کانتۆنی شەنگال هەنگاوی یەکەمە بەرەو "ڕۆژاوا" *

کانتۆنی شەنگال هەنگاوی یەکەمە بەرەو “ڕۆژاوا” *

٢٧ی دێسەمبەری ٢٠١٤

وێرای ٢٣ ساڵ گەندەڵی و دابەشکردنی کۆمەڵ و شار و گوند و گەڕەك و کۆڵان و خێزانی کوردی بەسەر دەسەڵات و ڕێکخستنی پارتیی و وابەستەیی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و کردنی هەرێمی کوردستان بە بەشێك لە بازار-ئازادی سەرمایەداری و جەنگی گەرمی نێوخۆیی و درێژەپێدانی بە ساردی تا هەنووکەش، لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی پارتیی و فەرمانداریی سەروخەڵکی و هەڵاواردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردستان بە گوێرەی زێدی بنەماڵە و سەرکردایەتی پارتییەکان، کۆمەڵی کوردستان بەسەر چەند هەرێمی نایەکسان لە ماف و بەهرەمەندیی لە داهاتدا دابەشکراوە؛ بۆ نموونە هۆرامان و گەرمیان و ناوچە شەبەك و ئێزیدی و کاکیی-نشینەکان لە هەموو شتێك بێبەشکراون و ناوچەکانی دیکە کراونەتە چەقی هەموو بڕیاردان و بەهرەمەندییەك، هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە ناوچەکانی دیکە هەمووان سەد لە سەد وەك یەك لە داهات و خزمەتگوزاریی بەهرەمەندن، نەخێر لەنێوان ئەوانیشدا بەرادەیەك هەڵاواردن هەیە، بەڵام هەڵاواردن و بێبەشییەکە بەو ڕادە نییە، کە بەرانبەر ناوچەی هۆرامان و گەرمیان و ناوچەی شەبەك و ئیزیدی و کاکەییەکان کراوە.

لە بەرانبەر ئەو مۆدێلە لە دێمۆکراسی [پارلەمانی] و شێوازی ڕێکخستن و بەرهەمهێنان و دابەشکردن، دەتوانین بە سەد و هەشتا پلە جیاوازیی لە هەموو بوارێكدا سەرنجی هەرێمی کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانێ و عەفرین [خۆراوا] بدەین، کە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا توانیویەتی بەڕێوەبەرایەتیی گەلیی لەسەر بنەمای ڕێکخستنی هەرەوەزیی ئابوووریی و کارگێریی کۆمونەیی ** و یەکسانی هەمەلانەی ئێتنییەکان و ئایینەکان و زمانەکان لە سایەی [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ***]دا کۆمەڵی “خۆراوا” بەو هەمووە ئێتنیی و ئایین و زمانە جیاوازنەوە لە یەکێتییەکی ئازادانەی گەلییدا [کۆنفیدرالیزمی دێمۆکراتیك****] کۆبکاتەوە و ببێتە نموونەیەکی ئایدیال بۆ دەوروبەر و تەنانەت ئازادیخوازانی وڵاتانی ئەوروپی و …تد.

لەم دووڕیانەدا، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵی هەرێمی کوردستان وەك کۆمەڵێکی فرە ئێتنیی و فرە ئایین و فرە زمان لەو نالەباریی و نەهامەتییە بەردەوامەی بەڕێوەبەرایەتی پارتیی و پارلەمانی ڕزگاربکەین و بەر بە دووبەرەکی و کینەدۆزیی و کۆمەڵایەتییبوونەوەی گەندەڵیی و جەنگی ڕامیاریی و بازار-ئازادی سەرمایەداری بگرین، ئەوا پێویستە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی کانتۆنەکانی “خۆراوا”وە دەستپێبکەین. لێرەدا بەدیاریکراوی مەبەستم لە هەنگاوە سەرەتاییەکان: گۆڕانی کۆمەڵایەتییە لە ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵ و گرتنەبەری خەباتی نافەرمانی سڤیلی [مەدەنی]یە، کە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گروپە خۆجێییەکان [لۆکاڵییەکان *****] و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پایەکانی ڕاگرتن و بەردەوامیی پێکدەهێنن، ئەوانەی کە بوونە بنەمای ڕێکخستنی کۆمەڵێکی ئازاد لە “خۆراوا”.

ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین کە لە گەرمەی سەرهەڵدانی جەنگی میلیشیایی و کاولکاریی بەشەکانی دیکەی (سوریە)دا، لەو سێ هەرێمەی کە لەم ڕۆژگارەدا بوونەتە سیمبوڵی ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی، بەپێچەوانەی نەخشە و ئامانجی گروپ و لایەنە سەربازییەکانەوە، لە “خۆراوا” بەبێ جەنگ و دوور لە کینەدۆزیی ئایینی و ناسیونالیستی توانرا دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆر ناچار بەکشانەوە و ڕادەستکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوچانە بەخودی دانیشتووانی شار و گوندەکانی ئەو سێ هەرێمە بکرێ و ئەوانیش بە پشتبەستن بە ویست و خواستی جەماوەریی و گەلیی خۆیان توانییان ئازادییەك، کە خەونیان پێوەدەبینی بۆ خۆیان دەسەبەریبکەن و لەجیاتی جەنگی ناسیونالیستی لەسەر دەسەڵات و نەوت و کێبڕکێ لەسەر قۆرخکردنی بازار، یەکێتییەکی مێژوویی وەك پێشمەرجی کۆمەڵی ڕزگار و پشتبەخۆبەستوو بکەنە دروشم و ئامانجی سەرەکی.

ئا لێرەوە ئێمە دەتوانین سوود لەو ئەزموونە زیندوو و نزیکە وەربگرین و پێش لەوەی کە لە ناوچە بێبەشکراوەکاندا یاخیبوونی چەکدارانە و کینەدۆزیی و لەیەكدابڕان دروستببێت و ببێتە مایەی کایەکردنی داگیرکەران و دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جەنگی خوێناویی نەبڕاوە، بکەوینە خۆمان و هەوڵی پێکهێنانی کانتۆنە سەربەخۆکانی ئەو ناوچانە بدەین و لە یەکگرتنەوەی ئازادانەی ئەو کانتۆنانەدا سیستەمێك بۆ ئازادی و یەکسانی کۆمەڵ و پێکهاتەکانی لەسەر بنەمای کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیك ڕۆنبێین و هەنگاو بە هەنگاو، خشت بە خشت سیستەمی گەندەڵ و ناسەربەخۆی پارلەمانی بگۆڕین بە سیستەمێکی گەلیی پشتبەخۆبەستوو لەسەر بنەمای دێمۆکراتیی ڕاستەوخۆ [دێمۆکراسیی گەلیی]. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بڵێم، کە وەها سیستەمێك تەنیا لە ڕێکخستنی سەرخانی کۆمەڵدا کورتنابێتەوە و پێویستی بە سیستەمێکی ئابووریی ئیکۆلۆجیك لەسەر بنەمای ئیکۆلۆجیکی کۆمەڵایەتیی ******؛ هەرەوەزیی و گەلکاریی و ژینگەپارێزیی هەمووان هەیە، پێویستی بە گەشەی ڕۆشنبیتیی و پاکژکردن و پەرەپێدانی کولتووریی هەیە، پێویستی بە پەروەردەی تاکی ئازادیخواز و پشتبەخۆبەستوو هەیە، پێویستی بە سڕینەوەی بنەما کولتووریی و ئابوورییەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی [جێندەریی] و نەژادیی و ئایینی و … هەیە، پێویستی بە فەرمیناسینی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایك هەیە، پێویستی بە هێزی پاڕێزگاریی گەلیی و خۆجێی هەیە، ئینجا بە نۆرەی خۆی پێویستی بە ڕێکخستنی ئاسۆیی بەرێوەبەرایەتیی گەلیی و ڕۆنانی ئابووریی سەربەخۆ هەیە.

ئەگەر لەم ساتدا سەرنجی کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و پاشکاراییەکانیان بدەین، ئەوا دەبینین پێش هەموو شت و بەر لە هەمووان پێویستە لە ناوچەی شەبەك و ئێزیدی و کاکەییەکانەوە دەستپێبکەین و خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیان لە کانتۆنە ئازادانەکاندا پێکبهێنن و وەك پێشتر گوتم وەها کارێك پێویستە ئاشتییانە و لەسەر بنەمای ڕاپرسیی گشتی دانیشتووان و دوور لە دەستتێوەردانی پارتییەکان و و ڕۆڵی دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییەکان و نێوەندە ئایینی و ئاراستە ناسیونالیستەکان، ئەگەر وەها بڕیارێك لەتەك هەڵویستی ناڕازییانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم یا عیراق بووەوە، ئەوا پێویستە خەباتی نافەرمانی سڤیلیی بکرێتە بەردەبازێك بۆ پەڕێنەوە بەرەو بڕیاردانی گشتیی دانیشتووان.

سەرەنجام سەرکەوتنی وەها هەنگاویك دەتوانێت هاندەر و ڕێگەچارەش بێت بۆ کێشەی ناوچە هەڵاوێردراوەکانی دیکەی وەك گەرمیان و هۆرامان و لەوێشەوە کارایی دانان لەسەر ناوچە چەقییەکان و گۆڕینی یەکجارەکی سیستەمی گەندەڵ و سەروخەڵکیی پارلەمانی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنبەوەی هەموو ناوچە و پێکهاتەکان لە کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیکدا. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بزانین گەییشتن بە وەها ئامانجێك کاری یەك دوو ڕۆژ نییە و خۆشخەیاڵیی ئایدیۆلۆجی و دەستپێشخەریی گروپێکی ڕامیاریی نابێتە مسۆگەرکەری، بەڵکو پێویستی بە چالاکی و بەشداریکردنی هەموو تاك و کۆمەڵە گۆڕانخوازەکانی کۆمەڵ هەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بەچالاکبوون لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا: ڕۆشنگەریی، هونەریی و کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و ئابووریی و ژینگەپارێزیی و ئاژەڵدۆستیی …

******************

بۆ زانیاریی فرەتر لە بارەی ئەو بنەمایانە بە زمانەکانی دیکە، لەسەر ئەم لینکانە کرتە بکە

* مەبەست لە “ڕۆژاوا” پەیوەستبوونی کانتۆنی شەنگال نییە بە خۆبەڕێوەبەرایەتی سێ کانتۆنەکەی “خۆراوا”، مەبەست لە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان [دێمۆکراسی پارلەمانی]یەە بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی گەلی [دێمۆکراسی راستەوخۆ].

** هەرەوەزیی ئازادیخوازانە

http://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism

*** دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ

http://shawnewald.info/aia/dec_directdemocracy.html

**** کۆنفیدرالیزم

http://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism

***** گروپی خۆجێی

https://www.anarchistaction.net/about-us/local-groups

****** ئابووریی ئیکۆلۆجیك و ئیکۆلۆجیکی کۆمەڵایەتیی

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bookchin/BookchinCW.html

باری ژیان و کاری کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان

باری ژیان و کاری کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان

ئامادەکردنی هەژێن

١٦ دێسەمبەری ٢٠١٤

چەند ساڵێکە هاوردنی کرێکارانی کۆچەر لە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت لە وڵاتانی کیشوەرەکانی دیکەشەوە بۆ بەهرەکێشیی زیاتر لە هێزی کاریان وەك کرێکاری بیمەنەکراو و ناچار، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاوی کۆمەڵ و تەنانەت لەنێو کرێکارانی ناهوشیاریی خۆجێیشدا ناڕەزایەتی دروستکردووە و ئەوانیش بەهۆکاری بێکاریی و بێمافیی و کەمیی مووچە و خراپی هەلی کاری خۆیانیان دەزانن؛ لەبەرئەوە کرێکارانی کۆچەر کە بەهیوای کار و کرێیەکی باشتر لەو شوێنەی کە لێوەی هاتوون، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەلایەك لەلایەن خاوەنکارانەوە ستەمیان لێ دەکرێت و کرێیان پێنادرێت و شوێنی نیشەجێبوونیان نییە و دەردەکرێن و مۆڵەتی کارکردنیان، کە بە مۆڵەتی مانەوەیان گرێدراوە و ئەوەش لە دەستی خاوەنکارەکاندایە و خاوەنکارەکانیش بۆ نەدانی کرێی کرێکارەکان، ڕەزامەندینامە بۆ مۆڵەتی مانەوەیان پێنادەن و بەو جۆرە ڕۆژانە چەندنین کرێکار ناچار بە گەڕانەوە دەبن و بە قەرزاری و بێکرێییەوە دەگەڕێنەوە نێو خێزان و شوێنێك، کە لێوەی هاتوون، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن کرێکارانی ناهوشیار و کەسانی نەژادپەرستەوە دژایەتیی و سووکایەتییان پێدەکرت و لەلایەن گروپە ناسیونالیست و دژەبیاننیەوە خەڵکیان لێ هاندەدرێت و دژایەتیدەکرێن.

یەکێك لەو کۆمپانییانەی کە زۆربەی کرێکارەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاتوون، کۆمپانیای ( رائد تعمیر)ە کە بنکەی لە شاری سلێمانیی (پایتەختی ڕۆشنبیری)ە و ئەم کۆمپانییە سەد و پەنجا (١٥٠) کرێکاری هەیە و کە زۆربەیان لەم شوێنانەوە هاتوون: کرێکارانی ئیزیدی کوردستانی بەشی عیراق، ئێران [زۆربە کوردانی مەریوان و سنە و کرماشانن]، سوریە [زۆربە کوردن و خەڵکی کۆبانی)شیان تێدایە، کە خوشك و برا و دایك و باوکیان لەوێندەرێ لە جەنگدان]، عەرەبی عیراقی [زۆربە شیعەی فەلوجەن] و ئەوانی دیکە خەڵکی شارەکە و دەروبەری شارەکەن.

ئەو کرێکارە کۆچەرانەی کە لەو شوێنانەوە هاتوون، شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە و کەس ناناسن و ژیان بۆیان زۆر سەختە و لەبەر گرانی کرێخانوو، توانای بەکرێگرتنی سەرپەنایان نییە و لەبەر گرانی کرێخانوو و کەشی دژە کۆچەریی و دژە پەنابەریی لە هەرێمی کوردستانیشدا بەئاسانی ناتوانن خانوو بەدەستبهێنن، لەبەرئەوە لەو تەلار و خانووانانەدا دەژیان، کە نیوە تەواودەبوون، بەڵام کۆمپانییەکە ئەوەشی پێڕەوانەبینین و لە خانووە دەرگە و پەنجەرەدارەکاندا دەریکردوون و کردوونیەتە چوار کەلاوە [خانووی ناتەواوی بێ دەرگە و پەنجەرە] و وەك لە وێنەکاندا دەبینن؛ دەرکرێت جێگەی هەموو شتێك بێت، بێجگە لە جێگەی ژیانی مرۆڤێکی سەرەتای هەزارەی سێیەم لە “پایتەختی ڕۆشنبیری”دا. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بگوترێ، کە ئەمە لە هەزاردا یەکی دەرد و مەینەتەییەکانی کرێکارانی کۆچەرە لە هەرێمی کوردستان، هەرێمێك کە چەندین دەهە کرێکارانی خۆی لە ئێران و تورکیە و عیراق و سوریە و وڵاتانی ئەوروپی کۆچەربوون و بەو نەهامەتیانە ئاشنان، بەڵام بەم ڕادە و بەو جۆرە نا، کە هەر ئێستا لەم هەرێمە و لەم شارە ڕوودەدات.

