بابەتێكی زۆر گرنگ و پێویستە، بەداخەوە پاساگەرانی زمانیی لە ھەرێمی كوردستاندا كە دەزگەكانی راگەیاندن و میدیای ئەھلی دروستیانكردووە، دۆ و دۆشاویان تێكەڵكردووە و نەوەی نوێی پاش ڕاپەڕین نە تامی دۆ دەزانێ و نە دۆشاو. جارێكی دیكە دەستخۆشیت لێدەكەم

گورگ، پیاو و ئەتك ؟

گورگ، پیاو و ئەتك ؟

لە فەیسبووكئاوا، شەش ئەتككەرەكەی كیژۆڵە كوردەكەی سوریە’یان بە گورك چواند، بەڵام ئایا تا ئیستا كەس شەش گورك، شەش، ورچ، شەش، مەیموون، شەش كەمتیار، شەش، ماسی، شەش چۆڵەكە، شەش دووپشك، شەش ماری دیتووە، كە پێكەوە پەلامارێكی مندالێكی مێنەی ھاوجۆر و ناجۆری خۆیان بدەن و سێكسی لەتەكدا بكەن ؟

ئەدی ئەو پاشخانە زانیارییە [مەعریفییە] چییە، كە تاكی كورد لە تاوانباركردنی ئاژەڵدا پشتی پێدەبەستێت ؟

شەش مرۆڤی لەخۆ نامۆبوو، شەش پەروەردەی ھونەری ھاڵیوود و شەش لاساییگەری فیلمە سێكسیەكان، شەش دەبەنگكراوی بازاری نیئۆلیبرالیزم پەلاماری كیژۆلەیەكی خۆشینەدیتووی ئاوارە دەدەن و ئەتكیدەكەن، ژنە پارێزەرێكیش ژنانی كوردی بەشی سوریە بەسەر دوو دەستەدا دابەشدەكات، دەستەی دواكوتووانی ژێر دەواری خێڵ، دەستەی فرە سەربەست، كە مەبەستی لە فرە سەربەست، ژنانێكن كە لەبۆ پارە رادەبوێرن، ئەوەی من تێناگەم، پەیوەندی دەستەی یەكەم و دووەم بە پرسی ئەتكردنی كیژۆڵەیەكی كەم تەمەنە لەلایەن شەش شێرە كوڕی نەتەوە و نیشتمانەوە، چییە ؟؟؟!!!

بەستەرەكانی فێمینیزم و ناسیونالیزم

بەستەرەكانی فێمینیزم و ناسیونالیزم

ھەژێن

٢٠ی فێبریوەری ٢٠١٤

ئەگەر چی لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوین بەگشتی و لە ھەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی فێمینیزم [ لێرەدا مەبەستم فێمینیزمی دەسەڵاتخوازە] وەك ئایدیۆلۆجیایەكی ڕەگەزیی بەفراوانی ئامادەنەبووە، بەڵام فێمینیزم بەواتای ڕەگەزپەرستی و دوژمنسازی لە ڕەگەزی بەرامبەر لە شێوە سەرەتاییەكاندا چ وەك كاردانەوەی ناھوشیارانەی ژنانی ناڕازی بەڕووی ڕەگەزپەرستی پیاواندا ھەر لە كۆنەوە و چ وەك كاركردی ئامانجدارانەی دەستەبژێرێك لە ژنان لە كۆتایی سەدەی ڕابوردوو و سەرەتای ھەزاری سێیەمدا بوونی ھەبووە و ھەردەم بەپێی تێگەییشتن و ئاستی ھوشیاری كۆمەڵگە و خۆھوشیاریی تاك، كۆمەڵێك پێشداوەری و خۆسێنتەری و ستریۆتیپی بەرھەمھێناوە، ھەروەھا وەك ئایدیۆلۆجیایەكی ڕەگەزپەرستانە چەند ساڵێكە بە دەستپێشخەریی ژنانی دەسەڵاتخواز، ئاو بەئاشی دەسەڵاتدا دەكات و خەریكی سەربازگیریی ژنانە لە لەشكرێكی ڕەگەزیی سەروەرخوازانەدا.

گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگەز

فێمینیزمی ڕەگەزپەرست یا دەسەڵاتخواز، بە گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگەز، پاگەندەی ھاوبەرژەوەندیی و ھاوچارەنووسیی و ھاودەردی و ھاوڕێبازی و ھاوخەمی ھەموو ئەندامانی ڕەگەزەكە دەكات، ھەروەك ناسیونالیستەكان گشت تاكەكانی نەتەوەیەك بە ھاوخوێن و ھاوبەرژەوەند و ھاوچارەنووس و ھاوخەون و ھاودەرد و ھاوخواست ھەژماردەكەن و ھەر كەس لە دەرەوەی ئەو بازنەوە بێت، ئەوا خۆبەخۆ دەخرێتە خانەی دوژمنەكان. ئەمە پەڕجووی كاركردنی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستییە، كە كار لەسەر ناھوشیاریی و ناڕۆشنیی تاكەكان دەكات و دەیكاتە دەسمایەی خۆی بۆ جێخستن و خێرا تەشەنەپێدانی ئایدیۆلۆجییەكەی. ھەر ئەوەشە وا لە ناسیونالیزم دەكات، كە زۆر بە ئاسانی و بە بەرفراوانی پەرەبسێنێت و گشتگیرببێت. فێمینیزمیش وەك ئایدیۆلۆجیایەك پشت بە ھەمان بنەما و زەمینە و پێشینە و خەزێنە لە ناھوشیاریی و ناڕۆشنیی تاكەكان دەبەستێت و لەسەر باوەڕە ڕەگەزییەكان كاردەكات و دەیانكاتە دەستمایەی بۆ ھەڵخڕاندنی تاكەكان لە دەوری خۆی.

پشتبەستن بە ئایدیۆلۆجیا

دەستەبژێری دەسەڵاتخواز بۆ وێناكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی وەك بەرژەوەندی ھەمووانی ھاوڕەگەز یا ھاونەتەوە، ئایدیۆلۆجیایەك لەسەر بنەمای كینەدۆزی و ململانێ و دژایەتی تاكە ناھوشیارەكان، چێدەكات و لە مرۆڤەكان لە سەرووی پێكھاتەی كۆمەڵایەتی چینەكانەوە، دۆست و دوژمن دروستدەكات. ئایدیۆلۆجیا وەك كاراترین چەكی ڕامیاریی بەبێ بوونی دۆست و دوژمن، ھەرگیز توانای جێكەوتەبوونی نییە. ھەر لەبەرئەوە گەورەترین سەرمایەگوزاریی لەسەر دوژمنایەتی دروستكردن لەنێوان تاكە كۆمەڵایەتییەكاندا و دابەشكردنیان بەسەر ڕێكخستن و پێكھاتەی ناكۆمەڵایەتییدا، دەكات و لە دۆست و ھاوكار و ھاودەرد و ھاوگەڕەك و ھاوگوند و ھاوشار و ھاووڵات و ھاوكیشوەر و ھاوسەرزەمین، دوژمنی ئەوڕۆكەیی دررست و پەروەردەدەكات.

مرۆڤایەتی لە بارەی ئایدیۆلۆجیای ئایینی و ناسیونالیستییەوە، خاوەنی ھەزاران خەروار ئەزموون و وانەیە، نزیكەی ھەموو جەنگە نێوخۆیی و ناوچەیی و دەوڵەتیی و جیھانییەكان، دەمارگیریی و پاوانخوازیی و كینەدۆزیی ئایینی و ناسیونالیستیی بوونەتە چەخماخەی ھەڵگیرساندنیان و ھاندەر و درێژەپێدەریان. ئایدیۆلۆجییە تازە و ھاوچەرخەكانی دیكە، بە پشتبەستن بە خەرواری ئەزموونی ئەو دوو ئایدیۆلۆجییە كەوتوونەتە پەلوپۆھاویشتن. ڕوودانێكی ئاوا نە ڕێكەوتە و نە لە دەرەوەی پلانەكانی پاراستنی سەروەریی چینایەتییەوەیە، بەڵكو ئامانجدارانە كار لەسەر خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی و زەمینە پێشینەییەكانیان لە خێڵگەرایی و كۆنەپەرستی خەڵكدا دەكەن و بەسوودوەرگرتن لە تواناییە تەكنۆلۆجییەكان و خێرابوونی پەیوەندی یەكلایەنە لە ڕێگەی میدیای زاڵەوە، توانایەكی جادوویی بە تەشەنە و گشتگیربوونی ژاراوگەرییەكەیان دەدەن.

دروستكردنی دوژمنی ھاوبەش

ھەموو ئایدیۆلۆجیایەكی دەسەڵاتخواز، پێویستی بە چێكردنی دوژمنی ھاوبەش لەنێوان تاكەكانی ڕەگەز  یا نەتەوەدا ھەیە، تاوەكو وزە و توانایان بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و یەكێتی كۆمەڵایەتییان پێچەوانە بكاتەوە، بۆ ئەوەی داخوازییەكانیان بكاتە كێبڕكیی دوژمنكارانە لەنێوانیاندا و لەو دوژمنایەتییە دەستكردە ڕامیارییەدا، سێبەرێك بۆ تەختی سەروەربوونی خۆی سازبكات.

ھەوڵی پەردەپۆشكردنی جیاوازییە چینایەتییەكان لەژێر پەردەی ھاودەردیی و ھاوچارەنووسیی ڕەگەزییدا. یەكێكە لە ھەوڵە ئاشكراكانی ھەڵگرانی ئایدیۆلۆجی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، كۆكردنەوەی ھەموو ژنانە لە ژێر خێوەتێكی ڕەگەزییدا، كە ژنانی زیندانی لەتەك ژنانی پاسەوان و ئەشكەنجەدەر، ژنانی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار، لەتەك ژنانی ژێردەستە و كرێكاردا، ژنانی ھەلپەرست و بەرتەریخواز و مشەخۆر لە تەنیشت ژنانی لەخۆبوردوو و ڕەنجخوراودا لەسەر خوانی ئایدۆلۆجیا و ڕامیاریی كۆدەكاتەوە !

