هه‌ڵه‌بجه‌ و 88

13ی ئایاری 2010

کیمیابارانی هەلەبجە

ئه‌مڕۆ یادی ٢٣ ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ١٩٨٧ بوو و وه‌ك هه‌موو ساڵێك که‌وتمه‌وه‌ یادی ئه‌و هاوپۆڵ و هاوه‌ڵ و هاوڕێیانه‌ی که‌ له‌و ڕۆژانه‌دا سه‌رقاڵی کار و خه‌بات بووین. هه‌روا وه‌ك هه‌موو ساڵێك که‌وتمه‌ گه‌ڕان به‌ناو ئینته‌رنێتدا، به‌و هیوایه‌ی یاداوه‌ری یا نامه‌یه‌کی هاوپۆلانی ئه‌و ده‌مه‌ یا هاوخه‌باتانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ له‌مه‌ڕ ڕاپه‌ڕینه‌که‌م به‌رچاو بکه‌وێت. داخه‌که‌م ئه‌و خۆزگه‌یه‌م وه‌ك ساڵانی ڕابوردوو ناکام مایه‌وه‌ و له‌بری ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵێك بابه‌ت و وتوێژم به‌رچاوکه‌وتن، که‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕێکخستنه‌ نهێنییه‌کانی ناو شار له‌و خۆپیشاندانه‌دا چالاك بوون. له‌ شوێنی خۆیدا له‌و باره‌وه‌ قسه‌ و یاداوه‌ری خۆمم له‌سه‌ر ئه‌و راپه‌ڕینه‌ له‌ یادی ١٣ ساڵه‌یدا له‌ ژماره‌ یه‌کی گۆڤاری فه‌رهه‌نگیکۆمه‌ڵایه‌تی دالیان ل٢٨دا له‌ژێر سه‌ردێڕی «چه‌خماخه‌ی شۆڕشی به‌رد»١ و هه‌روه‌ها له‌ یادی ٢١ ساڵه‌یدا وتارێكم له‌ژێر سه‌ردێڕی «ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ی هه‌ڵه‌بجه و مێژوویه‌کی به‌ ئه‌نقه‌ست له‌بیرکراو»٢ وتارێکی ترم وه‌ك به‌شێك له‌ زنجیره‌ یاداوه‌رییه‌کانی گەشتی دووەم بۆ کوردستان له‌ژێر سەردێڕی گەشتێك بۆ بیرەوەریستان/ هەلەبجە نووسیوه‌ و له‌و باره‌وه‌ قسه‌ی خۆمم کردووه‌ و وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌م داوه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌خوازن مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ بشێوێنن و بیکه‌نه‌ که‌شکۆڵی پڕ تاوانی ئه‌و پارتانه‌وه‌ که‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا دژی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ بوون و ئاماده‌ی هاوکاری جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوه‌ی هه‌له‌بجه‌ نه‌بوون، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵکو وانه‌یان له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ وه‌رنه‌گرت و نه‌یانتوانی بیکه‌نه‌ سه‌رمه‌شقی شێوازێکی نوێ له‌ خه‌بات بۆ ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری و به‌رده‌وام، به‌ڵکو بوونه‌ به‌رله‌شکری سوپای پاسداران و چه‌خماخه‌ی شۆڕشی جه‌ماوه‌رییان خامۆش کرد و زه‌مینه‌یان بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی دیکتاتۆره‌که‌ی عروبه‌ که‌ ساڵێك له‌وه‌به‌ر گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره‌ و شۆرشگێڕی ئه‌و شاره‌ی وێران کردبوو، له‌بار کرد.

بابه‌تێکی تر که‌ زۆرتر سه‌رنجی ڕاکێشام و بووه‌ هه‌وێنی ئه‌م چه‌ند دێره‌، پاگەندەی ده‌رهێنانی فێلمێکه‌ (نه‌ك فلیمێك وه‌ك زۆرێك له‌ نووسه‌رانی کوردی باشوور ده‌نووسن) به‌نێوی (88) له‌سه‌ر کیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌. سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ وشه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا هێنده‌ ناسراوه‌، که‌ بۆ زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ وه‌ك هێرۆشیما و ناکازاکی یابان و گێرنیکای ئیسپانیا ناسراوه‌ و هیچ پێویستی به‌ کۆد و پێناسه‌ نییه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ژماره‌ یا کۆدی (88) مه‌به‌ست له‌ ساڵی ١٩٨٨ بێت، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ نه‌زانییه‌کی زۆری پێوه‌ دیاره‌ و له‌ دونیای ڕۆژئاوادا که‌ به‌نیازین سه‌رنجیان راکێشین، ساڵ وا نانووسرێت و ژماره‌ (88) کۆده‌ بۆ ناشرینترین دیارده‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م و هه‌ڵگیرسێنه‌ری پۊڕکاره‌ساتترین جه‌نگی جیهانی!

(88)، ژماره‌ (8) هێمایه‌ بۆ پیتی هه‌شته‌می ئه‌لفابێتی ئاڵمانی و زمانه‌ ڕێنووس لاتینییه‌کان، که‌ پیتی (H)یه‌ و دووباره‌ی ده‌کاته‌ دروشمی نیئۆنازییه‌کان که‌ (88) و ده‌کاته‌ سڵاو هیتله‌ر یا سڵاو له‌ هیتله‌ر (Heil Hittler)، که‌ هێما و کۆدی هه‌ر دژه‌ مرۆڤێکی نازییه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکای باکووره‌وه‌ تا کوردستان، که‌ خه‌ریکه‌ لەوێش ناسیونالیزمی کوردیش به‌ره‌و باوانی نازیزم ملده‌نێت. چه‌ند جار چاپدانه‌وه‌ی په‌رتووکه‌ یاساخه‌که‌ی هیتله‌ر له‌ کوردستان و نووسین و کێشانی هێمای خاچی شکاوالصليب المعقوف (The swastika ) له‌سه‌ر دیواران، هێمایه‌كن بۆ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ و به‌رای من ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌، که‌ « ناسیونالیزمی گه‌شه‌کردوو، سه‌ری له‌ شۆڤێنیزم و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌شه‌کردوو، سه‌ری له‌ راسیزمه‌وه‌ ده‌رده‌چێت»!

