کەتواریبوونی چەپ و نازیۆنالیستەکان

١٣ی ئازاری ٢٠١٦

ئەگەر سەرنجی پاگەندەی چەپەکان و نازیۆنالیستەکان بدەین، دەبینین کە هیچ کەس هێندەی ئەوان واژەی کەتوار [واقیع] و کەتواریبوون [واقیعیبوون] بەکارنابات و نایکاتە دێوجامە بۆ شاردنەوەی بۆچوون و تێڕوانین و پاگەندە ناکەتوارییەکانی خۆیان.

ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣ لەنێو لیستی داخوازییەکانی کۆمیتەی مەرسیمی ڕۆی ٨ی مارچ لە سلێمانی و هەولێر کۆمەڵێك داخوازیی لەنێو داخوازییەکانی ئەو ڕۆژە هەبوون، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و عیراق نەبوو، لەوانە : داخوازی “پشووکردنی ڕۆژی ٨ی مارچ”، کە لە عیراق بەخۆی پشوو بوو، بەڵام لە ئێران ئەو ڕۆژە پشوو نەبوو، هەر ئاوا داخوازی “نەهێشتنی بەندی یاسایی زۆرەملێی سەرپۆش و پۆشاکی ئیسلامی”، کە لەنێو یاسای عیراق بوونی نەبوو و سەرپۆش و پۆشاکی ئیسلامی زۆرەملێی نەبوو و پەیوەندی بە خودی کەسەکانەوە هەبوو. کەچی ئەو دوو ساڵە ئەو داخوازییانە کرابوون بە داخوازی سەرەکیی مەراسیمەکان و لە سەرەوەی لیستی داخوازییەکان دانرابوون!

ئێستاش کە خەڵك نان نییە بیخوات، هەر ئەو چەپانە چ لەنێو پارتییە کۆمونیستەکانی خۆیان و چ بە ڕەوکردنیان بۆ نێو بزووتنەوەی نەوشیروانییەکان یا گڕرانەوەیان بۆ باوان “ڕەوتی دابڕان” و چ بە گەڕانەوە بۆ پووچگەرایی ئایینی زەردەشتی، خەریکی لێدانەوەی هەمان قەوانی جارانن بەناوی “واقیعیبوون”.

هەموو کەس دەزانێت، کە لە هەرێمی کوردستان بۆرجوا-نازیۆنالیستەکان فەرماندارن نەك بۆرجوا ئیسلامییەکان، لەبەرئەوە پەلاماردانی ئایینی ئیسلام، بێجگە لە خاترجەمکردنی فەرماندارە بۆرجوا-نازیۆنالیستەکانی کورد هیچی دیکە نییە. چونکە لەم ڕۆژگارەی جیهانیبوونەوەی نەزمی نوێی بازار و زاڵیی زلهێزە ئەوروپی و ئەمەریکییەکان، ئیسلامگەرایی کۆڵەکەیەکی زۆر لاوازی سیستەمی چینایەتییە و تەنانەت لەبەر هەندیك ڕێگریی و ناکۆکیی لەتەك نەزمی نوێی بازاری سەرمایەداریی وەك ڕێگر لەبەرچاودەگیردرێت، بە پێچەوانەی ئەوەوە نازیۆنالیزم و ڕایسیسزم لە هەموو وڵاتانی جیهان بە هەرێمی کوردستانیشەوە کۆڵەکەی سەرەکی پشتئەستووریی دەسەڵاتداران و سیستەمە و جەماوەریکەرەوەی فاشیزمی دەوڵەتن. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی بژی بژیکردنی دەوڵەتی ئاڵمانیا لەتەك نیئۆنازییەکان و هەروەها بەشداری چالاکانەی ڕەیسیستە یۆنانییەکان شان بە شانی پۆلیس بۆ لێدانی خۆنیشاندەران، بدەین.

بەبۆچوونی من، ئەنتی ئیسلامیبوون ئەو کەسانەی بەرەو پڕۆدەسەڵاتبوون بردووە و ناچاریکردوون بۆ هاریکاری و هاوبەرەیی خۆیان لەتەك دەسەڵاتداران پاساوبهێننەوە و هەر وەك پێشتر بکەونە بیانوو داتاشین بەناوی کەتوار [واقیع] بۆ چوونە بەرەی دەسەڵات دژی لایەنێك یا ئایینێك، لە کاتێکدا ئایینێکی زۆر مەترسیدارتر هەیە؛ فاشیزم، کە ئایینی دەوڵەتە و هەم زەمینەسازی دەوڵەتە و هیچ دەوڵەتێك بەبێ جەماوەرییکردنەوەی ئەو ئایینە [فاشیزم] توانای مانەوە و ڕاگرتنی کۆیلەیی چەوساوانی نییە.

هەڵبەتە هۆکاری گەڕانەوەی چەپە ئەنتی-سەرمایەداری و ئەنتی-ئیسلامەکان بۆ ئامێزی نیئۆجەلالییەکان [نەوشیروانییەکان و دابڕان] ئەوەیە، کە ئەنتی-بوون ناکاتە ڕەتکردنەوەی خۆهوشیارانەی سیستەمێك یا ئایین و دیاردەیەك، ئەنتی-بوون تووڕەبوونی نەزانانە و ناهوشیارانەیە لە شتێك و زۆر لە ڕەتکردنەوەی هوشیارانەی پشتئەستوور بە زانیاری [مەعریفە] و دەرکی شۆڕشگێڕانە جیاوازە؛ کەسانێك کە لە ڕەدوکەوتنی قەرەباڵخییەوە دەبنە هەر شتێك، سەرەنجامیان گەڕانەوەیە بۆ باوان پاش پووکانەوەی ڕەوتە باوەکەی ڕۆژگار. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی میدیای دەسەڵاتی بۆرجوازی هەرێمی کوردستان یا سەرنجی ڕەوتەکەی نەوشیروان موستەفا و مەلا بەختیار بدەین، ئایا زۆرینەی قسەکەران و پاگەندەکەرانیان چەپەکانی دەهەی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابوردوو نین؛ ئەوانە نین کە ئەنتی نازیۆنالیزم و ئەنتی سەرمایەداری بوون؟

دیسانەوە ئەوەش سەرەنجامێکی سروشتیی ئاوا ڕەوتکردنێکە، چونکە هەر کەس بۆ گۆڕینی بارودۆخێك هەبوونی “پارتیی پێشڕەو” و “ڕابەری ئایدیۆلۆجی” بکاتە پێشمەرج و پێداویستی، کاتێك کە “پارتیی پێشڕەو” و “ڕابەری ئایدیۆلۆجی” هیچ دەردەچن، ئیدی ناچارە لە دووی ڕەوتێکی دیکەی سەروەریخوازانە و ڕێکخستنێکی دیکەی قووچکەیی و شوانەیەکی دیکەی ڕامیار بگەرێت، تاکو جێگەی “پێشڕەو”ە پووچەڵبووەکەی بۆ بگرێتەوە؛ تاکو لەجیاتی ئەو بیربکاتەوە و لەجیاتی ئەو بڕیاربدات و ئەویش خاترجەم لەتەك حەشامات دروشمەکانی “ڕابەر” بڵێتەوە و لە پاڵ ئەوەشدا کەمێك مشەخۆریی بۆ خۆی مسۆگەربکات.

لەبەرئەوە، بەبۆچونی من، مەترسی ئەوانەی کە دەبنە ئەنتی-نازیۆنالیزم و ئەنتی-ئایین بۆ فریودانی خەڵکی ناهوشیار و هەڵخڕاندنی فاشیزمی جەماوەریی لەنێو چەوساوان، زۆر لە مەترسی خودی سەران و ئیدئۆلۆگەکانی نازیۆنالیزم و بە ئایدیۆلۆجیکەرانی ئایین زیاترە، چونکە ئەوان [چەپەکان] پێشتر بە کۆمەڵێك پاگەندەی وەك “سۆشیالیستبوون” و “کۆمونیستبوون” توانیویانە خۆشەویستی و سۆز و متمانەی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات، کە شەیدا و تینووی ڕزگاری و یەکسانی و دادپەروەرین، بۆ خۆیان ڕابکێشن. مەترسیداربونی ئەنتی-بوون لە ئەوەدایە، کە هێزێکی ناهوشیاری ڕەدووکەوتی ئایدیلۆجیا دروستدەکات و ڕەشەبای هەر ڕۆژگارێك بە ئاسانی دەتوانێت ئەوان بەپێشی خۆی دەدات، ڕێك هەر ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان و لەنێو کۆچەرانی کورد خەریکە ڕوودەدات.

من کە نان نییە بخۆم، چی لە پیوازی ئەنگۆ بکەم

١٢ی ئازاری ٢٠١٦

تکایە بۆ تێگەییشتن لە مەبەستی ئەم نووسینە، هەوڵبدە پێشتر تووڕەیی ئایدیۆلۆجی لە ئایین و کینەدۆزیی ناسیونالیستیت لە عەرەبیبوونی قورئان وەلابنێی، تاوەکو بەو چەشمە ئایدیۆلۆجییانەی چەپ و ناسیونالیزم تێڕوانینەکانی من نەبینیت و ناچار بە تۆمەتبارکردنم بە داکۆکیکردن لە ئایین نەبیت.

کێشەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەرگیری خەڵکی نەدار و بێدەسەڵاتی هەرێمی کوردستان پێخەمبەربوون و نەبوونی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا، کێ نووسینی قورئان و دروستی و نادروستی قورئانەکەی عەلی و عوسمان نییە، کوردبوون و نەبوونی زەردەشت نییە. کێشەی نەداران و بێدەسەڵاتانی هەرێمی کوردستان نەبوونی ئازادییە، نەبوونی مافە سەرەتاییەکانە، نەبوونی مووچەیە، نەبوونی دادپەروەریییە، کێشەی خەڵك هەبوونی گەندەڵی و دزی و مشەخۆری و ملهوڕیی و جێکەوتەبوونی دیکتاتۆرییە؛ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دەژی و گیرۆدەی کێشەکانی ئێستایە نەك ڕووداوەکانی چواردە سەدە لەمەوپێشی خێڵە بتپەرسەتکانی مەککە و مەدینە و دانانەوەی بەردی سپی [بەردی زەردەشتی] لەجێی بەردە ڕەشەکەی موحەمەد.

من ناڵێم با ڕەخنە لە ئایین و بە ئایدیۆلۆجیکردنی ئایین نەگیرن، هەرگیز داخوازییەکی ئاواش لە کەس ناکەم، چونکە من خۆم سی و چوار ساڵ لەمەوپێش بەهۆی پارادۆکسەکانی نێو دەقی قورئان و حەدیسەکان و گێڕانەوە مێژووییەکان و وێنا و پاشبنەماکانی گوتەکان و دەمێك ئاخاوتنی یەزدان وەك [کەسی یەکەمی تاك] و جارێك وەك [کەسی یەکەمی کۆ] و زۆر جاریش ئاخاوتن وەك [کەسی سێیەمی تاك] لەبارەی [خۆی] و هەروەها ناکۆکبوونی ئایین بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و زانیاریی مرۆڤ و بەڵگە مێژووییەکان و سەلماندنە زانسیتییەکان، بە باوەڕنەبوون بە ئایین و بێبنەمابوونی هێزی ئاسمانی گەییشتووم.

بەڵام لە کاتێکدا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر شەقامە و خەڵکی خەریکی مانگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی سەروەران و مشەخۆرانە، خەریککردنی ناڕازییان بە پرس و کێشەکانی چواردە سەدە لەمەوپێش، ئەگەر هاریکاریکردنی دەسەڵاتداران نەبێت، ئەوا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەبێت. چونکە ئەوانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارن، نە موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا و نە یارانی ئەو و نە داعش و نە بۆرجوا- داگیرکارانی عەرەب و فارس و تورك، بەڵکو پارتییە سێکیولاریستە ناسیونالیستەکانی کوردن، تەنانەت پارتییە ئیسلامییەکانیش نین، هەرچەندە دەسەڵاتداریی ئەوانیش لە هی سێکیولاریستە ناسیونالیستەکان خراپتر دەبێت و بە بۆچوونی من هەر کەس فەرماندار و دەسەڵاتدار و سەروەر بێت، تەنانەت ئەگەر خودی منیش بم، هەر ملهوڕ و مشەخۆر و نوێنەری بۆرجوازی دەبێت، هەر کەس بێت، هەر پارێزەری دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە دەبێت و چەوسێنەری خەڵكی نەدار و بێدەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، تەنانەت ئەگەر لەم ساتەدا پارتییە ئیسلامییەکانیش دەسەڵاتدار بن، ئەوا دیسانەوە هەر کاتی خەریککردنی خەڵك بە پرسی پێخەمبەربوون و نەبوونی موحەمەد، دروستی و نادروستی قورئان، باشی و خراپی ئەم ئایین و ئەو ئایین نییە، بەڵکو کاتی هەڵخراندن و هاندانی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵاتە بۆ خۆبیرکردنەوە، بۆ خۆڕێکخستن، خۆبڕیاردان و خۆبەڕێوەبەریی، چونکە ئەوە تەنیا پارتییە ئیسلامییەکان نەبوون، کە لەنێو پارلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای چەند-ژنە’یان بۆ پیاوان پەسەند و ڕەواکرد، بەڵکو زۆرینەی پارتییە سێکیولار -ناسیونالیستەکانی کورد بوون، ئەوە خواستی نوێنەرانی بۆرجوازی کورد بوو، ئەوە فەرمانداریی هەرێمی کوردستان و پارتییە سێکیولاریستەکانی بوون، کە مانگانە چەندین ملیۆن دۆلاریان بۆ گروپ و پارتییە ئیسلامییەکان دابینکرد . ئایا لە بارێکی وەك ئێستادا سەرەکیکردنی پرسی باوەڕی ئایینی، ببێجگە لە سەرنجلادان و خەریککردنی خەڵكی ناڕازی لە پرسە سەرەکی و دەستبەجێکانیان، دەتوانێت هیچی دیکە بێت و بەهیچ کوێیەکی دیکە بگات؟

هەڵبەت دەزانم، کە ئاتەئیست و چەپەکانی کوردستان دژی ئاوا سەرنج و ڕەخنەیەکن، من گومانم لە دڵسۆزی و پاکی لایەنگرانی ئەو دوو ڕەوتە نییە، بەڵام هەموو بەڵگەکان و لۆجیك سەرنجی ئێمە بەرەو ئەوێ دەبەن، لە ڕاسەری ئەو دوو ڕەوتەوە کۆمەڵێك کەسی هەلپەرست هەن، کە هاوبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانن و بە ئامانجەوە لەم ساتەدا خەڵکی ناڕازی بە پرسی لاوەکی و کەسییەوە خەریکدەکەن.

ئەگەر کەسانێكی تووڕە لە ئایین، ئاوا بیردەکەنەوە، ساخکردنەوەی پێخەمبەرنەبوونی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا و ئاسمانی-نەبوونی قورئان، پرس و کێشە و داخوازیی سەرەکی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستانە، دەبا بفەرموون بڕۆنەوە سەنگەرەکانی جەنگی ئوحد و خەندەق و خەیبەر..تد و هەوڵی تێکشکاندنی لەشکرەکەی موحەمەد بدەن و بەر بە ئەنفالی جووەکان بگرن و نەهیڵن دواتر ئەو لەشکرە بگاتە کوردستان و ئێران و ئەندەلوس.

هیوادارم هیچ نووسەر و هیچ کەسێکی دیکە ئەم ڕەخنەیە بە کەسیی نەکێسێتە سەر خۆی و وەك هاندەرێك بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەر پرسە دەستبەجێ و سەرەکییەکانی ژیان و ئازادی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاویبگرن. ئەوە تێڕوانین و تێگەییشتنی منە لە هەر کۆڕ و پاگەندە و سیمینارێك، کە لەم ساتەدا خەڵکی نانخواز بە پیوازخوازییەوە خەریکدەکات، هەرچەندە ئاوا هەوڵێك هاندەرەکەی دەسەڵات و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەرەنجام بە خزمەتکردنی ئامانجەکەی دەسەڵات [واتە خەریککردنی خەڵك و دوورخستنەوەی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر دەسەڵات] تەواودەبێت.

