كە ھەرزەكاربووم [ھەرچەندە لەوانەیە ئێستاش ھێشتا بە جۆرێك ھەر ھەرزە بم]، خۆشەویستەكەم تازە بەشوودرابوو، ھەموو جارێك كە لە ھەڵەبجەوە دەچوومە سلێمانی یا دەگەڕامەوە، تەنیا ئاواتێكم ھەبوو، كە بمرم، تا لە گۆڕستانەكەی سەیسادەق لە تەنیشت كێلە بەرزەكەی ‘وەلی دیوانە’ بمنێژن [لە گۆڕم بنێن]، بەڵكو یار لە گەڕانەوەیدا بۆ ھەڵەبجە، ئاوڕێ لە گۆڕەكەم بداتەوە و پەیمانەكەی وەبیربێتەوە، كە دەیگوت “یا ھاوسەری تۆ دەبم یا ھی خاك”!

سێ ساڵی ڕەبەق پاش ئەو، بەردەوام پەراوی وانەكانم بە ھۆنراوە و پەخشانی شیوەنی پڕكردنەوە، كەچی دزەكەی پاش كیمیاباران بردنی و بەناوی خۆیەوە، كیژۊڵە خۆشباوەڕەكانی كوردی پێخەلەتاندن.

بەڵام ئەوسا خۆبەخۆ كەسمان بیرمان لەوە نەدەكردەوە، كە بە مردوویش مەیدان و بازار و گرد و باخچە و باخەكان داگیربكەین، تەنیا شوێنێك بۆ مردن و بۆ وێنەگرتن و بۆ ژووان شكماندەبرد، گۆڕستان بوو. ئەگەر وەك ئەم سەردەمە بووایە و بە ئەوینی دەرویسانەی ئەوسام و ئێستام، وەسیەتم دەكرد، لەبەردەم دەرگەی دواناوەندی كچانی ھەڵەبجە یا لە نێوەندی گەراجەكەی ھەڵەبجە گۆڕم بۆ ھەڵكەنن، تاوەكو یار نزای سەفەر سەلامەتی لەسەر گۆڕەكەی من بخوێنێت و ھەموو جارێك بەناوی دوعا و پەڕۆی پیرۆزەوە، نامەیەكی پێچراوە بە كێلەكەمەوە ھەڵبواسێت و یەكێك لە ھاوپۆل و ھاوەڵەكانم بڕۆژانی ھەیینی كە گەراج چۆڵدەبوو، بەئاوازێكی گریاناوییەوە بۆم بخوێنێتەوە.

خۆزگە دەمزانی ئەودەمە یار بیری لە چی كردووەتەوە و چ خۆزگەیەكی لە ناخیدا حەشارداوە ؟

ئەڕێ بەڕاست چی بنووسین؛ ئەوەی كە بەخۆمان دەركیدەكەین یا ئەوەی كەسانی دیكە لێماندەخوازن ؟

* ئەگەر ڕەخنە لە ئیخوانەكان بگریت، ئەوا بە نۆكەری ئیسرائیل تۆمەتبارتدەكەن !

* ئەگەر ڕەخنە لە كودەتای دێمۆكراتیی بگریت، بە لایەنگری ئیسلامییەكان تۆمەتبارتدەكەن !

* ئەگەر ڕەخنە لە ھەردووكیان بگریت، ئەوا بەوە تۆمەتباردەكرێیت، كە خەریكی ڕامیاركردنیت و ئایدیۆلۆجیت پەخشدەكەیتەوە و ھەموو شتێك ڕەتدەكەیتەوە و تەنیا بیركردنەوەی خۆتت لەلا پەسەندە !

لە وەڵامی وەھا چاوەڕوانییەكدا، من تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم، ئازادییەك كە دەسەڵاتخوازان و دەستەبژێران و لایەنگرانی دێمۆكراتی پارلەمانی بۆ تاك پاگەندەی دەكەن، واتە لەدەستدانی كەسایەتی و سەربەخۆیی بیركردنەوە و خاترجەمكردنی ئەوانەی كە بە ئاراستەی بای ڕۆژگار، شەندەكەن، بە واتایەكی دیكە، “ئازادیت ھەموو شتێك بیت، تەنیا خۆت نا، ئازادیت وەك توتی وتەی ئەم و ئەو بڵێتەوە، بەڵام بیركردنەوە و پێگەییشتنی خۆت نا” !

