Skip to content
ھەژێن
پێش ئەوەی بچمە سەر شیكردنەوەی ئەو پرسیارە و نیشانە لەو دەستە بگرم، كە شاردوویەتییەوە، بە باشی دەزانم، كە بە پێشەكییەك بچمە پای وەڵامدانەوەی ئێوەی ھێژا، كە دەستبەجێ لە من دەپرسنەوە، كەسەكە كێیە و مەبەستت لە لایەنی پەنادەری تاوانبار (كەسی سێیەم) كێیە؟
حەزدەكەم ئەوە بڵێم، ئەگەر لە نووسینەكانی پێشوومدا ئامانجم لادانی پەردەی سیناریۆیەك بووبێت، لەسەر تۆمەتباركردنی ‘كاروان عوسمان’ ئەوا لێرەدا ئامانجم، لادانی پەردەیە لەسەر چۆنیەتی قوربانیبوونی قوربانی یەكەم و قوربانیانی دووەم ‘ئیبراھیم مەولوود’ ناسراو بە ‘ئاریز’ و قوربانی سێیەم ‘كاروان عوسمان’ و ھۆكاری پەنادانی كەسی سێیەمی نەناسراو لەلایەن لایەنێكەوە؟!.
وەك لە وەڵامەكەی ‘شوان داودی’دا نووسیم، من ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’م لە دەمی ھاوڕێ ‘كەركووك’ییەكانمەوە ناسی و ھەر بەو جۆرەی كە ‘شوان داودی’ بیستوویەتی و پێداگری لەسەر دەكات، ئەوانیش چیرۆكەكەیان بیستبوو، بەڵام ئەوان لەبری پێداگری كوێرانە و شارچییانە و بەرژەوەندیخوازانە، بەپێچەوانەوە بێلایەنانە چیرۆكەكەیان لێكدەدایەوە و بۆ تێگەیییشتن و دۆزینەوەی سەرەداوەكانی ڕووداوەكە لەنێو پێكھاتەی چیرۆكەكەدا، ئاوەزپەسەندی(عەقلگیری)یان بەكاردەبرد، نەك ڕەوایەتیپێدانی كوێرانەی دادگەی بەعسییەكان و نەخشەڕێژیی لایەنێك و پیادەكردنی لەلایەن كەسی سێیەمەوە!
بەداخەوە ئەو كات و تەنانەت پێش دووبەدوو دوانەكەی ‘نەبەز گۆران’ و ‘شوان داودی’ لە کەناڵی NRT ، بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’دا، نەمدەزانی كە كەسی سێیەم لایەنێك پەنای داوە و تا ئەمڕۆش كەس ناوێرێت ناوی بھێنێت و ‘شوان داودی’ بەھەمان لۆجیكی پێوانەیی بەعسییەكان [مادام ‘كاروان عوسمان’ ھاوەڵی ‘ ئیسماعیل’ بووە و كەسی سیێەم ھەڵھاتووە و بەردەستی دادگە نەكەوتووە و قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ ھاوەڵی نزیكی ‘كاروان عوسمان’ بووە و ھاوكاتیش موزیكژەن بووە، كەواتە نەخشەداڕێژ و بكوژی ئەو، ‘كاروان عوسمان’ە] و بۆ دڵنەوایی كەسی ھەڵھاتوو، بەبێ یەك دوو دەڵێت “نەخێر ئەو بكەر نەبووە*”.
لە ساڵی ١٩٩١دا، كاتێك كە ئەو چیرۆكە بڕوانەكەردەنییەم بیست، ھەرچەندە نەمدەزانی كەسی سیێەم لە ئارادایە و ھەڵھاتووە و لایەنێك پەنای داوە و لە ئەمڕۆدا ئەوەندە پشتئەستوو و دەسەڵاتدارە، كە كەس ناوێڕیت ناوی بھێنێت! ھەروەھا ھەرچەند نەمدەزانی، كە قوربانەییەكە، لەتەك ‘كاروان عوسمان’دا موزیكژەن بووە، بەڵام سەرەڕای لەبەردەستدانەبوونی ئەو دراوانە، ئەو كات یەكسەر ئەو بڕوایەم لەلا دروستبوو، كە وێڕای بەبیانووبوونی بەعس بۆ لەناوبردنی ‘كاروان عوسمان’ [كە لەو كاتەدا تەنیا دەنگێك بوو لە سەرتاسەری عیراقدا لە جەرگەی دەسەڵاتی قەرەقووشی بەعسدا دژی تاوانەكانی بەعس بەبێ پەردە گۆرانی دەگوت]، ئەوا لایەنی دیكە ھەبووە، كە ھونەر و سروودەكانی كاروانی بەدڵ نەبووبێت و بەو دەنگە ھەراسان بووە و بووبێت. ھەرچەندە بەپێی لێكدانەوەی كار و چالاكی و تیرۆرەكانی ئەو كاتی لایەنەكان، بەجۆرێك گومانم لەسەر لایەنێك ھەبوو، بەڵام وەك وتم لەبەرئەوەی دراوەكانی نێو ڕووداوەكە، بۆ من نەزانراو بوون و نەمدەتوانی بە ئاسانی قسە لەوەھا شتێك بكەم.