ئەو شوێنەی کە کرێکارەکان بۆ خۆشگوزەرانان تێدا تەلار و ڤێلا چێدەکەن، ناوی “چوار چرا”یە، تەمەنی کرێکارەکان بەزۆریی لە خوار (٣٠) ساڵییەوەیە، کرێکارەکان کۆنتراکتی هەمیشەیی کارکردنیان نییە و هەر سات لەبەردەم مەترسی دەرکردن و ناردنەوەیانن بۆ وڵات و شارانێك، کە لێوەی هاتوون. هەروەها هیچ جۆرە بیمەیەکیان نییە؛ نە بیمەی دەرمانی و نە بیمەی بێکاریی و نە بیمەی کۆمەلایەتی. هەرچەندە خودی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەخۆشیان لە زۆرێك لەو بیمانە بێبەشن، بەراورد بە کرێکارانی کۆچەر بەلایەنیکەمەوە لە تەنگانە و لە ناهەمووارییدا هاریکاریی و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی خزم و دۆست و هاوکاریان هەیە، بەڵام کرێکارانی کۆچەر هەموو ساتێك لەبەردەم مەترسی نەخۆشکەوتن و ڕەقبوونەوە لەو کەلاوانەدا و نەدانی کرێی کارەکانیان و دەرکردن و ناردنەوەیان بۆ وڵاتانێك کە لێوەی هاتوون، چونکە مافی مانەوە و نیشتەجێبوونی ماوەی کارکردنی کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان بەهەبوونی نامەی پشتیوانی یا ڕەزامەندی خاوەنکارەوە پەیوەستە و نەبوونی مافی مانەوە و مۆڵەتی فەرمی وەك چەکێك دراوەتە دەستی خاوەنکارەکان و ئەوانیش بۆ ناچارکردن و بەهرەکیشیی زیاتر و نەدانی کرێی کرێکارەکان بەکاریدەبەن و بەوە ناڕەزایەتی کرێکاران تێکدەشکێنن. لەبەرئەوە زۆڕێك لە کرێکارانی کۆچەر بەتایبەت کرێکارانی کۆچەر، کە لە ئێرانەوە هاتوون، بەهۆی نەدانی کرێی کارەکانیان و تازەنەکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لەم وڵاتەدا، ناچار بە برسیەتی و بەبێ پارە دەگەرێنەوە ئێران.

شایانی باسە هەندێك لە کرێکارەکان ماوەی (٣) سێ مانگە کرێی کارەکارنیان وەرنەگرتووە و هەندێكیشیان ماوەی (٢) دوو مانگە خۆیان نەشتووە و گەرماویان نەدیتووە، ئەمەش پەیوەندی بە شوێنی ژیانیانەوە هەیە، کە هیچ بنەمایەکی ژیان و گوزەرانی تیدانییە، پێشتر کە کارەبایەکی بێئاساییش و بێپاراستنیان هەبوو، لەو کاتەوەی کە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای باشترکردنی شوێنی ژیان و دانی کرێکارنیان کردووە، لە بەرانبەردا خاوەنکارە کە داوای (١٠) ڕۆژ ماوەی کردبوو، تاوەکو وەڵامی داواکارییەکان بدەنەوە، بەڵام ئەوە ماوەی (١٥) ڕۆژە هیچ وەڵامێکی بە داواکارییەکان نەداتەوە و هەروەها نزیکەی هەفتەیەکیشە کارەبای شوێنی ژیانی کرێکارەکانی بڕیوە و کرێکارەکان لە خراپترین باری ژیاندا لە کەلاوەی بێ[دەرگە و پەنجەرە]دا و گوزەراندەکەن و ئەگەر بارودۆخی ژیانی کرێکارەکان بەو جۆرە بڕوات، لەوانەیە ڕووداوی ڕەقبوونەوە لەتاو سەرما و نەخۆشکەوتن بەهۆی خۆنەشتن و نەبوونی پێداویستی خۆپاراستن لە سەرما و لەنێو ئەو کۆما زبلانەدا، ببێتەهۆی ڕووداوی شەرمەزارکەر بۆ هەرێمی کوردستان و “پایتەختی ڕۆشنبیرییەکەی”!

وەها بارودۆخێك و وەها بێمافییەك ئاوای کردووە، کە کرێکارانی کوردی خۆرهەڵات، کە ڕۆژگارێك بەوپەڕی هیواوە هاتوونەتە ئەم بەشەی کوردستان و خۆشباوەڕیی نەتەوەیی ئەو خەیاڵەی لەلا خۆشکردوون، کە هاتنیان بۆ بەشێکی دیکەی “نیشتمان” لە چوونیان بۆ تاران و شارە ناکوردییەکانی دیکەی ئێران باشترە و خاوەنکارە کوردەکان باشتر ڕەفتاریان لەتەکدا دەکەن و مافیان ناخۆن، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا بۆچوون و خۆشباوەییەکەیان سەد و هەشتا پلە ئاوەژوودەبێتەوە و دەڵێن هەر چۆنێك بێت لە ئێران بیمەکانی کار هەن و دادگەیەك هەیە، کە سکالای لەلا بکەن و کەسیش ناتوانێت بەناوی “بیانی/ خارجی” لەو وڵاتە دەریانبکات. ئەمە لەبارەی کرێکارانی ئێزیدی و کوردانی “ڕۆژاوا / کۆبانی”یشەوە هەر هەمان سەرەنجامی هەیە، هەڵبەتە کرێکارانی ئێزیدی لەبەر جیاوازی ئایینیان خراپتر ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت و لە پێش هەموو کرێکارە کۆچەرەکانی دیکەوە لەم شارەدا بەر سووکایەتی و بێمافیی کەوتوون، لەوانیش بەدبەختر کرێکارانی عەرەبی عیراقی [بەتایبەت شیعەکانی فەلوجە]ن، کە بێجگە لە کۆچەربوون و جیایی ئایین، جیایی ئێتنیی “نەتەوەیی”ش دەیانخاتە ڕێوشوێنی نالەبارتر و بە خراپترین شێوە ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت و مافیان دەخورێت. وەها بارێك تووريی و نائومێدی کرێکارەکانی بە لوتکە گەیاندووە و دوا ئومێدیان، کە هاوپشتی و هاودەنگی خەڵك و کرێکارانی هەرێمی کوردستان بوو و هەیە، خەریکە لەدەستیدەدەن.

ئەمە گۆشەیەکی بچووکی ژیانی کرێکارانی کۆچەری بواری تەلارسازییە و بەدڵنیاییەوە باری ژیان و مافی کرێکارانی کۆچەری بواری خزمەتکاریی ماڵان و چێشتخانە و نانەواخانە و ..تد لەوە باشتر نییە، ئەگەر خراپتر نەبێت. کرێکارانی کۆچەر کە زۆرێکیان بە بەڵێنی بێبنەما و فڕوفێڵی کۆمپانییەکانی دەڵاڵی هاوردنی کرێکارانی کۆچەر دێنە ئەم هەرێمە، لە هەموو مافێکی ئاسایی کرێکارانی کۆچەر لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش بێبەشن؛ مافی خۆرێکخستن و ناڕەزایەتی و بەهرەمەندبوون لە بیمەکانیان نییە و داواکارکردنی هەر یەك لەو مافانە لەتەك و نامەی پشتیوانی بۆ مۆڵەتی مانەوە ڕووبەڕوویاندەکاتەوە و بێدەنگەکردنیش لەو بارە لەتەك نەدانی کرێی کارەکانیان و نالەباریی ڕێوشوێنی کار و نیشتەجێبوونیان ڕووبەڕوویاندەکاتەوە. ئەم بارە تاکەی دەخایێنێت و تاکەی کۆمەڵی کوردستان [کە زۆر کەسی لە ئەزموونی کۆچەریی و کرێکاریی لە وڵاتانی دیکە بەهرەمەندن و دەزانن ژیان و گوزەران و مەرجەکانی تەندروستی و ئاساییشی کارکردن بۆ کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان و “پایتەختی ڕۆشنبیرییەکەی” بوونیان نییە] بێدەنگ دەمێنێتەوە، کە بێدەنگمانەوە و هاریکارینەکردن و پشتیوانینەکردنی کرێکارانی کۆچەر چ وەك پرسێکی مرۆیی بۆ هەموو دانیشتووانەکەی و چ وەك پرسێكی چێنایەتی بۆ کرێکارانی هەرێمی کوردستان، بەرهەم و نیشانەی هەڵوەشاندنەوە و لەدەستدانی هەموو بنەما مۆڕاڵیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵەیە، کە بەهۆی ڕامیاریی و بازارئازادی سیستەمی نیئۆلیبراڵی سەرمایەدارییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندایە.

****************************************************************************************

*پاشکۆ : کۆمەڵێك وێنەی شوێنی پشوو و خواردن و خەوتنی کرێکارانی تەلارسازیی لە کۆمپانیای (رائد تعمیر)

Cengî bawerrekan û hokarî bezînekan

Cengî bawerrekan û hokarî bezînekan

10î dêsemberî 2014

Lew katewey ke hêzekanî dewlletî îslamî le şam w’îraq/ dewlletî xelafetî îslamî (musll)yan dagîrkird û dwatir pelamarî şarekanî dîkeyan da û dwatir kewtnewe hêrş bo ser amance serekîyeke [kantonekanî rojawa], serapay mîdyay desellatdaran û ewaney ke serçaweyan ew kanallanen, hewllî ewe deden, bllên ewe qursî û tazeyî çeke ke hêzekanî “da’ş”î awa dirrkrewwe û serkewtinyan bo msogerdekat. Hellbete ew pagendeye plan û amancî dîkey lepiştewe bû, wek derkewt froştinî çek be fermandarîy ‘îraq û herêm, saxkirdnewey çeke beserçuwekan û xallîkirdnî henbarekanî çeksazîy ewrupa û emerîka…tid.

Bellam rastîyekey ştêkî dîke heye, ke cengî bawerre, çekdarî “da’ş” mebestim çekdaranî rîzî xwareweye nek xelîfe û yaranî, bewperrî bawerr be geyîştin be beheşt decengin û ta dwa henase kollnaden. Hellbete bo mîdyay partîyyekan û desellatdaranî herêm amanc le gewrekirdnewey “da’ş” le rûy çekewe bo şardnewey bêbawerrîy hêzekanî xoyan bû, ke eweş zor asayye, ew hêzey êsta heyane leşkirêkî desellatdarîyye û mûçexore û wek her mrovêkî dîkey komelleke koşkî fîr’ewnekan û kelawey xoy, jyanî paşayaney lêprisrawan û desellatdaran û jyanî hejaraney xoy debînêt, emeş hokarêkî dîkeye bo bêbawerrîy û berengarîynerkidnî ew hêze.

Wek dîtman û debînîn, herçende seranî (pidk) û (înk) nkollî lew rastîye deken, ke le hîç qollêkî cengî snûrekanî herêmda, hêzî fermandarîy û partîyekanî herêm bebê beşdarîy gerîla û şervananî “rojawa” neyantwanîwe serkewtin bedestibhênin, emeş hokarî nahawsengî cengî nêwan bawerrdaran “da’ş” û bêbawerran “leşkirî herêm”e û hewilldan bo her pasaw û şardneweyek, serencamekey pûçîye. Çunke eweta çekî behêzîşyan bo hat û keçî girtnewey (şengal) ke begwêrey bellênî serokekey herêm birryar bû 48 sat nexaênêt, ewa xerîke debête pênc mang û awarekanî şengal le reqbûnewedan û hellm û hallawî (serî reş) û (qellaçwalan) û koşkî fêr’ewnekanî dhok û hewlêr û slêmanî û kerkûk befrî ser kêwan detwênêtewe!

Bepêçewanewey ewewe, katêk ke hêzî bawerrdarî “da’ş” pelamarî hêzêkî dîkey bawerrdar dedat û awa dezanêt ke kurdibûnî her dû hêzekey “herêm” û “rojawa”, wek le zumar û şengal û mexmûr detwanêt zemîney serkewtinyan bêt le (kobanê)ş. Ewan neyanzanî bawerrî cengaweranî (yepeje) û (yepege) zor le bawerrî xoyan behêztre û debête hoy pûçkirdnewey xeyallî beheştî ew dunya, çunke pêdagrîy û parîzgarîy le beheştî em dunya zor behêztir û bellgedartre. Ewan neyanzanî ew gumaney ke le bawerrî xoyanda heye [nebûnî bellge bo bûnî beheşt], le bawerrî cengaweranî (yepeje) û (yepege)da nîye û dunayyek ke parêzeranî (kobanê) lepênawîda decengin, bellgey hebûnî, bûnî xoyane û lejêr pêyandaye û hîç bwarêk bo guman û dirrdongî le bawerrî cengaweranî (rojawa)da nîye, tewaw pêçewaney bawerrî “da’ş”yan, ke bellgey bûn û geyîştin be behşit nîye û herwa pêçewaney bêbawerrîy çekdaranî (herêm)îşe, ke cyawazî astî jyan û darayî û birryar û mafî xoyan letek seranyanda asman û rêsmane!

Bekurtî ewey nawçekanî “herêm”î xiste jêr destî çekdaranî “da’ş” bêcge le hebûnî plan û rêkewtinî penanekî desellatdaranî herêm û dewlletî pişt dewlletî xelafetî îslamî [dewlletî turkye], bêbawerrîy çekdaranî (pidk) û (înk) bû û herweha ewey ke bezandinî çekdaranî “da’ş”î le beranber berengarîy (rojawa)da msogerkirduwe, nebûnî gumane le bawerrî cengaweranî (yepeje) û (yepege)da û handeranî ew berengarîye bêwêneyeş emanen:
Yekem, hêzêkî bawerrdarn.
Duwem, hêzêkî xobexşin.
Sêyem, bezorî cengaweran xellkî (kobanê)n.
Çwarem, lenêwan hellhatin û xobedestewedanda berengarîy û mirdin helldebjêrn.
Pêncem, le serûy hemû ew hokaranewe, bûnî jnane wek cengawer û berengarîykar, ştêk ke le mêjûy xebatî çekdarîy (herêmî kurdistan)da bûnî nebuwe û nîye, çunke lem (herêm)eda çi dagîrker û çi berengarîker leser lawazkirdnî jin û kenarxistinî le pirse çarenûssazekanda, hawdeng û hawbîr û hawamanc bûn û kardeken!

جەنگی باوەڕەکان و هۆکاری بەزینەکان

جەنگی باوەڕەکان و هۆکاری بەزینەکان

١٠ی دێسەمبەری ٢٠١٤

لەو کاتەوەی کە هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام وعیراق/ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (موسڵ)یان داگیرکرد و دواتر پەلاماری شارەکانی دیکەیان دا و دواتر کەوتنەوە هێرش بۆ سەر ئامانجە سەرەکییەکە [کانتۆنەکانی ڕۆژاوا]، سەراپای میدیای دەسەڵاتداران و ئەوانەی کە سەرچاوەیان ئەو کاناڵانەن، هەوڵی ئەوە دەدەن، بڵێن ئەوە قورسی و تازەیی چەکە کە هێزەکانی “داعش”ی ئاوا دڕکرەووە و سەرکەوتنیان بۆ مسۆگەردەکات. هەڵبەتە ئەو پاگەندەیە پلان و ئامانجی دیکەی لەپشتەوە بوو، وەك دەرکەوت فرۆشتنی چەك بە فەرمانداریی عیراق و هەرێم، ساخکردنەوەی چەکە بەسەرچووەکان و خاڵیکردنی هەنبارەکانی چەکسازیی ئەوروپا و ئەمەریکا…تد.

بەڵام ڕاستییەکەی شتێکی دیکە هەیە، کە جەنگی باوەڕە، چەکداری “داعش” مەبەستم چەکدارانی ڕیزی خوارەوەیە نەك خەلیفە و یارانی، بەوپەڕی باوەڕ بە گەییشتن بە بەهەشت دەجەنگن و تا دوا هەناسە کۆڵنادەن. هەڵبەتە بۆ میدیای پارتیییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامانج لە گەورەکردنەوەی “داعش” لە ڕووی چەکەوە بۆ شاردنەوەی بێباوەڕیی هێزەکانی خۆیان بوو، کە ئەوەش زۆر ئاساییە، ئەو هێزەی ئێستا هەیانە لەشکرێکی دەسەڵاتداریییە و مووچەخۆرە و وەك هەر مرۆڤێکی دیکەی کۆمەڵەکە کۆشکی فیرعەونەکان و کەلاوەی خۆی، ژیانی پاشایانەی لێپرسراوان و دەسەڵاتداران و ژیانی هەژارانەی خۆی دەبینێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بێباوەڕیی و بەرەنگاریینەرکدنی ئەو هێزە.