ھەرچەندە من كۆمونیست نیم، بەڵام ناتوانم ئەم پرسیارە لە نووسەر و ئامادەكەری ئەو راپۆرتە، نەكەم؛

تا ئێستا دەیان ژنی كورد لە ھەندەران بە دەستی ھاوسەر یا كەسوكاری خۆیان كوژراون، كەچی لە ھیچ راپۆرتێكدا نەنووسراوە، ناسیونالیستێك، ئیسلامیستێك، (حسك)ێك، (ینك)ێك، (پدك)ێك، (حدكا)ێك، (پژاك)ێك، ھاوسەرەكەی خۆی كوشت، ئایا ئەو دەرزەنە ئاراستە و پارتە، ھیچ ژنیان نەكوشتووە؟

بەبۆچوونی من ئامانجی ڕاپۆرتنووس، ھێندەی زاقكردنەوەی واژەی (كۆمونیست) بووە، ئەوەندە ئامانجی خودی تاوانەكە نییە و نەبووە!

ئەم ڕاپۆرتە، راپۆرتەكەی ساڵی ٢٠٠٦ی ڕۆژنامەی (مێترۆ)ی بریتانی بیرخستنمەوە، كە نووسیبووی “كوردێك مەرێكی ئەتككردووە”، كە دواتر دەرەكەوت بەرتیلی دەزگەكانی دەوڵەتی توركیە لەپشت ئەو سكانداڵە ڕۆژنامەوانییەوەن، كە ھەموو ئێتیكێكی ڕۆژنامەگەریی ژێرپێ خستووە!

ئەگەر بكوژی “ھەڵاڵە خزری” تاوانی ژنكوشتن و بە بەشێك لە خاوەندارێتی بینینی قوربانییەكە بێت، ئەوا ڕاپۆرتنووس، قوربانییبوونی “ھەڵاڵە خزری” كردووەتە ئامرازی كینەدۆزیی رامیاریی یا پاداشتی لایەنێك !

دژایەتیكردنی كوردانی پەنابەری خۆرھەڵات لە ژاوەژاو و گارەگاری گاڵتەجاری ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستاندا

ھێرشێك كە سەدام و بەعسییەكان دژی كرێكارانی كۆچەری میسری بەڕێیانخست، وا ئەمڕۆكە زووڕناژەژانی یەكێتی و پارتی و لیستەكەی نەوشیروان، خەریكن بەڕووی كوردانی خۆرھەڵات (ئێران)دا دووبارەی دەكەنەوە

بەداخەوە وێرای ئەوەی كە پارتە ناسیونالیستەكانی كوردانی عیراق، ھەر لە سەردەمی ڕژێمی شای ئێران و ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا، بە كۆن و تازەیانەوە ھەر لە پارتی دێمۆكراتی كوردستانی عیراق و یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە تا دەگاتە بزووتنەوەی پۆست-جەلالییەكان (لیستی بەناو گۆڕان)، كە بە دانەوەی تێكۆشەران بە دەست ساواك و پێشلەشكریی بۆ سوپای پاسداران بۆ سەر شارەكانی سنە و مەھاباد و مەریوان و …تد دەستپێدەكات و بە ھێنانی پاسدار بۆ سەر كۆیە و تیرۆر و ڕادەستكردنی نەیاران بۆ ڕژێمی ئێران لە سلێمانی و ھەولێر ، تا دەگاتە سووكایەتی بەوانەی ناجاریی كار و خوێندن و ھەڵاتن لە ھەڕەشەی رژێمی ئیسلامی ئێران لە ھەرێمی كوردستاندا ڕۆژانەدا وەك مرۆڤی پلەچەند ڕەفتاریان بەرامبەر دەكرێت و سەدان پەروەندەی شاراوەی دیكە لە چەشنی ئەتككردنی مێردمناڵێكی ١٣ سالانی خەلكی ئورومیە لە شاری سلێمانی ..تد بەردەوام دەبێت. ئەوەی پارتە دەسەلاتدار و بێدەسەلاتەكانی ئەم ھەرێمە بە كوردانی خۆرھەلآت و باكوور و خۆراوایان كردووە، ھیچ كات دوژمن نەیكردووە.