وەك پێشتر لە نووسین و گفتوگۆدا نووسیومە و وتوومە، من لە ساڵی ١٩٩٨ بەم لاوە، بەردەوام ھەوڵمداوە، زانیاری تەواو لەمەڕ ئەو پەروەندەیە بەدەستبھێنم و ھەر لە سلێمانییەوە تا كەركووك، بەدوای كۆكردنەوەی بەڵگە دژ و لایەنگرەكان بووم، بەڵام بەداخەوە، ئەوەی ھەنووكە، ئاشكرا دەبێت، لەبەردەستدا نەبوو، ئەگینا ھەر ئەو كات، ئەو مەتەڵەم شیدەكردەوە، كە ئەوساش ھەر لەو بڕوایەدابووم، كە دەستێكی شاراوە لە پشت ئەم ڕووداوەوە ھەیە و ئەو لایەنە پەنادەرە نەخشەكێشییەتی و لەوانەیە كەسی دووەم پەیوەندی بەو لایەنەوە ھەبووبێت یا لەوانەوەیە تەنیا دۆستی كەسی سێیەم بووبێت و كەسی سێیەم ئەو لایەنە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە ڕایسپاردبێت، ھەر بۆیە، پاش ئەنجامدانی كارەكە، كەسی سێیەم دەستبەجێ بەرەو لایەكەی ھەڵدێت و پەنای شۆڕشگێرانە دەدرێت!
وەك زانراوە، كە ‘كاروان عوسمان’ لە سەربازگە دەستبەسەركراوە و ھێنراوەتەوە زیندانی كەركووك، پاش پشكنینی ماڵەكەیان ئەو كاسێتەی دەكەوێتە دەستی پیاوانی ڕژێم، كە كۆمەلێك سروودی دژی ڕژێمی بەعس و ھاوكاتیش ڕەخنەئامێز لە ڕامیاری و كارەكانی بزووتنەوەی چەكداری، تێدا بوو. كەسی دووەم لە كاتی لێپێچینەوە و دادگەشدا دەڵێت، ‘كاروان’ ئاگای لەم كارە نەبووە، بەڵام بەخۆی ناتوانێت، لەوە زیاتر ڕوونكردنەوە بدات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، كە كەسی دووەم، بە ناچاری چووەتە ژێر باری تاوانباربوون لە سینارۆیەكدا، تاوەكو یەكەم نزیكایەتی و دۆستایەتی لەتەك لایەنی نەخشەدارێژ و پەنادەری كەسی سێیەم دەرنەكەوێت، كە گومانی تێدەچێت، پێیوابووبێت، ئەگەر تۆمەتەتەكەی نەبێتە تۆمەتی ڕامیاریی، ئەوا لە مردن و سێدارە ڕزگاری دەبێت. چونكە وەك دەزانین لەو سەردەمەدا كەم كەس، مەگەر ھاندەری دیكە ھەبووبێت، ئەگینا بكوژی ناڕامیاریی سزای سێدارە نەبوو. كەسی سێیەم ڕادەكاتە پاڵ لایەنێك و لە ئێستاشدا كەس ناوێرێت ناوی بھێنێت، بۆچی و ئەو كەسە كێیە؟ ئەگەر كەسێكی دژە بەعس و لایەنگری لایەنێك بووە، چۆن بەو كارە ھەستاوە؟ چۆن دڵنیابوو ئەو لایەنە دەیگرێتە خۆی؟ ئەی ئەگەر ‘كاروان عوسمان و كەسی دووەم، لەو كوشتنەدا دەستیان ھەبووە، بۆچی وەك كەسی سیێەم ھەڵنەھاتن و نەچوونە پاڵ ئەو لایەنە داڵدەرەی كەسی سێیەم، یا بەرەو ھەندەران ڕایاننەكرد؟