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چی وا له‌ ده‌رهێنه‌ری ئه‌و فیلمه‌ ده‌کات، هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ سیمبوله‌ بۆ کیمیاباران و سیمبول بۆ ڕاپه‌ڕین، شێوازێکی نوێ له‌ خه‌بات لە کوردستان لەو کاتەدا، که‌ پشتکردن بوو له‌ بزاڤی چه‌کداری و سه‌نگه‌ربه‌ستنی سه‌رشه‌قامه‌کان، لەبری ناوی خودی ئەو شارە، ده‌سته‌وداوێنی ژماره‌یه‌کی بێپاشبنه‌ما له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا و بەهه‌ڵه‌ی ناوبرنی ساڵی کاره‌ساتێك. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌وانه‌ی که‌ یاداوه‌ر و خه‌مخۆری ئه‌و شاره‌ن و له‌ بیره‌وه‌ری مرۆڤایه‌تیدا ڕێکه‌وتی ١٦ی ئازار فره‌تر واتا به‌خشه‌ تا ساڵی ١٩٨٨.

لێره‌دا به‌ مافی خۆمی دەزانم، وه‌ك قوربانییه‌کی کیمیاباران و وه‌ك دانیشتوویه‌کی ئه‌و شاره‌ له‌و ڕۆژه‌دا که‌ زۆرێك له‌ هاوپۆل و هاوکۆڵان و هاوگه‌ڕه‌ك و هاوشاری و هاوه‌ڵان و خزمان و ئازیزان و ته‌نانه‌ت نووسین و یاداوه‌رییه‌کانم گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، له‌ ده‌رهێنه‌ر بپرسم، چی هانیدای بۆ بەکاربردنی هێمایه‌ك، که‌ هێمایه‌ بۆ (هیتله‌ری ئاڵمانی) براگه‌وره‌ی دیکتاتۆره‌که‌ی عروبه‌؟ ئایا له‌ نه‌زانییه‌وه‌یه‌ یا له‌ زانینه‌وه‌یە و به‌مه‌به‌سته‌وه‌ ئه‌م هێمایه‌ به‌کار ده‌هێنێت و ئاگایه‌ که‌ هێماش ده‌بێت بۆ هیتله‌ره‌ داهاتووه‌کانی کوردستان؟!

هاوکاتی چاوه‌ڕوانیم بۆ وه‌لام یا پێداچوونه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به‌ ناوی به‌رهه‌مه‌که‌یدا، چاوه‌ڕوانی له‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و نووسه‌رانی ئازادیخواز هه‌یه‌، که‌ له‌م باره‌وه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.

یادی گیانبه‌ختکردووانی ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ و ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ و ١٦ی ئازاری ٢٠٠٦ شاد و به‌ڕێز

ڕسوایی بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان کرده‌ دیاری بۆ ده‌وڵه‌تی خواکانی ئێران و تاقیگه‌ی چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی دیکتاتۆره‌که‌ی ڕژێمی بۆرژوازی به‌عس و هاوکارانی و هاوبیرانی

١. http://issuu.com/jilemo-dalian/docs/d1

٢. http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=13770&catid=15&Itemid=32

٣. http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=14023&catid=20&Itemid=36

به‌ره‌و ئه‌ناركیزم

نووسینی: ئێریکۆ مالاتێستا

و. لە فارسییەوە:

باوه‌ڕی گشتی ئه‌وه‌یه‌، له‌بەر ئەوەی كه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ شۆڕشگێڕ نێو ده‌به‌ین، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌ ئه‌ناركیزم به‌ یه‌ك لێدان به‌دی بێت؛ لێدان وه‌ك سه‌ره‌نجامی ده‌ستبه‌جێی یاخیبوون، كه‌ به‌ توندوتیژییه‌وه‌ هێرش بۆ هه‌رچییه‌ك كه‌ هه‌یه‌ ده‌بات و به‌ پێکهاتەی كه‌تواری تازه‌ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ تەنانەت له‌ نێو هه‌ندێك هاوڕێیاندا كه‌ شۆڕش به‌ وه‌ها شێوازێك ده‌رك ده‌كه‌ن، بوونی نییه‌.

Continue reading “به‌ره‌و ئه‌ناركیزم”

من وەك فێرکار(مامۆستا)ێك دەمێنمەوە و تۆش زیندانەوانێك!

2010/5/17

گیانبه‌ختکردوو فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له‌ناو فێریارانی پۆله‌که‌یدا

زنوس، خوای خوایان فەرمانی دا تاکو پرۆمتەی سەرپێچیگەر زیندانی بکەن و بەمجۆرە بوو بەسەرهاتی من و تۆ لێرەوە دەستی پێکرد.

تۆ بوویتە میراتگری زیندانەوانانی زنوس تاکو ڕۆژانە ببیتە پاسەوانی نەوەیەك لە دریژبوونەوەی خۆرەتا و ڕۆشنی و بۆ من و تۆ زیندان دوو واتای جیای پەیدا کرد. دوو کەس، دوو دیوی دیوار دەرگەیەکی ئاسنین هەیە و ڕۆژنەیەکی گچکە تێیدا، تۆ لە دەرەوەی بەندیگە و من لەناویدا. Continue reading “من وەك فێرکار(مامۆستا)ێك دەمێنمەوە و تۆش زیندانەوانێك!”

من وەک فێرکارێک دەمێنم و تۆش وەک زیندانەوان!

من وەک فێرکارێک دەمێنم و تۆش وەک زیندانەوان!

external-content.duckduckgo.com

زووس، یەزدانی یەزدانان فەرمانیدا تاکو پرۆمتەی سەرپێچیگەر زیندانیبکەن، بەو جۆرە بوو بەسەرهاتی من و تۆ لەوێوە دەستیپێکرد.


تۆ بوویت بە میراتگری زیندانەوانەکانی زووس تاکو ڕۆژانە ببیت بە پاسەوانی نەوەیەک لە دریژبوونەوەی خۆرەتاو و ڕۆشنیی و بۆ من و تۆ زیندان دوو واتای جیای پەیداکرد. دوو کەس لە پشت دوو دیوی دیوار، دەرگەیەکی ئاسنین و ڕۆژنەیەکی گچکە لەنێو ئەو، تۆ لە دەرەوەی بەندگە و من لەنێوی.


باشتر دەبێت، کە یەکدی باشتر بناسین.