من لەتەك یەزدانەکانی سەرزەوییە، لەتەك بۆرجوازی کورد و لەتەك دەسەڵاتخوازانە نەك لەتەك یەزدانی ئەفسانەیی نێو خۆشباوەڕیی نەداران و بێدەسەڵاتان. هەر کەس و هەر ڕەوتێك، کە دژی ئەم تێڕوانینەیە و جەنگی دەیەوێت جەنگی سەر شەقامەکانی خەڵک لەتەك دەسەڵاتداران نادیدەبگرێت و دەخوازێت نەداران و بێدەسەڵاتان واز لە جەنگی دەسەڵاتداران و سەرمایەدانی کورد بهێنین و ئەوان بۆ مشتومڕی بوون و نەبوونی یەزدان و پێخەمبەربوون و نەبوونی موحەمەد و ئاسمانیبوون و نەبوونی قورئان بانگەوازدەکات، پێویستە سەرەتا پێداویسبوون و سەرەکیبوونی ئەو جەنگە بسەلمێنێت و وەڵام بە سەرنج و ڕەخنە و پرسیارەکان دەربارەی پاگەندە و هەوڵەکانی خۆیان بدەنەوە:

ئایا جەنگکردن دژی بوونێکی ئەفسانەیی بێجگە لە ئەفسانەسازیی و ئەفسانەبوونی خەون و بیرۆکە و ئامانجەکانی خود، هیچی دیکە دەگەیێنێت و هیچ سەرەنجامێکی دیکە دەبێت؟

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، کە چەپ و دەسەڵاتخوازانی بەناو “سۆشیالیست” لە ئاسمانی ئایدیالیزمی ئایدیۆلۆجییەوە دابەزنەوە سەر زەمینی کەتوارە کۆمەڵایەتییەکان و جەنگی یەزدانە کەتوارییەکان و کۆمپانییەکانیان و بەرهەڵستی داگیرکردن و تاڵانی و تایتبەتیکردن و پارتییکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان بکەن؟

ئایا جەنگکردن لەتەك بوونە ئەفسانەییەکان سەلماندنی ئایدیالیستبوون و دابڕانی خود نییە لە پرسە کەتوارییەکانی سەر گۆی زەمین؟

ئایا ئەو فەرماندارییە [حکومەتە] پارلەمانیی و تێکنۆکرات و سێکیولاریست و “شورایی” و “کرێکاریی” و “سۆشیالیستییەی”، کە خۆیان پاگەندەیدەکەن و دەیکەنە نووشتەی چارەسەری هەموو دەردەکان و ڕزگارکەری چەوساوان، هەر زەمینیکردنی هەمان دەوڵەتی یەزدانی ئاسمانەکان و ڕەواکردنی سەروەریی و مشەخۆریی دەستەبژێرەکان نییە بەناوی “خەڵك”، “گەل” ، “نەتەوە” ،”نیشتمان” ، “چین” ؟

ئەگەر مەلا موستەفا بە ناناوەندییەکەی [لامەرکەزییەکەی] ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ڕازی ببووایە، چی ڕوویدەدا؟

١١ی ئازاری ٢٠١٦

– ڕێکەوتننامە شومەکەی جەزائیر ڕووینەدەدا …

– ئاشبەتاڵ شومەکە دەروونی تاکە ڕزگاریخوازەکانی کۆمەڵی کوردی وێراننەدەکرد …

– پێشلەشکریی “قیادە موەقەتە” بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران و هێنانەوەی پاسدار بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان ڕووینەدەدا . ..

– جەنگی نێوخۆیی ١٩٧٧- ١٩٨٧ ڕووینەدەدایەوە …

– ڕێکەوتنە شومە سێ قۆڵییەکەی دەوڵەتانی عیراق – ئێران – تورکیە ڕووینەدەدا …

– شەرێ هەکاری و کۆمەڵکوژکردنی نیئۆ-جەلالییەکان ڕووینەدەدا …

– ساڵی ١٩٧٨ڕاگواستنی گوندەکان ڕووینەدەدا …

– جەنگی هەشت ساڵەی عیراق – ئێران ڕووینەدەدا …

– ئەنفالی بارزانییەکان ڕووینەدەدا …

– کۆمەڵکوژکردنی ئەندامانی (حشع) لە قڕناقا و پشتئاشان ڕووینەدەدا …

– هێنانی پاسدار بۆ سەر بیرەنەوتەکانی باباگوڕگوڕ ڕووینەدەدا …

– بە بەکرێگیراوکردنی “جاشکردنی” خەڵکی ڕاگوازراو و بێکارکراوی گوندەکان لەنێو ئوردووگە و شارەکان ڕووینەدەدا …

– زیندووکردنەوەی خێڵایەتی ڕووینەدەدا …

– کیمیابارانی دۆڵی جافایەتی و بالیسان ڕووینەدەدا …

– هێنانی پاسدار بۆ هەڵەبجە و کیمیاباران ڕووینەدەدا …

– کۆمەڵکوژکردنی پیشمەرگەکانی (گوردانی شوان)ی کۆمەڵە ڕووینەدەدا …

– ئەنفاڵکردنی قەرەداخ و گەرمیان و ..تد ڕووینەدەدا …

– هەزاران کەس زیندانی و تیرۆر و لەسێدارە نەدەدران …

– داگیرکردنی کوەیت ڕووینەدەدا …

– جەنگی دووەمی کەنداو/ پەلاماردانی عیراق ڕووینەدەدا …

– ئابڵوقەی ئابووریی دەهە و نێوێك لەسەر عیراق و هەریمی کوردستان ڕووینەدەدا …

– سازشی ١٩٩١ بەرەی کوردستانی لەتەك ڕژێمی ئەنفالکەر و پیلانی تێکشکاندنی ڕاپەڕین ڕووینەدەدا …

– کۆڕەوی ملیۆنی و نەهامەتییەکانی ڕوویاننەدەدا …

– کوشتوبڕی ڕاپەڕیوان ڕووینەدەدا ….

– تیرۆرکردنی هەزاران ژن پاش ڕاپەڕین ڕووینەدەدا …

– لێبوردنی گشتی بۆ بەکرێگیراوان بەناوی “چەکداری شۆرشگێڕ ” پێویست نەدەبوو …

– جەنگی نێوخۆیی ١٩٩٤- ١٩٩٨٧ ڕووینەدەدایەوە …

– گاردی کۆماریی ڕژێمی بەعس و تانکەکانی بۆ هەولێر نەدەهێنرانەوە …

– سوپای پاسداران بەرەو کۆیە نەدەبرا …

– هێرشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پەکەکە ڕوویاننەدەدا …

– ساڵی ١٩٩٤کوشتوبڕ و تەقە لە خۆنیشاندەرانی دژی جەنگ نەدەکرا …

– عیراق نەدەبوونە گەراجی لەشکرکێشی تورکیە و ئێران …

– ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەدەبوونە تاقیگە و مەشقگەی لەشکر و تۆپخانەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیە …

– عیراق و هەرێمی کوردستان نەدەبوونە بازار و هەڕاجخانە و شوێن چەپاوڵی کۆمپانییە جیهانییەکان …

– نەوتی عیراق تاڵانفرۆشنەدەکرا …

– سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان تاڵان و خاکی کوردستان کوناودەر نەدەکرا …

– رێکەوتننامەی پەنجا ساڵی نەوت لەتەك دەولەتی تورکیە واژۆنەدەکرا …

– کەرتە گشتی و دەوڵەتییەکان پارتیی و تایبەتینەدەکرانەوە …

– ئەو هەمووە گروپ و پارتییە ئیسلامییە دروستنەدەبوون …

– جەنگە نیوخۆییەکان لەتەك ئیسلامییەکان ڕوویاننەدەدا …

– ژنکوژی نەدەبووە شوناسی خەڵکی هەرێمی کوردستان …

– نووسەران و ڕۆژنامەنووسان تیرۆرنەدەکران …

– ئێستا هەزاران ئازیزی لەسێدارەدراو و کوژراو و ئەنفالکراومان لە ژیاندا دەبوون …

– چەند ملیۆن کورد و عیراقی ئاوارە نەدەبوون …

– داعش دروستنەدەبوو و نەدەهێنرایە عیراق …

– جارێکی دیکە لە هەزارەی سێیەم ئیزیدییەکان جینۆسایدنەدەکرانەوە …

– ژنانی مەسیحی و شەبەك و ئیزیدی نەدەکرانە کەنیزەك …

– بازرگانانی سەر بە (پدک) و (ینک) نەوت و گازی داعش’یان ساخنەدەکردەوە …

– هەڵبەتە ئەوەش بڵێم، كە (بارزانی) و (تاڵەبانی) و ئەوانی دیكە نەدەبوونە یەكەمین ملیاردلێری یەكەمی خۆرھەڵاتی ناوین، هەر ئاوا كاسەلێس و دەربارەكانیان نەدەبوونە كەڵەگای ڕاسەری كۆمەڵی هەریمی کوردستان و دروستکەری ئاژاوە لە “ڕۆژاوا” و باکوور …

– زۆر شتی دیکە، کە ئێوەی خوێنەر لە من باشتر ئاگاداریان هەن و وردتر دەیانزانن …
بەڵام، ئەو ڕاستییەمان لەبیرنەچێت، ئەگەر بڕیاری تەقەکردنەوەی بارزانی بە فەرمانی شای ئێران و دەوڵەتی ئەمەریکا نەبووایە، زۆرێك لە نووسەران و “چالاكان” و پسپۆڕان و ..تد میدیاکارانی زماننەزانی ئێستای هەرێمی کوردستان ناویان لە کوڵەکەی تەڕیشدا نەدەبوو، شارێكی بێبەرهەمی وەك سلێمانی نەدەبووە پێگەی دەیان ملیارلێر و سەدان ملیۆنێر، ئیدی با هەولێر و دهۆك و (سەری سپی) لەولاوە بوەستێت.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، بەدڵنیاییەوە سازشکردن لەتەك دەولەتی عیراق ساڵی ١٩٧٥ هەم دەبووە ڕێگر لە وێرانبوونی کوردستان و هەم بوار بۆ ڕۆشنبیربوون و هوشیاربوونەوەی جەماوەریی و هەڵکشانی کولتووریی و کۆمەڵایەتی دەڕەخسا و هەم دەوڵەتان و کۆمپانییەکانی ئێران و تورکیە و دەوڵەتان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لە بەرەکەتی جەنگەکانی نێوخۆ و دەرەوەی عیراق بەهرەمەندنەدەبوون.

ئایا ئێستا بە شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو بزووتنەوە چەکدارییەی کورد، کە ساڵی ١٩٧٦ سەریهەڵدایەوە، بێجگە لە ماڵوێرانی کوردان و ئەو نەهامەتییانەی سەرەوە و خزمەتکردن بە دەوڵەتانی داگیرکەر هیچی دیکەی سەرەنجام بووە یا بەرهەمهێناوە؟

ئایا ئەنفالکران و کوژران و لەنێوچوونی هەزاران مرۆڤی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و وێرانبوونی ژینگە لەو جەنگە نێوخۆیی و دەرەکییانەدا، بێجگە لە قوربانیبوون بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنی تاڵانکەران و گەندەڵان و ملهوڕانی ئێستا و ڕێگەخۆشکردن بۆ دیکتاتۆریی سەرانی کورد و شیعە و سوننە لە سەرەتای هەزارەی سێیەم، هیچی دیکە بووە؟

یادەوەرییەكانی ڕۆژانی ٨ی مارچ

٥ی جونی ٢٠١٣

ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە گوتارێكی ڕەخنەیی لە شێوازی یادكردنەوەی ڕۆژی جیھانیی ٨ی مارچ لە كوردستان و ھەوڵەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بەشداریبكەم، بەڵام لە كۆتایی گوتارەكەمدا ئەم بیرۆكە كۆنەم (نووسینەی یادەوەریی و ئەزموونەكانی خۆم) بیركەوتەوە و بڕیارمدا ھەم پێش و لە ڕۆژی ٨ی مارچ ھیچ بابەتێك بڵاونەكەمەوە، چونكە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەكردن بۆ نووسەران و پارتییەكان و وێنە بڵاوكردنەوە و خۆكردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیكەی لەو جۆرە ..تد .

بەگوێرەی یاسای ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ھەر شتێك كە پیرۆزبكرێت، یا پێچەوانە دەبێتەوە یا دواجار گاڵتەجاڕیی و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنێت؛ لێرەدا دوو نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی سێكیولاریست [عەلمانی] دەھێنمەوە، كە ھەر یەكە لە ئێمە بەجۆرێك لەتەكیاندا سەروكاری ھەبووە و بەگوێرەی بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرانبەریان، تێگەییشتن و تا ڕادەیەك وێنایەكی لەیەك نزیكمان لەلا دروستبووە یا دەبێت .

یەكەم : مەزارگە یا مەرقەدەكان بەدیاریكراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە كەربەلا ، كە بۆ ئەوانەی بوون بە (شیعە) سەرەتا شوێنی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون. بەڵام بەگوێرەی یاسایی ڕەتكردنەوەی دەستپێك، ھەنووكە یا ڕاستر بڵیم دەمێكە مەزارگە ئاینییەكان بوون بە جێ-ژووانی دڵداران و تامەزرۆیانی سێكس و دەستبازی و … تد.

دووەم : ڕۆژی ٨ی مارچ و یەكی ئایار، كە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی ٨ی مارچ، ڕۆژی یەكسانیخوازیی ئازادیخوازان دەكەم. زۆرێكمان بەسەرھاتی سووتان و خنكانی ١٢٩ كرێكارانی مانگرتوو، كە زۆرینەیان ژن بوون و كرانی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨ بە ڕۆژی جیھانی تێکۆشان و ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن لە ژنان، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەكردنەوە ناكات. بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی ١٢٩ ژن لە كرێكارانی مانگرتووی كارخانەیەك واتە پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولكردنی لە ساڵی ١٩٠٨ بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت، بەڵام لە ئێستاشدا كراوەتە بۆنەیەك بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماكردن و پاگەندەی پارتییەكان و وێنەپەخشانكردنی كەسانی خۆبەڕابەرزان. دیسانەوە لە نموونەی دووەمیشدا لەتەك ھەمان سەرەنجامی یەكەمدا ڕووبەڕووین و كۆتاییەك دەبینین، كە ھیچ پەیوەندییەكی لەتەك سەرەتاكەیدا نییە، بەڵام لە ھەر دوو بارەكەدا دوو خاڵی نێوكۆیی بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە، یەكەم پیرۆزكردن و دووەم ڕەتكردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەك ئامانجی سەرەتایی.

بەم پێشەكییە كورتەوە، دەست بە كەشكۆڵی یادەوەرییەكانمدا دەكەم و ئەوەی لەبیری مندا مابێت، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە …

ساڵی ١٩٨٣ كە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی كۆڕەك [ینک]، ھەم لەتەك بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە* ماركسیستەییەكەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلكە پڕ زانیارییەكەی (ئافرەت لە مێژوودا، نووسینی ھەڤاڵ كوێستانی) تێگەییشتنێكی سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان لەلا دروستبوو.**

ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ من كەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم لە ژنان و بەگوێرەی دەركی سەرەتایی و كرچوكاڵی ئەو کاتی خۆم، كەوتمە ئاشناكردنی كەسەكانی دەوروبەرم لەو بارەوە. بەڵام ھاوكات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ كۆمەڵە [كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی بەشی ئێران]، كە دەیان فەرسەخ بەراورد بە (كۆڕەك)، كە من ئەندام و لایەنگری بووم، لەپێشتر بوو و بابەتە ڕۆژانەییەكانی ئەو ڕادیۆیە، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیكاڵتر دەكردەوە و بابەتەكان بەڕادەیەك كاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت، كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە كاروباری نێوماڵدا بەشداریمدەكرد و خۆم پۆشاكەكانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و خاوێنكردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریكاریی خوشكەكانم دەكرد و ھیچ بەلامەوە گرنگنەبوو، كە كوڕان و پیاوانی دەوروبەرم چۆن تەماشای من دەكەن و چی دەڵین، ھەموو ڕۆژێكی ٨ی مارج ھاودەنگی ڕادیۆ كۆمەڵە ھەوڵمدەدا گوتارەکانی ئەو ڕۆژەی ڕادیۆکە بەگوێی ھاوەڵان و ناسیاوانی خۆم بگەیێنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا [ئوردووگەی ئێران] دەنگی ڕادیۆكەم تەواو بەرزدەكردەوە، تاوەكو ژنانی كۆڵان و بەلایەنی كەمەوە، خوشكەكانم گوێدێری ئەو بابەتانە بن و بەرانبەر ستەمێك كە لە ئەوان دەكرێت، ھەستەوەر ببنەوە.

٨ی مارچی ١٩٩٢، سلێمانی

ئێمە كۆمەڵێك چالاكی (پیاوی) بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین و بە ھاریكاریی كۆمەڵێك لە چالاكانی (پیاوی) ڕێكخراوە چەپەكانی دیكە، خەریكی خۆئامادەكردن بووین بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی ٨ی مارچ، بێجگە لە ئامادەكردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوكردنەوەی بانگەواز و ھەڵواسینی پۆستەرەكان، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە و ڕێكخراوە و كۆمەڵەكانی بەناو ژنان بكەین. ڕۆژیكیان لە تەك ھاوڕێیان (فاروق حەمە موئمین و بیھنام محەمەد) چووینە فێرگەیەكی ئامادەیی كچان لە گەڕەكی (مەجید بەگ) یا (كارێزە وشك) بوو، بە كۆمەڵێك كارتی بانگەوازەوە چووینە نێو پۆلەكان و لەنێو یەكێك لە پۆلەكان مامۆستاكە بەگەرمی پێشوازی لە ئێمەكرد و گوتی ” كچینە ھەستن” بەخێرھاتنی ئێمەی كرد و بە دەستڕاكێشان بۆ من گوتی ” با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین” منیش پێكەنین گرتمی و زانیم كە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەكەمە، سوپاسمكرد و دەستم بە قسەكردن بۆ خوێندكارەكان كرد، بەڵام كچەكان ھەر بە قسەی مامۆستاكە و سمیڵتاشراوییەكەی من پێدەكەنین، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەكردن و كارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە، زۆر لە قسەكانم تێنەگەیشتبن.

ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەك ئەو دوو ھاوڕێیە چووینە سەردانی بنكەی ڕێكخراوەكانی بەناو ژنان، لەوانە یەكێتی ژنانی سەر بە (ینك) و كۆمەڵەی ژنانی سەر بە (حشع)، ئەگەر بەباشی ناوی ڕێكخراوەكانم لەبیرمابێت. دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە تەماشای ئێمەیان دەكرد و بەلایانەوە سەیربوو، پیاوان بانگەواز بۆ یەكسانی ژن و پیاو بكەن، بێجگە لەوە ژنانێك كە لە بنكەی ڕێكخراوی ژنانی (ینك) بوون، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو، لەبەرئەوەی ئێمە دژی كوشتنی ژنانێك بووین، کە بەبیانووی شەرف و نامووس تیرۆرکرابوون. ھەروەھا قسەیان لە “عادات و تقالید”ی كوردەواریی دەكرد و ئێمەش بە ئەوانمان گوت، ئێمە بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەكوژی ژنان بەناوی “شەرف و نامووس و سیخوڕیی بەعس”، تەنیا ھاتووین كە بۆ مەراسیمەكە میوانداریتان بكەین و بەس، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن. ھەر ئاوا لەلای خاتوونەكانی بنكەی كۆمەڵەكەی سەر بە (حشع)یش لەتەك پێشوازی گەرموگوڕ ڕووبەڕوو نەبووینەوە و گوتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین.

ڕۆژی ٥ی مارچ، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەكە، ھەواڵێك بە ئێمە گەییشت، ھاوسەری ھاوڕێیەكمان، كە بڕیار بوو ڕۆژی ٨ی مارچ بڕگەكانی مەراسیمەكە پێشكەشبكات، لەلایەن براكەییەوە، كە چەكداری (بزووتنەوەی ئیسلامی) بوو، براوەتەوە بۆ ماڵە باوان و ھەڕەشەی جیاکردنەوەی لە ھاوسەرەكەیان لە ئەو كردووە، ئێمەش ئەو كات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەك ھەمان دوو ھاوڕێ، بە ئاوەزی ئەو کاتمانەوە چووینە سەر ماڵی كابرای (ئیسلامی) و پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان بە ھاوڕێكەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەكانی، بەمەرجێك بەشداری پێشكەركردنی مەراسیمەكە نەكات.

ڕۆژی دواییتر، لەتەك دوو ھاوڕێی دیكەی (ئاوارەی كەركووك)، كە بەیەكەوە لە (ھوتێل سۆمەر) لە ئەسحابەسپی دەژیاین، چووین بۆ پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە كە خەریكبوو لە تەواوكردنی ھەڵواستینی پۆستەرەكان ببینەوە، لە سەرەوە بەرەو بەردەركی سەرا دەھاتینە خوار، لە نزیكی باڵاخانەی ئاساییش خەریكی ھەڵواسینی پۆستەر بووین، دیتمان خاوەنی ھوتێلەكە بە پۆشاكی پۆلسیی و كۆمەڵێك ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێك خۆمان خەریككرد و بەملا و بەولا ڕووی خۆمان وەرگێرا، تاوەكو بەباشی نەمانبینێت، بەڕاستی خەم لە ئێمە نیشت، خەم نەك ترس، چونكە ئێمە بە ئاشكرا چالاك بووین و ھێشتا کۆمەڵیش ورەی سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو، تەنیا خەمی دەركردنمان لە ھوتێلەكە ھەبوو، چونكە كەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە زۆربەی پۆستەر و جیاكردنەوە و دەقكردنی كۆپییەكانمان لە ژووری ھوتێلەكەد دەكرد، وەك دواتر بۆمان دەركەوت، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە. مەترسییەكەش ئەوە بوو ئێمە بەناوی ئاوارەی كەركووك لەوێ دەژیاین و لە ڕاستیشدا بێجگە لە من، ھەمووان ئاوارەی كەركووك بوون و ھاوڕێیەكی خۆمان لەوێ كارێكی دەستكەوتبوو، خەمەكەشمان ئەوەبوو، كە ھەم ھەموومان لانەواز دەبووین و ھەم بێجگە لە کۆمەکێكی كەم لەلایەن ڕێكخستنەوە، کاری ئەو هاوڕێیە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ئێمە بوو.

ڕۆژی پێش ٨ی مارچ واتە ٧ی مارچ، دیسانەوە لەتەك دوو ھاوڕێیەكی ڕۆژی یەكەم (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد) خەریكی بڵاكردنەوە و ھەڵواسینی بانگەوازی مەراسیمەكە بووین، گەیشتینە ئەو كۆڵانەی كە مەیدانی دارەسووتاوەكە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێت، گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەك بوو، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ، بوو بە قەرەباڵخی و گوتیان چەند چەكدارێك تەقەیان لە دوو ژن كردووە و بێجگە لە پێوەبوونی ژنەكان، مناڵێكی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە. [دواتر ساڵی ١٩٩٧ ئەم بەسەرھاتەم كرد بە چیرۆكێك بەناوی (خەرمانەی مەرگ) لە گۆڤاری پاژێی ھونەریی (ژیلەمۆ) بڵاوكراوەتەوە].

ڕۆژی ٨ی مارچ، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، مەراسیمەكە لە ھۆڵی ھونەرمەندان بوو، لەسەر شانۆكە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەكان و ڕێكخستنی كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازەکە، كۆمەلێك لە ھاوڕێیانی ژن چالاكانە سەرقاڵی ھاریكاری و خۆڕێكخستن بوون، لەو كاتەدا خاتوونێك كە پێشتر ناوم بیستوو و کاتی ڕاپەڕین یەكێك بووبوو لە چالاكانی (رێكخراوی ژنانی شۆرشگێڕ)، بەجۆرێك ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمەی لەسەر شانۆكە دەربڕی. ھۆكارەكەشی تەنیا خۆشنەھاتن و سكتاریزمی ڕێكخراوەیی بوو، چونكە ئەو سەر بە گروپێكی دیكەی چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەكێك بوو لە ئەندامە باڵاكانی ڕێكخراوەكەی خۆی، لەو كاتەدا كیژۆڵەیەكی ھەژار كە كراسێكی كوردی سەوزی پۆشیبوو و كەوشێكی جۆری كالەی سپی لەپێکردبوو و وەك خۆی گوتی، كراسەكەشی بە قەرز لە ھاوەڵەكانی وەرگرتبوو، لەتەك من خەریكی چاككردنی شتێك بووین، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، پێموابێت ناوی (لیمۆ) بوو، وەك سەرسوومانێك تەماشاێكی منی كرد و منیش لام لە خاتوونە خۆ بە ڕابەرزانەكە كردەوە و گوتم، جا بەڕێزم، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەك لەمەوبەر لە كوێ بوویت، بۆ لە كاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوكردنەوەی كارتی بانگەواز و سەردانی لایەنەكاندا نەھاتی بەشداریبكەیت، بۆ نەھاتی و بە ئێمە بڵێیت “ئەوە لەم ناوە چی دەكەن، بۆ ناڕۆن” و بەخۆت كارەكانت ئەنجامبدابان؟ ھەستمكرد قوڕگی پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ھەرچەندە مەبەستم برینداركردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سكتاریزمی ڕێكخراوەكەی بوو، كە لەو كاتەدا و لەو شوێڼەدا ئاوای لە ئەو كردبوو، كە ئاوا بەرخوردێك بە ئـێمە بكات، لەتەك ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی كە ئاوا وەڵاممداوەتەوە و بەو پرسیارانە ئەوم تەنگەتاو كردووە.

پاش كەمێك ھۆڵی مەراسیمەكە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەكەوە، جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و كەسانێك لەبەرە نەبوونی جێگە، ناچار لە دەرەوەی ھۆڵەكە وەستابوون، مەراسیمەكە دەستیپێكرد و وێڕای ئەوەی كە زۆربەی كارەكان و ئامادەكارییەكان و لێپرسراوەتییەكان ئەندامانی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون، بەڵام لە كۆمیتەی مەراسیم و لە دەستەی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا، رێكخراوە ھاوخەتەكانی دیكەی ڕێکخراوەکەی خۆمانمان بەشداركردبوون، كەچی سەرەرای ئەوەش یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوەكەی دیكە (ھاوڕێكخراوی ئەو خاتوونەی كە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەكرد) ھەلی قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەكە، كە كارتێكی نیوە لاپەڕەیی بوو و ناوی رێكخراوەكەی ئێمەی لەسەر بوو، گوتی ” میوانە بەڕێزەكان ئەمە دەبین، ئەمە ھی كۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێكخراوە ناوی خۆی لەسەر داناوە”.***

لەو ساتەدا ھەڵوێستێكی زۆر جوان و ناسكتاریستانە و لێپرسراوانەم لە ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەو ھەوڵە سكتاریستی و شێوێنەرانە، ھاوڕێیانی ئێمە بە گوتار و چالاكییەكانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەكیان دروستنەكرد. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم ڕێكخراوەكەی ئەو كاتی ئێمە سكتاریست نەبووە، نا تەنیا مەبەستم ساتەكانی ئامادەكاری و بانگەواز و پەخشكردنی پلاكارت و كارەكانی دیكەی مەراسیمەكەیە، كە زۆربەی لە ئەستۆی ئێمە بوو، ئەو كات ڕێكخراوەكانی دیكە، ھەرچەندە بۆ دەزگە سیخوڕییەكانی پارتییەكانی (بەرەی كوردستانی) و ڕژێمی بەعس شاراوەنەبوون، بەڵام لە بەرانبەر ئێمە خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا.

٨ی مارچی ١٩٩٣، باخچەی گڵكەند، یەكەم كۆبوونەوەی پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان

ھەر وەك ساڵی پێشوو لە نێوندی ڕێكخراوە چەپەكان و چالاكانی ئەو ڕۆژگارەدا، كەوتینەوە خۆئامادەكاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣. یەكەم كۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵكەند لە پێشنیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی كۆتایی وەرزی زستاندا بوو، كۆمەڵێك كۆبووینەوە. لێرەدا بەگوێرەی لەبیرمان و ناوەكانی ئەو كاتیان كە من دەمناسین، ئەم كەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە، شاناز، عەزیمە، مەمەخان، ئەختەر حەسەن، چنار حەسەن، كاوە حەسەن، سیروان عەلی، د. ئەمین، جەمال كرێكار، شاپوور عەبدولقادر، قابیل عادل، ھیوا محەمەد، ئارام عەلی، یوسف (جەعفەر عەلی)، بەختیار (ھۆنەر)، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، ھیوا كەریم، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكو محەمەد عەلی و ….. بەداخەوە من ھەر ئەو ھاوڕێیانەم لەبیرماون، ھیوادارم ھاوڕێیانێكی دیكە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێكی دیكە، كە من لەبیری من نەماون، بۆ من بنووسن، تاوەكو لە تازەكردنەوەی ئەم یادەوەرییەدا ناوەكانیان زیادبكەم، ھەروەھا داوای لێبوردن دەكەم، كە ناوەكانم بەو جۆرە نووسیون، كە ئەو كات بەو جۆرە ناسراون، نەك بەو جۆرەی كە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چی بووە و ئێستا چ ناوێكیان ھەیە].

پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشكار و دروشم و بەشەكانی بەرنامەی مەراسیمەكە و لەپێش و پاش دانانی گوتاری ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی ئەو كات ( ڕەوتی كۆمونیست، یەکێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری، ھەستەی كرێكار) كرا، دەستەكانی (لێژنەكانی) كاركردن و ئامادەكاریی دیاریكران و من وەك ھاوڕێیانی دیكەی (شققە)، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی ھونەرییدا بووم. ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە كۆمیتەكەدا بەخۆیان بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و كارتی میوانداری مەراسیمەكە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە (مامە كەریم، ڕێباز كەریم، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیوا كەریم و ئاكۆ محەمەد) و ھاوڕێ سیروان عەلی و ھاوڕی فایق سەعید، دووراودوور چاودێری و ئاگاداریی ئەوان بكەین، نەكا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەكان ببنەوە.

ھەر لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەدا بوو، كە من لەتەك ھاوڕێیانی ژنانی نێو كۆمیتەكەدا ئەم پێشنیارەم كرد، ئەم مەراسیمە وەك ھەلێك بقۆزنەوە و كۆمیتەی ئامادەكار و ڕێكخەری ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕابگەیێنن، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارەی من وەك زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی دیكەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی ١٩٩٢ و جولای ١٩٩٣، لەلایەن سەرپەرشتیكاری بەشی ئاشكرای ھەولێری (ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست) وەك دژایەتییەكی كەسیی بەرانبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر، ڕەتكرایەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی مارچ، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر، كۆمەڵێك لە ھاوڕێیان خەریكی پڕۆڤەی سروودەكان بووین، یەكێك لەو ھاوڕێ ژنانەی كە بڕیار بوو، پێشكەشکاری بڕگەكانی مەراسیمە بێت، بە خەمبارییەوە هات و منی بانگی كرد و گوتی “ھاوڕێ من ناتوانم ئەو كارە بكەم”. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان. براكانی فشاریان خستبووەسەر سەر ئەو و ھەڕەشەیان لە ئەو كردبوو، كە نابێت ئەو كارە بكات. زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو. بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی ٨ی مارچی سلێمانی بوو، ھاوڕێیانێكی ئاوا خۆبەخش و فیداكار و چالاك لەلایەن باوك و براكانییانەوە فشارێكی دەروونی زۆریان دەخرایە سەر . ھەر چۆن بوو، گرفتەكەمان چارەسەركرد و ھاوڕێ (شلێر ڕەشید) ئەو ئەركەی لە ئەستۆگرت، ھەرچەندە خەمی ئەو ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێكماندا كێشابوو، بەڵام بە توانا و ئامادەیی (ھاوڕێ شلێر) بڕگەكانی مەراسیمەكە بە سەركەوتوویی پێشكەشكران.

وەك ھەموو مەراسیمێك، كە ئێمە لەو بوارەدا وەك كەسێكی شارەزا و پیشەیی کە شارەزاییمان وەرگرتبوو، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەكە لەتەك كۆمەڵێك خوێنداكاری زانكۆ و پەیمانگاكان خەریکی گفتوگۆكردن بووین و لەو کاتەدا لەتەك ھاوڕێ (عەزیمە) لەسەر پەیوەندی ڕێكخراوەیی و چۆنیەتی پێشكاریی و ئامادەكاریی بۆ ڕێكخراوی ژنان خەریکی گفتوگۆكردن بووین، كە بە بۆچوونی من ماتریاڵی ئاوا ڕێكخراوەیەك لە ئارادابوو، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن وەستابوو، ھەڵبەتە من یەكێك بووم لەوانەی كە دژی وابەستەیی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.

لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە ھەستی بەو نزیكایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان كردبوو و یەكسەر یەكێك لەو ھاوڕێیانەی بانگكرد و بە ئەوی گوتبوو “ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێكخستنی ڕەوتی كۆمونسیتەوە بكەیت، ئەوا كەسی دیاریكراوی ئەو كارانە منم و ئەو (نووسەری ئەم دێڕانە) ئەو ئەركەی لە ئەستۆ نییە”. ھەڵبەتە، [ھەرچەندە شتەكە ئاوا نەبوو و رێكخراوەكەی ئێمە، ئاوا نەبوو و تەنانەت خودی لێپرسراوانی رێكخراوەكەش ھیچ وێنایەكی دروست و ھێڵ و سەرخەتی ڕێكخستنی رێكخراوەییان نەبوو و (خوداوەكیلی) كاریاندەكرد و كارەكان بەرەو پیشەوە دەچوون [لە شوێنێكی دیكەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەو بارەوە دەدوێم] من بەو ھاوڕێیەم گوت، ئەو شتە وانییە، بەڵام بەخۆت چی بە دروست دەزانی ئاوابكە .. و لەتەك كۆمەڵێك خوێنكار ، كە خەڵكی كۆیە و دوكان و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی، عەلی ھەڵەبجەیی، توبا هەڵەبجەیی، یەك دوو ھاوڕێی دیكە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوكانی [ئەگەر بە دروستی ناوەكەی لەبیری من مابێت]، لە گفتوگۆکردنەکە لەبارەی ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاران، كە پێشتر من لەتەك كۆمەڵێك خوێندكاری سەر بە پارتیی كۆمونسیتی عیراق و كوردستان (حشع و حشك) نیزکبووم و دواتر ھەندێكیان بوون بە پارتیی كاری سەربەخۆ، لەو بارەوە خەریكی بۆچوونگۆڕینەوە و پەیوەندی تەنگاوتەنگ بووین، لەو كاتەدا ھاوڕێ ھیوا كەریم (كەركووكی) ھات و گوتی “جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەكە خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆن، وەرە با ئێمەش بڕۆین”، من گوتم بمبوورە، خەریكی گفتوگۆکردنین و ئەمەیان گرنگترە.

