ڕەخنە تەواوکەری هزرە نەك ڕەتکەرەوەی / ٢

هەژێن

٢٧ی ئایاری ٢٠١٥

بەشی دووەم [کۆتایی]

بەداخەوە لە زمانی کوردیدا زۆربەی ئەوەی بەتایبەت لە بواری خوێندنەوەی هزری ئەنارکسیتیدا بوونی هەیە، ناچێتە خانەی ڕەخنەوە، چونکە تەنیا دووبارەکردنەوەی پێشداوەریی و خوێندنەوەی بێبەڵگانەی بەرانبەرە لەسەر بنەمای بڕوای تەواو بە هاوبیرانی خود. لەم بارەوە نموونەیەك لەو جۆرە ڕەخنەیە وەردەگرم، هەرچەند پێشتریش لە پەرتووکۆکەیەکدا بەناوی (ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنە لێ گرانی) هەوڵمداوە ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەو تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییە بۆ هزر و ڕەخنە و کورتکردنەوەی ڕۆڵی ڕەخنە لە دژایەتییەکی حەزۆکیانەدا بۆ هزری بەرانبەر. بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵ لەلایەن کەسێکی دیکەوە هەمان پێشداوەریی بەرانبەر هزر و بیرۆکەکانی ئەنارکیزم کراوە و هێندەی دیکە قوڕی هەژاریی پەرتووکخانەی کوردی خەستترکراوەتەوە.

بەڕێز (بژار سەردار) لە ڕێکەوتی ١٣ی جولای ٢٠١٤دا بابەتێکی بەناوی ” ئه‌نارکیزم یان کۆمۆنیزم؟……. به‌شی یه‌که‌م. لە وێبلاگە کەسییەکەی خۆیدا نووسیوە، منیش لە گەڕان بە دوای واژەیەکدا بەسەر لینکی وێبلاگەکەی ئەو کەوتم و ئەو تایتڵە گەورە و زەقە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و پاش خوێندنەوەی بابەتەکە، هەرچەند گەڕام بەڵام بەشی دووەمی بابەتەکەم بەرچاونەکەوت. بەداخەوە نووسەر هیچ گرنگییەکی بە چاوەڕوانمانەوەی خوێنەری نەداوە و لە بەشی یەکەمیشدا بێجگە لە پێداگرتنەوە لەسەر یەقینگەرایی و ئایینگەرایی “مارکسیزم”، ئەو نە توانیویەتی بەڵگەیەك لەسەر پاگەندەکانی بەرانبەر ئەنارکیزم وەك هزر و میتۆد و تێڕوانین و جیهانبینی بخاتەڕوو و نە توانیویەتی یەقینگەرایی خۆی بۆ ئایدیۆلۆجیای مارکسیستی دروست بسەلمێنێت. وێرای ئەوەش من بە مەبەستی وروژاندنی مشتومڕی هزریی و ڕۆشناییخستنە سەر جیاوازییەکان لە ئامانج و بیرکردنەوە و تێروانین و سەرەنجامدا، لێرەدا هەوڵدەدەم لەو بارەوە سەرنجەکانی خۆم بخەمەڕوو و گۆشە ناڕۆشن و شادراوەکانی تێڕوانینی ئەو بەڕێزە دەستنیشانبکەم.

هەر لە سەرەتاوە نووسەر بەم دەستەواژەیە دەستپێدەکات

 

ده‌رکه‌وت و گه‌شه‌سه‌ندنی بزاوتی (ئه‌نارکیزم) له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی 19هه‌مه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، وه‌کو به‌رهه‌می به‌ربه‌ره‌ کانێی چینه‌ ورده‌ بۆرژواییه‌کانی (پیشه‌گه‌ران) و(خوێنده‌واران) و (خاوه‌ن فرۆشگه‌ بچووکه‌کان ) و (ورده‌ جووتیاران) دژ به‌ کاروانی روو له‌ به‌ره‌و پێش چووی ” سه‌رمایه‌”.

 

کاتێك کە ئەم بڕیاردانە یەکلایەنە و حەزۆکیانە لەسەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی و تیئۆریزەبوونی پراکتیکی ئەو بزووتنەوەیە لە جیهانبییەکی دژەچینایتیەدا دەخوێنمەوە، وەك خوێنەرێکی وردبین بە پێچەوانەی خوێنەری نادەربەستەوە، خولیای دیتنی بەڵگە مێژوییەکان و نموونەی وەرگیراو لە خودی ئەو دەقە هزرە، بۆ پرسیارکردن و داواکردنی سەرچاوە بۆ سەلماندنی ئەو پاگەندەیە هانماندەدات؛ بەگوێڕەی کامە سەرچاوەی مێژوویی ئەنارکیزم لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵداوە؟ بەگوێرەی کامە بەڵگەی هزریی و دەق ئەنارکیزم بەرهەمی بەربەرەکانێی چینە وردە بۆرجوازیییەکانە؟ وردەبۆرجوازی چییە؛ ئاراستەیە یا چین و توێژی کۆمەڵایەتی؟ بەگوێرەی کامە پێوەر “پیشەوەران” و “دوکانداران”/ ” خاوه‌ن فرۆشگه‌ بچووکه‌کان ” و “وردە جوتیاران” دەچنە خانەی وردەبۆرجوازیی و چ پێوەرێك بۆ وردەبۆرجوازییبوون هەیە؛ خوێندەواریی یا باشبوونی گوزەران یا تێروانین و ئاراستەی هەوڵەکان؟

هەروەها بە مەبەستی وروژاندن و ڕۆشنایی خستنە سەر بابەتی وردەبۆرجوازی، وەك بەراییەك من لێرەدا وردەبۆرجوازی بە ئاراستەی بۆچوون و تێڕانینی تاکەکان دەبینم نەك چین و توێژی پێگە-جیاوازی ئابووریی؛ چونکە زۆرینەی کرێکاران لە ڕووی بۆچوون و تێروانینەوە هەمان بۆچوون و تێڕوانین و داخوازیی ڕامیاران و پارتییە بۆرجوازییەکانیان هەیە و خۆیان لەپێناو خەونەکانی بۆرجوازی “خۆیی” بەکوشتدەدەن و لەپێناو نیشتمانێکدا دەجەنگن، کە بەخۆیان تێیدا کرێچین، ئایا دەکرێت ئێمە دەتوانین بڵێین، ئیدی ئەو کرێکارانە لەبەر نەبوونی پلەی ئەکادێمی یا خۆشگوزەرانی و بەتاڵبوونی گیرفانیان، وردەبۆرجییانە بیرناکەنەوە و بەشێك نین لە هێزی بۆرجوازی دەسەڵاتدار یا ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی؟ ئایا دەتوانین و دەکرێت بڵێین، خوێندکاران یا پرۆفیسۆران یا دوکانداران و بەرگدووران لەبەر پلەی ئەکادێمییان یا خۆشگوزەرانییان بە ڕەنجی کاری خۆیان، ناتوانن سۆششیالیست و سۆشیالیستخواز بن؟

ئەگەر وەڵامە ئەرێییە، ئەی دۆستانی مارکسیست سەرمایەداربوونی (فریدریش ئەنگلس) و کۆیلەتی کرێکاران بەتایبەت کرێکارانی منداڵ لە کارخانەکەیدا چۆن لێکدەدەنەوە؟ ئەی سەرمایەداربوونی ئەندامانی نێوەندی پارتییە کۆمونیستییەکانی عیراق و ئێران چۆن لێکدەدەنەوە، کە خراپتر لە سەرمایەدارانی ئەوروپی کرێکارانی کۆچەر بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی کار یا دەستنەکەوتنی کارەوە دەچەوسێننەوە و لە عیراق و ئێران و کەنەدا و ئوسترالیا و ئەمەریکا و ئەوروپا تەلار و باڵاخانەکانیان بە ڕەنجی دزراوی کرێکارەکانیان هەوران دەخوڕێنن؟

 

 

هه‌روه‌ها له‌ سه‌رپێ راوه‌ستانه‌وه‌ بوو بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی (پڕۆسه‌ی پڕۆلیتاریایزه‌کردنی) چینه‌ ورده‌ بۆرژواییه‌کان. پڕۆسه‌یه‌ک که‌ ده‌ستکه‌وت و ” سه‌ربه‌خۆییه‌- کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دێرینه‌کانی” ، ده‌خسته‌ ژێر پێی داپڵۆسین و فه‌وتاندنه‌وه‌..

 

لێرەدا ئەو بۆچوونە بە ئاشکرا وردەبۆرجوازی بە چین دەزانێت و زۆر نادەربەستانە گوللەی خۆی بە بەرانبەرەوە دەنێت و هیچ ئاوەڕ لە کارایی گوللەکەی و هەروەها لە پێکان یا نەپێکانی گوللەکەی ناداتەوە، چونکە لەلای ئەو ئیدی ئەوە سەلمێندراوە، کە هەرچی پێشینانی گوتوویانە بەڵگەنەویستە و ئەم بۆ سەلماندنی دیتنەکانی خۆی، هیچ پێویستی بە خۆماندووکردن نییە.

هەرچەندە ئەو بۆچوونە بە ئاشکرا وردەبۆرجوازی بە چین دەزانێت و بە حەزی ئایدیۆلۆجیانەی خۆی هزری ئەنارکیزم دەکاتە تێڕوانینی ئەو چینە خەیاڵییانەی، کە خۆی بۆ وردەبۆرجوازی دروستیاندەکات، بەڵام من نازانم و تێناگەم بۆچی پڕۆلیتاریزەکردنی چین و توێژەکانی دیکە و پەیوەستکردنیان بە تێکۆشانی دژە-چینایەتی پڕۆلیتاریاوە خراپ دەخوێنێتەوە و وەك نەنگییەك و لاوازییەك دەبێنێت؟ ئەگەر پڕۆلیتاریا بە چەمك و تێگەییشتنی ئاوەژوو و نادروستی مارکسیستی [واتە کرێکارانی پیشەسازیی]یش وەربگرین، ئایا کرێکارانی پیشەسازیی بەتەنیا دەتوانن ڕزگارکەری هەموو کۆمەڵ بن و نەبنە هێزی دیکتاتۆر و فاشیست؟

ئەگەر لەوە بگوزرێم، کە وەها پاگەندە و ناتۆرەیەك بۆ ئەنارکیزم و ئەنارکیستەکان بێبنەمایە و هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی و هیچ دەقێکی ئەنارکی یا هەواڵ و ڕیپۆرتاژێکی ئەو سەردەمە نییە، تاوەکو بکرێتە پاڵپشت بۆ سەلماندنی ئەو پاگەندەیە. ناچارم بپرسم، ئەرێ کامە پرۆسێس و کامانەن ئەو “سەربەخۆییە کۆمەڵایەتییە دێرینان”ەی، کە ئەنارکیزم خستووینەتە ژێرپێی داپڵۆسین فەوتاندن؟ تکایە وەڵام ، بەڵام دوور لە گێرانەوەی پێشداوەرییەکانی فڵان و فیسارەکەس، بە بەڵگە و دەقی تۆمارکراو؟

 

بۆ له‌ خۆ گرتنی خه‌ون و ئامانجی مرۆڤانه‌ی باڵاتره‌وه‌ که‌ ده‌شێت ته‌نها و ته‌نها خۆی له‌ (کۆمۆنییزم)دا ببینێته‌وه‌،

من هیچ لاریم لە تێروانینی “کۆمونیزم” بە واتای سیستەمی کۆمونگەرایی یا ئەنارکیزم نییە، دەتوانێت و ئەگەری هەیە ببێتە ئەو خەونە، ئەگەر هوشیاریی تاکە پڕۆلیتارەکان [نەدار و بێدەسەڵاتەکان] بگاتە ئاستی ڕەتکردنەوەی سەروەریی چینایەتی بە هەموو ڕەنگەکانییەوە؛ چ ڕەش و چ سپی و چ سوور و چ مۆر! بەڵام نەك بەس تەنیا بەگوێرەی تێگەییشتنی منی دژە-پارتیی و دژە-دەوڵەت و دژە-فەرمانداریی [حکومەت] و دژە-دیکتاتۆریی و دژە-پارلەمان، بەڵکو مێژووی پارتییە مارکسیستەکان و دەسەڵاتدارییان ئەوەی سەلماند، کە کۆمونیزم بە واتای دەسەڵاتداریی چین یا پارتییەك و ئابووریی دەوڵەتی و نێوەندگەرایی بڕیاردان و بەڕێوەبردن، شکستی خوارد و بوو بە بەشێك لە خەون و ئەفسانەوێژیی وردەبۆرجوازیی!

بێجگە لەوە من لەو دەستەواژەیەدا تەنیا یەقینگەرایی ئایینی دەبینم و خۆم لەبەرانبەر دەستەواژەیەکی ئایدیالیستیدا دەبینم. ئاخر تەنیا ئایدیالیستەکان ڕێگە بەخۆیان دەدەن، کە ئاوا بە یەقینەوە بڕیار لەسەر داهاتوو بدەن و هەوڵی ئاراستەکردنی بدەن؛ تەنیا ئەوانەی ئایدۆلۆجیایەكی ڕامیاریی دەکەنە جێگرەوەی ئایدیا ئایینیەکان، دەتوانن ئاوا بە یەقینەوە مژدەی بەهەشتی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بدەن.

 

له‌ هه‌رێمه‌کانی خۆرهه‌ڵات و باشووری ئه‌ورووپا، به‌ربه‌ره‌کانێ ی ئه‌و ورده‌ چینانه‌ دژی سه‌رمایه‌داری ،

 

هەرچەندە لێرەدا بەهۆی لاوازیی زمان و دەربڕینەوە زۆر ڕۆشن نییە، کە مەبەست لە وردەچینەکانە یا ئەنارکیزم، بەڵام پێویستە بزانین ئایا “هەرێمەکانی خۆرهەڵات و باشووری ئەوروپا” تەنیا “چینی وردەبۆرجوازی” تێدا بوون، ئەی پڕۆلیتێرەکانی ئەو هەرێمانە خەریکی چی بوون و ڕۆڵیان چی بوو و لایەنگری چ هزر و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوون؟ ئایا دەکرێت ئێمە ئاوا لەم دەربڕینە بێبناخە و نالۆجیکی و نامێژوویی و ناکۆمەڵناسییە بەوە تێبگەین، کە پڕۆلیتاربوون تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە مارکسیستبوون، بەو جۆرەی کە ئەو بۆچوونە دەخوازێت تەنیا لە هەرێمەکانی خۆراوا و باکووری ئەوروپا بوونیان هەبووبێت؟

 

بوون به‌ بزاوتێک بۆ (شیوه‌ن کاران) بۆ “ئه‌فسانه‌ی” (به‌هه‌شتێک) ی رابردووی له‌ده‌ست چوو! به‌هه‌شتێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ورد که‌ به‌ دوور بێت له‌ زه‌بر و داپڵۆسین له‌ لایه‌ن پایته‌ختی (سه‌رمایه‌ی- پیشه‌سازی) و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی (ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆرژوازی) بن.

