چەند سەرنجێكی ڕەخنەگرانە لە بابەتی (ده‌وڵه‌تی کوردی یان گه‌مژاندنی کۆمه‌ڵ)ی ھاوڕێ ئەنوەر فەتاح محەمەدئەمین

سڵاو ھاوڕێ ئەنوەر ….

بابەتەكەتم خوێندەوە و چەند سەرنجێكی لا دروست كردم،  كە ئەمانەن:

یەكەم، تایتڵی بابەتەكەت، لەتەك ئەوەی تۆ دەتەوێت بیڵێت، زۆر ناكۆكە، چونكە (یا) ئامرازی پرسیاركردنە لە ھەڵبژێری دوو شت، كە پێچەوانە و دژی یەكتر بن، كە لێرەدا یەكەمیانی كردووە بە پۆزەتیڤ و دووەمیان نیگەتیڤ، بەڵام وابزانم مەبەستی تۆ پۆزەتیڤنرخاندنی دەوڵەت بەگشتی و دەوڵەتی كوردی نییە، بۆیە ئەگەر بتنووسیایە، “دەوڵەتی كوردی ئامرازی گەمژاندنی كۆمەڵگەیە”، درستر و گونجاوتر دەبوو.

دووەم، تۆ پێتوایە دەوڵەت ھەندێك جار كاری باشیش ئەنجام دەدات، كەواتە یا ئەو چەپ و ڕاست پێداھێنانەی سەرەوەی تۆ ھەڵەیە، یا تۆ بەھەڵە لە كارەكانی باشەكانی دەوڵەت گەییشتووی و ھیچ كات باش نین، چونكە كاری باش واتە پۆزەتیڤ بۆ تاكەكانی ژێر سایەی دەوڵەت. ھەر بەپێی نموونەكەی خۆت بۆ كاری باشی دەوڵەت و ئامانج لە كارە باشەكانی، خۆت لەتەك خۆتدا دەكەویتەوە ناكۆكی، چونكە یەكەم فێرگە ( قوتابخانە) بۆ كۆمەڵگەی چینایەتی (سەرمایەداری) ئامرازی چەپاندنی تاكەكانی كۆمەڵگەیە [مەبەستم ڕەتكردنەوەی فێرگە و فیربوون نییە، بە لایەنگری لە نەخوێندەواری و لەناوبردنی فێرگە] لە دەستی دەوڵەتدا ، كە دواجار تاكەكان لەسەر بنەمای سەر و خوار [فەماندەر و فەرمانبەر] پەروەردە دەكات، واتە فێرگە بۆ دەوڵەت و سەرمایەداران، ماشینی بەرھەمھێنانەوەی كۆیلەی خۆشباوەڕ و ملكەچە. خەستەخانەش بووەتە بەشێك لە كەرتی تایبەتی و لەوێدا كە ھێشتا سەر بە كەرتی دەوڵەتییە، خۆت جوان باست كردووە، ئیتر نازانم كارە باشەكانی دەوڵەت كامانەن؟ ئەو كارە باشانەی دەوڵەت، بەراوردەكەی ڕابەرێكی كۆمونیستەكانی بیرھێنامەوە، كە لە بەراوردی زیندانەكانی ئیسرائیل و ئێراندا، زیندانەكانی ئیسرائیل بە فیرگە و شوێنی پشوودان دەچوێنێت. بەبۆچوونی من ڕەتكردنەوەی دەوڵەت نابێت تەنیا لەوێوە بێت، كە نوێنەرایەتی بۆرجوازی دەكات یا سەرانی دەوڵەت دز و گەندەڵن، بەلكو دەبێت لەوێوە بێت، كە ئامرازی سەروەرییە و ئەگەر سەرزەویش بكات بە بەھەشتە خەیاڵییەكەی نێو دەقە ئایینییەكان، ھێشتا ھیچ لەوە  ناگۆڕێت، كە كەسانی نێو ئەو بەھەشتە ھێشتاكە كۆیلەی سەروەری دەسەلاتدارانن، ڕێك وەك ئەوەی لە سۆشیالیزمەكەی (كارڵ ماركس و لێنین و ترۆتسكی و مائۆتسیتۆنگ و كاسترۆ و گێڤارا و كیم ئێڵ سۆنگ و ھۆ چی منە و ئەنوەر خۆجە)دا دیتمان.

سێیەم، لە پەرەگرافەكەی دواتردا تەنیا گلەیی لە دەسەلاتدارانی میرایەتی ھەرێمی كوردستان دەبینم، نەك نیشاندانی كڕۆكی دەوڵەت، كە ئەركی وتارەكەی تۆیە.

چوارەم، پاشان لە دوو پەرەگرافی دواتردا زۆر بە جوانی ڕۆڵ و مەبەستی پاگەندەكەرانی دەوڵەت و دەزگەكانی دەوڵەتت نیشان داوە، بەڵام وەك وتم، بابەتەكەی تۆ لەسەر ناوەڕۆكی دەوڵەتە نەك كاری پاگەندەكەرانی دەوڵەت و شەیدایانی دەوڵەت.