من پێش ئەوەی بچمە سەر لێكدانەوەی خۆم لەسەر ئەو پەروەندەیە و پێگەیشتنی خۆم لەسەر دراوەكانی نێو قسەكانی ‘شوان داودی’ بخەمەڕوو، كە ھەمان بۆچوونی ٢١ ساڵ لەمەوبەرمە. بەپێویستی دەزانم، كە یەكەم سەرنجی خۆم لەسەر لایەنگرانی ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ بدەم و دووەم، نموونەیەكی لەوجۆرە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردوودا كە لە توركیە ڕوویداوە، ھەڵبەتە بێجگە لە نموونەی تاوانباركردنی ‘جۆ ھیل’ بە تاوانێكی لەو جۆرە، كە لەو كاتەدا وەك ئێستای ‘شوان داودی’ كەم نەبوون، ئەوانەی كە ھەمان زوڕنای دەسەڵاتیان دەژەنییەوە و ‘جۆ ھیل’یان بە مرۆڤكوژ دەزانی و ناودەبرد. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، پێش بیستنی ئەو دوو بە دوو دوانەی ‘نەبەز گۆران’ و ‘شوان داودی’ یش، ئەوە لەلام ڕوون بوو، كە ھاندەرێكی شاراوە ھەیە، كە دنەی ‘شوان داودی’ بۆ ئەو كارە داوە، ھەروەھا نەشمدەزانی، كە ‘شوان داودی’ لە كاتێكدا كە دەستخۆشانە لە سزای سێدارە و مرۆڤكوژەكانی بەعس دەكات، نەقیبی سەندیكای نووسەرانی كوردستانە!!
سەرنجی یەكەم، زۆرێك لەوانە كە لایەنگری و پێداگری لەسەر ھونەری ‘كاروان عوسمان’ دەكەن، ھەرچەندە لە قسە و نووسینەكانیاندا لە پشت دەربڕین و دەستەواژەكانیاوە دیارە، ھیچ باوەڕێكیان بەو تۆمەتە نییە و بە سیناریۆی دەزانن، بەداخەوە لەژێر ھەژموونی ڕای گشتی و میدیاكان و خۆشباوەڕیی بە سیستەمی دادگەری دەوڵەت، بەجۆرێك ڕوودەرباییسانە، وەڵام بەو لایەنەی ھێڕشەكان بۆ سەر ‘كاروان عوسمان’ نادەنەوە. چونكە بەخۆیان ھێشتاكە بە سیستەمی دادگەری دەوڵەتی خۆشباوەڕن، ناوێرن بەئاشكرا پێداگری لەسەر گومانەكانیان لەمەڕ ناڕەوایەتی ئەو دادگەیە بكەن و ھەست و ئاوەزپەسەندی خۆیان لەو بارەوە دەرببڕن. ئەمە زۆر جێگەی داخە و تەنانەت ھەر نەبوێری ئەمانە، كە بوێری ئەوەیان بە ‘شوان داودی’ و ڕۆژنامەكەی بەخشی، تا ئەو سووكایەتییە بە ‘كاروان عوسمان’ و ھونەرەكەی بكات و لەپاڵ ئەوەشدا دنەی دەمارگیریی شارچییەتی و ناوچەگەری بدات و ڕیزی ناڕازییانی ھەرێمی كوردستان بەسەر كەركووك و سلێمانیدا دابەشێنێت و خزمەتێكی دیكە بە دەسەڵات بگەیێنێت.
سەرنجی دووەم، ھەرچەندە پێشتر، ئەم نموونەیەم ھێناوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی كە لێرەدا دراوی دیكەم دەستكەوتوون، ھەوڵدەدەم، بەراوردێكی ھەردوو سیناریۆكە بكەم، كە ئەوسا لەبەر نەبوونی دراوی ئاوا مەڵمووس، نەمتوانیوە بەو بەراوردكارییە ھەستم.