من فێرکار نا نا.…

من فێریاری سەمەدی بیهرەنگیم، ئەوەی کە (ئەلدوز و قەلەڕەشان) و (ماسییە ڕەشە گچکەکە)ی نووسی، بۆ ئەوەی هەمووان فێری بزووتن بکات. ئەو دەناسیت؟ دەزانم کە ئەو ناناسیت.


من فێریاری خانعەلیم، ئەو فێرکارەی کە ئێمەی فێرکردین چۆن لەسەر تەختە ڕەشەی پۆلەکەی خۆمان خۆر نیگاربکێشین، بۆ ئەوەی ڕۆشنایی ئەو شەمشەمەکوێران ڕاوبنێت.

دەزانی ئەو کێ بوو؟


من هاوکاری بەهمەنی عیزەتیم، پیاوێک کە هەمیشە لە ئەو بۆنی باران دەهات و مرۆڤێک کە هێشتا خەڵکی کرماشان و دێهاتەکانی لەتەک یەکەمین پاییزە باران ئەویان بیردێتەوە، ئەرێ بەراست دەزانی ئەو کێ بوو؟ دەزانم کە نازانی.[٢]


منی فێرکار، لە فێریارەکانی خۆم خەندە و پرسیارکردن بۆ من بە میرات ماوە.


ئێستا کە تۆ منت ناسی، تۆش لە بارەی خۆت بە من بڵێ، هاوکارەکانی تۆ کێ بوون،لە چ کەسێکەوە توندوتیژی و نەفرەتت بۆ تۆ بە میرات ماوە، زنجیرەکانی دەست و پێی تۆ لە کێوە بەجێماون؟ لە سیاچاڵەکانی زوحاکەوە؟


تۆش لە بارەی خۆت بڵێ، تۆ کێیت؟ من بە دەسبەند و زنجیر و شەلاق و دیوارە پتەوەکانی ٢٠٩، بە چاوە ئەلەکترۆنییەکانی زیندان، بە دەرگە پتەوەکانی مەترسێنە، ئیدی ئەو شتانە هیچ ترسێک لەنێو ناخی من دروستناکەن. توڕە مەبە، هاوار مەکە، بە مشتەکۆڵە بەسەر دڵی من مەکێشە، کە لەبەر چی سەری خۆم بەرز ڕادەگرم، بەسەرهاتی مشتەکۆڵەی تۆ و سەری ژنە زیندانییەکە لەنێو بیرەوەری من ماوە.


لە من مەدە، کە بۆ چی گۆرانی دەبێژم، من کوردم، پێشینانی من ئەوینداریی خۆیان، دەردەکانی خۆیان، تێکۆشان خۆیان و بوونی خۆیان لەنێو گۆرانی و سروودەکان بۆ من بە یادگاریی بەجێهێشتووە. من دەبێت بێژم و تۆ ببیستی. تۆ دەبێت لە گۆرانییەکەی من گوێڕادێری، من دەزانم کە ئەوە تۆ ئازاردەدات.


من بەر کوتەکان مەدە، کە لەکاتی ڕێکردن دەنگی پێیەکانی من دێت، ئاخر دایکم منی فێرکردووە، بە هەنگاوەکانی خۆم لەتەک زەمین قسەبکەم، نێوان من و زەمین، پەیمانێک هەیە و پەیوەندییەک کە من زەمین پڕ لە جوانیی و خەندە بکەم. دەی کەواتەتۆ بهێڵە با ڕێبکەم، بهێڵە با ئەو دەنگی پێی من ببیستێت، بهێڵە زەمین بزانێت، کە هێشتا من زیندوو و هیوادار ماوم.


پێنووس و کاخەز لە من یاساخ مەکە، دەخوازم بۆ زارۆکانی سەرزەمینی خۆم لایە لایە بهۆنمەوە، لێوانلێو لە هیوا، پڕ لە چیرۆکەکانی سەمەد و ژیانی ئەو، پڕ لە خانعەلی و ئارەزووەکانی، لە عیزەتی و فێریارانی، دەخوازم بنووسم، دەخوازم لەتەک خەڵک قسەبکەم، لەنێو ناخی بەندگەکەی خۆمەوە، لێرەوە، تێدەگەی چی دەڵێم؟ دەزانم تۆ فێرکراویت بەرانبەر ڕۆشنایی و جوانییەکان و هزر و بیرکردنەوە ڕکت هەبێت.

بەڵام مەترسە وەرە نێو بەندگەکەی من، لەسەر خوانە گچکە و شڕەکەی من میوان بە، ببینە چۆن هەموو شەوێک من فێریارەکانی خۆم میواندارییدەکەم، چۆن بۆ ئەوان چیرۆک دەگێڕمەوە، بەڵام تۆ مۆڵەتت نییە ببینی، تۆ مۆڵەتت نییە ببیستیت، تۆ پێویستە ئەویندار بیت، ببیت بە مرۆڤ، دەبێت لە ئەم دیوی دەرگەکە بیت، تاکو تێبگەیت، کە من چی دەبێژم.


تۆ من تەماشابکە تاکو بزانی جیاوازی من و تۆ چییە، من هەموو ڕۆژێک لەسەر دیواری بەندگەکەی خۆم دەستانی دڵدارەکەم، چاوە جوانەکانی ئەو نیگاردەکێشم، پەنجەکانی ئەو لەنێو دەستی خۆم دەگرم و گەرمیی ژیان لەنێو دەستەکانی و چاوەڕوانیی و شەیدایی لەنێو چاوانی ئەو دەخوێنمەوە، بەڵام تۆ هەموو ڕۆژێک بە کوتەکەکەی دەستی خۆت پەنجە نووساوەکانی سەر دیوار دەشکێنیت، چاوانی چاوەڕوانیی دەردەهێنیت و دیوارەکە ڕەش دەکەیتەوە.


دونیای تۆ هەمیشە تاریکیی و زیندان دەبێت و “هەستی ڕۆشنایی” تۆ ئازاردەدات، چەند مانگێکە من دیتنی ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە چاوەڕوانییدەکەم.


