Skip to content
حزبی شیوعی و پیرۆزبایی ھاتنی ڕەمەزان
گرفت تەنیا لەوەدا نییە، كە حشع یا حشك باوەڕییان بە پیرۆزی ڕەمەزان ھەبێت، گرفتەكە لەوەدایە كە پارت بەگشتی لەسەر بنەمای ھیرارشیانەی دەسەڵاتی خوا و كۆیلە پێكھاتووە و پارتە چەپەكان (لە حشع و حشك تا حككع و حككك)یش لەو بنەمایە بەدەرنین. ھیچ جیاوا زی لەنێوان كۆیلەتی مرۆڤ بۆ خوا دەستكردەكانی و كۆیلەتی ئەندامانی پارت بۆ سەركردەكانیان نییە! كەسانێك كە كۆنەپەرستی و بەندایەتی ڕەتدەكەنەوە، ناتوانن نادەربەستانە و بەبێ ڕەخنە بەلای پێكھاتەی پارت و ئامرازبوونیدا بۆ بەدەەڵاتگەییشتنی دەستەبژێڕیكی رامیاریی دەسەلاتخواز، گوزەر بكەن! July 23 at 3:09pm
بە خشكەیی خۆشەویستكردنی ھیتلەر لەلای خەڵك
لە كوردستان ھەم ئەوانە زۆربوون و زۆرن كە دژەخونی لە دەروبەریان دەكەن و ھەم ئەوانەش زۆرن كە وەك ھیتلەر نازیانە بیر دەكەنەوە، بەتایبەت لە نێوەندی ڕۆشنبیران و دانشگەكاندا. من پەخشانكردنی وێنەكانی ھیتلەر لەتەك گوتارەكانیدا بەھەوڵێك بۆ پاگەندەكردن بۆ نیئۆنازیزم لەنێو كورردا دەبینم، نەك نیشاندانی ڕووی راستەقینەی نۆكەری.
خۆپەسەندی و كڵێشەسازی
ئەوە گرفتی زۆرینەی ھەرە زۆری ئێمەی مرۆڤە، كە ناتوانین گۆشەی تاریك یا نادیاری خۆمان ببینین، ھەر ئەمەشە وامان لێدەكات، كە بەرامبەر كەسانی دیكە پێشداوەری بكەین، ڕوانگەكانمان گشتگیر بكەین و كلێشەسازی بكەین و ستریۆ تیپ بین و تەنیا ھەڵە و كەموكوڕی دیگەران ببینین و لەبری ئەوەی دەوروبەرمان بكەین بە ئاوێنە و خۆمانی تیدا ببینینەوە، خۆمان دەكەین بە ئاوێنە و كەسانی دیكەی تێدا دەبینینەوە.. بۆیە بەزۆری خۆپەسەند، خۆسەپێن و خۆبەڕاست دەزانین…
خۆبەرێوەبەرایەتی خودموختارانەی بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان
ئەگەر ھەوڵ بدرێت، لە سوریە / خۆراوای كورستان بزاڤی كۆمەڵایەتی بەھێز بكرێت و ئەنجومەن و ھەرەوەزییە جەماوەرییەكان خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ (ئوتۆنۆمی) ناوچەكان پێكبھنن، بۆشایی بۆ كایەی ھێزە دەسەلاتخوازان و كۆنەپەستان و كرێگرتە دەرەكییەكان، نەھیڵرێتەوە، ئەوا سەرەنجام دوژمنان شكست دەخۆن، بەڵام بەپێچەوانەوە، بە میلیشییاكردن و پارتییكردنی پرسەكان، گەورەتین خزمەت بە ھاتنەدی خەونی نۆكەرانی توركییە و سعودیە و ئێران و ڕژێمی عیراق و ئەمەریكا و بریتانیا لە سوریە و ناوچەكەدا دەكەن.
دەوڵەمەندبوونی كەمایەتییەك، ھەژاری زۆرینەیە

بەو ڕادەی ھەژماری بانكی دەوڵەتمەندان پڕ دەبێت، بە ھەمان ڕادە ژمارەی ئەوانەی كە دەكەونە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە، سەردەكەوێت…
ئاخۆ ئەوانەی كە پاگەندەی یەكسانی ئەندامانی نەتەوەیەك دەكەن و ھاتنەدی خەونی چین و توێژە بێبەشەكانی كۆمەڵگە بە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەبەستنەوە، كاتێك كە پێڵاوەكانیان لەبەدەم ئەو مناڵانەدا بۆ بۆیاخ و بریقانەوە دادەنێن، چی بە ھۆشیاندا دەگوزەرێت و چۆن لە درۆیە پیرۆزە نەتەوەییەكانی خۆیان دەڕوانن؟ July 23 at 2:03pm
وێناندنی چەپاوڵگەران و نۆكەرانیان بە ئاژەڵ، پێسێلكردنی مافی ئاژەڵانە!