ئەو ڕۆژانە، شتێك بووبووە مۆدێل و لە كۆتایی ھەموو مەراسیمێكدا كۆمەڵێك لە ئەوانەی كە ڕۆڵی “حازرخۆری سفرەدڕ”یان دەبینی و لە ئەنجامدانی كاروبارەكانی وەك پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازكردن و ئامادەكاری ھونەریی و پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆڵێكیان نەبوو و تەنانەت ماڵەكانیشیان لە ئێمەی ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی كۆببوونەوە و مەراسیمەكان بە قات و بۆیباخە گرانبەھاكانیانەوە دەردەكەوتن، لە كۆتایی فیلمی مەراسیمەكاندا، خەیكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤێدیۆ دەبوون. ئێمە كە زۆربەی كارەكانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی كات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی گروپە ئیسلامییەكان و ئاساییش و میلیشیای پارتییەكان دەبووینەوە، هیچ ئاگامان لە ھۆكاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی ھۆڵەكان نەبوو و نەماندەزانی بۆچی ئەوان ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن. بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی مەراسیمەكان بۆ ئێمەش دەركەوت… .

ئۆكتۆبەری ١٩٩٣ كاتێك كە بەرەو توركیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەك ھاوڕێیەكی خەڵكی سلێمانی (ئامانج) گەییشتینە ئانكارا، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە، كە ھێشتا ئەو ئەندامی پارتیی تازە دروستكراوبوو، ئەندامانی (حككع) بەدیاریكراوی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئەو پارتییە، كە پێشتریش لێپرسراوی پەیوەندی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانكارا، پەزیراییەكی زۆرگەرمییان لە ئێمە كرد، كە دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و لێپرسراوەكە لە سەردەمی ڕەوتی كۆمونیست، مەبەستم ئەوەیە، كە من پێش پێكھاتنی ئەو (حككع) ھەم لە وەڵامی نامەكەی مەنسووری حیكمەت و ھەم لەنێو نامەیەكی ١٨ لاپەڕەیی جیاوازیی خۆم لەتەك ئەو پارتییە پێشنیاركراوە لەو سێ ڕێكخراوەی پێشوو، ڕاگەیاندبوو، [ لەو بارەیەشەوە لە شوێنی دیكەدا دەچمە سەر جیاوازییەكان و ھۆكاری وازھێنانی من و نەچوونە نێو رێزەكانی ئەو پارتییە دەخەمەڕوو].

بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم، نەكا خۆی ناڕازیبێت] گوتی “هیچ وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنی مەراسیمەكانتان لەتەك خۆتاندا ھێناون؟” منیش یەكسەر پرسیم، بۆچی؟ لە وەڵامدا گوتی ” لێرە زۆر بەكەڵكن، ئەو ھاوڕێیانەی كە تا ئێستا ھاتوون، ئەو شتانەیان داون و سوودیان لە ئەوانە وەرگرتووە، مەگەر بە ئێوەیان نەگوتووە، خۆ فڵانەكەس (… لێرەدا ناوەكان نانووسم، چونكە نامەوێت شتەكان تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزێن) ئەوە دەزانێت؟”، منیش گوتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو شتانە نین و ئێمە هەرگیز قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە، بەڵام بەخۆت نازانیت، فڵانەكەس بەرانبەر من، ھەموو ناكۆكییەكی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزاندووە. ئیدی لەو ساتەدا من وەك ئەكتەری فیلمێكی ھیندی، ھەموو شتەكانم بەیادھاتنەوە و بۆ من دەركەوت، بۆچی قارەمانانی پشت ھۆڵ ھێندە ھەڵبەی وێنەگرتن و ڤیدێۆگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەكانیان بوون و زۆریان بەلاوە مەبەستبوو! [لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە، تەنیا لادانی دەمامكەکانە لە ڕووی ھەوڵی كەسانێك، كە ھەم ڕێگربوون و ھەم لەسەر پرسەكان سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی و كەسییان بۆ خۆیان دەكرد.

ئێستا پاش نزیكەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە، لە ئەزموونەكانی خۆم لە مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و مەراسیمەكانی دیكە و بەراوردکردنی ھەڵوێست و دەربرین و كاركرد و بیركردنەوە و ھەوڵی چالاكەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن، ئەم شتانە لەلای من لەلای گەڵاڵەدەبن :

– ھاوڕێیانێكی ژن، كە ئەو كات چالاك و دەركەوتە بوون، بێجگە لە یەك دوو كەسیان، كە لە پاش دروستبوونی (رێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان) كەوتنە ھەوڵی خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆڵی بەرپرسو پێگەخوازیی، ئەوانی دیكە، بەتایبەت ئەوانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣ لە ھەولێر ناومھێناون، كەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و بۆ ئەوان ھیچ گرنگنەبوو، ناویان ھەبێت یا نا.

– گیانی ھاریكاری و ھاوتێکۆشانیی و ھاوڕێیەتی بەسەر ھەمووان باڵیكێشابوو و زۆرێك تەنانەت خۆیان لەبیركردبوو، ھەرچەندە وەك گوتم ئەو خۆلەبیركردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەكەدا لەلایەن كەسانی پێگەخواز و ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری كەسیی و ڕامیاریی لەسەر دەكرا.

– بەداخەوە ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووی ناچارییە و ئەركی مێژوویی ھەر یەكە لە ئێمەیە بەرانبەر بە نەوەكانی داھاتوو، كە بە ئەوان ڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی ٨ی مارچ بۆ ژنانێكی توشبوو بە نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، بووە بە ڕۆژێك بۆ خۆنواندن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و ئارەزووی خۆیان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر تێکۆشانی ڕەوای ژنانی ئازادیخواز. لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانەی منیش ھەر بەو ئامانجەیە، ژنانێكی چالاك، كە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و ڕۆژەكانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەكان و نەبوونی و ھەزار و یەك دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووكایەتی خێزانەكانیان، دەنگیان بەڕووی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا ئامادەی گیانبەخشین بوون، بیانھێنمە قسە، تاكو بە ژنانێكی دەسەڵاتخوازی ڕەدوكەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن ” شێواندنی مێژوو بەسە، دەمتان داخەن و بڕۆن خەریكی ڕامیاركردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی كەسیی خۆتان بن، بەرۆكی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو ئازادی کۆمەڵ و جیھانێكی یەكسان و دادپەوەر، بەردەن!”

دوا ڕستە، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان، بەتایبەت ئەوانەی كە من ناومھێناون، ئەگەر ھەڵەیەك لە ناوەكانیاندا ھەیە، ئەگەر ھەڵەیەكم لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و ئەگەر كەسێك ئاوای دەبینێت، کە من خواستوومە مێژوو بشێوێنم، با ئەو دەربەستانە و بە بەرپرسیاریی مێژووییەوە خامەكەی بەدەستەوەبگرێت و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەكانی من ڕاستبكاتەوە. چونكە بۆ من یەك شت بنەمای كار و ھاندەرمە، ئەگەر ئێمە چالاكانی ئەو ڕۆژگارە و ئەم ڕۆژیش، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیركراو و تاڕادەیەك شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد، كە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەكانی ئەم ڕۆژ و داھاتووشن، ھەڵنەستین، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین، چونكە كەم نین ئەوانەی كە خەریكن لەسەر بێدەنگەكردنی ئێمە، سەرمایەگوزاری ڕامیاریی دەكەن! ھەروەھا بە بۆچوونی من، ڕزگاریی ژنیش وەك ڕزگاریی ھەر تاكێكی دیكە، تەنیا بە خۆبیركردنەوە و خۆرێكخستن و خۆھوشیاریی و خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە ڕەوتی بزووتنەوە كۆمەڵاتییەكانی دژی نایەكسانی و نادادوەرییدا ئەگەری بەدیهاتنی هەیە ، ھەر بەو شێوەی، كە ڕزگاری ھەر مرۆڤێك لە گرەوی تێکۆشان و دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی!

______________________________
* مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی ماركسیزم، ئەوەیە، كە زۆرینەی سۆشیالیستخوازەكانی ئەو كات و كۆمونیستەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بەو جۆرە لە كۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن، كە دۆزینەوە و داهێنان و بیردۆزیی (كارل ماركس) بێت و پاشرەوانی ئەو ئەو ئایدیالیزمەیان پەرەپێداوە و ئاوای دەبینن کە دەبێت کۆمەڵ لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزانە بەرەو كۆمونیزم بڕوات، ھەروەك چۆن لە ئایینەكاندا سەرەتا ھۆش (یەزدان) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت، واتە لە ھۆشەوە مادە و كردار و گۆڕان دەستپێدەكەن. ڕێك بە پێچەوانەی ئەوەوە، كە مێژووی نیشانیدەدات، ھزری كۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەكاندا ھەبووە و تێکۆشان و ئەندیشەی تاك و كۆمەڵە یەكسانیخوازەكان مامانی لەدایكبوونییەتی، قسەكەرانی ئەو بزووتنەوەیە، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەكەی و پێداچوونەوەی ئەزموونەكانی.

** دەزانم لەتەك خوێندنەوەی یەكەم دێری یادەوەرییەكانی من، ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروستدەبێت، مەگەر تۆش خەریكی ئەوە نیت، خۆت بناسێنێت؟ لەوەڵامدا تەنیا دەتوانم بڵیم، نەخێر، چونكە؛ یەكەم وەك كەسایەتی خۆم بە سوپەر-مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆكەی ڕابەرایەتی بكەم، دووەم، دوو شت بوون بە ھاندەری نووسینەوەی ئەو یاداوەرییانەی خۆم، ئەوەی كە ژنان و پیاوانێك پەیدابوون، خەریكن تاوانی كۆمەڵێك ژنكوژ كە بڕواناكەم لە ئاستی کۆمەڵدا ڕێژەیان بكاتە لە سەدا یەكی ھەژماری پیاوان، بەسەر شانی زۆربەی پیاواندا دەدەن، كە من بۆ خۆم بەگوێرەی ناسینی نزیكم لە زۆرێك لەو ژنانە، كەسانیكن، كە بەخۆیان ئەزموونێكی تاڵ یا شكستخواردووی ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەكانیش كەسانێكن، كە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بكەن. لێرەدا نە مەبەستم ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەكسانیخواز، بەڵكو ئەوانەن، كە یەكەم تاوانی كەمینەیەكی ھەرە كەمی پیاوان بەسەر شانی ھەموو پیاواندا دەدەن و دووەم، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی لە ژنان، لە ستەم و ھەڵاواردنی ئابووریی و كولتووریی و ڕامیارییەوە، بكەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان، كە بەوەش دەیانەوێت لاقی كولتووری بۆگەنكردووی “نەتەوە”كەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەریی بۆرجوازی “نەتەوە”كەیان لەو لیتاوەدا دەربكێسن، كە بۆ ژنانی كوردستان خەستکراوەتەوە.

*** مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێكخراوەكەی دیكە، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانە لە مەراسیمی ٨ی مارچ، كە دەیانەوێت بیكەنە ڕۆژی پاگەندەکردن بۆ خۆیان، بەڵام ئێمە ئەندامانی خوارەوە، زۆر لەو شتە نائاگابووین و وەك سەربازێكی نائاگا “فی سبیل اللە” خزمەتمان بە ڕابەربوون و حەزە كەسییەكانی ئەندامانی سەرەوەی ڕێکخراوەکانی خۆمان دەكرد.

کاتێك کە مارکس یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە

ڕێنە بێرتیە

و. لە فارسییەوە هەژێن

 

گوتنی ئەوەی کە مانیفێست “یەکەمین گڕکانی پڕۆلیتێری وەك هێزێکی ڕامیاریی سەربەخۆ”یە زیادەڕۆییەکی ئایدیالیستییە. بڵاوکردنەوەی مانیفێست لە بارێکدا کە هێشتا نێوەڕۆکەکەی وشكنەبووبوو، لە ئاڵمانیا شۆڕشی ١٨٤٨ دەستیپێکرد، لەتەك پشتگوێخراویی گشتی ڕووبەڕووبوو، نووسەرەکانی ناچارکرد هەرچی دەتوانن ئەنجامیبدەن، تاوەکو ئەو نووسینە بڵاوببێتەوە. ئەو پرسە مارکس بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکەمین پارتی کۆمونیستی مێژوو و دواتر دەرکرانی خۆی برد.

 

ساڵی ١٨٤٨ : قوربانیکردنی پارتیی

شۆڕشی ١٨٤٨ ئاڵمانیا بە مارکس مۆڵەتیدا، تاوەکو ئاستی تێگەییشتنی خۆی تاقیبکاتەوە. بەڵام لە هەمان سەرەتای شۆڕش، مارکس و ئینگلس هەوڵیاندا، تاکو بە بچووك نیشاندانی گرنگیی ئەو، بەر بەپێکهاتنی بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاریی بگرن. ڕووداوەکان نیشاندەدەن، کە هەموو شۆڕشەکان بە سروشوەرگرتن لە شۆڕشی فەرەنسە بە ڕێگەیەکدا بڕۆن، کە هەوڵی خۆیان لە پێکهاتنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی ڕزگاربوو لە دیکتاتۆریی چڕبکەنەوە. بۆرجوازی دەبوو سەرەتا بۆ ئاوا مەبەستێك دەسەڵات بگرێتەدەست. ئاساییە کە ئەگەر ئەوە بۆرجوازی بێت کە دەبێت دەسەڵات بگرێت، تاوەکو مەرجەکان بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی کۆتایین ئامادەببن، دەبێت پڕۆلیتاریا داخوازییەکان و بەرنامەی خۆی بخاتە لاوە و لە پاڵ بۆرجوازی لیبڕاڵ بۆ یاسایەکی بنەڕەتی و ئازادییە دێمۆکراتییەکان تێبکۆشێت.

 

سەرەتای شۆڕشی ١٨٤٨ ڕێڕەوی مارکس و ئەنگلس لەسەر بنەمای بەرگرتن لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاریی سەربەخۆ جێگیربوو، کە بە تێڕوانینی ئەوان دەیتوانی بە داخوازییە ڕادیکاڵەکانی بۆرجوازی لیبراڵ بترسێنێت، لەبەرئەوە مارکس و ئەنگلس یەکێتی پڕۆلیتاریایان لەتەك بۆرجوازی پێشنیارکرد. ئەنگلس زۆر نیگەران بوو، کە پلاتفۆرمی حەڤدە خاڵیی یەکێتی کۆمونیستەکان بڵاوببێتەوە. ئەو پلاتفۆڕمە کە ناوی “داخوازییەکانی پارتیی کۆمونیست لە ئاڵمانیا” بوو، ڕاستەوخۆ لە مانیفێستی کۆمونیست وەرگیرابوو، مانیفێستێك کە یەکێتی کۆمونیستەکان وەك بەرنامە خوازیاری جێگیرکردنی بوو. بەڵام ئەو بەرنامەیە پاش ئامادەکردنی زۆر ڕادیکاڵانە هەڵسەنگێندرا، لەبەرئەوە ئەنگلس خەریکی کۆکردنەوەی کۆمەکی دراویی بۆرجوا لیبڕاڵەکان بوو بۆ ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ.