لەتەک ئەستێرە یاخییەکان کە لەنێو تاریکایی لەم سەری ئاسمان بۆ ئەو سەری ئاسمان بکشێن و بە ڕۆشنایی سینگی تاریکیی شەقبکەن. بەڵام تۆ ساڵانێکە لەنێو تاریکیی دەژیت، شەوی تۆ بەبێ ئەستێرەیە، دەزانی ئاسمانی بێ ئەستێرە چ واتایەکی هەیە؟ ئاسمانی هەمیشە شەو واتای چییە؟


ئەم جارە کە بۆ بەنگەی ٢٠٩ گەڕامەوە، وەرە نێو بەندگەکەی من، من بۆ تۆ کۆمەڵێک ئارەزووم هەن، نەک لە ڕەنگی نزاکانی تۆ کە سەراپا ئاگرن و ترس لە دۆزەخ، ئارەزووەکانی من پڕن لە هیوا و خەندە و ئەوین. وەرە ناو بەندگەکەی من، تاکو نهێنیی دوا خەندەی عیزەتی لەبەردەم سێدارە بە تۆ بڵێم، دەزانم کە دووبارە دەبمەوە بەندی بەندگەی ٢٠٩، لە بارێک کە تۆ بە سەراپای بوونی پڕ کینەی خۆتەوە بەسەر من دەگوڕێنیت و هێشتا دڵی من بۆ تۆ و دونیایەکی هیچ کە لە دەوری تۆ دروستکراوە، دەسووتێت. من دەگەڕێمەوە لە بارێک کە فێرکارم و هێشتا خەندەی مناڵانی نیشتمانی خۆم لەسەر لێوەکانی من ماوە.

فێرکاری سزادراو بە سێدارە، فەرزادی کەمانگەر

بەندگەی نەخۆشانی (عفونی| ئیلتیهابی) زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

وەرگێڕان لە فارسی: هەژێن

١٧ی ئایاری ٢٠١٠

________________________________________


١. بە پێچەوانەی لێکۆڵەرەکان، کە لەسەر ئەوەی من لەنێو بابەتی (نامەی) بەندگەی ٢٠٩، ئەوانم بە خێو ناوبردبوو، دڕندانە کەوتنە کوتەکاریی و جنێودان و سووکایەتیکردن بە من، ئەم جارە چەند کەسێک لە پاسەوانانی بەندگەی ٢٠٩ منیان ئازارنەدا.


٢. بەهمەنی عیزەتی فێرکاریک بوو، کە لە سەرەتای شۆڕش(مەبەست شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانە و. کوردیی) لە سێدارە درا، هێشتا خەڵکی دێهاتەکانی کرماشان و کامیاران یاداوەریی زۆریان لەبارەی ئەو هەیە، دەڵێن لە کاتی لەسێدارەدران لە وەڵامی بەرپرسان کە لە ئەو دەپرسن: لە مردن ناترسێیت؟ بە خەندەوە گوتویەتی: ئەگەر مردن پیاوە، با بۆ لای من بێت، تاکو من توند توند ئەو لە ئامێز بگرم.

* سەمەد بیهرەنگی : فێڕکار، چیرۆکنووس و وەرگێڕ و لێکۆڵەری فۆلکلۆری ئازەربایجانی. ٣١ی ئۆگوستی ١٩٦٨ لە تەمەنی ٢٩ لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتی ئێران [پاشایەتی موحەمەد ڕەزاشا] لەنێو ئاو خنکێندرا.

سەمەد بیهرەنگی دانەری ئەلفابێتی ئازەری بوو، کە دەوڵەتی پاشایی لە ئەو پێشوازیدەکات، بەلام ئەو ئامادەی چاپکردنی پەڕتووکەکەی نابێت و هۆکاری ئامادەنەبوونەکەی بە براکەی دەڵێت ئەگەر من ئەوە پەسەندبکەم، دەبێت لاپەڕەکانی سەرەتای پەڕتووکەکەم بۆ پێداهەڵدانی شا و شابانوو تەرخانبکەم”

** بەهمەن عیزەتی : شۆڕشگەر و فێرکاری یەکێک لە فێرگەکانی کامیاران، پاش ئەوەی لە دەوروبەری (پاوە) لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیردەکرێت و کۆمەڵێک لە خەڵکی پاوە بۆ لای ئەیەتوڵڵا خاڵخاڵی دەچن و داخوازی لەسێدارەنەدان و ئازادکردنی بەهمەن عیزەتی دەبن، خاڵخاڵی وەک نوێنەری حزب‌اللەی تازە بەدەسەڵاتگەییشتوو، فەرمانی لەسێدارەدانی ئەو دەردەکات و ڕۆژی

٢١ی ئۆگوستی ١٩٧٩ لەتەک هەشت هاوڕێی خۆی لە هەمان شوێنی بەرەنگاریکردنی پاسداران، گوللەباراندەکرێت.

*** خانعەلی : ئەبولحەسەن خانعەلی، فێرکاری ٢٩ ساڵەی وانەکانی فیلۆسۆفیی و زمانی عەرەبی لەنێو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی فێراکاران لە مەیدانی بەهارستان بە گوللەی پۆلیسێک دەکوژرێت.

**** ناڕەزایەتی بەرانەر زیندانیکردن و سزای لەسێدارەدانی (فەرزاد کەمانگەر) کۆمەڵگەی کوردنشین و سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕاند و لەنێو وێرانەکانی جەنگی سی ساڵەی ئەفغانستان، لە کابووڵ دەیان ئازادیخواز دژی بڕیار و ملهوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆنیشانداندەکەن.

 

نامه‌ و واژۆکانتان* سۆزی سه‌روه‌ران نابزوێنن، ته‌نیا ختوکه‌ی ئاڵۆشی سته‌مکارانه‌یان ده‌ده‌ده‌ن!

15ی ئایاری 2010

هاوده‌رد، گیانبه‌ختکردوو، ئه‌ی تینووی ئازادی، ئازادییه‌ك که‌ خواکانی ئاسمان و زه‌وی، دێمۆکراته‌ ڕۆشنبیره‌کان و خورافه‌چرانی مناره‌کان و پرۆفیسۆره‌کانی زانکۆکه‌ت، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌شه‌ (له‌ ناهوشیارییه‌وه‌ دایك و باوکیشت) لێی بترسن! ئازادییه‌ك پڕ به‌خه‌ونی گشت کۆیلانی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نانه‌ت جه‌سته‌تی لێبووبووه‌ زیندان و ده‌یویست ببێته‌ ئه‌و هاواره‌ی که‌ تا ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرژوازی کورد له‌ ئارادا بن له‌ گوێیاندا بزرینگێته‌وه‌!