وەك دیتمان و دەبینین، هەرچەندە سەرانی (پدک) و (ینک) نکۆڵی لەو ڕاستییە دەکەن، کە لە هیچ قۆڵێکی جەنگی سنوورەکانی هەرێمدا، هێزی فەرمانداریی و پارتییەکانی هەرێم بەبێ بەشداریی گەریلا و شەرڤانانی “ڕۆژاوا” نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمەش هۆکاری ناهاوسەنگی جەنگی نێوان باوەڕداران “داعش” و بێباوەڕان “لەشکری هەرێم”ە و هەوڵدان بۆ هەر پاساو و شاردنەوەیەك، سەرەنجامەکەی پووچییە. چونکە ئەوەتا چەکی بەهێزیشیان بۆ هات و کەچی گرتنەوەی (شەنگال) کە بەگوێرەی بەڵێنی سەرۆکەکەی هەرێم بڕیار بوو ٤٨ سات نەخاێنێت، ئەوا خەریکە دەبێتە پێنج مانگ و ئاوارەکانی شەنگال لە ڕەقبوونەوەدان و هەڵم و هاڵاوی (سەری ڕەش) و (قەڵاچوالان) و کۆشکی فێرعەونەکانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و کەرکووك بەفری سەر کێوان دەتوێنێتەوە!

بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، کاتێك کە هێزی باوەڕداری “داعش” پەلاماری هێزێکی دیکەی باوەڕدار دەدات و ئاوا دەزانێت کە کوردبوونی هەر دوو هێزەکەی “هەرێم” و “ڕۆژاوا”، وەك لە زومار و شەنگال و مەخموور دەتوانێت زەمینەی سەرکەوتنیان بێت لە (کۆبانێ)ش. ئەوان نەیانزانی باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە) زۆر لە باوەڕی خۆیان بەهێزترە و دەبێتە هۆی پووچکردنەوەی خەیاڵی بەهەشتی ئەو دونیا، چونکە پێداگریی و پاریزگاریی لە بەهەشتی ئەم دونیا زۆر بەهێزتر و بەڵگەدارترە. ئەوان نەیانزانی ئەو گومانەی کە لە باوەڕی خۆیاندا هەیە [نەبوونی بەڵگە بۆ بوونی بەهەشت]، لە باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە)دا نییە و دوناییەك کە پارێزەرانی (کۆبانێ) لەپێناویدا دەجەنگن، بەڵگەی هەبوونی، بوونی خۆیانە و لەژێر پێیاندایە و هیچ بوارێك بۆ گومان و دڕدۆنگی لە باوەڕی جەنگاوەرانی (ڕۆژاوا)دا نییە، تەواو پێچەوانەی باوەڕی “داعش”یان، کە بەڵگەی بوون و گەییشتن بە بەهشت نییە و هەروا پێچەوانەی بێباوەڕیی چەکدارانی (هەرێم)یشە، کە جیاوازی ئاستی ژیان و دارایی و بڕیار و مافی خۆیان لەتەك سەرانیاندا ئاسمان و ڕێسمانە!

بەکورتی ئەوەی ناوچەکانی “هەرێم”ی خستە ژێر دەستی چەکدارانی “داعش” بێجگە لە هەبوونی پلان و ڕێکەوتنی پەنانەکی دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەوڵەتی پشت دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی [دەوڵەتی تورکیە]، بێباوەڕیی چەکدارانی (پدک) و (ینک) بوو و هەروەها ئەوەی کە بەزاندنی چەکدارانی “داعش”ی لە بەرانبەر بەرەنگاریی (ڕۆژاوا)دا مسۆگەرکردووە، نەبوونی گومانە لە باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە)دا و هاندەرانی ئەو بەرەنگارییە بێوێنەیەش ئەمانەن:

یەکەم، هێزێکی باوەڕدارن.

دووەم، هێزێكی خۆبەخشن.

سێیەم، بەزۆری جەنگاوەران خەڵکی (کۆبانێ)ن.

چوارەم، لەنێوان هەڵهاتن و خۆبەدەستەوەداندا بەرەنگاریی و مردن هەڵدەبژێرن.

پێنجەم، لە سەرووی هەموو ئەو هۆکارانەوە، بوونی ژنانە وەك جەنگاوەر و بەرەنگارییکار، شتێك کە لە مێژووی خەباتی چەکداریی (هەرێمی کوردستان)دا بوونی نەبووە و نییە، چونکە لەم (هەرێم)ەدا چ داگیرکەر و چ بەرەنگاریکەر لەسەر لاوازکردنی ژن و کەنارخستنی لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، هاودەنگ و هاوبیر و هاوئامانج بوون و کاردەکەن!

ئادرەسی نوێ Adresî nwê

خوێنەری هێژا

بۆ ئەوەی  لەمەولا بابەتە نوێیەکان بخوێنیتەوە، تکایە سەردانی ئەم ئادرەسە نوێیە بکە

www.hejeen.wordpress.com

 

Xwênerî hêja

Bo ewey  lemewla babete nwêyekan bixwênîtewe, tkaye serdanî em adrese nwêye bke

www.hejeen.wordpress.com

کاریکاتێری سۆشیالیزم

کاریکاتێری سۆشیالیزم

هەژێن

١ی دێسەمبەری ٢٠١٤

بەرایی، دوێنێ شەو بەرێکەوت لە ئەرشیڤی بەرنامەکانی (کۆمەڵە تیڤی/ کاناڵی کۆمەڵە) دیمانەیەکی بەرنامەی (دیالۆگ)ی ڕێکەوتی ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤ بەڕێز (ئەمیری حەسەنپوور) بەرچاوکەوت و منیش بە گرنگیپێدانێکی زۆرەوە گوێم لە تەواوی دیمانەکە ڕاگرت، هەرچەندە سەرنج و ڕەخنەم لەسەر زۆرێك لە وەڵامەکان و بۆچوونەکانی ئەو بەڕێزە هەیە، بەڵام لە ئێستا لەبەر کەمیی کات و بوار تەنیا لەسەر خاڵێك یا بۆچوونێکی دەوەستم، ئەویش (کۆمەڵی سۆشیالیستی)یە لە ڕوانگەی ئەوەوە.

*************

بەڕێز ئەمیری حەسەنپوور لە دیمانەیەکدا لە بەرنامەی (دیالۆگ)ی کاناڵی کۆمەڵە/ کۆمەڵە تیڤی لە وەڵامی یەکێك لە پرسیارەکاندا گوتی

“… هەر ئەوەی دەڵێت ئاسۆیەك هەبێت، ئاسۆیەکی بۆرژوایی نەبێت؛ ئاسۆیەکی لە ڕاستیدا کۆمونیستی بێت. چونکە ئامانج سۆسیالیزم نییە، ئامانج کۆمونیزمە. ئێمە ناکرێت ئەو نیزامی چینایەتییە لەناوبەرین. هەر بڵێین سۆسیالیزمان دەوێت. سۆشیالیزم خۆی کۆمەڵێکی چینایەتییە. دروستە کە لەوێدا چینی کرێکار دەسەڵاتی هەیە، بەڵام چینەکان هەروا دەمێننن، چینی کۆمەڵایەتی هەروا بە ئاسانی لەناوناچن. پرۆسەیەکی بڕێك دریژی هەیە و خەباتی چینایەتی دەوێت، کە لەناوبچێت. ….”

بەر لە هەر لێکدانەوەیەك بۆ بۆچوونەکەی بەڕێز (ئەمیری حەسەنپوور)، حەزدەکەم ئەوە بخەمەڕوو کە بەدیوێکدا ئەو ڕاست دەبێژێت، کە سۆشیالیزم کۆمەڵێك یا سیستەمێکی چینایەتییە. منیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەم، بەڵام مەبەستم کاریکاتێرە مارکسیستییەکەیە بۆ سۆشیالیزم نەك خودی سۆشیالیزم، واتە لەو سۆشیالیزمە چینایەتییەدا پارتیی پێشرەو بۆرجوا و سەروەرە، تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵیش پڕۆلیتاریان، ڕێك ئەوەی کە لە ( ڕوسییەی بۆلشەڤیکی)دا دیتمان !

بەڵێ کاتێك کە سەروەر هەبێت، خۆبەخۆ دەبێت ژێردەستیش هەبێت؛ لێرەدا پرسیارێك یەخەمان دەگرێت: لە کۆمەڵی سۆشیالیستیدا ئەگەر کرێکاران و زەحمەتکێشان [بەواتەی مارکسیستەکان] سەروەرن، ئەدی ژێردەست کێییە و ئەو دیکتاتۆرییە بەسەر کێدا پیادەدەکرێت؟

ئەگەر دەڵێن بەسەر بۆرجوازیدا؛ ئەدی کە بۆرجوازی هەبوو و پێگەی ئابووریی هەبوو، کو دەتوانین لەنێوان سەرمایەداری وەك کۆمەڵی چینایەتی و سۆشیالیزم [بە گوتەی حەسەنپوور ] کۆمەڵێکی چێنایەتییە، جیاوازی بکەین و چۆن دەتوانرێت وەها کۆمەڵێك سۆشیالیستی یا دژە بۆرجوازی بێت؟ من لە پێکەوەهەڵکردن و بوونی دەسەڵاتی ڕامیاریی کۆمونیستەکان [خۆیان واتەنی دەسەڵاتی کرێکاران] و دەسەڵاتی ئابووریی سەرمایەداران هاوکاتی یەکدی و لەسەر یەکدی، تەنیا تێڕوانین و کۆمەڵێکی ئەفسانەیی دەبینم یا لە باشترین باردا گۆرانییەك وێنادەکەم، کە ئاوازەکەی هەڵپەرکێیە و هەڵبەستەکەی شیوەن و واوەیلا و قورپێوان!

ئەگەر پێگەی ئابووریی و مانەوەی بۆرجوازی وەك چینی کۆمەڵایەتی بمێنێت، کو بواری دەسەڵاتی دژەکەی [کرێکاران] دەدات؟ ئەدی بەراورد بەو وێناکردنە چینایەتییەکی سۆشیالیزم، چۆن ناکرێت و گونجاوتریش نەبێت، بەوە خۆشباوەڕبین، کە لە ڕێگەی پارلەمانەوە یا لە ڕێگەی ئامۆژگاریکردن و ئاراستەکردنی بۆرجواکانەوە بەرەو سۆشیالیزم بڕۆین؟

هەرچەندە من هەر دوو تێڕوانینەکە ڕەتدەکەمەوە و بە ئەفسانەبافییەکی تیئۆرییان دەبینم، بەڵام ئەگەر بواری دیکە و چارەی دیکەمان نەبێت و هەر ئەو دوو هەڵبژێرە لەبەردەم مرۆڤایەتیدا بۆ ڕزگاربوون لەم سیستەمی ئێستا لەئارادا هەبن، بە بۆچونی من ئەوا گاڵتەجارییەکەی دووەم ئاوەزگیرانەترە، چونکە ئاوەز پەسەندی دەکات، کە بۆرجوازییەك هەستە مرۆییەکەی بەرەو بیرکردنەوەی بەرێت، بەڵام هەرگیز ئاوەز پەسەندی ئەوە ناکات، کە سەرخان دەسەڵاتی پێشڕەوانی کرێکاران [کۆمونیستەکان] و ژێرخان دەسەڵات و پێگەی سەرمایەداران بێت!

ڕاستییەکەی یەکەم جارە، کە من بیسەر یا بینەری دیمانەیەکی بەڕێز (حەسەنپوور) دەبم، کە لەبارەی سۆشیالیزم و کۆمەڵی داهاتووە دوابێت. لەبەرئەوە من وێنایەکی دیکەم بۆ تێروانینی ئەو هەبوو و لەو باوەڕەدا نەبووم، وەها بۆچوونێکی بۆ سۆشیالیزم هەبێت، کە بە لێکداەوەی من ئەو سۆشیالیزمە تەنانەت شایانی ناوهێنانیش نییە نەك تێکۆشان لەپێناو هاتنەدیی! چونکە ئەگەر کۆمەڵی سۆشیالیستی هەر چینایەتی بێت و لەوێشدا هەر خەریکی “خەباتی چینایەتی” بین، ئەی تێکۆشانی پێش ئەو سۆشیالیزمە ناوی چی دەبێت یا دەتوانین چ ناوێکی لێ بنێین؟

بە بۆچوونی من، تێڕوانینی دیتێرمینیستیانەی سۆشیال-دێمۆکراتەکان [وەك پەندە کوردییەکە دەبێژێت “سەری گا لە دۆڵەوە دەردەچێت”] بەوەی سەرەنجام سەری سەرمایەداری لە سۆشیالیزمەوە دەردەچێت، ئاوەزگیرترە. چونکە بەلایەنیکەم پێویست بە خۆبەکوشتدان و زیندانیبوون و تێکۆشان و لەسەرکاردەرکران ناکات و سەرمایەدارانی سەروەر وەك کۆمونیستە سەرورەکان، کۆمەڵ بەرەو کۆمونیزم دەبەن و هەروەها تێکۆشانی بێهودەی پێش “سۆشیالیزمی چینایەتی“یش پێویستنییە و ئیدی وزە و توانا و بەهرە و بیرۆکە و بۆچوونەکانمان بۆ ئەو کاتە هەڵدەگرین و ئەوانەش کە بڕیارە بە پێشرەویی پارتیی کۆمونیست خۆیان بەکوشتبدەن، بەختی ژیانیان دەبێت و وەك ڕابەرانی زیندوو بەجۆرێك چێژ لە ژیانی چینایەتی دەبەن!

