ڕەهەندەکانی گۆڕان

ڕەهەندەکانی گۆڕان

gorran & wergorran

سەرنجدانێکی ڕەخنەییە لە پەرتووکی (گۆڕان و وەرگۆڕان )

نووسینی: هەژێن

لە بڵاوکراوەکانی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان نۆڤەمبەری ٢٠١١

بەرایی:

خوێنەرانی هێژا، ئەوەی کە بووە هاندەری نووسینی ئەم سەرنجانە لەمەڕ پەرتووکی (گۆڕان و وەرگۆران: جیهانبینییەکی شیکاریی هزریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی بۆ فەلسەفەی یەکسانییخوازیی) نووسینی هێژا (دارا ئەحمەد)، داخوازی خودی نووسەر بوو بۆ سەرنجدان لەسەر پەرتووکەکەی، پێش بڵاوکردنەوەی چاپە نوێیەکەی. پاش ئەوەی کە سەرنجەکانم تەواو بوون، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە باشترە ئاڵوێری زانیاری و سەرنج و ڕەخنە لە بازنەیەکی گەورەتردا بێت، بۆ ئەوەی خوێنەرانیش هەم لە مشتومڕ و بۆچوونگۆڕینەوەکان ئاگاداربن و هەم ئاسانتر بتوانن بەشداری کارا بکەن، تاوەکو لەو ڕێگەوە بتوانین بەستەڵە هزریی و ئایدیۆلۆجییەکان بشکێنین و زەمینە بۆ نزیکبوونەوە و لەیەكگەیشتن و بەیەکدی ئاشنابوون لەبار بکەین.

لەوێوە کە، من وەك سۆشیالیستێکی ئازادیخواز [دژە-سەروەر]ێك باوەڕم بە مارکسیزم [سۆشیالیزمی دەوڵەتی] نییە و کۆمونیزمیش ئەو وێناندنە، کە مارکسیستەکان لە خودی( مارکس)ەوە تا دوا کۆمونیستە دەسەڵاتخوازەکان بەدەستییانەوە داوە، باوەڕم پێی نییە و پێموایە هەڵەوگەڕاوی ئەفسانەی بەهەشتە و ئەو شێوازی پێگەیشتنە و پێداویستی دەوڵەت و دیکتاتۆری پارت و دەستەبژێری کۆمونیست (بەنێوی پرۆلیتاریا) و چۆنییەتی توانەوەی دەوڵەت لەو کۆمەڵگەدا، ئایدیالیستانەیە و لە لێکدانەوە و پاساوی ئایدیالیستەکان، بۆ گەیشتن بە بەهەشت و بەڕێوەبەرایەتی کاروبارەکانی ناو بەهەشت، دەچێت. ئەگەر بە وردی سەرنجی تێزی توانەوەی دەوڵەتی سۆشیالیستی بدەی، دەبینیت لە بوونەخواردنی کێشکەکانی بەهەشت دەچێت، کە بە پێی بۆچوون و گێڕانەوەکانی ناو قورئان، دەبنە خواردن بۆ بەهەشتیان و پاشان لە ئیسکوپروسکیان کێشکە-خواردراوەکان چێ دەبنەوە و دەفڕنەوە سەر لکی دار و درەختەکان. ئایا دروستکردنی دەوڵەتێك و لە خۆوە توانەوەی لە چیرۆکە پوچگەراییەکانی بەهەشت ناچێت؟

ئەمە سووکایەتی نییە، ئەگەر بڵێم من مارکسیزم بە دونیاییکردنی ئایینەکان دەبینم و بەس. چونکە لە مارکسیزمدا مارکس و ڕابەرانی پاش وی، جێی خوا و پەیامبەرانی دەگرنەوە و دەبنە بتی پیرۆز و خوا کە لە ئاییەکاندا نیشانەی هۆشی سەروومرۆییە و شایانی پاشڕەوییە، دەستەبژێری کۆمونیستەکان و لەناویاندا ڕابەران و ئیدئۆلۆگەکانیان ئەم ڕێوشوێنە پایەبەرزە داگیردەکەن و دەبنە مامۆستا و فەرماندەری نەزانەکان ( نەزان لە دیدگەی ئەوانەوە). پاشان قۆناخبەندی مێژوو و شۆڕش و فەرماندانیان بە شۆرش و لێکدانەوەیان بۆ شۆڕش و ڕۆڵی کۆمونیستەکان و پارتەکەیان و پیرۆزی گوتەکانیان و دیاریکردنی دروستی و نادروستی هەر بۆچوون و هزر و تێڕوانێك یا هەر ئارەزووییەکی مرۆیی بە بەراورد بە دەقە پیرۆزەکان. دواجار ئاراستەکردنی چارەنووسی مرۆڤەکان و مێژوو بەو جۆرەی کە چەند کەسێك هێڵکارییان بۆ کێشاوە و ناچاربوون بە ملدان بەو نەخشانە وەك ڕاستییەکی بێچەندوچوون. ئایا ئەمە هیچ جیاوازییەکی لەتەك ڕێڕەو (مذهب) و ئایینەکان هەیە؟

بەم بەراییە کورتەوە، هەوڵدەدەم بەپێی توانای بۆچوونی کەسیی خۆم لەمەڕ ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر بەنێوی “هزری نوێی کۆمونیستی” دەیانخاتە بەرچاومان، بخەمەڕوو.

بۆ داگرتنی پەرتووکەکە کلیکی ئێرە بکە  gorran & wergorran