 

بەر لە هەرشت “شێوەن+کاران” چییە، ئایا مەبەست (شێوەنگێڕەران)ە؟ چی ئەفسانەیە؛ خۆبیرکردنەوە و خۆهوشیاریی و خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەرایەتی و خۆبەرهەمهێنان و خۆدابەشکردن و خۆبڕیاردان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و یەکگرتنی ئازادانەی هەرێم و ناوچەکان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنەکاندا، کە ئەنارکیستەکان پێداگریی لەسەردەکەن، یا پارتایەتی دەسەڵاتخوازان و دیکتاتۆریی وردەبۆرجوازی خۆڕێکخستوو لە پارتیی چینایەتی و سەروپڕۆلیتاریا و دەوڵەت و فەرمانداریی [حکومەت] و دێمۆکراسیی نێوەندگەرایی و دیسپلینی پۆڵایینی شوانەکان؟

چی ئەفسانەیە خوێندنەوەی مارکس و هاوڕێیانی و قۆناخبەندی کۆمەڵی چینایەتی بەسەر چەند سەردەمی دژبەیەکدا و دواجار گەڕانەوە بۆ بەهەشی سەرەتایی دنیاییکردنی هەمان ئەفسانەی تۆڕات و ئینجیل و قورئان و لایەنگریری داگیرکردن و سووکایەتیکردن بە کۆمەڵە ئازاد و ناپیشەسازییەکان یا لەتوانادادیتنی گۆڕینی کۆمەڵی چینایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا بۆ کۆمەڵی سۆشیالیستی [کۆمەڵی ناچینایەتی] لەسەر بنەمای خودهوشیاریی تاك و ئامادەیی هەمووان و وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی مرۆڤ بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کامیان ناڕەوا و ناکەتواریین؟

ڕاستییەکەی هەرچەندە من مێشکی خۆمم گوشی و ئەم دیو و ئەو دیوی ئەو دەستەواژەیەی کۆتاییم کرد، تێنەگەییشتم، کە “کۆمەڵگەی ورد” چییە و لە چ سەردەمێکدا بوونی هەبووە و ڕووداوە؟ ئایا کۆمەڵگە جێگەی/ شوێنی کۆمەڵ نییە؟ ئایا مەبەست لە “کۆمەڵگەی ورد” ؛ دوورگەی گچکەی نێو دەریاکانە؟ ئەی چ جۆرە کۆمەڵێك لەو کۆمەڵگەیانەدا ژیاون؟ ئەی “داپڵۆسین له‌ لایه‌ن پایته‌ختی (سه‌رمایه‌ی- پیشه‌سازی) و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی (ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆرژوازی) بن” واتای چییە؟ شتێك کە لە “پایتەختی سەرمایەی پیشەسازیی”دا بێت، چۆن لە دەرەوەی دەسەڵاتی “دەوڵەتی نێوەندیی بۆرجوازی”یەوە دەبێت؟ باشترە هەڵهێنانی ئەم مەتەڵە بۆ لایەنگرانی ئەو بۆچوونە بەجێبڵێم. ئەی ” “ئه‌فسانه‌ی” (به‌هه‌شتێک) ی رابردووی له‌ده‌ست چوو! ” چییە و مەبەست لە کامە ئەزموون یا هەوڵ و بیرۆکەیە؟

 

بەکورتی، ئەنارکیستەکان دەڵێن، ئەگەر و توانانی بەدیهێنانی کۆمەڵی ناچینایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا هەبووە و هەیە، بەمەرجێك زۆرینە ئامادەیی و ویست و داخوازیی وەها ژیان و ڕێکخستێكیان هەبووبێت یا هەبێت و بەبێ ناچارکردنی کەسانی دیکە، بەبێ سەپاندنی کەمینە بەسەر زۆرینە و زۆرینە بەسەر کەمینە، لەسەر بنەمای ڕێکخستنی ئاسۆیی و بڕیاردانی دێمۆکراسییانەی ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوە گشتییەکانی شوێنی کار و ژیان، پێکەوە هەمووان بەرهەمبێنن و ئەوەی هەیە بە یەکسانی پێکەوە هەمووان لێی بەهرەمەندبن، دوور لە سیستەمی سەرووخەڵکیی و دەوڵەت، خەڵکی ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیانی خۆی بدات. ئەنارکیستەکان هاتنەدی هەموو ئەوانە بە تێکۆشانی جەماوەریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی تاکەکان و خودهوشیارییەك کە لەو تێکۆشانەدا سەرهەڵدەدات و ڕێکخستنە ئاسۆییە شۆڕشگێرەکان کە بەرهەمی وەها خودهوشیارییەكن و میکانیزمگەلێك کە بەرەنجامی ئەزموونکردنە مێژووییەکانن و بە پشتبەست بە هەرەوەزیی و هاوسۆزیی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی و ئاڵوێری بەرانبەرانەی بەرهەمەکان و دابەشکردنیان بەگوێرەی پێداویستیی و هاوپشتی جڤاکی و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کار و بەرهەمهێنان و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی، کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر ئەگەر و لەتوانادابوونی هەیە و سەرهەڵدانی ئاوا خواستێك و ناچاریی تێکۆشان بۆ هاتنەدی ئاوا ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەرییەك، پێویستی بە ڕۆشنگەریی بەردەوام و جەماوەریی هەیە.

بەڵام لە بەرانبەردا مارکسیستەکان پێشکەوتنی ئابووریی بۆرجوازیی دەکەنە پێشمەرجی هاتنەدی سۆشیالیزم و هەر لەسەر ئەو بنەمایە داگیرکردنی وڵاتانی پاشکەوتی ئابووریی لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووریی [بۆ نموونە داگیرکردنی هیندوستان لەلایەن ئینگلتەرە] بە دروست دەبینن و هەروەها دروستکردنی دەوڵەتی بەناوی سۆشیالیستی و دیکتاتۆری بەناوی پڕۆلیتاری و دەسەڵات و نێوەندگەرایی پارتیی “پێشرەو” بەناوی سۆڤیەتی [شورایی] و سەپاندنی نەخشەی ئابووریی نێوەندگەرا و دەوڵەتییکردنەوەی ئابووریی و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی بەناوی سۆشیالیزم و بەستنەوەی هاتنەدی کۆمونیزم بە تێپەڕاندنی قۆناخی [سەرمایەداریی دەوڵەتی] دەکەنە پێشمەرج.

بەبۆچوونی من، هەر ئاوا کە لە هاوینی ساڵی ١٩٩٣ بەردەوام بۆ هاوەڵە مارکسیستەکان پێشنیارمکردووە، بۆ تێگەییشتن لە جیاوازییەکان، لە دروستی و نادروستی پاگەندەکان و هەوڵەکان، گونجاویی و نەگونجاویی و پۆزەتیڤبوون و نیگەتیڤبوونی پێشنیار و بەرنامەکان، ئێمە پێویستمان بە مشتومڕی بەردەوام لەسەر ڕۆڵی بەرەنگاریی چینایەتی و جۆر و چۆنیەتی ڕێکخستن و شێوازی چالاکی و تێکۆشان، ڕۆڵی ڕێکخراوە جەماوەریی و سڤیلییەکان و مانگرتنی گشتی و خەباتی نافەرمانی سڤیلیست و ڕاپەڕینی جەماوەریی، شۆڕش چییە و زەمینە و ئاست و ڕەهەندەکانی شۆڕش کامانەن، گرنگی و کارایی ڕۆشنگەریی ناچینایەتی، ئەزموونەکانی ڕابوردوو لەو بارانەوە چی دەسەلمێنن و چییان ڕەتکردووەتەوە، شۆڕش چینایەتییە یا ناچینایەتی، ئایا ئامانج کۆمەڵی ناچینایەتییە یا سەروەرکردنی کۆیلان و زۆر پرس و پرسیاری دیکە، کە لە ڕەوتی تێکۆشانی داهاتوودا دێنە پێش و وەڵامدانەوەیان دەبێتە ئەرکی شۆڕشگێرانی سەردمەکەیان و هیچ کات تیئۆری و ئایدیۆلۆجیای سەردەمەکانی پێشوو ناتوانن وەڵامی کەتوارییان پێبدەنەوە. لێرەدا جارێکی دیکە هەمان کۆمەڵە پرسیاری لێکهەڵپێکراوی زادەی کەتوار و مێژووی تێکۆشانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی چەند بارە دەکەمەوە و هیوادارم سۆشیالیستانێکی پەیگیر پەیداببن و لەنێو ڕەفەی پەرتووکە زەردهەڵگەڕاوەکان بێنەدەرەوە و خۆیان بە پەیداکردنی وەڵامی ئەو پرسیارانەوە خەریکبکەن.

(پییه‌ر جۆزێف پڕۆدۆن) که‌ به‌ باوک ونمونه‌ی باڵای ئه‌نارکیسته‌کان ده‌ژمێردرێت

یەکێك لە هۆکارەکانی (دۆگماتیست)مانەوەی هزری مارکس و ئاسان وەرگۆرانی بۆ ئایدیۆلۆجیا و ئامرازی دەسەڵاتخوازیی، سڕینەوە و شێواندن و خوێندنەوەی بەرانبەرە بەپێوانە خودییەکان و بەراوردکردن بەخود. لەبەرئەوەی کە ئەلف و بای مارکسیزم مامۆستاییکردن و ڕابەرییکردنی چەوساوانە، باوکایەتی پلە و پایەیەکی هەردەم خوازراوی نێو ئەدەبیاتی مارکسیستییە و سەراپا پڕ لە واژەگەلی “داهێنەری سۆشیالیزمی زانستی”، “مامۆستای پڕۆلیتاریای جیهان”، …تد هەڵبەتە ئەم نازناوانە تەنیا بۆ خودی (کارل مارکس) و (ئەنگلس) نا، بەڵکو بۆ دروستکەران و فەرماندەکانی (چێکا) و (لەشکری سوور)یش بەکاربراون و دەبرێن. ئاخر بەڕێزم، لە کامە دەق و سەرچاوەی ئەنارکیستیدا هاتووە، کە پڕۆدۆن “باوکی ئەنارکیزم” بووە، لێرەدا باشترین وەڵام بۆ ئەو پووچ-وێژییە تەنیا ئەوەندە بەسە، کە بڵێم تکایە بڕۆ ڕەخنەی ئەنارکیستەکان لە پێشنانی خۆیان بەدیاریکراوی (پڕۆدۆن) بخوێنەوە، ئەوسا ببینە کە ئەنارکیزم هزرێکی بێ(دایك و باوك و مامۆستا و ڕابەر)ە، تاوەکو جیاوازی هزر و ئایدیۆلۆجیا باشتر دەربکەوێت!

هیوادارم لایەنگرانی ئەو بۆچوونە لەم بارەوە خۆیان ماندووبکەن و ئەو ئەرکە بێکێشن و لە دەقە ئەنارکیستییەکاندا سەرچاوەیەك بۆ “باوکبوونی پڕۆدۆن” بۆ ئەنارکیزم بدۆزنەوە و بە ئێمەی بەدبەختیشی بڵێن؟ ئەگەر پڕۆدۆن باوکی ئەناکیزم بێت، ئەدی باشتر نەبوو ولیەم گۆدوین و ماکس شیێنەر بکەنە باپیرە و خاڵۆی، ئەدی دایکی ئەنارکیزم کێیە؟ تکایە چاویلکەی ئایدیۆلۆجیی لادەن، تاوەکو بەرانبەر بە ڕەنگ و سروشتی خۆیەوە ببینن، نەوەك بەو ڕەنگەی کە ئایدیۆلۆجیا و ڕابەران لە هۆشی هەزاران سۆشیالیستخوازی گیرۆدەدا دروستیانکردووە!

وەك گوتم بەدبەختی لەوەدایە، کە کەسێك بە حەزە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆی، بە دەقە پیرۆزکراوەکانی خۆی کەتوار بپێوێت. ئەنارکیزم بەپێچەوانەی ئایینی “مارکسیزم”ەوە، میتۆدلۆجیە نەك ئایدیۆلۆجی، سەنتێزە نەك تێز بۆ لەقاڵبدانی کۆمەڵەکانی مێژوو. ئەنارکیزم وەك تیئۆرییەکی کۆمەڵایەتی دژەچینایەتی بەرەنجام و ئافەریدەی خەباتی کۆمەڵایەتیی چەوساوانە لە ڕەوتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییدا و تا سەروەریی چینایەتی بەسەر کۆمەڵدا بوونی هەبێت، ئەنارکیزم پەرەدەسێنێت و تیئۆرییەکانی لە بوارە جیاجیاکانی تێکۆشان و شۆڕشدا فروانتر و گەشەکردووتر دەبن و تیئۆریزەرانی نوێی لەدایکدەبن، کەسانێك کە باوکایەتی و دایکایەتی بۆ هزریان پەسەندناکەن.

ئەمە ڕێك بەپێچەوانەی مارکسیزمەوەیە، کە ئایدیای کۆمەڵی ناچینایەتی “کۆمونیزم” لە بەهەشتی ئەفسانەکان و لێکدانەوەی بۆ سەردەمە مێژووییەکانی سەرهەڵدان و گەشە و خۆقوتارکردنی کۆمەڵی چینایەتی، هەمان قۆناخبەندیی دەرکردنی ئادەم و ئێڤا و ئاوارەبوونیانە لە دونیای دۆزەخاویدا، هەر ئاوا بە پێچەوانەی داگرتنی یەزادان و دەوڵەتەکەیەتی بۆ سەرزەمین و نازناوکردنی بەناوی “پڕۆلیتاریا” و پاساودانی دیکتاتۆریی پارتییەکەی بەناوی بەرژەوەندیی باڵاوە، کە هەمان بەرژەوەندی یەزدانە زەمینییەکانە.

بۆچوونه‌کانی پڕۆدۆن  بریتی بوون له‌ “خه‌ونی ئایدیالیستیانه‌ی- بێ ناوه‌رۆک” بۆ بنیادنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دامه‌زراو له‌ سه‌ر رێککه‌وتنی ” تاکه‌ پیشه‌گه‌ره‌کان” له‌ باره‌ی هه‌ره‌وه‌ز وئاڵوگۆڕی سوودگه‌یاندن و قه‌رزو ده‌ستگیرۆیی به‌ بێ به‌رانبه‌ر.

زۆر بەداخەوەم، کە ناچارم ئەم دەستەواژەیە بنووسم؛ ئەو بۆچوونە وەك مەلایەك لە مینبەرەکەیدا قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و دڵنەوایی بڕوادارانی ڕێبازەکەی دەداتەوە و بۆ ئەوەی لە دوودڵی و گومان بیانپارێزێت، ئەهریمەنێك قوتدەکاتەوە. وەك پێشتر پرسیم، تکایە سەرچاوە و نموونە لە بۆچوونەکانی پرۆدۆن، تکایە بەڵگە؟

بەڵێ پڕۆدۆن بانکی بێسوودی بۆ ئاڵووێری یەکسان و دەستگیرۆیی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هەروەرزیی کۆمەڵایەتی پێشنیاردەکرد، بەڵام لەنێوەندی ژیان و لەسەر بنەمای کەتواری ئەو ڕۆژە و لەنێو کۆمەڵە کرێکاریی و جوتیارییەکاندا و دوور لە دەستتێوەردانی دەوڵەت بەو جۆرەی کە لە کۆندا لەنێو کۆمەڵە ئازادەکاندا بەبێ بوونی دەوڵەت و سەپاندن، بوونی هەبووە. هەروەها نەك بەو لنگاوقووچییەی کە ئەو بۆچوونە وێنایدەکات. من تێناگەم ئەو بۆچوونە چۆن ئایدیالیزم دەبینێت و چ پێوەرێکی بۆ ئایدیالیستبوون هەیە. بەڵام ئەوەندەی من بزانم ئایدیالیزم واتە دەستپێکردنی گۆڕانی کەتوار بەگوێرەی قاڵب و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجی/ هۆش[تیئۆری]ەوە، ڕێك بەپێچەوانەی ماتریالیزمەوە کە بریتییە لە گۆڕانی هۆش [تیئۆری] بەهۆی ئەزموونی کار [پراکتیك]ەوە. لێرەدا ئەم پرسیارە یەخەماندەگرێت : ئایا لەقاڵبدانی کۆمەڵ لە ئایدیۆلۆجیدا و دەوڵەتیکردنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و توانەوەی خۆبەخۆی پەشمەکییانەی دەوڵەت ئایدیالیستییە یا پێکهێنانی کۆمەڵە ئازادەکان لەسەر بنەمای هەروەزیی کۆمەڵاتەتیی و ئالووێری بەرانبەرانەی ئابووریی؟ لەو بارەوە بەراودکردنی ئەزموونی مارکسیستییانەی ڕوسیا ١٩١٨-١٩٩٠و ئەزموونی ئەنارکیستانەی هەندێك هەرێمی ئیسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩ دەتوانێت باشترین پێوەربێت، هەروەها بەدڵنیاییەوە بەراوردی بۆچوون و تێروانینی بلانکیست-مارکسیستەکان لەتەك بۆچوون و تیڕوانینی ئەنارکیستەکان لە ئەزموونی (کۆمونەی پاریس)دا کۆمەکێکی زۆر بۆ تێگەییشتن دەکات.

