبوو یەک چرکە لە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ پارلەمانتاربوون تەرخانبکات؟
  • ئەگەر مووچەی پارلەمانتارێك ھێندەی یان کەمتر لە مووچەی کرێکارێکی شارەوانی و خزمەتگوزاریی بووایە و لەپێناو سەروەربوون نەبووایە و پارلەمانتار نوێنەر و جێبەجێکەری بڕیاری خەڵک بووایە، ئایا ھیچ ڕامیار و پارتییەک ئامادەدەبوو ئەوەندە خۆی بۆ بەدەستھێنانی پلەی پارلەمانتاریی و دەسەڵاتداریی تێدەکۆشا و نۆرەبرێی دەکرد و ڕامیاران لە یەکدی پاشقولیان دەگرت؟

ئێستا جارێکی دیکە پاش لێکدانەوە و وردبوونەوە لە وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە، کاتی ئەوەیە، کە پەیگیرانە و گۆڕانخوازانە و چالاکانە لەنێو ژیانی خۆمان و لەنێو شوێنی ژیان و کارکردن و خوێندنی خۆمان، لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یاداوارەییەکانی خۆمان و پێشینانی خۆمان، خەریکی بەدەستھێنانی وەڵامی ئەو دوو پارسیارەی خوارەوە بین و ھەوڵبدەین خۆمان لە تەلیسمی جادووگەریی سیستەمی ڕامیاریی ڕزگاربکەین و بۆ چارەسەری ھەر گرفتێک و بۆ باشترکردنی ھەر شتێک و بۆ بەدەستھێنانی ھەر شتێک، بگەڕێینەوە سەر توانا و وزە و یەکێتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خۆمان و پشتبەستنەوە بە خۆ و یەکێتی خودە ئازادەکان* :

– ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانە نەرێیە و تۆی دەنگدەر لە من باشتر ئەو شتانە دەزانیت، ئەدی ھۆکاری دەستەمۆمانەوە و ڕامکراویی و خۆشباوەڕیی تۆ چییە؟

– ئایا بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی کۆڵان و گەڕەک و شوێنی کار و خوێندن و خۆڕێکخستن لەنێو گرووپە خۆجێییەکان و پێکھێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ئاسۆیییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و کردنیان بە تان و پۆی کۆمەڵی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر و بەرپاکردنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی* لە کۆیلەمانەوە و چاوەڕوانی لە ڕامیاران و ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری ڕامیاران و سەرمایەداران، دژوارتر و ناکەتواریترە؟

————————————————————————————————–

* کۆبوونەوەی گشتی کۆڵان و گەڕەک و شوێنی کارکردن و خوێندن – پێکھێنانی گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە ئاسۆیی و سەربەخۆ جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان  و ھەرەوەزییە ئابوورییەکان – یەکگرتنەوەی ھەموویان لەنێو تۆڕ و فێدراسیۆنی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان – پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ناوچەکان لەسەر پایەبوونی گرووپە خۆجێیی و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان – یەکێتی و ھاوپشتی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ناوچەکان لەنێو کۆنفێدراسیۆنێکی ئازادیخواز (دژە-دەسەڵات و -دەوڵەت و -سەروەری)