سەرەكیترین ئامانج لە دروستكردنی وەھا پوچگەرایی و خۆشباوەڕییەك، دابەشكردنی ھێزی چینایەتی چین و توێژە ژێردەست و چەوساوەكانە بەسەر دوو ڕەگەزی دژ بەیەك و بەرژەوەندجیاوازدا. وەك گوتم ئەمە ئەزموونگیرییە لە ئایدیۆلۆجیییە ئایینی و ناسیونالسیتییەكان، كە پێش فێمینیزمی دەسەڵاتخواز گەورەترین جەنگی ناھوشیارانەیان لە نێوان تاكە چەوساوەكاندا بەرپاكردووە. فێمینیزمی بۆرجوازیی بە ھەمان ئاراستە و ئامانج و مەبەست، خەریكی ھەستەوەركردنی ژنانە وەك یەكەكەی ھاوبەرژەوەند لە دژی پیاوان و پیاوانیش وەك یەكەیەكی ھاوبەرژەوەند وێنادەكات. ئەمە ئەو جەنگە ڕەگەزییە مەترسیدارەیە، كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكان، چەخماخەی لێدەدەن. مەترسیداربوونی وەھا جەنگكێك لەوەدایە، كە ڕەھەندی كۆمەڵایەتیی وەھا كینەدۆزییەك تا نێوان دوایین ئەندامانی خێزان دەڕوات، چونكە واوەتر لە ئایین و ناسیونالیزم، فێمینیزم جەنگەكەی تاكدەكاتەوە، واتە لە جەنگی گروپییەوە دەیكاتە جەنگی نێوخۆیی تاكەكان لە ھەر سات و لە ھەر بازنە و یەكەیەكی ژیان و پێكھاتەی كۆمەڵایەتییدا بەرپایدەكات.

بە بۆچوونی من، ھەر ئاوا كە ناسیونالیزم ھیچ پەیوەندییەكی بە نەھیشتنی ستەم و داگیركراوی و ھەڵاواردنی كولتوورییەوە نییە و وەك لەم ڕۆژگارەدا لە ھەرێمی كوردستان یا ھەر جێییەكی دیكەی ئەم جیھانەدا دەیبینین، دەسەڵاتێك كە بە سەركەوتنی ھێزە ناسیونالیستەكان سەرھەڵدەدات، بەخۆی توندتر لە دەسەڵاتی داگیركەران دەكەوێتە ستەمكاریی لە تاكەكانی “نەتەوە” و قوڵكردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەكان لە ڕێوشوێنی كار و ژیانیاندا. ھەر ئاواش ئایدیۆلۆجیای فێمینیستی ھیچ پەیوەندییەكی بە نەھێشتنی ستەم و پلە دوویی كولتووریی و سیستماتیكی ژنانەوە، كە لەسەر بنەمای بوون و نەبوونی دارایی و دەسەڵاتەكان سەریھەڵداوە و ڕاگیراوە و پارێزراوە و پەرەی پێدەدرێت. ھەر ئاوا، كە پاگەندەی ھاوبەرژەوەندی نەتەوەیی گشت تاكەكان و ئازادبوون و یەكسانبوون و بەھرەمەندبوونی ھەمووان لە سامانی نیشتمانی و داھاتی كۆمەڵگە، لە درۆیەكی پیرۆز بەو لاوەتر نییە، ھەواش پاگەندەی ئەوەی ئەگەر دەسەڵات و سەروەریی و بەڕێوەبەریی كۆمەڵگە لە دەست ژناندا بێت، كۆمەڵگە لە ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لێوانلێو دەبێت، لە پووچگەرایی ئایدیۆلۆجی و پیرۆزكردنی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازی بەولاوەتر نییە! چونكە ھەر ئەم ڕۆژە بەشێك لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و پارلەمانتاران و بەرێوەبەران و پۆلیس و ئەشكەنجەدەران لە ڕەگەزی ژنانن و زیاتر لە پیاوان پێداگریی لەسەر جیاوازی و ھەڵاواردنی ئابووریی و سیستەمیی ژنان دادەگرن. لە بەرامبەریشدا لە ھەرێمی كوردستان ئەوەندەی پیاوان قسە لە ئازادی و یەكسانی دوو ڕەگەزەكە دەكەن و تا ڕادەی فێمینیستبوون كاردەكەن، خودی ژنان ئەو دەركەوتن و پێداگیرییەیان نییە. بێجگە لەوەش ژنان لەكۆمەلگەدا فرەتر لە پیاوان، پارێزەری كۆنەپەرستیی كولتوورین، بۆ نموونە خەتەنەی ژنان، كە خودی ژنان بە كردن و پێداگریی و پاراستنی، دەكەن.

گێڕانەوە یا بەستنەوەی چارەسەر بە بەدەسەڵاتگەییشتنی دەستەبژێری ڕەگەز و  نەتەوە

ھەر ئاوا كە پاگەندەكەرانی ھاوبەرژەوەندیی دارا و نەدار، دەوڵەتمەندان و ھەژارانی ھاوزمان لەژێر ناوی نەتەوەدا دەخوازن بەوە ڕازیمان بكەن، كە بەدەسەڵاتگەییشتنی پارت و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەكان، كۆتایی بە ھەموو ستەمێك و ھەموو نەھامەتییەكانمان دێت و لە سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی ھاوزماندا لە بەھەشتی نیشتماندا گورگ و مەڕ پێكەوە لە كانییەك ئاودەخۆنەوە. ھەر لەسەر ھەمان بنەما و بە ھەمان فریوكاری و ھاندەر و میتۆد و لۆجیكەوە، ژنانی دسەڵاتخواز پاگەندەی ئەوە دەكەن، كە ئەگەر لە جیاتی پیاوانی سەروەر، ژنان سەروەر بن، ئەوا كۆمەڵگە و نیشتمانەكەیان دەبێتە پانتاییەك بۆ سەقامگیربوون و باڵادەستبوونی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی و لە بەرامبەردا ھەڵاواردن و بەھرەكێشیی و زۆرداریی دەبنە بەشێك لە ڕابوردووییەكی زۆر دووری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەمە زۆر لە درۆ و پاگەندەی فریودەرانەوە نزیكە تا لە ڕاستییەوە!

فێمینیستانی دەسەڵاتخواز بۆ ئەو مەبەستە، كۆمەڵگە و خێڵە سەرەتاییەكان دەكەن بە نموونە و بەڵگە و لەو بارەوە ماركسیستەكان پاڵپشتی ئەو پووچگەراییە دەكەن و  پشت بەوە دەبەستن، كە كۆمەڵگە سەرەتاییەكان لە ھەموو ستەم و ھەڵاواردن و نایەكسانییەك خاڵیبوون. بۆچوونی من بێجگە لەوەی ھیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە، كە لە ھەموو كۆمەڵگەكاندا ژنان سەروەر بووبن و ھەروەھا ھیچ بەڵگە و مێژوویەكی تۆماركراوی ئەو سەردەمە نییە، ئەوە بسەلمێنێت كە لەو كۆمەڵگایانەدا كە دایكسالاری كۆڵەكەی ڕیكخستنیان بووە، ستەم و ھەڵاواردن نەبووبێت. بە پێچەوانەوە، لێكۆڵینەوە لەسەر درێژەی ئەو كۆمەڵگایانە لە سەدەی ١٨ و ١٩ و  ٢٠ و ٢١دا ئەوە دەردەخات، كە لە ھەندێك لە كۆمەڵگایانەدا سەروەریی ڕەگەزیی بوونی نییە، لە ھەندێكیاندا ژنان سەروەرن و لە ھەندێكیاندا پیاوان سەروەر بوون، واتە لەم دووانەی دواییدا، كە سەروەریی ڕەگەزیی ھەبووبێت، كەواتە ژێردەستەیی ڕەگەزیش ھەیە و ئەو سەروەرییە بۆ خۆپاراستنی پێویستی بە ڕێكخستن و بەكاربردنی زۆر ھەیە. ئەوی دوور لە دەمارگیریی ڕەگەزیی لەمەڕ ئەو سێ جۆرە پێكھاتانە لێكۆڵینەوەی كردبێت یا بكات، بە ڕۆشنی ئەوە دەبینێت، كە لە نێوان سەروەریی ڕەگەزیی ژن و پیاودا جیاوازیی نییە، گرفتەكە لە بوونی خودی سەروەرییدایە، نەك لە كێبوونی سەرەوەرەكە و كامەبوونی ڕەگەزی سەروەرییەكە. بێجگە لەمە ھەر لە سەردەمی جەنگەكانی پێخەمبەرایەتی موحەمەدی كوڕی عەبدوڵڵای و كوڕی ئەبو موتەلیب’دا كاتێك كە ھۆزە بابسالارەكان [لەنێوانیاندا لەشكری ئیسلامیش] پەلاماری ھۆزەكانی دیكەیان دەدا، ژنانیان وەك دەستكەوت بەسەر خۆیاندا دابەش دەكرد، لە بەرامبەریشدا كاتێك كە دەستگیركراوانی خێڵە بابسالارەكان [بۆ نموونە لەشكری ئیسلام] دەكەوتنە دەست خێڵە دایكسالارەكان لە ھەمان نیوە دوورگەی عەرەبیدا، ژنان پیاوەكانیان بە گون و ئەندامی زاوزێ ھەڵدەواسی و دەیانخەساندن. ئەمانە باشترین نموونەی سەروەریی ڕەگەزیین و ئەگەر لە سەدەی بیست و یەكدا ئیدئۆلۆگەكانی سەرمایەداری بتوانن مرۆڤەكان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیای ڕەگەزیی دابەشبكەن، ئەوا دەبینەوە بە بینەری دابەشكردنی ژنان و خەساندنی پیاوان، واتە گۆڕاندنی جەنگی چینایەتی ژێردەستان بە جەنگی ڕەگەزیی نێوان ژێردەستان لە دژی خۆیان؛ یەكدی.

وەك گوتم ڕەگەزپەرستیی پیاوان و ژنان داھێنانێكی نوێ و ھاوچەرخ نییە، بەڵكو زۆر لەوە كۆنترە، كە دەستی بیرەوەریی و بەڵگە تۆماركراوەكانی پێڕابگات، چونكە بەرھەمی ناھوشیاریی و بەرەنگاریی نیگەتیڤ و پاسیڤی ھەڵاواردنە. ھەروەھا ئەگەر لەم سەردەمەدا كەسێك بە ڕێكەوت و لە ناھوشیارییەوە پێشنیاری ھەر جەنگێك دژی ئەوی بەرامبەر بكات، یەكەم ناھوشیاریی گشتی پەرەپێدەدات و دووەم لەلایەن لێكۆڵەرەوان و ئامارگیران و سەرنجپرسان و ئیئۆلۆگەكانی سەرمایەدارییەوە بە ئامانجی بەكاربردنی بۆ پاراستنی سیستەمی چینایەتی، ھوشیارانە سیستەماتێك دەكرێت و میدیای دەسەڵات دەكەوێتە خزمەت بڵاوكردنەوە و تەشەپێدانی.

