هۆکاری وەرگۆڕانی ئامانجەکان/ ڕۆژی جیهانی ژن یا ڕۆژی یەکسانیی ڕەگەزیی

هۆکاری وەرگۆڕانی ئامانجەکان

هەژێن

٠٧ی ئازاری ٢٠١٥

(١)

ڕۆژی جیهانی ژن یا ڕۆژی یەکسانیی ڕەگەزیی

لەوانەیە زۆر جار مەبەستمان ئەو سەرەنجامە نەبێت، کە بەدەستیدەهێنین و هۆکاریش کەمتەرخەمیی یا ئاستی هوشیاریی و دەرکی هەمەلایەنەی ساتی بڕیاردانمان بێت، بەڵام بەداخەوە جێکەوتەبوونی بیرۆکەکان و ڕەتکردنەوەیان بە ئاسانی سڕینەوەی پیتێك یا واژە و دەستەواژەیەك یا هێڵکارییەك نییە لەسەر کاخەزێك، بەڵکو هەندێك جار ناچار بە ڕەتکردنەوەی بزووتنەوەیەکی مێژوویی و تێکۆشان و هەوڵی هاوڕێیانمان دەبین. ئەمە سەخت و ئازاردەرە، بەڵام ناچارین و ناتوانین بەپاساوی ڕێزگرتن لە تێکۆشانی ئەوان دڕیژە بە ناڕۆشنییەکانی ئەوان بدەین.

یەکێك لەو ناڕۆشنییانەی کە بەلایەنیکەمەوە نیو سەدە زیاترە وەك دژەشۆڕشێك بەکاردەبرێت واژەی “ڕۆژی ژنان” و واتاکانی پشت ئەو دەستەواژەیەن. کاتێك کە دەڵێین “ڕۆژی ژنان” واتە ڕۆژێك کە هیچ پەیوەندی بە ڕەگەزەکەی بەرانبەرەوە نییە، تایبەتە بە ژنان هەروەك ڕۆژی “باوك و دایك و منداڵان و هاوسێکسبازان”، کە هەستی هاودەردی و هاوخەمی و هاوخەباتی و هاوئامانجی لەوانی دیکەدا کزدەکات و پردەکانی هاوخەباتیی دەڕوخێنێت، بەتایبەت بەو جۆرەی کە فێمینیستە بۆرجواییەکان ئاراستەی دەکەن.

هەڵبەتە پێویستە من ئەوەش بڵێم، کە مەبەستی من گۆڕینی ناوی ئەم ڕۆژە “ڕۆژی جیهان ژن یا ژنان” نییە، بەڵکو مەبەستم گۆڕینی واتا و چەمك و بیرۆکە و ئامانج و بزووتنەوەکانی پشت ئەم ڕۆژەن، گۆڕینی بنەمای هزریی و میکانیزم و شێواز و شێوەی خۆڕێکخستن و چالاکی و ئاستە کۆمەڵایەتییەکانی تێکۆشانی ئەو پێناوەن. بەواتایەکی دیکە گۆڕینی “ڕۆژی جیهان ژن” لە جەژن و خۆمەستکردن و دروستکردنی دۆڵمە و سەما و نیشاندانی پۆشاکی ئێتنی و پاگەندەی پارتایەتییەوە بۆ ڕۆژی هێنانە سەرشەقامی دەنگی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی تاکە ژێردەستەکان دژی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و بۆ یەکسانی ڕەگەزیی، بۆ هاومافیی ڕەگەزەکان؛ ژن، پیاو، هاوسێکسگەرا و دژەسێکسگەرا و فرەسێکسگەرا و داگیرکردنی شەقام و کۆڵان و مەیدانەکان لەلایەن خوازیارانی یەکسانی هەمەلانەیە ڕەگەزیییەوە بۆ خۆنیشاندان و ناڕەزایەتی ڕادیکاڵ و جاڕدانی داخوازییەکان و پێکهێنانی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەشکردنی شانۆیی گەڕۆك و پێکهێنانی سەکۆی کۆمەڵایەتی گەڕۆك بۆ مشتومڕکردن، داگیرکردنی هۆڵی پارلەمان و بنکە-پارتییەکان و دەزگە هەڵاوێرەکانی دیکەی سیستەم و پێکهاتەی چینایەتی.