بە بۆچوونی من لەوانەیە دوو شت بتوانن لە ناسینی ئەو ئەهریمەنە ڕەشە [پڕۆدۆن]دا کۆمەكی ئەو بۆچوونە و خوێنەرانی بکات؛ یەکەم خوێندنەوەی ژیاننامەی خودی ئەهریمەن و دووم ڕووداوەکانی سەردەمی نووسینی تێروانین و پێشنیارەکانی ئەون، لەوانە پێشنیاری کۆمەڵە کرێکارییەکان و هەرەوەزییەکان، کە هاوکاتی سەرهەڵدانی مانگرتنەکان و پێکهاتنی کۆمەڵە کرێکارییەکانی ناوچەی (لیۆن) بوون. چونکە خوێنەری بەویژدان و سەربەخۆ، دەتوانێت ئەوە ببینێت، کە پڕۆدۆن سەرەڕای هەموو ڕەخنەیەك لێی لە ڕوانگەی ئەنارکیستانی ئەم ڕۆژگارەوە، بەپێچەوانەی هاوسەردەمییەکانەوە کەسێكی زیندووی نێو بزووتنەوەکە بوو، لەم بارەوە خوێندنەوەی وەڵامەکەی ئەو بۆ (کارل مارکس) باشترین و زیندووترین بەڵگەی جیاوازییەکانە؛ زۆر بە ڕاشكاوی جیاوازی ڕەوتی ئازادیخواز و ڕەوتی ئایدیالیست لەنێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی دەخاتەڕوو؛ تکایە ىڕواننە به‌شێك له نامه‌ی پییه‌ر پرۆدۆن بۆ ماركس https://anarkistan.wordpress.com/2008/05/28/

مارکس له‌ په‌ڕتووکی (هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌) که‌ ساڵی 1847 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، بۆچوونه‌کانی پڕۆدۆن ده‌خاته‌ به‌ر هێرشی ره‌خنه‌، هاوشانی ئه‌و ره‌خنانه‌ش ، گه‌شه‌سه‌ندنی  سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 19 کۆنه‌ پارێزی بیرۆکه‌کانی پرۆدۆن ده‌سه‌لمێنێت و گه‌واهی ده‌ده‌ن که‌ هیوای راستینه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری و زۆرداریه‌کانی و تاکه‌ رێگا بریتیه‌ له‌ خه‌باتی گه‌له‌کۆیی و یه‌کریزیی سه‌رجه‌م چینی کرێکار و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌ کۆمه‌ڵی کرێکاران به‌سه‌ر (هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان)ه‌وه‌…..

بەداخەوە، کاتێك خوێنەر ئەم پەرەگرافە دەخوێنێتەوە، ئەو یەقینەی لەلا دروستدەبێت، کە هەر بەڕاستی مارکس و ئەنگلس لایەنگری سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کرێکاران بوون و (پرۆدۆن)ی ئەهریمەن لایەنگری سیستەمی سەرمایەداریی بووە و دوژمنی سەرسەختی کۆمەڵە و هەرەوەزییە کرێکارییەکان بووە. بەڵام بەپێچەوانەی پاگەندەی ئەو بۆچوونە و ئەو سەرچاوانەی ئەو پشتیان پێدەبەستێت، پڕۆدۆن پێشنیارکەری کۆمەڵە کرێکارییەکان و پێکهێنانی هەرەوەزییە کرێکارییەکان و بەڕێوەبەریی کەرتەکانی بەرهەمهێنان لەلایەن بەرهەمهێنەرانەوە ناسراوە. ئەو (پڕۆدۆن) پێشنیاری یەکێتی ئازادانەی کۆمەڵەکان و زنجیرە و تۆڕی هەرەوەزییەکان و خۆبەڕێوەبەرییەکانی بەرهەمهێنەرانی لەسەر بنەمای یەکێتی ئازادانەیان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنەکاندا دەکرد، واتە لەسەر بنەمای ڕێکستنی ئاسۆییی و دژ بە قووچکەیی و هەروەها گرنگی و بنەماییبوونی خەباتی ئابووریی کرێکاران و سەربەخۆیی ئابووریی وەك مەرجی گۆڕانی سیستەمی کۆمەڵ دەزانی.

لەو بارەوە چەند سەرچاوەیەکی گرنگی هزر و تێروانینی پرۆدۆن [دارایی دزییە ، فیلۆسۆفی هەژاری و ئاڵوێر و زۆرێکی دیکە]، کە دەتوانن کۆمەك بە خوێنەری چەواشەکراوی کورد بکەن، بەداخەوە هێشتا وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و هێشتا یەقینگەرایی باڵی بەسەر هۆشی زۆرێك لە سۆشیالیستخوازانی خۆرهەڵاتی ناویندا کێشاوە و نەیانتوانیوە خۆیان لە چەواشەکارییەکانی میدیای دەوڵەتی بۆلشەڤیکی ڕزگاربکەن و هەر لەسەر بنەمای ” وتیان و ئاوا دەڵێن” کەتوار دەپێون. لەبەرئەوە، لەوانەیە خراپ نەبێت، کە سەرنجی خوێنەری کورد بۆ سەرچاوەکانی ئەنارکیزم ڕابکشێم و لەنێو ئەوانیشدا هزری پییەر جۆزیف پرۆدۆن، کە لەو بابەتەدا زۆرترین ئاماژە و هێرشی ناڕەوای دەکرێتە سەر. هەروەها لەوانەیە کۆمەککەرێكی باش بێت، ئەگەر خوێنەری کورد سەرنجی ئەوە بدات، هەرگیز ڕەخنەگرانی مارکسیست لە خودی (کارل مارکس)ەوە تا بەڕێز (بژار سەردار) و پاش ئەویش خۆیان لەو لایەنە لاواز و نادروستانەی بیرکردنەوەی پڕۆدۆن نادەن، کە خودی ئەنارکیستەکان لە دوو سەدەی ڕابوردوودا ڕەخنەیان ئاراستەکردوون، بەڵام لە بەرانبەردا هەردەم پەنایان بۆ تۆمەتگەلێك بردووە، کە خوێنەری بەویژدان ناتوانێت لە بیرکردنەوەی (پڕۆدۆن)دا شوێنپایان بدۆزێتەوە.

لینکی ئەرشیڤی ئەنارکیستەکان : http://theanarchistlibrary.org/special/index

لینکی هەندێك لە پەرتووك و بابەتەکانی پڕۆدۆن: http://theanarchistlibrary.org/category/author/pierre-joseph-proudhon

هەروەها ئەم لینکەش http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/proudhon/ProudhonCW.html

دوا شت، هەرچەندە ةووسەر لە ١٣ی جولای ٢٠١٤ ئەم بابەتەی نووسیوە و منیش لە ١١ی مارچی ئەم ساڵ ٢٠١٥ بەرچاوم کەوتووە و ئەم سەرنجانەم لەبارەیەوە نووسیون و تاوەکو ئەم ڕۆژ کە خەریکی پاکنووسکردنیان بووم، چاوەرێی بەشەکانی دواتری نووسینەکەی ئەو بەڕێزە بووم، بەڵام نووسەر بەشی دووەمی یا دواتری نووسینەکەی لە هرز و ڕەوتی ئەنارکیستی بڵاونەکردووەتەوە. ئیدی نازانم ئایا وەها بڕیاردانێك هەڵچوونێکی کاتەکی بووە و دواتر نەیتوانیوە درێژەی پێبدات، یا لەبیری کردووە، کە نووسیویەتی “بەشی یەکەم”. لەبەرئەوە، من لەوە زیاتر چاوەڕێ نامێنمەوە و لێرەدا کۆی سەرنجەکانی خۆم دەخەمەڕوو و بۆ پاراستنی نیازپاکی و دەستپاکیم لە نموونەگیریی تێروانینەکانی نووسەر، لینکی بابەتەکەی ئەو دەکەمە پەراوێز.

********************************************

* خوێنەری هێژا، مەبەستی (ولیەم گۆدوین) لە کۆمەڵی سڤیلیست و ڕێکخراوە سڤیلیستە/نادەوڵەتییەکان تەواو پێچەوانەی کۆمەڵ و ڕێکخراوگەلێکە کە لایەنگرانی پارلەمانتریزم و نیئۆلیبرالیزم بۆ خەساندن و فریودانی ناڕەزایەتی خەڵك بەناوی (NGO) پاگەندەیان بۆ دەکەن، چونکە مەبەستی ئەو ڕەتکردنەوەی پێکهاتەی دەوڵەت و ڕێکخستنی قووچکەیی بوو، واتە خوازیاری کۆمەڵی ئازاد بوو لەسەر بنەمای لێکهەڵتەنینی تان و پۆی کۆمەڵی سڤیلیست و ڕێکخراوە سڤیلیست لە یەکدی.

**بۆ خوێندنەوەی تەواوی پەرتووکەکە سەردانی ئەم لینکە بکە http://issuu.com/anarkistan/docs/k_enarkizm_und_enarkosendikalizm/

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی نووسەر، تکایە لەسەر ئەم لینکە کرتەبکە

ئه‌نارکیزم یان کۆمۆنیزم؟……. به‌شی یه‌که‌م. July 13, 2014 bjarsardar

https://bjarsardar.wordpress.com/2014/07/13/

ڕەخنە تەواوکەری هزرە نەك ڕەتکەرەوەی / ١

هەژێن

٢٧ی ئایاری ٢٠١٥

بەشی یەکەم

ڕەخنە چییە و من چۆن ڕەخنە دەبینم، لەو بارەوە پێشتر چەند جار تێڕوانینی خۆمم خستووەتەڕوو، لەبەرئەوە لێرەدا فرەتر لەسەر تێڕوانینی بەرانبەر هەڵوێستەدەکەم، کە ڕۆژانە لە زۆربەی سایتە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەك شمشێرێك دەچەقێتە چاوی خوێنەر. لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا مەگەر چەمك و واژەی ” ئازادی ” هێندەی چەمكی ” ڕەخنە ” ئەتککرابێت. هەرچەندە (ڕەخنە) پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و تێڕامانێك بێت، پێویستە خوێندنەوەی بۆچوون و تێڕامانی بەرانبەر و شڕۆڤەکردنی ناڕۆشنیی و نیشاندەری گۆشە تاریکەکانی بیرکردنەوەی بەرانبەر بێت، بەڵام مەخابن لە کۆی زۆربەی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیریی کورییدا بەهەمان چاویلکەی ئایدیۆلۆجی و پارتایەتی، ڕەخنە دەخوێندرێتەوە وەك سووکایەتی و دژایەتی لێکدەدرێتەوە، دەکرێت هۆکاری وەها دیتن و لەبەرچاوگرتنێك بۆ ئالوودەبوونی بیر و هەستی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کە بەگشتی بە وەرەمی ڕامیاریی و پارتایەتی و پاشڕەویی ئایدیۆلۆجیی ئالوودە کراوە؛ لەبەرئەوە هەم ڕەخنەگر دەبێتە جەلادی نووسەری دەق و هەم نووسەری دەق لەجیاتی دیتنی ناڕۆشنیی بیرۆکە پێشنیارکراوەکانی نێو دەقەکەی، دەکەوێتە کێشە و بەرەنگاریی کینەدۆزانە بەرانبەر ڕەخنەگر و هەم خوێنەری نادەربەستیش وەك بینەری دوو تیمی فوتباڵ و ڕکەبەر لە کێشمەکێشەکەی نێوان ئەو دووانە دەڕوانێت و وەك کایەیەکی سەرگەرمی تێیدەڕوانێت.

وەك پێشتر گوتم، ڕەخنە واتە خوێندنەوەی ورد و شیکاریکردنی دەق. کاتێك کە ڕەخنەگر بتوانێت لە دەقی بەرانبەردا ئەو کارانە ئەنجامبدات، ئەوا ئەو کات دەتوانێت دروستییەك یا ئەڵتەرناتیڤێك بخاتەڕوو. لەبەرئەوە بۆ گەییشتن بەو ئاستە چاوەڕوانکراوە لە ڕەخنە، کۆمەڵێك میکانیزم و مەرج خۆیان دەسەپێنن، لەوانە:

– خوێندنەوەی دەق نەك بڕیاردان لەسەر بنەمای پێشداوەریی و خوێندنەوەی پێشینانی ئیدئۆلۆگی خود بۆ دەقەکە. لەو بارەوە خوێندنەوەی کەسانی دیکە یا پێشینانی خود نابێتە بەڵگەی نادروستی یا ناڕۆشنی دەقی بەرانبەر و دروستی ڕەخنەی خود و لەو بارەدا ڕەخنەگر پێشداوەریی لەسەر دەق و نووسەری دەق ناکات.

– بۆ ئەوەی سەرنجدانی دەق یا ڕەتکردنەوەی بیرۆکەیەکی نێو دەق بچێتە خانەی ڕەخنە، پێویستی بە پشتبەستن بە دراوەکانی نێو دەق و بە نموونەوەرگرتن لە دەقی بەرانبەر هەیە، تاوەکو بۆ خوێنەر شرۆڤەبکرێت و لەبارەیەوە قسەبکرێت و ناڕۆشنییەکان دەستنیشانبکرێن و ڕەخنە وەك بەشێك لە پرۆسێسی تەسەلبوونی بابەتەکە یا تیئۆرییەکە ڕۆڵی خۆی بگێرێت. بەواتایەکی دیکە ڕەخنە تەواوکەر و تەسەلکردنی دەقی ڕەخنەکراوە نەك چەپ و ڕاست هێڵ بەسەرداهێنانی دەقێك. بۆ نموونە کەسانێك کە ڕەخنە لە هزرێك یا بیرۆکەیەك دەگرن، پێویستە بەخۆیان خوێندنەوەیان بۆ ئەو هزر و بیرۆکەیە هەبێت، نەك بەبێ خۆماندووکردن و زیادکردنی ئەلفێك، پێشداوەریی پێشینانی خۆیان بکەن بە بەڵگەی نادرستی هزر و بیرۆکە سەرنجدراوەکە.

– بۆ ئەوەی ڕەخنە بتوانێت تەسەلکەری دەق و تێروانین بێت، پێویستە وێرانگەری لایەنە لاواز و ناڕۆشنەکانی دەق و تێروانینەکە بێت لەو کەتوار و کات و کۆنتێکستەدا کە تێدا لەدایکبووە، واتە خوێندنەوەی دەق لە کەتوارێکدا کە تێدا لەدایکبووە، نەك ڕەخنە بۆ هێڵی چەپ و ڕاست پێداهێنان یا پێداهەڵدانی حەزۆکییانەی ئایدیۆلۆجیی لە دەرەوەی کەتواری سەردەمی خودی دەق.

– ئەگەر ڕەخنە لەسەر دەقی سەرنجدراو پرسیار بەجێنەهێڵێت و خوێنەر بۆ بیرکردنەوە و گەڕان لە دوای وەڵام خەریکنەکات، ئەوا ناتوانێت تەواوکەر و تەسەلکەری دەق و هاندەری خوێنەر بێت بۆ وردبینی و سەرنجدانە سەر گۆشە ناڕۆشنەکانی نێو دەق. بە واتایەکی دیکە ئەگەر ڕەخنە وروژێنەری پرسیار نەبێت، ئەوا ڕەخنەگر ناتوانێت خوێنەر بۆ گەڕان و پشکنینی گۆشە ناڕۆشنەکانی دەق ئارەزوومەندبکات. لەبەرئەوە لە بارێکی ئاوادا سەرنجەکان بێجگە لە جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی پێشینان، شتێکی دیکە نابن و ناچنە خانەی ڕەخنە بەواتای وروژێنەری پرسیار بۆ تەسەلکردنی دەق و هاندان بۆ بیرکردنەوە.

– سەرەنجام، ئەگەر ڕەخنە نەبێتە پردێك بۆ پەرێنەوەی خوێنەر بۆ نێو دوورگە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق، ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان ڕەخنەگر و نووسەر کورتدەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە ڕەخنەکە ناتوانێت لەنێوان ڕەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات؛ شتێك کە بەر لە هەموو شت دەبێت ئامانجی سەرەکی ڕەخنە بێت.

[لە بەشی دووەمدا خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆ هزر بە نموونە دەهێنمەوە، کە بە بۆچوونی من هەرگیز ناتوانرێت بخرێتە خانەی ڕەخنە …. ]

بەڵێ من کەری بەڕەڵام، ئەی مرۆڤی لوتبەرز

هەژێن
٢ی جونی ٢٠١٥

پاش ئەوەی وێژەری (کورد کاناڵ)ی (حدکا) ساتیرە هۆنراوەیەك لەسەر هەڵوێستی ژنانی فێمینیست دژی جەنگی پارتییەکان دەنووسێت، کۆمەڵێك لە ژنانی فێمینیستی کورد واژۆنامەیەکی ناڕەزایەتی دژی ناوبراو ئاراستەی (حدکا) و کاناڵەکەی و خەڵکی کوردستان دەکەن و تێیدا دژی ئەو خاڵە دەوەستننەوە، کە نووسەری ساتیرەکە ژنانی فیمینیست و دژی جەنگی بە “کەری بەڕەڵڵا” ناوبردووە.