پێنجەم، پاشان سەربەخۆنەبوونی دەوڵەتت لە ھەوڵی بۆرجواكان و ڕەوتی سەرمایەكان بەكورتی نیشاندت داوە، بە بۆچوونی من دەبوو بابەتەكەی تۆ زۆرتر لەسەر ئەمە بڕۆشتایە، نەك لەسەر ھەندێك گلەیی لە دەوڵەتمەندان، كە بێزییان نایێت بچنە خەستەخانە و قوتابخانەی ھەژاران.

شەشەم، دواتر قسە لە پارتە نەتەوەییەكانی دەسەلاتی كوردی عیراق دەكەیت. لێرەدا ویستووتە نیشانی بدەی، كە دەوڵەتی كوردی ھیچ جیاوازییەكی لەتەك فەرمانڕەوایی ئێستای میرایەتی ھەرێـم نییە، بەداخەوە لە ھەوڵەكەتدا سەركەوتوو نەبوویت، چونكە ئەگەر مەبەست لە دەوڵەت یەكەیەكی جوگرافی، ڕامیاریی، ئابووریی دانپێدانراوی نێودەولەتی بێت، ئەوا مەبستت نەپێكاوە، بەڵام ئەگەر مەبەستی تۆ باری دووەم بێت، ئەوا بوونی كوشتار و داپڵۆسین، نابنە بەڵگەی ھەبوونی دەوڵەت، چونكە میلیشیاش ڕەوایەتی ئەو شتانە بەخۆی دەدات و كەمتر لە دەوڵەت داپڵۆسێنەر نییە، ھەروەھا بەو ئەرگومێنتەی تۆ بێت، لە ھەر وڵاتیك كە داپڵۆسین و سەركوت نەبێت، ئەوا دەوڵەت نییە! بە بۆچوونی من ئەگەر زۆرتر بە بەراوردی ئەرك و كارەكانی میرایەتی ھەرێم و دەوڵەتی كوردیت بكردایە، ئەوا زۆر بە ئاسانی مەبەستت دەپێكا.

حەوتەم، دواتر پەرەگرافێك قوت دەبێتەوە، كە بە ئاشكرا دیارە، كە دواتر بۆ بابەتەكەتت زیاد كردووە، چونكە بابەتەكەت لەسەر نیشتمانداریتی كرێكار یا نەبوونی نیشتمان نییە، دەكرا بەبێ پەنابردنە ڕستەی ئامادەكراوی لەو چەشنە، بچێتە سەر كڕۆكی چینایەتی دەوڵەت، وەك ئەوەی خۆت وتووتە، بەڵام بە كۆمەلێك بەڵگە لە ڕووداوە زیندووەكانی ولاتانی ئەوروپی و ھەرێمی كوردستانیش، كە لە ھیچ شوێنێكی ئەم دونیایەدا دەوڵەتێك لە ئارادا نییە، كە بەر بە سەرمایەداران بگرێت، كە ڕۆژانە لێرە و لەوێ، كۆیلایەتی مناڵان [كڕینی مناڵان بۆ كارپێكردن] و ژنان  [بەكاربردنی ژنان و منالان لە بازرگاین سێكسدا] و كرێكارانی كشتوكالی [ زیندانیكردنی چوار وەرزی ساڵ] زیندوو دەكەنەوە، بەڵام لە ھەر كوێییەكی ئەم جیھانەدا لە دێمۆكراترین دێمۆكراتی بۆرجوازی و دەولەتیدا، ئەگەر كرێكاران مانبگرن، خۆپیشاندان بكەن، داوای ژیانێكی ئازاد نا، تەنیا ژیانێكی گونجاوتر لە سایەی خودی سەروەری دەوڵەتدا بكەن، ئەوا ھێزەكانی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەكان و دادگەكان و پارلەمانەكان دەكەونە گەڕ بۆ سەركوتی، وەك مانگرتنەكەی ٢٠٠٦ی كرێكارانی چیمەنتۆی تاسڵوجە و مانگرتنی كرێكارانی كانەكانی ئیسپانیا لەم ھەفتەدا [https://anarkistan.wordpress.com/2012/06/17/]. دەكرا لێرەوە قسە لە ناوەڕۆكی چینایەتی دەوڵەت بكەیت، نەك گەندەڵی و دەمارگیری و بەرژەوەندی سەرۆكایەتی ھەرێم.

