Skip to content
پووچگەرایی و ڕووكەشگەرایی دوو دیوی یەك دراون
ئەم ڕۆژانە دیاردەیەك دونیای تۆڕی كۆمەڵایەتی و بلاوكراوە و ڕۆشبیری كوردی داگیركردووە، كە بەم جۆرە خۆی دەردەخات، پاگەندەگەرانی ئایینەكان بەدیاریكراوی ئیسلامییەكان، دڵی خۆیان بە موسوڵمانبوونی فڵانە پرۆفیسۆر و فلانە دكتۆر و پزیشك و نووسەر خۆش دەكەن و دەیكەنە پاساوی دروستی ئایینەكەیان… لە بەرامبەردا چەپەكان و ڕەخنەگرانی ئیسلام و كەڵچەری ئیسلامی (كە كەڵچەری كوردیشە)، بە بەراوردی وێنەكانی جاران و ئەوڕۆ دڵخۆشی خۆیان دەدەنەوە.
ھەر دوو بەرەی بە ڕواڵەت دژبەیەك، لە خاڵێكی سەرەكی ھاوبەشدا یەكدەگرنەوە، ئەویش تێڕوانینی ڕووكەشانەیە بۆ دیاردەكان و كەم دەركییانە لە ڕووداوەكان و دۆشداماوییانە لە لێكدانەوەی پرسەكاندا…
ھەڵبەتە زاڵبوونی ئەو شێوازە لە تیڕوانین و مۆدبوونی ئەو دیاردەیە، بەرھەمی كۆیلەبوونی تاكە لە جاڵجاڵۆكەی ماسمیدیای پارت و دەوڵەتەكاندا، كە ھێندە مرۆڤیان كورتبین و نادەربەست و دۆشداماو كردووە، كە ھیچ خوێندنەوەیەكی بۆ مێژوو نییە، نە خۆی دەناسێت و نە دەوروبەری.
بەتێگەییشتن لەم بەدبەختییە، دەتوانین تاكە گوێڕایەڵەكانی پارت و دەسەلات، بە ڕۆبۆت ناوبەرین، كە ھەرچی لە میدیاكان و لە ڕێی كەڵچەری بەكاربەرییەوە نەیبیستن و نەیبنن و نەیچێژن، وەك ڕۆبۆت لە ئاستیدا كوێرن و دەركی ناكەن و لە دەرەوەی پرۆگرامێك كە بۆیان داڕێژراوە، توانای ھیچیان نییە…. ئەمەیە لوتكەی نامۆبوونی مرۆڤ بە خۆی و دەوروبەری، كە تەنیا بە قورمیشی دەسەڵات و پارت و دەستەبژێری ڕۆشنبیر، بجوڵێتەوە