بەداخەوە پاش خوێندنەوەی واژۆنامەکە، یەکسەر ئەم پرسیارە دەچەقێتە چاوی خوێنەر: ئەی ئەگەر ئەو دەستەواژەیەی بەکارنەبردبا، ئایا ئێوە دژی جەنگخوازییەکەی ئەو وێژەرە نەدەبوون، کە دژەجەنگبوونی ئێوە هەراسانیکردووە؟

بەرێزانم، پێش هەموو شتێك ئەوەی ئەندامانی پارتییەك سووکایەتی بە ژنان بکەن، شتێکی تازە نییە، چونکە کۆی بیرکردنەوەی پارتایەتی لەسەر بنەمای هەڵاواردن و سووکایەتی بە مرۆڤ ڕۆنراوە و کەسانی دەرەوەی پارتیی خود بە “دوژمن” و “گەمژە” و “پەست” وێنادەکرێن و مێژووی پارتایەتی بێجگە لەوە هیچی دیکە ناسەلمێنێت. ئەگەر سەرنجی ئەدەبیاتی (حدکا) بدەین، بەتایبەت ئەدەبیاتی سەردەمی جەنگی (کۆمەڵە)، ئەوا سووکایەتی بە ژن و ژنکوژیی وەك ژن بەشێکی بنەڕەتی مێژووی ئەو پارتییەیە، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە کە ئەندام و هۆنەر و وێژەری کاناڵەکەشی ئاوا بدوێت و بنووسێت.
بەڵام ئەوەش بڵێم، کە من گرفتەکەی ئێوە لە دوو واژەدا [کەر + بەڕەڵڵا] دەبینم، کە لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی و ئاژەڵدۆستی و ڕۆشنبیرییەوە هیچیان سووکایەتی نین؛ ” کەر/ گوێدرێژ ” ئاژەڵێکی بێوەی و گیاخۆر و ئاشتیخواز و دۆستی دێرینەی مرۆڤایەتی، ” بەڕەڵڵا ” واتە دەستەمۆنەکراو، ئازاد، سەربەخۆ و تەواو پێچەوانەی ئەندامبوون لە پارتییەکدا، کە بریتییە لە کۆیلەبوون، دەستەمۆبوون، ژێردەستبوون، و زۆر شتی نەشیاوی دیکەش… .

پاش خوێندنەوەی واژۆنامەکەی ئێوە، ئەوە لەلای من دروسبوو، ئەی ئەگەر وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) لەجیاتی واژەی “کەری بەڕەڵڵا “، “شێرە ژن “ی بنووسیایە، کە ڕۆژانە دەیان جار پیاوانی سێکسیست و هەوەسباز و زمانلووس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەژێر وێنە و بابەتەکانی ئێوەدا بەکاریدەبەن و هیچ گرفتێکتان لەتەکیدا نییە و بەڵکو شانازیتان پێدەبەخشێت و ختووکەی دیوە دەسەڵاتخواز و پیاوانییە کولتوورییەکەتان دەدات، ئایا هەر وەك ئێستا بەم جۆرە هەڵوێستتان وەردەگرت و تووڕەدەبوون و واژۆنامەیەکتان دەنووسی ؟

ئەگەر لە ڕوانگەی وێژەرەکەی (حدکا) و ئێوەوە بە هەمان تێڕوانینی کۆنەپەرستانەی ئایینەکان مرۆڤ مافی دەستەمۆکردن و بەهرەکێشیی ئاژەڵی هەیە و ئاژەڵ بوونەوەرێکی پەستە، ئەدی جیاوازی نێوان ئاژەڵبوونی (کەر) و (شێر) چییە، بێجگە لە دڕندەیی (شێر) و بێوەیی (کەر)، ئیدی بۆچی دژی “شیرەژن” نین و تووشی هەڵچوون نابن؟

بەداخەوە ئێوە کە لە بەرانبەر (شێربوون / دڕندەییبوون) بێدەنگن و لە بەرانبەر وێناندنتان بە “کەری بەڕەڵڵا “، کە دەکاتە کەر (بێوەی) + بەڕەڵڵا (ئازاد) تووڕەدەبن، ئیدی چۆن دەتانەوێت دژی جەنگ بن، ئایا (شێر)ی گۆشتۆخۆر و دڕندە دەتوانێت دژی جەنگ و کوشتن بێت؟ ئەگەر ئاوا نییە و دژی بەکاربردنی دەستەواژەی “شێرەژن”ن و بە سووکایەتی دەزانن، ئەدی بۆچی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا، کە بە ملیۆنان جار ژنانی ئازادیخوازی “ڕۆژاوا” بە “شێرەژن” ناوبراون و دەبرێن، کەچی ئێوە دەنگتان لێوە نەهاتووە و نایێت ؟

ئازیزانم، گرفتەکە لە دەستەواژەیەکی وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) زۆر گەورەترە و سەراپای بیرکردنەوە و کولتوور و ڕۆشنبیری و جیهانبینی و هەوڵ و چالاکییەکانمان پێداوچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان پێویستە. لەبەرئەوە بە بۆچوونی من، پێویستە ئێمە هەموومان پێش هەموو شت خۆمان لە زنجیری پۆلیسە کولتوورییەکانی ناخمان ڕزگاربکەین و ئاخاوتنمان لە واژەی سووکایەتیبەخش بە مرۆڤ و ئاژەڵ پاکبکەینەوە و خۆمان لە کایەی ڕامیاریی دووربخەینەوە و خۆمان لە کۆیلەتی پارتایەتی ڕزگاربکەین، ئەوسا لە فێمینیزم و دێمۆکراسی و سۆشیالیزم و کۆمونیزمەکەمان وردببینەوە و بزانین لە کوێی ئاوەز و دەرکی ئازادیخوازانەدا وەستاوە و تا چەندە ئێمە توانیومانە بەرانبەر بیرکردنەوە و گوفتار و ڕەفتاری خۆمان هەستەوەربین و بە چاوی ڕەخنەوە خۆمان بخوێنینەوە؟
ئەگەر نا، جیاوازی تێڕوانینی وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) و تێڕوانینی فێمینیستییانەی ئێوە چییە، کە هەردووکتان سووکایەتی بە ئاژەڵ دەکەن و بیرکردنەوەتان لە لووتبەرزیی مرۆڤی دەسەڵاتخوازدا چەکەرەیکردووە؟

وەڵامی پرسیارەکانی خاتوو ھەڵاڵە ڕافیع

هەژێن

٢٨ی ئایاری ٢٠١٥

ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع) وەك زۆربەی کادیرەکانی ‌هێڵی ڕامیاریی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە هێرشێکی گەلەکۆمەکێکدا بۆ سەر باڵەکانی (پەکەکە)، بابەتێکی بە تایتڵی ” بێ شیکردنەوە، چونکە زۆر شت ڕوون و ئاشکرایە، تەنها چەند پرسیارێک ” نووسیوە و لە سایتی (هاوپشتی)دا بڵاویکردووەتەوە. منیش ئەم پیشنیوەرۆیە، بێجگە لە ڕاکێشکرانم بۆ وەڵامدانەوە، کۆمەڵێك پرسیار و سەرنجی دیکەی لەلای من دروستکردن و منیش لێرەدا هەوڵدەدەم هەم وەڵام بە پرسیارەکانی ئەو بدەمەوە و هەم سەرنج و پرسیارەکانی خۆم ئاراستەی ئەو خاتوونە بەڕێزە بکەم.

پێشەکی من ئەندامی ھیچ پارتییەك نیم و لە ھیچ سەردەمێکیشدا لایەنگری (پەکەکە) نەبووم و بڕواشناکەم ئەو ڕۆژە بێت، کە من ببمە ئەندامی (پەکەکە)، نەك لەبەرئەوەی کە (پەکەکە) لە پارتییەکانی دیکە خراپتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە هیچ پارتییەك نە (چەپڕەو) و نە (ڕاستڕەو) و نە (میانەڕەو)، نە (پارلەمانچی) و نە (کودەتاچی) و نە (“پێشرەو”چی) و نە (مژدەبەخش) پەسەندناکەم و پارتایەتی بە ئامرازی فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بۆ ڕامیاران دەزانم. ھەر لەبەرەوە وەك هەر کەسێكی دیكە وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە گرنگدەبینم و هاودەم ھەست بە ناڕۆشنییەك یان ھەست بە بوونی ھاندەری ئایدیۆلۆجی لە چۆنییەتی ئاراستەكردنی پرسیارەكاندا دەكەم.

پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خاتوو (هەڵاڵە)، پێویستە ڕۆشنایی بخەمە سەر پێشەکییەك، کە ئەو بۆ ئاراستەکردنی پرسیارەکانی دایڕشتووە. بەبۆچوونی من پێشەکییەکەی ناڕۆشنییەکی زۆری دروستکردووە و دەشتوانم بڵێم هوشیارانە ئەو کارەی کردووە، تاوەکو لەوێوە سەرنجی خوێنەر بە پرسیارەکانی بەرەو شوێنێك کە خۆی ئامانجییەتی ڕاکێشبکات.

ئەو دەنووسێت

سەرەتا خەڵکی کوردستانی سوریاو کۆبانی پێشڕەوی مێژوویان کرد، ژنان پێناسەی تازەیان بۆ ڕۆڵ و جێگاو ڕێگای ژن کردەوە.

یاساکانی جەزیرە شایستەی پشتیوانە و لایەنگریە.

لەوانەشە هەندێک لە بڕگەکانی بەرنامەی هەدەپە شایەنی پشتگیری بێت!

خوێنەری هێژا، لێرەدا بۆ کەمکردنەوەی درێژدادڕیی، خۆم لە ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێزمانی و داڕشتنی بابەتەکەی ئەو بەڕێزە لادەدەم، بۆ نموونە ڕستەی سێیەم، کە تێدا (هەندێك لە بڕگەکانی) و کۆن و (شایەنی پشتگیری بێت) تاکە. ئەگەر لەوە بگوزەرێم، ئەوا وێڕای هەموو ناکۆکییەکم لەتەك پارتایەتی، بەبۆچوونی من پێشڕەوییەکانی “ڕۆژاوا” لە ئاڵوگۆڕە هزرییەکانی ئۆجالان و (پەکەکە) و پێشنیارکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەك ئەڵتەرناتیڤ لەلایەن ئۆجالان و (پەکەکە) دابڕاونین و ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانانەن، کە لەواندا ڕوویانداوە، چونکە ئەگەر خۆمان لەو کەتوارە گێلنەکەین، ئەوا هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین، کە زۆرینەی خەڵکی ڕزگاریخواز و بەرهەڵستکار لە “باکوور” و “ڕۆژاوا” لەژێر کارایی تێڕوانینەکانی (پەکەکە)ن. هوشیاریی جێندەریی ژنان و ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتیی و مافیی و ئابووریی و سەربازییان لەو کاراییەوە سروشیوەرگرتووە و یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە جەزیرە شتێکی تازە نییە و دوو ساڵە لە کانتۆنکانی ڕۆژاوا کارییان پێدەکرێت، تەنیا جیاوازییەك کە ڕوویداوە، ڕاگەیاندنییەتی لە ئاستی جیهان و هەرێمییدا. دیسانەوە ئەوە نیشانەی نانێونەتەوەییبوونی چەپەکانی عیراق و ئێرانە، کە ئاگایان لە ڕووداو و گۆڕانەکانی کۆمەڵەکانی دراوسێ نییە، کە ئەو ئاگادارنەبووەش سەرەنجامی دۆگمای ڕامیاریی و گۆشەگیریی ئایدیۆلۆجییە، ئەگینا هیچ پاساوێکی دیکەی نییە.

بێجگە لەوە لە باکوور بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هێندە بەهێزن، کە بەراورد بە ئامانج و داخوازیی ئەوان، بڕگەکانی بەرنامەی (هەدەپە) بەشێکن لەوان. بەواتایەکی دیکە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە باکوور و ڕۆژاوا زۆر لەوە زیاترە، کە لە میدیای سانسسوورکراوی پارتییەکان و دەوڵەکانی ناوچەکەوە بە گوێی کوردانی باشوور دەگات. بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین دەستەی لێکۆڵەر لە کەس و گروپە سۆشیالیستەکان سەردانی باکوور و ڕۆژاوا و چەندین کۆڕ و مشتومڕی بەردەوامیان بەڕێخستووە و وەك ئەزمونێکی شۆڕشگێرانەی پاش ئەزموونی زاپاتیستەکان دەیبینن و ئومێدی داهاتوویەکی گەش و بەردەوامیان پێوە گرێداوە. ئەوە چەپی کوردە، کە بێجگە لە پەرتووکە پیرۆزەکانی خۆی، بێجگە لە وتارە سواوە ڕامیارییەکانی خۆی، بێجگە لە بیرۆکە نەزۆکەکانی خۆی، بێجگە لە دروشم و تاکتیکە نادروستەکانی خۆی، لە دونیای دەرەوەی خۆی هیچ نابینێت. بەڕاستی بەدبەختییە کە دروشمی هاوپشتی جیهانی بەرزبکەیتەوە و لە ئەوە ئاگادارنەبیت کە لە چەند سەد کیلۆمەترێك ئەولای گوند و شارەکەی خۆت چی ڕوودەدات و چی هەیە!

گەر بارودۆخ ئاسایی بێتەوە و پەكەكە دەسەڵات بگرێتە دەست لە كوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی كە وەك قارەمان دەناسران لە سەنگەرەكاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەكسانەیان دەبێت لە مەیدانە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەكاندا؟

بەڕاستی پرسیارێکی سەیرە، ئەگەر کەسێکی ئەمەریکای لاتین یا ئەفەریکا نیوەی یەکەمی ئەم پرسیارەی بکردایە، کەمێك ئاسایی بەرچاودەکەوت. بەڵام بۆ کەسێك کە لە هەرێمێکدا لەدایکبووبێت و بژی، کە خەڵکەکەی هاوزمانی یا هاودەردی خەڵکی “ڕۆژاوا”ن، ئیدی پرسیارەکە لە شۆخیکردن یا خۆگێلکردن واوەتر دەچێت. ئاخر مەگەر لە ڕۆژاوا بێجگە لە باڵی ڕۆژاوای (پەکەکە / پەیەدە) کێ هەژموون و دەسەڵات و دەستپێشکەری هەیە، تاوەکو گومان و ئەگەری ئەوە بەگریمانە بگرین، کە پاش ئاساییبوونەوەی بار و دۆزخەکە بۆی هەیە (پەکەکە) دەسەڵاتی هەبێت و ژنانی جەنگاوەر بنێرێتەوە ماڵ؟

ھەرچەندە ئەم پرسیارە تازە نییە و لە داگیركردنی (شەنگال) و ھاتنی ھێزەكانی (یەپەژە) و دواتر لە بەرەنگاریكردنی ژنانی (كۆبانێ)دا چەندبارە بووەوە، بەڵام ئەگەر ئایدیۆلۆجیا بواری دیتنی كەتوارمان لێ نەگرێت، ئەوا ئەو پرسیارە زۆر نابەجێ و زیادەیە. چونكە ئەو گۆڕانە لەنێو خودی (پەكەكە)وە سەریھەڵداوە و پەیوەندی بە گۆڕانی بنەڕەتی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئۆجەلان و (پەكەكە) ھەیە و لە (قەندیل) دەستیپێكردووە و چەند ساڵێك پێش ڕاپەڕینەكانی سوریە و ڕزگاربوونی “ڕۆژاوا” دەستپێكردووە. لەو بارەوە دەتوانین ھەم لە گۆڕانە ھزرییەكانی (ئۆجالان)دا كە خێراكەری ئەو گۆڕانانەن و ھەم لە پێكھاتنی لەشکری سەربەخۆی ژنان لە (قەندیل) بە تێڕوانینێكی فێمینیستی ئازادخوازانەوە و ھەم كۆڕی فێمینیستانی ئازادیخواز لە قەندیل، كە بە ھەزاران مایڵ و چەندین دەھە لە پێش فێمینیستانی ھەرێمی كوردستان بە ژنە كۆمونیستەكانیشەوەن، پێشینەی ئەو وەرچەرخانە پۆزەتیڤەی “ڕۆژاوا” ببینین، ئەگەر چاویلکەی یەكڕەنگبینی ئایدیۆلۆجی فرێبدەین .

سەرنجڕاكێشترین شت لەو پرسیارەدا ئەوەیە، كە ھەموو دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و ھەموو میدیای جیھانی لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەن، کە (پەیەدە) یەکێکە لە باڵەکانی (پەکەکە) و ئەوەی لە “ڕۆژاوا” ڕوویداوە و ڕوودەدات، ئەزموونکردنی بیرۆکەکانی (ئۆجالان)ە و بەکردەوە جەنگاوەرانی (یەپەژە) سوێندی پابەندمانەوە بە بیرۆکەکانی “سەرۆك ئاپۆ” دووپاتدەکەنەوە، کەچی نووسەری ئەم پرسیارانە وەك لە ئەستێرەیەکی دیکەوە ھاتبێت، دەپرسێت ” ئەگەر پەکەکە دەسەڵات بگرێتە دەست لە کوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی کە وەک قارەمان دەناسران لە سەنگەرەکاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەکسانەیان دەبێت لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەکاندا؟”

هەرچەندە پرسیارەکە لە ڕووی داڕشتن و ڕێزمانەوە هەڵەیە، من بەپێچەوانەی نووسەری ئەو پرسیارانە، بە جۆرێكی دیكە بە دروست دەزانم و دادڕێژمەوە؛ ئەگەر ئۆجالان بیركردنەوەی وەرگۆڕێ و لەو تێڕوانینە ئازادیخوازانە پاشگەزبێتەوە، ئایا زۆرینەی ئەو ژنانە هەر وەك ئێستا پابەندی ھەمان تێڕوانینی ئازادیخوازانە دەمێننەوە؟ ئەمە شتێکە کە من زۆر ترسم لێی هەیە، چونکە ئۆتوریتە و پارتایەتی هەردەم مەترسی گەورەن بۆ سەر بزووتنەوەکان و لە ڕێگەی هەژموونیانەوە توانای بەلاڕێدابردنیان هەیە، بۆ نموونە هەم تاڵەبانی – (ینک) و هەم ئۆجەلان – (پەکەکە) کاراییان لەسەر ڕاگرتن و پاشەکشێی خۆنیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٤ی کوردستانی بەشی عیراق و خۆنیشاندانەکانی ساڵی پاری کوردستانی بەشی تورکیە هەبوو، ئا لێرەوەیە من دژایەتی هەموو کارێزمابوون و هەموو پارتایەتییەك دەکەم. لەو بارەوە هەمووان دەزانن کە ڕامیاریی لەپێناو بەرژەوەندیدایە و بەرژەوەندیی کەسی و گروپی کەسەکانیش لە سەرووی هەمووانەوەیە.