ئازیزم، هەرچەندە بەتەما نەبووم بە وتارێك بەشداری بکەم، لەبەر ئەوەی کە واژۆی خۆم لە ناڕەزایەتینامەی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی و واژۆنامه‌ی هاوبه‌شی چه‌ند سایتێک دابوو و هەروەها بەداخەوە هەژماری گرتن و ئەشکەنجە و تیرۆر لە باشوور و عیراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان هێندە زۆرە نە لە ژمارە دێن و نە کەسیش فریای وتارنووسینی تایبەت بە هەریەکەیان دەکەوێت. من وه‌ك تاکێك، نووسه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ، بەپێچەوانەوەی ئەوانەی کە بەناوی ئازادیخوازییەوە لایەنگرییان لە مرۆڤەکان پابەندی خۆیی و ناخۆیی، باش و خراپ، ڕامیاریی و ناڕامیاریی، ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر، ناودار و کەسنەناس دەکەن، دژی کوشتنی هەموو بوونەوەرێكم نەك تەنیا مرۆڤ، دژی زیندانم بەگشتی نەك تەنیا زیندانی ڕامیاری و خۆیی، دژی سێدارەم تەنانەت بۆ دوژمنەکەشم، چونکە هیچ پێناوێك بۆ کوشتنی مرۆڤ نابینم، کەسیش مافی کوشتنی کەسی نییە لای من، تەنیا مرۆڤ بەخۆیی ئازادانە وەك تۆ بۆی هەیە بڕیاری گیانبەختکردنی خۆی بدات، ئەوە ئیتر ویستی مرۆڤه‌ و لای من لەسەری هەموو یاسا و ڕێسا و خوا و نیشتمان و نەتەوە و چین و خێزان و خێڵ و هزرەوەیە، چونکە مرۆڤ بەخۆی ئامانجە نەك پێكهێنەرەکانی دەوروبەری و نەك دەستکردەکانی خۆی. به‌ڵام که‌ دیتم به‌ناوی تۆوه‌ سازش له‌ته‌ك بکوژانت ده‌کرێت، ئیتر ویژدانم هه‌راسانی کردم و هێنامیه‌ پای ئه‌م نووسینه‌ و وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێکی په‌یامه‌که‌ت، له‌سه‌ر داوای خۆت و به‌ مۆڵه‌تی خۆت، من له‌ پاش دوا وشه‌ته‌وه‌ خاڵی کۆتایی دانانێم، چونکه‌ خه‌ونه‌کانمان یه‌کن، ئازادیمان ئه‌و ئامانجه‌ی ملیۆنانی وه‌ك ئێمه‌ ڕێبواری ڕێگه‌نی، هه‌ر هه‌مانه‌ «خودایی هه‌موو منه‌ یاخییه‌کان، خودبوون-خودآیی»، هه‌مانه‌، که‌ تۆ وه‌ك په‌روانه‌یه‌کی شه‌یدا بۆی سوتای. من کۆمایه‌ك داده‌نێم و به‌نۆبه‌تی خۆم، ویژدانم ڕاپێچی کردووم، تا ڕمی ڕه‌خنه‌م، ڕه‌خنه‌ت ده‌مامکی نامه‌ و واژۆی نووسه‌رانی و ڕۆشنبیرانی به‌خواکراو داماڵێت. تۆ ته‌مه‌نت کۆتایی هات و ئێمه‌ پشوومان، ئارامی ڕواڵه‌تیمان … Continue reading “نامه‌ و واژۆکانتان* سۆزی سه‌روه‌ران نابزوێنن، ته‌نیا ختوکه‌ی ئاڵۆشی سته‌مکارانه‌یان ده‌ده‌ده‌ن!”

چۆنیه‌تی وشکردنه‌وه‌ی گیا و گول

خوێنه‌رانی هێژا، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوننه‌وه‌، به‌رهه‌می ئه‌زموونگه‌ری که‌سیی خۆمه‌ (مه‌به‌ست له‌ شیوازی وشکردنه‌وه‌یه‌)، ئه‌وه‌ش بۆ ساڵانی سه‌رده‌می مناڵێم ده‌گه‌رێته‌وه‌، که‌ زۆر شه‌یدای شاخ و ده‌شت و باخ بووم. ئه‌م شه‌یداییه‌م له‌ تافی لاویمدا گه‌یشته‌ دێوانه‌یی و به‌دوادا گه‌ڕان و تاقیکردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌ گیا و گوڵی شاخه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ تیایاندا نیشته‌جێ بووم یا گه‌شتوگوزار و پێشمه‌رگایه‌تیم تێدا کردوون.

گیا و گوڵ وه‌ك داووده‌رمان، پێشینه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه‌ و ناوچه‌کانی کوردستانیش یه‌کێکن له‌و ناوجانه‌ی که‌ هه‌م زۆر له‌و گیا و گوڵانه‌ی تێدا ده‌ڕوێن و هه‌م وه‌ك داوده‌رمان به‌کاربراون. وه‌ك ده‌رکه‌وتووه‌ داوده‌رمانی سروشتی زیانکارایی یا کارکردی خراپی بۆ سه‌ر جه‌سته‌مان نییه‌ و به‌پێچوانه‌شه‌وه‌ داوده‌رمانی پیشه‌سازیی هه‌م زیانکارایی هه‌یه و هه‌م هۆگر به‌خۆیمان ده‌کات یا زیان له‌ ئه‌ندامه‌کانی تری وه‌ك کۆئه‌ندامی هه‌رس و کۆئه‌ندامی سوڕی خوێن و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ده‌زگه‌ی هۆش و بیرکردنه‌وه‌ واته‌ مێشك و هۆرمۆنڕژێنه‌کان ده‌گه‌یێنێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بازرگانییبوونی داوده‌رمانی پیشه‌سازیی، ئامانج و ئاراسته‌ی داروگه‌ریی گۆڕیوه‌ و داروسازیی و پزیشك و داروخانه‌کانی کردووه‌ به‌ به‌شێك له‌ سیسته‌می کڕین و فرۆشتن و سوودپه‌رستی که‌مایه‌تییه‌ك و زۆرینه‌ش کراونه‌ته‌ مشکی تاقیگه‌کان و گیرمانی نه‌خۆشانی پێ خاڵیتر ده‌کرێت.

