ئەوی دەخوازێت عیراقی نەبێت با واز لە راوەشاندنی پەنجەی گەواهی بهێنێت !

ئەوی دەخوازێت عیراقی نەبێت با واز لە راوەشاندنی پەنجەی گەواهی بهێنێت !

عیراقیبوون تەنیا واژەی سەر شوناسنامە نییە، بەڵکو پەروەردەی کولتوورییشە !

زۆرێك لە کوردانی هەرێمی کوردستان نکۆڵی لە عیراقیبوونی خۆیان دەکەن، بەداخەوە ئەوان ئاوا دەزانن، کە عیراقیبوون تەنیا واژەیەکی سەر کاخەزە و بەئاسانی دەسڕدرێتەوە!

ئەوان لەبیریانکردووە، کە زۆرینەیان لە یەکەم ڕۆژی جولای [تەموز]دا لەداکبوون و ئەوەش یەکەم نیشانەی عیراقیبوونە، ئەوە بێجگە لەوەی کە کولتووری تاک و کۆمەڵەکانی جوگرافیایەکی رامیاریی کە ناوی “عیراق”ە، وەك نەوت تێکەڵ بە کولتووری-ئاویی وڵاتانی دەوروبەری نابێت، تەنانەت کولتووری کوردەکانی لە کولتووری کوردانی بەشەکانی دیکە جیاوازە و لە پێکهایەکی دیکتاتۆریی ڕامیاریی و فاشیزمی ئایینی پێکهاتووە !

کەسایەتی تاکی عیراق لە لانکەوە بۆ باخچەی ساوایان و لەوێوە بۆ مزگەوت و لە مزگەوتەوە بۆ فێرگە و دانشگە، پەروەردەی فاشیزمێکی کولتوورییە، کە هەموو ڕۆژێك دەمارگیریی و کینەدۆزیی و جەنگ و یەکدی سڕینەوە بەرهەمدەهێنێتەوە !
داعش هەمان ئاراستەی رامیاریی و هێزیی کولتوورییە، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا گوندەکانی کوردستانی ئەنفالکرد و زۆنگەکانی ناوچەی شیعەنشینی وشکردن و قامیشەڵانەکانی سووتاندن.

تایبەتمەندییەکی دیکەی عیراقیبوون، بەرزکردنەوە و ڕاوەشاندنی پەنجەی گەواهی [شەهادەت]ە، هەر بەو جۆرەی کە سەدام حوسەین بەردەوام ڕایدەوەشاند و بەرەوڕووی نەیارەکانی بەرزیدەکردووە.

بە بۆچوونی من، ئەوی دەخوازێت عیراقی نەبێت یا پشت لەو کولتوورە بەعسییە بکات، با لەم یەکەم ڕۆژەی پاش لەدایکبوونییەوە، واز لە بەرزکردنەوە و راوەشاندنی ئەو پەنجەیە بهێنێت !

چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی

چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی

سەرنجدانێكی ڕەخنەییی لە پەرتووكی ” نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی

مەریوان وریا، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، ڕێبین ھەردی


بۆ خوێندنەوە لەسەر هێڵ و کۆمپیوتەر و مۆبایل

Chawposhinek le esta u trajidiayek serberg

https://www.facebook.com/download/668472383230509/Cawposhinek%20le%20Esta%20u%20Trajidiayek%20bo%20sbei%20Online%20Version.pdf

 

بۆ چاپکردنی لەسەر کاخەز
Chawposhinek le esta u trajidiayek
https://www.facebook.com/download/604418566322848/Cawposhinek%20le%20Esta%20u%20Trajidiayek%20bo%20sbei%20Print%20Version.pdf

داعش و ئیسلامی ڕاستینە !

داعش و ئیسلامی ڕاستینە !

ئەوی لەو بڕوایەدایە، کە ئیسلام و گوتەکانی موحەمەد و قورئان شتێکی جیاوازن لەتەك ئەوەی گروپە ئیسلامییەکان بەتایبەت داعش و الجبهة النصرة، ئەنجامیدەدەن، بەدڵنیاییەوە نە لە ئیسلام تێگەییشتووە و نە باوەڕی بە ئیسلام هەیە.