بەڕاستی من هەم لە سەردەمی کۆمونیستبوونمدا و هەم پاش ئەوە زۆر پاگەندەی کاریکاتێری (پارتی پێشڕەو) و ( فەرمانداریی و دەوڵەتی کرێکاریی و سۆشیالیستیی وکۆمونیستی)م بیستوون یا بەرچاوکەوتوون ، بەڵام هیچکامیان هێندەی ئەم کاریکاتێرە ئاوەزنەگیر و نالۆجیکی نەبووە و نەبوون؛ سۆشیالیزمێك کە بڕیارە کۆمەڵی یەکسانی – ئازادی – دادپەروەریی و هاوبەشیی بەرهەمێنان – دابەشکردن – بڕیاردان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان بێت، چۆن دەتوانێت چینایەتی بێت و چینە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا لە ئارادا بن و ناچار بە تێکۆشانی چینایەتی دژی هەندێکیان بین؟

چینی کۆمەڵایەتیی چییە؟ ئایا چینی کۆمەڵایەتیی بەبێ پێگەی ئابووریی جیاواز و بەرتەر یا بێبەش دەتوانن بوونیان هەبێت؟ ئایا پێگە و بەرتەریی ئابووریی بەبێ دەسەڵات وسەروەریی دەتوانێت بوونی هەبێت؟ ئەگەر کرێکار دەسەڵاتدارە، ئیدی دژەکەی چۆن دەتوانێت وەك چینی کۆمەڵایەتی دارای پێگەی ئابووریی، بوونی هەبێت و هێشتا چین و توێژەکانی پرۆلیتاریا وێڕای دەسەڵاتداریی کرێکاران ناچار بە تێکۆشان بن؟ تێکۆشان دژی کێ و دەسەڵاتی کێ؟ ئەی ئایا دەسەڵاتی ڕامیاریی یا سەروەریی چینایەتی بەبێ پێگەی ئابووریی زاڵ دەتوانێت بوونی هەبێت؟ ئایا ئەمە بەو سەرەنجامەمان ناگەیێنێت، کە “دەسەڵاتی کرێکاران” تەواوکەری پێگەی ناکۆك و جیاوازی ئابووریی سەرمایەدارانە [دژەکەی کرێکارانە]؟

هەڵبەتە ئەوەش بڵێم، بەڕێز (حەسەنپوور) ناچاربووە، کە بیر لەوە بکاتەوە و هەوڵیداوە پارادۆکسی ” فازی یەکەم (سۆشیالیزم)” و “فازی دووەم (کۆمونیزم)” چارەسەربکات؛ کە هەردەم ئەوە پرسیاری بەردەوامی سۆشیالیستە دژەدەسەڵاتەکان بووە : ئەگەر سۆشیالیزم قۆناخی یەکەمی کۆمەڵی بێچین و چەوسانەوەیە، ئەدی بۆ یەکسەر کۆمونیزم نا و دەسەڵاتی پێشڕەو و دیکاتۆری سوور لەپێناو چی؟ هەرچەندە بەڕێزی هەوڵیداوە وەڵام بەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام بەداخەوە بە ئاراستەیەکی زۆر نالۆجیك و ئاوەژووتر ڕۆییشتووە. وێرای ئەوەی لۆجیك بەرەو ئەوەمان دەبات، کە کۆمەڵ یا سیستەمی سۆشیالیستی وەك هەموو کۆمەڵ و سیستەمەکانی پێش خۆی، کە بە سەرهەڵدانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی لە دەروونی کۆمەڵ و سیستەمی پێش خۆیاندا توانیویانە کۆمەڵ و سیستەمەکە بگۆڕن، هەر ئاواش سۆشیالیزم لە دەروونی کۆمەڵ و سیستەمی سەرمایەداریدا وەك ڕەتکەرەوەی سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی گۆڕینی شێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و داهێنانی شێوازی نوێی بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و هەنگاونان بەرەو کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و دواجار لە بەلایەکدا کەوتنی هاوسەنگی ململانێکەدا کێشەکە بە کۆتایی دەگات؛ ئەگەر زۆرینەی کۆمەڵ خۆڕێکخستن و ئامادەیی و داخوازیی و ویستی کۆمەڵ یا سیستەمی سۆشیالیستیان هەبێت، ئەوا کۆمەڵ و سیستەمی سەرمایەداری لە ڕووی ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی و ئابووریی و کولتووریی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە بوونێکی زیادە و ڕێگر و هێزی ڕەتکەرەوەی کۆمەڵایەتی وەلایدەنێت؛ ئیدی بە ڕاپەڕینی خوێناوی بێت یا بە مانگرتنی گشتی و ڕاگرتنی ژیانی سەرمایەدارانە بێت. هەروا ئەگەر زۆرینە مل بە سیستەم و ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتی چینایەتی بدەن و بیر لە گۆڕین و چارەسەر و دەربازبوون لە کۆیلەتی نەکەنەوە، ئەوا سەدان هەزار ساڵی دیکە [ئەگەر گۆی زەمین نەفەوتیت] سیستەمی چینایەتی بەردەوام و تۆکەمتر و چەسپاوتر و فراوانتر و تەنانەت دەکەوێتە پەلهاویشتن بۆ کۆمەڵەکانی دەرەوەی گۆی زەوی، ئەگەر لە ئارادابن و هەبن!

بەکورتی، بیستنی ئەو بۆچوونە خەیاڵی گیڕامەوە سەدەی ڕابوردوو و ئەو دەمەی کە گروپ و ڕێکخراوە ناسیونالیستەکانی وەك کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (کۆڕەك) و هەموو ڕێکخراوە مارکسیست لێنێنیستەکانی دیکە، لاوانێکی کەمئەزموونی وەك منیان بەو گوتەیە خۆشباوەڕدەکرد، کە دەیانگوت “بۆ ئەوەی جیاوازی چینایەتی لەنێوبەرین، پێویستە سەرەتا خەباتی ڕزگاریی نیشتمانی بکەین و کاتێك کە دەسەڵاتی ڕامیارییمان هەبوو، ئیدی لەوێوە خەباتی چینایەتی دژی بۆرجوازی دەستپێدەکەین“. ئایا ئەو بۆچوونە و بۆچوونی “سۆشیالیزم خۆی کۆمەڵێکی چینایەتییە” هیچ جیاوازییان هەیە، کە پێشمەرجی هەر دووکیان هەر بە دەسەڵاتگەییشتنی “پارتیی پێشڕەو” و بردنمان بەرەو کۆمونیزم بە بەخشینەوەی بەڵێنی سەرخەرمان؟ ئایا ئەو سۆشیالیزمە بێجگە لە سەرمایەداری دەوڵەتی سروشتوەرگرتوو لە پیشەسازییکردنەوەی وڵات بە پەیڕەویی ڕامیاریی و پلانەکانی(بیسمارك) هەر وەك لێنین و پارتەکەی پێیهەستان، دەتوانێت هیچی دیکە بێت؟

**************

تێبینی : دەقی دیمانەکە ڕاستەوخۆ و بەدواندنە، نووسینەوەی ئەو وەرگیراوە ” …” لەلایەن منەوە ئەنجامدراوە، هەڵبەتە نازانم ئەگەر بەخۆی بینووسیایە، چ ڕێنووسێکی بەکاردەبرد. هەروەها بەداخەوە ناتوانرێت لینکی ڕاستەوخۆی دیمانەکە دابنرێت، لەبەرئەوە لینکی کاناڵەکە دادەنێم و خوێنەری هێژا دەتوانێت لەنێو کاتاگۆری بەرنامەکاندا بەرنامەی (دیالۆگ) بدۆزێتەوە و پاشان لەسەر وتوێژی ڕێکەوتی ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤ کرتەبکات http://tvkomala.com/kurdi/

Karîkatêrî Soşyalîzm

Karîkatêrî soşyalîzm

Hejên
1î dêsemberî 2014

Berayî, dwênê şew berêkewt le erşîvî bernamekanî (komelle tîvî/ kanallî komelle) dîmaneyekî bernamey (dyalog)î rêkewtî 3î novemberî 2014 berrêz (emîrî hesenpûr) berçawkewt û mnîş be gringîpêdanêkî zorewe gwêm le tewawî dîmaneke ragrit, herçende sernic û rexnem leser zorêk le wellamekan û boçûnekanî ew berrêze heye, bellam le êsta leber kemîy kat û bwar tenya leser xallêk ya boçûnêkî dewestim, ewîş (komellî soşyalîstî)ye le rwangey ewewe.
*************

Berrêz emîrî hesenpûr le dîmaneyekda le bernamey (dyalog)î kanallî komelle/ komelle tîvî le wellamî yekêk le pirsyarekanda  gutî
… Her ewey dellêt asoyek hebêt, asoyekî borijwayî nebêt; asoyekî le rastîda komunîstî bêt. Çunke  amanc sosyalîzm nîye, amanc komunîzme. Ême nakrêt ew nîzamî çînayetîye lenawberîn. Her bllêyn sosyalîzman dewêt. Soşyalîzm xoy komellêkî çînayetîye. Druste ke lewêda çînî krêkar desellatî heye, bellam çînekan herwa demênnin, çînî komellayetî herwa be asanî lenawnaçin. Proseyekî brrêk drîjî heye û xebatî çînayetî dewêt, ke lenawbçêt. ….

Ber le her lêkdaneweyek bo boçûnekey berrêz (emîrî hesenpûr), hezdekem ewe bxemerrû ke bedîwêkda ew rast debêjêt, ke soşyalîzm komellêk ya sîstemêkî çînayetîye. Mnîş pêdagrî leser ewe dekem, bellam mebestim karîkatêre markisîstîyekeye bo soşyalîzm nek xudî soşyalîzm, wate lew soşyalîzme çînayetîyeda partîy pêşrew borcwa û serwere, tewawî çîn û twêjekanî komellîş prrolîtaryan, rêk ewey ke le ( rusîyey bolşevîkî)da dîtman !

Bellê katêk ke serwer hebêt, xobexo debêt jêrdestîş hebêt; lêreda pirsyarêk yexeman degrêt: le komellî soşyalîstîda eger krêkaran û zehmetkêşan [bewatey markisîstekan] serwern, edî jêrdest kêyye û ew dîktatorîye beser kêda pyadedekrêt?
Eger dellên beser borcwazîda; edî ke borcwazî hebû û pêgey abûrîy hebû, ku detwanîn lenêwan sermayedarî wek komellî çînayetî û soşyalîzm [be gutey hesenpûr ] komellêkî çênayetîye, cyawazî bkeyn û çon detwanrêt weha komellêk soşyalîstî ya dje borcwazî bêt? Min le pêkewehellkirdin û bûnî desellatî ramyarîy komunîstekan [xoyan watenî desellatî krêkaran] û desellatî abûrîy sermayedaran hawkatî yekdî û leser yekdî, tenya têrrwanîn û komellêkî efsaneyî debînim ya le baştirîn barda goranîyek wênadekem, ke awazekey hellperkêye  û hellbestekey şîwen û waweyla û qurpêwan!
Eger pêgey abûrîy û manewey borcwazî wek çînî komellayetî bmênêt, ku bwarî desellatî djekey [krêkaran] dedat? Edî berawrid bew wênakirdne çînayetîyekî soşyalîzm, çon nakrêt û guncawtirîş nebêt, bewe xoşbawerrbîn, ke le rêgey parlemanewe ya le rêgey amojgarîkirdin û arastekirdnî borcwakanewe berew soşyalîzm brroyn?

Herçende min her dû têrrwanîneke retdekemewe û be efsanebafîyekî tîorîyan debînim, bellam eger bwarî dîke  û çarey dîkeman nebêt û her ew dû hellbijêre leberdem mrovayetîda bo rizgarbûn lem sîstemî êsta learada hebin, be boçunî min ewa galltecarîyekey duwem awezgîranetre, çunke awez pesendî dekat, ke borcwazîyek heste mroyyekey berew bîrkirdnewey berêt, bellam hergîz awez pesendî ewe nakat, ke serxan desellatî pêşrrewanî krêkaran [komunîstekan] û jêrxan desellat û pêgey sermayedaran bêt!

Rastîyekey yekem care,  ke  min bîser ya bînerî dîmaneyekî berrêz (hesenpûr) debim, ke lebarey soşyalîzm û komellî dahatuwe dwabêt. Leberewe min wênayekî dîkem bo têrwanînî ew hebû û lew bawerreda nebûm, weha boçûnêkî bo soşyalîzm hebêt, ke be lêkdaewey min ew soşyalîzme tenanet şayanî nawhênanîş nîye nek têkoşan lepênaw hatnedîy! Çunke eger komellî soşyalîstî her çînayetî bêt û lewêşda her xerîkî “xebatî çînayetî” bîn, ey têkoşanî pêş ew soşyalîzme nawî çî debêt ya detwanîn çi nawêkî lê bnêyn?

Be boçûnî min, têrrwanînî dîtêrmînîstyaney soşyal-dêmokratekan [wek pende kurdîyeke debêjêt “serî ga le dollewe derdeçêt”] bewey serencam serî sermayedarî le soşyalîzmewe derdeçêt, awezgîrtre. Çunke belayenîkem pêwîst be xobekuştdan û zîndanîbûn û têkoşan û leserkarderkran nakat û sermayedaranî serwer wek komunîste serurekan, komell berew komunîzm deben û herweha têkoşanî bêhudey pêş “soşyalîzmî çînayetî”îş pêwîstinîye û îdî wze û twana û behre û bîroke û boçûnekanman bo ew kate helldegrîn û ewaneş ke birryare be pêşrewîy partîy komunîst xoyan bekuştibden, bextî jyanyan debêt û wek raberanî zîndû becorêk çêj le jyanî çînayetî deben!

Berrastî min hem le serdemî komunîstibûnimda û hem paş ewe zor pagendey karîkatêrî (partî pêşrrew) û ( fermandarîy û dewlletî krêkarîy û soşyalîstîy  wkomunîstî)mi bîstûn ya berçawkewtûn , bellam hîçkamyan hêndey em karîkatêre aweznegîr û nalocîkî nebuwe û nebûn; soşyalîzmêk ke birryare komellî yeksanî – azadî – dadperwerîy û hawbeşîy berhemênan – dabeşkirdin – birryardan  û komellayetîykirdnewey kertekanî berhemhênan bêt, çon detwanêt çînayetî bêt û çîne komellayetîyekan hêşta le arada bin û naçar be têkoşanî çînayetî djî hendêkyan bîn?
Çînî komellayetîy çîye? Aya çînî komellayetîy bebê pêgey abûrîy cyawaz û berter ya bêbeş detwanin bûnyan hebêt? Aya pêge û berterîy abûrîy bebê desellat  wserwerîy detwanêt bûnî hebêt? Eger krêkar desellatdare, îdî djekey çon detwanêt wek çînî komellayetî daray pêgey abûrîy, bûnî hebêt û hêşta çîn û twêjekanî prolîtarya wêrray desellatdarîy krêkaran naçar be têkoşan bin? Têkoşan djî kê û desellatî kê? Ey aya desellatî ramyarîy ya serwerîy çînayetî bebê pêgey abûrîy zall detwanêt bûnî hebêt? Aya eme bew serencameman nageyênêt, ke “desellatî krêkaran” tewawkerî pêgey nakok û cyawazî abûrîy sermayedarane [djekey krêkarane]?

Hellbete eweş bllêm, berrêz (hesenpûr) naçarbuwe, ke bîr lewe bkatewe û hewllîdawe paradoksî ” fazî yekem (soşyalîzm)” û ” fazî duwem (komunîzm) ” çareserbkat; ke herdem ewe pirsyarî berdewamî soşyalîste djedesellatekan buwe: eger soşyalîzm qonaxî yekemî komellî bêçîn û çewsaneweye, edî bo yekser komunîzm na û desellatî pêşrrew û dîkatorî sûr lepênaw çî?  Herçende berrêzî hewllîdawe wellam bew pirsyare bdatewe, bellam bedaxewe be arasteyekî zor nalocîk û awejûtir royîştuwe. Wêray ewey locîk berew eweman debat, ke komell ya sîstemî soşyalîstî wek hemû komell û sîstemekanî pêş xoy, ke be serhelldanî  abûrîy û komellayetîy û kultûrîy le derûnî komell û sîstemî pêş xoyanda twanîwyane komell û sîstemeke bgorrn, her awaş soşyalîzm le derûnî komell û sîstemî sermayedarîda wek retkerewey serhelldedat û debête hoy gorrînî şêwey peywendîye komellayetîyekan û dahênanî şêwazî nwêy berhemhênanî herewezîy û hengawnan berew komellayetîykirdnewey kertekanî berhemhênan û dwacar le belayekda kewtinî hawsengî mlimlanêkeda kêşeke be kotayî degat; eger zorîney komell xorrêkxistin û amadeyî û daxwazîy û wîstî komell ya sîstemî soşyalîstyan hebêt, ewa komell û sîstemî sermayedarî le rûy rêkxistinî berrêweberayetîy û abûrîy û kultûrîy û rêkxistinî komellayetîyewe debête bûnêkî zyade û  rêgir û hêzî retkerewey komellayetî welaydenêt; îdî be raperrînî xwênawî bêt ya be mangirtnî giştî û ragirtnî jyanî sermayedarane bêt. Herwa eger zorîne mil be sîstem û rêkxistin û berrêweberayetî çînayetî bden û bîr le gorrîn û çareser û derbazbûn le koyletî nekenewe, ewa sedan hezar sallî dîke [eger goy zemîn nefewtît]  sîstemî çînayetî berdewam û tokemtir û çespawtir û frawantir û tenanet dekewête pelhawîştin bo komellekanî derewey goy zewî, eger le aradabin û hebin!