بۆیه‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ر داروگه‌ریی سروشتی و به‌کاربردنی گیا و گوڵ له‌بری داروی کیمیایی و ئاڵووێری زانیارییه‌کانمان ده‌توانیت ده‌ستکۆتاگه‌ر و ئه‌ڵته‌رناتیڤ بێت بۆ سیسته‌می چاره‌سه‌ری هه‌نوووکه‌یی که‌ فره‌تر بازرگانییه‌ له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندروستی نه‌خۆشان و بوارێکه‌ بۆ که‌ڵه‌که‌ کردنی سه‌رمایه‌ له‌ گیرفانی که‌مایه‌تییه‌کی چاوچنۆکدا. ئه‌وه‌ی له‌ وێبلاگه‌دا وه‌ك زانیاریی بلاو ده‌بێته‌وه‌، که‌س مافی بازرگانیپێوه‌کردنی پێوه‌ نییه‌ و هیوادارم خوێنه‌ران له‌م راستایه‌دا کۆمه‌كگه‌ر بن.

وشکردنه‌وه‌ی گیا و گوڵ پێشینه‌یه‌کی زۆر کۆنی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌و شونانه‌ی که‌ زۆرتر بۆ داوده‌رمان به‌کاریان هێناوه‌.  به‌ڵام وشکردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خۆره‌تاو ڕه‌نگی گیا یا گوڵه‌که‌ ده‌گۆڕێت یا زۆرجار خراپبوون ڕووده‌دات. بۆ ئه‌وه‌ی که‌ گیا یا گوڵه‌که‌ ڕه‌نگ و تامو بۆی وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا باشتره‌ پاش پاکژکردن و لێککردنه‌وه‌ی گه‌ڵا یا گوڵه‌، له‌ناو سوزگێچێکی (سوزگی)  به‌ر بلاوبدا گیا یا گوڵه‌کان بلاوبکه‌ینه‌وه‌ و له‌ناو یه‌خچاڵ (سه‌لاجه‌) خانه‌ی ئاسایی نه‌ك خانه‌ی به‌ستن، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك دایبنێن. پاش ئه‌و ماوه‌ ده‌بینین گیا یا گوڵه‌که‌ زۆر به‌ جوانی و به‌ڕه‌نگ و بۆنی خۆیه‌وه‌ وشکبووه‌ته‌وه‌ و ده‌توانین له‌ناو توره‌که‌ی خام یا قوتوی پلاستیکی سه‌ربه‌ستراودا هه‌ڵیگرین

ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌ك له‌ گیا و گوڵ:

گه‌زه‌نه‌:

ئه‌م گیایه‌ بۆ فڕیدانی به‌ردی گورچیله‌، هه‌روه‌ها بۆ باداری و پاکژکردنه‌وه‌ی خوێن له‌ چركی نه‌خۆشی زۆر به‌سووده‌. ده‌توانین به‌ ته‌رێ و تازه‌یی هه‌م له‌ شیوه‌ی ده‌مکراوی چایی یا له‌ شێوه‌ی شۆربا یا پێشاندن بیخۆین و بیخۆینه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ وشکراویش بۆ ده‌مکراوی چایی و هه‌م بۆ تێکه‌ڵی ساڵات ده‌توانین به‌کاری بهێنین.

خونه‌رانی هێژا له‌مه‌و لا هه‌وڵده‌ده‌م به‌پێی کات و بۆلوان، له‌م بواره‌دا گیا و گوڵی به‌سوود له‌بری داوده‌رمانی پیشه‌سازییتان پێبناسێنم و شێوه‌ی به‌کاربردنیشی ڕوون بکه‌مه‌وه‌.

فیلمی دۆکومێنته‌ری ئوتۆپی ژیان (Living Utopia)

فیلمی دۆکومێنته‌ری ئوتۆپی ژیان (Living Utopia)

هه‌ژێن

ئه‌گه‌ر پێتوایه‌ خه‌یاڵ ده‌که‌م، تکایه‌ ئه‌و ئازادییه‌شم لێ زه‌وت مه‌که‌، با ئازادانه‌ بهزرێم” ئازادیخوازێك

سه‌ره‌تای هاتن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌نارکیزم له‌ ئیسپانیا (ئه‌نده‌لوسیای جاران) وه‌ك هزر بۆ ساڵه‌کانی کۆتایی ده‌هه‌ی هه‌شتای سه‌ده‌ی نۆزده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نارکیزم به‌ واتای ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ریخوازی به‌ کرده‌وه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌ مێژووییه‌کاندا و له‌ گشت گۆشه‌کانی ئه‌م جیهانه‌دا ئاماده‌یی هه‌بووه‌، ئیسپانیاش هه‌ر به‌ سروشت خه‌ڵکه‌ چه‌وساوه‌که‌ی هۆگری کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌نارکی له‌ناویدا فره‌بووه‌. هه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ مێژووییه‌یه‌ واده‌کات، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا پاش دامه‌زراندنی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، ئه‌نارکیزم وه‌ك بالاده‌سترین هزری سۆشیالیستی ئازادیخوازانه‌ له‌ناو کرێکاران و جوتیارانی ئیسپانیادا ده‌رکه‌وێت و له‌ ساڵی 1872دا پاش یه‌که‌مین کۆنگره‌ی بزاڤی کرێکاری ئیسپانیا ته‌نیا له‌ کۆنگره‌ی “کوردوبا”*دا فیدراسیۆنی ئه‌نارکیسته‌کان 45.000 ئه‌ندامی چالاك بگرێته‌ خۆی و یاخیبوونه‌ جوتیارییه‌کانی ساڵی 1873 بکه‌ونه‌ ژێر کارایی ئه‌نارکیزم و ئه‌م کاراییه‌ش تا ساڵی 1936 واته‌ تا شۆڕشی 1936-1939 هه‌ر له‌ په‌ره‌سه‌ندندا ده‌بێت.