دروستكردنی خۆشباوەڕیی بە باشی خود و خراپی بەرامبەر

دروستكردنی وەھا پووچگەراییەك، كە ھەموو ژنێك چەوساوە و ھەموو پیاوێك چەوسێنەرە، پشت بە ھەمان بنەمای ئایدیۆلۆجی ناسیونالیزم دەبەستێتێت، كە ھەموو تاكێكی نەتەوەی خۆ زیرەك، بەھرەدار، بەتوانا، جوان-ڕەوشت ، زرەنگ، جوان، بەخشندە، لێزان، شارەزا، كولتوور بەرز، ھوشیار، خاوێن، شایەستە، ..تد، ھەموو تاكێكی نەتەوەی بەرامبەر، دەبەنگ، بێبەھرە، بێتوانا، بەد-ڕەوشت، تەمەڵ، ناشیرین، پیسكە، نەزان، نەشارەزا، كولتوور نزم، ناھوشیار، پۆخڵ، ناشایەستە ..تد، ھەر بەو جۆرەی كە میدیای ئەوروپی بە ئامانجی سووكایەتی بە كولتوورەكانی دیكە و خراپنیشاندانی كۆچەران و دروستكردنی جەنگی كولتوورەكان و ئایینەكان، ھەموو تاكێكی نا ئەوروپی بەتایبەت خۆرھەڵاتیی بە بابسالار و دژە ژن نیشاندەدات، ھەر واش پاگەندەی ژنانی فێمینیست و لایەنگرانیان لە دوو دەھەی ڕابوردوودا تەنیا دێو و درنج نیشاندانی پیاوە، تا ڕادەی ئەوەی كە منداڵان ڕكیان لە باوكیان دەبێتەوە، یا پیاوانێك تووشی لەخۆنامووبوون و ھەست بە تاوانباریی دەكەن، لە كاتێكدا كە ھیچ تاوانێكیان دژی دایك و خوشك و كچ و ھاسەر و ھاوكار و ھاوپۆل و ھاوگەڕەك و ھاوشاری و ھاووڵاتی و ھاوجیھانیان ئەنجامنەداوە.

ئەو پووچگەارییە، نەك ھەر ڕاستی تێدا نییە، بەڵكو پاگەندەیەكی ئامانجادارانەی ژەھراوییە، كە دەخوازێت لە دووبەرەكی ژنان و پیاواندا بۆشاییەك بۆ كایەی دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێرێك لە ژنان بئافرێنێت و ھاوكات بە بەئامرازكردنی ستەم و ھەڵاواردن و پلەی دووی ژنان لە كۆمەڵگەی چینایەتی و لە نێو پاشماوەكانی خێڵایەتیدا، خزمەت بە مانەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بكات، بەڵام ئەو جار لە ژێر دێوجامەی دادپەروەریی فێمینیزمدا !

بۆ دەركەوتنی پووچەڵی ئەو پاگەندەیە، پێویستمان بە ھەستەوەریی [ھەستەوەریی بە واتای نیگەتیڤ نا، بەڵكو بە واتای sensibility] كولتووریی و ڕەگەزیی و چینایەتی ھەیە، كە چاویلكە ڕەگەزیی و نەژادی و ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجییەكانمان فڕێدەدات و لە جوانتربینن و وردنینینی كەتواریانەی كۆمەڵگە و ڕووداوەكانیدا كۆمەكماندەكات. ھەر یەك لە ئێمە لەدایكبووانی كۆمەڵگەی بابسالاریی لەوانەی دیكە باشتر دەزانین و ھەستی پێدەكەین، كە پیاو لەو كولتوورەدا ناچار و سزاوارە بەوەی كە نابێت و نەنگییە، ڕازی ژێردەستەیی خۆی، گیرۆدەیی و ئازار و ئەشكەنجەیەك، كە ڕۆژانە لە نێو خێزان و شوێنی كار و خوێندندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بدركێنێت و لەمەڕ ئازار و ئەشكەنجە دەروونی و جەستەییە ڕۆژانەییەكانی نێو خێزان بدوێت و سكاڵابكات، چونكە ئەوە لاوازیییەكانی دەخاتە ڕوو و ھەموو شانازییە كولتوورییەكانی پیاوەتی دەخاتە ژێر پرسیار: بەڵام لە بەرامبەردا لاوازنیشاندانی ژنان لەو كولتوورەدا بواری بۆ ژنان ڕەخساندووە، كە سكاڵای خۆیان لەمەڕ دڕندەیی كولتووریی دەرببڕن. بەم جۆرە دەبینین، بابسالاری ئەگەر لە ڕوویەكەوە بۆ پیاوانی ستەمكار و بەدڕەوشت بەرتەرییەك بێت، ئەوا بۆ پیاوانی نەرم و نیان و یەكسانیخواز ناسەنگی و خراپكاراییە. ھەروا ئەگەر لاوازبینی كولتوورییانەی ژنان بۆ زۆرینەی ژنان بە ئەشكەنجە و سووكایەتی و نایەكسانی تەواوبووبێت، ئەوا بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتخواز و ستەمكار و سووكایەتیكەر لە ژنان، بە پەردەپۆشیی ستەمكاری ڕۆژانەی نێو خێزان تەواودەبێت و دەىبێتە بازارێك بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی و زەمینەسازی بۆ ڕشتنی ژاراوی ئایدیۆلۆجی سەروەرییخوازانەی چینایەتی لەژێر دێوجامەی ڕەگەزییەدا. ئەگەر بە وردی سەرنجبدەین، ژنانی ستەمكار و دەسەڵاتخواز لە نێوەندی خودی ژناندا بە پیاوانی ناسراون.

ئافراندنی باری ناجێگیری دەروونی بۆ تاكەكانی ڕەگەز و نەتەوە، بەوەی كە ھەمیشە و لە ھەر دەستەواژەیەكدا خۆییەكان بە پەلاماردراو ببینن

فێمینیستانی دەسەڵاتخواز ھەروەك ناسیونالیستان و مەزھەبییان ھەردەم، خەریكی شێواندنی دەروونیی تاكەكانن بە ئامانجی ئاسان جێگیربوونی ئایدیۆلۆجییەكەیان، كە ئامانجیان گەییشتنە بە سەروەریی. كاتێك كە ژنێك، ھەرچی پیاو بیڵێت و بیكات، بەوەی بزانێت، كە ئامانجی سووكایەتی و ژێردەستكردن و لەنێوبردنی ئەوە، ھەروەك چۆن كوردێك یا موسوڵمانێك ئاوا ھەستبكات، كە ھەرچی ناكورد و ناموسوڵمانەكان دەیكەن، ئامانجی دژایەتی ئەمانە، ئەو كات تووشی بارێكی دەروونیی ناجێگیر و شێوا دەبێت، كە ھەم لە خۆی نامۆدەبێت و ھەم بڕوای بە دۆستایەتی ئەوانی دیكە نامێنێت و ھەموو ساتێك خۆی لە جەنگێكی ناكۆتاییدا دەبینێتەوە، كە تێیدا ئەو لەبەردەم مەترسی پلان و ھێرش و دڕندەیی ئەوانی دیكەدا دەبێنیت. بار گرژییەكی دەروونی ئاوا، تاكێك كە ھەست بە ستەملێكراوی خۆیدەكات، دەكاتە دڕندەیەكی پەلاماردەر، چونكە بەو سەرنجامە دەگات، ئەگەر ئەو پەلامارنەدات، ئەوا دوژمنەكەی پەلاماری دەدات و براوە دەبێت. واتە دروستبوونی ھەستی خودچەوساوەیی و خودڕاستیی ھەمیشەیی و چەوسێنەربوون و ھەردەم دڕندەیی ئەوانی دیكە. ئەمە ھەمان ھەستە كە لە نێو ھەڵگرانی بیری ئایینی و نەتەوەییدا دروستدەبێت، بۆ نموونە جوولەكەكان یا عەرەبە فەلەستینییەكان، جوولەكەكان لەسەر دروستكردنی شوناسی بێتاوانی ھەمووانی جوولەلەكان پاش ھۆلۆكۆست، عەرەبە فەلەستینییەكان لەسەر دروستكردنی شوناسی بێتاوانی پاش داگیركردن و جێبەجێكردنی نەخشە و پلانی زلھێزەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا بەسەریاندا، باشترین نموونەن و باشترین خزمەتیان بەسەروەریی چینایەتی لەو ناوچەدا كردووە و خەباتی چینایەتییان لە ناوچەكەو لەنێو تاكە جوولەكە و عەرەبەكاندا دەیان دەھە پاشەكشێی پێكردووە. ئەمە لەمەڕ ھەموو قەوارە ڕەگەزیی و نەژادی و ئایینیەكان دروستە.  بە واتایەكی دیكە سوڕانەوە لە بازنەی داخراوی جەنگی خودپەسەندی و خراپكردنی ئەوانی دیكە

ئافراندنی وێنای بێتاوانی و چەوساوەیی ھەمە لایەنە بۆ خۆ و گشتگیركردنی و تاوانباركردنی بەرامبەر بە چەوسێنەری و گشتگیركردنی

لە درێژەی ئەوەی لە سەرەوە لەمەڕ دوژمنسازی و دەروونشێوانیی ھەمیشە لە جەنگدا، خستمەڕوو، سەرەنجام تاكی ڕەگەزپەرست و نەتەوەپرست و ئاییندار، پاساو بۆ ھەموو كردارێكی خۆی دەدۆزێتەوە و  بڕوای تاكە لاوازەكان بە دڕندایەتی بەھێزتردەكات و ڕەوایەتی بە ھەموو تاوانێك دەدات، خۆی ئەنجامیدەدات، بەپێچەوانەوە بەرامبەرەكەی دەكاتە تەنیا ھۆكار و ھاندەری ڕوودانی تاوانەكە و شانی خۆی لەژێر لێپرسراوەی تاوانەكان و لەتوانادابوونی ئەگەری ڕوونەدانی خاڵیدەكاتەوە.