‘سهباحهدين عهلی’ نووسهری بهناوبانگی تورك، كه دواجار به فێڵ و تهڵهكه لهسهر سنووری بولگاريا لهكاتی ههڵهاتندا بەرەو ھەندەران كوشتيان! دهسهڵاتدارانی ئهوکات ‘سهباحهدين عهلی’يان ئهوهنده خسته ژێر فشارهوه، كه ناچار بوو ڕابكات و ئهو كات لهسهر سنووری توركيه- بولگاريا بهدهستی يهكێ له بەكرێگیراوانيان كوشتيان و ئاوايان نيشاندا، ئهو كهسهی كه لهتەكیدا بووه، لهبهر چاوبڕينه پارهوپولەكەی، ‘سهباحهدين عهلی’ كوشتووه.” **
ئەگەر سەرنجی ئەم نموونەیە بدەین، دەبینین، ئەو سیناریۆیەی كە بۆ لەنێوبردنی ‘سهباحهدين عهلی’يان داڕشت، ھەمان سێناریۆیە كە چەند دەھەیەك دواتر بۆ لەنێوبردنی ‘كاروان عوسمان’ داڕێژراوەتەوە، بەڵام تەنیا شوێنگۆڕكێ بە قوربانی و تۆمەتباركراو و نەخشەداڕێز كراوە، كە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردوودا لەبری ئەوەی قوربانی ‘سهباحهدين عهلی’ بكێشنەوە دادگە، ھەستان بە كوشتنی ئەو و تاوانباركردنی ھاوڕا (ھامڕا)كەی و دیاریكردنی پارەكەی قوربانی وەك ھاندەری كوشتن. بەڵام شاگردەكانی ڕژێمی ئەوسای توركییە، پاش چەن دەھە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونە چینایەتییەكانیان، ھەستان بەداڕشتنەوەی سیناریۆكە بەو جۆرەی كە بە ئاسانی بتوانن لە ئاوەزی خەڵكدا ‘كاروان عوسمان’ وەك تاوانبار بەرجەستە بكەن و بەر بەپەرەسەندنی ھونەرە شۆرشگێڕ و داھێنەرانەكەی بگرن و كەسایەتی كۆمەڵایەتی لەنێوبەرن، كردیانە بكوژی ھاوەڵەكەی، كە پارەی فرۆشتنی ئۆتۆمەبێلەكەی پێبووە و نیازی دەرچوونی بەرەو ھەندەران ھەبووە. ئەگەرچی لە سیناریۆ كۆنەكەدا، ئەو كەسەی كە ئامانجی سیناریۆكەیە، بەخۆی نیازی دەرچوون بەرەو ھەندەرانی ھەیە و پارەی پێبووە، بۆیە ئەو دەكوژرێت و ھاوڕێكەی بە كوشتنی تاوانبار دەكرێت و دەسەلاتیش ناكەوێتە ژێر فشاری لایەنگرانی نووسەر، بەڵام لە سیناریۆ تازەكەدا قوربانییەكە، كە لە سەربازییەوە لەتەك ھاوەڵێكیدا ‘كاروان عوسمان’ بە مۆڵەت ھاتووەتەوە و لەتەك ئەودا بەرەو سلێمانی بەنیازی دەرچوون، چووە، ھاوەڵەكەی ‘كاروان عوسمان’ دەكرێتە بكوژی. ھەروەھا لە سیناریۆی یەكەمدا نەخشەداڕێز دەسەلاتە و ئەنجامدەرەری سیناریۆكە بەكرێگیراوی دەسەلاتە، كەچی لە سیناریۆ تازەكەدا نەخشەدارێژ لایەنێكی دژی ڕژێمی بەعسە و جێبەجێكەری تاوان، كەسێكە، لەبەر دەسەلات و پشتیوانی لایەنەكەی نەك لەو كاتەدا شانازی پێدەبەخشرێت، بەڵكو لەم ڕۆژەشدا كەس ناوێرێت ناوی بەرێت و ‘شوان داودی’ كە پاگەندەی لەبەردەستدا ھەبوونی كاسێتی گێڕانەوەی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن تۆمەتباركراوان ‘كاروان عوسمان’ و ‘ئیسماعیل مەولوود***’ەوە، دەكات، كەچی بەھیچ شێوەیەك نە لە نووسینە پڕ ھێڕش و سووكایەتییەكەیدا و نە لە قسەكانیدا لە كاناڵی ‘NRT’دا خۆی لە ناوھێنانی كەسی سێیەم نادات و تەنانەت كاتێك كە بەڕێز ‘نەبەز گۆران’ بەوە ناچاری دەكات، كە ناوی كەسی دووەم و سێیەم بھێنێت، خێرا پێشكەشكەری بەرنامە فریای ‘شوان داودی’ دەكەوێت و قسەكەی پێدەبرێت، بە ئاشكرا ڕێكەوتنێك لەسەر ناونەھێنانی كەسی سێیەم دیارە****.