ھەشتەم، دواجار لە پەرەگرافی كۆتاییدا ڕەخنەكەت لە دەوڵەت تا ئاستی ڕەخنەی نیئۆ-لیبراڵێك لە دەولەتی كوردی دادەبەزێنیت و لەبیرت دەچێت، كە تۆ دەوڵەت وەك گشتێك ڕەتدەكەیتەوە نەك لایەنەكانی وەك (عەقڵیەتی خزمایەتی، ملكەچی بچووك بۆ گەورە). پاشان دەلێیت ” واتە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیتیان كرد بەشەرعیەتی گرتنی لوتكەی دەسەڵات، پاشان ئەو دیكتاتۆرە بێوێنەیەی لێدەرچوو،…”

لێرەدا ناچارم ھەڵویستەیەك بكەم، ڕاستە ھەم (پارتی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستی) و ھەم (بەرەی كوردستانی -كوردستانی عیراق) بە كودەتا ھاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام جیاوازی لە جۆری كودەتا و باری ئابووری و ڕامیاریی و سەربازیی كودەتاكاندا ھەبوو، یەكەم كودەتای سەربازی بوو بەسەر دەسەلاتی كۆمەلێك جەنراڵی سەربازیدا كە لە كودەتایەكی سەربازیدا ھاتبوونە سەر دەسەڵات، ھەردوو كودەتاش بریتی بوون لەبەرەنجامی ململانێی دوو بلۆكی سەرمایەداری جیھانی ڕوسیە و ناتۆ. ھیچ ڕەوایەتییان نەبوو و ھیچ شۆرگیڕیش نەبوون، بەتایبەت بەعسییەكان، كۆمەلێك چەقۆكێشی ھاوپەیمانی ناتۆ بوون و بە كودەتای سەربازی ھاتنە سەر دەسەلات، ئیتر نازانم تۆ چۆن ئەو ڕەوایەتییە شۆڕشگێرییەیان پێدەبەخشی؟

ھەرجی بەرەی كوردستانیشە، بە كودەتای سەربازی نا [ھەرچەندە لە بەرامبەر بزووتنەوەی شورائی و خەڵكی راپەڕیو ھەڕەشەی ڕاگەیاندن و  ھێزی چەكدارییان بەكار ھێنا]، بەڵكو كودەتاكەیان بەھۆی كۆڕەوەوە بەرپاكرد، كە لە بەرەنجامی تێكشكانی سەربازیی ڕژێمی بەعس بەرامبەر ھێرشی سەربازیی ھاوپەیمانان و ڕاپەڕینی جەماوەردا، لە ھەندەرانەوە گەرانەوە و بەدەسەڵات گەییشتن. لەوێوە كە ھێزەكانی بەرەی كوردستانی نوێنەری بۆرجوازی كوردبوون و ئامانجیان بەدەستھیانی دەسەڵات و ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە و بەڕێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای قوچكەیی (ھیرارشی) بوو، نەك شۆڕشگیر نەبوون، بەڵكو دژەشۆڕش بوون و لە ھەنگاوی یەكەمیشدا بە ھێڕش بۆ سەر شوراكان ئەوەیان نیشانیان و سەلماند. كەواتە ھەروەك جەنگی بەعسییەكان لە دژی قاسمییەكان بەدەستھێانی دەسەڵات و مسۆگەركردنی بەرژەوەندەی مشەخۆرانە و سەروەری بۆرجوازی عەرەب بوو، ھەرواش جەنگی بەرەی كوردستانی دژی بەعسییەكان بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات و مسۆگەركردنی بەرژەوەندی مشەخۆرانە و سەروەری بۆرجوازی كورد بوو. لە ھەردوو بارەكەدا بەناوی نەتەوە و سەربەخۆیی نەتەوە و بەرژەوەندی نەتەوەوە، ھەم خەڵكیان كوشت و بەكوشتدا، ھەم بەرەنگاری ھەوڵی شۆرشگێرانەی جەماوەری شۆڕشگیڕ بوونەوە.

بەكورتی، لە سەرەنجامی سەرنجەكانمدا بەوە دەگەم، كە ھەرچەندە تۆ بە ڕەتكردنەوەی دەوڵەت دەستپێدەكەیت، بەڵام زوو زوو لەبیرت دەچێت و ڕەخنەت لە دەوڵەت دەخزێتەوە خانەی گلەیی لە دەوڵەت، كە ئەمەش زمانی ڕەخنەی كەسێكی دژە-دەوڵەت نییە، بەڵكو زمانی گلەیی ناسیونالیستە خۆشباوەرەكان بە دەولەتی نەتەوەیی، ماركسیستە چاكسازەكانی دەوڵەت، ڕۆشنبیرانی نیئۆلیبرالیزمە بەرامبەر دەوڵەت. چونكە كەسی ئازادیخواز تەنیا لەبەر ھەبوونی بێكاری و گەندەڵی و كەرتی تایبەتی و ملكەچی بۆ ئیمپریالیزم و لایەنگری لە كۆنەپەرستی ئایینی ، دەوڵەت ڕەتناكاتەوە، بەڵكو لەبەر ھەبوونی سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەشدا، ئەگەر چی توانانی بە بەھەشتكردنی یەكسانانەی كۆمەڵگەشی ھەبێت.

ھاوڕێت ھەژێن

 

تێبینی : ئەم بابەتە وەك سەرنج (كۆمێنت)ێك لە خوار بابەتەكەی ھاوڕێ ئەنوەر لە (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان http://anarkistan.wordpress.com/2012/06/21/)دا نووسراوە و بلاوبووەتەوە