بێجگە لەوەی كە ھۆكاری درێژەكێشانی جەنگە درێژماوە و جیھانییەكان، ئەو شێواوییە دەروونییەی تاكە ناھوشیارەكان بووە بە كۆكردنەوەی ھەمووانێك لەژێر خێوەتی خۆبوون و نەفرەتیكردنی ئەوانی دیكە لە ژێر خێوەتی دوژمنبووندا، بۆ نموونە جەنگی ٣٠ ساڵەی ئەوروپا، جەنگی جیھانی یەكەم و دووەم، ئەگەر زۆر بە كورتی و تەنانەت بە ڕواڵەتیش سەرنجێكی خێرای كۆمەڵگەی بارگاوی بە دوژمنسازیی لە ڕەگەز و نەتەوە و ئایینەكان بدەین، ئەوا زۆر بە ڕۆشنی ڕەوتی پەرەسەندنی خێرای جەنگی ھەمووان دژی ھەمووان دەبینین و ھەستی پێدەكەین. ئەگەر جاران جەنگی نێوان مرۆڤەكان تەنیا لە تێكچوونی نێوان دوو دەسەڵاتداردا یا ئەنجامدانی كارێكی نەخوازراو لەلایەن تاكی ژێردەستی لایەكییانەوە، ڕوویدابێت، ئەوا لەم ڕۆژگارەدا ھەموو ساتێك ھەمووان لە جەنگدان، باوك دژی دایك، خوشك دژی برا، براژن دژی خوشكی مێرد، خەسوو دژی بووك، ئەم گەڕەك دژی ئەو گەڕەك، فێریار دژی مامۆستا، كرێكاری نیشتەجێ دژی كرێكاری كۆچەر، شار دژی شار، شار دژی لادێ، لادێ دژی لادێ ، ماڵ دژی ماڵ، ھەرێم دژی ھەرێم، ئاییندار دژی ئاییندار/ بێئیایین، قسەكەرانی دیالێكتێك دژی ئەوانی دیكە…تد؛ ھەمووان لە جەنگێكی ناكۆتا و جاڵجاڵۆكەییدا دژی ھەمووان لەسەر شانۆی بەردەم سەرمایەداران و سەروەراندا یەكدی دەكوژین و ئەشكەنجەدەین و  ئەوانی دیكەی سەروەریش بە چێژبردنەوە تەماشای ڕۆڵی تاكە ناھوشیارەكان لەو تراجیدییە خەندەئاوەرەدا، دەكەن.

پاگەندە ڕواڵەتییەكانی فێمینیزم

ئەگەر لەو پەڕی ڕادیكاڵبووندا سەرنجی ئامانجەكانی ئایدیۆلۆجیای فێمینیستی و باڵە دەسەڵاتخوازەكانی بزووتنەوەی فێمینیستی بدەین، دەبینین، كە یەكسانبوونی زۆرینەی ژنان لە كۆیلەیتییدا و سەروەربوونی كەمینەیەك لە ژنان، تاكە ئامانجییەتی و لەوپەڕی پێداگرییدا دەیەوێت ژنان بگەیێنیتە ئاستی كۆیلەتی پیاوان لە سایەی سەروەریی چینایەتیدا و ڕزگارییەك/ یەكسانییەك، دیمۆكراسییەك كە ئەو/ئەوان دەیخوازن ھەمان ڕزگاریی و یەكسانی و دێمۆكراسییە، كە سەروەران پاگەندەی دەكەن و وەك نوشتە بۆ ھەموو گرفتێكی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیستماتك دەرخواردی تاكە ناھوشیارەكانی دەدەن. ئەوان دەخوازن ژنانیش لە یەكسانییەكی یاساییدا وەك پیاوان ببنە پۆلیس، ئەشكەنجەر، پاسەوانی زیندان، چەكداری ئاساییش، سەرباز، ھەواڵگر،  ھەواڵدەر،  دەڵاڵی بازار، ئەندام و سەرۆكی پارت، پارلەماتتار و سەرۆكی پارلەمان، بەڕێوەبەر و سەرۆكی ھەمان سیستەمی سەروەریی چینایەتی، واتە گەییشتن بە ھەمان ڕێوشوێنی زۆرینەی كۆیلانەی پیاوانی نەدار و بێدەسەڵات یا كەمینەی سەروەران و مشەخۆرانی سامان و داھات و ڕەنجی زۆرینە !

دواجار لەوە دڵنیام كە لە یەكەم كاردانەوەدا دەمارگیرانی ئایدیۆلۆجیای فێمینیزم و پیاوانی خۆ بە فێمینیستزان، وەك ڕەخنەیەك دەپرسن؛ ئەی ئەناركۆ-فێمینیزم چۆن لێكدەدەیتەوە و لە كوێی ئەو لێكدانەوەدا دایدەنێیت یا بۆچی باوەڕەكانی بۆ سەر كوردی وەردەگێڕیت ؟

ڕاستییەكەی پرسیارێكی بەجێیە بۆ كەسانێك، كە ناھوشیارن و زانیارییەكی ئاوایان لەسەر ڕەوت و تێڕوانینەكان و جیھانبینییەكان نییە، بەڵام نابەجێ و فریودەرانەیە، ئەگەر وەك ھانابردنێك بۆ شاردنەوەی ڕاستییەكان و جیاوازییەكان ئاراستەبكرێت !

ھەر ئاوا كە ئەناركیزم ئایدیۆلۆجیا نییە، بەڵكو شێوازی بیركردنەوە [میتۆدلۆجی]یە و ھەردەم لەتەك گەشەی كۆمەڵگە و ھوشیاربوونەوەی مرۆڤدا لە گۆڕان و خۆچاكسازییدایە، ھەر ئاواش ئەناركۆ-فێمینیزم ئایدیۆلۆجیا نییە و تێڕوانینی ئەناركیستەكانە بۆ یەكسانی ڕەگەزەكان، ھەروەك چۆن تێڕوانینی تایبەت بەخود و جیاواز لە ھی ئەوانی دیكەیان بۆ ستەمی كولتووریی و داگیركاریی نیشتمانی ھەیە و ھەروا كە تێڕوانێكێكی دیكەیان بۆ سیستەمی پەروەردە و فێركردن و ڕاھێنان ھەیە …تد. لەم بارەشەوە تێڕوانینی ئازادیخوانە [دژە-سەروەرانە]یان بۆ نەھێشتنی ھەڵاواردنی ژن و پیاو ھەیە و ناشتوانن تێڕوانینی جیاوازیان نەبێت، چونكە بنەمای بیركردنەوە و جیھانبینی و چارەسەرەكان لە ڕوانگەی ئەوانەوە جیاوازدەبێت، لەبەرئەوەی كە ئەوان سەروەریی ھەموو بوونەوەرێك بەسەر ئەوی دیكەدا ڕەتدەكەنەوە و خودی بوونی سەروەریی بە گرفت و سەرچاوەی سەرھەڵدانی گرفت و ستەم و ھەڵاواردنەكانی دیكە دەزانن.

لێرەدا ناچمە سەر نیشاندانی خاڵ بە خاڵی جیاوازییەكان لە ژیانی ڕۆژانە و بیركردنەوە و جیھانبینی و ئامانجەكاندا، تەنیا ئەوە دەڵێم، ئەگەر تێڕوانینی ئەناركۆ-فێمینیستیش وەك ئایدیۆلۆجییی فێمینیستی و تێروانینی فێمینیزمەكانی دیكە، پێداگریی لەسەر پووچگەراییەكانی باشتربوونی دایكسالاری لە بابسالاریی و یەكسانبوونی ژنان لە پۆلیسبوون و بەرێوەبربوون و سەرۆكبوون و سەرمەیاداربوون و ..تد بكات، یا كەسێك بەناوی ئەناركۆ-فێمینیزمەوە وەھا پاگەندەگەلێك بكات، بەدڵنییاییەوە ئەم نووسینە ڕەخنە و ڕەتكردنەوەی ئەویش دەبێت و ھەمان ھەڵوێستم بەرامبەری دەبێت، ھەروەك بەرامبەر بۆرجواز-فێمینیستێك ھەمە.

بە كورتی ئەم ئایدیۆلۆجییە نوێییە، كە جێگرەوەی ئایدیۆلۆجییە سەردەم بەسەرچووەكانی پێشووە، وەك ناسیونالیزم لە جێی ئایین. نوێنەرایەتی و  دەوڵەتی بۆرجوازی بەناوی نەتەوەوە لەجێی دەسەڵاتی كەنیسە بەناوی خواوە، لەم بارەشدا ئایدیۆلۆجیای فێمینیستی بە دەسەڵاتگەییشتنی ژنانی دەسەڵاتخواز بەناوی ژنانەوە و فریودانیان لە ھەڵبژرادنەكاندا دێتە مەیدان و دەخوازێت مرۆڤایەتی لە بازنەی داخراوی سەروەریی چینایەتیدا ڕابگرێت و ئەگەر تەنیا بۆ ماوەیەكی كەمیش بووبێت، تەمەنی نەگریسی سەروەریی درێژبكاتەوە و پەرەیپێبدات، بەڵام ئەم جارە بەناوی ژنانەوە و ستەم لە ژنان و پلەدوویی كولتووریی و ئابووریی ژنان بكات بە دێوجامەی ئەو ئاراستەكردنە ئایدیۆلۆجییەی سەروەریی!