ھەروەھا شتێك كە ناتوانین بازی بەسەردا بدەین، ھەبوونی پەیوەندییە لەنێوان لەتوانادانەبوونی گواستنەوەی كەسێكی دەستبەسەر (قوربانی) لە بەكرەجۆوە بۆ تەكیە و پەنادانی لایەنێكە بە كەسی سێیەم. وەك لە وتارەكەی پێشووی ‘شوان داودی’دا ھاتووە، بكوژان ناچار دەبن چەند جێگۆركێ بكەن، تا بتوانن قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ بكوژن، وەك لە سەرنجەكانی پێشوودا پرسیم، لە سەردەمی بەعسدا ئەو ھەموو جێگۆركێیە بە كەسێك كە دەستبەسەربێت بۆ كوشتن، كارێكی ئاسان نەبوو، بۆیە دەتوانین بوێرین، ئەوە بڵێین، كە بەڵێ ڕێی تێدەچێت لەلایەن كەسی دووەمەوە درابێتە دەستی كەسی سێیەم، كە بەرەو ھەندەران بەڕێی بكات و دواتر بەپێی نەخشەی لایەنی پەنادەری كەسی سێیەم، كەسی سێیەمیش بە ھاوكاری دەستەی چەكدار ئەو كارەی ئەنجام دابێت و كەسی دووەم لەبەرئەوەی وەك دژەخون (خائین) ھەژمارنەكرێت و ڕەوایەتی بە تیرۆركردنی لەلایەن لایەنی پەنادەری كەسی سێیەمەوە نەدرێت، بێدەنگەی كردووە و ھەر ئەوەشە كە لە دادگەدا ناتوانێت بیدركێنێت و ناچارە خۆی شان بداتە ژێر ئەو تاوانە، تاوەكو بە بەكرێگیراوی ڕژێم تاوانبار نەكرێت. چونكە لەو سەردەمەدا بۆ ھەر كوردێكی دژەڕژێم بەتایبەت ھونەرمەندانی ھوشیار، ئاسانتر بوو شان بداتە ژێر تاوانی كوشتنی كەسێك وەك تاوانێكی كۆمەلایەتی، تاوەكو ئەوەی شان بداتە ژێر تاوانی بەكرێگیراوبوونی بۆ ڕژێمی بەعس، كە مۆرێكی ئاوا بێجگە لە سیخوران و چەكدارەكانی ڕژێم و ئەندامانی ‘اتحاد طلبە’، كەس ئامادەیی و توانای ئەوەی نەدبوو ئەو لەكەیە بۆخۆی پەسەند بكات!
ھەنگاوی یەكەم بڕواناكەم كەس ھەبێت، گومانی لە قوربانیبوونی ھێژا ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ ھەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی كە وەك لایەنگری ھزریی زۆر ‘ئیسماعیل مەولوود’ ناناسم*** گومانێكم لەوە ھەیە، كە پەیوەندی لەتەك ئەو لایەنەدا ھەبووبێت، كە پەنای كەسی سێیەمی داوە یا ئەوەتا ئەویش وەك ‘كاروان عوسمان’ قوربانییە و تەنیا ھاوەڵی كەسی سێیەم بووە و داوای لێكردووە، كە قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ بگەیێنێتە ناوچەی ئازاد و لەوێوە بۆ ئێران و ھەندەران بەڕێی بكات، بەلام كەسی سێیەم دژەخونی لە ھاوەڵێتی ‘ئیسماعیل مەولوود’ كردبێت و نەخشەی لایەنەكی پیادەكردبێت و ھەم پارەی قوربانییەكەی بۆ پشتیوانی دارایی لایەنەكی بردبێت و ھەم نەخشەی تۆمەتباركردنی ‘كاروان عوسمان’ی جێبەجێكردبێت.
چونكە ئەگەر ‘ئیسماعیل مەولوود’ بكوژ بووایە، بێگومان لەتەك كەسی سێیەمدا پەنای دەبردە لایەنە پەنادەرەكە یا بە بەشێكی پارەكە بەرەو ئێران ھەڵدەھات! تا ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر ‘كاروان عوسمان’ وەك دەزانین لە سەربازگەدا دەستبەسەردەكرێت و ئەگەر لایەنی كەم بەشداری لە نەخشەكەدا ھەبووایە، ئەوا ئەگەر بەرەو ھەندەران ڕاینەكردایە، بەدڵنیاییەوە خۆی دەشاردەوە و نەدەچووەوە سەربازی. چونكە ئێمە ھەموومان چالاك و كوڕی ئەو سەردەمەین و دەزانین، خەڵك لە باری ئاوادا چی دەكرد و ناسینی ڕژێمی بەعس و دەركردنی مەترسییەكان و چۆنیەتی خۆشاردنەوە لەو ڕۆژگارەدا بووبووە، بەشێك لە ھوشیاری خەڵك و چۆنیەتی خۆپاراستن!