بەبۆجوونی من، کەی توانیمان ئەم ڕۆژە دەستەمۆکراوە، بکەینەوە بە ڕۆژی ناڕەزایەتی و دژایەتی کۆیلەتی ڕەگەزیی، ئەوا توانیومانە هەنگاوێك لە یەکسانی هەمەلایەنە نزیكببینەوە و ژنانێك کە خۆیان دەدەنە دەست چارەی بۆنووسراو یا خۆیان دەسووتێنن، بکێشینە ڕێزی تێکۆشان و حەزکردن لە ژیان و هیواداری بە ئازادی و تێکۆشان بۆ یەکسانی و دادپەروەریی.

بەڵام ڕووداونی وەها شتێك ئەستەمدەبێت، ئەگەر نەتوانین گشت توێژەکانی کۆمەڵ، پیاوان کە باوك و برا و هاوسەر و هاوکار و هاوپۆل و هاوپیشە و هاودەردی ژنانن، منداڵان کە منداڵ و فێریار و خوێندکاری بەردەستی ژنانن، ..تد نەکێشینە نێو وەها بزووتنەوە و تێکۆشانێك، کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن بێت بە هەڵاواردنی ڕەگەزیی بە هەموو جۆرەکانییەوە [چەوسانەوەی پیاو بۆ ژن، چەوسانەوەی ژن بۆ پیاو، چەوسانەوەی هەردووك بۆ منداڵی مێیینە، چەوسانەوەی هەردووك بۆ ئەوانەی جۆرە حەزێکی دیکەی سێکسییان هەیە، چەوسانەوەی ئایین و کولتوور و سیستەمە ڕامیارییەکە لەسەر هەردوویان]، ئەوا نەمانی هەڵاواردن و چارەسەری پرسی ڕەگەزیی لە کۆمەڵی سۆسیالیستیشدا وەك خەونێکی ئاسمانی دەمێنێتەوە و هەرگیز و هیچ کات مرۆڤایەتی پێی ناگات.

بێجگە لەوە، هەر چارەسەر و بەرهەڵستی و هەوڵێك لە نێوندی ژیان و کار و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرهەڵنەدات، ئەوا سەرەنجام بێجگە لە بەڵینی سەرخەرمان واوەتر نابێت و ناڕوات و بەڵێنی ڕزگارکردنی ژنان، کرێکاران، منداڵان، کەمینەکان و کۆمەڵ لەلایەن هەر کەس و گروپ و پێکهاتە و سیستەمێکەوە، زۆر خراپتر و نائومێدکەرترە لە دژایەتییەك کە چەوسێنەران ڕاستەوخۆ دژی ئێمەی چەوساوە ئەنجامیدەدەن، چونکە دژایەتی دوژمن بۆ شۆڕش، شۆڕشگێران بە ورەتر و بڕواپتەوتردەکات، بەڵام بەلێنی سەرخەرمان و قوۆستنەوەی خۆشباوەڕیی چەوساوان، چەوساوان نائومێدتر و بەدبەختردەکات، بۆ نموونە نائومێدیی و بێباوەڕیی و دژەشۆڕشییەك کە دەسەڵاتداریی بۆلشەڤیکەکان و مائۆتسی تۆنەکان و کێم ئێل سۆنگییەکان و کاسترۆییەکان و چاوشیشکۆییەکان لە کۆمەڵە ڕاپەڕیوەکاندا بەرهەمیانهێنان، هەموو تەمەن و هەوڵ و پیلانەکانی سەرمایەداری لە چەند سەدەدا نەیتوانی بەرهەمیانبهێنێت و بیانکاتە بەشێك لە ئاوەز و کولتوور و ژیانی خەڵك.

سەروەریی کەمینە بەبێ خۆشباوەڕیی و ئامادەیی زۆرینەی کۆیلە هەرگیز خۆی ڕاناگرێت

سەروەریی کەمینە بەبێ خۆشباوەڕیی و ئامادەیی زۆرینەی کۆیلە هەرگیز خۆی ڕاناگرێت

دەوڵەت
٢٤ی فێبریوەری٢٠١٥

بەپێچەوانەی دەرکی ڕەخنەگرانی دەسەڵاتخواز لە سیستەمی چینایەتی، کەمینەی سەروەر لە ئاسمانەوە نەباریوە و هەروەها هێز و تەلیسمێکی جادوویی یا ئاسمانی سەروەریی ئەوانی ڕانەگرتووە.