ھەڵبەتە نامەوێت بڵێم ژنان بەخۆیان خۆھوشیار نین و ژنان لە “ڕۆژاوا” بەرکارن، نەخێر. بەپێچەوانەوە سەرەتاکانی گۆڕانی تێڕوانینی (ئۆجەلان) لەبارەی پرسی ستەمی ڕەگەزیی و ستەمی کولتووریی و ئێتنیی و دەوڵەتەوە زۆر ڕادیکاڵن و لە دۆگمای (لێنینیزم)ەوە بەرەو (ئازادیخوازیی) ڕۆییشتوون و هەر ئەوەشە بووەتە مەشخەڵی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، کە کوژاندنەوەی تەنانەت بۆ (پەکەکە)ش ئەستەمە. لەو بارەوە تەنیا گرفتێك کە بووەتە دڵەخورپەی من، كێشی كەسایەتی (ئۆجالان) و كارایی نیگەتڤیەتی لە باری وەرگۆڕان (وەرگەڕانەوە)دا، هەڵبەتە ئەمەش هەر ئاوا بەئاسانی نییە، چونکە پرسەکە بە چەند پاگەندە و خاڵێکی پەیڕەوی ناوخۆی پارتییەکەوە بەرتەسکنابێتەوە، بەڵکو بە کۆی گۆڕانی جیهانبینی (ئۆجەلان) و یارانییەوە پەیوەستە.

ئایا گەر هەدەپە سەركەوتن بەست بێنی، لەبەرژەوەندی كۆمەڵگای كوردی دەێت بۆ دەستەبەركردنی ئازادی و یەكسانی و تا پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەوڵەتێكی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟

ڕاستییەكەی من نووسەری ئەو پرسیارانەم ئاوا نەناسیوە و لە كردنی ئەم پرسیارە سەرمسووردەمێنێت. دەكرا تەنیا نیوەی یەكەمی پرسیارەكی بكات، كە بە تێڕوانینی من وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە فرە لایەنەیە و ناتوانرێت بە [ئا] و [نا] وەڵامبدرێتەوە. چونكە بەگوێرەی یاسای خۆھەڵبژاردنی پارتییەكان و كەسەكان خودی بەشداریكردنی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن (هەدەپە)وە قومارێكی زۆر گەورە و مەترسیدارە، لەبەرئەوەی كە لە دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوودا، پاش كودەتا سەربازییەكە بۆ بەربەستكردنی هەژموونی بەرەی چەپ لە توركیە، یاسای ڕێژەی پێویستی دەنگ بۆ چوونە پارلەمان و ھەروەھا گۆڕینی سەرۆك و سەرۆك شالیاران، (١٠%) دەنگ كرایە پێشمەرج، كە بەوەش نەبردنەوەی (ھەدەپە) دەبێتە گەورەترین دەستكەوت و پاڵپشت بۆ (ئاكەپە) و (ئەردۆگان) و بەوە دەنگەكانی (ھەدەپە)ش دەچنە سەر كۆی دەنگەكانی (ئاكەپە و ئەردۆگان) و ئەو كات ئیدی ئیمپراتۆر و پارتییەکەی بەئاسانی دەتوانن یاسای بنەڕەتی ئیسلامیزە بكەن و ڕووی كەمالیستەكان و كودەتاچییەكانی دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوو سپیبكەنەوە. هەرچەندە ئێستا دەربڕینی ئەم بۆچوونە ھەم سوودی نییە و ھەم درەنگە و دەشتوانێت لە خزمەتی كەمپانییەكەی (ئاكەپە) و (پدک) بێت، ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە پرسیارەكەی خاتوو (ھەڵاڵە)ش دەكەوێتە خزمەت ڕامیاریی و پاگەندەی (پدک) لە ھەرێمی كوردستاندا.

بە بۆچوونی من، جێكەوتەبوونی ئازادی و یەكسانی پەیوەندی بە بەدەسەڵاتگەییشتنی ڕامیاران و پارتییەكان و بردنەوەی دەنگدانەكان و كودەتای سەربازییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە خۆھوشیاری تاكی نەدار و بێدەسەڵاتەوە ھەیە، كە بە بایكۆتکردنی دەنگدانەكان و چۆڵكردنی ڕیزی پارتییەكان و خۆڕێكخستنی ھەرەوەزییانە و خۆبەڕێوەبەریی گەلیانە دێنەدی، واتە بە بەجێخستنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ دینەدی. بەڵام لە بارەی بەشی دووەمی پرسیارەكەیەوە، منی تووشی سەرسوڕمانكردووە.

تا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟

بەداخەوە کە خاتوو (ھەڵاڵە) لە ئامانجی ھێزە (پەکەکە)ییەکان چ لە شاخ و چ لە پارلەمان ئاگادار نییە، کە دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە و جیابوونەوەی کوردستانش بە تێگەییشتنی کلاسیکیانەی (پدک) و (ینک) و (حککک) ڕەتدەکەنەوە و ئەوان باوەڕیان بە پێکەوەژیانی گەلان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنی خۆبەرێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان (ئوۆتۆنۆمییەکان)دا ھەیە، کە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتە چ ئایینی و چ سێکیولار، چونکە دەوڵەت تەنیا ئامرازی سەرکوتکردنە، نەك ڕزگارکردن بەو جۆرەی کە نووسەر لێی تێگەییشتووە.

لێرەدا نامەوێت بچمە سەر پرسیارکردن و قسەکردن لە ” دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی ” و بێبنەمایی و پووچگەرایی وەها پاگەندەیەك و کۆڵەکەبوونی ئایین بۆ هەموو دەوڵەتەکان تەنانەت لەو دەوڵەتانەشدا کە نووسەر جیا لە ئایین دەیانبینێت. بەڵام ئایا دەوڵەتە کرێکارییەکەی ئەوان لەوەدا کورتدەبێتەوە، کە ” دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی ” بێت؟ ئەی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتیی کرێکاران لەو “دەوڵەتەی پارتی پێشڕەو”دا چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی ئەگەر لە عیراق و سوریە و ئێراندا دەوڵەتێکی وەك دەوڵەتی سوید و بریاتانیا و ئاڵمانیا یا کوبا دامەزرا، ئایا پرسی چینایەتیی کۆمەڵ چارەسەردەبێت و ئیدی لە سایەی دەوڵەتە خوازراوەکەی نووسەردا گوڕگ و مەڕ دەبنە “برا”ی نەتەوەیی؟

ئەگەر لەو سەرنجانەی سەرەوەش بگوزەرێم، ئایا دەکرێت ئێمەش بزانین سیستەمی ئابووریی دەوڵەتەکەی نووسەر ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی “، چۆنە و بە کامە مۆدیل و شێواز لە ڕێکخستنی ئابووریی / ژێرخانی کۆمەڵ پشتدەبەستێت؟

ئایا دەکرێت بزانین دابەشکردنی دەسەڵات لەو دەوڵەتەدا چۆنە، ڕۆڵی تاك چییە، ئازادی و یەکسانی تاکەکان و ئێتنییەکان و هەرێمەکان چی واتایەکیان دەبێت، میکانیزمەکانی ڕێکخستینی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ چین و چۆن دەبن، پارلەمانیی، سەربازیی، تاکپارتیی یا شتێکی دیکە دەبێت؟ جیاوازی ئەو دەوڵەتەی نووسەر لەتەك دەوڵەتی سێکیولاریستی تورکیە و دەوڵەتانی سێکیولاریستی ئەوروپا چییە؟

ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ئازیزی ڕۆشنبکەمەوە، ئەم پرسیارانەی من لەبارەی دەوڵەتەکەی نووسەرەوە، کە وەك دروشمێکی ناوەڕۆك پووچی تاکتیکیی پارتییەکانی (ک.ک) تازە نین و ساڵی ١٩٩٦ لە کۆڕێکی تایبەت بە پێشنیارکردنی ئەو دەوڵەتە، ئەم پرسیارانەم ئاراستەی (خەسرەو سایە) کردن و لە وەڵامدا بێجگە لەوەی کە منی بە “چەپڕەوی منداڵانە” تۆمەتبارکرد، ھیچی نەگوت و تا ئێستاش ھەر بێوەڵام ماونەتەوە؟

بۆچی یەکیەتی نیشتیمانی لایەنگری لە هەدەپە دەکەن؟

ئەوە زۆر ڕۆشن و ئاشکرایە، لەوەتەی ڕامیاری و پارتایەتی ھەن ھەر ئاوا بووە، بۆ نموونە پێش ئەوەی (ینک) ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە بنکەی چەکداریی (حککع) بدات، زوومی گلەیی (حککع) لەسەر (پدک) و ناوچەی بادینان بوو، بەڵام پاش ئەو لێدانە و ڕەوکردنی ناچاریانەی (حککع) پاش جەنگێکی چەکداریی خۆتڕێن و چوونیان بۆ ھەولێر، ئیدی زوومی گلەیی (حککع) خرایە سەر (ینک) و (پدک) لە سایەیدا پاڵدایەوە و پرخەی بێخەمی دەستپێکرد.

بەڵێ ھەر لەسەر ھەمان بنەما و پێوەر (ینک)یش وەك ھەڵپەرستێك دەیەوێت (ڕۆژاوا و پەیەدە و ھەدەپە) بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت. بە بۆچوونی من ئەوە کڕۆکی ڕاستینەی پارتایەتییە لە ڕاسرتەوە بۆ چەپ، ئیدی ئەگەر هەلپەرستییە دروست و ڕەوا بێت، ئەوا دەبێت بۆ هەمووان دروست و ڕەوا بێت، ئەگەر نا، دەبێت بۆ هەمووان ناڕەوا بێت، نەك بانێك و دوو هەوا!

لەوە دەچێت، کە نووسەر ئاگاداری کۆبوونەوەی شەش لایەنە دەرکراوەکەی نێو (ئەنەکەسە) نەبێت، کە سەرانی (ینک) وەك هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، کەوتنە هەوڵی بانهێشتکردنیان بۆ سلێمانی، تاوەکو بە ڕەزامەندی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرەی سێیەمیان لێ دروستبکات و لە بەرانبەر (تەڤدەم)ی پەکەکە و (ئەنەکەسە)ی پارتیی، (یەنەکەسە)ی یەکێتی دروستبکرێت. دیسانەوە دەڵێی نووسەر هیچ کات و سەردەمێك لە هەرێمی کوردستاندا نەژیاوە و ئاگاداری ڕامیاریی زیاتر لە نیوسەدەی پارتییە ناسیونالیستەکان نییە، کە هەمیشە پشتیان بەو گوتە هەلپەرستانە و کۆنەپەرستانەیەی سەردەمی دەرەبەگایەتی بەستووە “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە”!

ڕۆڵی ئێران لێرەدا چیە؟

ڕۆڵی ئێران ئاشکرایە و پاراستنی هاوسەنگی هێزە لە بەرژەوەندی خۆی، لەلایەك لەتەك هەژموونی (ئاکەپە)ی سوننی کێشەی هەیە و لەلایەکی دیکەوە گرفتی لەتەك (پدک) بەرانبەر فەرمانداریی (شیعە) لە عیراق هەیە و بێجگە لەوەش پاراستنی ڕژێمی بەعسی سوری لە سوریە، یەکێکە لە پایەکانی ڕامیاریی ڕژێمی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوین.

ئەی ئێوە [پارتە پیشڕەوەکان] بۆ بەرگرتن بە هەژموون و پیلانگیڕیی و دەستتێوەردان و فشار و تەڕاتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا چیتانکردووە و چ هێزێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵخڕاندووە؟ ئەی ئێوە لە کوێی پرسەکانی ئەو هەرێمەدا وەستاون؟ ئێوە کە لە شوێنی ژیان و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتاندا بوون و هەژموونتان نییە، ئیدی کو دەتانەوێت “پڕۆلیتاریای جیهان ڕگاربکەن” ؟

ئەی بۆچی پارتی دژایەتی هەدەپە دەکات؟

دیسانەوە ناچارم بڵێم پرسیارێکی نابەجێییە، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت (پدک) وەك پارتییەکی ڕامیار لە هەژموون و هێزگرتن و کۆمەڵایەتییبونەوەی (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت پاش هاتنی (هەپەگە) و (یەپەگە) و (یەپەژە) بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاراییان لە پاراستنی خەڵکی ئاوارەبووی (شەنگال) و وەدەرنانی هێزەکانی داعش و بەرپەرجدانەوەی پیلانەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەرێمدا و سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن و پیا و یەکسانی هەموو کولتوور و ئێتنییەکان و ڕێکخستنی کۆمەڵ لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، (پدک) هەست بە مەترسییەکی کوشندە دەکات، هەروەها وەك دەسەڵات هاوپەیمانی و هاوبەرژەوەندیی لەتەك دەوڵەتی تورکیە و (ئاکەپە)ی فەرماندار هەیە و لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە بەشێکن لە سیستەمە جیهانییەیە، بەشێکن لە بازارئازادی نیئۆلیبراڵ، بەشێکن لە هاوکیشە ناوچەییەکان و حەسحەسی کۆمپانییەکانن. بێجگە لەوەش پێکهاتەی خێڵەکی سەرکردایەتی ئەو پارتییە، هەموو دەربازبوونێکی تاکەکان لە خێڵایەتی بە مەرگی خۆی دەبینێت.

پارتی دژایەتی (هەدەپە) دەکات، لەبەرئەوەی کە بردنەوەی (هەدەپە) بە واتای شکانی پایەیەکی ئیمپراتۆری نئیۆ-ئوسمانییەکان دێت و (پدک)یش وەك بەگلەرەکانی سەدەیەك لەمەوبەر، مانەوەیان بە مانەوەی ئیمپراتۆرییەکەوە بەستراوە. لەو بڕوایەشدام هەموو تاکێکی خۆهوشیار و وریای ئەو هەرێمە ئەو ڕاستییە دەزانێت و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە زۆرینەی نەیارانی (پدک) سیمبولی (هەدەپە) هەڵدەگرن.

ئەوە بۆ لە پڕێکا پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە دەرگیربوون، وە ئایا ئەمە لەپڕێکایە یان پێشینەی هەیە؟ ئەم شەڕە بۆ ئەبێ ناوی براکوژی بێت؟ کەی برا بوون تا ئێستا براکوژی بکەن؟

بە بۆچوونی من شەڕەکە کتوپڕ نییە و ئەگەر سەرنجی ڕووداوەکانی ساڵی پار بدەین و ڕووداوەکانی دەهەی ڕابوردوو و هەڵوێستەکان و بەرەکان و ئەمبەر و ئەوبەرکردنی لایەنەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاوپەیمانییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەتەك دەوڵەتی ئێران و تورکیە و ڕژێمی بەعسی سوریە و هەڵوێستی (حدکا) و ڕۆڵی لە بەرانبەر ئەوەدا و بڕی چەند ملیۆنێك لەلایەن سەرۆكی هەرێم و پارتییەکەوە بۆ کەمپاینەکەی (ئاکەپە) و ڕۆڵی کاناڵەکانی (پدک) لەبارەی هەڵبژاردنەکان و کێشەکانی نێوان (تەڤدەم) و (ئەنەکەسە) و نێوان پارتییەکانی (ئەنەکەسە) و چوونی چەکدارانی (حدکا) بۆ سنووری هێزەکانی (پەکەکە)، بۆ تێگەییشتن لە پرسەکان و کێشە و گرفتەکان و پیلانەکان و دۆزینەوەی هۆکارەکان و هاندەرەکان و ڕێکەوتنەکانی پشتپەردە و ئامانجەکانی ئەو لەشکرکیشییەی (حدکا) لەم ساتەدا، زۆر سەرەداومان دەخەنە بەردەست.