من نازانم، ئەو كات ‘شوان داودی’ چی بووە، بەڵام لەوە دڵنیام، ئەگەر بەرھەڵستكاری ڕژێمی بەعس بووایە، بەدڵنیاییەوە، لەوە تێدەگەییشت، كە ئێمە لەكوێوە قسە دەكەین و ئەگەر تیگەییشتنێكی ڕووكەشانەشی لە گۆرانی و ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ ھەبووایە، دەگەیشتە ئەو بڕوایەی كە نە ڕژێمی بەعس و نە بزاڤی چەكداری خۆشیان لە ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ نەھاتووە و ئێستاش ھەندێك لە گۆرانییەكانی ھەراسانگەری دەسەڵاتدارانن.
بەكورتی، بەبۆچوونی من و ئاوەزپەسەندی من، قوربانی وەك ئەوەی ‘شوان داودی’ ناڕاستەوخۆ دانیپێدادەنێت، لەتەك كاروان عوسمان’دا بەنیازی دەرچوون بەرەو ھەندەران دەچێتە سێمانی، بۆیە بنەماڵەكەی پاش دوو مانگیش ھەر ئاوا دەزانن، كە بەرەو ھەندەران چووە. ‘كاروان عوسمان’ لەبەرئەوەی سەرباز بووە و كاتی ئەوەی نەبووە، بە ‘ئیسماعیل مەولوود’ی ھاوەڵی سپاردووە یا ئەوەتا قوربانی خۆی ئەو داوایەی لە كەسی دووەم یا سێیەم كردووە، تاوەكو كەسێك بۆ بەڕێكردنی بدۆزێتەوە، چونكە ھاوكاتیش ھاوەڵی موزیكژەنی ‘ئیسماعیل مەولوود’ خۆیشی بووە، ئەویش بە كەسی سیێەمی سپاردووە، ھەرچەندە ئێمە نازانین كەسی سێیەم كێیە، بەڵام بەپێی ئەوەی كە دەستبەجێ لەلایەن لایەنێكەوە پەنای پێدەدرێت، دەمێك بووە لە بۆسەدا بووە بۆ تووشكردنی ‘ كاروان عوسمان’ و لەوەش دەچێت، كە لە نزیكەوە ئەوانی ناسیبێت. وەك وتم ئەگەر كەسی سێیەم پێشتر لەلایەن لایەنێكەوە بەو كارە نەسپێردراوە، چۆن بەبێ سێ و دوو، ڕادەكات و دەچێتە باوەشی ئەو لایەنە، چۆنە ئەو لایەنە وەك بكوژی كەسێكی بێتاوان، دادگەیی نەكردووە؟ لێرەدا خۆمان لەبەردەم دووڕیانی دوو ئەگەردا دەبینینەوە؛ یا لایەنی پەنادەر دژی بنەماڵەی قوربانی بوون یا ئەوەتا لایەنی پەنادەر لە ھەوڵی لەنێوبردنی ‘كاروان عوسمان’دا بوون؟! ئایا ئەو كەسانەی كە پێداگری لەسەر تۆمەتەكە دەكەن، دەتوانن بە ئێمە بڵین، ئایا لەو كاتەدا لایەنە بەرھەڵستكارەكان، ھەموو كەسێكیان گرتووەتە خۆیان و چاوپۆشییان لە تاوانی كۆمەڵایەتی وەك كوشتنی قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ كردووە؟ ئەگەر ئاوابێت، ئایا جیاوازی لەنێوان ڕژێمی بەعس و لایەنە بەرھەڵستكارەكانیدا دەمێنێتەوە یا ھەبووە؟
ئەگەر واز لە پرسیاركردن لەمەڕ ئەگەری ھەبوونی دەستێكی شاراوە بھێنین، ئەوا پێداگری ‘شوان داودی’ و زیندووكردنەوەی پەروەندەكە جارێكی دیكە، دژی ‘كاروان عوسمان’ لەسەر داوای بنەماڵەكەی، لە كاتێكدا كە كەسی سێیەم وەك بكوژ و تاوانسەلمێندراوێك سزای لەسەر بووە و تا ڕاپەڕین لەلایەن لایەنێكەوە پەنادەدرێت و ٢١ ساڵێشە لە “كوردستانی ئازاد”دا دەسوورێتەوە و نە بنەماڵەی قوربانی و نە ‘شوان داودی’ییەكانیش، كەسیان ناوێرن ناوی بھێنن و لە دادگەی “میرایەتی ھەرێمی كوردستانی ئازاد”دا یەخەی بگرن! ئایا ئەمە بۆ ھەر تاكێكی ئاوەز تەندروست و بەسەرنج، جێگەی تێڕامان و پرسیار نییە؟
من بۆ وەلامی ئەم پرسیارە، تەنیا دوو ئەگەر دەبینم؛ یا ئەوەتا بنەماڵەی قوربانی بە پارە و ڕێكەوتن وازییان لەو پەروەندەیە ھێناوە، یا ئەوەتا لەبەر دەسەلاتداری كەسی سێیەم، ناوێرن سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن؟ ھەربۆیە ھەم بنەماڵەی قوربانی [بەپێی پاگەندەكانی شوان داودی*] و ھەم كەسی سێیەم لە نۆژەندكردنەوەی تۆمەتباركردنەكەی ‘كاروان عوسمان’دا ھاوبەرژەوەندن. ئەگەرنا بنەماڵەی قوربانی كراونەتە داردەست بۆ پاراستنی كەسی سێیەم و ‘شوان داودی’یش بە وروژاندنی ئەو كارە سپردراوە؟!