Bekurtî, bîstinî ew boçûne xeyallî gîrramewe sedey raburdû û ew demey ke grup û rêkixrawe nasîwnalîstekanî wek komelley rencderanî kurdistan (korrek) û hemû rêkixrawe markisîst lênênîstekanî dîke, lawanêkî kemezmûnî wek minyan bew guteye xoşbawerrdekrid, ke deyangut “ bo ewey cyawazî çînayetî lenêwberîn, pêwîste sereta xebatî rizgarîy nîştmanî bkeyn û katêk ke desellatî ramyarîyman hebû, îdî lewêwe xebatî çînayetî djî borcwazî destipêdekeyn “. Aya ew boçûne û boçûnî “ Soşyalîzm xoy komellêkî çînayetîye.” hîç cyawazîyan heye, ke pêşmercî her dûkyan her be desellatgeyîştinî “partîy pêşrrew” û birdinman berew komunîzm be bexşînewey bellênî serxerman? Aya ew soşyalîzme bêcge le sermayedarî dewlletî sruştwergirtû le pîşesazîykirdnewey wllat be peyrrewîy ramyarîy û planekanî(bîsmark) her wek lênîn û partekey pêyhestan, detwanêt hîçî dîke bêt?

**************
Têbînî : deqî dîmaneke rastewxo û bedwandne, nûsînewey ew wergîrawe ” …” lelayen mnewe encamdrawe, hellbete nazanim eger bexoy bînûsyaye, çi rênûsêkî bekardebrid. Herweha bedaxewe natwanrêt lînkî rastewxoy dîmaneke dabnirêt, leberewe lînkî kanalleke dadenêm û xwênerî hêja detwanêt lenêw katagorî bernamekanda bernamey (dyalog) bdozêtewe û paşan leser witwêjî rêkewtî 3î novemberî 2014 kirtebkat hittp://tivkomala.com/kurdi/

پیلانی دروستکردنی جەنگ و دوژمنایەتی لەنێوان کوردان و عارەبان

پیلانی دروستکردنی جەنگ و دوژمنایەتی لەنێوان کوردان و عارەبان

هەژێن
٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤

ئەگەر سەرنجی ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی بدەین ڕاستییەکی پشتپەردەمان بۆ ئاشکرادەبێت؛ هەوڵدانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) بۆ نیشتەجێکردنی خانەوادەی عەرەبزمان لە جێی کوردانی دانیشتووی موسڵ و شوێنی شەبەك و کاکەیی و ئیزدییان، هەروەها لەنێوخۆی کوردستانیشەوە دژایەتی و هەڕەشە و هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە بۆ دەرکردنی ئاوارە عەرەبزمانەکان و تەنگاوکردن و کردنیان بەهۆکاری ڕووداوەکان و نەهامەتییەکان، دوو جەمسەری تەواوکەری ئەو پیلانەن.

ئەگەر هەر کەسێك بەبێ پاشرەویی پاگەندە و لێکدانەوەی میدیای زاڵ و ئایدیۆلۆجیاکان، بە وریاییەوە سەرنجی ئەو دوو هەوڵانە بدات، ئەوا یەك ڕاستی دەردەکەوێت، ئەویش هەبوونی پەیوندی نێوان ئەو دوو هەوڵەیە و گەڕانەوەیانە بۆ یەك سەرچاوە؛ کێ بەرژەوەندی لە دروستکردنی وەها جەنگ و کینەدۆزییەكدا هەیە و کێ دەتوانێت سوودبەر بێت؟

ئەوەی تا ئێستا من لە چاودێریی ڕووداوەکان و هەڵوێستەکان و دەربڕینەکانی دەوڵەتان و ڕامیاران و کارکردنی پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە تێگەییشتبم، بەڵگەکان ئاماژە بە هەبوونی پیلانگێریی دەوڵەتی تورکیە لە پشت ئەو هەوڵانەوە نیشاندەدات؛ هەموو کەس دەزانێت هێزەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە کۆمەك وەردەگرن و هەروەها گروپە نەژادپەرست [ڕەیسیست]ەکانی هەرێم دەستێکی شاراوە دنەیاندەدات، زۆر ئاسایی دەکرێت دیسانەوە ئەو دەستە شانەکانی دەزگەی سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیە [میت] بن، کە لە ساڵی ١٩٩١ لە عیراق وهەرێمی کوردستاندا لەژێر چەندین دەمامکدا خۆیان شاردووەتەوە؛ لەوانە کەوانەی سووری تورکیە، ڕێکخراوە ڕامیارییە تورکمانە پڕۆ-تورکییەکان، لەشکری کڵاوشینی تورکیە لە بامەڕنی، بەڕێوەبەران و مامۆستایانی باخچەی ساوایان و خوێندگە و دانشگە تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمەلێك وتارخوێنی مزگەوتەکان، چەند کەناڵ و سایت و بڵاوکراوەیەکی میدیای کوردی ..تد.

لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و کوردان بەتایبەتی زۆر وریانەبن، ئەوا بەگوێرەی ئەو هەوڵانەی کە بۆ دروستکردنی جەنگ و کینەدۆزیی و ئاژاوەکان دەدرێن، مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگی ئێتنیی نێوان کوردان و عەرەبان لە مانگان و ساڵانی داهاتوودا ئەگەرێکی زۆر دوور نابێت و لە ڕوودانی وەها ئەگەرێکدا بێجگە لە مسۆگەربوونی بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیە و بەهێزبوونی ڕەوتە ناسیونالیست و ڕەیسیست و مەزهەبییەکان و وێرانبوونی هەرێمی کوردستان و عیراق بەگشتی هیچی دیکە بەرهەمناهێنێت و هەروەها کاراکتەرە چالاکەکانی دروستکردنی وەها جەنگ و ئاژاوەیەك، گروپ و تاکە ناسیونالیست و مەزهەبییەکانن و چ بخوازن و چ نەخوازن، ئەوان ‘في سبیل اللە” ڕۆڵی بەکرێگیراوێکی دەوڵەتی تورکیە دەبینن!

ئایا لە دەرەوەی ڕەوتی مێژوو، شوناسە کولتوورییەکان بوونیان هەیە؟

١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤

بەر لەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، پێویستە سەرنجی گوتارە باوەکانی میدیای زاڵ یا میدیای هۆش-خەسێن بدەین ” پیاو بوونی ژن لە نێوگەڵیدا کورتدەکاتەوە” ، “پیاو ژن وەك ڕۆبۆتی ماڵخاوێنکەر و ئاشپەز دەبینێت” ، ” پیاو … پیاو … پیاو” …تد، ئایا بەڕاستی پیاو ئاوای دەبینێت یا کولتوورەکان و سیستەمە ڕامیارییەکان؟

هەڵبەتە ئەگەر بگوترێت فڵانە کەس و فلانەکەس و فڵانەکەس، هیچ گرفتێك لە تێڕوانین و دەربڕینەکەدا نامێنێت، بەڵام چەکمەجەسازیی و ئاخینی هەموو ژنان، هەموو پیاوان، هەموو عەرەبان، هەموو ئیزیدییان، هەموو نێرەمووکان، هەموو ڕەشپێستان، هەموو کورتەباڵایان، هەموو کوێران، هەموو و هەموو بۆ نێو چەکمەجەکانی گشتگیرکردنی دیاردەیەك یا ڕەفتار و هەڵویست و بیرکردنەوەەیەك، بێجگە لەوەی کە نیشانەی تێنەگەییشتنە لە سەرهەڵدانی مێژوویی دیاردەکان و سووکایەتی بە دەستە یا توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵ، تەنیا کاردانەوەی نیگەتیڤ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی ڕوخاندنی هەموو پردەکانی دیالۆگ و لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەستی هاودەردیی و هاوئامانجیی ستەملێکراوان و دابەشکردنیان بەسەر دەستە و بەرەی دژ بەیەك، کە لەو بارەدا بێجگە لە ئاسانکاریی بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتداران بەسەر ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیەکدا، تا ئێستا هیچی دیکەی بەرهەمنەهێناوە و ناشهێبێت.

با بۆ تێگەییشتن لە دیوی شاراوەی پرسەکە، لەم پرسیارە سەرتایییەوە دەسپێبکەین؛ ئایا ئەو کەسانەی کە بە دەستەواژەکانی گشتگیرکردنی دیاردە و ڕەوشت و بیرکردنەوە و تیڕوانینەکان بەسەر دەستە و توێژ و پێکهاتە ڕەگەزیی، نەژدادی، زمانیی و ئایینی و ..تد دەست بە لێدوان لەسەر پرس و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئابووریی و ڕامیارییەکان دەکەن، هیچ کات بیریان لەوە کردووەتەوە، کە لە وەها کۆمەڵیکدا [بەگوێرەی چەکمەجەسازییەکانی ئەوان لە کۆمەڵدا] ژن خۆی چۆن دەبینێت و چۆن خۆی وێنادەکات و چۆن کاراکتەری خۆی بەرجەستەدەکات و چەند بە ئاراستەی دژەتەوژم یا دژەباویی وێناکانی پیاوسالاری، ڕەوتیکردووە؟

ئەوانەی کە هەمیشە پەنجەی تاوان بۆ پیاو وەك کاراکتەرێکی هاتووی دەرەوەی کۆمەڵ یا دەرکەوتەیەکی نامۆ بە ژنبوون وێنادەکەن، هەرگیز نایانەوێت وەها پرسیارێك لە ژنان بکرێت و ژن لەخۆی بیکات، چونکە لە پەیداکردنی وەها وەڵامێکدا ژن لە کاراکتەرێکی دەستەمۆ و نائومێد و بڕوابەخۆنەبوو و پاشڕەوەوە دەگۆڕدرێت بە کاراکتەرێکی خودئەندێش، چالاك و دەربەست، کەسێك کە چیدی لە دەرەوەی بیرکردنەوە و توانا و خەونە سروشتییەکانی خۆی لەدوای وەڵامەکان ناگەڕێت و چیدی ئامادەنییە نائومێدانە چارەنووسی خۆی بەڕێکەوت [لوحة المحفوظة] یا دەستەبژێرە فریادڕەس-خۆناسینەکان بسپێرێت!

چونکە وەها هاندانێك لەدوای وەڵامە پەردەپۆشکراوەکان، ئاژاوە و پشێوی دروستدەکات، ئاژاوە و پشێوییەك، کە بواری کایەی میانیجگەرانەی دەسەڵاتخوازانی تێدا نامێنێتەوە! مەیدانێك بۆ کایەی دەسەڵاتخوازانەی دەستەبژێرێك لە ژنان کە بەناوی گەڕانەوە بۆ ڕەگەز [فێمینیزم]، کە واوەتر لە ڕامیاران ژنان بۆ پشتبەستن بە دیگەران بانگەوازدەکات، نامێنێتەوە. هۆکارەکەش زۆر سادەیە، وەها دەستەبژێرێك هەروەك دەسەڵاتخوازانی دیکە هۆشمەندیی بە تایبەتمەندیی کەمینەیەك لە دەرکەوتووان یا ئەوانەی بواری دەرکەوتنیان بۆ ڕەخساوە دەزانن و لەو دەستپێکەوە خۆیان وەك ڕزگارکەری دیگەران دەناسێنن و تەنانەت هەر بەڕاستی خۆیان لێ دەبێتە وەها کاراکتەرێکی ناوازە، وەك ئەوەی کە دیگەران هەرگیز توانانی گەییشتن بە پلە و ئاستی هوشیاری ئەوانی نەبێت!

ئێستا با بگەڕێینەوە سەر سەردێڕی بابەتەکە، بەبێ ئامادەیی ژنان بۆ وەها ڕۆڵێك، بەبێ ملدانی ژنان بە وەها بیرکردنەوەیەك، بەبێ ڕەزامەندیی یا پێداگریی خۆبەخشانەی ژنان بۆ پەسەندکردنی وەها وێنا و شوناس و کاراکتەرێکی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی، ئایا پیاو دەتوانێت ژن بۆ ئەو مەبەستەکانی خۆی کۆیلە بکات؟ لە کاتێکدا کە پیاو منداڵی ژنە، برای ژنە، باوکی ژنە، مامی ژنە، خاڵی ژنە و تەنیا لە دوا قۆناخدا دەبێتە مێردی [یەزدانی] ژن و حەزە دەسەڵاتخوازیی و ملهوڕیی و سێکسیی و تەمەڵییە کولتوورکردەکانی بەرەو کوتەککاریی یا زنجیرکردنی ژن پاڵیپێوەدەنێن! ئایا دەتوانین بڵێین پیاو وەك شوناسێکی کولتووریی دیاردەیەکی نامۆیە و لە ئاسمانەوە باریوە؟ ئایا داپیرەژن و دایكەژن و خوشكەژن و خاڵۆژن و مامۆژن و میمكەژن و مەلاژن و سەیزادەژن و ژنانی خێڵ و هاوسێ و مامۆستاژن و بەڕێوەبەرژن هیچ ڕۆڵیان لە پاراستن و واوەتر هێشتنەوەی شوناسی کولتووریی (پیاو)دا نییە؟ ئایا ئەگەر ئەو ژنانە [بێجگە لە کاراکتەرە کۆیلەکەی/ژنەکەی] دژی وەها شوناسێك بن و نەخوازن پیاوی ساوا و منداڵ و هەرزەکار ببێتە کوتەکی کولتووریی و ئابووریی سەر سەری خۆیان، کێ ئەو ئەرکە لە ئەستۆدەگرێت، لە کاتیكدا کە پەروەردەی منداڵ و فێرگەی یەکەمی منداڵ دایك و مامۆستایی دایکە؟ ئەگەر ژنانی پەروەردەکەر و بارهێنی پیاو، کیژۆڵەکانیان خەتەنەنەکەن بۆی، لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا کە پەیوەندی سێکسیی یەکێکە لە تابووە هەرە گەورەکان و بەبێ ڕێکەوتنی ئابووریی و کولتووری هەگیز ڕوونادات، کێ بە ئەرکی خەتەنە [کوشتن و دەستەمۆیی سێکسیی ژنان]، کە دیاردەیەکی کولتووریییە هەڵدەستێت؟

پاش وەڵاموەرگرتنەوەی ئەو پرسیارانە، ئەی بەبێ ئامادەیی و ملدانی ژنان بە پاوانکردنی دەسەڵات و چەپاوڵی ئابووریی لەلایەن پیاوەوە چ لە سنووری دەوڵەتە بچووکەکەی پیاوان لە خێزاندا و چ لە سنووری دەوڵەتە گەورەکەی ڕامیاران لە کۆمەڵدا کێ دەتوانێت وەها دەسەڵاتێك بۆ کەمینەیەکی خود-ناکۆك مسۆگەر و دابینیبکات، لە کاتێکدا کە پیاوان بەبێ کاری ژنان و هاریکاریی ژنان هەرگیز ناتوانن لە خێزان و هەم لە کۆمەڵدا تەواوی کارەکان ئەنجامبدەن و تەواوی پێداویستییەکانی خۆشیان دابینبکەن؟ ئەم پرسیارە لەبارەی پەیوەندی نێوان کۆیلە – کۆیلەدار، جوتیار- فیئۆداڵ، کرێکار – سەرمایدار لە چۆنیەتی مانەوە و ڕێفۆرم و پاراستنی وەها سیستەمێکی ئابووریی-ڕامیارییدا دروستە و وەڵامەکەی دەتوانێت بە هەمان سەرەنجاممان بگەیێنێت و ئاسۆیەکی ڕۆشن بخاتە بەرچاومان و دەتوانین بە ڕۆشنی لێکچوونی ڕۆڵی پارتییەکان و دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی نێو ژنان ببینین و لەوەش واوەتر سرووشوەرگرتنی ژنانی دەسەڵاتخواز لە ئەزموونی چۆنیەتی بەدەسەڵاتگەییشتن و دەسەڵاتداریی پیاوان و میکانیزمەکان و ئامرازەکان و هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی دەسەڵاتیان بە قۆستنەوەی ناهوشیاریی ناڕازییانی ڕەگەزەکە، چینەکە، گەلەکە و ..تد!