Continue reading “فیلمی دۆکومێنته‌ری ئوتۆپی ژیان (Living Utopia)”

ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن (The Take)

ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن (The Take)

نووسه‌ر: نائومی کلاین Naomi Klein

ده‌ر‌هێنه‌ر: ئاڤی لویس Avi Lewis

هه‌ژین

(The Take) فیلمێکی دۆکومێنته‌رییه‌ له‌مه‌ڕ بزاڤی کرێکاری له‌ ئه‌رژه‌نتین له‌ کۆتایی دواده‌هه‌ی هه‌زاره‌ی دووه‌م و سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا. قه‌یرانێك که‌ له‌ پارساڵه‌وه‌ یه‌خه‌ی بانکه‌ جیهانلوشه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپای گرت، ده‌هه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا وه‌ك ده‌سته‌گوڵی دیاری بازارئازادی نیئۆلیبرالیزم وڵاتی (ئه‌رژه‌نتین)ی گرته‌وه‌. وه‌ك له‌ فیلمه‌که‌دا ده‌بینین، ده‌یان کارخانه‌ داخران و خاوه‌نه‌که‌یان له‌ شه‌وڕۆژێکدا بێ بژاردنی کرێی کرێکاران و وه‌لامدانه‌وه‌ به‌ داواکارییه‌کانیان خۆ ون ده‌که‌ن یا بڕیاری ده‌رکردنی به‌کۆمه‌ڵی کرێکاران له‌سه‌ر ده‌رگه‌ی کارخانه‌کان هه‌ڵده‌واسن. سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌که‌ له‌ته‌ك خۆپێشاندانی ملیۆنی ئه‌ندامانی چین و توێژه‌ نه‌دار و ژێرده‌سته‌کان ڕووبه‌ڕوو بووه‌وه‌، که‌ به‌ بزاڤی مه‌نجه‌ڵ کوتان نێوی ده‌رکرد و تێیدا نارازاییان به‌ لێدانی قاپ و مه‌نجه‌ڵی خاڵی به‌هۆی که‌وچکه‌وه‌ له‌ پایته‌خت و شاره‌کانی ئه‌رژه‌نتیندا گوێی ڕامیاران و سه‌رمایه‌دارانیان که‌ڕ ده‌کرد، په‌لاماری بانکه‌کانیان دا و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا پۆستی سه‌رۆککۆماری سێ ئاڵوگۆڕی به‌خۆوه‌ دیت.

ئه‌رژه‌نتین وه‌ك یه‌کێك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین، که‌ دانیشتوانه‌که‌ی یه‌کێك بوو له‌ قوربانیانی ده‌ستی ڕژێمه‌ دیکتاتۆره‌ سه‌پێنراوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپای دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تی و له‌ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابوردوودا دڕندانه‌ترین سه‌رکوت و کوشتوبڕی به‌رکه‌وت و له‌و هێرشانه‌دا سه‌دان و هه‌زاران چالاکانی سۆشیالیست و ئازادیخواز بێسه‌روشوین کران و ئه‌شکه‌نجه‌ دران. وه‌ك له‌م فیلمه‌ دۆکومێنته‌رییه‌دا ده‌بینین، دایکانی زیندانیانی بێسه‌روشوێن(Madres de Plaza de Mayo )، ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و له‌ پشتیوانی کرێکاراندا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی بێکارانی ئه‌رژه‌نتین (MTR )، که‌ گه‌وره‌ترین زیانپێگه‌یشتوانی بازارئازاد بوون له‌ وڵاتی ئه‌رژه‌نتین، ڕۆڵی به‌رچاو و چینایه‌تی له‌ پشتیوانی کرێکاران و جه‌ماوه‌ری نارازیدا ده‌بینن.

بزاڤی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه‌ و هۆتێل و چاپخانه‌کان، وه‌ك باڵاکردن و په‌ره‌سه‌ندن و ڕێکخراوبوونی بزووتنه‌وه‌ی ناڕازی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا، پاش ئه‌وه‌ی که‌ زۆرێك له‌ خاوه‌نکاره‌کان وه‌رشکسته‌ ده‌بن و موچه‌ و کرێی کرێکاران و کارمه‌نده‌کانیان ناده‌ن و ده‌ست به‌ده‌رکردنی کرێکاران ده‌که‌ن، کرێکاران وه‌ك به‌رگری و کاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هێرشی هاوکاتی بازارئازاد و خاوه‌نکاره‌کان بۆ سه‌ر ژیان و داخوازییه‌کانیان، ده‌ست به‌سه‌ر کارخانه‌ و شوێنه‌کانی تری کاردا ده‌گرن و به‌خۆیان به‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ر و چاودێر و خاوه‌نکار، به‌بێ ده‌رگه‌وان و سه‌رکاریگه‌ر، پرۆسێسی به‌رهه‌مێنان ڕێکده‌خه‌نه‌وه‌ و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کرێکاری وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چینایه‌تی ئه‌زموون ده‌که‌ن و تێیدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بن و پاش ئه‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا کرێکاران هه‌ست به‌ ئازادی و خۆگه‌ردانی ده‌که‌ن، به‌ڵکو بڕی به‌رهه‌مهێنان به‌رزده‌بێته‌وه‌ و ماوه‌ی کار که‌م ده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌ژمارێك له‌ بێکارانیش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر کار، هاوکاتی بژاردنی موچه‌ و کرێی نه‌دراو و ئاسایی کڕیکاران خۆیان، له‌ داهاتی کارخانه‌کان پشکی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌ك و خه‌سته‌خانه‌ و فێرگه‌ (قوتابخانه‌) و ڕێگه‌وبان و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و کۆمه‌کی ڕێکخراوی بێکارانیش ده‌که‌ن.

ئه‌م فیلمه‌ که‌ ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌رایه‌تی کرێکاران وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ په‌یوه‌ندی فه‌مانده‌ر و فه‌رمانبه‌ری خاوه‌نکار و کرێکاران، وه‌ك به‌رهه‌می سه‌ربه‌خۆیی بزاڤی کرێکاری و ده‌ستکۆتاکردنی پارته‌ رامیارییه‌کان و ده‌سه‌ڵات دێته‌ ئاراوه‌.

شایانی باسه‌، که‌ کرێکاران و ڕێکخراوی بێکاران و بزاڤی دایکانی زیندانیانی بێسه‌روشوینکراو، هاوکاتی خۆرێکخستن و کاروباری ڕۆژانه‌، سات به‌سات له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵات و خاوه‌نکارخانه‌کان ده‌سته‌ویه‌خه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و به‌ره‌یه‌کی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆی پشتبه‌ستوو به‌ دێمۆکراتی راسته‌خۆ (له‌خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه‌) پێکده‌هێنن و ده‌بنه‌ وانه‌یه‌کی مێژوویی بۆ هه‌ر ڕاپه‌ڕین و هه‌ستانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز و دادپه‌روه‌ر.