بەڕێز ئەنۆنیمۆس، ئێمە وەك لایەنگری مافی ئاژەڵ، تكات لێ دەكەین، وێنەی مرۆڤێكی دیكە لە جێی وێنەی كەرەكە دابنێ، چونكە كەر مشەخۆر نییە، دژەخونی لە ھاوجۆرەكانی ناكات، كەس ناكوژێت، درۆ ناكات، كەس زیندانی ناكات، …تد
لە بارەی دەنگدانەوە، ئەگەر پاش گۆڕینی وێنەی كەرەكە و دانانی سەرۆكێكی دیكەش، دیسانەوە ھیچ لە پرسەكە ناگۆڕێت، كە سەرۆكایەتی سووكایەتییە بە مرۆڤە سەرۆكایەتیكراوەكان و سەرۆكی باش و خراپ بوونی نییە، بەڵكو بوونی سەرۆك بەخۆی خراپترین خراپییە!
برایەتی ئیسلامییەكان و بەعسییەكان
بەبۆچوونی من گرفتەكە لە خودی پارتدایە، لەبەرئەوەی كە پارت ئامرازی گەیشتن بەدەسەلات (سەروەریی)ە، ئامادەشە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات (سەروەری) یا پاڕاستنی دەسەڵات (سەروەریی)، تەنانەت تیرۆری ئەندامە گویڕایەڵەكانی خۆیشی بكات، ھەر بۆیە دەستتێكەڵكردن لەتەك دوژمن، درۆ و خیانەت لە جەماوەر، لەناوبردنی بەرامبەر بۆ سەرانی پارت، نەك ھەر سروشتییە، بەڵكو ئاوی زیندەگانیشە..
یەكسانی لەژێر چەتری شاژنی بریتانیدا
تكایە بۆم ڕاست بكەنەوە، چاوی من خراپ دەبینێت، یا چاوی ھاوڕێ شووشە!
ئەزیزم ئەگەر دەسەڵاتی ڕەشی ژنەشای بریتانی بە ماتریاشات (ژنسالاری) دەزانیت، ئەوا لە خەو داچلەكێ، ئەزیزم بزانە لە سایەی دەسەڵاتی ئەو ژنەشایەدا لە بریتانیا و وڵاتانی كۆڵۆنی بریتانی و ئێستای وڵاتانی پاشڕەوی بریتانی، چ سووكایەتی و ھەژاری بەدبەختییەك بەرامبەر ژنان دەكرێت!
ئینجا بە ئێمەی خوێنەر بڵێ جیاوازی نێوان سیستەم و دەسەلات و سەروەری (پاتریاكی – Matriarchy) و )ماتریاكی –matriarchy.) چییە؟
بۆ پێتوایە ئەگەر دەسەڵات و سەروەری لە دەستی ژناندا بێت، ئەوا باری ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری دەگۆرێت؟
لەبەرئەوەی كە چەپی دەسەڵاتخواز و ژنانی پاشڕەویان، ھیچ گرفتیان لەتەك سەروەری چینایەتیدا نییە، بۆیە پێیانوایە ئەگەر دەسەڵات لە دەستی خۆیدا یا لەدەستی ژناندا بێت، ئەوا ھاوكێشەكان پێچەوانەوە دەبنەوە!
ھەی ھوو لەو بەدبەختییە، كە مرۆڤ لە سروشتی دەسەڵات و سەروەری نەگات، دەكەوێتە زەلكاوی ئاواوە، مەگەر چمكی قاپوتی شاژن و دەسكی چەترەكەی ڕزگاری بكات!