بۆ من وەك خوێنەر و گوێگرێكی بە سەرنج، دەتوانم لەوە تێبگەم، بۆ چی لە بەرامبەر ھەوڵەكانی ئێمە [ ھاوڕێ سەردار عەبدوڵا و من و سایتی دەنگەكان و كۆمەلێك نووسەری دیكە] لە ساڵانی پێشوودا و ئێوارە كۆڕی پارساڵدا، نە ‘شوان داودی’ و نە كەسی دیكە نەھاتە وەڵام، بەڵام ئەم ساڵ ئەوەندە تەنگەتاو بووە و نازانێت، چۆن ئەو ئەركەی كە پێی سپڕدراوە، ئەنجامی بدات و گیری خواردووە و قسەكانی تێكەڵ و پێكەڵ دەكات. چونكە كەسی سێیەم بە گەورەتربوونی یادەكە و دەنگدادنەوەی سەرتاسەری لە ئاستی كوردستاندا، ترسی دەركەتنی ڕاستی ڕووداوەكەی لێنیشتووە و دەترسێت ئاشكرابێت و پارتەكەی ئەوەندەی دیكە باری لار ببێت.
وەك وتم، لە مێژووی زۆر دووردا نا، بەڵكو لە مێژووی تۆماركراو و نزیكدا سەدان پەروەندەی سیناریۆیی بۆ بەرھەڵستكاران لەسەر بنەمای تۆمەتی مۆراڵیی چێكراون، بەتایبەت بۆ ھونەرمەندان و نووسەران، لەبەرئەوەی كە جەماوەری ھونەرمەندان لە ھەموو سەردەمەكاندا لە جەماوەری پارتە ڕامیارییەكان و دەسەاتداران زیاتر بووە و ھەیە [بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئێستاش جەماوەری ھونەرەكەی و خودی ‘كاروان عوسمان’ لە ژمارەی ئەندامانی پارتە گەورەكان زیاترە]، ھەر ئەو ھۆكارەشە وا لە دەسەڵات و پارتە ڕامیارەكان دەكات، بۆ شكانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی ھونەرمەندان و تاوانباركردن و لەنێوبردنیان پەنا بەرنە تۆمەتی مۆڕاڵی. بۆ دەركەوتنی سەرەنجامی نۆژەنكردنەوە و پێداچوونەوەی ئەو جۆرە تۆمەت و سزایانە، تكا لە خوێنەر دەكەم با كەمێك لە بارەی پەروەندەی ‘جۆ ھیل’ ی ھۆنەر و سروودبێژ و ‘سهباحهدين عهلی’ نووسەری باوداری توركیە، بخوێننەوە و بۆ ئەم مەبەستە نزیكترین و خێراترین ڕێگە، كە پێگەی زانیاریی (ویكیپێدیا)یە و لەبەردەستی زۆربەدایە، سەردانی بكەن.
ئێستا ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە، كە ئێمە شەیدایانی ھونەر و دەنگی ‘كاروان عوسمان’ واز لەم پرسە نەھێنن و ئەم پەروەندە وەھا زیندوو بكەینەوە، كە سەری كەسی سییەم و ‘شوان داودی’ بە پەتا، نا، بەڵام لە ‘ژورناڵی ئازاد’دا ھەڵواسرێت و بۆ ھەمیشە دەستی دەسەڵاتداران لەوە كۆتا بكەین، كە چیدیكە نەتوانن بۆ لەنێوبردنی نەیارەكانیان بەتایبەت ھونەرمەندان، پەنا ببەنە بەر ھەڵبەستنی تۆمەتی مۆراڵی.