لەبەرئەوە تاکی موسوڵمان تەنیا دووڕیانێکی لەپێشە : یا ئیسلامی بوون و سەربڕین، یا گەڕانەوە بۆ مرۆڤبوون: ڕیزگرتن لە مرۆڤایەتی و جیاوازی بیرکردنەوەی کەسانی دیکە.

ڕێگەی سێیەم بوونی نییە و ئەوانەی کە ئەم ڕۆژە لە لاوازیدا ناوێرن لایەنگریی لە برا ئیسلامییەکانیان [داعش و الجبهة النصرة] بکەن و ئاوا نیشاندەدەن، کە لە ئایینی ئیسلامدا جیاوازی بیرکردنەوە و ئازادی دەربڕین هەیە، کۆمەلێک درۆزنن و هەر کات دەسەلاتیان هەبێت، لە داعش و الجبهة النصرة کەمتر ناکەن و ئەگەر فێڵ لە خۆمان نەکەین، پێشتر کە دەسەڵاتدارانی هەرێم وەك لەکۆڵکردنەوە، ناوچەی (هەڵەبجە و هۆرامان)یان پێبەخشیبوون، هەر هەمان ئەو کارانەیان ئەنجامدەدا، کە ئەم ڕۆژە داعش و الجبهة النصرة ئەنجامیدەدەن.

لەبەرئەوە جەنگ و وەستانەوە بەرامبەر داعش جەنگی تفەنگ بەرامبەر گروپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پێویستی بە جەنگکێکی کۆمەڵایەتی دژی هەموو هێز و پارت و گروپ و میلیشیایەك هەیە، کە خوازایاری دەوڵەت و فەرمانداریی ئیسلامی و پەیڕەوکردنی شەریعەتن. جەنگێکی ئاوا بە هوشیاربوونەوەی خەڵك دەستپێدەکات و پێویستی بە خەباتی جەماوەریی گشت چین و توێژە بێدەسەڵاتەکانە دژی سەرکوت و تیرۆر و توندوتیژی و فتوا و ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵە.

جیاوازی نێوان مرۆڤ هاوچەرخی خاوەن-کولتوور و پەروەردەی سیستەمی سەرمایەداری لەتەك ئاژەڵی بێکولتوور و جەنگەڵی

جیاوازی نێوان مرۆڤ هاوچەرخی خاوەن-کولتوور و پەروەردەی سیستەمی سەرمایەداری لەتەك ئاژەڵی بێکولتوور و جەنگەڵی

مرۆڤ هاوجۆری خۆی دەکوژێت، دژەخونی لێدەکات، بەهرەکێشیی لە کاری دەکات، وەك خزمەتکار لەماڵ ڕایدەگرێت، وەك کۆیلە دەیفرۆشێت، وەك ئامێزی سێکسی بەکاریدەبات، لە کاتی جەنگ و پەلاماردا لەپێشدا بەچکەکەی دەکوژێت

ئاژەڵ هاوجۆری خۆی ناخوات، هاودەردی بۆ جۆرەکانی دیکەش نیشاندەدات، لەکاتی برسیەتی و پەلاماری نێچیرێکدا ئەگەر بەچکەی هەبێت، دەیگرێتەخۆی و دەیپارێزێت

مرۆڤ درۆدەکات، دەستدەبڕێت، داگیردەکات، ..تد

ئاژەڵ درۆنازانێت، دەستبڕی ناکات، داگیرناکات …تد

مرۆڤ لە هوشیارییەوە ڕاودەکات و ناچار نییە، خۆراکی دیکەی هەیە، بە هوشیارییەوە کوشتن و دۆشین و بەهرەکێشیی لە ئاژەڵ پیشەسازییدەکاتەوە، دەستکاری جێنی ئاژەڵ دەکات و هەرگیز لە کەڵەکەردن و پاوانکردن و چەپاوڵکردنی سامان وداها و سەرمایە تێرنابێت و تەنانەتە لەتەك دایک و باوک و خوشک و برا و منداڵی خۆیشی هەوڵی لەخشتەبردن و هەوڵی بەشخواردن و بهرەکێشیی لە خۆشباوەڕییان دەدات

