من تەنیا لەوە بەرپرسیارم كە دەیڵێم، نەك لەوەی بەرامبەرەكەم چۆن لە پەیامەكانم تێیدەگات
وەڵامێك بە سەرنجەكەی ھاوڕێ عەلی مەولوود
ھاوڕێی ھێژام، عەلی مەولوود، چەند ساتێك لەمەوبەر كورتە وەڵامێكم بە سەرنجەكەت دایەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر سەرقاڵییەك، نەمتوانی وەڵامی گشت تێبینییەكانت لەسەر كورتە نووسینەكەم لەمەڕ (ئایا دەركەوتنی ئەو فیلمەی كە ئاگری نایە، لە ئێستادا ڕێكەوت بوو؟) بدەمەوە، ئەو كورتە وەلامە ھەر بۆ ئەوە بوو، كە وانەزانیت، سەرنجەكەت بەھەند وەرناگرم.
پێش ئەوەی وەڵام بە سەرنجەكانت بدەمەوە، حەز دەكەم شتێك بڵێم، كە بڕواناكەم تۆش لەوەدا لەتەكمدا ناكۆك بیت؛ ھەرایەكی ئاوا كە خۆرھەڵات و باشوور و تاڕادەیەك خوارووی باكووری زەمینی گرتووەتەوە، مەترسی و ئاكامەكانی، ھۆكار و دەستەشاراوەكانی پشتی و كارایی نیتەگەتیڤی لەسەر خەباتی ھەر رۆژەی ڕاپەڕیوانی تونس و میسر و بەحرەین و لیبیا و سوریە و ولاتانی دیكەی باشوور و خۆرھەڵات و تەنانەت باكوور و خۆراوای زەمین، ھێندە كەم و نادیدە نین، كە چالاكانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەری نەیێنە گۆ و ھەڵوێستگری لەسەر نەكەن و ڕۆشنایی نەخەنە سەر داڕێژەرانی پشت سینارۆكە.
ھاوڕێم، دڵنیابە لەو نووسینە چەنددێرییەی دوێنێدا، مەبەستم پارت یا گروپ و كەسێكی دیاریكراو نییە.
ئەوەی كە من بە دیاریكراوی ڕووی دەمم لە چەپە، ھۆكاری ھەیە و ئەویش ئەوەیە، كە بەھۆی نائاگایی زۆرێك لە سۆشیالیستەكانەوە، ھێڵی نێوان چەپ و سۆشیالیست (كۆمونیست) كاڵبووەتەوە. ھەڵبەتە بەو بارەدا نا، كە چەپ (ڕیفۆرگەری سەرمایەداران و دەسەلاتخوازان) بەرەو سۆشیالیزم ڕەویان كردبێت، بەپێچەوانەوە سۆشیالیستەكان بەرەو چەپبوون ڕەویانكردووە.
وەك پێشتر لە زۆر جێدا لەبارەیەوە دواوم، مەبەستی من لە چەپ، ئەو باڵەیە كە جەستەی سیستەمی سەرمایەداری تەواو دەكات و گیانی بەبەردا دەكاتەوە و بەبێ ئەو لەو سیستەمەدا ڕاست واتا پەیداناكات. لێرەدا خۆم لە چەندبارەكردنەوە لادەدەم. ھەر ئەوەندە دەڵێم، ئەگەر دەسەلاتخوازان، ئەوانەی كە پێیانوایە ئەگەر ڕۆژگارێك دەسەڵات بكەوێتە دەستی ئەوان یا میرایەتی خەونەكانیان دامەزرێنن، ئەوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستا باشتر دەبن، ئەگەر خۆیان بە سۆشیالیست ناونەبەن و خەڵكی چەوساوە و نارازی بە خەونی دەسەڵاتی باش خۆشباوەڕ نەكەن، ئەوا ھیچ كات ناكەونە بەر نووكی ڕمم، بەڵكو وەك ھەر باڵێكی دیكەی دەسەلاتخوازی چینایەتی ناویان دەبەم، بەڵام لەبەرئەوەی كە بەناوی پڕۆلیتاریا [چین و توێژە چەوساوەكان] و شۆرش و سۆشیالیزمەوە، فراوانتر و كاراتر و ئاسانتر چەوساوانی نارازی لەخشتە دەبەن و بە دێوجامەی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە ڕاویان دەكەنەوە، بۆیە چڕتر لەسەریان دەنووسم.
وەك لە كورتە وەلامەكەی پێشوودا نووسیم، من تۆ و كۆمەڵێك ھاوڕێی دیكەم، لە دەرەوەی ڕیزی چەپ دانابوو، بە سۆشیالیستم دانابوون، بەلام تۆ بە ھەڵبژێری خۆت و بە تۆپزی خۆت دەخەیتەوە ڕیزی چەپێك، كە بە گاڵتەجاری ئەو فیلمە ناڕەخنەییە ختووكەیان دێت و قاقا پێدەكەنن و لێكدانەوەیان بۆ ڕووداوە سیناریۆییەكە نییە و بوونەتە بەشێك لە بەرەی دنەدەری فیلمەكە و ھەروەك چۆن ئیسلامییەكان بەبێ لێكدانەوە پەلاماری داروبەرد دەدەن، ئەمانیش بەبێ لێكدانەوە دەستخۆشی ناراستەوخۆ بۆ سازێنەری سینیاریۆی فیلمەكە و ئامانجی پشتپەردەی فیلمەكە دەنێرن.