باشە کاتێك کە پیاو وەك کاراکتەرێكی پەروەردەی کولتووریی و دەسەڵاتی ئابووریی و دەسەڵاتی کولتووریی و گەمەی ڕامیارییکردن نەتوانێت لە دەرەوەی کۆمەڵ و ڕێکەوتنە کولتوورییەکانەوە بوونی هەبێت، ئەدی چۆن دەتوانێت لە دەرەوەی ڕەوتی مێژوودا وەك کاراکتەرێکی چالاك بوونی هەبێت و نیوە بنچینییەکەی کۆمەڵ بەبێ خواستی خۆدی، بخاتە ژێر ڕکێفی ملهوڕیی دەرەکیی [ئاسمانیی] خۆی [پیاو]؟

کاتێك ئەو وەڵامانە بەدەستدەهێنین، ئیدی تێگەییشتن لەوە ئاسانە بۆچی بەراورد بە دوادەهەی سەدەی ڕابوردوو، کە ڕەشەکوژیی ژنان تێیدا بوو بە دیاردەیەکی زاقی کۆمەڵ و پاساویی دەمارگیرانەی ناسیونالیستی [کوشتنی ژنانێك کە گوایە بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعس بوون] و پاساوی ئایینی [هەرچەندە کۆمەڵی کوردستان لە سەدەی پێشوودا ئایینیتر بوو] بۆ دەهێنرایەوە، ئێستا ژنان زیاتر دەکوژرێن و زیاتر ستەمیان لێدەکرێت و دەچەپێندرێن؟ لێرەوە لەتەك کۆمەڵێك پرسیاری دیکەدا ڕووبەڕوودەبین؛ ئەی ڕۆڵی ئەو هەمووە ڕێکخراوانە بەناوی ژنانەوە، ئەو هەمووە پیاوە بە فێمینیستبووە، ئەو هەمووە ناڕەزایەتییانە چی بووە؟ ئەی ڕادەی هوشیاربوونەوە و یاخیبوونی خودی ژنان لەو شوناسە کولتوورییە چەندە، ئایا توانیویانە سنوورەکانی ڕەگەز [ژنێتی] وەك شوناسێکی پلەدووی کولتووریی و پێگەیەکی پلەدووی ئابووریی لە ئاوەزی خۆیان و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە کولتوورییەکان و کەتواری کۆمەڵدا و هەروا لە ئاوەزی نەوەکاندا کە لە منداڵدانییەوە تا چوونە فێرگە، یەکەمین ماسۆستا و پەروەردەکاریەتی، ببەزێنن و بوونێکی دیکە بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن؟ ئەگەر وەڵام نەرێیە، ئەدی ڕێگرەکان چی بوون و سەرچاوەیان چییە؟ ئایا لە ماوەی بزاڤی چەکداری و ساڵانی پاش ڕاپەڕین، کە بڕیاربوو ئەو دوو ڕووداوە بگۆڕی کۆمەڵەکەمان بن، توانیومانە هۆکارەکان بناسین و کار لەسەر وەلانانیان بکەین؟ ئەگەر نا، بۆچی و دیسانەوە چی ڕێگربووە لە هەستان بە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ناسینی ڕێگرەکان و سەرچاوەی هێزیان؟

بە ئاراستەکردنی ئەم پرسیارانەی کۆتایی دەخوازم بگەڕێمەوە سەر ڕۆڵی دەستەبژێری دەسەڵاتخواز لەنێو خودی ژناندا، کە لاقێکی لە کایەی پارتایەتیدایە و لاقەکەی دیکەی لە کایەی بەدەستهێنانی بەرتەریی ئابوورییدایە لە ڕێگەی شووکردنەوە [شووکردن* نەك هاوسەرییکردن]، تەنانەت ناتوانێت و نەیتوانیوە بە ئاستی ژنە جوتیارێکی ناڕازی ناهوشیار لەسەر سنووری کەسایەتی پێداگرییبکات و ورەی یاخیگەرانەی هەبێت؛ کاتێك کە ژنێکی گوندی ئامادەنییە ژنێکی* دیکەی بەسەردا بێت یا بەسەر ژنێکی دیکەدا شووبکات و تا ڕادەی جەنگ و بەرەنگارییکردن ئامادەیە هەموو شت لەدەستبدات، بەڵام ئامادەنییە کەسایەتی لەدەستبدات، کەچی لە دەهەی دووەمی هەزارەی سێیەمدا لە کۆنترین شارەکانی کوردستانی بەشی عیراقدا ژنانێك لە دەستەبژێری دەسەڵاتخواز بەناوی چالاکی بزووتنەوەی ژنان و وەك قسەکەری فێمینیزم لەو هەرێمە، ئامادەن لەپێناو دەستکەوتی ئابوریی شوو* بە پیاوانی دەوڵەتمەند، دەسەڵاتدار و ناوبانگدار بکەن یا ئامادەن بۆ پلەیەکی پارتیی و دەسەڵاتیی سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی داخوازییەکانی بزووتنەوەی ژنان و ڕێز و کەسایەتی خۆشیان بڕیاربدەن و مل بۆ ڕێسا کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەکان کەچبکەن. ئایا ئەمە شیاوی هەڵوێستەکردن و وردبوونەوە و لێکدانەوە و تێگەییشن نییە؟

لێرەدا من خۆم لە وەڵامدانەوە لادەدەم و نامەوێت لەوە زیاتر لەسەر پرسیارەکان بوەستم، چونکە ئەوەیان ئەرکی نووسەر نییە، بەڵکو ئەرکی خوێنەری چالاکە و پرسیار تەنیا پردێکە بۆ دیالۆگ و بەشداریکردنی خوێنەر لە گەییشتن بە ئامانجەکە، کە لێرەدا دۆزینەوەی ئەو هۆکار و ڕێگرە بنەڕەتییانەن، بەبۆچوونی من، بەهێزی دەسەڵاتی کولتووریی و دەسەڵاتی ئابووریی بەر لە دەسەڵاتی ڕامیاریی پشتئەستوون. لەبەرئەوە تەنیا هەوڵدەدەم بە بەراوردکردنێکی خێرا کۆمەك بە ڕۆشنکردنەوەی زیاتری پرسیارەکان بکەم. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین سەرنجی گۆڕانە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە بروسکە-ئاساکانی هەرێمی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” بدەین، بەپێچەوانەوەی دەرکی دەستەبژێرە دەسەڵاتخواز و ناسیونالیست و نیئۆلیبراڵەکانەوە، کە پلەدوویی ژنان لە کۆمەڵدا تەنیا بۆ ڕۆڵی ئایینێکی دیاریکراو؛ زاڵبوونی کولتووری خێڵایەتیی ئێتنییەکی دیکە [عەرەب] لە ڕێگەی زاڵبوونی ئایینی ئیسلامەوە [بە تێڕوانینی ئەوان]؛ بە پێشمەرج-زانینی پێشکەوتنی ئابووریی و تەکنەلۆجی و مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵ بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و پلەدوویی ژنان؛ یا گێڕانەوەی کۆی هۆکارەکان بۆ نەبوونی بەشداریکردنی ژنان لە دەسەڵاتی ڕامیارییدا ** دەگیڕنەوە، ئەو چوار تێز و تێڕوانینە هیچ بوارێك بۆ ڕۆڵ و چارەنووسازیی گۆڕانی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵ و کارایی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکی هوشیارانەی بواری کولتووریی ناهێڵنەوە، لە وەها بەراوردکردنێکدا دەبینین ئەوەی کە لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتیی گەلیی “ڕۆژاوا”دا بە پشتبەستن بە دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ بە سێ (٣) مانگ دەبێتە کەتوار و بەشێك لە کولتووری ڕۆژانەی زۆرینە، لە سایەی سیستەمی فەرمانداریی [حکومەتی] بۆرجوازیی پشتبەستوو بە پارلەمان بە سێ (٣) دەهە توانای ئەنجامدانی نییە، هەڵبەتە لێرەدا مەبەست لە سیستەمی پارلەمانیی عیراق و کوردستانی بەشی عیراق نییە، بەڵکو مەبەست لە سیستەمی پارلەمانییە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، کە لە هەڕەتی دەوڵەتی بۆرجوازی [نەتەوەیی]دا بە پشتبەستن بە دێمۆکراسی پارلەمانی بۆ خۆسەپاندن و جێگیربوون وەك سیستەمێکی جیهانی، لە بەرانبەر دەسەڵاتی کلیسا و هەڕیمیی خانزادەکان ناچار بە ڕادیکالبوون بوو.

وەك دەزانین لە کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا”دا بێجگە لە ئێتنیی کوردان، ئێتنیی دیکەی وەك عەرەب، تورکمان، …تد هەن وکاراییان لەسەر یەکدی هەیە، ئایین و مەزهەبی جیاواز هەن و کاراییان لەسەر کۆی کۆمەڵ هەیە، هەروەها ئەوە تەنیا ژنانی کورد نین، کە چەکیانهەڵگرتووە و شانبەشانی پیاوان یا ڕاستر بڵێم پیاوان شانبەشانی ژنان بەرەنگاریی ڕەوایەتی ئایینی و کولتووری کۆیلەگەر دەبنەوە، هەروەها لە بوارەکانی دیکەی ژیانی (ئاسایی)یشدا ژنان چ کورد و چ ناکورد هەنگاویانناوە، بەواتایەکی دیکە پلەدوویی و ژێردەستەیی و ستەم لە ژنان دیاردەیەکی هاوردەی دەرەوەی کۆمەڵی کوردستانی بەشی عیراق نییە، هەر ئاوا کە ئازادیخوازیی و جەنگاوەریی ژنان لە “ڕۆژاوا” تەنیا تایبەتمەندیی ئێتنیی کوردان نییە. ئایینی ئیسلام زیاتر لە کۆمەڵی عیراق بەگشتی، لەوێش ئامادەیی هەیە، هەرێمی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” لە ڕووی ئابووریی و تەکنۆلۆجیشەوە لە “هەرێمی کورستان” و عیراق پێشکەوتووتر نییە و کۆمەڵەکان بەراورد بە کۆمەڵی “هەرێمی کوردستان” مۆدێرنیزە *** نەکراون و هەر ئاواش ژنانی ئەوێش تا دوو ساڵ لەمەوپێش لەژێر دیکتاتۆرترین سیستەمی ناوچەکەدا دەژیان، کەواتە هیچ یەك لەو هۆکارانەی یا پێشمەرجانەی کە دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان یا ڕیفۆرمیستەکان بۆ ڕزگاری ژنان لە ستەمی ڕەگەزیی قوتیاندەکەنەوە، ئەو کاراییە چارەنووساز و یەکلاکەرەوەیان نییە!

ئەدی جیاوازییەکە و ئەو هەنگاوانەی کە لەوێ بەو بروسکەئاساییەی دوو ساڵ نراون و لە هەرێمێکی وەك کوردستانی بەشی عیراقدا لە ٢٣ ساڵدا نەتوانراوە یا نەویستراوە بنرێن، کامانەن؟

بە بۆچوونی من، ئەمە کڕۆکی پرسەکەیە و لێرەوە دەتوانین هۆکاری ئاوەژوو یا بەرەودوا هاژووژتنی شەمەندەفەری گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵی “هەرێمی کوردستان” دەرکبکەین یا بدۆزینەوە. بەواتایەکی دیکە پێویستە سەرنجمان بخەینە سەر ئەو هەنگاوانەی کە ژنان و دەستە ڕۆشنگەرەکان لەوێ لە کانتۆنەکان هاویشتوویانن و ئەو کاراییە ئەفووسناوییەکان لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا من لەبەر درێژترنەبوونەوەی بابەتەکە و خۆلادان لە درێژدادڕیی، خۆم لە لێدوانی تەسەل لەبارەی ئەو هۆکارانەوە لادەدەم و تەنیا ئاژامە بە سەردێرەکانیان دەکەم و هیوادام چالاکانی بواری خەباتی جەماوەریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتی لە مەیدانەکانی تێکۆشان دژی ستەمی ڕەگەزیی هەر لە هۆنراوەوە تا دەگاتە شانۆیی گەڕۆك و گروپە خۆجێیی و گەڕەکییەکان و ڕێکخراوە پیشەییە سەربەخۆکان و نێوەندەکانی کار و چالاکی هاوبەشی هەر دوو ڕەگەزەکە و پەروەردەی نەوەی نوێ هەر لە ساواییەوە تا هەرزەکاریی و تا دەگاتە ئامێتەکردنی ئەو تێکۆشانە هەمەلایەنە بە شێوازەکانی خەباتی ڕاستەوخۆی وەك نافەرمانی سڤیلی و داگیرکردنی نێوەندەکانی بڕیاردان و کردنەوەی یانە و نێوەندە کولتووریی و هونەریی و کۆمەڵایەتییەکان چ بۆ خودی ژنان و چ بۆ بەشداریی هەردوو ڕەگەزەکە لەبەرچاوبگرن و سەرنجی کارایی ئەرێنییان بدەن. بەکورتی و بە کوردی لە کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” بە پێچەوانەی “هەرێمی کوردستان” و کۆمەڵەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهانیش، هەنگاونانی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دروستکردنی گۆڕانی ڕێشەیی بەواتای گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی لە خوارەوەرا لە کۆڕ و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەرەنگاریی، لە ڕێکخستن و پێکهێنانی یەکەکانی کۆمەڵی نوێدا کار بۆ ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە کراوە؛ بۆ نموونە لەوێندەرێ لەجیاتی داواکردنی یاسایەك لە دەسەڵاتداران بۆ بەرگرتن بە ستەم و توندوتیژی بەرانبەر ژنان، ئەوان [ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز] لە نێوەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییدا دوو ساڵ بەر لە دەرکردنی یاسای یەکسانی ڕەگەزەکان و پشتیوانی لە ژنان لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتی کانتۆنەکانەوە، هەنگاو بە هەنگاو، خاڵ بە خاڵ کاریان بۆ کردووە، دژی ژن بە ژن، گەورە بە بچووك، مارەیی، فرەژنیی، توندوتیژیی، کوشتنی ژنان بەپاساوی شەرف و نامووس، دژی کەنارخستنی ژنان لە بوارەکانی بەڕێوەبەردنی کۆمەڵ، دژی هەراسانکردنی ڕەگەزیی و دژی میدیا و بڵاوکردنەوەی ئایدیلۆجیا کۆنەپەرستەکان، تێکۆشاون و ئەوەی لەم ڕۆژانەدا بیستمان بەرەنجامی ئەو تێکۆشانە کۆمەڵایەتییە بوو، کە سێ ساڵە گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە بچووکترین یەکەی کۆمەڵدا خستووەتەگەڕ.

بەڵام با بەویژدانەوە بەبێ دەمارگیریی و شاردنەوەی کەموکوڕییەکانمان سەرنجی ئەو کارانە بدەین، کە لە “هەرێمی کوردستان”دا بۆ نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردن و پلەچەندی ژنان ئەنجامدراون، داواکردنی یاسایەك لە دەسەڵاتداران، نامەناردن بۆ جۆرج بوشی کوڕ و ئۆباما، دروستکردنی ڕێکخراوە و نێوەند بەناوی ژنانەوە بۆ ڕاکێشکردنی ژنان بۆ ئەندامەتی پارتایەتی و دەنگدان بە چەوسێنەرانیان، پاساودانی نامووسپەرستی، پاساودانی دەستێوەردانی پیاوانی ئایین لە بەرێوەبەردنی کۆمەڵ و یاسا و ڕێساکان، دروستکردنی ڕێکخراوەی پارەپەیداکردن بۆ گەشتوگوزاری سەرانی ڕێکخراوەکان، بەرزکردنەوەی دروشمی بریقەداری بێبنەما لە هۆڵی کۆنگرەی پارتییەکاندا، ئەگەر لە یەك ڕستەدا هەموو ئەوانە کورتبکەمەوە، ئەوا دەکاتە پاشڕەوکردنی ژنان بۆ دەستەبژێرێکی ڕامیار لەنێو ژناندا بەناوی ڕابەر و فریاگوزار و ڕۆشنبیر، کە دیوەکەی دیکەی واتە بێتواناکردن و بێئاوەزکردن و ناڕۆشنبیرکردن و کەمهۆشکردنی ژنان بەگشتی و ژنانی پاشڕەو و خۆشباوەڕ بەتایبەتی. ئەمەش لەتەك پرسیارێکی هەردەم یەخەگیر ڕووبەڕووماندەکاتەوە؛ ئایا هەموو ئایینەکانیش هەر هەمان تێڕوانینی ئەو دەستەبژێرانەیان نییە، کە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن؛ ژنان بەخۆیان لاواز و کەمهۆش و بێئاوەزن و پێویستییان بە سەروەریی و ڕێنوێنی و ڕابەریی ئەوان [دەستەبژێرەکان] هەیە؟

*************************************************

* لێرەدا ئاگایانە و بە مەبەستەوە ئەم دەستەواژانە [ژن بەسەرهێنان ، شووکردن] بەکاردەبەم، چونکە ناکرێت فرەژنی بخرێتە خانەی هاوسەری یا ئەوینداریی.