 

ئەنگلس لە نامەیەکدا بۆ مارکس نووسی [١] “ئەگەر یەك کۆپی لە بەرنامەی حەڤدە خاڵیی ئێمە لێرە بڵاوببێتەوە، ئێمە هەموو شت لەدەستدەدەین.” لەو سەردەمەدا بوو کە ئەنگلس لەبارەی ترسی خۆی لە پەرەسەندنی بزووتنەکانی کرێکارانی ڕستن نووسی، کە دەتوانێت هەموو شتێك تێکبدات. ئەو نووسی “کرێکاران کەمێك کەوتوونەتە بزووتن، هەرچەندە بزووتنەکانی ئەوان سەرەتایین، بەڵام هەژماریان زۆرە. کرێکاران دەستبەجێ کەوتوونەتە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان. بەڕێکەوت ئەوە پرسێکە کە هەنگاوەکانی ئێمە ناکارادەکات…” [٢]

دروست خوێندوومانەتەوە : کرێکاران “کەوتوونەتە بزووتن”؛ هەژماری بزووتنەکان “زۆر”ە؛ ئەوان ” کۆمەڵە هاوپەیمانییەکیان” پێکهێناون’ “ئەوە بەڕێکەوت پرسێکە کە هەنگاوەکانی ئێمە ناکارادەکات…” لە هەر بارێکدا هێشتا مەرەکەبی مانیفێست وشکنەبووبووەوە، کە نووسەرانی بەهۆی ڕێڕەوێك بڕیاریاندا لە بەرنامەی خۆیان چاوپۆشیبکەن. ماوەیەکی زۆری نەبرد، کە نووسەرانی مانیفێست بەخۆیان دژەخوونییان لە نێوەڕۆکەکەی کرد و لەوانە لەو بەشەی “کۆمونیستەکان بڕوا و بەرنامەیان ناشارنەوە. ئەوان بە ئاشکرا ڕایدەگەیێنن، کە بەبێ ڕوخانی توندوتیژانەی سیستەمی پێشوو، ناتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن. چینە سەروەرەکان دەبێت لە ترسی شۆڕشی کۆمونیستی بلەرزن! پڕۆلیتێرەکان لەم شۆڕشەدا بێجگە لە زنجیرەکانیان، شتێکیان نییە لەدەستیبدەن. ئەوان جیهانێك بەدەستدێنن.” مارکس و ئەنگلس ئەو تێگەییشتنانەیان لە “دۆزراوەیەکی” تازە بەدەستهاتوو دەرهێنا، کە لە ئایدیۆلۆجیای ئاڵمانی ١٨٤٦ و “ڕەخنەی مۆڕاڵیی و مۆڕاڵی ڕەخنە” [٣] شوێنپێی هەیە. ئەو “دۆزراوە” دواتر بە “ماتریالیزمی مێژوویی” ناودەنرێت، بەڵام بە زۆری لەبیردەکرێت بگوترێت، کە مارکس هەرگیز ئەو واژەیەی بۆ “شێوازی” خۆی بەکارنەبرد.[٤] ئەم دوو هاوەڵە نووسەرە بە سروشوەرگرتن لە مێژوونووسانی بەشێك لە مێژووی فەرەنسەی نێوان ٦ی ئەپڕیلی ١٨١٤ تا ٢٩ی جولای ١٨٣٠ [٥] بەو سەرەنجامە گەییشتن، کە دەبێت پڕۆلیتاریا پێش شۆڕشی خۆی، بە بۆرجوازی بواربدات تا شۆڕشبکات. لێرەوە تا گوتنی ئەوەی کە دەبێت پڕۆلیتاریا یارمەتی بۆرجوازی بدات، تاکو شۆڕشەکەی بەرەو سەرکەوتن ڕابەرییبکات یەك هەنگاو مابوو.[٦]

 

گشت ئەوانە بە ڕۆشنی لەنێو “ڕەخنەی مۆڕاڵی و مۆڕاڵی ڕەخنە” نووسراون. مارکس باوەڕی ئاوا بوو، کە بۆرجوازی لە ئاڵمانیا دواکەوتووە، لەبەرئەوەی کە “هەوڵدەدات دژی پاشایەتی بێچەندوچوون تێبکۆشێت و لە سەردەمێکدا دەسەڵاتداریی خۆی بهێنێتەدی، کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆرجوازی جەنگی توندوتیژی خۆی دژی چینی کرێکار دەستپێکردووە.” مارکس درێژەی دەداتێ “لەم وڵاتەدا دوژمنایەتی تازە لەنێوان بۆرجوازی و چینی کرێکار بوونی هەیە'” لێرەوەیە کە “بار و دۆخی ناکۆك” بوونی هەیە، لەبەرئەوەی کە ڕژێمی ڕامیاریی زاڵ پاشایەتییەکی بێچەندوچوونە. ئەڵتەرناتیڤێك کە خۆی پێشنیاردەکات زۆر سادەیە، یا پاڕاستنی پاشایەتیی بێچەندوچوون یا دەسەڵاتداریی بۆرجوازی. مارکس دەپرسێت “بۆچی زەحمەتکێشان ئەشکەنجەی توندی پاشایەتیی بێچەندوچوونی پاشکۆی نیوە فیئۆداڵی باشتر لە دەسەڵاتداریی ڕاستەوخۆی بۆرجوازی دەبینێت؟” ئەگەر بۆرجوازی بیتوانێت سەربکەوێت، ناچار دەبێت بەرتەریی ڕامیاریی فراوانتر پەسەندبکات. ئەنجامی ئەوەی کە دەبێت پشتیوانی لە بۆرجوازی بکرێت. لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی مارکس “بۆرجوازی لەپێناو بازرگانی و پیشەسازی خۆی بە پێچەوانەوەی ئارەزووی خۆی، هەل و مەرجی گونجاو بۆ یەکێتی چینی زەحمەتکێش بەدیدەهێنێت و ئەو یەكێتییە یەکەمین مەرجی سەرکەوتنی زەحمەتکێشانە.”

 

مارکس و ئەنگلس ئەندامی یەکێتی کۆمونیستەکان بوون. یەکێتی کۆمونیستەکان ڕێکخراوێکی گچکە بوو، کە دەتوانرێت بە توخمی پارتیی کۆمونیست بزانرێت. بەرنامەی یەکێتی کۆمونیستەکان ناوی “داخوازییەکانی پارتیی کۆمونیست” بوو، پێکهێنانی کۆماری، چەکدارکردنی خەڵك، سەندنەوەی دارایی زمینە کشتوکاڵییەکان بەشێك بوون لە ئەو.

 

مانگی ئایاری ١٨٤٨ لە کۆڵن/ئاڵمانیا کۆبوونەوەیەك کرا. چوار ئەندامی کۆمیتەی نێوەندیی یەکێتی کۆمونیستەکان، لەوانە مارکس و ئەنگلس و پێنج ئەندامی ڕێکخستنی شاری کۆڵن لەنێو ئەو کۆبوونەوە بەشداربوون. مارکس لەنێو یەکێتی کۆمونیستەکان لە کەمایەتیدا بوو. ئەو بە خراپ بەکاربردنی ئەو دەسەڵاتانەی بە ئەو دراوبوون، یەکێتی کۆمونیستەکانی هەڵوەشاندەوە. ئەو تەنانەت لە فێبریوەری ١٨٤٩ ڕێگریی لە یەكێتی کۆمونیستەکان کرد. پاشان ئەو بە ئەنجومەنی دێمۆکراتی کۆڵن پەیوەستبوو، کە ڕێکخراوێك بوو ئەندامەکانی بۆرجوا لیبڕاڵەکان بوون. لەوێدا بوو کە مارکس بەڕێوەبەریی ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ بەدەستەوەگرت، کە بڵاوکراوەی لیبڕاڵەکان بوو. مارکس کە بەرنامە و ڕێکخراوی پڕۆلیتیریی یەکێتی کۆمونیستەکانی لەنێوبردبوو، لەو ئەنجومەنەدا هەوڵیدا هوشیاریی چینایەتی بۆرجوازی هەڵخرێنێت، تاکو سەرەنجام ئەو چینە بتوانێت شۆڕشێكی وەك شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ فەرەنسە لە ئاڵمانیا بگەیێنێتە جێی خۆی. [٧]

 

مارکس بە کەڵكوەرگرتن لە ئامرازی بیرۆکراتیك و لە سەروبەندی شۆڕشدا یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە، لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی هەندێك لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، مارکس “بڕوای ئاوا بوو، کە چیدیکە یەکێتی کۆمونیستەکان پێویست نییە هەبێت، چونکە بووە بە شتێکی پاگەندەیی و بە کەڵکی بار و دۆخی هەنووکەیی نایێت. مارکس ئاوای دەبینی هەل و مەرجی تازەی ئازادی چاپەمەنی و پاگەندە بواری دەدا، کە بەبێ ئەوەی

پێویست بە ڕێکخراوێکی نهێنی هەبێت، نووسین و پاگەندەکان دەتوانن ئازادانە بڵاوببنەوە ” [٨]

 

مارکس و ئەنگلس لەبارەی پێداویستی ڕێکخراوێك یا ڕێکخراوێکی نهێنی یا ڕێکخراوێکی پاگەندەیی، بڕوایان ئاوا بوو، لەو سەردەمەدا بیر لە پارتییەك وەك ڕێکخەری بزووتنەوەی کرێکاری ناکەنەوە. بە واتایەکی دیکە لە تێروانینی ئەواندا لە کۆمەڵێکدا کە ئازادی چاپەمەنی و پاگەندە بوونیی هەیە، ئیدی پێویست بە پارتیی کۆمونیست نییە! ئەوە تێڕوانێنێك بوو کە مارکس ساڵی ١٨٤٨ لەبارەی پارتیی چینی کرێکار هەیبوو! هەنووکە ئێمە باشتر ئەوە دەبینین، کە بۆچی لەو سەردەمەدا ڕێكخراوێکی هەرچەندە گچکەش بێت بە هەبوونی ئەندامانی چالاك [ئەوەی کە دواتر باکونین ئەنجامیدا] بۆ مارکس کەڵکی نەبوو و بە “ڕێکخراوی نهێنی” هەڵیدسەنگاند، کە پێویست نییە هەبێت.

 

وێڕای ئەوە کاتێك کە نووسینەکەی ئەنگلس بەناوی “چەند واژەیەك لەبارەی کورتە مێژووی یەکێتی کۆمونیستەکان” دەخوێنینەوە، کارێك کە ئەنگلس چەند ساڵ دواتر ساڵی ١٨٩٠ نووسی، دەبینین کە نووسیویەتی “یەکێتی کۆمونیستەکان بەڕادەیەكی زۆر خێرا گەشەیکرد.” ئەو بە درێژیی چالاکییەکانی یەکێتی کۆمونیستەکان دەخاتەڕوو. لەبارەی شێوازی ئەندامگیریی و ڕێگەکانی جێکەوتەبوونی یەکێتی کۆمونیستەکان لە گشت وڵاتانی ئەوروپای باکووریی دەنووسێتەوە. پاشان ئەنگلس ئەم خاڵە ڕۆشندەکاتەوە، کاتێك کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان قەدەخەکران، یەکێتی کۆمونیستەکان چۆن بە سوودوەرگرتن لە یانەکانی وەرزش و گۆڕانیگوتن، پەیوەندییەکانی خۆی لە “کۆمونە” جۆراوجۆرەکانی ئەندامانی ڕێکخراودا پاراست. کورتەی ئەوەی کە ئەنگلس دەینووسێت “یەکێتی کۆمونیستەکان زۆر فراوان بووەوە”! کاتێك کە “هەژمارێك زۆر لە یەکینەکانی” یەکێتی کۆمونیستەکان لە ئاڵمانیا بەهۆی هەل و مەرجی دژوار هەڵدەوەشێندرانەوە، لە جێگەیەکی دیکە یەکینەی دیکەی فرە ئەندامتر دروستدەکرانەوە.

 

شایانی سەرسوڕمانێکی زۆرە، کە مارکس ئاوا ڕێکخراوێكی پڕ بزووتن هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا کە ئەنگلس بە “فێرگەی باڵای هەنگاوی شۆڕشگێرانە” ناویدەبات!

 

تێڕوانینێك کە مارکس و ئەنگلس، بۆ ئەوەی کە وەك باڵی چەپی پارتیی دێمۆکرات چالاکیبکەن، بەگەڕانەوە بۆ ڕابوردوو سەرسوڕهێنەردەبێت. فێرناندۆ کلۆدن دەنووسێت “هیچ بەڵگەیەكی بڕواپێکراو بوونی نییە، کە تێیدا مارکس و ئەنگلس هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو ڕێگەیە ڕۆشنبکەنەوە.”[٩]

 

لەو بارەوە شێوازی کاری مارکس و ئەنگلس زیاتر و زیاتر ناڕۆشنتر دەبێت، کاتێك سەرنجی ئەو بابەتە بدرێت، کە پاساوێك بۆ بڕواکردن بە بۆرجوازی ئاڵمانیا بوونی نەبوو، نیشانیبدات دەتوانێت وەك هاوچینەکەی لە شۆڕشی ١٧٨٩ فەرەنسە سەرکەوتووبێت. مارکس و ئەنگلس دەنووسن “بۆرجوازە ڕادیکاڵەکانی کۆڵن ئێمە بە دوژمنی بنەڕەتیی خۆیان دەزانن و ناخوازن ئەو چەکانە بە ئێمە بدەن، کە ، دەتوانین بەخێرایی دژی خۆیان بەکاریانبەرین”! [١٠]

 

باکونین ئەوە پەسەنددەکات، کە لە ئاڵمانیا “پرسی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگەی ناڕۆشنەوە زۆر دژوار لەسەر ویژدانی پڕۆلیتاریا هەژموون دادەنێت. ” لە درێژەیدا دەڵێت، پرسی کۆمەڵایەتیی “ناتوانێت پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا لە دێمۆکراتەکان جیابکاتەوە.” هەر ئاوا باکونین بەردوامدەبێت و دەڵێت “کرێکاران بەبێ دوودڵیی دەتوانن لە دێمۆکراتەکان پێشبکەون، بە مەرجێك کە ئەوان بهێڵن کە کرێکاران درێژە بە تێکۆشانیان بدەن”.[١١] باکونین ددان بە نائامادەیی پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا دەنێت. پاشان ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە ناکۆکی مارکس و ئەنگلس لەتەك باکونین زیاتر ناکۆکییەکی بەرنامەیی بێت تاکو جیاوازیی لێکدانەوە.

 

باکونین بە ئەزموونگیریی لە شۆڕشی ١٨٤٨ و کاتێك کە ئیدی بووبووە ئەنارکیست، ئەم ئەنجامگیرییەی کرد : یەکەم، هەموو کات یەکێتی پڕۆلیتاریا و بۆرجوازی ڕادیکاڵ دەبێتە هۆی پەسەندکردنی بەرنامەی بۆرجوازی لەلایەن زەحمەتکێشان؛ دووەم، ئەزموونی کردەیی تێکۆشان باشترین خێراکەری هوشیاریی کرێکارییە.

 

مارکس و ئەنگلس باوەڕیان ئاوا بوو، جێگیرکردنی ئازادییە دێمۆکراتییەکان و بەتایبەت مافی دەنگدانی گشتی سەرەتا و مەرجی سەرهەڵدانی هەژموونی چینی کرێکارە. سەراپای پەیڕەوی مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەو بنەمایە بوو، کاتێك مافی دەنگدانی گشتی بێتەدی، لەوێوە کە چینی کرێکار زۆرینەیە، کەواتە دەتوانرێت دەسەڵات بەدەستبهێنێت، بەو جۆرەی کە لەنێو مانیفێست ئاماژەی پێدراوە، چینی کرێکار لەو سەردەمەدا دەتوانێت لەپێناو “هەڵخراندنی خۆیی” لەسەر بەرتەرییە بۆرجوازییەکان کاربکات. لە ئێستادا بەئاسانی بۆ ئێمە دەردەکەوێت، کە خۆشباوەڕییە سۆشیالیستییەکانی ئەو سەردەمە تا چ ڕادەیەك فراوان بوون.

 

ئەنگلس پاش ماوەیەك نووسی، کە ساڵی ١٨٤٨یەکێتی کۆمونیستەکان “پێکهاتەیەکی زۆر لاواز” بوو. لە درێژەدا دەڵێت “لە ساتێکدا کە هۆکاری نهێنیبوونی یەکێتییەك لەئارادانەبوو، ئەم ڕێکخراوە چیتر نەیدەتوانی وەك ڕێکخراوێکی نهێنی بەردەوامی بەکارەکانی بدات.”[١٢] ئەنگلس باوەڕی ئاوا بوو، کە “پڕۆلیتاریا ئامادەیی بۆ خۆڕێکخستنی خۆی” نییە، بەهۆی ئەوەی کە بۆ دەرکردنی “ناکۆکی قوڵی نێوان بەرژەوەندی خۆی لەتەك بەرژەوەندی بۆرجوازی” سەرگەردانە. ئەنگلس دەیگوت، پڕۆلیتاریا هەست بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی ناکات، کەواتە “بە کردەوە زۆرینەی کرێکاران ناچارن ببنە/ بۆ باڵی چەپی بۆرجوازی” بگۆڕدرێن. [١٣]

 

ئەو تێڕوانینەی ئەنگلس کە ساڵی ١٨٩٣ لەبارەی شۆڕشی ١٨٤٨ نووسی “ئەم شۆڕشە لە هەموو شوێنێك سەرەنجامی هەوڵەکانی چینی کرێکار” بوو.[١٤] بەواتایەکی دیکە ئەنگلس ساڵی ١٨٩٣ لەبارەی شۆڕشی ١٨٤٨ نووسینێکی ناکۆك بە نووسینەکەی ساڵی ١٨٨٥خۆی بڵاوکردەوە.