نەخێر، سەرهەڵدان و مانەوەی سیستەمی چینایەتی زادەی خۆشباوەڕیی و ئامادەیی و ملدانی زۆرینەی ژێردەستەیە بە سەروەریی کەمینە. وەها خۆشباوەڕیی و ئامادەییەك لەخۆوە سەریهەڵنەداوە، نەخێر، هەزاران ساڵە ئایینەکان و نەژادپەستی و ناسیونالیزم و فیلۆسۆفان و ڕامیاران و ئیدئۆلۆگەکان تاکە ژێردەستەکان بۆ سیستەمی چێنایەتی پەروەردەدەکەن و خۆشباوەڕیی و ئامادەیی بۆ کۆیلەتی لە دایك و خێزانەوە بۆ منداڵ، لە پەرستگە و فێرکارەوە بۆ فێرکار، لە ئیدئۆلۆگ و ڕامیارانەوە بۆ پاشرەوان دەگوێزرێتەوە و لەتەك شیر و قەراخەناندا دەرخواردی تاکە ژێردەستەکان دەدرێت.

بێجگە لەوەش، ئەوە هەر خودی زۆرینەی خۆشباوەڕە دەبێتە سەرباز و پۆلیس و سیخوڕ و بەکرێگیراو و ئەشکەنجەدەر و پاسەوان و تیرۆریست و شۆڤێنیست و فاشیست و سیستەمی کۆیلەتی خۆی و سەروەریی چەوسێنەرانی ڕادەگرێت. لەبەرئەوە ئاراستەکردنی ڕەخنە بەتەنیا لە سەروەران وەك ئەوەی لە ئاسمانەوە باریبن، دەچێتە خانەی گلەیی و ئامۆژگاریکردنی چەوسێنەران و تەنیا خۆشباوەڕیی تاکی ژێردەست بە ئەگەری هاتنی سەروەر و دەوڵەت و فەرماندار و زیندانەوانی باش قوڵتر و بەهێزتر و فراوانتردەکات.

ئەگەر بەڕاستی ئێمە دژی چەوسانەوەین، دژی مشەخۆریی و سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەرین، پێویستە لە دووی ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدانی چەوسانەوە و ئامرازەکانی ڕاگرتنی و دەزگە ئاراستەکەرەکانی و ئایدیۆلۆجییە پارێزەرەکانی و هەروەها هێز و بەرەیەك کە دەیپارێزین بگەڕێین و خۆمان بە پەیداکردنی وەڵامی ئەم پرسیارە هەردەم ئامادانەی سەردەمەکانی مێژوو خەریکبکەین.

– ئایا پێکهێنەرانی هێزە سەرکوتگەرەکان [سەرباز، پۆلیس، سیخوڕ، تیرۆریست، ئەشکەنجەدەر …] کێن؛ منداڵانی دەوڵەمەندان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران…تد یا منداڵانی ژێردەستان؛ جوتیار و کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و …تد؟ چی ناچار بە پاراستنی سەروەری چەوسێنەرانی خۆیانیان دەکات ؟

– ئایا بە گۆڕینی ئەم لیست و قەوارە و پارتیی و بەرە بە ئەوی دیکە لە ڕێگەی پارلەمانەوە یا گۆڕینی دەوڵەتی ئایینی و لیبراڵ و نەتەوەیی بە دەوڵەتی کرێکاری و کۆمونیستی لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە یا ڕاپەڕینی خوێناییەوە، دەتوانێت کۆتایی کۆمەڵ و سیستەم و سەروەریی و کولتووری چینایەتی بێت؟

– ئایا گۆڕانی سیستەمی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵ هەر لە ڕێگەی پارلەمان و پارتایەتی و ڕامیاریی و دەوڵەتەوە دەبێت یا ڕێگەی دیکە بوون و ئەگەری هەیە؟

– ئەگەر وەڵام بە پرسیاری سێیەم، نەرێیە، ئایا دەتوانین بڵێین مرۆڤایەتی لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە بەم چارەنووسە [پێداویستی دەوڵەت و نەگۆڕیی سەروەریی چینایەتی] سزاوارکراوە؟

– ئەگەر وەڵام بە پرسیاری سێیەم، ئەرێیە، ئایا بەبێ ڕەخنەگرتن لە خۆشباوەڕیی و ئامادەیی و سوپاسگوزاری زۆرینەی کۆیلە، شۆڕش بەواتای گۆڕانی کۆمەڵایەتی توانا و ئەگەری ڕوودانی هەیە؟