ئایا بەڕاستی پیاوان، ئاوا كە فێمینیزمی بۆرجوازی وێنایان دەكات، گشت بكوژ و شەقوەشێن و سادیست و دەسەڵاتدار و كۆنەپەرست و  كۆنەپارێزن؟

ئەگەر نا، ئەی گشتگیركردنی سزاواریی كوێرانە بەسەر  گشت پیاوان دەچێتە چ خانەیەكەوە و چی ھاندەریەتی ؟

ئەی پێناسەمان بۆ ئەو پیاوانەی كە لەپێناو ڕزگاری و یەكسانی ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا گیانیانبەختكرد، چییە و چی دەبێت ؟

ئەی ڕۆڵی ئەو ژنانەی [خەسوو، دش،  برازای ھاوسەر ، خوشكەزای ھاوسەر ، پورزای ھاوسەر ، خاڵۆزای ھاوسەر ، زازازازاكانی دیكەی ھاوسەر و ژنانی ھاوسێ و ژنانی ..تد] كە پیاوان بۆ پیاوبوون و مەردایەتی و بەشەرەفیی و بەنامووسیی ھاندەدەن، چۆن لێكدەدرێتەوە و دەچێتە چ خانەیەكەوە؟

ئەی ڕۆڵی ئەو ژنانەی، كە بە ھەمان شێوەی پیاوانی سەركەوتگەر، سەركوتی پیاوەكانیان دەكەن و لەسەر بنەمای پشتیوانی ماڵی بووك لە بووك و ماڵی زاوا لە زاوا [ كە دیسانەوە ژنانی ھەردوو دەستە زۆرترین ڕۆڵدەبینین] لە بەرامبەركێیەكی بەردەوامدا ھاوسەرەكان لە ھەوڵی ملكەچپیكردنی یەكدییدان،  دەچێتە چ خانەیەكەوە؟

ئەی ڕۆڵی ئەو ژنانەی کە پۆلیس و سەرباز و بەڕێوەبەر و خاوەنکار و سیخوڕ و هەواڵگر و دەڵاڵ و لەخشتەبەری ژنان چی، ئایا دەتوانن هاوبەرژەوەندی ژنانی ستەمدیدەبن ؟

ئایا پەیوەندی ژنانی خاوەنکار و دەڵاڵ و ئەشکەنجەدەر و پۆلیس لەتەك خودی ژنان هیچ جیاوازییەکی لەتەك هەمان پەیوەندی چەوسێنەرانەیان لەتەك پیاوان هەیە ؟

ئایا ھێشتاكە دەتوانین، كینەدۆزییە ڕەگەزییەكانمان، بەسەر یەكتردا گشتگیربكەینەوە، “ژنان گشت چەوساوەن و پیاوان گشت چەوسێنەر” یا “پیاوان گشت بە ئاوەز و ژیرن و ژنان گشت بێئاوەز و  ناژیر” ؟

ئەی ڕیزبەستنی ڕەگەزیی بەرامبەر یەكدی لە بەرژەوەندی كێ تەواودەبێت، بۆچی دەسەڵاتداران و نێوەندە جیھانییەكانی پاگەندەی نیئۆلیبرالیستی، بۆچوونی ژنانی دەستەبژێر، زۆر هوشیارانە پەرەیپێدەدەن و گشتگیری دەکەنەوە ؟

 

بە بۆچوونی من، وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە و دەرکردنی هۆکارەکان، دەتوانێت هاندەر و زەمینەسازی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە هەڵوێستماندا و یەکگرتنەمان بێت لە مەیدانە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی خەباتی یەکسانیخوازانە لەسەر بنەماکانی ئازادیخوازیی و دژایەتكردنی ڕادیکاڵانەی سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە، كە تا دارایی [موڵكیەتی] تایبەت و كاری كرێگرتە لە ئارادابن، سەروەریی بە شێوەیەك لە شێوەكان ھەر دەرێژەی دەبێت و لە ئارادا دەبێت.

*************************************

*  لە ڕاستیدا ئەم بابەتە لە [١٥ی ئەپڕیلی ٢٠١٣]دا نووسراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر گرفتاری ڕۆژانە لەبیرمكرووە و  ئەم ڕۆ دۆزیمەوە و پاكنووسمكرد. ھیوادارم بەڕێزانێك كە لەم بارەوە بۆچوونێكی ناكۆك یا جیاوازییان ھەیە، بە ڕەخنەگرتن لە بابەتەكەی من، بیخەنەڕوو، تاوەكو  لایەنێكی دیكەی پرسەكەمان بۆ ڕۆشنبكاتەوە.

ئەو گۆڕانەی ئێوە خوازیاریبوون، كار و ئامانجی ئەوان نەبوو و نییە و ناشبێت !

ئەو گۆڕانەی ئێوە خوازیاریبوون، كار و ئامانجی ئەوان نەبوو و نییە و ناشبێت !

ھەژێن

١٦ی فێریوەری ٢٠١٤

یەكێك لە گرفتەكانی تاكی خۆشباوەڕ، تاكێك كە خاوەنی خۆھوشیاریی و سەربەخۆیی بیركردنەوە و سەربەخۆیی كەسایەتی نییە، وەك پووش و گەڵای وەریو، بە ئاسانی ڕەشەبای ڕۆژگار لەتەك خۆیدا ڕاپیچیدەكات و بە ویستی باكانی ڕۆژگار، لە جێیەك كۆمادەبێت؛ ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (كاژیك) و ڕۆژاگارێك لەبەردەم (پدك) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (حشع) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (ڕزگاری) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (كۆڕەك) ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (ینك) و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای (ئاش) و  ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای ئیسلامییەكان [(حاكع) و (جا) و (یاكع) و (كاكع) و (ناكع) و (جاكع) و (اا) و (سەلەفی) و … تد ] و ڕۆژگارێك لەبەردەم كۆمپانیای وشە و  گردە دزراوەكەدا، بەڵام ھیچ كات و تەنیا بۆ جارێكیش لەبەردەم ماڵی خۆی و لە ڼێو كۆڵان و گەڕەك و لە شوێنی كار و فەرمان و خوێندنی خۆیدا نا. ھیچ كات لەپێناو خۆڕێكخستن و سەپاندنی داخوازییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی خۆیدا نا، بەڵكو ھەردەم لەپێناو ساختەچییەتی ڕامیاریی ئەوانی دیكەدا، ئەوانەی كە ھەردەم دەخوازن سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییە ڕەواكانی ئەو  و ھاودەردەكانی ببن و وەك پەیژەیەك بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و پارلەمان و  كەڵەكەكردنی سەرمایە و مشەخۆریی، بەكاریانبەرن ! بەداخەوە ئەوەیە تاكی ناڕازی و گۆرانخوازی كورد، كە لە ھەموو سەردەمەكاندا چ لە شاخ و چ لە شاردا، ھەردەم بەھۆی خۆشباوەڕیییەوە پاشڕەوی “فی سبیل اللە”ی ڕامیاران بووە.

ھەڵبەتە لێرەدا نامەوێت و مەبەستیشم نییە، خۆم وەك سۆپەرمانێك لە دەرەوەی بازنەی بوونی ئەو تاكە بەدبەختانەدا وێنابكەم، بەپێچەوانەوە ڕۆژگارێك منیش لە تەمەنی ھەرزەكاریی ڕامیارییمدا، پاشڕەویی یەك دووانێك لەو پارت و گروپانە [چەپەكانیان] بووم، بەڵام بە وانەوەرگرتن لە ئەزموونەكانی خۆم و ئەوانەی پێش خۆم، توانیوومە خۆم لە تەلیسمی ڕامیاریی ڕزگاربكەم و بەخۆم بیربكەمەوە، بەخۆم دیاردەكان ھەڵسەنگێنم و ڕێگەنەدەم دەزگەكانی دەبەنگكردنی مرۆڤ [تەلەفزیۆن و میدیای دەسەڵات و پارتە ڕامیارییەكان]، ڕووداوەكانم بۆ شیبكەنەوە و بەرەو بەھەشتی ئاسمان و زەوی ڕێنوێنیم بكەن.

كەم نەبووین ئەوانەی كە لە ناھوشیارییمانەوە ڕۆژگارێك بووینە سووتەمەنی جەنگە نێوخۆییەكانی میلیشیاكانی ناسیونالیزمی كورد و گیان و ژیان و بوونی خۆمان كردە قوربانی بەدەسەڵاتگەییشتنی كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز و مشەخۆر لەژێر دێوجامەی ڕزگاری نەتەوە و نیشتماندا و كۆمەڵێك سەركوتگەرمان گۆڕێن بە كۆمەڵێكی دیكە، بێجگە لە زەمینەسازیی بۆ پیادەبوونی نەخشەكانی داگیركەران و وێرانكردنی زیاتر لە ٣ ھەزار گوند و  زیندانییبوون و لە سێدارەدانی ھەزارانی دیكە و  كوژرانی ھەزارانی دیكە لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٦٣تا ١٩٩٨، كیمیاكوژكردنی زیاتر لە ٥ ھەزار كەس و ئەنفالكرانی نزیكەی ١٨٠ ھەزار جوتیار و گوندنشینی ناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی داگیركەر و كردنی كوردستان بە بەشێك لە جەنگی ماڵوێرانگەرانە و ناڕەوای عیراق-ئێران. ھەر خۆشباوەڕیی تاكی ژێردەستی كورد بوو، كە ڕاپەڕینی وەك قۆچێك لەبەردەم چەقۆی حازرخۆرانی سفرەدڕ دانا و ئەو نەھامەتییەی بارھێنا، كە دوو دەھەیە، ھەمان تاك دەرگیری دەستوپەنجەنەرمكردنە لەتەكیدا و لەوانەیە دیسانەوە چەند دەھەیەكی دیكەش ناچار بە قوربانیدانبین، تاوەكو بتوانین لە ڕاپەڕینێكی دیكەدا دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد وەك دەسەڵاتی بۆرجوازی عەرەب [ڕژێمی بەعس] ڕابماڵێنەوە.

بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، ھیچ كات دەسەڵاتداران و مشەخۆران دەستەوئەژنۆ دانەنیشتوون و چاوەڕێ نەماونەتەوە و نامێننەوە، تا ئەو چەند دەھەیەش بگوزەرێت و مەرگی خۆیان ببینن. ئەوان ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە ھەرچی خۆفرۆش و بەكرێگیراو ی ڕژێمی داگیركەری بەعس ھەبوو، بەناوی “چەكداری شۆڕشگێڕەوە” بۆ سەركوتی خەڵكی ڕاپەڕیوو ڕێكیانخستنەوە و بەریاندانەوە گیانی خەڵك. ئەو كات (نەوشیروان موستەفا) و ھاوڕێكانی ئەندازیاری “شۆڕشگێڕكردنی” چەكدارەكانی بەعس و گفتوگۆ لەتەك بەعس بوون، ئەو كات ئەوان لەلایەك ڕەشەكوژی ژنانیان بە پاساوی نامووسپەرستی كوردایەتی و ھاریكاری لەتەك بەعس ڕەوادەبینی و ژنانیان بەبیانووی ھاریكاری ڕژێمی بەعس ڕەشەكوژیدەكرد و لەلایەكی دیكەوە قرتێلەی “شۆڕشگێڕی”ییان لە بەرۆكی پیاوانی ھاریكاری بەعس و پێشلەشكرانی وێرانكردنی گوندەكان و كیمیاباران و ئەنفال دەدا! ئەو كات ئەوان تا ساڵی ٢٠٠٦، ھاودەنگی بڕیاری سەركوت و زیندانیكردن و كوشتن و  لەسێدارەدانی لاوانی خۆنیشاندەری ھەڵەبجە و ناوچەكانی دیكە بوون!