بە بۆچوونی منیش ئەو جەنگە جەنگی “براکوژی” نییە، بەڵام بەو لێکدانەوەی خاتوو (هەڵاڵە) نا، نەخێر بە لێکدانەوەیەکی دیکە؛ یەکەم جەنگی خۆکوژیی ئەندامانی پارتییەکانە لەپێناو سەروەریی و بەرژەوەندیی چەند کەسێك لە سەرکردایەتی پارتییەکاندا، واتە جەنگی خۆکوژیی چەوساوانی ناهوشیارە. دووەم، لەو جەنگەدا تەنیا پیاوان قوربانی نین، بەڵکو ژنانیش قوربانین، هەرچەندە دەکرێت چەکدارانی (حدکا) تەنیا سمێڵبافڕان بن، بەڵام چەکدارانی (پەکەکە) ژنانیشن و بێجگە لەوەش لە هەموو جەنگێکدا قوربانی یەکەم ژنانن، کە دەبوو خاتوو (هەڵاڵە) زۆرترین ڕۆشنایی بخستایەتە سەر پیاوسالاریی ئەو ناونانەی جەنگەکان، نەك خۆماندووکردن بەوەی کە ئایا بەڕاستی ئەوانە “بران” یان “نابران”؟

بەڵێ ئەگەر مەبەست لە سەرانی پارتییەکان و ئەگەر مەبەست لە ئەندامانی ناهوشیاریی خوارەوەی پارتییەکانیش بن، ئەوا بە هەمان ڕادەی براکوژیی، خوشککوژیشە؛ خوشك-براکوژیی سەرانی پارتییەکانە وەك چین وتوێژی وردەبۆرجوازی، خوشک-برکوژیی ئەندامانی ناهوشیاریی پارتییەکانیشە وەك تاکی چینێکی چەوساوەی لەخشتەبراو. بەداخەوە کە بەڕێزی وەك فێمینیستێك نەیتوانیوە ڕەخنە لە کۆنەپەرستیی جیهانبینی پشت لێکدانەوەی ئەو جەنگانە بگرێت و دژە-ژنیی ناسیونالیزم بخاتەڕوو، کەچی ئەو هەوڵی سەلماندن و گلەییکردنە لە “نابرایەتی” ناسیونالیستی “برا” بەشەرهاتووەکان و خوشکە قوربانییەکانی لەبیردەکات.

ئەی ڕۆڵی تورکیا لێرەدا چیە؟

وابزانم پێویست ناکات، نە من و نە هیچ خوێنەرێکی بەڕێز خۆی بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریکبکات، چونکە ڕۆڵی تورکیا لە هەموو هاوکیشە نێوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمییەکاندا دیارە و بردنەوە و دۆڕانی (هەدەپە) بە هەموو بارێکدا پەیوەندی بە تورکیە و ئەوانەشەوە هەیە، کە بەرژەوەندیی خۆیان بە ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانییەکانەوە گرێداوە؛ لەوانە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی (پدک).

ئەک پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و گۆڕان چ بەرژەوەندیەکیان لەم هەموو سات و سەودایەدا هەیە؟

ئەم پرسیارەش هەر دووبارەی پرسیارەکەی پێشووە و تەنیا ناوی (لیستی بەناوی گۆرانی) بۆ زیادکراوە، کە بە بۆچوونی من، ئەوانیش کەمتر لە ئیسلامییەکان و (پدک) وابەستەی دەسەڵات و بەرژەوەندی نیئۆ-ئوسمانییەکان لە تورکیە نین و ناشتوانن هەڵوێستێکی دیکەی جیاواز لەوەی (پدک)یان هەبێت، چونکە ئەوان هاوپەیمانی تازەی ستراتیجیی (پدک) و هاوپەیمانی بەرەیی ئیسلامییەکانیشن.

بەداخەوە، پەرەگرافی دواتر بازدانێکی ناپەیوستە لە پرسیارەوە بۆ لیكدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و خۆپێشنیارکردن و نەیتوانیوە وەك درێژەی پێشنیارکردنی پرسیارەکان، بچێتە سەر وەڵامدانەوە یا ڕۆشناییخستنە سەر پرسیارەکان و گۆشە تاریکەکانی ئەو پرسانە. هەروەها ئەو دەربڕینانە تازەنین و لە پاگەندەی هەموو پارتییەکی ڕامیارییدا هەبوون و هەن و دەشبن. بەڵام ئەوەی کە دەکرێت جارێکی دیکە بگەرێمەوە سەری، ئەوەیە کە بەڕێزی وەك دڵسۆزییەك بۆ ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکان گلەیی ئەوەیان ئاراستە دەکات، کە ” هیچ کات هێزە کوردیەکان برا نەبوون تا شەڕەکانیان ناو بنێین شەڕی براکوژی “.

من بەلامەوە سەیرە، کەسێك پاگەندەی کۆمونیستبوون بکات و لە “برایەتی” چینایەتی پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان تێنەگات و گومانی لەو “برایەتییە” سروشتییەی چینی بۆرجوا هەبێت. نووسەر ئەوە لەبیردەکات، کە کوژراوانی نێوان پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان، سەرانی پارتییەکان و سەرمایەداران و وردەبۆرجوازی نین، بەڵکو ڕۆڵەی کرێکاران و جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و بێکاران و زەحمەتکێشانن و ئەو قوربانییانە ئەگەر لە ڕووی چینایەتییەوە هوشیاربن، ئەوا خوشك و برای یەکدین و ئەو جەنگانەش جەنگی خۆکوژیی [خوشککوژیی و براکوژیی] ئەوانە و لە هەموو سەردەمەکانیشدا هەر ئەوان قوربانی بوون و بەبێ ناهوشیاریی و بەشداریی تاکە پڕۆلیتێرەکان، هیچ جەنگێك ڕووینەداوە و ڕوونادات و هیچ سەروەرییەك پێکنەهاتووە و بۆ ساتێكیش توانای خۆڕاگرتنی نابێت.

بەداخەوە، لەبەرئەوەی نووسەر خۆی گیرۆدەی لێکدانەوەی کەسانی دیکە یا دەستەواژەی ئامادە و سواو و ناوبژیوانی و سەرکۆنەی “نابرایەتی” سەرانی بۆرجوازیی کورد کردووە، لەتەك خۆیدا کەوتووەتە ناکۆکی ” … کەی و چۆن بەرژەوەندی دەسەڵات و ئابووریان خواستویەتی لە دۆخو کاتی جیاوازدا دوان دووان و سیان سیان پێکەوە بوون لە دژی ئەوانی تر، دوبارە لە کاتی تردا دەورەکانیان گۆڕاوەتەوە.” و هەر لەبەرئەوەشە بۆ ئەوەی خۆی لەو ناکۆکییە لە لێکدانەوە و دیتندا ڕزگاربکات، ناچار دەستەواژەیەکی زۆر ناتەبای لەتەك سەرەتا و پرسیارەکان و کۆتایی بابەتەکەی هێناوەتەوە، کە بە بۆچوونی من، تەنیا دەستەواژەیەکی دروستە [بەڵام لە ڕووی ڕێزمانییەوە نادروستە] لە بابەتەکەیدا ” باشترە لەدەرەوەی ئەو تەونی جاكجاڵۆکەیەدا بیربکەینەوەو کار بکەین”، هەر ئەمەیە، هەرچەندە ڕەتکردنەوەی سەرەتا و پرسیارەکان و سەرەنجامگیرییە ناکۆكەیەتی.

بە کورتی و بە کوردی، بۆ منی ئاگادار و چاودێری وەرگۆڕانەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە “حکومەتی کرێکاری“ییەوە بۆ “کۆماری سۆشیالیستی” و لەوێوە بۆ “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی “، تەنیا دەتوانم ئاوا لە ئامانجی نووسەر و کادێرانی دیکەی ئەو هێڵە ڕامیارییە [ک.ک] کە وەك گەلەکۆمەکێیەکی بەرنامەڕێژیکراو بەرانبەر (پەکەکە) هاتوونەتە دەنگ، سەرەنجامگیری لێ بکەم؛ هەژموونی (پەکەکە) و (خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”) لەسەر تاك و کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئەو چەند دە ئەندامەی، کە دەرزەنە پارتییەکەی (کۆمونیزمی کرێکاری) لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەیانن، تەنگەتاوی کردوون و بەداخەوە دژایەتی (پەکەکە) و (ئەزموونی “ڕۆژاوا”) بۆ بەرگرتن بە لەدەستدانی ئەندامانیان، خستوونییەتە سەنگەری پاگەندە و ڕاگەیاندنی (پدک) و (حدکا).

لێرەدا بۆ من وەك خوێنەرێك ئەوە پرسیارە؛ ئەرێ ئەی پارتییەکانی هێڵی (کۆمونیزمی کرێکاری)، مەیدانی چالاکی ئێوە وەك عیراقچی و کوردستانچی، عیراق و هەرێمی کوردستانە یا تورکیە و سوریە، چی کارتان بەسەر “ڕۆژاوا” و تورکیەوە هەیە، ئەنگۆ کە نە دژە-نەتەوە و نە نێو-نەتەوەیین، بۆ گێچەڵتان پێچاوەتە تورکیە و (هەدەپە)؟ ئایا بیرتان لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە، بەهۆی ئەو هەڵوێستیگیرییە ناڕۆشن و نابەجێییەتانەوە، خوێنەری سەرنجدار لێکدانەوەی جەنگی نوێنەرایەتیتان بۆ بکات؟

هیوادارم بەر لەوەی ڕکوکینەی هەر ئەندام-پارتییەك هەڵبچێت و تۆمەتی دوژمنایەتی بخاتە دوای من، کەمێك لە ئەدەبیاتی پارتییەکەی و قسە و بیرکردنەوەی کەسییەکانی خۆی لەنێوان ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ بچێتەوە و بەراوردی هەڵوێستەکان و تاکتیکەکان و ستراتیج و سەرەنجامەکان بکات، ئەوسا هەم گلەیی نا”برایەتی” لە (پەکەکە) بکا و هەم وەڵامی “دەمشکێنانە” بە کەسانی وەك من بداتەوە.

***************************************************

خوێنەری هێژا، بۆ خویندنەوەی بابەتەکەی خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع)، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن

http://www.hawpshti.com/ku/?p=5725

تاکتیکی جەنگی نێوخۆ لەپێناو ستراتیجی سەرۆکایەتی و کاردانەوەی تاکی ئازاد

٢٩ی ئەپریلی ٢٠١٥

ئەگەر سەرنجی مێژوو و هۆکارەکانی جەنگی نێوخۆی باڵەکانی بۆرجوازی کورد بدەین، ئەوا لە هەرسێ خولی جەنگی نێوخۆییدا تەنیا دوو هۆکاری هەبوون :

یەکەم: پاوانگەریی دەسەڵات [سنووری دەسەڵاتداریی]

دووەم: چەپاوڵگەریی ئابووری [بە پارتییکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان و دابەشکردنی داهات لەنێو دەسەڵاتداران]

خولی یەکەم ١٩٦٣- ١٩٧٠ و خولی دووەم ١٩٧٦- ١٩٨٧ سەراپای جەنگەکان تەنیا لەسەر سنووری دەسەڵاتداریی و سەپاندنی تاكپارتایەتی و تاك میلیشیایی بوو، هەر لایەك و وابەستەی دەوڵەتێك بوو و لەسەر بنەمای پێکهاتەی خێڵەکییان، پەلاماری یەکدیان دەدا و ناوچەی ژێردەسەلاتی یەکدییان داگیردەکرد و چەکدارانی یەکدییان کۆمەڵکوژ و تیرۆر دەکرد و لایەنگرانی یەکدییان ئەتکدەکرد و ژنانی هەڵهاتوو لە ڕێسا دواکەوتووەکانیان دەکوشت، هەڵهاتووانی سەربازییان بە چەکهەڵگرتن یا گەڕانەوە بۆ بەرەی ڕژێمی بەعس ناچاردەکرد.

خولی سێیەم، ١٩٩٤- ١٩٩٨جەنگی نێوخۆ لەسەر زیاتر داگیرکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان و کردنیان بە کەرتیی پارتیی وەك کۆمپانیای کۆڕەك و نۆکان و …تد و دابەشکردنی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و چەپاوڵگەریی زیاتر بوو، هەر لایەك و وابەستەی دەوڵەتێکی دراوسێ بوو و هەنووکەش هەر ئاوایە و هەمان هاوکێشە و هاوسەنگی لە ئارادایە و هەرێمی کوردستانیان کردووە بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی جەنگی ئابووریی و ڕامیاریی و سەربازیی دەوڵەتانی ئێران و تورکیە.

بەڵام ئێستا بەپێچەوانەی ڕابوردووەوە، پارتییە زلهێزەکان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان لەبەر پاراستنی بەرژوەندی ئابووریی و سەروەریی خۆیان وەك خاوەنی کۆمپانیا و داگیرکاری کەرتی جۆراوجۆر لە بەرانبەر مەترسی ڕاپەيڕینی خەڵكدا لە ساڵی ١٩٩٨ ڕێکەوتنی ستراتیجییان هەیە و لەتەك ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنیش بە هەمان شێوە ڕێکەوتنی ستراتیجیان پێکهێناوە. لەبەرئەوە قسەکردن لە ئەگەر و مەترسی جەنگی نێوخۆیی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەچێتە خانەی پاگەندەی درۆینە و ترساندنی خەڵك بە ئەگەری گەڕانەوەی ماڵوێرانی ١٩٩٤- ١٩٩٨ کە خێزان و کۆڵان و گەڕەك و فێرگە و فەرمانگە و مزگەوت و هاوەڵان و هاوپۆلان و هاوکاران و هونەرمەندان و نووسەران و میدیاکاران و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت دڵدارانیشی کردبوو بە دوو بەش و دژی بە یەکدی و هەرێمیشی کردبووە مەیدانی تەڕاتێنی هێزی لەشکریی و سیخوڕیی دەوڵەتانی عیراق و تورکیە و ئێران.

ئەوەندی ئاوەزی من بڕبکات و تێگەییشتنم بواربدات، پەیامە ترسێنەرەکەی “سەرۆك”، درێژەی هەمان پەلاماردانی ئەم دواییانەی نێو پارلەمان و هەڕەشەی قزڵباشییەکانیەتی لە ڕەخنەگران لە “سەرۆك”. لەبەرئەوە جەنگێکی نێوخۆیی لەنێو باڵەکانی بۆرجوازی کوردا جارێکی دیکە ئەستەمە، چونکە ئیدی ئەوان میلیشیای جاران نین و گۆڕدراون بە کۆمپانیای چەپاوڵگەر و مانەوە و پاراستنی سوود و بەرژوەندییان پێویستی بە ئاساییش و جێگیریی دەسەڵات هەیە، بازرگانی و پیشەسازی و چەپاوڵگەری ئابووریی پێویستیان بە بار و دۆخی جێگیر و ئاساییشی گواستنەوە و داگیرکاریی ئابووریی و کێبڕکێی بازار هەیە نەك جەنگی میلیشیایی و نێوخۆیی، لەو بارەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر چەکدارانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابوردوودا بهاتنایە هەرێم، ئەوا بە دڵنیاییەوە گەورەتری جەنگی نێوخۆییان بەرانبەر بەرپادەکرا، بەڵام لە ئێستادا هەم ئاساییشی بازرگانی و هەم لاوازیی سەربازیی ناچار بە سازشی ڕامیاریی کردوون.

بەڵام لە بەرانبەردا بیست و چوار ساڵە جەنگێکی نێوخۆیی پەردەپۆشکراو و ڕانەگەیێندراو دژی کەسانی ئازادیخواز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەکان بەرپاکراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەموو بوارەکاندا ئەم جەنگە ڕەنگدەداتەوە و بەرەوپێش دەبرێت و زۆرێك نائاگاهانە بوونەتە بەشێك لە بەرەوپێشبردنی ئەو جەنگە؛ چ بە پاگەندەکردنی ساوایی و پاراستنی فەرمانداریی هەرێم، چ بە خۆشباوەڕکردنی خەڵك بەسەرۆك و فەرمانداریی و دەوڵەتی باش و خەریککردنی دەنگدەری ناڕازی بە کایەی گۆڕینی ئەم لیست بە ئەو لیست و هەڵبژرادنی خراپ بەرانبەر خراپتر .