ئاژەڵ لە ناچاریدا گۆشتی ئاژەڵانی دیکە دەخوات و کە تێربوو، بۆ ئاژەڵانی دیکە بەجێیدەهێلێت

********
ببوورن من دەستم بە هەویرە، هەر ئەوەندەم لەبیرە
ئەگەر کاتتان هەبوو و ئارەزوومەندبوون، لیستەکە درێژبکەنەوە
********

داعشە کوردەکان

داعشە کوردەکان

بەپێی ئەزموونی من و زۆرێکی دیکە، زۆربەی ئەوانەی کە تاکەکانی بازنەیەکی کولتووریی دیکە لەبەر هەڵگرتنی شوناسێکی دەستکردی وەك نەتەوە و ئایین، بە دوژمن و خراپەکار دەزانن، کەسانێكن کە تێکەڵاوییان لەتەك بازنە کولتوورییەکانی دیکەدا کەمە .

بۆ نموونە ناسیونالیستە کوردەکان، کە عەرەبزمان و تورکزمان و فارسزمانەکان بە دوژمنی خۆیان دەزانن، یا موسوڵمانەکان، سونییەکان، کە ئایین و مەزهەبەکانی دیکە بە دوژمنی خۆیان دەزانن، کەسانێکن کە لەنێو بازنە کولتوورییەکانی دیکەدا نەژیاون یا بەختی پەیوەندی و نزیکبووەنەوەیان لەتەك ئەوانی دیکەدا نەبووە.

ئەو جۆرە کەسانە ستریۆتیپ و ئێتن-سێنتریستن و هیچ هەستەوەرییەکی کولتوورییان نییە و هەردەم لە تێكەلاوی کولتووریی دەترسن، چونکە مەرگی نەتەوە و ئایینەکەیانی تێدادەبینن، هەر لەبەرئەوەیە کە بە زۆریی ئەو جۆرە کەسانە دەبنە لایەنگر و ئەندامی گروپە مەزهەبی و ڕەیسیست و نیئۆنازی و فاشیست و شۆڤینیست و ناسیونالیست و ..تد.

لەم بارەوە دەتوانین لە کۆمەڵکوژیی شیعەکاندا بەدەستی داعش ئەمە ببینین و ئەگەر بوار هەبووایە لە هەر یەك لەو داعشانە بپرسین تا ئێستا لەتەك چەند شیعەدا ژیاویت و چەند ئەزموونت لە خراپ و جاکی شیعەکان هەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە دەرەوەی دەمارگیریی ئایدیۆلۆجییەوە، وەڵامەکەی “هیچ” دەبێت، هەروەك ئەو ناسیونالیستە کوردانەی کە شەو و ڕۆژ لە فەیسبووك و پاڵتۆک و سەر شەقامەکاندا جنێو و سووکایەتی بە عەرەب دەکەن و دەدەن، بەلام بۆ تەنیا ڕۆژێکیش لە شار و گوندێکی عەرەبنشیندا نەژیاون دوو دەستەواژەی عەرەبی نازانن. کەسانی ئاوا تەنانەت بەرانبەر بە گوند و شارە کوردنشینەکانی دیکەدا هەمان هەڵوێستییان هەیە، بەلام بێجگە لە دەمارگیریی ئایدیۆلۆجی، هیچ بەڵگەیەکیان بۆ پاگەندەکانیان نییە !