لەوانەیە تا ئێرە، خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی تاكی كورد، وێڕای ئەو ھەمووە ئەزموونە، زۆر شایانی سەركۆنە نەبێت، لەبەرئەوەی بوون و ستەمگەریی و كارە چەپەڵەكانی ڕژێمی بەعس، تا ڕادەیەك پاساو و ھاندەر و تەشەپێدەری بوون. بەڵام كاتێك كە تاكی كورد، دەسەڵاتداریی و مشەخۆریی بۆرجوازی كورد دەبینێت و بە كردوەوە جیاوازنەبوونی لەتەك ڕژێمی بەعسدا بۆ دەردەكەوێت، ئیدی بێجگە لە خێلگەراییبوون و شارچییەتی، ھیچ بیانوو و پاساوێك نییە، كە بتوانێت داكۆكی لەوە بكات، ئەو تاكەی كە بە ھەمان شێوەی سەردەمی بەعس لە خۆنیشانداندا تەقەی لێدەكرێت، تیرۆردەكرێت، ئاوارەدەكرێت و ماڵ و سەرپەنای دەستی بەسەردادەگیردرێت و لەسەر لایەنگریی لە لایەنێكی دیكە لەسەر كارەكەی لادەدرێت و گەڕانەوە و سەردانی كوردستانی لێ قەدەخەدەكرێت، سەرباری ھەموو ئەوانە وەك ئەوەی كە لە مێژووی نیو سەدەی ڕابوردوودا نەژیابێت و ئاگادارنەبێت، زۆر بە خۆشباوەڕیی و خوێنساردییەوە، یەكێك لە ئەندازیارانی جەنگی نێوخۆ و تیرۆر و سەركوت، دەكاتە شوانەی خۆی و  بە دەنگدان دەیگەیێنێتە دەسەڵاتداریی و مشەخۆریی پاشایانەی دەسەڵاتدارانی بەر لە خۆی !

ئیدی ئەمە ئەوپەڕی داماوی و دەستەمۆبوونی تاكی كوردە لە لیتاوی ناسیونالیزم و دەسەڵات و دەوڵەتی خۆییدا، ھاوكات ئەمە ھەم شایستەی ئەو پەڕی بەزەییپێداھاتنەوەیە و ھەم شایانی ڕەخنەلێگرن و سەركۆنەكردنە، بەتایبەت لە كاتێكدا كە بە ھاوار و ئاواتی گۆڕانخوازییەوە دوای جەلادانی خۆی دەكەوێت و ھیوای ئایەندەییەكی بەختەوەریان پێوەگرێدەدات و چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەكات، كە پێچەوانەی خەونی دەسەڵاتخوازانە و مشەخۆرانەیان، ئەو ھەلپەرستانە بێن و ببنە بەدیھێنەری ئاواتەكانی خەڵكی ستەملێكراوی كورد !

ھەڵبەتە لێرەدا نامەوێت تاكی ناھوشیاری كورد وەك تاكە بوونێك لە مێژوو و لە جیھاندا نیشانبدەم، بەداخەوە ئەوە تایبەتمەندی تاكی چەوساوە و ژێردەستی گشت جیھانە و لە وڵاتانی تۆپ-پێشكەوتووی پیشەسازی و تەكنەلۆجیدا، لیتاوەكە لەوە خەسترە و پاش زیاتر لە چەند سەدە مافی دەنگداتن بە دەسەڵاتخوازان و مشەخۆران و ھەڵبژاردنی سەروەرانی خۆی، پاش سەدان ساڵ ئەزموون لەوەی كە ھەڵبژرادنی پارلەمانی ھیچ كات ئامراز و  ڕێگەی گۆڕینی كۆمەڵگە و سیستەمەكە نادادوەرەكەی نییە و ھەردەم پاش ھەر دەنگدانێك، تاكی ژێردەستی خۆشباوەڕ تەنیا یەك كاری ئەنجامداوە، ئەویش سەندنەوەی مافی دەسەڵاتداری و مشەخۆریییە لە كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیار و دانی بە كۆمەڵێكی دیكە لەوان ساختەچیتر، كە بەدیاریكراوی گەمەی دەستاودەستپێكردنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیە لەلایەن ساختەچیانی ڕاستەوە بۆ چەپ و لە ساختەچییانی چەپەوە بۆ ڕاست، ھیچی لە خۆشباوەڕیی و بەدبەختی تاكی كورد كەمتر نییە، كە لە دووی سەرۆكی باش و پارتی باش و ڕامیار’ی باش و پارەلەمان و پارلەمانتار’ی باشدا وێڵە و پاش ئەو ھەمووە ئەزموونە مێژوویانەی مرۆڤایەتی، ھێشتا نەیتوانیوە ئەوە دەركبكات، كە گرفت لە ڕوخساری كەسەكان و ناوی پارت و لیستەكاندا نییە، بەڵكو گرفت لە خودی پێكھاتەی سیستەمە ڕامیارییەكە و میكانیزمەكانی ڕێكخستنیایەتی و دەسەڵاتی سەرووخەڵكی بەدەست ھەر كەسێكەوە بێت، تەنیا یەك ئەركی ھەیە، ئەویش پاسەوانی و پاراستنی دزییە، پاسەوانی و دابینكردنی مشەخۆریی چینێك و دەستەبژێرانێكی دیاریكراوە، ئیدی ئەوە ھیچ لە ناوەڕۆكی ئەو دزییە ناگۆرێت؛ من سەرۆك و دەسەڵاتداربم یا تۆ و ئەوانی دیكە، چونكە پێناوێك كە سیستەم و سەروەریی چینایەتی لەپێناودا ھاتووەتە بوون، دزی و مشەخۆرییە بەسەر سامان و داھاتی كۆمەڵگە و داگیركردنی ڕەنجی چین و توێژە ژێردەستەكانی خوارەوەیە !

بەپێچەوانەوە دەمەوێت ئەوە نیشانبدەم، گۆڕانێك كە تاكی خۆشباوەڕ و پاشڕەوی ڕامیاران دەیخوازێت، ھەمان گۆڕان نییە، كە دەسەڵاتخواز و مشەخۆرێك دەیخوازێت. بۆ نموونە لە ھەنگاوی یەكەمدا خەڵكی بەگشتی خوازیاری دابینكردنی كۆمەكە كۆمەڵایەتی و بیمە دەرمانی و چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی سیستەمی خوێندن و پەروەرە و یاساكانی كار و نیشتەجێبوون و مسۆگەریی ئازادییە تاكەكەسیی و گشتییەكان و بوونی دادپەروەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی لە بەھرەمەندیی و ڕێكخستنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەڕێوەبردنییەتی. بەڵام لەبەرئەوەی كە لە پڕۆسێسێكی مێژووییدا بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بەخۆ و ھاوپشتی و ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی، كە جاران پشتییان پێبەستراوە، لەودا [لە تاكی ژێرەست و نەدارادا] لەنێوبراون و لاوازكراون و خۆی كراوەتە پاشگر و تاك و ئەندامی ناچالاك و نائومێد، تا ئاستی ئەوەی كە خۆی بە دەنگێك و ئامرازی بەسەروەركردنی كەسانی دیكە دابەزێنراوە و دەبینێت، ھەموو ھێزێك لە دەرەوەی خۆی بە دیاریگەری چارەنووسی خۆی دەزانێت و ئامادەیە ملی ھاوكار و ھاوسێ و ھاوپۆل و ھاوڕێ و ھاودەم و ھاوسەر و ھاوحەز و ھاوڕەگەز ھاودەردانی خۆی، لەپێناو بەختەوەربوون و بەدەسەڵاتگەییشتن و مشەخۆربوون و كەڵەگابوونی كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیاردا، بشكێنێت و تیرۆری جەستەیی و ھۆشی و ئاوەزییان بكات !

من بەپێچەوانەوەی تاكی خۆشباوەڕ و ناھوشیار و پاشكۆوە، ھیچ لادانێك لە ھەڵوێست و لە مەبەست و لە بەڵێن و لە بەرنامە و لە ستراتیجی لیستی بەناو “گۆڕان” و سەرۆك و سەركردایەتییەكەی و ئەندامپارلەمانەكانیدا نابینم و پێشتر ھەمان بۆچوونی ئێستام ھەمووە و لە ساڵی ١٩٩١یشدا ھەمان ھەڵوێست و ھەڵسەنگاندنم بەرامبەر بە دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد ھەبووە و كاتێكێش كە ساڵی ١٩٩٢ لە زیندانی ئەو دەسەڵاتەدا شانازی ئازادیخوازبوونم پێبڕدرا، لە پشت دەرگەكانی زیندانی دەسەڵاتدارانی كوردزمانەوە دەمگوت “ئەوەی بۆ دەسەڵاتی بۆرجوازییانەی بەعس و چلكاوخۆرەكانی تەواونەكرا، دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی كورد دەیگەیێننە لوتكە، ئاوەدانكردنەوەی زیندانەكان و گرتنی ئێمە سەرەتای كارە، دێمۆكراتی پارلەمانی و دیكتاتۆری جەنەراڵەكان، دوو دیوی یەك دراون “. ھەروا كاتێك كە ئێمە سۆشیالیستخوازەكان ئەوەمان دەگوت، ھێشتا جەنگی نێوخۆیی باڵەكانی بۆرجوازی كورد ڕووینەدابوو، ھێشتا ڕژێمی بۆرجوازی بەعس نەڕووخابوو، ھێشتا تەقە لە خۆپیشاندەرانی ھەڵەبجە نەكرابوو، ھێشتا ژورنالیستان تیرۆرنەكرابوون، ھێشتا گەندەڵی ڕامیاریی و ئابووریی، كۆمەڵایەتیی نەكرابوونەوە، ھێشتا (ینك) و تاڵەبانی ناچارنەبووبوون ١٠ ملیۆن دۆلار بە دەستە ئاسنینەكەی نێو سەركردایەتی خۆیان [نەوشیروان موستەفا] بدەن، تاوەكو ناڕازاییانی ژێردەسەڵاتییان لەخشتەبەرێت، ھێشتا “جەلالی” و “مەلایی” [ بەكوشتدەرانی ھەزاران ڕۆڵەی كرێكار و زەحمەتكێشی كورد لەژێر دێوجامەی ڕزگاری] پەیمانی ستراتیجیان نەبەستبوو، ھێشتا نەوشیروان’ی چەپ و ئیسلامییە خەلیفەخوازەكان پەیمانی ستراتییجیان بەیەك نەدابوو، ھێشتا و ھێشتا و ھێشتا تاكی كورد، پاش ئەو ھەموو تاوانانە، بڕیاری ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری نەدابوو. ئەو كات بۆ كەمینەی سۆشیالیستخوازەكانی كوردستان، ئەم بەدبەختییانەی ئێستا ڕۆشن بوون و دەمانزانی ئەگەر تاكی كورد لە ئەزموونی گەلانی ناوچەكە و جیھان وانەی خەبات وەرنەگرێت، سەری لە پاشكۆیی و خولانەوە لە بازنەی بۆشی خۆشباوەڕیی بە خوشك و برایەتی چەوساوە و چەوسێنەری كوردزماندا دەسووڕێتەوە، لەسەر گۆڕانێك خۆی بەكوشتدەدات، كە گۆڕانخوازیی ئەو نییە، لەسەر بەرنامە و لیست و ستراتیجی لیستێك ئامادەی تیرۆر و سەركوتی ھاوسێكەیەتی، كە ھی ئەو نییە !