 

قوربانیکردنی بەرنامە و پارتیی چینی کرێکار لەپێناو یەکێتییەك لەتەك بۆرجوا لیبڕاڵەکان، بەو تێڕوانینە مارکسیستییە پشتئەستوورە، کە هەڵكشانی مێژوویی و بەرەوپێشچوونی مێژوو قۆناخبەندیی تێدان و دەبێت تێپەڕێندرێن. باکونین بەتەواوەتی لەتەك بۆچوونی مارکس ئاشنابوو. بەبێ گومان لەبەر ئەو هۆیە بوو، کە باکونین دواتر بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی کاردانەوەی مارکس بەرانبەر شۆڕشی ١٨٤٨، ناکۆکی خۆی لەتەك تیئۆری قۆناخبەندیی پێگەیینی شێوەکانی بەرهەمهێنان ڕاگەیاند. ناکۆکیی باکونین لەبەرئەوە نەبوو، کە ئەو تیئۆرییە هەڵەیە، بەڵکو لەبەرئەوە بوو، کە ئەو تیئۆرییە سەرنجڕاکێشیییەکی ڕێژەیی هەبوو و بەکردەوە سەری لە هاوپەیمانییە ڕامیارییە ناپەسەندەکان دەردەچوو. شایانی ئاماژەیە، بۆلشەڤیکەکان لە کاتێکدا کەوتنە شۆڕش، کە لەتەك قۆناخبەندیی شێوازەکانی بەرهەمهێنان ناکۆك بوون. سۆشیالیستەکانی دیکەی ڕوسی بڕوایان بە ئەوە بوو، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پڕۆلیتاریا تەنیا لە سەدا سێی ٣%ی دانیشتووانی پێکدەهێنا، دەبێت ڕوسیە بە قۆناخی دێمۆکراسی بۆرجوازی و جێگیربوونی ئابووری سەرمایەداریی تێپەڕێت، تاوەکو دواتر بە شۆڕشی پڕۆلیتێریی بگات.

 

باکونین ساڵی ١٨٥٠ لەسەر ئەو پرسە پێداگرییکرد، کە لە ئاڵمانیا چارەنووسی هەژمارێکی زۆری کارگەکان و کرێکارانی پیشەسازی بەستراوە بە “بە وەرگۆڕانیان بە لەشکری پاگەندەی دێمۆکراسی”. باکونین ساڵی ١٨٧٤ دەیگوت، کە پڕۆلیتاریای شارەکان بەشێکن لە تازەترین شۆڕشگێڕان. ئەو سەلماندی کە ” ساڵی ١٨٤٨لە بەرلین و ڤییەنا و فرانکفۆرت و ساڵی ١٨٤٩ لە درێسدن و هانۆڤەر و بادن، پڕۆلیتاریا دەیتوانی سەربەخۆ ڕاپەڕێت و توانایی پەسەندکردنی ڕابەریی هۆشمەندی بزووتنەوەکەی هەبوو.”[١٥] باکونین لە ئەزموونەوە قسەدەکات. ئەو شۆڕشگێڕە ڕوسە لە کاتێکدا کە مارکس خەریکی داچڵەکاندنی هوشیاریی چینایەتی بۆرجوازی لیبراڵ بوو، ئەو یەکێك بوو لە ڕەسەنترین ڕابەرانی ڕاپەڕینی درێسدن و دەیتوانی بە کردەوە قسە هەڵسەنگێنێت. ئەنگلس ڕێز بۆ باکونین دادەنێت و لەو بارەو دەنووسێت “ڕووبەڕووبوونەوە شەقامییەکان لە درێسدن چوار ڕۆژ بەردەوام بوون. وردەبۆرجوازیییەکانی درێسدن -“گاردی میلی”- نەك هەر لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا بەشدارنەبوون، بەڵکو دژی ڕاپەڕیوان کۆمەکی بەرەوپێشچوونی هێزە سەرکەوتگەرەکانیان کرد. ڕاپەڕیوان بەگشتی کرێکارانی ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەر بوون. ئەوان توانیان ڕاپەڕینی خۆیان بە ڕابەریی هێمنانەی پەنابەرێکی ڕوس بەناوی میخائیل باکونین ئەنجامبدەن، کە دواتر دەستگیر و زیندانیکرا …. ” [باکونین و ئەوانی دیکە – نووسینی ئارتۆر لینگ- چاپەمەنی ١٨/١٠- لاپەڕەی ١٧٠]

 

باکونین لەوەی کە ویستی “بێگەردیی شۆڕشگێرانە یا گۆڕانی کۆمەڵایەتی” نەیتوانی بەس بێت و کرێکاران کەوتنە ژێر کارایی ڕاستەوخۆی بۆرجوا ڕادیکاڵەکان، داخداریی خۆی دەربڕی. ئەو ئەو بابەتەی ناونا “دێمۆکراسی زیادەڕەوانە”، واتە دێمۆکراسییەك کە مارکس دەیخواست بە داچڵەکاندنی هوشیاریی چینایەتی بۆرجوا لیبڕالەکان بەدیبهێنێت. ئەوە ڕەخنەگرتنی ئاشکرایە لە ڕێڕەوی مارکس لەو سەردەمەدا. ئەزموون نیشانیدا، کە تێروانینی باکونین لەبارەی پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا وەك هێزی کارای شۆڕشگێڕ، دروست بوو. بزووتنێکی شۆڕشگێڕانەی گرنگ لە ئاڵمانیا بوونی هەبوو و هەر ئەو بزووتنە بوو، کە بووە هۆی نیگەرانی ئەنگلس لەبارەی هەژماری زۆری کرێکارانی ڕستن و هەنگاوی سەربەخۆییانەی ئەوان.

 

ڤیلیش August n Willich و پزیشکێك بەناوی گۆشاڵك Andreas Gottschalk کە ئەندامی یەکێتی کۆمونیستەکان بوون لە شاری کۆڵن ڕێکخراوێكیان بەناوی ئەنجومەنی کرێکاری [١٦] پێکهێنا، کە لە سەدا دەی ١٠% دانیشتووانی ئەو شارەی ڕێکخراوکرد. بە پێچەوانەوەی ئەوەی کە ئەنگلس لەبارەی جێماویی بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمانیا دەیگوت، ئەو بزووتنەوە خۆی بە شێوەی چینایەتی لە ئەنجومەنێکی کرێکارییدا ڕیکخست، نەك لە پارتیییەکدا. گوتشاڵك بە پێچەوانەی شێوازەکانی ئەو ساتەی مارکس، بنەمایەك کە لەنێو مانیفێست هەبوو، بەکاریبرد، واتە لە “هیچ کاتێکدا” نابێت بەرانبەر “سەرهەڵدانی هوشیاری کرێکاران بە شێوازێکی ڕۆشن و لواو دژی ناکۆکی پڕۆلیتاریا و بۆرجوازی” کەمتەرخەمیی بکرێت و نابێت “تێروانین و بەرنامەکان بشاردرێنەوە.”

 

سێ سەد کرێکار و پیشەوەر لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کرێکاریی، کە ڕۆژی ١٣ی ئەپڕیلی ١٨٤٨ بەرپاکرا، بەشدارییانکرد. ڕۆژی ٢٤ی هەمان مانگ هەژماری بەشداربووان گەییشتە سێ (٣) هەزار کەس و کۆتایی مانگی جونی هەمان ساڵ هەژماری بەشداربووان گەییشتە هەشت هەزار کەس.[١٧] پاشان چەندین و چەند ئەنجومەنی دیکەی کرێکاریی وەك ئەوە بە هەبوونی سەدان هەزار ئەندام پێکهاتن. ئەو ئەنجومەنانە دواتر هەوڵیاندا بۆ یەکگرتنەوەی خۆیان لە ئاستی سەرتاسەری. سەلمێندراوە کە جێگەی خاڵی دەزگەیەك بۆ یەکپارچەکردنی داهێنانەکانی ئەنجومەنە کرێکارییەکان بە توندی هەستدەکرا.

 

کلۆدن دەنووسێت، مانگی ئەپڕیل تا مای “نامەکانی ئەندامانی کۆمیتەی نێوەندیی یەکێتی کۆمونیستەکان لەبارەی گەشەی بەرچاوی بزووتنەوەی لاوی کرێکاران و لەبارەی لاوازیی و نائامادەیی یەکێتی کۆمونیستەکان، دەگێڕنەوە.”

بە پێچەوانەی ئەوە کە ئەنگلس دەیگوت، ئەوە پڕۆلیتاریا نەبوو، کە لەبارەی “ئەنجامدانی ئەرکە مێژووییەکانی خۆی” هوشیارنەبوو، بەڵکو ئەوە ڕابەریی یەکێتی کۆمونیستەکان بەتایبەت مارکس و ئەنگلس بوون، کە لە پڕۆلیتاریا دوور بوون.[١٨] ستێفان بۆرن Stephan Born بۆ مارکس دەنووسێت، ئەو خۆی لە سەرووی “جۆرێك لە کۆبوونەوەی کرێکاریی” دەبینێت، کە “نوێنەرانی چەندین کارخانە و کار و پیشەن”، شتێك کە سەرسوڕهێنەرانە وەك سۆڤیەتە کرێکارییەکانن. پاشان ئەو لەبارەی بێسەرەوبەرەیی یەکێتی کۆمونیستەکان لە مارکس گلەییدەکات و دەنووسێت، کە لاوازی یەکێتی کۆمونیستەکان لە بارێکدایە، کە ئاوا بەرچاوناکەوێت چالاکانی بنکەیی/خوارەوەی پرشوبڵاوبن. مارکس ئەو پرسەی بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمونیستەکان چارەسەرکرد. بە هەر بارێکدا لەو سەردەمەدا دەکرا لە بزووتنەوەی ڕوو لە گەشەی پڕۆلیتاریا بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی و تەنانەت “دەسەڵاتگرتن” کەڵکوەربگیردرێت [هەرچەندە ئەو بزووتنەوەیە بیری لەوە نەدەکردەوە] یا بەلایەنی کەمەوە دەکرا بە پشتبەستن بە بزووتنەوەی پڕۆلیتیڕی ئەزموونێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی سەربەخۆ ئەنجامبدرێت.

 

سەرانی یەکێتی کۆمونیستەکان هەر وەك ڤیلیش و ماکسیمیلیان یۆزێف مۆڵ Maximilien Joseph Moll و کارڵ شاپەر Karl Schapper بەڕاستی باوەڕیان ئەوە بوو، شۆڕشێکی پڕۆلیتێریی لە بەرنامەدا هەیە، بەڵام مارکس و ئەنگلس بەپێچەوانەی ئەوانەوە بیریاندەکردەوە. ئەگەر لێکدانەوەی باری ئەو کات بەو تێڕوانینانە بەرتەسکبکەینەوە، دەردەکەوێت کە دەستەی یەکەم هەڵە بوون و بۆچوونی دەستەی دووەم دروست بووە. مارکس بڕوای ئاوا بوو، کە شۆڕشی ١٨٤٨ ئاڵمانیا کۆپی شۆڕشی ١٧٨٩ فەرەنسەیە و بەدیهاتنی یەکێتی نەتەوەیی/نیشتمانی ئاڵمانیا بۆ ڕزگاربوون لە فەرمانداریی بێچەندوچوون لە بەرنامەدایە. کاتێك کە دێسەمبەری ١٨٤٨ پارلەمانەکانی بەرلین و فرانکفۆرت لەنێوچوون و شۆڕش بەرەو نیشتنەوە چوو، تێڕوانینی مارکس بۆ پێگەی چینی کرێکار چوو و گوتی کە “بۆ خزمەتکردن” سەرۆکایەتی ئەنجومەنە کرێکارییەکان دەگرێتە ئەستۆ. مارکس چەند هەفتە پێش هەڵهاتن بەرەو فەرەنسە، دووبارە بە یەکێتی کۆمونیستەکان پەیوەستبووەوە، ڕێکخراوێك کە ئەو هەرچی لە توانایدا هەبوو، کردی تا لە سەردەمی شۆڕشدا کارایی نەبێت.

 

دەرکردنی مارکس لە یەکەمین پارتیی کۆمونیستیی مێژوو

کۆمونیستەکانی ئاڵمانیا لە مارکس و ئەنگس داخوازبوون، کە شتەکان بگێڕنەوە. دەقێکی سەرسوڕهێنەر بە تایتڵی نامەی کۆمیتەی نێوەندیی بۆ یەکێتی کۆمونیستەکان کە ساڵی ١٨٥٠ بڵاوبووەوە، ئەو داخوازییەی سەرەوەی تێدا هاتووە. شێوازی پاساوهێنانەوەی مارکس و ناڕاستگۆیی هەندێك لە لێکدەرەوانی مارکسیست بووە هۆی ئەوەی کە دەقی ناوبراو خراپ شرۆڤەبکرێت.

 

کاتێك کە بەخێرایی دەقەکە بخوێندرێتەوە، ئاوا دەبیندرێت کە مارکس ڕامیاریی دێمۆکراتە بۆرجواکانی لە شۆڕشدا بە بۆچوونێکی تا ڕایەك “چەپڕەوانە” بە توندی ڕەخنەدەگرێت. ئەو لەم دەقەدا لە ماوەی شۆڕشدا هێرشدەکاتە سەر “ئەو وردەبۆرجوازانەی کە ڕابەریی ئەنجومەنە دێمۆکراتییەکانیان دەکرد” و “سەرنووسەرانی ڕۆژنامە دێمۆکراتییەکان” و زەحمەتکێشان بانگەوازدەکات تاکو لە بوون بە “بەکرێگیراوانی بۆرجوا دێمۆکراتەکان” دووربکەونەوە. پاش ئەوە ئەو لەسەر پێداویستیی “ڕێکخستنی سەربەخۆی پارتیی پڕۆلیتاریا” پێداگرییدەکات.

 

بەڵام مارکس لە کەتواردا بەبێ ئەوەی بچێتە شان بخاتە ژێر هەڵە کەسەییەکانی خۆی، ڕەخنە لە خۆی و هەنگاوەکانی لە ماوەی شۆڕش دەگرێت. ئەو خۆی و ئەنگلس لەو دەقەدا لە پشت ڕاناوی سێیەم کەس دەشارێتەوە. ئەو ناڵێت “من یا “ئێمە” بەڵام دەڵێت “وردەبۆرجوازەکان” و “بۆرجوا دێمۆکراتەکان” و هیدیکە .

 

چ کەسێک بوو، کە بوو بە ئەندامی “ئەنجومەنی دێمۆکراتی”، کە ڕێکخراوی بۆرجوا لیبراڵەکان بوو؟ چ کەسێك ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ بە ئاراستەی لیبراڵ ڕێبەریدەکرد؟ چ کەسێك کرێکارانی بۆ پشتیوانی لە بۆرجوا لیبڕاڵەکان بانگەوازکرد؟ وەڵام ئەوەیە : کارڵ مارکس.

 

ناتوانرێت کارایی ئەو دەقە دەرکبکرێت، ئەگەر کلیلێك بەدەستەوە نەبێت. هەر بەو جۆرەی کە چالاکانی کۆمونیست خوێندیانەوە و تێنەگەییشتن کە بەڕاستی پرسەکە چییە.

لە هەمان دەقدا ڕەخنەیەك لەوانەش دەگیردرێت، کە “ئاوای بۆ دەچوون سەردەمی ڕێکخستنی نهێنی بەسەرچووە و تەنیا چالاکی ئاشکرا دەتوانێت بەسبێت.” بەواتایەکی دیکە لەم بەشەی دەقەکەدا ڕەخنە لە هەڵویستی مارکس دەگیردرێت، کە لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمونیستەکان پشتیوانیکردبوو.

 

لەسەر ئەو بنەمایەیە کاتێك کە دەقەکە لە نۆژەندکردنەوەی “سەربەخۆیی کرێکاران” داکۆکیدەکات، هەڵوێستی پێشووتری ئەنگلس خەنێنەر بەرچاودەکەوێت، کاتێك کە ئەو خوازیاری بڵاونەکردنەوەی بەرنامەی یەکێتی کۆمونیستەکان بووبوو، واتە مانیفێست، لەبەرئەوەی زۆر ڕادیکاڵی دەزانی، کە بە کەڵكی هەل و مەرجەکە نەدەهات.

 

ئاوایە، کە لە خۆ ڕەخنەگرتن لە دەقی ناوبراودا بە لەبەرچاوگرتنی شێوازێك کە بۆ نووسینی بەکاربراوە، لە ناڕۆشنیدا دەمێنێتەوە. ئەو شێوازە تەواو نادروستە، لەبەرئەوەی ئاوا لە خوێنەی کەمتر هوشیار دەگەیێنێت، کە مارکس شۆڕشگێڕیکی بێوێنە بووە و لە بەرتەرییە دراوەکان بە بۆرجواکان ڕەخنەدەگرێت، بەبێ ئەوەی کە لەبارەی ڕۆلی خۆی لەوەدا قسەبکات.