هەفتەی پێشوو ناسیونالیستێکی دەمهەراش گوتی “عەرەب و تورکمان دوژمنمانن ! ”

گوتم دەتوانیت بۆ منی بسەلمێنیت، کە شتەکە ئاوایە ؟
گوتی “ئا بەدڵنیاییەوە”

گوتم: چەند عەرەب دەناسیت، چەند مانگ لە عەرەبستاندا ژیاویت، چەند گەشتی وڵاتانی عەرەبیت کردووە، چەند ئەزموونی دڵداری لەتەك عەرەبدا هەیە، لە چەند جەنگدا عەرەب تەقەی لێکردوویت و هەوڵی کوشتنی تۆی داوە ؟
کەمێك ڕاما و گوتی “پێویست بەوە ناکات، من دەزانم ! ”

گوتم: باشە، لە کاتی ئەنفال و کیمیاباراندا چەند سەد هەزار چەکداری کوردی خۆفرۆش لە بەرەی (ڕژیمی بەعس)دا هەبوون ؟
گوتی “زۆر ”

گوتم: چەندیان وەك هەڵوێست دژی کۆمەڵکوژیی کوردان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە سەرپێچییان لە فەرمانەکانی ڕژێم کرد و چەکیان دانا ؟
گوتی “نازانم، بەڵام ئەوانە خائین بوون، پیاوی بەعس بوون، لەوانەیە ترسابن”

گوتم : بەڵام ئەوانە ئێستا هەموو بە خانەنشینی پێشمەرگە دەخۆن و دەسەڵاتدارن ؟!
گوتی : گرنگ ئەوەیە ئێستا پشتیوانی حکومەتی هەرێمن و کوردن، هەر جۆنێك بێت کوردن !

گوتم: باشە، ئایا دەزانیت تەنیا فرۆکەوانێك کە سەرپێچی لە کیمیابارانکرد، تورکمان بوو؟
گوتی “نا ”

گوتم : ئایا دەزانیت چەند لاوی کورد پاش ئەنفاڵ گەڕانەوە کە لەلایەن گوندنشینە عەرەبەکانەوە رزگارکرابوون؟
گوتی : کوردیش شتی ئاوای زۆری کردووە!

گوتم: ئایا دەزانیت کێ بوون لە دادگەی دانیمارکدا پشتیوانی لە نەزار خەزرەجی فەرماندەری سەربازیی ئەنفاڵ، کرد و دژی سزادانی بوون ؟
گوتی ” ئەو سکالایە کاری چەند ئاژاوەچییەك بوو دژی حکومەتی هەرێم”

گوتم : دەزانیت کێ فرۆکەوانە بۆمبارانکەرەکانی هەڵەبجەی بەرەو هەندەران قوتارکرد ؟
گوتی : ئەوەش درۆی ناحەزان بوو، هەر ئاژاوە بوو دژی کورد ؟

گوتم کەواتە تۆ بڕیارتداوە، کە شوتی هەر بە مەقەست لەتبکەیت ؟
گوتی ” تۆیش ئاژوەچیت و هەر بابڵێی، من عەرەب بە دوژمنی خۆم و کورد دەزانم و عەرەب پیسن و دەبێت سەریانببرێت !”

ببزوێ، تاوەکو شتێك لەتەك تۆدا بکەوێتە بزووان

دونیا تەنیا داعشیەکانی تێدانییە، بەڵکو سەدان ملیۆن مرۆڤی وەك ئەم خاتوونەشی تێدایە

“ببزوێ، تاوەکو شتێك لەتەك تۆدا بکەویتە بزووان”

ئەوە ئێمەی خۆشباوەڕ و جەنگخواز و مەرگدۆست و سەرکوتخواز و نادەربەست و خۆپەرستین، کە سەروەران خاترجەمدەکەین، بەرەی جەنگەکان گەرمدەکەین، یەکدی دەکوژین و سەرکوتدەکەین و لە نادروستییەکان چاوپۆشیدەکەین و خەمی هاوجۆرەکانمان ناخۆین !