– ئەی ئایا بە یاخیبوونی کۆیلە ڕاگرەکان و لەنێوبردنی دەوڵەت وەك دەزگەی سەروەریی [درۆشکەی سەرمایداران و ڕامیاران] ژیان دەوستێت و کاروبارەکانی کۆمەڵ بەڕێوەناچن و ئەو بێسەرەوبەرەییە ڕوودەدات، کە ڕامیاران [بە چەپ و ڕاستەوە، بە سێکیولار و ئاییندارەوە] ئێمەی کۆیلەی پێدەترسێنن؟

“١٧ی شوبات ” چی بوو و چی بەسەرهات ؟

“١٧ی شوبات ” چی بوو و چی بەسەرهات ؟

هەژێن

١٨ی فێبریوەری ٢٠١٥

– چەند ساڵ بوو،کە ناڕەزایەتی خەڵك لە گەندەڵی و سەرکوت و پارتایەتی لێوانلێو بوو …

– لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ تەقینەوەی ڕاپەڕین لێرە و لەوێ لە سەرهەڵداندا بوو ….

– کارایی ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی جەماوەریی وروژاندبوو …

– کۆمەڵێك هەلپەرست بە مەبەستی قۆرخکردن و پاوانکردنی ناڕەزایەتی خەڵك، کەوتنە کۆپیکردنی ئەزموونەکانی تونس و میسر و (ساحة التحریر بغداد) …

– لەژێر کارایی کۆمەڵێك هۆکار و هاندەردا تەقینەوەی جەماوەر چەخماخەی دا …

– پێشمەرگەکانی دەسەڵات تەقەیان لە خۆنیشاندەران کرد …

– سەرانی لیستی نەوشیروانییەکان کە لەژێرەوە خەڵکیان بۆ ناوچەگەریی و دژایەتی (پدک) هاندەدا، هەر کە زانیان ناڕەزایەتی خەڵک و خواستەکانی خۆنیشاندەران زیاتر لە بەرنامەکەی ئەوان دەڕۆن، ڕاپەڕینی خەڵکیان بە ئاژاوە ناوبرد و کەوتنە سووکایەتیکردن بە ئازادیخوازیی خەڵك.

– هەر وەك لاساییکردنەوەی “ساحة التحریر قاهرة”سەرای سلێمانی بوو بە سەکۆی ئازادی …

– نەوشیروانییەکان کەوتنە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکان تەنیا بەرەو (پدک) و ناوچەگەرییکردنی وەك سلێمانی بەرانبەر ناوچەی بارزان ..

– پارتییە ڕامیارییەکان تەنانەت ئەوانەش، کە دەمێك بوو ئەوروپا-نشین بوون گەڕانەوە و قسەکەرانی جادووگەری خۆیان [نووسەرانی دەربار] خستە پشتی بڵندگۆ …

– ڕۆژی ٢١ی ئازاری ٢٠١١ (سەرای سلێمانی) کرا بە فڕۆکەخانەی (میهرئاباد) و وەك (ئیمام خومەینی) پێشوازی لە نەوشیروان موستەفا کرا ..

– بە پووچگەرایی “بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی” و جادووی نووسەرانی دەرباری (ینک) و (لیستی بەناو گٶران) و (پدک)، جەماوەر سارد و خۆشباوەڕکرایە ..

– گروپە ئیسلامییەکان بە پشتیوانی نەوشیروانییەکان و پاشنوێژی “ڕۆشنبیرانی نەتەوە”، (سەرای سلێمانی) کە بووبووە سیمبوڵی ئازادی و خرۆشان، گۆڕی بە مزگەوت و مەیدانی جیهادی ڕامیاریی …

– قسەکەرانی پشت بڵندگۆ و کۆمەڵێك چەپ ناڕەزایەتی جەماوەرییان کردە چەپکەگوڵێکی سپی و بردیان و لەسەر مێزی “سەرۆك” فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، دایاننا ..