** لە تێروانینی مندا دەسەڵاتی ڕامیاریی یەکساننییە بە خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی، چونکە دەسەڵاتی ڕامیاریی هەمیشە دەسەڵاتێکی سەروخەڵکییە و سیستەمێکی ناسروشتییە، کە تەنیا بە چەپاندن و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی و بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ دەتوانێت خۆی بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنێت و هەموو توانایەك و سەربەخۆییەك و بڕوابەخۆبوونێکی کۆمەڵایەتی لە تاك بسێنێت و ئەو باوەڕە لە لای تاکی ژێردەست دروستبکات، کە بەبێ وەها سیستەمێکی سەرووخەڵکی ناتوانرێت ژیان لە کۆمەڵدا بەردەوامبێت …

*** [مۆدێرنایزەکردن] بەواتای ڕەوتکردن لەتەك بنەما ئابووریی و کولتووریی و ڕامیارییەکانی سیستەمە جیهانییەکە؛ سیستەمی سەرمایەداریی.

خوێنەری هێژا لە هەندێك ڕستەدا ناچاربووم لە ڕاستەکەوانە […]دا ڕۆشنکردنەوە بنووسم، ئەگەر هاتنەپێشی ئەو کەوانانە تێگەییشتن سەختدەکات یا پچرانی هێڵی خوێندنەوە دروستدەکات، بە ئاسانی دەتوانیت بەسەر کەوانەکاندا بازبدەیت، چونکە هیچ گۆڕانێك لە واتای ڕستەکەدا دروستناکات.

وەڵام بەو هێزە ڕامیاریی و ئایینی و كولتووریەی كە لە پشت مەلا كامەران خۆی حەشارداوە

وەڵام بەو هێزە (ڕامیاریی) و (ئایینی) و (كولتووریی)ەی كە لە پشت (مەلا كامەران) خۆی حەشارداوە

١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤

بەر لە هەر شتێك، من لەجیاتی هیچ كەسێك وەڵامنادەمەوە، كە مەلا كامەران نامەكەی ئاراستەكردووە، چونكە من سەر بە هیچ پارتییەك و هیچ دەسەڵاتێك و هیچ ئایدیۆلۆجییەك نیم و لەوەش واوەتر دژی هەموو ڕێكخستنێكی ڕامیارییم واتە دژی هەموو پارتییەك و گروپ و سیستەم و فەرمانداریی و دەوڵەتێكم!

هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێم، هەر ئاوا كە كانتۆنەكانی “ڕۆژاوا” مافی خۆیانە چۆنیان پێخۆشە بڕیار لەسەر ژیان و ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كار و چالاكییەكانیان بدەن، هەر ئاواش كۆمەڵێكی دیكە مافی خۆیەتی قورئان و حەدیس و شەریعەت بكاتە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی؛ هەر ئاوا مەلا كامەران مافی ڕەوای خۆیەتی ڕەخنەبگرێت و پێشنیاربكات و سیستەمی ئۆتۆنۆمی فێدەراڵیزمی دێمۆكراتیك ڕەتبكاتەوە، منیش وەك خوێنەڕێكی بۆچوونەكانی ڕاستر بڵێم هەڕەشەكانی مەلا كامەران، سەرنج و وەڵامی خۆم بە هێزە كاراكانی پشت وتارە ئایینییەكانی هەیینی مەلاكان دەرببڕم و بدەم، وەك گوتم ئەم بابەتە تەنیا سەرنجی منە و پەیوەندی بە هیچ كەس و لایەن و ئایدیۆلۆجییەكەوە نییە !

مەلا كامەران دەنووسێت “به‌و پێیه‌ی به‌نده‌ یه‌كه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی بووم كه‌ دژایه‌تی خۆم بۆ هه‌ڵوێستی گروپه‌ ئیسلامیه‌كان و به‌تایبه‌تیش به‌ره‌ی نه‌سره‌ ده‌ربڕی ئه‌وكات كه‌ له‌ عفرین و ناوچه‌ كوردیه‌كان له‌ دژتان ده‌جه‌نگان، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی بووم كه‌ دژایه‌تی خۆمم ده‌ربڕی له‌ چوونی گه‌یاند كه‌ هه‌ر كوردێك له‌شه‌ڕی دژی كوردستانی رۆژئاوا بكوژرێت پێی ناوترێت شه‌هیدو سته‌مكاره‌،

مەلا گیان، بەڕێزم، ئەوە هەڵەی خۆتە و بۆ تێنەگەییشتنی خۆت لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتی كانتۆنەكان دەگەڕێتەوە، كە بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەرایەتی [ئۆتۆنۆمی] و تاك و كۆمەڵ لەسەر بنەمای یەكێتی ئازادانەی فێدەراڵیستی لە خوارەوەرا ڕۆنراوە. مەلا گیان دەزانم كە تێگەییشتن لەو سیستەمە و لەو چەمكانە بۆ تۆ گرانە و پێویستە كاتێكی بۆ تەرخانبكەیت و لەبارەیەوە بخوێنیتەوە، ئەزیزم گرفتە لەوەدایە، كە تۆ ئەو بوونەی ئەویش هەر بە سیستەمە گەندەڵەكەی هەرێمی دۆلارستان تێگەییشتووی، كە هەزاران تەمەڵ و كارنەكەری بەناوی “زانای ئایینی”یەوە وەك بەرخ بۆ پاییز خڕتكردووە و كاتێك كە دەبیستی لە سایەی خۆبەڕێوەبەرایتییەكانی “ڕۆژاوا” پەیوەندییەكانی خێزان و نێوان ژن و پیاو لەسەر بنەمایەكی سڤیلی ڕێكدەخرێن و بوار بۆ كار و كاسبی مەلایان نامێنێتەوە و قێزەونترین دیاردەی ئایینی “مارە بەجاش” وەلادەنرێت، ئیدی دادەچڵەكێت و هاوارت لێ بەرزدەبێتەوە. هەڵبەتە وەك خۆر دیارە، كە ئەوە تەنیا تۆ نیت تووشی شۆك بوویت، بەڵكو دەسەڵاتداران و سیستەمەكیش كە مووچەی مفتە بۆ مەلایان دابیندەكات، لە تۆ زیاتر تووشی شۆك بوون و گرفتی تۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە نییە لە كانتۆنەكانی ڕۆژاوا، بەڵكو ئەوەیە كە تۆ و سەروەران ترسی هەڵكردنی ئەو نەسیمەی پاییزی ٢٠١٤ بەرەو هەرێمی دۆلارستان ترساندوونی و سەرۆك و پارلەمانتارەکان لەوە دەترسن ئەو هەواڵانە بگەنە گوێی ژنەکانیان و خەیاڵی ئازادی دێوارە پۆڵایینکانی خێزانی خێلەکییان ببڕێت و کنە بکاتە مێشکیان، ئاخر مەگەر تۆ بزانیت کە چەند-ژنە چ ناز و نیعمەتێکی پاشایانە بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و سەرۆکی پارتییەکان و ئێوەی مەلایان، تۆ خەمی نەمانی مریشکە ڕەشەکە و “مارە بەجاش”ت لێنیشتووە، ئەزیزم !

“…. به‌هه‌مان شێوه‌ش بیسه‌پێنن به‌سه‌ر گه‌لانی ژێر ده‌سته‌تانداو ره‌چاوی ئاین و بیروباوه‌ڕی زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌كه‌ن!، به‌تایبه‌تی ئاینی پیرۆزی “ئیسلام” كه‌ ئاین و به‌رنامه‌ی ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌و ده‌بێت رێزی لێبگیرێت،

لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە مەلا كامەران زۆر بە وردی و زیرەكییەوە هەنگاو بە هەنگاو ئەوەی دەسەڵاتداران بە ئاشكراو و بە شێوەی ڕامیارییانە لە ئێستادا ناوێرن دنەیبدەن و ئاژاوەی بێبنەما بنێنەوە، هەر ئاوا كە لە دوو ساڵی ڕابوردوودا بە ناردنی چەندین تیمی تیرۆریست بۆ تەقاندنەوە و دروستکردنی ئاژاوە لەنێوان كوردان و ئێتنییەكانی دیكە، هەروا لەنێوان موسوڵمانان و پەیڕەروانی ئایینەكانی دیكە ناردە هەرێمی کانتۆنەکان، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، لەوە دەچێت لە ناتوانایی و بێڕۆلیی (ئەنەكەسە)دا دەسەڵاتدارانی هەرێم هانایان بۆ نامە و وتاری ئاگراویی مەلایان هێنابێت. مەلا گیان، لە كوێی گوتار و دەق و بەڵگەنامە و یاسا و ڕاگەیاندنی كانتۆنەكانی “ڕۆژاوا”دا دژایەتی ئایینەكان بەگشتی و ئایینی ئیسلام بەتایبەتی كراوە، تاوەكو تۆ لە خەیاڵی خۆتدا جەنگەكیكی ئاوا دژی خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕابگەییةیت؟

بەبۆچوونی من لەوێندەرێ، بەو ڕاگەیاندنە یاساییە و بە هەنگاوە کردەییەکانی دوو ساڵی ڕابوردوو، هەم ڕێزیان لە ئایین وەك بیروباوەڕێکی تاکەکەسیی گرتووە و هەم یەکسانی و هاومافییان بۆ هەموو ئایینەکان دابینکردووە و هەم ئایینیان لە دەسکەلایی و دەستتێوەردانی دەسەڵاتخوازان و ڕامیاران و مفتەخۆران و باندە نێودەوڵوەتییەکانی وەك دەوڵەتی ئیسلامی، پاراستووە! لێرەدا وەك دڵسۆزییەك بۆ تۆ و مەلاکانی دیکە، تکاتان لێ دەکەم، هەوڵبدەن لە ڕەهەندە پۆزەتیڤەکانی جیایی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ، من ناڵێم “جیایی ئایین لە دەوڵەت” چونکە پێویستە خودی دوڵەت وەك دومەڵ و وەرەمێکی کوشندە لەسەر جەستەی کۆمەڵ ڕیشەکێشبکرێت، تاوەکو چیدیکە ئایین نەکرێتە ئامرازی سەرکوتکردن و چەپاندنی منداڵان و ژنان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە و ئازادیخوازان بەگشتی. تکایە هەوڵبدەن بە لۆجیك و بە خوێندەوەی ورد بۆ دەسەڵاتداریی “خەلافەت” و ڕەهەندە نیگەتیفەکانی بۆ ئایین، بەراوردی جیایی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و ملهوڕیی پارتیی و گروپە ئیسلامییەکان بەناوی ئایینەوە، بکەن!

زۆر به‌داخه‌وه‌ وا خه‌ریكه‌ قسه‌ی نه‌یاره‌كانمان له‌سه‌رتان ده‌بێت به‌ڕاست و گومانه‌ باشه‌كانی ئێمه‌ش ده‌بنه‌ هه‌ڵه‌ و به‌رگری كوێرانه‌و ده‌مارگیری!

مەلا گیان، قسەی نەیارەكانتان كامانەن، كە خەریکە ڕاست دەردەچن، بۆ بە ئاشكرا و بێبەردە ئاماژەیان بۆ ناكەیت! پاشان ئەو “ئێمە”یە كامەیە كە بەڕێزتان بەناوییەوە دەئاخفیت؛ مەلایان، دەسەڵاتداران یا كوردان؟ بۆ من و سەدان هەزار ئازادیخوازی كوردزمان ئاساییە كە تۆ بەناوی دەستەی یەكەم و دووەمەوە قسەبكەیت، بەڵام ڕێگەنادەین بەناوی هەموو كوردانەوە قسەبكەیت، چونکە كوردان هەم موسوڵمان و هەم مەسیحی و جولەكە و ئێزیدی و كاكەیی و بێدین دەگرێتەوە و بەهیچ لۆجیكێك تۆ ناتوانیت بێچەندوچوون بەناوی گشتەوە قسەبكەیت، یا دەتەوێت وەك خەلیفەی موسوڵمانانی جیهان (ئەبوبەکر بەغدادی) تۆش بەناوی گشت کوردانەوە بدوێیت؟!

جگه‌ له‌وه‌ی هاوسۆزی و هاو خه‌می موسڵمانان و زانایانی ئاینی میلله‌ته‌كه‌ی خۆت له‌ ده‌ست ده‌ده‌یت، هیچ به‌رهه‌مێكی باشیشی نابێت و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبوونی بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان و ئینتمایی ئاینی، … “

باشە مەلا گیان، بۆ سێ هەرێمی “ڕۆژاوا”، كە ناتۆنەكانیان پێكهێناوە مەلایان تێدانییە و لەوێ كەس نییە داكۆكی لە ئیسلامبوونی خۆی بكات، كە ئاوا تۆ لە پایتەختی ڕۆشنبیریی دۆلارەوە ناچاریت ئەو ئەركە بخەیتە سەرشانی خۆت؟ ئەگەر سیستەمی ئۆتۆنۆمی دیمۆكراتیكی كانتۆنەكان دژی ئایینی ئیسلامە، بۆچی موسوڵمانێك، فەقێیەك، مەلایەك دەنگی لێ بەرزنەبووەوە، یا ئەوەیە کە تۆش بە دەردی ڕامیارەكان و دەسەڵاتداران لە لوتكەی لوتبەرزیی و لەخۆباییبوونەوە دەتەویت لە بڵندگۆی میدیا کۆنەپارێزەکانەوە خۆت بكەیتە ئامۆژگاریكەری كانتۆنەكان، ئەو كانتۆنانەی كە ئەگەر ژنانی ئەوێ نەبوونایە، هەنووكە پایتەختە نەوتینەكە و پایتەختە ڕۆشنبیرییەكەی هەرێمەکەی بەرێزتان كرابووە حەرەمسەرای خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی!

پاشان تكایە بۆ منی ڕۆشنبكەرەوە، چونکە خەریكە تووشی سەرگێژە دەبم؛ تۆ ترسی ئەوەت لێنیشتووە، كە بزووتنەوە ئیسلامییەكان بەهێزببن و ئینتیمای ئایینی زیاد بكات، یا ترسی هەڵكردنی نەسیمی جیاکردنەوەی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ، کە بەرەو هەرێمی دۆلارستان هەڵبکات و ببێتە هۆی نەمانی كار و كاسپیتان؟

” …. سه‌رئه‌نجام شكست ده‌خۆیت و له‌ لوتكه‌ی كۆشكه‌كه‌تدا ” قل هو الله أحد ” ده‌خوێنرێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆشكی كرملن دا خوێنرا، یان سه‌رئه‌نجام وه‌ك ئێستای توركیات لێ به‌سه‌ردێ‌ دوای حه‌فتا ساڵ علمانیه‌تی تۆتالیتاری و سته‌م و نادادی به‌رامبه‌ر ئیسلام دواجار له‌سه‌رده‌ستی ئیسلامیه‌كان ملی شكا !