من وەك كەسێكی لەدایكبووی ھەرێمی كوردستان (عیراق)، ھەرچەندە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بە ھەموو توانامەوە دژایەتی ئەو ڕسوایەم كردووە و پێش ئەوەش بە ھەموو تاوانایەكمەوە ھەر لە منداڵیمەوە تا ئەمڕۆ كۆمەكی راكردووانی خۆرھەڵاتم كردوووە، بەڵام ھێشتا ھەست بە شەرمەزاریی دەكەم، كاتێك كە دەبینم، وێڕای ئەو ھەموو ڕەفتارە نامرۆڤانەیەی پارتەكان و تاكە پاشڕەوەكانیان بەرامبەر پەنابەرانی ئێرانی، ئەم ڕۆژانە دژایەتی و سووكایەتی و ھێڕشكردنە سەر كوردانی ئێران وەك بەشێك و دەستپێكی گارە گاری گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن و دەنگدان، دەستیپێكردووە و سەر بە ھەر سایت ھەر ژوورێكی پالتۆك و ھەر ئەكاونتێكی فەیسبووكیدا دەكەیت، لایەنگرانی پارتە دەسەلاتدار و ئۆپۆزسیۆنەكانی ھەرێمی كوردستانی عیراق بەڕووی كوردانی پەنابەری ئێران لە ھەرێمی كوردستاندا دەڕشێنەوە و خەریكن ھێرشێك كە سەدام و بەعسییەكان دژی كرێكارانی كۆچەری میسری بەڕێیانخست، زووڕناژەژانی یەكێتی و پارتی و لیستەكەی نەوشیروان، بەڕووی كوردانی خۆرھڵات (ئێران)دا بەرێیدەخەن، ھەروەك چۆن لە ئۆكتۆبەری ١٩٩٢دا بەڕووی كوردانی باكوور (توركیە) و ساڵێكە بەڕووی كوردانی خۆراوا (سوریە)دا بەڕێخرا و بەڕێدەخرێت.

خوێنەرانی ھێژا، كرێكارانی كۆچەر و پەنابەرانی كوردی ئێران، تەنیا ئامانجم لەم چەند دیڕە دەربڕینی ھەست بە شەرمەزاریكردنی خۆمە، وەك كەسێك كە لەم دەڤەرە لەدایبكبووم و ڕۆژگارێك لە ڕێزی ئەو گروپانەدا جالاكبووم. چەندە لەو ژاوە ژاوە میدیایەی دەسەلاتداران و دەسەڵاتخوازان دڵنیام، كە تەنیا ئامانجیان دۆژمن دروستكردنە بۆ دەنگدەر و ھەلبژێرەرەی ناھوشیار و خۆشباوەڕ، سەد ئەوەندە لە تۆلێرانسی ئێوە كوردانی ئێران دڵنیام و لەوە دڵنیام كە بە ھوشیارییەوە ھەڵوێستی پارتە رامیارییەكان و ئۆپۆزسیۆنی كۆن و تازە ھاریكاری ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لە ھەلوێستی ئازادیخوازان و تاكە سەربەخۆكانی ھەرێمی كوردستان جیادەكەنەوە و ناكەونە داوی ئەو كولتوورە قێزەونە رامیاریی و پارتبازییەوە، كە لایەنگرانی دەنگدان و بەشداری ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان تێیكەوتوون و وەك بەعسییەكانی سەردەمی سەدام، ھەرچی میدیا و پارت و سەرانیان بیڵێن، بەبێ لێكدانەوە و وردبوونەوە چەندبارەی دەكەنەوە و ھێڕش و بانگەوازی ڕەیسیستی بەرامبەر ئێوە بەرپادەكەن.

وەھا ژاوەژاوەێك بەرامبەر كوردانی ئێران لەلایەن ناسیونالیستەكانی ھەرێمی كوردستانەوە، باشترین دەرخەری دیوی راستەقینە و چییەتی پاگەندەكانی ناسیونالیزمە، نیشاندەری ئەودیو دێوجامەی ھاوخوێنی و ھاوبەرژەوەندی و ھاودەردی و ھاوبەشیی نەتەوەییە، كە دەسەڵاتخوازان بۆ گەییشتن بە مەرامە گڵاوەكانیان، تاكی ناھوشیاری كوردی پێفریودەدەن..