 

ئەو بەشە لە ژیانی مارکس بۆ توێژینەوەی ئایدیۆلۆجیانەی لەلایەن کۆمونیستە دۆگماتیستەکان لە داهاتوودا زۆر سەرنجراکێش دەبێت. چونکە ناتوانن ئەوە پەسەندبکەن، کە مارکس لە سەروبەری شۆڕشدا یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژوو هەڵدەوەشێنێتەوە. بە هەر بارێکدا هەرگیز پرسەکان ئاوا پووچ نەخراونەتەڕوو،کە مێژوونووسانی یەکێتی سۆڤیەتیی کۆمارە سۆشیالیستییەکان پاگەندەیانکرد، مارکس تەنیا کۆمیتەی نێوەندیی هەڵوەشاندووە، نەك یەکێتی کۆمونیستەکان. کاندڵ یەکێك لەو مێژوونووسانەیە، کە فریودەرانە دەنووسێت “یەکێتی کۆمونیستەکان لە شێوەی ئەنجومەنە کرێکارییەکان ئاشکرا چالاکییەکانی خۆی درێژەپێدا. ئەو یەکێتییە بە ئاراستەی ئایدیۆلۆجی-ڕامیاریی خۆی زیندووهێشتەوە.”[١٩] بالیبار فریوکارییەکە فراوانتردەکات و دەنووسێت مارکس باوکی ئەنجومەنی کرێکاریی کۆڵن بوو!

 

کاتێك کە شۆڕش تێکشکا، لە ئاڵمانیا سەرکوت دەستیپێکرد. یەکێتی کۆمونیستەکان لە لەندەن بە دەستپێشکەریی کەسانی وەک مارکس و ئەنگلس دروستکرایەوە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوی بوونە هۆی پڕشوبڵاویی نێو ڕیزەکانی. ئاراستەیەك بە سەرۆکایەتی مارکس بە شرۆڤەکردنی هەل و مەرجە ئابوورییەکان بڕوای ئاوا بوو، کە دەستبەجێ شۆڕشێکی دیکە بەدیناکرێت. ئاراستەی دژ ئەو شرۆڤەیەی پەسەندنەبوو و بە ڕەتکردنەوەی شۆڕشی دەزانی. مێژوونووسانی فەرمیی مارکسیزم ئەو خاڵە ناڵێن، ئەندامانی سەرەکیی یەکێتی کۆمونیستەکان لە لەندەن، کە مارکس و ئەنگلس بەخۆشیان ئەندامی ئەو بوون، ئەوانیان دەرکردن.

 

کاتێك مارکسیستەکان ئەوە پەسەنددەکەن، لە بارەی دەرکردنی مارکس و ئەنگلس لەنێو یەکێتی کۆمونیستەکان بدوێن، بە بڕیاری ئاراستەیەکی “چەپڕەوانە” ناویدەبەن، کە ئاوای دەبینی دەتوانرێت لە هەر ساتێکدا شۆڕش بەڕێخرێت. هەرچەندە ئەو لێکدانەوەیە نادروست نییە، بەڵام هۆکارەکانی دەرکردنی مارکس و ئەنگلس واوەتر لەوە بوون، کە زۆر سەرنجراکێشن. ئەو بەڵگانەی کە بۆ دەرکردنی مارکس و ئەنگلس خرانەڕوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەڵوێستی ئەوان لە سەردەمی شۆڕش هەیە:

 

یەکەم – “یەکێتی کۆمونیستەکان دەبێت ڕێکخراوێکی بەهێز بێت، کە خۆی بە نەیاریی نێو چوارچێوەی بڵاوکراوەکان” ڕازینەکات. لێرەدا بە چالاکی مارکس و ئەنگلس لە ڕۆژنامەی لیبراڵی ڕاینی نوێ ئاماژەدەدرێت.

 

دووەم – “مارکس و ئەنگلس دەستەیەکیان لە نیوە ئەدیبان هەڵبژاردووە، کە بوونەتە لایەنگری ئەوان، تاکو شەیداییان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی داهاتوویان دابڕێژن.”

 

سێیەم – “ئەم شازادە ئەدیبانە ناتوانن بۆ یەکێتی کۆمونیستەکان بەکەڵکبن و ڕێکخراوبوونی ئەو ئەستەمدەکەن”، مارکس و ئەنگلس لە یەکێتی کۆمونیستەکان بۆ ئامانجە کەسییەکانی خۆیان کەڵکوەردەگرن و کاتێك کە پێویستبکات پشتگوێیدەخەن. لێرەدا بە بڕیاری یەکلایەنەی مارکس و ئەنگلس ئاماژەدەدرێت، کە بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتیان لەنێو کۆمیتەی نێوەندی، یەکێتی کۆمونیستەکانیان هەڵوەشاندەوە، تاکو پێگەی ئەندامەتییان بە بەشداریکردن لە دەستەی سەرنووسەریی ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ تەختبکەن.[٢٠]

 

کێشمەکێشەکانی یەکێتی کۆمونیستەکان جارێکی دیکە بیست ساڵ دواتر لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان دووبارەبووەوە [کە مارکیسیستەکان بە نێونەتەوەیی یەکەم ناویدەبەن- ڕۆشنکردنەوەی وەرگێڕ]. بەڵام لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان ئەوە مارکس نەبوو، کە دەرکرا، بەڵکو ئەو بوو کە تەواوی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهانی دەرکرد.

 

مارکس ڕایگەیاند، کە پڕۆلیتاریا لەنێو شۆڕشی ئاڵمانیا نەیدەتوانی دەسەڵات وەربگرێت و ئەگەر ئاوای بکردایە، ناچاردەبوو بەرنامەیەك پیادەبکات، کە بەرنامەی خۆی نەبوو. دەبوو بۆلشەڤیکەکان سەرنجی ئەو گوتەیەی مارکس بدەن، بەڵام بەو جۆرە نەکرا. تێڕوانینی مارکس تەواو دروست بوو و بە تێڕوانینی بێچەندوچوون دەگات، کە چینی کرێکار لە بارێکدا نەبوو، کە ساڵی ١٨٤٨ دەسەڵات وەربگرێت. بەڵام لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە. پرسیار لە ئەوەیە، بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمانیا، کە بە گوتەی ئەنگلس “جەماوەری” بزوا و “کۆمەڵێك هاوپەیمانی پێکهێنان”، بۆچی نەیتوانی دەست بە ئەزموونکردنی هەنگاوی سەربەخۆ بکات، تاکو بتوانێت داخوازییە دیاریکراوەکانی خۆی بخاتەڕوو و ئەو پێکهاتە ڕێکخراوەییانەی کە هەیبوون، بەهێزبکات؟ دواتر ڕۆزا لوكزه‌مبورگ دەڵێت، باشترە چینی کرێکار بەخۆی لە هەڵەکانی خۆی ئەزموون وەربگرێت.

 

هیچ چارەیەکی دیکە نییە، بێجگە لە پەسەندکردنی ئەوەی، کە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕابەرانییەوە لە سەرەتای شۆڕشدا، لێدانێك بوو لە بزووتنەوەی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەری کرێکاریی …

 

 

 

 

 

———————-

سەرچاوەکان:

١. نامە و وەڵام، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٥٤٣

٢. نامە و وەڵام، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٥٤٠ و ٥٤٣

٣. ڕۆژنامەی Deutsche – Brüsseler – Zeitung ژمارە ٢٨ و ٣١ی ئۆکتۆبەر و ژمارە ١١، ١٨ ٢٥ی نۆڤەمبەری ١٨٤٧

٤. بەپێچەوانەوەی میخائیل باکونین، کە بەڕۆشنی “ماتریالیزمی زانستی” دەکاتە سەرچاوە.

٥. مێژوونووسانی ئەو سەردەمە لەوانە Guizot، Augustin Thierry، Mignet و هیدیکە.

٦. سەرنجی “١٨٤٨ یا شۆڕشی ١٧٨٩ تێکشکاوی وردەبۆرجوازی ئاڵمانی” نووسینی (ڕێنە بێرتیە) بدە، لە پەرتووکی ئەنارکیستەکان و شۆڕشی فەرەنسە، چاپکراوی le monde libertaire، ساڵی ١٩٩٠

٧. هەمان سەرچاوە

٨. مارکس، ئەنگلس و شۆڕشی ١٨٤٨، نووسینی فێرناندۆ کلۆدن Fernando Claudín، چاپی ماسپرۆ، لاپەڕەی ١٣٣

٩. هەمان سەرچاوە

١٠. هەمان سەرچاوە

١١. باکونین ، دەوڵەت و ئەنارکی، بەرگی چوارەم، لاپەڕەی ٣٢٢

١٢. ئەنگلس، چەند وشەیەك لەبارەی کورتە مێژووی یەکێتی کۆمونیستەکان، ساڵی ١٨٨٥، کۆمەڵەی نووسینەکان، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ١٩١ و ١٩٢

١٣. ئەنگلس ، مارکس و ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ Neue Rheinische Zeitung، کۆمەڵەی نووسینەکان، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ١٧١ و ١٧٢

١٤. ئەنگلس، پێشەکی بۆ چاپی ئیتالی مانیفێست، بڵاوکراوە لە کارڵ مارکس، نووسینەکان، چاپی Pléiade، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ١٤٩١

١٥. دەوڵەتگەرایی و ئەنارکی، بەرگی چوارەم، لاپەڕە ٣٢٠

١٦. لەتەك ئەنجومەنی دێمۆکراسی، کە مارکس لەتەکیدا پەیوەست بوو، بە هەڵە وەرنەگیردرێت.

١٧. سەرنجی هەمان سەرچاوەی پێشووتری فێرناندۆ کلۆدن، لاپەڕەی ١٣٢ بدە

١٨. ترۆتسکی لەبارەی ڕابەرانی کۆمونیست لەنێو شۆڕشی ڕوسیە بەڕادەیەك هەمان شتی گوت.

١٩. سەرنجی سەرچاوەکەی کلۆدن بدە

٢٠. سەرنجی لاپەڕە ٣١٣ سەرچاوەکەی کلۆدن بدە

 

ئەم نووسینە بەشێکە لە پەرتووکێك بەناوی “باکونین’ی ڕامیار: شۆڕش و دژەشۆڕش لە ئەوروپای نێوەندیی”، کە ساڵی ١٩٩١ ڕێنە بێرتیە René Berthier بڵاویکردووەتەوە.

 

تێبینی : لە وەرگێرانە فارسییەکەدا کورتەیەك لەبارەی ژیانی نووسەر (ڕێنە بێرتیە) و نووسینەکانی ئەو نووسراوە، من بۆ ئەم وەرگێرانە کوردییە بە پێویستم نەزانی.

پەرتووکی خەونە یاخییەکان – کەشکۆڵی دووەم – کۆمەلێك بابەتی وەرگێڕدراو

بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە، لەسەر ئەم لینکە کیکبکە

http://issuu.com/anarkistan/docs/xewne_yaxiyekan_-_keshkolli_dwem._o

بۆ داگرتن و چاپکردنی لەسەر کاخەز لەسەر ئەم لینکە کلیکبکە

https://www.facebook.com/download/1687384464833728/Xewne%20Yaxiyekan%20-%20Keshkolli%20dwem.%20print.pdf

نێوەڕۆکی پەرتووك

– پارتیی و چینی کرێکار (١)

– پارتیی و چینی کرێکار (٢)

– كۆمۆنیزمی سۆڤیەتی و ڕه‌خنه‌ له‌ بۆلشه‌ڤیزم

– سۆڤیه‌ته‌كان و كۆمیته‌كانی كارخانه‌ لەنێو‌ شۆڕشی ڕوسیه‌

– كڕۆنشتات، به‌سه‌رهاتی پرۆلیتێریانه‌ی شۆڕشی ڕوسیه‌

– کڕۆنشتات، ڕاپه‌ڕینی کرێکاران و سه‌ربازان له‌ دژی دیكتاتۆریی بۆلشه‌ڤیكه‌كان.

– دژه‌خونیی نێوه‌كی له‌ شۆڕش

– ئەناركیزم ، مه‌رگ و ژیان

– هاوینی كورتی ئەنارکی

– ڕه‌خنه‌ له‌ به‌رنامه‌ی پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا

– ئه‌ناركیزم و هونه‌ر

– هاوسه‌ری و ئه‌ڤین

– ماركسیزم و ئەناركیزم

– کاتێك کە مارکس یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە

– سۆشیالیزم، ئەناركیزم و فێمینیزم (١)

– فێمینیزمی ڕادیكاڵ و فێمینیزمی ئەناركیست (٢)

– بارگەرایی و ئەناركۆفێمینیزم (٣)

– بنچینه‌كانی یه‌كێتیگه‌رایی شۆڕشگێڕانه‌

– سێكس، چین و شاژنی ئینگلاند

– ئێما گۆڵدمان، ژنێك كە ڕووی لە یەزدان و مێرد و كۆیلەتی وەرگێڕا

– نێستۆر ماخۆ گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست

– ڤۆلین، تێكۆشەری شۆڕشێكی نەناسراو

– بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار

– ڕێپێوانی پشتیوانیکردن له‌ زانۆن

– زانۆن – ‌ئه‌رژه‌نتین

– هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ کرێکارانی كارخانه‌ی زانۆن له‌ ئه‌رژه‌نتین

– خاوه‌نكاران و ڕامیاران ‌ده‌ربکەن، هه‌ر ئێستا‌ تایبه‌تیكردنی کەرتەکان ڕابگرن

– دەستبەسەرداگرتنی كارخانەی (bike systems) لە ئاڵمانیا

– نامەیەكی كراوە بۆ ڕێكخستنە ئەناركییەكان و خەڵكی سەرتاسەری جیهان

– گوشتخواردن هۆكارێك بۆ برسیەتی جیهانی

– له‌ كام قۆناخی په‌سه‌ندكردنی ڕاستیدایت؟

– په‌رتووكی “تالیبان – ئیسلام، نه‌وت و بونیادگه‌رایی له‌ ئاسیای ناوین

– تیرۆریستی ڕاستەقینە، داگیركەرانن

serberg 2

بۆچی لە “هەرێمی کوردستان” گۆڕان ڕونادات؟

١٧ی جێنوەری ٢٠١٦

بە دیتنی من، ئەوانەی هاتوونەتە دەنگ، کەمینەی کۆمەڵن و زۆرینە چاوەڕێی بەزەیی یەزدان دەکەن، ئەگەر ئەوەش نەبێت هیواخوازی پاداشتی بەهەشتی ئەو دونیا یا خەریکی خۆ-دەوڵەتمەندکردن لە ڕێگەی هاودەستی لەتەك دەسەڵاتداران. ئەوەی دەمێنێتەوە، کەمینەیە و کەمینەی ناڕازیش ناتوانێت گۆڕان دروستبکات، نەك هەر تەنیا لەبەر کەمینەبوون، بەڵکو لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

– بەشی زۆرینەی ئەو کەمینە ناڕازاییە لە سەنگەری پارتییەکەی خۆیانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و مشەخۆریی زیاتر بۆ پارتییەکەی و خۆی هاتووەتە دەنگ، لەوانە نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکان.

– بەشێك لە کەمینەی ناڕازی بەتایبەت بەشە جنێودەرەکەی، سیخوڕ و دەستکەلای دەسەڵاتن.

– بەشێکی دیکەی کەمینەی ناڕازی لەژێرەوە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.

– بەشێکی دیکەی کەسانێکن، کە لە هەڵپەی دەسەڵات و تاڵانیدا هیچیان بەرنەکەوتووە و دەخوازن لە گۆڕانی دەم و چاوەکانی دەسەڵاتدا پشکیان بەرکەوێت.

– بەشێکی دیکەی کەمینە، لایەنگرانی ئەو گروپ و پارتییانەن، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و بەڵینی سەرخەرمان بە خەڵکی دەدەن.

– دوابەشی کەمینە یا کەمینەی کەمینە، کەسانێکی هەرە کەم و تاڕادەیەك لەو کۆمەڵە دابڕوان و ناڕەزایەتییەکانیان دەچنە خانەی خۆخاڵیکردنەوە.

– لە گشت ئەوانە گرفتر ئەوەیە، کە ئەڵتەرناتیڤی کەمینەی ناڕازی هەر لە بیرکردنەوە و بیرۆکە و تێروانین و شێوازی بەرهەڵستی و تێکۆشان و دەربڕین و زمانی دەربرین و مینتاڵیتی و ڕێکخستنەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی ئابووریی و بەرێوەبردنی کۆمەڵ بە موو لە نەریتی دەسەڵاتدران لایاننەداوە و لە باشترین باردا جەلادێکی دڵسۆزی خەڵک دەبن.

بە بۆچوونی من، ئەوەی گۆڕانخواز بێت و گۆڕانی کۆمەڵی بوێت، پێویستە لە خۆیدا و لە خۆیەوە دەست بە دروسکردنی گۆڕان بکات و ئەو شتانەی کە بەخۆی ڕەتیاندەکاتەوە، دەبێت سەرەتا بەخۆی دەستبەرداریانببێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەستبەرداری ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی و پارتایەتیی و ناوبانگخوازیی ببێت و لە شوێنی ژیان و کارکردن و فەرمان و خوێندن و نیشتەجیبوونی خۆیدا و لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا هەوڵی بەڕێخستنی گۆڕان یا ڕەنگدانەوەی گۆڕانە پۆزەتیڤە ناخەکییەکانی خۆی بدات؛ هەوڵی هەڵخڕاندنی بۆچوونی تاکەکاسیی سەربەخۆ و دروسکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ بدات و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و پارتایەتی و دەسەڵات و دەستەبژێڕیی بکاتە بناخەی ئەڵتەرناتیڤە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕەکەی. ئەگەر نا، هەر هەوڵێك سەرەنجام دەچێتە گیرفانی دەستە و پارتیی و دەسەڵاتخوازانێکی دیکە و ئەزموونی تاڵ و تێكشکاوی ناڕەزایەتیی و خۆنیشاندان و وردە ڕاپەڕینە ناوچەییەکانی ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ دووبارەدەبنەوە؛ بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوباتی پاڕێزگەی سلێمانی، کە سەرەنجام نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکانی گەیاندە دەسەڵات و لەنێو جەماوەری ناڕازیشدا نائومێدییەکی قوڵ و درێژماوەی دروستکرد و ناڕازییانی بەسەر دوو دەستەی خۆشباوەڕ و نائومید دابەشکرد.