ئەگەر بۆ ئاییندارێك بێدەنگە ھەڵبژاردن، نیشانەی لاوازی باوەڕی بێت، ئەوا بۆ كەسێك كە پاگەندەی سۆشیالیستبوون و شۆرشگێڕبوون دەكات، نیشانەی ڕەزامەندییەتی بە بارودۆخەكە و ڕووداوەكان!
بۆ من ڕوونە، كە ھەڵوێستەی چەپ لەو بارەوە بۆ دژە-ئیسلامبوونی دەگەرێتەوە. ئەو ھۆكارەی كە ھەردەم دەیخاتە بەرژەوەندی بەرەكەی دژی ئیسلام، ئیتر ئەو بەرەیە ئاییندارانی مەسیحی و جوولەكە بن یا بەرەی پڕۆ ئەمەریكایی و پڕۆ ئەوروپایی بێت. ئەمەش ناكاتە شۆڕشگێڕی و ڕەتكردنەوەی ئایین، بەڵكو دەیانخاتە خزمەتی بەرەی دژە-ئیسلام لە سیناریۆی جەنگی كولتوورەكاندا. ئەمەیە بەرەی چەپ لای من، ئیدی نازانم تۆ ھێشتا چەپی یا سۆشیالیستێك كە من دەتناسم؟
وەك پێشتر وتم، منیش ھەمان لێكدانەوەی تۆم بۆ سیناریۆسازانی فیلمەكە و ھەراگەرانی ئیسلامی ھەیە، ھەر ئەوەش بووە ھاندەرم، تاوەكو ڕەخنە لە بێدەگەی كەسانێك بگرم كە چەپ بە سۆشیالیست دەزانن و دادەنێن و ھەژماردەكەن!
ھاوڕێم تۆ ناھەقیت بەرامبەر من و خۆت كردووە، بەوەی كە دەلێت “بةلام ئيوةش تةنها بة جةبةكان دةويرن جنيو بدةن لةبةر ئةوةى ترسيان نية”
ھاوڕێم، ئێمە كێین و ئەو چەند دێڕەی كە بەناوی منەوە بڵاوكراونەتەوە، ناوی چەند كەس و گروپی لەژێردایە؟ من تێناگەم بۆچی (من ھەژێن)، بووم بە (ئێوە)؟
ئینجا ھاورێ گیان ترس لە چی و لەكێ؟ ئەگەر ڕاستیت دەوێت، من فرەتر لە چەپ دەترسم، چونكە ھەم مێژوو ئەوەمان فێردەكات و ھەم كەتواری دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ [زمانم لاڵ بێت، ئەگەر بەرێكەوت چەپ بگاتە دەسەڵات]، ئەوەی كە پارتە بۆرجوازییەكان نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن، ئەوا چەپ دەیگەیێنێتە ئەوپەڕی. چونكە چەپەكان لە ئێستادا تەنیا خاوەنی دەزگەیەكی كۆمپیوتەری و ھێڵێكی بەكرێگیراوی ئینتەرنێتین، بە خەڵك دەلێن ” تۆ بۆت نییە ئەوە بڵێت” ، ئەی ئەگەر [زمانم لاڵ بێت] سبەی ڕێكەوتی چەوتی ڕۆژگار ھەلی بەدەسەلاتگەییشتنیان بۆ بڕەخسێنێت، چ گەرماوێكی خوێن بەرپا دەكەن؟ بە ویژدانت ڕووی ستالین و ھیتلەر و سەدام سپی ناكەنەوە؟
تۆ نووسیوەتە ” لةو جةند ديرةدا كة نوسيوتة ناوى هةموو بزووتنةوةكانى تر بةئةدةبةوة دةهينيت و بةجةبةكانيش دةليت كةمزة “
ھاوڕێم، ھەڵبەتە تا بۆم بكرێت، لە نووسیندا ڕیزگرتنی مرۆڤ [ئیتر ھەرچی بێت] لەبەرچاو دەگرم، بەڵام تكات لێدەكەم، ئەو ڕیزدانانە بۆ بزووتنەوەكانی دیكە، كە من ناوم ھێناون [ناسیونالیست و ئیسلامی]، بەجیا لە چەپ، كامەیە و كامەیە ئەو بێڕیزییەی من بەرامبەر چەپ؟
وەك خۆشت نووسیووتە و دەرتخستووە، تەنیا ڕەخنەت لە دوو دوا كۆپلەی نووسینەكە ھەیە، كە ھیچ كات، من بە كەسم نەگوتووە گەمژە، بەڵكو وتوومە ئاساییە چەپی عیراق و ئێران [وەك دژە-ئیسلامێك] ببێتە بڵاوكەرەوە و زۆرناژەنی دەوڵەتانی خۆراوا. بەڵام ئایا بۆ كەسانی خۆشباوەڕ بە چەپ ئاساییە، ببنە گەمژەی جەنگی نەخشەڕێژراوی كولتوورەكان [ئەكتەری ئەو سیناریۆیە]؟
من پرسیارم لەو كەسانە كردووە، كە سۆشیالیستن و بەھۆی كاڵبوونەوەی ھێڵی نێوان سۆشیالیستبوون و چەپبوون بەلای چەپدا، خۆیان بە چەپ دەزانن، ئایا ئامادەن ببنە وەھا كاراكتەرێك؟
من كەسم نەكردووە، بە گەمژە و وەلامی پرسیارەكەشم بۆ ئەو كەسانە بەجێھێشتووە، كە لە نائاگاییەوە خۆیان بە چەپ دەزانن و چەپ بە شتێكی ناكۆك و نەیار بە ڕاست دەزانن و پێیانوایە ڕەتگەرەوەی سیستەمی چینایەتییە!