ئەزیزم تۆ و ھاوڕێكانت دژە ئیسلامبوون بەرچاوی كوێركردوون و بوونەتە زوڕناژەنی دەوڵەتانی ئەوروپی و تەنانەت ئایینەكانی دیكە. ئەمە بەدبەختییە، چونكە تەنیا گرفت لەوەدا نییە، كە مرۆڤ كۆیلە بێت، بەڵكو لەوە گرفتر ئەوەیە، كە كۆیلە شانازی بە كۆیلەتی خۆیەوە بكات و بە شان و باڵی سەروەرەكەی و جەلادەكەییدا ھەڵبدات…
دەكرێت بزانین جیاوازی لە سەروەری پیاوپاشای عەرەبستانی سعودی و ژنەپاشای شانشینی بریتانی چییە؟ ئەم موسولمان، ئەو مەسیحی، ئەم مشەخۆر، ئەو مشەخۆر، ئەم ، ملھوڕ، ئەو ملھور، ئەم نامرۆڤ، ئەو نامرۆڤ… تد…، ئەگەر وانییە، تكایە وەلام؟
بەڕاستی ئەندامانی پارتە چەپەكانی فەیسبووك فریوخواردووی فەرھەنگی ئەوروپا و نامۆ بە مێژوون… ئاخر كێ ھەیە نەزانێت، كە پاشا ملھوڕەكانی كەنداوی عەرەبی دەستكردی سیخورەكانی ژنەشای بریتانیا و گروپە ئیسلامییەكانی ولاتانی عەرەبی و ئەفگانستان و چیچان دەستكردی ولاتانی ئەوروپین؟
قەد لەو بڕوایەدا نەبووم ، كە چەپەكانی فەیسبووك ھێندە كەم دەرك و ھێندە زەلیل بن، كە بۆ ئەوەی بەلەمی شكاوی پارتەكانیان لە نقومبوون ڕزگار بكەن، دەست بە چمكی قاپوت و دەسكی چەترەكەی ژنەشای بریتانییەوە بگرن!
تكات لێدەكەم، ھەر ئەم وێنەیە كە تێیدا بە كوردی واژەی یەكسانیت لە چەترە خوێناوییەكەی ژنەشای بریتانی داوە، ئەو ئەركە بكێشە و بە ئینگلیزیش دابنێ، ئینجا بزانە لەلایەن سۆشیالیست و ئازادیخوازەكانی بریتانیا و ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیاوە، چیت پێدەگوترێت!
بۆ ئەو مەبەستە دەتوانی پرسیاری یەكسانی لە ژنە خزمەتكارەكانی كۆشكی خوایانەی ژنەشای بریتانیا بكەیت!
ئیتر ناڵێم ئاخۆ ئازادیخوازانی نەوەی كۆیلەكانی ئەفەریكا و ئۆریجنەكانی ئەمەریكا و ئۆریجنەكانی ئەمەریكای لاتین و ئۆریجنەكانی ئوسترالیا و ژنانی بەنگلادیش و ھیندستان و پاكستان و سریلانكا و ئەندونوسیا و …تد چیت پێدەڵێن…
لێرەدا پرسیار لە خوێنەرانی بابەتەكانت دەكەم، من وەك پیاوێك ناتوانم لە بەرامبەر ئەو سووكایەتییەی كە تۆ بەناوی یەكسانییەوە بەرامبەر بزووتنەوەی یەكسانیخوازی دەكەی، بێدەنگ بم، ئاخۆ ھاوڕێیانی ژن چی دەڵێن؟؟؟؟؟
دیكتاتۆرییەك كە بزاڤی چەكداری پاش ھەرەسی ١٩٧٥ لە پێناویدا دەستپێكردەوە!
جەلالییەكان لە ساڵی ١٩٧٦ دا بە خاتری پشتیوانی لە برا بەعسییەكانی سوریەیان لە باشووری كوردستان بزاڤی چەكداری ھەلگیرسانەوە و مەلاییەكانیش لە كەرەج بە خاتری پاراستنی سنووری ئێران و دواتر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، ھاتنەوە مەیدان. پاش ١٢ ساڵ دیتمان سەرەنجامەكەیشی وێرانی زایتر لە ٣٠٠٠ گوند، ئەنفاڵی ١٨٠ ھەزار، كیماكوژی ٥٠٠٠ كەس، لەسێدارەكانی ھەزاران كەس و ماڵویرانی ملیۆنی گوندنشینان، بەولاوەتر نەبوو، كە ئەگەر راپەڕینی جەماوەری ئازاری ١٩٩١ نەبووایە، دەبوو سەرانی پارتەكان و چەكدارەكانیان لە ھەندەرانەوە بە ئاخھەڵكێشانەوە بڵێن ” ئەم نانە بەو ڕۆنە”!
كۆمەڵگەی چینایەتی دۆزەخی ھەژاران و بەھەشتی دەوڵەتمەندانە
پێویست ناكات لەژێر زەوی بەدوای گۆڕدا بگەڕێیت، دەسەلاتداران و كۆمپانییە جیھانلوشەكان سەرزەوییان كردووەتە گۆڕیكی بێسنوور، ھەر بۆیە لەبری گۆڕینەوەی نشینگەكانمان بە گۆڕ، پێویستە سەرزەوی بگۆڕین بە كۆمەڵگەیەكی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر و دوو لە دەوڵەت و سەروەری..