ئەگەر لە بەرانبەردا، تاك و جەماوەر لە کۆمەڵی هەرێمی کوردستاندا خودهوشیاریی و سەربەخۆیی کەسایەتی خۆی بەدەستهێنابێت و لە ڕووداوەکانی بیست و چوار ساڵی ڕابوردوو ئەزموونی وەرگرتبێت و چیدیکە ئامادەنەبێت ببێتە چەکدار و سەربازی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەگەر چیدیکە گروپ و پێکهاتەکانی کۆمەڵ ئامادەنەبن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەنە قوربانی ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندییەکانی سەرانی پارتییەکان، ئەوا هیچ جەنگێکی نێوخۆیی نێوان باڵەکانی بوارجوازی کورد توانای ڕوودانی نییە و جەماوەر دەتوانێت بڵێت جەنگی ئێوە جەنگی ئێمە نییە و فەرموون زگی یەکدی هەڵدڕن و یەکدی لەنێوبەرن، ئەو کات دەبینین کە منداڵی هیچ دەسەڵاتدار و سەرمایەدارێك ئامادەی یەك سات ئێشکگری و جەنگکردنی نییە و هیچ ڕامیارێك ئامادەی چوونە بەرەی جەنگ و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆیانی نییە و ڕوودانی ئەگەری جەنگی نێوخۆ لە ڕوودانی وەستانی سورانەوەی ئەستێرەکان ئەستەمترە و هیچ پێویستی بە هەراسانی و دڵەخورپە و ترس نییە، چونکە ئەنجامدەر و قوربانی هەموو جەنگەکان تەنیا ئێمەی ژێردەستین و ئەگەر ئێمە نەبین، هیچ جەنگێك بوون و ڕوودانی نییە و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕامیاران و هاوبەرژەوەندانیان، ئەگەر گۆشتی یەکدی بخۆن، هەرگیز ئێسکی یەکدی ناشکێنن و هەر کات بەرژەوەندییان بکەوێتە مەترسییەوە هەموو جەنگ و کێشەکانیان ڕادەگرن، هەر ئاوا کە ڕوومەتی دیکتاتۆرەکەی (بەغداد)یان لێسایەوە .

جەنگی بیست و چوار ساڵەی دەسەڵات دژی خەڵك بۆ چاوەڕوانڕاگرتنی تاکی کۆمەڵی هەرێمی کوردستان بووە لە خۆشباوەڕیی و دەستەمۆیی و پاشکۆییدا، تاوەکو تاك و جەماوەر هەرگیز بیر لە هێز و توانای سەربەخۆ و یەکگرتووانەی خۆیان نەکەنەوە و بەرژەوەندییەکانی ڕامیاران و سەرمایەداران مسۆگەر بمنن و هیچ مەترسییەك بۆ سەر چەپاوڵگەریی و پاوانگەریی و سیستەمە چینایەتییەکەی هەرێم دروستنەبێت. وەها جەنگێك لە هەموو مەیدانەکان و بوارە کولتوورییەکانی ئایین و هونەر و میدیا و ڕامیارییدا بەرەوپێش براوە و دەیان سیناریۆ و ڕێکەوتننامە و بەڵێن و پاگەندەی بۆ بەڕێخراوە و لە ڕووی دەروونییەوە تیرۆری تاكی وێرانبوونی پاش جەنگەکانی کردووە و بە ناچارکردنی پارتییانە گەندەڵی سیستەمەکەی کۆمەڵایەتییکردووەتەوە و تەنانەت ناڕەزایەتی خەڵکیشی بەرەو داواکردنی بەشە تاڵانی و گەندەڵیی بردووە، ئەمە ئەو جەنگە نەبینراوەیە و تاکە جەنگێکە کە هەر ڕۆژ و بە چەندین شێوە ئاراستەدەکرێت؛ جەنگی لەنێوبردنی هێز و توانا و بڕوابەخۆبوونی تاك وخەڵك بەخۆی، کە بە دیوەکەی دیکەیدا سەرنەکەوتنی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕاوێژکارە ڕامیارەکانیان لەو جەنگەدا، واتە هەبوون و لە بزووتندابوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵی ئازاد و سەربەخۆ و پشتبەخۆبەستوو .

بەڵام وەك ئەزموونەکان نیشانماندەدەن، هیچ بار و دۆخێكی لە سەرەوە سەپاو تاسەر جێگیر و بەردەوامنابێت و دژ و بەرهەڵستکاری خۆی بەرهەمدەهێنێت و خۆهوشیاریی دژەباو لە تاك و گروپەکانی کۆمەڵدا سەرهەڵدەدات و کۆمەڵی هەرێمی کوردستانیش وەك هەر کۆمەڵێکی دیکە لە کارایی گۆڕانی کۆمەڵەکانی دەوروبەری خۆی و کۆی مرۆڤایەتی بەدەرنابێت و سروشی گۆڕانخوازیی لە ڕاپەڕین و بزووتنەوە و ڕووداوەکانی وەك ڕاپەڕینەکانی باکووری ئەفریکا و خۆرهەڵاتی نێوڕاست و بزووتنەوەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی بەشی سوریە”ڕۆژاوا” و کوردستانی بەشی تورکیە “باکوور” و بلۆکیوپای ئەمەریکا و ئەوروپا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و تورکیە وەرگرتووە و وەردەگرێت و بەجۆرێك هەوڵ بۆ ئەزموونکردنەوەیان دراوە و دەدرێت، بەتایبەت ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”، کە جەنگاوەرانی (هەپەگە) و (یەپەگە) و (یەپەژە) لەتەك هاوپشتی و فریاگوزاریی خۆیان بۆ کۆمەڵەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان هاوردیان و بووە سروشبەخشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم و سەرەتاکانی لە شەنگال و سلێمانیدا لە دەرکەوتندان و هەر ئەو دەرکەوتنەشە کە دەسەڵاتدارانی ئەو دوو ناوچەیەی هەرێمی هەراسانکردووە و ناچار بە سیناریۆسازیی و پیلانگێریی لە چەشنی “ڕەوتی دابڕان” و ” سێکیۆلار” کردووە و دوژمنەکانی دوێنێی [ئەندامانی پارتییەکانی ڕەوتی کۆمونیزمی و ینک] خستووەتە سەنگەرێكەوە و کەوتوونەتەخۆ تاوەکو بەر بە هەژموونی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی و دێمۆکراسی ڕاستوخۆبگرن و بەڵینی گۆڕان لە سەرەوە بە خەڵك بدەن و چەند ساڵ و دەهەیەکی دیکە درێژە بە کایە پارلەمانییەکەی خۆیانبدەن و ئەوانەی کە هەنووکە لە دەرەوەی کایەکەن، ببردرێنە نێو کایەکە و بە کۆمەڵێك بەرتەریی و دەستگیرۆیی ئابووریی ڕازیبکرێن و ئەوانیش لە بەرانبەردا پۆشاکێکی نوێ بە هەوڵەکانی دەسەڵاتدا بکەن و لەژێر پەردەی سەنگەرگرتن بەرانبەر توندڕەویی ئایینی، ئاشبوونەوەی چینایەتییان بەرەوپیش بەرن و مەرگی خۆیان دووربخەنەوە.

بەبۆچوونی من، پاگەندەکانی ئەگەر و مەترسی جەنگی نێوخۆی سەرۆك و پاگەندەی سێکیولاریزمی ” ڕەوتی دابڕان” و “سەنتەری سێکیولاریزم” تەنیا هەولێکن بۆ کەمکردنەوە و لاوازکردنی هەژموونی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” لەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە هەمووانی [دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتیخوازی] خافڵگیر و تووشی شۆك کرد، بەتایبەت ئەوەی کە پیلانی هێنانی هێزەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی یەکێك لە ئامانجەکانی لاوازکردن و پاشەکشێکردن بوو بە بزووتنەوەی ناڕازیانی باشوور و باکووری عیراق [هەرێمی کوردستان] و ناچارکردن و خۆشباوەڕکردن و ڕیزکردنی دژە-(داعش)یان بوو لەپشت سەری دەسەڵاتدارانی فەرمانداریی خوارووی عیراق و فەرمانداریی هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆشکردن بۆ لێدان و سەرکوتی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزا و دژە-دەسەڵات لەژێر ناوی دژە-داعش و دژەتیرۆر. ئا لێرەوە دەتوانین دژایەتی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” تێبگەین و سەرنجی هەوڵەکانی ئێستا و داهاتوویان بدەین.

کاتێك بەڵگەکان دەدوێن

٤ی ئەپڕیلی ٢٠١٥

پێشتر گوتم گوماندەکەم و ماسەکەی “دابڕان” گوریسێکی ئەستوور و درێژی تێدایە،بەڵگەم تەنیا خوێندنەوەی کەسیی خۆم بوو بۆ ڕەوتی مێژوویی بە عەرەبانە-کێروێشکگرتنەکەی (ینک).

لەو بارەوە زۆر دۆستی (ی.ن.ک)م دڵگران بوون، چەپەکانیش وەك هەمیشە ئارەزووی لاربوونی دەمم دەکەن، چونکە برینی کۆنیان دەکولێنمەوە، هەندێك دۆستیش یا تۆمەتی خەیاڵپڵاویان خستە دووم، یا بێدەنگییەکی هەراسانبوویان هەڵبژارد.

ئازیزانم، من دژی ئەوەم کە دژی ئایین، یا دژی هەر شتێکی دیکە بیت، لەبەرئەوە هیچ کات چاوەڕوانی دژبوون لە کەس ناکەم و بە شتێکی دروستیشی نازانم، بەڵام لە بەرانبەردا خۆزگە بە تێگەییشتن و ڕەتکردنەوەی شتە نادروست و چەپێنەرەکان بە کردەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و چالاکی کولتوورییدا دەکەم؛ واتە ڕەتکردنەوەی ئایین وەك بنەمای ڕێکخستنی ژیان نەك دژایەتیکردنی.

ئینجا با بزانین هەڵاکەی “داىران” چ بانگێك بە گوێماندا دەدات و هەڵوێستوەرگرتنەکەی بەرانبەر سەلەفییەکان تا کوێ بڕدەکات ….

مەلا بەختیار لە پێناسەی دابڕانەکەیدا لە خولەکی بیست و شەش و سی و هەشت تا خولکی بیست و شەش و پەنجا و دوو چرکە (٢٦:٣٦ – ٢٦:٥٢)ی قسەکانیدا دەلێت

“… وە بە توندیش دژی ئیلحاد دەبین، بەڵام ئیلحاد ئێمە ناترسێنێت، …..، ئێمە نە خۆمان مولحیدین نە ئیلحادیش قبوڵدەکەن، ….. “

ئایا مەلابەختیار دەتوانێت بڵێت “وە بە توندیش دژی ئایین دەبین، بەڵام ئایین ئێمە ناترسێنێت، …..، ئێمە نە خۆمان ئاییندارین نە ئاییندارییش قبوڵدەکەن” ؟

وەك گوتم، من نە دەخوازم کەس ئەوە بڵێت و نە چاوەڕوانی ئەوەش لەو دەکەم، بەڵام ئایا هیچ بێباوەڕێك (مولحیدێك) هەڕەشەی کوشتن و سەرکوتی لە بۆچوونە جیاوازەکان، سووکایەتی بە ژنان، سووکایەتی بە بوونی مرۆڤ و بەهاکانی ژیان کردووە، تا سەرانی هەرای “دابڕان” هێڵی سوور بۆ بێباوەڕان دیاریبکەن و پەنجەی دەسەلاتداریی و فەرمان بەرانبەر ئێمە بەرزبکەنەوە؟

ئەی ئامانجی ئەو لەو هەڕەشە شادراوانە و چاوسوورکردنەوانە لەو بابەتەدا چییە، لە کاتێکدا کە قسە لەسەر مەترسی ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵە لەلایەن سەلەفییەکانەوە نەك [بێباوەڕکردنی] ئەیتەهیزەکردنی کۆمەڵ لەلایەن بێباوەڕەکانەوە [ئەیتەهیستەکانەوە]؟

ئینجا ئەی ئەوانەی چەپڵەتان بۆ جاڕدەری هەرای (دابڕان) لێدا، ئەی ئەوانەی لە مایەپووچی هزریی و خاڵیبوونی پاشخانی مەعریفی خۆتاندا کەوتنە هەلەکەسەما، ئەی ئەوانەی هیوای ڕزگاربوونتان لە خنکان بە هەڵاکەی “دابڕان” بەستەوە، ئێستا دەزانن دابڕانەکەی دەزگەی (ینک) و سەرنووسەری چاودێر بەرەو کوێییە؛ تاوانبارکردن و سزادانی (یوسف موحەمەد)ەکانە لەسەر ئەوەی کە وازیان لە ئایین هێناوە و ڕەخنەی ژیرانی ئاراستەی ئایین دەکەن و خۆیان بەبێ بێباوەڕ “مولحید” دەناسێنن. ئایا هێشتا خۆتان بە هاودەنگی جاڕدەری سیناریۆی “دابڕان” دەزانن و هەر بەتەمان لە پشت سەری [ئەو]ەوە نوێژی سێکیولاریستبوونتان بکەن و یەزدان لە ئاسمانەوە دابگرنە کۆشکەکانی دەسەڵات و سەروەریی بۆرجوازی کورد؟

***********************************

لینکی دەقی قسەکانی مەلابەختیار لە سەرەتای کۆنفرانسی راگەیاندنی “دابڕان”

کۆتایی جەنگ و سەرەتای لەیەكدی تێگەییشتن

کۆتایی جەنگ و سەرەتای لەیەكدی تێگەییشتن

 

هەر کات زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان لە ئاستی کۆمەڵکوژیی یەهودیانی دەوروبەری مەککە و مەدینە لە سەرەتای ئیسلامدا، هەستی بە شەرمەزانی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە یەهودیان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی مەسیحیانی جیهان لە ئاستی ڕەوایەتیدان بە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی کۆمەڵە نامەسیحییەکانی دیکە و ٥٠٠ ساڵ داگیرکاریی، هەستی بە شەرمەزانی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە گەلانی ژێردەست کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی سپیپێستان لە ئاستی هەڵاواردنی نەژادی [ئاپارتاید] و بازرگانی کۆیلان هەستی بە شەرمەزاریی کرد و داوای لێبوردنی لە ڕەشێستان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی ئیسپانیا لە ئاستی کۆمەڵکوژیی سوورپێستان هەستی بە شەرمەزاریی کرد و ئەوروپیانی نیشتەجێی ئەمەریکا داوای لێبوردنی لە سوورپێستان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی ئێنگلاند لە ئاستی کۆمەڵکوژیی ئۆریجنەکانی ئوسترالیا هەستی بە شەرمەزاریی کرد و ئەوروپیانی نیشتەجێی ئوسترالیا داوای لێبوردنی لە ئۆریجنەکانی ئوسترالیا کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی بریتانیا لە ئاستی کۆمەڵکوژیی ئۆریجنەکانی نیوزلەندە هەستی بە شەرمەزاریی کرد و ئەوروپیانی نیشتەجێی ئەمەریکا داوای لێبوردنی لە ئۆریجنەکانی نیوزلەندە کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی ئەوروپا لە ئاستی داگیرکاریی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی گۆشەکانی دیکەی جیهان لەلایەن ئیمپراتۆریی و دەوڵەتەکانیانەوە هەستی بە شەرمەزانی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە گەلانی ژێردەست کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی تورکیە لە ئاستی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیان هەستی بە شەرمەزانی و پەشیمانی کرد داوای لێبوردنیان لە ئەرمەنی کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی کوردان لە ئاستی هاریکاریکردنی کوردان لەتەك ئیمپراتۆریی ئوسمانیدا لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیی و ئێزیدیان هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە ئەرمەنیان و ئێزیان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی ئاڵمانیا لە ئاستی کۆمەڵکوژیی یەهودیان هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە یەهودیان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی روسیا لە ئاستی کۆمەڵکوژیی راپەڕیوانی کڕۆنشتات و ئۆکرانیا هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە دانیشتووانی کڕۆنشتات و ئۆکرانیا کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی یەهودیانی جیهان لە ئاستی داگیرکاریی و دەرپەڕاندن و بێمافکردنی فەلەستینیان هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی ولاتانی عەرەبی لە ئاستی کۆمەڵکوژیی کوردان هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە کوردان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان لە ئاستی کۆمەڵکوژیی ئیزیدی و مەسیحی و کاکەییان هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنیان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی پیاوان لە ئاستی هەڵاواردنی ژناندا هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە ژنان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی مامۆستایان و دایکان و باوکان لە ئاستی چەپاندن و ئازاردانی منداڵاندا هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی لە منداڵان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی مرۆڤ لە ئاستی سەربڕین و ئاژەڵئازاریدا هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لیبوردنیان لە ئاژەڵان کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی مرۆڤ لە ئاستی وێرانکردنی ژینگە و شیواندنی سروشتدا هەستی بە شەرمەزاریی و پەشیمانی کرد و داوای لێبوردنی کرد؛

 

هەر کات زۆرینەی دانیشتووانی گۆی زەمین شوناسنامە دەستکردەکانی نەژاد و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و نیشتمان و پارتایەتی و حکومەت و دوەوڵەتی فڕێدان و کۆمەڵی لە کۆی ئازادی و یەکگرتنی ئازادانەی تاکەکانیدا دیت و بوونی تاکی لە خواوەندیی [خودموختاریی] خودی تاکدا پێناسەکرد؛

 

ئەوا مرۆڤایەتی بە ئاستی خۆهوشیاریی گەییشتووە و بەرەو راگرتنی جەنگ و تەبایی و خۆڕزگارکردن و ڕۆنانی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر هەنگاوی هەڵگرتووە و ناتوانێت لە ژێر سەروەریی هیچ چین و دەستەبژێر و پارتیی و حکومەت و دەوڵەتێکدا بمێنێتەوە، ئەگەر نا نەوە لە دوای نەوە وەك دڕیژەپێدەری لوتبەرزیی و لەخۆنامۆبوون و کوشتوبڕ و وێرانکردن و چەوساندنەوە و خۆکوژیی دەمێنینەوە و تەنیا چەندبارەکەرەوەی گەمژەیی پێشینان و خۆمان دەبین!