– پارتییە چەپە لاکەوتەکان هیوای خۆیان بە ١٧ شوبات گرێدایەوە و تا دوو ساڵ پاش ئەوە هەر بە زۆرەکی و میکانیکیانە ویستیان جەماوەر ڕەدووی خۆیان بخەن …

– ئێستاش چەپی لاکەوتە وەك تەنیا هیوایەك بۆ مانەوە خەریکی سەرمایەگوزارییە لەسەر ئەو ساڵیادە …

– دەسەڵاتداران بە دیمانەکردن لەتەك بێژەرەکانی ئەو کاتی (سەرای سلێمانی) وەك ئامرازێك بۆ فریودانی خەڵك و ئاشکردنەوەی قوربانیان و بکوژان بەکاردەباتەوە …

– هەموو ڕاپەڕینێکی تێكشکاو و دەستەمۆکراو بێجگە لە نائومێدی و تەشەنەی ڕەوتە کۆنەپەرستەکان ئیسلامیست، ناسیونالیست، شۆڤینیست، ڕەیسیست، فاشیست و سێکسیستەکان، بەهێزبوونەوەی دەسەڵات و زەمینەسازیی بۆ سیاریۆکانی دەسەڵاتداران دەڕەخسێنێت. کۆمەڵی هەرێمی کوردستان لەم ساتەدا لەم قۆناخەکدا دۆشداماوە و بووەتە کێڵگەی هەموو ڕەوتێکی دژە-مرۆڤایەتی تەنانەت (داعشیزم)یش.

بەداخەوە، هەر ئاوا شکستخوازدن و جەنگی نێوخۆی سوریە بەرهەمی کۆپیکردنی زۆردارەکی ڕاپەڕین بوو لە لایەن تاك و گروپە ڕامیارەکانەوە، ئەوەی هەنووکە لە (هەرێمی کوردستان)یش دەگوزەرێت، بەرهەمی هەمان کۆپیکردنی میکانیکیانەی ڕووداو و ئەزموونەکانە بۆ نێو کۆمەڵێك، کە نە ڕاپەڕینەکە بەرهەمی بەلوتکەگەییشتنی خودهوشیاریی خۆیەتی و نە دارای ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی خۆیەتی وەك “ڕۆژاوا”، کە بەلابردنی دەوڵەت و دەزگەکانی هیچ بۆشاییەك لە کۆمەڵ و بەڕێوەبردن و کارگێرییدا دروستنەبوو و کۆمەڵ تووشی ڕارایی و ئاوەڕدانەوە بەرەو دوا نەبوو، بەڵکو بوو بە سەرەتا و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی داهاتووی مرۆڤایەتی .

لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، ئێستا و دەیان ساڵی دیکە و وێڕای هەزاران هەوڵی دیکەش، ئەگەر تاکە ژێردەستەکانی کۆمەڵ بە ئاستێك لە خودهوشیاریی شۆڕشگێرانە نەگەن، کە لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و تێکۆشانی ڕاستەوخۆ و ڕێکخستنی ئاسۆیی، سەربەخۆیی خۆبیرکردنەوە و خۆڕێکخستن و خۆبڕیاردان و خۆبەڕێوەبردنیان پێدەبەخشێت، ئەوا هەموو جارێك تەنیا شکست و نائومێدی و ئازارەکانی ١٧ی ئایاری ١٩٨٧ی هەڵەبجە و ٧ی ئازاری ١٩٩١ و ١٧ی فێریوەری ٢٠١١ چەند بارە دەبنەوە و هەموو جارێك تێکۆشان و قوربانیدانیان دەچێتەوە گیرفانی کۆمەڵێك ڕامیار و پارت و گروپ و هەلپەرستانە لاوازییەکانی بزووتنەوەکە، کە خۆشباوەڕیی و متمانەیە بە پارتییەکان و ڕابەر و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەکان و کەسە کاڕێزمادارەکان!

دوا شت کە لەم وەڵامەدا دەمەوێت بیوروژێنم، پرسیارێكە هەموو ساڵێك لەم ساڵیادەدا دێتەوە پێشەوە و بەداخەوە تا ئێستا زۆرێك خۆیان لە وەڵامدانەوەی لادەدەن یا هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدەن؛ ئێستا پاش چوار ساڵیاد، خۆبەنوێنەرکەران و خۆبەنوێنەرزانانی سەرای سلێمانی چی وەڵامی خەڵك دەدەنەوە و چۆن خۆشباوەڕیی خۆیان بە بەڵێنەکانی “سەرۆك” هەڵدەسەنگێنن؟

**************************************************

خوێنەری هێژا، ئەمە دەقی وەڵامێکی منە بە پرسیاری هاوەڵێکی فەیسبووکی، کە گلەیی لە من دەکات و دەڵێت

” بۆ لەبارەی ١٧ شوباتەوە بێدەنگیت هەڵبژاردووە؟ “

"١٧ی شوبات " چی بوو و چی بەسەرهات ؟

کاتێك نازییەکان

کاتێك نازییەکان کۆمونیستەکانیان سەرکوتکردن،

من بێدەنگ بووم؛

لەبەرئەوەی کۆمونیست نەبووم.