مەلا گیان سەرت لە منیش شێواندووە، تێناگەم بۆ تۆ پێتناخۆشە ” قل هو الله أحد ” بخوێندرت و ئاكەپەیەكی دیكە لە “ڕۆژوا” ببێتە دەسەڵاتدار، ئەی مەگەر هەموو داخوازی و هیواخوازی ئێوە مەلایان سەرکەوتنی ئیسلام و دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامیی نییە لە سەرتاسەری جیهاندا؟! تێناگەم ئەو هەموو هەڕەشەكردن و ترساندنە لەپێناو چی و بۆچی؟ خۆ نە (خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی كانتۆنەكان) و نە (یەكینەكانی پاراستنی گەل) و نە خودی (پەیەدە)ش پاگەندەی لەنێوبردنی ئیسلام و كوشتوبڕکردنی موسوڵمانانیان نەكردووە، ئیدی ئەو گرەوگرتنەوەیە لەسەر چی و دەتەوێت لە گۆمی لێڵی ڕامیاریی كام دەسەڵاتی ناوچەدا مەلەبكەیت؟ پاشان لەیادتنەچێت، كە (ئۆردوگان)ی خەلیفەی نیئۆ-ئوسمانییەكان هەموو كۆبوونەوەیەكی لەژێر وێنەكەی ئەتاتورك و لەسەر هەمان بنەماكانی بیركردنەوەی نەژادپەرستانە و فاشیستانەی ئەتاتورك بۆ دژایەتی بزاڤی ئازادیخوازی كوردان دەكات و فاشیزمی ئاكەپە، كەمالیستەكانی خستووەتە خانەی هێزێكی میانەڕەوی نەژادپەرست!

ئه‌وه‌ش بزانه‌ ئیسلام پێویستی خه‌ڵكه‌ نه‌ك پێویستی به‌ خه‌ڵك بێت، ئیسلام ناسه‌په‌ێت به‌ڵكو ده‌بێت خۆت زۆر مه‌منونی ببیت ئه‌گه‌رنا منه‌تی پێت نیه‌،

هەزاران درود لە گۆڕی پێشینان كە گوتوویانە “… بدوێنە خۆی لێكدانەوە لەسەر خۆی دەكات/ شەرحی خۆی دەکات”! باشە ئەگەر ئایینی ئیسلام پێویستی بە خەڵك نییە و ناسەپێنرێت، ئیدی بۆ بەیانی تا ئێوارە مێشكی ئەو خەڵكەتان کاسکردووە و كاتێكتان بۆ قسەی خۆش نەهێشتووەتەوە؟ ئەگەر ئیسلام ئایینی سەپاندن نییە، بۆ دەبێت یاسای كۆمەڵ و بەرێوەبردنبێت؟ بۆچی كاتێك كە كۆمەڵێك ئەوە هەڵنابژێرێت، تۆ لە دووری هەزران كیلۆمەترەوە لە پایتەختی ڕۆشنبیریی مەلایانەوە، شمشێرەكەت دەردەكێشیت و هەڕەشەی ئەوە دەكەیت، كە كانتۆنەكان وەك ڕوسیە و (توركیە)یان لێدێت و ئیسلام سەردەكەوێت؟ باشە مەگەر دانیشتووانی كانتۆنەكان كێن، تا ئیسلام بەسەریاندا سەربكەوێت؟ ئایا دەزانیت تۆ ئاگایانە خۆبەڕێوەبەرایەتی دیێمۆکراتیکی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” بە دیکتاتۆریی ستالین و بە فاشیزمی ئەتاتۆرك دەچوێنێت و ئەمە هەمان فتواكەی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامییە، كە كوردان بە دژە ئیسلام هەژماردەكات و ژنەكانیشیان بە شایانی کەنیزەكبوون لە حەرەمسەراکانی خەلیفە؟

ئێمه‌ له‌ زووه‌وه‌ وتومانه‌ داعش لیزمه‌ له‌ ئیسلامیدا هه‌یه‌ و له‌ چه‌پ و ماركسی و علمانیه‌تیشدا هه‌یه‌، چونكه‌ لۆژكه‌كه‌ی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانی تر و ره‌نگه‌كانی تره‌ ئه‌وكاره‌ی ئێوه‌ش كه‌ له‌”میرات و ماره‌یی ئافره‌تان” و وه‌ك پێده‌چێت له‌ هه‌مووشته‌كانی تردشدا هه‌ر وایه‌!

باشە مەلا گیان، جارێكی دیكە “ئێوە” كێن؛ بزووتنەوەی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، انصاراللە یا قسەكەرانی سیستەمی دێمۆكراتی پارلمانی؟ پاشان تكایە جارێكی دیكە ئەو دوو دێڕو نیوە بێسەرەوبەرەیەت بخوێنەرەوە، بزانە بەخۆشت لێی تێدەگەیت، یا من كوردی نازانم؟

مەلا گیان، منیش پێداگریی لەسەر ئەوە دەكەم كە هەموو ئاراستە و تێڕوانین و ئایدیۆلۆجییە دەسەڵاتگەراكان سەرەنجام بە خاڵی (داعش) و (ستالین) و (ئەتاتورك) دەگەن و هەر سەریان لەوێوە دەردەچێت. دڵگران نەبێت بە هەر جۆرێك ماشینی ئیسلام بهاژوویت، سەرنجام سەری گەشتەكەی هەر لە وێستگەی ملپەراندنەكەی سعودیە و سێدارە-شەقامییەكانی كۆماری ئیسلامی و سەربڕینەكانی طالیبان و انصارالاسلام لەخێڵی حەمە و (داعش) دەردەچێتەوە! بەڵام دەكرێت بزانین بۆ فیكە دێمۆكراتییەكەی تۆ لە “میرات و ماره‌یی ئافره‌تان”دا باریكدەبێتەوە و كوتاییدێت؟ بێژی گرێ-دەروونەییەكەی تۆش هەمان گرێی دەروونی سەرانی (ئەنەكەسە) بێت، كە بە هەموو پارتییەكانیانەوە ژنێكیان لە سێ كانتۆندا بۆ پەیدانەكرا وەك ژنانی پارلەمانی دۆلارستان مل بۆ ملهوڕیی پارتییەكانی بازارئازاد كەچبكات! دیسانەوە ناچارم بێژم، كە نائاگایت لە سیستەمەكانی دیكە و تەنیا سیستەمی بۆرجوازی دەناسیت، كە سیستەمەكەی ڕژێمی بەعس و سیستەمەكەی هەرێمی دۆلارستان و سیستەمەكەی ئاكەپە و سیستەمەكەی (داعش)یش دەگرێتەوە!

ئه‌وكاره‌ی ئێوه‌ش كه‌ له‌”میرات و ماره‌یی ئافره‌تان” و وه‌ك پێده‌چێت له‌ هه‌مووشته‌كانی تردشدا هه‌ر وایه‌!، جۆرێكه‌ له‌ داعشێتی به‌سه‌ر زۆرینه‌یه‌كی موسڵماندا،

مەلا گیان ئەگەر خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی كانتۆنەكان و یاساكانیان ” جۆرێكه‌ له‌ داعشێتی به‌سه‌ر زۆرینه‌یه‌كی موسڵماندا،” ئیدی نازانم گرفتی تۆ لەچیدایە و بۆ خەمت لێنیشتووە؟ مەگەر تۆ دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و خەلافەت و پەیڕەوكردنی قورئانیت؟ ئایا “داعشیەتی” ناكاتە كوردتكراوە (دەوڵەتی ئیسلامییەتی)، ئیدی بۆ پێتناخۆشە و هەراسان خۆت نیشاندەدەیت؟

مەلا گیان، كاتێك كە خەریكی خوێندنەوەی ئەم دەستەواژانەی تۆ بووم، بڕوام بكە گوێم لە دەنگی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارلەمانی هەرێم و هەموو پارتییە ناسیونالیست و ئیسلامییەكان بوو، گوێم لە قسەكەری کۆمەڵەی بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بوو، ئاخر پرسی “میرات و ماره‌یی ئافره‌تان” پرسێكی ئابوورییە و پەیوەندی بە كۆی سیستەمە بۆرجوازییەكەوە هەیە!

ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوسۆزی و په‌رۆشی و یارمه‌تی و پشتیوانی بست به‌ بستی خاكی كوردوستان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌داو جیاوازی سلێمانی و كۆبانی بۆ ئێمه‌ نییه‌و به‌ په‌رستاشیشی ده‌زانین،

مەلا گیان، پێتناخۆشنەبێت/ دڵگرانەبیت، ئەم قسەیە هی خۆت نییە و ئەگەر سەرنجی ئەرشیڤی دژایەتی خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی كانتۆنەكان لە دوو ساڵی ڕابوردووی (ئەنەكەسە) و (پدك) و (ئیسلامییەكان)یش بدەیت، دەبینیت یەكەم كەس تۆ نیت، كە ئەم قسەیەی كردبێت و هاوکاتیش هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە و کنەکردن و کردنەوەی شوێنپێی سیخوڕەکانی ئاکەپەی کردبێت!

خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ په‌شیمان نه‌بنه‌وه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌تان به‌رامبه‌ر به‌ ئیسلام ئه‌وه‌ ئێمه‌ په‌شیمان ده‌بینه‌وه‌و ته‌وبه‌یه‌كی نه‌سوحیش ده‌كه‌ین له‌وه‌ی گومانی باشمان زۆر بوو پێتان و زۆر به‌توندی رووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانه‌كانی ناو خۆمان ده‌بوینه‌وه‌،

مەلا گیان، ئەگەر ئەمە هەڕەشەی سرێنەوەی بەرانبەر نییە، ئەدی چییە؟ ئەگەر تۆ و ئەوانی پشتپەردەیش كە مووچەی ئێوە دەدەن، بڕواتان بە ئازادی دیگەران هەیە، دەی هەر ئاوا كە ئێوە [مەلاكان و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران] هەرێمی كوردستانتان كردووە بە بەهەشتی تەراتێنی كۆمپانییە جیهانلووشەكان و وێرانەی بازارئازاد، با ئەوانی دیكەش ئازادبن و بەخواست و ویستی خۆیان سیستەمی ژیان و بەرێوەبردنی کۆمەڵەکەیان دیاریبكەن !

هێشتا كات زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابیته‌وه‌ له‌ سه‌لامه‌تی و سه‌قامگیری حكومه‌ته‌كه‌ت و بێ منه‌تیت له‌ ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان و زانایانی ئاینی!!!

بەداخەوە دیسانەوە ناچارم ئەوە بڵێمەوە، كە مەلا گیان تۆ هیچ زانیارییەكت لەبارەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی لەسەر بنەمای فێدەراڵیزمی دیمۆكراتیك و پشتبەستن بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ نییە، لەبەرئەوەیە كە هەرچەندە ئەوان و زۆڕێكی دیكە دەیڵێن ئەوەی لە “ڕۆژاوا” هەیە فەرمانداریی “حكومەت” و دەوڵەت نییە، كەچی تۆ و زۆر ناسیونالیستی دیکەش هەر دەڵێن بیدۆشە! ئەگەر ئەو دەستەواژانەت كورتبكەمەوە، دەكاتە “شیوەنی هەریسەكە”، واتە هاوسۆزیی بۆ مەلایان “زانایانی بێزانستی ئایینی”، کە لە یەکسانی ژن و پیاودا کاروکاسپی و “مارە بەجاش”یان نامنێت و لە جیاکردنەوەی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ مووچەی مفتی تەمەلییان نامێنێت !

زۆر به‌توندی رووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانه‌كانی ناو خۆمان ده‌بوینه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌وانمان به‌ خه‌ڵه‌فاوو ئه‌وانیش ئێمه‌یان تكفیر ده‌كرد له‌سه‌ر پشتوانیمان له‌ جه‌نابت و پارته‌ ئایدلۆژیه‌كه‌ت!، …… ئه‌گه‌رنا هه‌ڵوێستمان زۆر له‌وه‌ش توندتر ده‌بێت ئه‌وكات لۆمه‌ی كه‌س نه‌كه‌ن خۆتان نه‌بێت!.

ئەوان كێن؛ ئەو برا موسوڵمانانەی خۆتان كە ئێوە دژیان وەستانەوە وئەوانیش ئێوەیان “تكفیر” كرد؟ خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و شانە نووستووەكانی لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرستی و خێڵگەرایی یا هێزێكی دیكە هەیە كە ئێمە ئاگاداری نین و نایناسین؟ پاشان كە بەڕێزتان و هاوپیشەکانتان پەشیمان ببنەوە چیدەكەن، بێجگە لەوەی كە لاوانی خۆشباوەڕی هەرێم بنێرنە نێو لەشكری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ تێكشكاندنی بەرەنگاریی كانتۆنەكانی ڕۆژاوا؟

بەکوتی و بە کوردی لەم ساتەوە، هەر لاوێك لە هەرێمی ئێوەوە بچێتە سنووری دەسەڵاتی خەلیفەی موسوڵمانان (ئەبوبەکر بەغدادی) یا (جەبهة النصرة) و جەنگی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی “ڕۆژاوا” بکات، ئەوە ئەنگۆ و بەدیاریکراوی تۆ لێی بەرپرسیت! هەر لاوێکی خوێنگەرمی مێشکسڕاوە ژنێك هەراسان بکات، ئەنگۆ و تۆ بەدیاریکراوی لێی بەرپرسیت! هەر کەسێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشە لە هەر ئازادیخواز و لایەنگرێکی یاسایی یەکسانی ژن و پیاو لە “ڕۆژاوا” بکات، ئەوا ئەنگۆ و تۆ بەدیاریکراوی لێی بەرپرسیت! هەروەها ئەگەر موسوڵمانانی سلێمانی دژی تیرۆر و هێڕش بۆ سەر (کۆبانێ) و (عەفرین) و (جەزیرە) و (شەنگال) بن، ئەوا پێویستە ڕیزەکانی نوێژکردن لە پشت سەری تۆوە چۆڵبکەن و بایکۆتی گوێڕادێریی وتارەکانی ڕۆژانی هەیینی تۆبن، ئەگەر نا ئەوانیش هاودەنگ و هاوسەنگەری تۆ دەبن لە دژایەتی یەکسانی ژنو پیاودا و بێدەنگەکردنی پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئاستی نامەکەی تۆدا، هیچ پاساوهەڵناگرێت و نیشانەی هاودەنگیی و هاوبۆچوونییانە لەتەك تۆدا.

من لێرەدا کۆتایی بە سەرنجەکانم دەهێنم و ناچمە سەر هەندێك لایەنی دیکەی نامەکەت، چونکە هاوڕێیان و هاوەڵانێکی دیکە وەڵامی تەسەلیان بە کۆدەکانی هەڕەشەکەت داوەتەوە، تەنیا دەمەوێت شتێك بڵێم بەڵام بە خۆت نا، بەڵکو بە گوێگرانی وتارەکانی ڕۆژانی هەیینی و ئەو میدیایانەی کە فوویانکردووەتە تۆ و کردوویانی بە شێرە-باڵۆنە [شێری-باڵۆنی] دژی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر کۆبانی، کە ئازادی ژنان لە “ڕۆژاوا” بەرەنجامی خودهوشیاریی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و قوڵکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە بۆ نێوەندی خێزان لە دڵی هەرێمەکانی میزۆپۆتامیادا لەلایەن ژنانی هەرێمەکانی عەفرین و کۆبانێ و (جەزیرە)یەوە، ئەگەر ناشتانەوێت لە کەتواری ئەو ڕاستییە تێبگەن، دەتوانن و ناچارن لەسەر هەڕەشەکردن و ناردنی لاوان بۆ ڕێزەکانی (داعش) بەردەوام بن!

**********************************************************

تێبینی: هەم بۆ بەرێز مەلا كامەران و هەم خوێنەران، مەبەستم لە بەكاربردنی دەستەواژەی “مەلا گیان” هیچ سووكایەتی و كەمنرخاندنی ئەو نییە، بەڵکو تەنیا پەیوەندی بە شیوازی دوانی منەوە هەیە و بەس، كە فرەتر حەز بە بەكاربردنی ئازیز و گیان دەكەم تا زۆر بارەكردنەوەی واژەی “بەڕێز”، كە لە میدیاکانی دەسەلات و پارتییەکاندا بە درۆ و نێوەڕۆكی بۆشەوە بەکاردەبرێت.

بۆ خوێندەوەی نامەكەی مەلا كامەران http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=18570&Jor=1