تف و نەفرەت لە ڕامیاریی بە ھەموو چەشنەكانییەوە
تف و نەفرەت لە كولتووری پارتایەتی بە ھەموو چەشنەكانییەوە
تف و نەفرەت لە شوناسە دەستكردەكان بە ھەموو چەشنەكانییەوە
تف و نەفرەت لە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی ڕەیسیستی ھەرێمی كوردستان
تف و نەفرەت لەو نووسەر و دەستەبژێرە ڕۆشنبیرانەی كە ھەر خولێك. زووڕناژەنی لایەنێكە و لەپێناو و ناوبانگ و پلە و بەرتەریی ئابووریی، لە ھیچ تاوان و سووكایەتكردنێك سڵناكەنەوە

درود بۆ تۆلێرانس و وردبینی و ھوشیاری تاكی سەربەخۆ
درود بۆ پێكەوەژیان و یەكسانی ھەموو مرۆڤەكان

*******************************
www.hezheen.tk

كێ ” كەر”ە ؟

بەویژدانتان گەورەترین تاوان نییە، كە چەكدار و سیخوڕەكانی ڕژێمی بەعسی عیراق و ڕژێمی ئیسلامی ئێران و فاشیستی توركیە و ڕژێمی بەعسی سوریە بە “جاش” ناوبەرین ؟

ئایا ئەم ئاژەڵە ھیچ زیانێكی بۆ مرۆڤ ھەبووە و ھەیە ؟

ئایا ھیچ سیفەتێكی مرۆڤی خراپ لەم ئاژەڵە بێوەیەدا ھەیە ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، پێش لەشكریی دوژمن بۆ سەر ھاوجۆرەكانی دەكات؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، ھاوجۆرەكانی سەردەبڕیت؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، دزی لە ھاوجۆرەكانی دەكات ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، ھاوجۆرەكانی زیندانی دەكات ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، ژیان و ماڵ و داھات و ڕەنجی ھاوجۆرەكانی داگیردەكات ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، مشەخۆرییەك بەسەر ڕەنجی ھاوجۆرەكانییەوە دەكات ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، بەرامبەر خۆشەویستەكەی بێوەفایی دەكات؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، دژەخونی لە ھاوڕێ و ھاوەڵ و ھاوسەری دەكات ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، مین و چەك و فڕۆكە و زرێپۆش بۆ كوشتنی ھاوجۆرەكانی دروسدەكات ؟

ئایا [بێچووە گوێدرێژ] ھیچ كات، مناڵ و ژن و پەككەوتە ئەتكدەكات ؟

ئەی چ كولتوورێكی دژە ئاژەڵە، كە وەھا ئاژەڵێكی جوانكیلە و كۆنەدۆستی مرۆڤ بە كەسی خۆفرۆش و سیخوڕ و مرۆڤكوژ دەچوێنێت؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

ئایا كاتی ئەوە نەھاتووە، پێداچوونەوەی گوفتار و ڕەفتار خۆمان بكەین، لە بیركردنەوە و واتای ژیانمان وردبینەوە، ئەی ئاژەڵی بە ڕامیاریی دەبەنگگگگگگگكراو؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟!!!!!!

خوێنەری ھێژا، تكایە بە لایك بەشداری مەكە، ھەوڵبدە بە بەشداریكردنت، كەمپەینێك بۆ گێڕانەوەی ڕێز بۆ ئاژەڵ و ڕسواكردنی خۆفرۆشان و ڕامیاران، كە خۆفرۆشان بە ئاژەڵ دەچوێنن، بەرپابكەیت

وەك ھاوڕێ جاسم* دەڵێت “ئەوانەی كە لە مار دەترسن، دەڵێن، مار قێزەونە و بێزم لێیدەبێتەوە، ئەوانەی كە توانای بەكاربردن و تێگەییشتنیان لە كۆمیوتەر نییە، دەلێن، ئامرازێكی ترسناكە و دەبێت لەنێوببرێت”

بەبۆچوونی منیش، ئەوانەی كە ناتوانن لە بازنەی تەسكی كولتووری خیڵ و ناوچە دەربازبن، ھەموو بوونێكی دەرەوەی خۆیان بە خراپ دەچوێنن و ڕەتدەكەنەوە. ئەمە سروشتی كاردانەوە و مامەڵەی كەسانێكە، كە خوێندنەوەیان بۆ دیاردەكان و بۆ دونیای دەرەوەی ئێتن و مێشكی خۆیان، نییە و لە بازنەی مەنھەجە ھیرارشییە تاك چەپێنەرەكاندا گیریانخواردووە و پاساوی ڕووكەشانە تیگەییشتنی خۆیان بە نەخوێندنەوەی دیگەران دەدەنەەوە و تایتڵ و گرادەكانیان دەكەنە ھاوسەنگی.