لە كۆتاییدا چەند دەستەواژەیەكی ‘شوان داودی’ وەك بەشێك لە قسەكانی لە بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’ دەنووسمەوە، تاوەكو خوێنەران بەخۆیان بڕیار بدەن:
ئەو لەسەرەتای بەرنامەكەوە بەناوی ھەموو كەركووكەوە قسە دەكات و دەڵێت “… من گۆشەیەكم ھەیە ‘لەناوجەرگەی كوردستانەوە’ تەعبیر لە بیر و بۆچوون و ڕا و بۆچوونەكانی شاری كەركووك دەكا…” ھەروەھا خۆی لە قسەكردن لەسەر كەیسەكە دەدزێتەوە ” تاوانێك ھەیە، …. دژە ئینسانییە …. ئەگەر وردی بكەیتەوە، قسەی لەسەر بكەی، كە من نامەوێت قسەی لەسەر بكەم زۆر، ئەتباتە ئەبعادی تر ..” لە وەڵامی پرسیاری بینەراندا دەڵێت “ئەوەی ڕەحمان وەڵام ھەڵناگرێت، چونكە ڕەحمان ھین نییە، بۆخۆی ھەرچۆن بێت قسەی خۆی دەكات، ئیشكالم نییە لەسەر ڕەحمان” لە وەڵامی پرسیاری ‘نەبەز گۆران’دا كە لە ناوی دوو كەسەكەی دیكە دەپرسێت، كە بۆچی ناوی ڕاستینەی ‘ئیسماعیل سەكران’ ناھێنێت، دەلێت ” من لەبەر كۆمەڵێك ئیعتیبارات …” ھەروەھا ” بۆ ناڵێن كەركووكچیەتی دەكات بۆ دەڵێن شارچییەتی دەكات، … نا فەرقی زۆرە” لە بەرامبەر ڕەخنەی ‘نەبەز گۆران’دا دەڵیت “من نەموتووە، من وتم گۆشەكەی من لە كەركووك دەردەچێت بیروراكانی خەڵكی كەركووك نەقل ئەكەم” …. “بەناوی كەركووكییەوە قسە ئەكەم، نا.. ھەقم ھەیە، یەك كەس ئیعترازی ھەبووە، ئەویش كەركووكییە” دواتر دەڵیت “كەسی سێیەم دیارە، كەسی سێیەم مەحكەمە نەیگرت، كەسی سێیەم نەكەوتە دەسی مەحكەمە، بۆ نەكەوتە دەس مەحكەمە، لەبەرئەوەی لەپاڵ ھێزێكدا بوو” ھەروھا لە وەڵامی پرسیاری ‘نەبەز گۆران’دا ” ئەو بكەرەكە نەبوو؟” دەڵێت ” نە، لەو پارەیە، بكەری كارەكە، لە عەسڵا ….” ئا لەم كاتەدا كە خەریكە ‘شوان داودی’ ڕەوتی قسەكردنی لەدەستبدات و بچێتە سەر كەسی سێیەم، بەداخەوە پێشكەشكاری بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’ قسەكەی پێدەبڕێت و لە دركاندنی ناوی كەسی سێیەم ڕزگاری دەكات و كەسی سێیەم بۆ ھەمیشە بوو بە مەتەڵ، مەگەر پاش ڕوخانی دەسەلاتی لایەنە پەنادەرەكە، ئەو كەسە ئاشكراببێت!
پەراوێز:
* گوێ لە دووبەدوودوان (دووێل)ەكەی ‘نەبەز گۆران’ و ‘شوان داودی’ لە کەناڵی NRT ، بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’ بگرن، كە بەدڵنیایی و پێداگرییەوە دەڵێت، كەسی سێیەم نەیكوشتووە …
بەرنامەی “تەبا و ناتەبا” کەناڵی NRT بەشی یەكەم
بەرنامەی “تەبا و ناتەبا” کەناڵی NRT بەشی دووەم
** بڕواننە دواژمارەكانی گۆڤاری ھونەریی ‘ژیلەمۆ’، ژیان و بەسەرھات و چەند ھۆنراوەیەكی ‘نازم حیكمەت’ ” لە سی ساڵیدا وەخت بوو لە سێدارەم بدەن”
*** داوای لێبوردن لە ھاوەڵان و ھاورێیان و خزمانی ‘ئیسماعیل مەولوود’ دەكەم، لەبەرئەوەی زانیاریی زۆرم لەبارەیەوە نییە، ناتوانم زۆر پێداگری لەسەر ئەوە بكەم ئایا دەستی لە جێبەجێكردنی نەخشەدا ھەبووە یا نا، بۆیە خۆم لەوە لادەدەم، كە پارێزەریی تەواوی لێبكەم.
**** ‘شوان داودی’ لە سەرەتای بەرنامەكەدا دەڵێت ” كاك …. وەك پێشتر لەسەری ڕێككەوتین، من لێرەدا ناچمە سەر وردەكاری كەیسەكە.