ئه‌م بزاڤه‌ که‌ له‌ ساڵی 2001ه‌وه‌ له‌ ئه‌رژه‌نتین سه‌ری هه‌ڵدا و بوو به‌ وانه‌یه‌کی چینایه‌تی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا و ساڵی 2007 له‌ ئاڵمانیا کرێکاران ده‌ست به‌سه‌ر کارخانه‌یه‌کی پایسکیڵ دروستکردندا ده‌گرن و له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئۆروپا و ئه‌مه‌ریکای باکووردا هه‌وڵی ئه‌زموونکردنه‌وه‌ی ئه‌م وانه‌یه‌ دراوه‌ و چه‌ندین خوێندگه‌ و کارگه‌ و شوێنی تر وه‌ك خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کرێکاری ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.

شایانی باسه‌، پاش نزیکه‌ی 8 ساڵ خه‌بات و پێداگری و کۆڵنه‌دان، دواجار له‌ 26ی ئاوگوستی 2009دا پارله‌مانی ناوچه‌ی (Neuquén ) له‌ ده‌نگدانێکدا 26 به‌رامبه‌ر به‌ 9 ده‌نگ، ده‌نگیان به‌وه‌دا که‌ کارخانه‌ی کیرامیکی (زانۆن) چیتر نه‌ ناو و نه‌ مارکه‌ و نه‌ ئامێر و شوێن، به‌شێك نین له‌ خاوه‌ندارێتی (Luigi Zanon ) به‌ڵکو هی خودی کرێکارانه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ زنجیره‌ی کارخانه‌ بێخاوه‌نه‌کان (FaSinPat-Fabrica Sin Patrones).

گه‌یاندن و گێرانه‌وه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ و وه‌رگێرانی ئه‌م فیلمه‌، تواناییه‌کی زۆر به‌ بزاڤی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها کڕینی ئه‌م فیلمه‌ خۆی له‌ خۆیدا هاوپشتییه‌کی چینایه‌تییه‌ بۆ به‌رهه‌م و کاری سه‌رکه‌وتووی تری له‌م چه‌شنه‌، خوێنه‌رانی هێژا ده‌توانن به‌ سه‌ردانی پێگه‌ی گروپی فیلمی (The Take) فیلمه‌که‌ به‌ شێوه‌ی (DVD) به‌ زمانه‌ ئۆروپییه‌کان بكرن.

خوێنه‌رانی هێژا بۆ گرێدانه‌وه‌ی باسه‌کانی ناو ئه‌م نووسینه‌ و ڕووداوه‌کانی ناو فیلمه‌که‌، ده‌توانن به‌ کلیککردنی ئه‌م لینکه‌ (http://sakurdistan.kurdblogger.com/100838) فیلمه‌که‌ ببینن. فه‌موون ئێوه‌ و ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کرێکاران به‌بێ خاوه‌نکار و ده‌سه‌ڵات، به‌و هیوایه‌ی ئێمه‌ش له‌ کوردستان و ناوچه‌که‌دا له‌ هه‌نگاوه‌کانی خه‌باتی ڕۆژانه‌ماندا بتوانین ئه‌م ئه‌زموونه‌ چینایه‌تییه‌ کرده‌یی بکه‌ینه‌وه‌.

به‌سته‌ری فیلمه‌که‌: http://sakurdistan.kurdblogger.com

ئه‌زموونێك له‌ دوێنێ و وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وڕۆ

27.03.2010

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت، پێیهه‌ستم، ئه‌نجامدانی ئه‌رکێکی سه‌رشانمه‌ که‌ ده‌بوو له‌ ساڵانی ڕابوردوودا (1998 – 2009) پێیهه‌ستم و له‌ فه‌وتان و له‌بیرچوونه‌وه‌ ڕزگاری بکه‌م. بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی عیراقئێران و له‌ گه‌رمه‌ی پیاده‌کردنی قۆناخی دووه‌می وێرانکردنی گونده‌کانی کوردستاندا، له‌ گه‌رمه‌ی تۆپبارانه‌ هه‌رڕۆژه‌ییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ سه‌ر شاری هه‌له‌بجه‌، ئێمه‌ خوێندکارانی ئه‌و کاتی ئاماده‌یی هه‌له‌بجه‌ی کوڕان، وه‌ك بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆی خوێندکاران دژی یه‌کێتییه‌ سه‌پاوه‌که‌ی به‌عس “الاتحاد الطلبة والشبیبة العراق”، که‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ (پاش نیوه‌ی ساڵی 1987) خه‌ریکی سیناریۆی خۆهه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی که‌سانێك بوون به‌نێوی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خوێندکاران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ هه‌ر خوێندنگه‌یه‌ك چه‌ند که‌سێك که‌ پێشتر ژێربه‌ژێر ئه‌ندامی یه‌کێتییه‌ سه‌پاوه‌که‌ی ڕژێمی به‌عس بوون، خۆیان کاندید کردبوو.

Continue reading “ئه‌زموونێك له‌ دوێنێ و وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وڕۆ”

بۆچی به‌شداری ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌مانی ناکه‌ین؟

بۆچی به‌شداری ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌مانی ناکه‌ین؟

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان به‌ خۆمان ده‌توانین شته‌کان بگۆڕین!

هه‌ژێن

28.02.2010

ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی خراپ له‌ خراپتر و ده‌نگدانمان شتێکی بگۆڕیایه‌، ڕامیارکاران نه‌ك لێمان نه‌ده‌پاڕانه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌نگدانیشیان قه‌ده‌خه‌ ده‌کرد. هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگنه‌دان و هه‌ڵنه‌بژاردنی خراپ له‌ خراپتر، له‌ پاشڕه‌وی و خۆشباوه‌ڕیمان به‌م یا ئه‌و لیست و که‌سایه‌تی ڕیفۆرمخواز یا ده‌سه‌لاتخواز، زۆر باشتره‌، به‌ڵام تا کاتێك که‌ خۆمان له‌ ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ سه‌ربه‌خۆکانی خۆماندا ڕێكنه‌خستبێت، ده‌نگنه‌دانیش شتێکی زۆر ناگۆرێت!

Continue reading “بۆچی به‌شداری ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌مانی ناکه‌ین؟”