لەنێوبردنی دیکتاتۆرەکان، سەروەریی چینایەتی و مشەخۆریی سەرمایەداران، بە لەنێوبردنی کۆیلەکانی ناخمانەوە بەندە، کەی چیدی ئامادەنەبووین، کۆیلە و بێدەنگبین، کەی چیدی ملمان بە کاری زۆرەملێ و کرێگرتە نەدا، کەی بازاری بەکاربەریی نادەربەستانەمان چۆڵکرد، کەی لوولەی چەکەکانمان بەنێو زەمیندا ڕۆکرد، کەی کارتی دەنگدانمان فڕێدایە تەنەکەی زبلەوە، کەی ڕیزی پارتەکان و میلیشیاکانمان چۆڵکردن، کەی پارووەنانمان لەتەك هاوسێ و هاوکار و هاوپۆلانمان بەشکرد، کەی شوناسنامە دەستکردەکانی نەتەوە و ئایین و ڕەگەز و کولتووریی و نەژدا و ئایینییەکانمان فڕیدان، ئەو کاتەیە، کە لە ناخی تاکایەتی ئێمە و دڵی گەورەی کۆمەڵدا شۆڕشی دژە چێنایەتی بەرپابووە؛ شۆڕش لە ئاوەز و لە شێوازی ژیان و کارکردن و بەرهەمهێنان و پەیوەندی و خۆشەویستی و سێکس و بیرکردنەوە و بڕیاردان، ئیدی وێناکردنی کۆمەڵگەی ناچینایەتی ئاسانترین و بەڵگەنەویسترین شتێکە کە هەموو کەس بڕوای پێدەکات !

https://www.facebook.com/photo.php?v=917476171611667

گەڕانەوە بۆ نێو ناخ

تاوێك دانیشە و گوێ لە ناخی ئەوان و خۆت ڕابگرە … نەفرەت کە لە خۆت ، لە من و کۆمەڵی نادەربەست ، لە اللە و لە دەوڵەت و لە نەتەوە و لە نیشتمان و لە ڕامیاریی و لە کولتوور بکە ..

دانیشە خۆت لە کولتووری ڕامیاریی ڕووتبکەرەوە … دانیشە درۆ-پیرۆزەکان لە ناخ و مێشکتدا بسڕەوە .. دانیشە تاوێ بیری بەرێ، سبەینێ نۆرەی تۆیە و لە یانەیەکی پیراندا بێکەس کەوتووی و خەون بە ئامێز و خەندەی نەوەکانتەوە دەبینی، نە توانای گێڕانەوەی ڕابوردووت هەیە و نە پەشیمانی ڕەدووکەوتنی درۆ-پیرۆزەکان دادتدەدات و نە دەتوانی بڕوا بە درۆی کولیچەخواردن لە ئاسمان بکەیت، ئاخر لەوەتەی هەیت گۆرانی بە باڵای نەتەوە و نیشتماندا دەڵێت، کەچی دواجار لەسەر شۆستەی شەقامێك لانەواز کەوتوویت، لەوەتەی هەیت لە اللە دەپاڕییتەوە و هیوات بە فریاگوزاری ئەو گرێداوە، کەچی تا چاوبڕکات، بێجگە لە بۆشایی و هەوا هیچ وەڵامدەرەوەیەك بوونی نییە ..

تاوێك دانیشە و بیری بەرێ، تا دەتوانی نەفرەت لە من لە خۆت و لە اللە و لە دەوڵەت و لە نەتەوە و لە نیشتمان بکە، ئەگەر دەتوانی بەدەم ئاوازەکانی ناختەوە کەمێك سەما بکە، کەمێك گوێ لە خوڕەی ئاو، لە ئاوازی گەڵای درەختان بەدەم باوە بگرە و بیری بەرێ ژیان تەنیا یەك جارە و هیچ پێناوێك نییە خۆی بۆ بەکوشتن بدەیت، تۆ کرێچیت، تۆ ئاوارەیت، تۆ لانەوازیت، تۆ دەرکراویت، تۆ بێکاریت، تۆ زیندانیت، تۆ لە ژووری چاوەڕانی لەسێدارەندایت، دەوڵەتی خۆیی و نیشتمان و نەتەوە و بەهەشت و اللە تەنیا کۆمەڵێک درۆی پیرۆزکراوی ئایدیۆلۆجین !

