زمان لە سەنگەری ئازادی و یەكسانی و ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزیدا
یەكێك لە دیاردە ھەرە قێزەونەكانی ئەم سەردەمەی نێو كایەی ڕۆشنبیری كوردی، دەستگرتنە بە پەند و ئاخاوتنی سەردەمەكانی كۆمەڵگەی خێڵایەتی و دەرەبەگایەتییە، كە پڕن لە سووكایەتی بە ژن و مناڵ و ئاژەڵ و سروشتی ناوچەكانی دیكە. ئەمە یەكێكە لەو نەنگییە كولتووریانەی كە تاكی كورد نەیتوانیوە ئاوەزی خۆی لێ پاك بكاتەوە.
خۆشبەختانە، لە دەھەی رابوردوودا بە ھەوڵ و كۆششی چالاكانی سۆشیالیست بەگشتی و ژنانی ئازادیخواز بەتایبەتی تاڕادەیەك توانراوە لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا پاشەكشە بە كۆنەپەرستی زمانیی سەردەمی خێڵایەتی و ئاخاوتنی دەرەبەگایەتی لەمەڕ ژنان بكرێت، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەوەی كە ئاژەڵان بەدیاریكراوی (كەر و سەگ) لە یەكەمین و سەرەكیترین دۆستی دێرینە و بەوەفای مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی كورد بەتایبەتی لە ڕاپەڕین و یاخیبوونەكانیدا، بوون، كەچی ملیۆن جار ھێندەی دوژمنان سووكایەتییان پێكراوە و بەرادەیەك سووكایەتی بە ئاژەڵان دیارە، كە ئەگەر ھەر پیاو و ژن و مناڵێكی كورد، چەند ڕستەیەك بەسەر یەكەوە قسە بكات، بەلایەنی كەمەوە جارێك سووكایەتی بۆ (كەر و سەگ و ..تد) تێدایە.
خۆ ئەگەر بەناوبانگترین ڕۆشنبیران و نووسەرانی كورد تا دەگاتە ئەوانەی سبەینێ فێری نووسین دەبن، بە نموونە وەربگرین، ئەوا نووسینێكیان نییە، كە بەلایەنی كەمەوە جارێك یا چەند جارێك سووكایەتیكردن بە ئاژەڵی تێدا نەبێت، ئیتر با دەسەڵاتداران و پارلەمانتاران و ڕامیاران لەولاوە بوەستن، با سەران و قسەكەرانی پارتە ڕامیارییەكان لەو لاوە بوەستن، كە وەك دەرەبەگ و سەرۆكھۆزێك قسەدەكەن و بیردەكەنەوە. ھەڵبەتە لێرەدا پێویست ناكات، قسە لەسەر پیاوانی ئایینی بكەم، جونكە خودی ئایینەكە سەرتاسەر پڕە لە سووكایەتی بە ئاژەڵ و ڕەایەتیدان بە كوشتنی ئاژەڵان.
لەوانەیە ئەمە بۆ خوێنەر و گوێگرێكی نادەربەست و گۆشكراو و دەستەمۆ لەو كولتوورە دژە-مرۆیی و دژە-ئاژەڵییەدا، ئاسایی بێت، بەڵام ئاخۆ ئەگەر بەرێكەوت نووسینی یەكێك لەو بەناو ڕۆشنبیر و نووسەرانە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی یەكێك لەو وڵاتانەی كە مافی ئاژەڵی تێدا پارێزراوە و ئاوەزی تاك و كۆمەڵگە گەیشتووەتە ئاستی خۆبیركردنەوە و خۆھوشیاریی، دەبێت وەرگێڕ بەچی و چۆن بتوانێت پەڕوپینەی بكات، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئاخۆ ئەو خوێنەرە ناكوردە تووشی چ شۆكێكی كولتووری ببێت؟
ئایا كاتی ئەوە نەھاتووە واز لە قسەی زل و نەخشەكێشانی چاولگەرانە بھێنین و لە خۆمانەوە دەست بە گۆڕان بكەین و ھەوڵی خاوێنكردنەوەی زمانی خۆمان لە وشەگەلی پڕ سووكایەتی بە ژن و مناڵ و ئاژەڵ بھێنین.
ئایا سەختە بۆمان بۆ نموونە لەبری ئەم واژانە (براكوژی ، پیاوكوژ ، جاش و كەر ، سەگ و پشیلە ) ئەم واژە واتادار و دروستانە (یەكتركوژی ، مرۆڤكوژی ، بەكرێگیراو / خۆفرۆش/ سیخوڕ ، ملكەچ ، سپڵە) بەكاربەرین؟
ئایا ھۆكاری بەردەوامیدان بەو سووكایەتیكردنە نەبوونی واژەیە بۆ ئەو بوارانە یا شەیدایی و حاڵكردنی نووسەرانە لە كۆنەپەرستی كولتوورییدا؟