بەڵێ پاش ٢٣ ساڵ دەسەڵاتداریی پێشڕەوانی بۆرجوازی كورد و پاش حەوت ساڵ چاوەڕوانمانەوە و خۆشباوەڕیی بە فڕینی وشترەوە، تازە بە تازەكی تاكی كورد خەریكە دادەچڵێت. بەڵام بەداخەوە بەدەم وڕێنەكردن بە كۆمەڵێك دەستەواژەی ڕامیاریییەوە، كە ھیوا بەخۆی دەدات و لە دووی دۆزینەوەی سوارچاكێكە بۆ بەدیھێنانی خەون و ئاوات و داخوازییەكانی، وەك ئەوەی بەخۆی لە ھەموو توانایییەكی مرۆیی خاڵیبێت !

ئایا بەڕاست نەوشیروان و لیستەكەی و پارتەكەی و  پاشڕەوەكانی دژەخونییان لە خەڵك كردووە و بەڵێنی خۆیان شكاندووە و نەبردووەتەسەر، یا ئەوە خودی خەڵك و تاكی ژێردەستە، كە خۆی لە خۆشباوەڕیی و لەخشتەبراویی و فریوخواردندا دەستەمۆكردووە و نایەوێت دەستبەرداری خۆشباوەڕیی بە “دەوڵەتی نەتەوەیی” و “دەسەڵاتی خۆیی”، “سەرۆكی باش” و  تڕۆھاتگەلی دیكە ببێت. ئایا نەوشیروان و لیستەكەی ھیچ كات پاگەندەی ئەوەیانكردووە، كە بەر بە تایبەتییكردنەوەی كەرتەكانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریی و خوێندن و پەروەردە دەگرن؟ ئایا پاگەندەی ئەوەیان كردووە، دژی وابەستەیی ھەرێم بە نێوەندە جیھانخۆرەكانی وەك سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی دەبن؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھەڵوەشاندنەوەی پێكھاتەی قوچكەیی دەسەڵات و دەسەڵاتی سەرووخەڵكییان كردووە؟ ئایا ئەوان بەڵێنی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و وەگەڕخستنەوەی بەرھەمھێنانی كشتوكاڵیی و خۆرزگاركردن لە وابەستەیی بازاری دەرەكی داوە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی یەكسانی ئابووریی وەك بنەماو و میكانیزمی یەكسانی دەسەڵاتی گشت تاكەكانیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی پارتایەتییان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی جێگرتنەوەی دێمۆكراتی پارلەمانی بە دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ [گەلیی]یان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی گێڕانەوەی داھات و دارایی ھەموو كۆمپانییە پارتییە [حزبییە]كان بە كۆمپانییاكەی خۆشیانەوە [كۆمپانیای وشە] كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی لێپرسینەوە و دادگاییكردنی دەسەندكارانی جەنگە نێوخۆییەكانی ١٩٦٣-١٩٩٨نێوخۆیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندی دادگاییكردنی باندە مافیاییەكانی دەسەڵات و گروپە تیرۆریستییەكانیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی بەرگرتن بە ھاوار و ھەڕەشەی تیرۆریستانەی مەلاكان لە مینبەرەكانی مزگەوتەكانەوە، كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەربازیی و پۆلیسیی سەرووخەڵكیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی دابینكردنی دایەنگە و باخچەی ساوایانی خۆڕاییان بۆ  مندالان كردووە ؟ ئایا ئەوان پاگەندەی دابینكردنی باس و ھاتووچۆی خۆڕاییان بۆ فێریاران كردووە ؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ژەمەخواردن و پەرتووك و تێنووس و پێنووسی خۆرایی و بەشی نێوخۆییان بۆ فێریاران كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی مسۆگەركردن و پەسەندكردن و سەپاندنی ئازادی ڕێكخستن و خۆنیشاندان و  مانگرتنیان بۆ كرێكاران و فەرمانبەران و خوێندكاران و خانەنشینان؟ ئایا ئەوان پاگەندەی دابینكردنی پشتیوانی و بیمە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھیچ شتێكی ئاوایان كردووە، كە پێچەوانەی سیستەمی ئێستا بێت و دەسەڵاتدارانی ئێستا نەیانكردبێت ؟؟؟؟؟؟

ئەگەر وەڵامی ھەموو پرسیارانەی سەرەوە، كە بە گۆڕانی بنچینەیی سەرخان و  ژێرخانی كۆمەڵگەوە پەیوەستن، نا و نەخێر بێت، ئیدی تاك و جەماوەی ژێردەست، ڕەدووی چی كەوتوون؟ ئەی ئەو گۆڕانانەی كە بڕیارە لیستەكەی نەوشیروان و بانگدەرانی دەخوازن بە ھاوپەیمانی ئیسلامی و ڕێككەوتن لەتەك “پارتی”دا بۆ خەڵك و دەنگدەرانیان ئەنجامبدەن، كامانەن ؟

بە بۆچوونی من، گرێكوێرەی پرسەكە لەوەدایە، كە تاكی خۆشباوەڕیی كورد ناڕازییەكی سەرلێشیواوی ناھوشیارە و بەخۆی نازانێت چی دەوێت. بەڵام لە بەرامبەردا ڕامیاران و سەرانی لیستەكەی نەوشیروان و دانیشتووانی گردە دزراوەكە و پارت و گروپە دەسەڵاتخوازەكانی دیكە زۆر بە ڕۆشنی دەزانن، كە چییان دەوێت و  خەریكی چین؛ ئەوان دەسەڵات و مشەخۆریییان دەوێت، ئەوا خانەنشینی پاشایانەی پاش چوار ساڵی پەرلەمانتارییان دەوێت، ئەوان خوازیاریی ڕیفۆرمی زیاترن لە قازانجی بازارئازادەكەی نیئۆلیبرالیزم و مسۆگەركردنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی ھاوبەرژەوەندییان لە ھەرێمی كوردستاندا دەوێت و كۆشش بۆ باشتر جێخستنی نەخشە ڕامیاریی و ئابوورییەكانی نیئۆلیبرالیزم و تایبەتییكردنەوەی سەراپای ژێرخانی كۆمەڵ و تێكدانی بنەما ھەرەوەزیی و ھاوپشتییە كۆمەڵایەتییەكانن و لە بەرامبەردا لایەنگریی ھەموو پێكھاتە و  ڕێكخستنێكی قووچكەیی و سەروەرانە دەكەن و تەنانەت بەڕادەیەك پێداگریی لەسەر ڕێكخستنی باڵادەستانەی چین و كەسایەتییە داراكان دەكەن، كە بنكەی گردەكەیان دەكەنە دیواخانی سەرۆكخێڵ و پیاوانی ئایینی و كۆكردنەوەی مرۆڤكوژەكانی جەنگی نێوخۆی نێوان “جەلالی” و “مەلایی” و لایەنەكانی دیكە ١٩٦٣ –  ١٩٩٨ و دواتیرش نێوان ناسیونالیستەكان و  ئیسلامییەكان تا ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس.

كەچی لە كاتێكدا كە لیستەكە بە خەونە دەسەڵاتخوازانەكەی گەیییشتووە و خەریكی ڕێكەوتنە لەتەك دەسەڵاتدارانی براوەتر لەسەر داواكردنی بەشێك لە دەسەڵات بەپێی ھەژماری دەنگەكان، كەسانێك كە ھێشتا نەیانتوانیوە لەوە تێبگەن، كە گۆڕانخوازیی و گۆڕانێك كە چین و توێژە ژێردەستەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە دەیخوازن و خەونی پێوەدەبینن، ھەمان گۆڕانخوازیی و گۆڕانێك نییە كە دەستەبژێڕی ڕامیار و پارتەكان و دەسەڵاتخوازان و مشەخۆران دەیخوازن، نییە و بەتەواوی دژی یەكدی و لە بەرامبەر یەكدیدا دەوەستنەوە، ژێردەستان خوازیاری باشتركردنی ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتییانن تا دەگاتە ئاستی یەكسانی ھەمەلایەنە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕامیاران خوازایاری زیاتركردنی دەسەڵات و مشەخۆریی خۆیانن لە داھات و بەڕێوەبردندا. لەبەرئەوە سەركەوتنی ھەر لایەك لە بەرە دژ-بەیەكەكانی گۆڕانخوازیی بە لەنێوچوون و ژێركەوتنی ئەوی دیكەیانەوە پەیوەستە. بەو جۆرە سەروەریی كەمینەیەك بەسەر زۆرینەی كۆمەڵگەدا، كە لەسەر بنەمای مشەخۆری و كۆبوونەوەی سامان و داھات و ڕەنجی چین و توێژە بەرھەمھێنەرەكان ڕادەوەستێت، بەتەواوی دژی یەكسانی دەسەڵاتی ھەموو ئەندامانی كۆمەڵگەیە، كە بە یەكسانی ئابووریی پشتئەستورە و یەكسانی كۆمەڵایەتیی دەستەبەردەكات! سەربەخۆیی ئابووریی بە پشتبەستن بە كشتكاریی و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و پەرەدان بە كشتوكاریی و دروستكردنی كارخانە و پیشەسازیییكدنەوەی بەرھەمە كشتوكاڵییەكان و سوودوەرگرتن لە ھەڵكەوتەی جوگرافی و سامانی ئاوی بۆ بەرەمھێنانی وزەی پێویست، بەتەواوی لە دژی وابەستەبوونی بازاری ھەرێمە بە بەرھەمە كشتوكاڵیی و پیشەسازییەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دەوڵەتانی زلھێزەوە، كە لیستی بەناو “گۆڕان” زیاتر لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆی پێداگریی لەسەر یەكییكردن و جووتكردنی ڕەوتی گەشەی كۆمەڵگە لەتەك ڕەوتی جیھانگریی و جیھانخۆریی بازارئازادی نیئۆلیبرالیزم لە ناوچەكەدا دەكات، كە بە لەشكركێشیی و بەرتەریدان و مەیدانسازیی بۆ كۆمپانییەكان خۆی جیگیركردووە و دەكات.