نموونەی یەكەم، ئەوانەی كە لە تەنیشت ھەموو ڕستەیەكدا كە بڵاوی دەكەنەوە، تایتڵەكیان قوتدەكەنەوە، لەنێوان ئەوانەشدا كەسانێك كە تازە ناوی خۆیان بۆ خوێندنی باڵا تۆماركردووە، كەچی تایتڵی ماجیستەر و دۆكتۆرا ڕێزدەكەن.

نموونەی دووەم، ئەوانەی كە ھەموو شتێك نارێژەیی دەبین و تێڕوانینەكانیان بەسەر تاكی [ھەموو ئایینێك، ھەموو ڕەگەزیك، ھەموو نەتەوەیەك، ھەموو چینێك، ھەموو توێژێك، ھەموو نەوەیەك، ھەموو نەژادێك، ھەموو ؤینطك، ھەموو وڵاتیك]دا گشتگیردەكەن.

ئەمە یەكێكە لەو نەخۆشییە ترسناكانەی كە تاكی نارسیست (Narcissist)ی كورد خەریكە ڤایروسەكەی بەتایتڵ و پاگەندەی جۆراوجۆرەوە دەگوێزێتەوە نێو كۆمەڵگەی كوردستان و ماسمیدیا لە پێش ھەموویانەوە میدیای بەناو سەربەخۆ، تەشەنەی پێدەدات.

بەبۆچوونی من ئەم نەخۆشییە ئەكادێمییە، ھێچی لە گەندەڵی وەك نەخۆشی رامیاریی و سیستەمیی، كەمتر نییە و پێویستە ھێدەی دیاردەی گەندەڵی بەرھەڵستی بكرێت، چونكە ئەوە دەسەلاتە، كە خەریكە لە ڕێگەی ماسمیدیاوە پەینی دەكاتە بن…

*********

* ھاوڕێ جاسم، ئەندامی فەیسبووك نییە!

گەندەڵی بەرەنجامی رامیاریبوونە

ھەمووان بە بیانوو و پاساوی ئەگەر من گەندەڵی نەكەم، ئەوا ئەوانی دیكە ھەر دەیكەن، ھەمووان خەریكی گەندەلێن، گەندەڵی لەو ساتەوە دەستپێدەكات، كە مرۆڤ لە بوونەوەرێكی كۆمەلایەتییەوە دەبێتە بوونەوەرێكی رامیار و دەسلاتخواز و سامانخواز، ئیدی ھەموو ڕەوایەتییەك بە كردەوە و گەندەخۆرییەكانی خۆی دەدات و وەك ئەژدیھای ھەزار سەر تێربوونی تەنیا بە مردنی كۆتاییدێت!

نازم حیكمەت باشتر بناسین / ٨

نازم حیكمەت باشتر بناسین

ڕەگی ھۆنراوەكانی من لە خاكی سەرزەمینمدایە

نازم حیكمەت

و. لە فارسییەوە : ھەژێن

بەشی ھەشتەم

 

هۆنراوه‌ی نازم حيكمه‌ت

‘ ئورهان كه‌مال ‘ نووسه‌ری به‌ناوبانگی تورك، كه‌ ماوه‌ی سێ (٣) ساڵ له‌ زيندانی ‘بورسه‌’دا لەتەك نازم حيكمه‌ت هاوزيندانی بووه‌ و به‌سه‌رهاتی ئه‌م سێ (٣) ساڵه‌ی نووسيوەتەوە‌ و بڵاویكردۆته‌وه‌ و به‌ شه‌يداییه‌وه‌ له‌باره‌ی ‘نازم حيكمه‌ت’ە‌وه‌ ده‌دوێت، له‌باره‌ی ئەوه‌وه‌ گوته‌يه‌كی سه‌رنجڕاكێشی هه‌يه‌، كە ده‌ڵێت “نازم حيكمه‌ت ئامێری ھۆنراوە‌يه‌.” ، له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر به‌رخوردێكی تازە، هه‌ر بيرێكی تازە و هه‌ر وتارێكی تازە، ده‌ستبه‌جێ ده‌بووه‌ مايه‌ی سروشی هۆنراوه‌يه‌كی تازه‌ بۆ نازم و ده‌ستبه‌جێ ڕاكێشیدەكردە‌ پای‌ پیتچنە شه‌قوشڕه‌كه‌ی. بەو جۆرە ده‌توانرێت به‌م ئه‌نجامگیرییە‌ بگه‌ی، كه‌ گوته‌كه‌ی ئورهان كه‌مال ڕاسته‌، به‌ڵام گه‌وره‌يی ئه‌م ئامێره [نازم]‌، ته‌نيا له‌ خێرايی و فراوانی به‌رهه‌ميدا نییه‌، به‌ڵكو گه‌وره‌ییه‌ كەتوارییه‌كه‌ی له‌وه‌دايه‌، كه‌ هه‌ريه‌ك له‌م هۆنراوانه‌ له‌ ئه‌ده‌بياتی توركیدا، به‌رهه‌مێكی هه‌ڵكه‌وته‌يه‌ و ته‌نانه‌ت لاساییكردنه‌وه‌يان له‌ توانای هيچ هۆنه‌رێكدا نییه‌.