نەفرەت بکە لە هەرچی، کە دەیەوێت ئاوازەکانی منداڵیت لەبیرباتەوە .. نەفرەت بکە لە هەرشتێك، کە دەیەوێت لەخۆتت نامۆبکات و فێری گوتنەوەی درۆی پیرۆزت بکات … تاوێ گوێ لە لایەلایەی بێوەرژنەکەی هاوسێت ڕادێرە، کە بە گۆرانی خەمناک زکی منداڵەکانی تێردەکات، کە توڕەبوویت، نەفرەت لە من و لە خۆت و لە هەموو کۆیلە خۆشباوەڕ و نادەربەستەکان بکە … نەفرەت .. نەفرەت .. نەفرەت .. نەفرەت .. نەفرەت … نەف

https://www.facebook.com/photo.php?v=370496833093202

سەگە-مرۆڤ و هۆبوت و خزمەتکارەکانی هەرێمی کوردستان

سەگە-مرۆڤ و هۆبوت و خزمەتکارەکانی هەرێمی کوردستان

ساڵی ١٩٩٢ کۆمەلێك لاوی چەپ بووین و خەمی دونیامان بە کۆڵماندا دابوو، حەزماندەکرد ببینە بومبێك و دامودەزگەی سەرمایەداری تێکوپێكبدەین، شەو و ڕۆژمان خستبووە سەریەك و نەماندەزانی پاشرەوانی گروپێکین وەك هەر گروپێکی ڕامیاریی دیکە، کۆمەڵێك سەربازی ون ڕۆژانە دەجەنگین و هەرچی دەکەین دەبێتە ناوبانگ بۆ چەند کەسێکی لێزان.

هەڵبەتە ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، گلەییکردن نییە لە بەختی خود یا پەشیمانی لەو ڕۆژانە، نەخێر ئەگەر ئەو ئەزموونانەمان نەبوونایە، هەنووکە نەماندەتوانی لە خوا و دەوڵەت و سەرۆك و نەتەوە یاخیبین، بەڵکو تەنیا مەبەستم گێڕانەوەی هەواڵێکی زانستییە، کە هاوڕێیەك وەك بۆمبایەك هەڵیدایە نێومان و خەوی لە ئێمە زڕاند :

” هاوڕێیان، بیستوومە کە سەرمایەداری بۆ بەرگرتن بە مانگرتن و یاخیبوونی مرۆڤەکان، خەریکی دروستکردنی گیاندارێکی دوو نەژادە لە مرۆڤ و سەگ، کە دەبێتە بە وەفاترین سەرباز و کرێکار بۆ سەرمایەداری ! ”

دەمێك بوو، ئەو هەواڵەم لەیادنەمابوو، تا ئەم ڕۆژانە بەڕێکەوت لە ئینتەرنێت سریاڵی ” مرۆڤە ڕاستینەکان Real Humans / Äkta Människor” بەرچاوکەوت، کە سریاڵێکی سویدییە و لەبارەی گرفتی داهاتی کۆمەڵگەوەیە یا ڕاستر بڵێم ئاماژە بە نەوەی نوێی نازیییەکان یا نئۆنازییەکان دەکات، لە جیاتی دژایەتی نێوان خەڵکی بومی و خەڵکی کۆچەر، دژایەتی نێوان مرۆڤ و هوبۆتەکان [جۆرە ڕۆبۆتێك کە کۆپی دوا بیرەوەری کەسانی مردووی تێدایە و لە مرۆڤەوە نزیکە و ..تد] پەرەپێدەدەن .

کاتێك کە ئەو سریاڵەم دیت، یەکسەر بیرەوەریم گەڕایەوە لای خزمەتکارانی بەنگلادیشی و ئەسیوپی و …تد لە کوردستان. ڕاستییەکەی تا پێش دیتنی ئەو سریاڵە بەجۆرێك بیرم لە هەبوون یا دارابوونی هوبۆتێك وەك هاریکاری ماڵەوە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە کاری نێوماڵ و تەنانەت خزمەتکارییەکانی کۆمەڵگە دەکردەوە. بەڵام لەو ساتەوە کە ئەو سریاڵەم دیتووە، بێز لە خەیاڵەکانی پێشووم دەکەمەوە و نەفرەتم لە مرۆڤبوونی خۆم هەیە، کە بوونەوەرێکی چەندە دڕندەین !