بەم جۆرە، ئەگەر ھەوڵبدەین وەڵامی یەك بە یەكی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە و لەتەك ئامانج و بەرنامە و ستراتیجی لیستەكەی نەوشیروان [نیئۆجەلالییەكان] بەراوردیانبكەین، دەبینین، ئەو گۆڕانەی كە ئەوان دەیخوازن و لە پێڼاویدا تێدەكۆشن، بەتەواوی لە بەرامبەر و لە دژی خواست و ئامانجەكانی خەڵكی بەشمەینەت و گۆڕاڼێكە كە چین و توێژە ژێردەستەكان خەونی پێوەدەبینن و لە ناھوشیارییدا لەپێناو بەدیھێنانیدا دەنگ بەم لیست و بەو لیست دەدەن و سەركوتگەر و سەروەر و مشەخۆری ڕەنجی خۆیان بە دەسەڵات دەگەیێنن، تەواو ناكۆك و جیاوازن. لەبەرئەوە زۆر  نابەجێ و نادروستە كە گلەیی لە دەسەڵاتخوازان بكەین و داوای ئەنجامدانی شتێكیان لێبكەین، كە نە دەیخوازن و نە ئامانجیانە و نە بەڵێنیشیانداوە، بەڵكو ئەوە ناھوشیاریی و ناڕۆشنی تاكی ژێردەستە، ئەو تاكە بەوە خۆشباوەڕدەكات، كە قسەكەرانی چین و توێژێكی دەسەڵاتخواز و مشەخۆر و ھەلپەرست و  خۆسەپێنەر، بە نوێنەری خۆی بزانێت و دەنگی پێبدات و لەسەر بەدەسەڵاتگەییشتنی ئەو خۆی بە كوشتبنبدات. سەرەنجام ئەوانەی كە لە ھەڵوێست و بەرنامە و چالاكی و گفتوگۆكانی نەوشیروان و سەركردایەتی پارتەكەی و پارلەمانتارەكانی ناڕازین و ھەست بە خەڵەتاوی خۆیان دەكەن، بەڵام ھەست بە ھەڵە و ھەڵبژێری خۆیان ناكەن، بێجگە لە سێ ھەڵبژێر زیاتریان لەبەردەمدا نییە و نەماوەتەوە، كە ئەمانەن و لە ئاسانەكەیانەوە بۆ سەخت و خەباتكارانەكەیان ڕیزیان دەكەم؛

یەكەم، گەڕانەوە بۆ باوەشی پارت و دەسەڵاتدارانی پێشین … .

دووەم، بەردەواممانەوە لەسەر خۆشباوەڕیی و خۆدانەدەستی ڕێكەوت و چاوەڕوانمانەوەی دەركەوتنی ھەرچی زیاتری ناكۆكییەكان و شەقی زەمانە … .

سێیەم، كە لە سەراپای مێژوودا تاكە ھەڵبژێری چارەنووسسازی ژێردەستان بووە، ئەویش گەڕانەوە بۆ نێوەندی خەباتی جەماوەری سەربەخۆ، خەباتێك كە لەسەر سەبەخۆیی تاك، واتە خۆبیركردنەوە و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێكردن، كە ئەمەش لە گشتیدا دەكاتە خۆبیركردنەوە و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێكردنی كۆمەڵ یا ھەموو ژێردەستانی كۆمەڵگە، كە نوێنەرایەتی كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیار و پارلەمانتارانی بەرتەری و خانەنشینیخواز و پارتەكان و سەراپای دەوڵەتیش وەك دەزگەی چینایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و وەك دومەڵی سەر جەستەی كۆمەڵگە نیشانیاندەدات.

لە كۆتاییدا دەخوازم بپرسم؛ ئایا خۆدەستبەكاربوونی ھەمووان كاراتر و باشترە یا چاوەڕوانمانەوە و خۆشباوەڕیی بە كەسانی دیكە؟ ئەگەر وەڵام ھەڵبژاردنی یەكەم بێت، ئەوا دەستبەكاربوونی ھەمووانییە بۆ پێكھێنانی ئەنجومەن و گروپە خۆجێیی و ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكان بۆ بەبنەماكردنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و سەندنەوەی دەسەڵات و داھاتی كۆمەڵگە لە دەوڵەت و فەرمانداریی بۆرجوازی و پارت و ڕامیاران، بۆ كۆمەڵایەتییكردنەوەی كەرتەكانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاریی و ئابووری ھەرەوەزیی و خۆبەڕێوەبردنی گەلییانەی كۆمەڵگە .

خەونە یاخییەكان – كەشكۆڵی یەكەم –

xewne yaxiyekan.png 2

بۆ خوێندنەوە لە ئنتەرنێت و لەسەر كۆمپیوتەر، كلیك لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

Xewne yaxiyekan online version

xewne yaxiyekan

بۆ چاككردنی لەسەر كاخەز، كلیك لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

Xewne yaxiyekan Print Version

ئازادیخواز، یاخییە تا كاتێك كە بوونی ھەیە، بوونی ھەیە تا كاتێك كە یاخییە

بەپێچەوانەی تێگەییشتنی دەستەمۆگەرانەی سەروەرییەوە، “یاخیبوون” نیشانەی ئازادبوونی ھۆش و دەروونی تاك و تێكۆشانییەتی بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی سەروەری كەسانی دیكە . ھەرچەندە “یاخیبوون” لە سایەی زاڵیی و جێكەوتەبوونی بیركردنەوە و تێڕوانینی سەروەراندا، واتایەكی نیگەتیڤی پێبەخشراوە، بەڵام لە ھەموو سەردەمەكاندا یا ئازادیخوازان بوونیان نەبووە یا ناچاربوون، لەوەی ھەیە و سەروەرە یاخیببن و بانگەواز بۆ كۆمەڵگەیەكی ئازاد بكەن، دژی ھەموو جۆرە ستەمەكان خەباتبكەن و ھەوڵی تێشكاندنی كۆت و بەندەكان بدەن.

خوێنەری ھێژا، ئەم كۆمەڵە بابەتەی بەردەستت، بریتییە لە وەرگێڕانی كۆمەڵە بابەتێكی جۆرا و جۆر، كە لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابوردوودا، بەھیوای پڕكردنەوەی كەلێنێك لە پەرتووكخانەی كوردیدا، بۆ سەر زمانی كوردی وەرمگێراون. بۆ ئەم مەبەستە سوپاسگوزار و چاوەڕێی سەرنج و ڕاستكردنەوە و ڕەخنەی ئێوەی دڵسۆز و خۆشەویست دەكەم.

                                                                                                                                                                                                                        ھەژێن

Azadîxwaz, yaxîye ta katêk ke bûnî heye, bûnî heye ta katêk ke yaxîye

Bepêçewaney têgeyîştinî destemogeraney serwerîyewe, “yaxîbûn” nîşaney azadbûnî hoş û derûnî tak û têkoşanîyetî bo rizgarbûn le jêrdesteyî serwerî kesanî dîke . Herçende “yaxîbûn” le sayey zallîy û cêkewtebûnî bîrkirdnewe û têrrwanînî serweranda, watayekî nîgetîvî pêbexişrawe, bellam le hemû serdemekanda ya azadîxwazan bûnyan nebuwe ya naçarbûn, lewey heye û serwere yaxîbbin û bangewaz bo komellgeyekî azad bken, djî hemû core stemekan xebatbken û hewllî têşkandinî kot û bendekan bden.

Xwênerî hêja, em komelle babetey berdestit, brîtîye le wergêrranî komelle babetêkî cora û cor, ke le mawey pazde sallî raburdûda, behîway pirrkirdnewey kelênêk le pertûkxaney kurdîda, bo ser zmanî kurdî wermigêrawn. Bo em mebeste supasguzar û çawerrêy sernic û rastkirdnewe û rexney êwey dillsoz û xoşewîst dekem..

                                                                                                                                                                                                                        Hejên

سۆشیالیزم و سەندیكا و پارت

سۆشیالیزم و سەندیكا و پارت

لە پانتاییەكی جوگرافیایەكدا كە بڕیارە وڵاتی من بێت، پیاوان یادی ٨ی مارچ دەكەنەوە، ڕێكخراوی ژنان فێرگەی چێشتلێنان، دەسەڵاتخوازان لە یەكی ئایار ھەڵدەپەڕن، كرێكاران لە ماڵ و مزگەوت و مەیخانە شیوەنی نائومێدی دەگێڕن، ڕامیاران و ئەندامانی پارت، بەیاننامە و لیستی داواكاری ڕیزدەكەن، ھەر بەناوی كرێكارانەوە دروشمی دیكتاتۆری و دەوڵەتی كرێكاری سەردەدەن …

ھەر لەوێ، میزی حوشتر بووەتە دەرمان و شێخ و مەلا بە فوو و ھەڵا ھەڵا، نەخۆشی چارەسەردەكەن، جەنڕڵانی جەنگ، ئاڵای ئاشتی دەشەكێننەوە، جەلادانی زیندان، لەنێو تەلەفزیۆنەكان لە ئازادی دەدوێن ! پۆلیس پاریزەری مافە، سەرباز پەیامبەری ئازادی، مەلا پەیبەری زانستە و سەرۆكخێڵ سیمبولی دادپەروەریی و ڕاستی …

ئا لێرە لەم پانتاییە، سەندیكا كێكێكی ڕەنگاوڕەنگە، پارچە پارچە پارتەكان تێبەربوون، سەوز بۆ ینك، سوور بۆ شیوعی، نیلی بۆ نەوشیروان، زەرد بۆ پارتی، نارنجی بۆ ئیسلامی، سەروەری بۆرجوازی و كەرتی دەوڵەتی، كاریكاتێری كۆمەلگەی سۆشیالیستی !!!!

سەندیكا كوتەكی خاوەنكارە، سەندیكا كلكی پارت و ڕابەری ڕامیارە، سەندیكا مەقاشی دەسەلات، سەندیكا دژی كرێكاری كۆچەرە و نوێنەری خاوەنكارانی وڵات، سەندیكا بەخشەری نازناو و خەڵات، ئەرێ بەڕاستی كۆبوونەوەی گشتی و شورا و فێدراسیۆن و شۆرشی سۆشیالیستی پارتان، چییان بەسەرھات ؟؟؟؟؟؟