کاتێك سۆشیال-دێمۆکراتەکانیان زیندانیکردن،

من بێدەنگ بووم؛

لەبەرئەوەی سۆشیال-دێمۆکرات نەبووم.

کاتێك سەندیکالیستەکانیان سەرکوتکردن،

من ناڕەزا نەبووم؛

لەبەرئەوەی سەندیکالیست نەبووم.

کاتێك جووەکانیان سەرکوتکردن،

من بێدەنگ بووم؛

لەبەرئەوەی جوولەکە نەبووم.

کاتێك کە خۆمیان سەرکوتکرد،

ئیدی کەسێك نەمابوو، توانای ناڕەزایەتی دەربڕینی هەبێ! ”

مارتین نیمۆلەر

و. هەژێن

***************************************************************************************

ئەم تۆمارە ڤیدیۆیە پێشکەش بەوانەی کە ڕەدووی ڕەوتی فاشیستی کەوتوون و هەروەها ئەوانەی دەستیان بە کڵاوەکەیانەوە گرتووە، کڵاوێك کە لە تێكشکانی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ەوە ڕەشەبای نیئۆلیبرالیزم بردووەتی، بەڵام خۆشباوەڕیی ناسیونالیستی بواری هەستپێکردنی نادات!

https://www.youtube.com/watch?v=y6QPzjuqf8E

کانتۆنی شەنگال هەنگاوی یەکەمە بەرەو “ڕۆژاوا” *

کانتۆنی شەنگال هەنگاوی یەکەمە بەرەو “ڕۆژاوا” *

٢٧ی دێسەمبەری ٢٠١٤

وێرای ٢٣ ساڵ گەندەڵی و دابەشکردنی کۆمەڵ و شار و گوند و گەڕەك و کۆڵان و خێزانی کوردی بەسەر دەسەڵات و ڕێکخستنی پارتیی و وابەستەیی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و کردنی هەرێمی کوردستان بە بەشێك لە بازار-ئازادی سەرمایەداری و جەنگی گەرمی نێوخۆیی و درێژەپێدانی بە ساردی تا هەنووکەش، لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی پارتیی و فەرمانداریی سەروخەڵکی و هەڵاواردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردستان بە گوێرەی زێدی بنەماڵە و سەرکردایەتی پارتییەکان، کۆمەڵی کوردستان بەسەر چەند هەرێمی نایەکسان لە ماف و بەهرەمەندیی لە داهاتدا دابەشکراوە؛ بۆ نموونە هۆرامان و گەرمیان و ناوچە شەبەك و ئێزیدی و کاکیی-نشینەکان لە هەموو شتێك بێبەشکراون و ناوچەکانی دیکە کراونەتە چەقی هەموو بڕیاردان و بەهرەمەندییەك، هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە ناوچەکانی دیکە هەمووان سەد لە سەد وەك یەك لە داهات و خزمەتگوزاریی بەهرەمەندن، نەخێر لەنێوان ئەوانیشدا بەرادەیەك هەڵاواردن هەیە، بەڵام هەڵاواردن و بێبەشییەکە بەو ڕادە نییە، کە بەرانبەر ناوچەی هۆرامان و گەرمیان و ناوچەی شەبەك و ئیزیدی و کاکەییەکان کراوە.