————————————————————————–

بۆ پەیوەندی و مشتومڕی ڕاستەوخۆ لەتەك نووسەر خۆی، لەسەر ئەم لینکە کلیکبکەن

www.facebook.com/hejen.pize    یان    www.facebook.com/hejeenm

بۆچی لە "هەرێمی کوردستان" گۆڕان ڕونادات؟

١٧ی جێنوەری ٢٠١٦

بە دیتنی من، ئەوانەی هاتوونەتە دەنگ، کەمینەی کۆمەڵن و زۆرینە چاوەڕێی بەزەیی یەزدان دەکەن، ئەگەر ئەوەش نەبێت هیواخوازی پاداشتی بەهەشتی ئەو دونیا یا خەریکی خۆ-دەوڵەتمەندکردن لە ڕێگەی هاودەستی لەتەك دەسەڵاتداران. ئەوەی دەمێنێتەوە، کەمینەیە و کەمینەی ناڕازیش ناتوانێت گۆڕان دروستبکات، نەك هەر تەنیا لەبەر کەمینەبوون، بەڵکو لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

– بەشی زۆرینەی ئەو کەمینە ناڕازاییە لە سەنگەری پارتییەکەی خۆیانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و مشەخۆریی زیاتر بۆ پارتییەکەی و خۆی هاتووەتە دەنگ، لەوانە نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکان.

– بەشێك لە کەمینەی ناڕازی بەتایبەت بەشە جنێودەرەکەی، سیخوڕ و دەستکەلای دەسەڵاتن.

– بەشێکی دیکەی کەمینەی ناڕازی لەژێرەوە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.

– بەشێکی دیکەی کەسانێکن، کە لە هەڵپەی دەسەڵات و تاڵانیدا هیچیان بەرنەکەوتووە و دەخوازن لە گۆڕانی دەم و چاوەکانی دەسەڵاتدا پشکیان بەرکەوێت.

– بەشێکی دیکەی کەمینە، لایەنگرانی ئەو گروپ و پارتییانەن، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و بەڵینی سەرخەرمان بە خەڵکی دەدەن.

– دوابەشی کەمینە یا کەمینەی کەمینە، کەسانێکی هەرە کەم و تاڕادەیەك لەو کۆمەڵە دابڕوان و ناڕەزایەتییەکانیان دەچنە خانەی خۆخاڵیکردنەوە.

– لە گشت ئەوانە گرفتر ئەوەیە، کە ئەڵتەرناتیڤی کەمینەی ناڕازی هەر لە بیرکردنەوە و بیرۆکە و تێروانین و شێوازی بەرهەڵستی و تێکۆشان و دەربڕین و زمانی دەربرین و مینتاڵیتی و ڕێکخستنەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی ئابووریی و بەرێوەبردنی کۆمەڵ بە موو لە نەریتی دەسەڵاتدران لایاننەداوە و لە باشترین باردا جەلادێکی دڵسۆزی خەڵک دەبن.

بە بۆچوونی من، ئەوەی گۆڕانخواز بێت و گۆڕانی کۆمەڵی بوێت، پێویستە لە خۆیدا و لە خۆیەوە دەست بە دروسکردنی گۆڕان بکات و ئەو شتانەی کە بەخۆی ڕەتیاندەکاتەوە، دەبێت سەرەتا بەخۆی دەستبەرداریانببێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەستبەرداری ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی و پارتایەتیی و ناوبانگخوازیی ببێت و لە شوێنی ژیان و کارکردن و فەرمان و خوێندن و نیشتەجیبوونی خۆیدا و لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا هەوڵی بەڕێخستنی گۆڕان یا ڕەنگدانەوەی گۆڕانە پۆزەتیڤە ناخەکییەکانی خۆی بدات؛ هەوڵی هەڵخڕاندنی بۆچوونی تاکەکاسیی سەربەخۆ و دروسکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ بدات و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و پارتایەتی و دەسەڵات و دەستەبژێڕیی بکاتە بناخەی ئەڵتەرناتیڤە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕەکەی. ئەگەر نا، هەر هەوڵێك سەرەنجام دەچێتە گیرفانی دەستە و پارتیی و دەسەڵاتخوازانێکی دیکە و ئەزموونی تاڵ و تێكشکاوی ناڕەزایەتیی و خۆنیشاندان و وردە ڕاپەڕینە ناوچەییەکانی ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ دووبارەدەبنەوە؛ بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوباتی پاڕێزگەی سلێمانی، کە سەرەنجام نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکانی گەیاندە دەسەڵات و لەنێو جەماوەری ناڕازیشدا نائومێدییەکی قوڵ و درێژماوەی دروستکرد و ناڕازییانی بەسەر دوو دەستەی خۆشباوەڕ و نائومید دابەشکرد.

————————————————————————–

بۆ پەیوەندی و مشتومڕی ڕاستەوخۆ لەتەك نووسەر خۆی، لەسەر ئەم لینکە کلیکبکەن

www.facebook.com/hejen.pize    یان    www.facebook.com/hejeenm

لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیە و میواننەوازیی فەرمانداریی بۆرجوازی کوردستان

لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیە و میواننەوازیی فەرمانداریی بۆرجوازی کوردستان

ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٢ کاتێك کە پارتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان [پدک و ینک و حسك] بۆ وەدەرنانی پەکەکە لە باشوور لەشکری دەوڵەتی تورکیە دەهێننە کوردستان و پێشلەشکریی دەکەن، ئەو کات جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەدا.

ساڵی ١٩٩٦ پاش سێ ساڵ جەنگی نێوخۆیی، جارێکی دیکە لەشکری دەوڵەتی تورکیە وەك ناوبژیوان دێتەوە باشوور و بۆ هەمیشە لە کۆمەڵێك ناوچە بنکەی سەربازیی و سیخوڕیی دادەکوتێت، بەداخەوە جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەدا.

لە ساڵی ١٩٩٧ تا ئێستا چەندین جاری دیکە بە میوانداریی فەرمانداریی بۆرجوازی کوردستان، بە دیاریکراویی دەسەڵاتدارانی (پدک) ڕێگە بە لەشکری دەوڵەتی تورکیە دراوە، تاوەکو بێتە سنووری باشوور و پەلاماری هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل بدات، بەداخەوە هەموو جارێك بێجگە لە ناڕەزایەتی کەمینەیەکی زۆر کەم، کە لایەنگر و دۆستی پەکەکە بوون، جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەداوە.

وەك هەمووان دەزانن، کاتێك کە داعش ناوچەکانی زومار و شەنگال و مەخموور داگیردەکات، ئەگەر هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و هەپەگە نەبوونایە، ئەوا هەنووکە هەولێر وەك ڕەقە پایتەختی ولایەتێکی دیکەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دەبوو. هەر لەو کاتەدا بە بەرچاوی هەمووانەوە لە سیناریۆیەکدا دەسەڵاتدارانی (پدک) هەزاران چەکداری خۆیان کشاندەوە، تاوەکو (داعش)ی میوان بەبێ بەرەنگاری خەڵکی کریست و شەبەك و کاکەیی و ئێزیدی جینۆسایدبکات، بەداخەوە جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەدا و بێهەڵوێست کەتوارەکەی پەسەندکرد.

وەك دەبینین، ئەوەتا سەرەنجامی ئەو بێهەڵویستییە لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورکییەیە بۆ سەر باشوور، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد خاترجەم لەتەك میوانەکان خەریکی پلانڕێژیی و زەمینەسازین بۆ پەلاماری هێزەکانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە و یەپەشە…. تد.

بێجگە لەو دەرکەوتانەی ساڵانی ڕابردوو، هەروەها لە مانگ و هەفتە و ڕۆژانی رابوردوودا دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی هەرێم بە دیاریکراویی سەرانی (پدک) چەندین پیلانیان بۆ دەرپەراندنی هێزەکانی یەپەگە و هەپەگە لە باشوور دارشت و لەتەك شکست ڕووبەڕوو بوون. بە هەموو پێوەرێکی کەتواریی و لۆجیکی و ژیریی مرۆڤ، هێنانی لەشکری تورکیە بۆ باشوور لەم ساتەدا یەکەم بەرەنجامی شکستی هەوڵە نەگریسەکانی پێشووتری دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی هەرێمی کوردستان و سەرانی پدک و دەزگەی سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیەیەن بۆ دەرپەراندنی هەپەگە و یەپەگە و لەوەش زیاتر و گرنگتر پاراستنی کاروانی تانکەرە نەوتەکانی (داعش)ە بەرەو تورکیە، کە بەهۆی بۆمبارانەکانی روسیا لە سنووری سوریە-تورکیە تێپەڕینیان کەوتووەتە مەترسی و ئەردۆگان و دەسەلاتدارانی هەرێم و هاوپەیمانان دەزانن کە روسیە بۆمبارانی هەریمی کوردستان ناکات و ئەگەر ئەو کارەش بکات، ئەوا دەکەوێتە تەڵەیەکی مێژوییەوە، هەروەها ئەگەر دەولەتی فەرمانداریی نیوەندیی عیراق ئەو کارە ئەنجامبدات، دیسانەوە سەرانی پدک وەك دۆزینەوەی هەنگوین لە کونەداردا دەکەونە گارەگاری ناسیونالیستی و گەرمکردنەوەی گاڵتەجاریی “دەولەتی کوردی” لە سایەی لەشکری نیئۆ-ئوسمانییەکان، هەر ئاوا کە لە کاتی هاتنی (داعش)
هەمان گاڵتەجارییان بۆ خەڵکی دەبەن و خۆشباوەڕ بە ناسیونالیزم بەڕێخست.

لێرەدا پرسیارێك یەخەماندەگرێت، ئایا جەماوەری بێدەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە هاتنی لەشکرکێشیی دەوڵەتان و ڕژێمەکانی ناوچەکە ڕازییە و وەك دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد هاوبەرژەوەندی داگیرکەرانە و بۆ وەدەرنانی ئەوانەی دوێنێ [هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە] ئێمەیان پاراست، هاتنی لەشکری تورکیە پەسەند و پێویست دەزانیت ؟

سەرەنجام بۆ کەسانی وریا و هوشیار، کە توانان هەیە، لە بێدەنگیی هاوپەیمانان و دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد بەرانبەر لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورکیە، تێبگەن، بێجگە لە هەڵخڕاندنی بەرەی خەڵکی ناڕازی و سەربەخۆخواز لە دەرەوەی هەوڵ و پلان و هەڵپەی پارتییە هەڵپەرستەکان، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەماوە و نامێنێتەوە.

بە گوێرەی ئەزموون و تێگەییشتنی من لەم ساتەدا تەنیا ئەم چەك و شێوازانە دەتوانن کارابن:

– بایکۆتی کڕینی شمەك و هاوردەی تورکیە لەلایەن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان [ئەم هەنگاوە لە هەموو هەنگاوەکانی دیکە کاراتر و گرنگترە].

– خۆنیشاندانی بەردەوام لە گشت ناوجەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ناوچەی بادینان و هەروەها ناوچە سنوورییەکانی باکوور لەتەك هەرێم.

– پەلاماردان و داگیرکردنی نووسینگە و بنکەکانی دەوڵەتی تورکیە و هەروەها داخستنی فێرگە و زانکۆ و مزگەوت و نێوەندە کولتوورییەکانی تورکیە لە هەرێمی کوردستان.

– دەرپەراندنی گشت کۆمپانییە تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

– دروستکردنی زنجیرەی مرۆیی لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیە [هەم لە دیوی باکوور و هەم لە دیوی باشوور]

– بەرێخستنی خۆنیشاندان لە گشت شار و پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا [بە گوێرەی کەتواری ڕۆژ و تووڕەیی خەڵکی ئەو وڵاتانە ەل تیرۆریزمی ئیسلامی و دەسەندکاری دەوڵەتی تورکیە لە تیرۆرکارییەکاندا، خۆنیشاندانەکان پشتیوانییەنی زۆری خەڵک بەدەستدەهێنن]

– ئەوانە و دەیان شێوازی دیکەی گونجاو …تد

یەکسانی لە ملهوڕیی و ئازادی لە سێکسفرۆشیدا

١٢ی ئۆگوستی ٢٠١٥

بابەتێك بۆ مشتومڕ و ئاڵووێری بۆچوون

ئەم ڕۆژانە میدیای دەوڵەتانی ئەوروپی ناوبەناو دوو بابەت دەوروژێنێت، کە بریتین لە دابەزاندنی یەکسانی ڕەگەزیی [ژن و پیاو] تا ئاستی یەکسانی هەژماری ژنان لەتەك هەژماری پیاوان لە دەسەڵات و پلەکانی بەرێوەبردندا، هەروەها دابەزاندنی ئازادی تا ئاستی یاساییبوونی سێکسفرۆشیی ژنان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر لەو دەوڵەتانەدا کرێی کاری ژنان بەراورد بە کرێی پیاوان لە هەمان پیشە و بواردا نزیکەی لەسەدا بیست و پێنج ٢٥% کەمترە و دەوڵەت و سەرمایەداران بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین مل بە سێنتێك/ پێنسێك زیادبوونی یەکسانی ئابووریی نێوان ژنان و پیاوان بدەن و سیناریۆکەیان تەنیا یەکسانی دەسەڵاتداربوون و چەوسێنەربوونە بۆ ژنانی دەستەبژێر و دارا، تاوەکو باشتر بتوانن وەك پیاوانی دەسەڵاتدار و دارا ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش وەك پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش بچەوسێننەوە.

لەبارەی پرسی دووەمەوە، کە بێڕێزییکردنە بە مرۆڤبوون و پیشێلکردنی هەست و سۆز و دەروونی ژنان، لەجیاتی ئەوەی ئەو بێڕێزییە یاساخبکرێت و لە بەرانبەردا کار و پیشە و خولی تایبەت بۆ پەروەردەکردنی توانانییەکانی ژنان لە بواری بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بکەنەوە، بۆرجواکان هەوڵی یاساییکردنی بێڕێزی بە مرۆڤبوونی ژن دەدەن. هەرچەندە تا ئێرە ئاساییە و سەروەری و یاسا و هەوڵی ڕامیاران و سەرمایەداران تەنیا بۆ کۆیلەڕاگرتنی مرۆڤە بەهەر بیانوویەك و شێوەیەك بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، ئەوەیە کە بەداخەوە لەو بارەوە هەندێك لە ژنان بەناوی یەکسانیخوازیی و بەشێك لە کۆمونیستەکانیش لایەنگریی لەو هەوڵەی بۆرجوازی دەکەن، کە لە بنەڕەتدا شانخاڵێکردنە لە وەڵامدانەوە بە بێکاریی ملیۆنی ژنان، هەوڵدانە بۆ ڕاگرتنی ژنان لەو پلەچەندییەی کە ئایینەکان بۆ ژنیان دیاریکردووە و بریتییە لە ئامرازبوونی ژن بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆش و هەوەسبازیی پیاوان.

پرسیار لەبارەی پرسی یەکەمەوە:

ئایا جیاوازی لەنێوان ئەوەدا هەیە، کە چەوسێنەر و سەرکوتگەری ژنان خودی ژنان بن یا پیاوان؟

ئایا یەکسانی دەسەڵاتداربوونی ژنان هیچ لە ناڕەوایی دەسەڵاتداریی و ملهوڕیی سەروەریی دەگۆڕێت؟

پرسیار لەبارەی پرسی دووەمەوە:

– ئایا جیاوازی پیاوانێك کە بە دەسەڵاتی پارە دەچنە سێکسفرۆشییەکان و هەست و نەستی ژنان دەکەنە کۆیلەی وەڵامدانەوە بە هەوەسبازیی خۆیان لەتەك ئەتککردنی ژنان لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتدار و جەلاد و نەخۆشەوە هەیە؟

– ئایا هیچ بنەمایەکی ئازادیخوازیی هەیە، کە پشتیوانی لە یاساییکردنی پلەچەندبوونی ژنان بکات؟

– ئایا یاساییکردنی سێکسفرۆشی گەڕانەوە نییە بۆ سەر هەمان بنەمای ئایینی، کە ژنان بە ئامێرێك بۆ دامرکاندنەوەی هەوەسبازیی و ئاڵۆشی پیاوان دەزانێت؟