کۆمەڵی سۆشیالیستی، تاکی سۆشیالیست و بەرەنجامی ئەزموونەکان

١٩ی ئەپڕیلی ٢٠١٥

هەبوونی تاکی سۆشیالیستخواز پێشمەرجی هاتنەدی کۆمەڵی سۆشیالیستییە، نەك پێچەوانەکەی، ئەوەی کە دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان پاگەندەی دەکەن. ڕاستە کۆمەڵی سۆشیالیست دەتوانێت پەروەردەکەری تاکی سۆشیالیست بێت، بەڵام ئەوە تاکی سۆشیالیست و سۆشیالیستخوازە کە دەتوانێت کۆمەڵی سۆشیالیستی لە خەیاڵەوە بکاتە کەتوار، تەواو بەپێچەوانەوەی چەپ و دەستەبژێرانی دەسەڵاتخوازی بەناو سۆشیالیست، کە هەموو گۆڕانێك بۆ هاتنەدی بەڵێنەکانی سەرخەرمان هەڵدەگرن. ئەگەر بەو جۆرە بووایە، کە پێشتر کۆمەڵی سۆشیالیست پێشمەرج بێت، ئەوا دەبوو ئەزموونی حەفتا ساڵەی دەوڵەتی بۆلشەڤیکی و کۆپییەکانی لە جیهاندا پاش ڕوخانیان کۆمەڵێك مرۆڤی سۆشیالیست لە دوای خۆیان بەجێبهێڵن و لە نێوەندی کار و ژیانیاندا درێژە بەو بوونە سۆشیالیستییەیان بدەن.

بۆ ئەوەی بتوانین لەم مەتەڵەی مریشك لە هێلکەیە یا هێلکە لە مریشکە تێبگەین، پێویستە سەرنجی سێ ئەزموونی مێژوویی سەدەکانی ڕابوردوو بدەین:

یەکەم: کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە، ئەو کۆمەڵە سۆشیالیستییانەی کە لایەنگرانی دیکتاتۆریی دەستەبژێر و پارتایەتی بە “سۆشیالیزمی خەیاڵی” ناویاندەبەن؛ لەو کۆمەڵانەدا تاکەکان ئازادانە دەچوونە پەیوەندییەکانەوە، هەرچەندە هەوڵێکی ئەزموونگەرایانە بوو، بەڵام دوو لایەنی دژبەیەکیان تێدا هەبوو بوو؛ ئازادانە چوونە پەیوەندییەکانەوە، ئاراستەکردنی کۆمەڵ بەگوێرەی نموونە داڕێژراوەکان. ڕاستە ئەو کۆمەڵانە تێداچوون، بەڵام بوونە سروشبەخش بۆ هەوڵەکانی دواتر و بەجۆرێك لە جۆرەکان لە دوو سەدەی ڕابوردوودا پاشکاراییان هەبوو.

دووەم: بەڕێوەبەرایەتییە قووچکەییە دیکتاتۆرییەکان، کە “پارتیی پێشڕەو” و “ڕابەرانی” لە لووتکەی قووچکەکەیدا وەستابوون و هەموو شتێكی ژیانی تاك و کاروبارەکانی کۆمەڵ لەلایەن کۆمەڵێك کەسەوە ئاراستەدەکران و هەرچی لە دەرەوەی پەرتووك و دەقەکانەوە هەوڵی ئەزموونکردنی بدرایە، وەك کڕۆنشتات و کۆمونەکانی ئۆکرانیا کۆمەڵکوژدەکرا. ئەم هەوڵە زیاتر بەهێزکردن و پیادەکردنی بنەمای دووەمی کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە [ئاراستەکردنی کۆمەڵ بەگویرەی نموونە داڕێژراوەکان] بوو، کە بلانکی پەرەپێدەر و پەیامبەری بوو.

هەرچەندە ئەو ئەزموونە توانی لە ماوەی حەفتا ساڵدا ببێتە گەورەترین هێزی دونیای دوو جەمسەری، بەڵام لەبەرئەوەی کە وەك هەر ڕێکخستن و بەرێوەبەرایەتییەکی دیکەی دیکتاتۆری و بۆرجوازییانە لە سەرووی خەڵکەوە کوتەکی بەدەستەوە بوو، پاش توانەوەی پەشمەکیانەی نەك هەر نەیتوانی سروشبەخشی هەوڵەکانی دواتر بێت، نەك هەر نەیتوانی وەك شێوە و شێوازی سۆشیالیستییانەی ژیانی کەسەکان و کۆمەڵەکان بمێنێتەوە، بەڵکو بووە هۆی بێزارکردنی چەوساوان لە سۆشیالیزم و هاندانیان بۆ سوپاسگوزاریی کۆیلەکەرانیان و خراپتر لە هەر کۆمەڵێکی چینایەتیی دیکە، کۆمەڵەکانی بلۆکی خۆرهەڵاتی [هاوپەیمانی ڤارشۆ] بوونە سەنێرگەی هەڵتۆقینی قارچکە ژاراوییەکانی مافیا و بە ملیۆنێربوونی “ڕابەران”ی دوێنێ و گۆڕانی کۆمەڵگە بە سێکسفرۆشییەکی گەورە و بازاری کۆیلەتی ژنان و منداڵان و هەڕاجخانەی هێزی کاری هەرزان.

سێیەم: ئەزموونەکانی کڕۆنشتات، کۆمونەکانی ئۆکرانیا، خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی کاتالۆنیا و ئاراگۆن و ئاستۆریاس و ئیبێریا. ڕەوتی سێیەم یا ئەزموونی سێیەم بوون، کە هەر لە بنەڕەتەوە بە ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەی لایەنی نموونەگیری و ئاراستەکاریی کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە، لایەنە ئازادیخوازانەکەی ئەو کۆمەڵانەی هەڵبژارد، واتە ئازادی تاك و ئەزموونگەریی بیرۆکەکان و هەوڵدان بە گەییشتن بە نموونەیەکی باڵاتر و گەییشتن بە تیئۆرییەکی ئاوەزگیرانەتر و تەسەلتر لە ئەزموونگەریی بیرۆکەکاندا. بۆ گەییشتن بەو هەڵبژێرە، پێشتر هەموو بنەماکانی ئایدیۆلۆجیای بلانکیزمی ڕەتکردنەوە و ئازادی تاك و یەکگرتنی ئازادانەی کردە بنەمای پەیوەندییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵی داهاتوو، واتە ڕەتکردنەوەی گۆڕانی کۆمەڵ لە سەرەوە و ڕەتکردنەوەی هەموو ڕێکخستن و بڕیاردان و بەڕێوەبردنێکی نێوەندگەرا و پێشمەرجکردنی پەروەردەی تاكی ئازادیخواز و سۆشیالیستخواز و گێڕانەوەی شۆڕش بۆ نێوندی ژیان و بوونە کۆمەڵایەتییەکەی و پشتبەستنی بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی گۆڕینی ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمڵایەتییەکان لە دەزگەی قووچکەیی و پێکهاتەی ڕیفۆرمیستەوە بۆ خۆڕێکخستنی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و کردنیان بە فێرگە و پەروەردگەی تاکی سۆشیالیست و بەکاربردنیان وەك سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی خەباتی چینایەتی و هەروەها ئامادەکاریی یەکە و بنکەکانی کۆمەڵی نوێ [سۆشیالیستیی ئازادیخوازانە].

ئەمە خاڵی بەهێزی ئەو ئەزموونانە بوو، هەر لەبەرئەوەش بوو، کە هەرگیز لە نێوخۆرا نەپووکانەوە و تەنیا بە هێرشی دەرەکی و کوشتوبڕ و سەرکوت توانرا ئەو ئەزموونانە لەنێوببرێن [کۆمەڵکوژکردنی کرێکارانی کڕۆنشتات و کۆمونەکانی ئۆکرانیا و جەنگاوەرانی بزووتنەوەی ماخنۆ لەلایەن لەشکری سوور و کۆمەڵکوژکردنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیسپانیا لەلایەن لەشکری جەنەراڵ فرانکۆ]، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەو ئەزموونانە تا ئێستاکەش سروشبەخشیی بزووتنەوەکانی پاش خۆیان بن، بۆ نموونە سەرهەڵدانەوەی ئەو بزووتنەوەیە لە شێوەی کۆمەڵی زاپاتیستەکان لە دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بەم لاوە، هەروەها خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی “ڕۆژاوا” و کۆمون و هەرەوەزییە شاریی و گوندییەکان لە سەراپای ئەوروپا و ئەمەریکادا لەژێر کارایی ئەم ئەزموونەی دوایدان و گیانی زیندووی هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی جەنگ و جیهانگیری سەرمایەداریی و نێوەندە جیهانییەکان و کۆبوونەوە لووتکەییەکانی (G7) پێکدەهێنن.

بەکورتی تاکە بەجێماوەکانی کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە و کۆمونی کڕۆنشتات و ئۆکرانیا و خۆبەرێوەبەرایەتییەکانی ئیسپا، پاش تێکشکاندنی ئەزموونەکانیان بە کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژیی، هێشتا بەجۆرێك هەوڵی دڕێژەدانیان بەو ئەزموونانە داوە و دەدەن و وەك ئەزموون و یاداوەرییەکی شیرین لە بیری خەڵکدا ماونەتەوە و هەردەم هەوڵی ئەزموونکردنەوەیان دەدرێت. بەڵام تاکی ڕزگاربوو لە دیکتاتۆریی ئەموونی بلۆکی خۆرهەڵاتیی [ڕوسیا] و چاینا و کۆبا، نەك ناخوازن درێژەدەری ئەو ئەزموونە پڕ ناسۆریی و کۆیلەوارانە بن، بەڵکو بەپێجەوانەوە زۆرینەیان بوونە کۆیلەی سوپاسگوزاری سەرمایەداری و ” کۆمونیزم” وەك دیکتاتۆرترین و سەرکوتگەرترین سیستەمی بەڕێوەبردن وێنادەکەن و دەگێڕنەوە، ئەگەر کەسانێكی کەم وەك کۆنە جەنەڕاڵ و ئەندام-پارتییەکانی پارتیی کۆمونیستی ڕوسیە مابنەوە، ئەوا لە باشترین باردا ستالین بە پەیامبەری کۆمونیزم دەزانن و وەك یەزدانێك دەیپەرستن.

دواجار بۆ ئێمە هاوسەردەمیانی ئەم ڕۆژگارە، کە لەلایەك دەرگیری جیهانگیریی پاوانگەری و چەپاوڵ و بازارئازادی سەرمایەدارین و لەلایەكی دیکەوە دەرگیری تیرۆریزمی گروپە ئایینی و ناسیونالیستەکان و تێکشکان و پاشەکشێی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆشیالیستین لە بەرانبەر ئەو ڕەوتانەدا، بەتایبەت بۆ ئێمە خۆرهەلاتیان ناوین، کە هیچ یەك لەو ئەزموونانەمان نەدیتوون و تێنەپەراندوون و تەنیا لە دوورەوە لە دەمی کادیرانی پاگەندەچی پارتییەکانەوە مێژووی وانە مێژووییەکانی ئەو ئەزموونانەمان بیستوون، چۆن و لە کوێوە دەتوانین دستپێبکەین و دەتوانین پشت بە چ مێژووییەك و چ ئەزموونێك ببەستین؛ مێژووی دەمی سەرکوتگەرانی سۆشیالیزم یا مێژووی کپکراوی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و هەوڵە ئازادیخوازانەکان؟

ئەنفال خاڵی نێوکۆیی فاشیزمی ئایینی و فاشیزمی دەوڵەتییە

ئەنفال خاڵی نێوکۆیی فاشیزمی ئایینی و فاشیزمی دەوڵەتییە

anfal

ئەنفال پێش ئەوەی کردەوەی بەعسییەکان بێت، سوورەت و ئایاتی پیرۆزکردنی چەتەگەریی چواردە سەدە لەمەوبەرە و ئەوەی کە سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و سەربازەکان و بەکرێگیراوە کوردەکانیان “چەکدارە شۆڕشگێرەکان” بانگەوازیان بۆ کرد و ئەنجامیاندا داهێنانێکی نوێی دەسەڵاتداران نەبوو، نەخێر، گێرانەوە و چەندبارەکردنەوەی فاشیزمی ئایینی چواردە سەدە لەمەوبەر بوو، ئەگەر ئەسحابەکانی مەککە و مەدینە لە ساڵی ١٩٨٨دا بوونایە، ئەوا لەجێی شمشێر کیمیایی و لە جێی ڕیگرتن لە کاروانی بازرگانی خێڵەکانی دیکە، هەزاران گوندیان وێران و سەدان هەزار گوندییان کۆمەڵکوژدەکرد و لەجیاتی “تەیر ئەبابیلە” میکی هەژدە و فانتۆمی شازدەیان بەکاردەبرد.

موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشی بۆ ڕەوایەتییدان بە فەرمانەکانی خۆی، چەتەگەریی و کۆمەڵکوژیی و کەنیزەککردنی ژنانی کردە خواستێکی ئاسمانی و جێبەجێکردنی کردە ئەرکێکی ئایینی و پاداشتەکەشی کردە تاڵانیی ئەم دونیا و پەرییەکانی بەهەشتی ئەو دونیا، هەر بەو جۆرەی کە سەدام حوسەین پاش چواردە سەدە بۆ ڕەوایەتییدان بە فاشیزمی پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتەکەی و پیرۆزڕاگرتنی ناسیونالیزمەکەی، پشتی بە پیرۆزکراویی فەرمانەکانی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشی بەست.

ئەوانەی کە دەخوازن ئەنفالی یەهوودیان چواردە سەدە لەمەوبەر و ئەنفالی کوردان بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە یەکدی جیابکەوە، یا کەسانێکی خۆشباوەڕ و نائاگان لە مێژوو، یا کەسانێکی فاشیستی ئایینین و دەخوازن پاپۆڕی تێکشکاوی ئایین لە نقومبوون ڕزگاربکەن و پاساوی پووچگەرایانە بۆ سوورەتی ئەنفال بهێننەوە!

سەدام حوسەین و پارتییەکەی و ڕژێمەکەی بە ئاشکرا گوتیان ئەوەی ئەنجامیدەدەن، ئەنفالی پیرۆزە، مێژووی چواردە سەدەی رابوردووش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەنفالی بادینان و گەرمیان و قەرەداخ و کیمیابارانی هەلەبجە هەر هەمان ئەنفالە کە موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا بانگەوازی بۆ کرد، کەچی قسەکەرانی بۆرجوازی کورد بۆ پاراستنی کورسیی و مشەخۆریی خۆیان، پاگەندەی جەنگی بەناو ئەنفال، دەوڵەتی بەناو خەلافەتی ئیسلامی و چەندین تڕۆهاتی دیکەی لەو جۆرە ڕێزدەکەن، کە تەنیا لە خانەی (تەرسەقول/ Bullshit)دا جێگەی دەبێتەوە!

هەڵبەتە ئەمە تەنیا تایبەتمەندیی ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانە، کە مێژوویان پڕ لە کۆمەڵکوژیی و چەتەگەریی و تاڵانی و کەنیزەککردنی ژنان و لەنێوبردنی کولتوور و کەلەپووری کۆمەڵەکانی دەرەوەی خۆیان و پیرۆزکردنی تاوانەکانی خۆیان و سزاوارکردنی بەرانبەریان.