لە بەرانبەر ئەو مۆدێلە لە دێمۆکراسی [پارلەمانی] و شێوازی ڕێکخستن و بەرهەمهێنان و دابەشکردن، دەتوانین بە سەد و هەشتا پلە جیاوازیی لە هەموو بوارێكدا سەرنجی هەرێمی کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانێ و عەفرین [خۆراوا] بدەین، کە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا توانیویەتی بەڕێوەبەرایەتیی گەلیی لەسەر بنەمای ڕێکخستنی هەرەوەزیی ئابوووریی و کارگێریی کۆمونەیی ** و یەکسانی هەمەلانەی ئێتنییەکان و ئایینەکان و زمانەکان لە سایەی [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ***]دا کۆمەڵی “خۆراوا” بەو هەمووە ئێتنیی و ئایین و زمانە جیاوازنەوە لە یەکێتییەکی ئازادانەی گەلییدا [کۆنفیدرالیزمی دێمۆکراتیك****] کۆبکاتەوە و ببێتە نموونەیەکی ئایدیال بۆ دەوروبەر و تەنانەت ئازادیخوازانی وڵاتانی ئەوروپی و …تد.

لەم دووڕیانەدا، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵی هەرێمی کوردستان وەك کۆمەڵێکی فرە ئێتنیی و فرە ئایین و فرە زمان لەو نالەباریی و نەهامەتییە بەردەوامەی بەڕێوەبەرایەتی پارتیی و پارلەمانی ڕزگاربکەین و بەر بە دووبەرەکی و کینەدۆزیی و کۆمەڵایەتییبوونەوەی گەندەڵیی و جەنگی ڕامیاریی و بازار-ئازادی سەرمایەداری بگرین، ئەوا پێویستە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی کانتۆنەکانی “خۆراوا”وە دەستپێبکەین. لێرەدا بەدیاریکراوی مەبەستم لە هەنگاوە سەرەتاییەکان: گۆڕانی کۆمەڵایەتییە لە ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵ و گرتنەبەری خەباتی نافەرمانی سڤیلی [مەدەنی]یە، کە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گروپە خۆجێییەکان [لۆکاڵییەکان *****] و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پایەکانی ڕاگرتن و بەردەوامیی پێکدەهێنن، ئەوانەی کە بوونە بنەمای ڕێکخستنی کۆمەڵێکی ئازاد لە “خۆراوا”.

ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین کە لە گەرمەی سەرهەڵدانی جەنگی میلیشیایی و کاولکاریی بەشەکانی دیکەی (سوریە)دا، لەو سێ هەرێمەی کە لەم ڕۆژگارەدا بوونەتە سیمبوڵی ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی، بەپێچەوانەی نەخشە و ئامانجی گروپ و لایەنە سەربازییەکانەوە، لە “خۆراوا” بەبێ جەنگ و دوور لە کینەدۆزیی ئایینی و ناسیونالیستی توانرا دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆر ناچار بەکشانەوە و ڕادەستکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوچانە بەخودی دانیشتووانی شار و گوندەکانی ئەو سێ هەرێمە بکرێ و ئەوانیش بە پشتبەستن بە ویست و خواستی جەماوەریی و گەلیی خۆیان توانییان ئازادییەك، کە خەونیان پێوەدەبینی بۆ خۆیان دەسەبەریبکەن و لەجیاتی جەنگی ناسیونالیستی لەسەر دەسەڵات و نەوت و کێبڕکێ لەسەر قۆرخکردنی بازار، یەکێتییەکی مێژوویی وەك پێشمەرجی کۆمەڵی ڕزگار و پشتبەخۆبەستوو بکەنە دروشم و ئامانجی سەرەکی.

ئا لێرەوە ئێمە دەتوانین سوود لەو ئەزموونە زیندوو و نزیکە وەربگرین و پێش لەوەی کە لە ناوچە بێبەشکراوەکاندا یاخیبوونی چەکدارانە و کینەدۆزیی و لەیەكدابڕان دروستببێت و ببێتە مایەی کایەکردنی داگیرکەران و دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جەنگی خوێناویی نەبڕاوە، بکەوینە خۆمان و هەوڵی پێکهێنانی کانتۆنە سەربەخۆکانی ئەو ناوچانە بدەین و لە یەکگرتنەوەی ئازادانەی ئەو کانتۆنانەدا سیستەمێك بۆ ئازادی و یەکسانی کۆمەڵ و پێکهاتەکانی لەسەر بنەمای کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیك ڕۆنبێین و هەنگاو بە هەنگاو، خشت بە خشت سیستەمی گەندەڵ و ناسەربەخۆی پارلەمانی بگۆڕین بە سیستەمێکی گەلیی پشتبەخۆبەستوو لەسەر بنەمای دێمۆکراتیی ڕاستەوخۆ [دێمۆکراسیی گەلیی]. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بڵێم، کە وەها سیستەمێك تەنیا لە ڕێکخستنی سەرخانی کۆمەڵدا کورتنابێتەوە و پێویستی بە سیستەمێکی ئابووریی ئیکۆلۆجیك لەسەر بنەمای ئیکۆلۆجیکی کۆمەڵایەتیی ******؛ هەرەوەزیی و گەلکاریی و ژینگەپارێزیی هەمووان هەیە، پێویستی بە گەشەی ڕۆشنبیتیی و پاکژکردن و پەرەپێدانی کولتووریی هەیە، پێویستی بە پەروەردەی تاکی ئازادیخواز و پشتبەخۆبەستوو هەیە، پێویستی بە سڕینەوەی بنەما کولتووریی و ئابوورییەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی [جێندەریی] و نەژادیی و ئایینی و … هەیە، پێویستی بە فەرمیناسینی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایك هەیە، پێویستی بە هێزی پاڕێزگاریی گەلیی و خۆجێی هەیە، ئینجا بە نۆرەی خۆی پێویستی بە ڕێکخستنی ئاسۆیی بەرێوەبەرایەتیی گەلیی و ڕۆنانی ئابووریی سەربەخۆ هەیە.