نەفرەتێك کە لە ناخمدا قوڵدەدات و لە خۆمم تووڕەدەکات، ئەم پرسیارگەلەی لە هۆشمدا چەقاندوون؛
– ئاخۆ ژنان و پیاوانی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەیان کە چەپن و پاگەندەی ڕزگاری مرۆڤ لە کۆیلەتی و نەهێشتی چەوسانەوە و پلەدوویی مرۆڤەکان دەکەن، چۆن تەماشای خزمەتکارەکانیان دەکەن و پەیوەندی نێوان خۆیان و خزمەتکارەکانیان چۆن دەبینن و چۆن تەماشای خۆیان دەکەن، کاتێك خزمەتکارەکانیان بەیانیان، نیوەڕوان، ئێواران خوان بۆ ئەوان دەڕازێننەوە ؟

ئاخۆ قەد بیر لەوە دەکەنەوە، کە خزمەتکارەکانیش وەك خۆیان هەردەم خەیاڵیان بۆ ساتێك پشوو و ژەمێك خواردنی ئازادانە لەتەك هاوسەرین و منداڵ و ئازیزانیان دەفرێ و بەڵام لە ناچاریدا هەردەم وەك ڕۆبۆتەکان چاوەرێی فرمانی خاوەنەکانیانن، وەك ئەوەی بەخۆیان نە ئارەزوو و نە خەون و نە خەیاڵ و نە حەزیان هەبێت و نە بیریان لێ کردبێتەوە !

داعش: زوڕنای دەم دەسەڵاتداران

داعش: زوڕنای دەم دەسەڵاتداران

– بۆ مووچە نییە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ ئاو و کارەبا نییە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ کار و دامەزراندن نییە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– هەموو شتێك گرانە، بۆ مووچە زیادنابێت ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ هاریکاری و پشتیوانی ئاوارەکانی سوریە و کوردانی خۆراوا ناکەن ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ گەندەڵی هەر لە پەرەسەندندایە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– چۆن بەناو دوژمنانی دوێنێ، بوونە برابەشی ئەم ڕۆژە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ ئینتەرنێت خاوە، بۆ چاودێریی و گٶێڕاگریی تەلەفۆن و ئینتەرنێت دەکرێت ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ لێبوردن بۆ دزانی سامان و داهاتی کۆمەڵگە دەردەکرێت ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

بۆ جیاوازی خانەنشینیی زیندانیانی هەرێم و عیراق هەیە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ جیاوازی خانەنشینی پێشمەرگە و چەکدارانی “المجلس الاعلی …” هەیە ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ هەموو بەرتەرییەک بۆ ئەندامان و کاسەلێسانی پارت و دەسەڵات هەیە و خەڵکی دیکە هیچ؟
+ بێدەنگبە وا داعش هات !

– بۆ خەندەق لێدەدەن ؟
+ ئەی نەماگوت بێدەنگبە وا داعش دێت ؟!

لە “وڵاتی من” لەجیاتی گەزۆ دەبەنگی دەبارێ

لە “وڵاتی من” لەجیاتی گەزۆ دەبەنگی دەبارێ

٨ی جونی ٢٠١٤


وڵات نامووسە
ژن كاڵایە
كوشتن شانازییە
خۆشەویستی تاوانە
ئازادی “بەڕەڵایی”یە
تۆڵە یاسایە
فێرگە زیندانە
كوتەك پێنووسە
جەستەی مێینە
بۆ نووسینەوەی “شەرەف”
تێنووسە !
لە “وڵاتی من” پێوەری بەھا
دەبەنگیی و نامووسە !
نەفرەت لە “وڵاتی من”، نەفرەت لە نیشتمان
نەفرەت لە نەتەوە، نەفرەت لە دەوڵەت و یەزدان
نەفرەت لە پیاوی كەللەپووت
نەفرەت لە ژنی كێرپەرست
نەفرەت لە مەزاتزانەی دەسەڵاتخوازان [پارلەمان]