ھاورێی من، ئەوە گۆمانی تێدا نییە، كە من پێیویستم بە زانیاریی زیاترە و دڵنیاشم تا دەمرم، كۆتایی بەو پێداویستییەم بۆ زانیاریی نایێت، چۆنە قسەكردن لە شۆرش و سۆشیالیزم، لە خۆكوژیییەكی نەزانانە و دەمكوتكردنی كەسانی دیكە بەولاوەتر نابێت، ئەگەر زانیاریت لە دوێنێ و ئەمڕۆ نەبێت!
ئەزیزم، دەكرێت، نموونەیەك لە جنێودانی من بھێنیتەوە، كە من بەم و بەوم دابن؟ ئایا ڕەخنە لای تۆ جنێودانە؟ ئایا كەسانێك كە دوای قەرەبالخی دەكەون و لە نەبوونی ھوشیاری چینایەتییەوە و نەناسینی ڕۆلی ھونەری بورجوازییەوە، لەو ھەرایەدا بوونەتە لایەنگری سیناریۆسازانی فیلمەكە و دەیكەنە بەشێك لە خەباتی چینایەتی و چەخماخەی سۆشیالیزمی لێوە بەدیدەكەن، لای تۆ گەمژە نین؟ بۆ گەمژە چییە؟
من نەمگوتووە، چەپ لایەنی سەرەكییە لەو جەنگەدا، وتوومە ئایا سۆشیالیستانێك كە پێیانوایە چەپ یەكسانە بە سۆشیالیست، ئامادەن ببنە كاراكتەری گەمژەی نێو ئەو ھەرایە؟
“لانيكةم ئةوةندة ئازادى قبول بكة كة هةركةس و رةوتيك لةروانكةى خؤيةوة سياسةت دةكات “
ھاوڕێی ئازیزم، پێمخۆش دەبێت و سوپاسگوزارت دەبم، ئەگەر لە ھەر نووسینیكی مندا یا قسەكردنێكی مندا بۆ جارێكیش ڕستەیەك پەیدا بكەی، كە بەكەسێك بڵێم “تۆ بۆت نییە!”، ئاوا بیر بكەیتەوە. چونكە لایەنیكەم لەوە دەمگێڕیتەوە، كە لەمەولا ھەڵە و توندوتیژی ئاوا بەرامبەر كەس بەكارنەبەم!
ھاوڕێم، من ڕەخنەم لە ھەڵوێستێكی دیاریكراو گرتووە، كە بێدەنگییە و لە وەھا بارێكیشدا بێدەنگەھەڵبژاردن بۆ كەسێك كە پاگەندەی سۆشیالیستبوون بكات، نیشانەی ھاوڕایی و ڕەزامەندی و دڵخۆشییە. من جنێوم بەكەس نەداوە و كاری ئاواش ناكەم. دەكرێت ئیسلامییەك و ناسیونالیستێك یا چەپێك ڕەخنەگرتن بە جنێودان بزانێت و بچوێنێت، بەڵام بۆ كەسێكی سۆشیالیست، ڕەخنە ژیانە و خەبات و شۆرشی بێڕەخنە، یا كۆرپەلەیەكی مردووە یا كۆرپەلەیەكی بەئەژدیھابووی ھەزارسەری پڕۆلیتاریا خۆرە!
لە كۆتاییدا دونیایەك ڕێز و خۆشەویستیم بۆ خۆت و ھاوڕێیانی خۆتئاسا، ھیوادارم وەڵامەكانم نەكێشیتە سەرخۆت و بە كەسیی وەریاننەگریت.
ھاوڕێی دڵسۆزت
ھەژێن