ئەگەر لەم ساتدا سەرنجی کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و پاشکاراییەکانیان بدەین، ئەوا دەبینین پێش هەموو شت و بەر لە هەمووان پێویستە لە ناوچەی شەبەك و ئێزیدی و کاکەییەکانەوە دەستپێبکەین و خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیان لە کانتۆنە ئازادانەکاندا پێکبهێنن و وەك پێشتر گوتم وەها کارێك پێویستە ئاشتییانە و لەسەر بنەمای ڕاپرسیی گشتی دانیشتووان و دوور لە دەستتێوەردانی پارتییەکان و و ڕۆڵی دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییەکان و نێوەندە ئایینی و ئاراستە ناسیونالیستەکان، ئەگەر وەها بڕیارێك لەتەك هەڵویستی ناڕازییانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم یا عیراق بووەوە، ئەوا پێویستە خەباتی نافەرمانی سڤیلیی بکرێتە بەردەبازێك بۆ پەڕێنەوە بەرەو بڕیاردانی گشتیی دانیشتووان.

سەرەنجام سەرکەوتنی وەها هەنگاویك دەتوانێت هاندەر و ڕێگەچارەش بێت بۆ کێشەی ناوچە هەڵاوێردراوەکانی دیکەی وەك گەرمیان و هۆرامان و لەوێشەوە کارایی دانان لەسەر ناوچە چەقییەکان و گۆڕینی یەکجارەکی سیستەمی گەندەڵ و سەروخەڵکیی پارلەمانی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنبەوەی هەموو ناوچە و پێکهاتەکان لە کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیکدا. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بزانین گەییشتن بە وەها ئامانجێك کاری یەك دوو ڕۆژ نییە و خۆشخەیاڵیی ئایدیۆلۆجی و دەستپێشخەریی گروپێکی ڕامیاریی نابێتە مسۆگەرکەری، بەڵکو پێویستی بە چالاکی و بەشداریکردنی هەموو تاك و کۆمەڵە گۆڕانخوازەکانی کۆمەڵ هەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بەچالاکبوون لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا: ڕۆشنگەریی، هونەریی و کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و ئابووریی و ژینگەپارێزیی و ئاژەڵدۆستیی …

******************

بۆ زانیاریی فرەتر لە بارەی ئەو بنەمایانە بە زمانەکانی دیکە، لەسەر ئەم لینکانە کرتە بکە

* مەبەست لە “ڕۆژاوا” پەیوەستبوونی کانتۆنی شەنگال نییە بە خۆبەڕێوەبەرایەتی سێ کانتۆنەکەی “خۆراوا”، مەبەست لە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان [دێمۆکراسی پارلەمانی]یەە بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی گەلی [دێمۆکراسی راستەوخۆ].

** هەرەوەزیی ئازادیخوازانە

http://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism

*** دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ

http://shawnewald.info/aia/dec_directdemocracy.html

**** کۆنفیدرالیزم

http://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism

***** گروپی خۆجێی

https://www.anarchistaction.net/about-us/local-groups

****** ئابووریی ئیکۆلۆجیك و ئیکۆلۆجیکی کۆمەڵایەتیی

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bookchin/BookchinCW.html