ئه‌و خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تيانه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی هۆنراوه‌ی نازم حيكمه‌ت’ە‌وه‌ ده‌بێت له‌به‌رچاو بگيردرێن ئه‌مانه‌ن :

١. له‌نێو هۆنراوه‌ی كلاسيكی توركدا، كه‌ هۆنراوه‌ی كێش و سه‌روادارە و له‌ژێر كارايی هۆنراوه‌ی فارسی و عه‌ره‌بيدا بووه‌، به‌تايبه‌ت ئەوەی كە هۆنراوه‌ی چينه‌ خۆشگوزه‌رانه‌كان بووه‌ و هۆنراوه‌ی ئه‌وڕۆی تورك، كه‌ سه‌ره‌تا به‌ ساتیرە هۆنراوه (شعر هجائی) ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌ شێوه‌ی هۆنراوه‌ی ئازاددا درێژەی پەیداكردووە‌، هۆنراوه‌ی نازم حيكمه‌ت به‌ ته‌نيا قۆناخێكه‌، كە هيچ پێشينه‌ی نه‌بووه‌ و پاشڕه‌وانيشی ته‌نانه‌ت نه‌يانتوانيوه‌ لاسايیبكه‌نه‌وه‌.

٢. گرنگترين تايبه‌تمه‌ندی نازم حيكمه‌ت له‌وه‌دايه،‌ كه‌ هاوكاتی سوودوه‌رگرتن له‌ خەرمانی واژە‌ و موزيكی هۆنراوه‌ی كلاسيكی تورك، سوودوه‌رگرتنه‌ له‌و تواناییانە،‌ له‌ كێشی ساتیر، كه‌ كێشی هۆنراوه‌ی “گەلییانە‌”ی ئاناتۆڵی و هۆنراوه‌گه‌لی “دڵدارانه‌”ی توركيه‌يه‌ و ده‌ربڕی هه‌ست و سۆزی چينه‌ بێبه‌شه‌كان و گوندییه‌ ژێرچه‌پۆكه‌كانه‌، نازم گشت ئه‌م جوانيانه‌ی له‌ خزمه‌تی خه‌بات و ڕۆشنگه‌ری به‌كارهێناوه‌ و هۆنراوه‌ی ئەو چه‌كوشێكه،‌ كه‌ هه‌رده‌م له‌ ته‌پڵی سه‌ری زۆرداران و ئيمپرياليزمی جيهانی ده‌دا.

‘نه‌ديم گورسل’ هۆنه‌ر و ڕه‌خنه‌گری تورك له‌ ساڵی ١٩٧٤دا له‌ ژماره‌يه‌كی گۆڤاری ‘ئورۆپ’دا كه‌ به‌ بۆنه‌ی ده‌هه‌مين ساڵڕۆژی مردنی نازم حيكمه‌ت’ەوه‌ بڵاوكرايه‌وه‌ ئەو ئاوای نووسی :

” سه‌ره‌ڕای گشت فشاره‌كان، سه‌ره‌ڕای كينه‌ی دوژمنانی ئه‌ندێشه‌، كه‌ ڕێگریی بوو له‌ ميله‌تی تورك، ميله‌تی من، درێژه‌يان به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی لاوانی وڵاتی من ده‌دا، نازم ساتێك له‌ ئاوازچڕين نه‌وه‌ستا، ئەو گۆرانی مرۆییانەی چڕی و گۆرانی هيوای خۆيبوونی به‌ ڕۆژانی داهاتوو و باوه‌ڕی خۆی به‌ شۆڕش به‌و جۆره‌، كه‌ خۆی له‌ ساڵی ١٩٤٩دا له‌ زيندانی ‘بورسه‌’دا نووسی ” وه‌ك گوله‌يه‌ك له‌ ماوه‌ی ده‌ (١٠) ساڵ زينداندا تێپه‌ڕێ ” و گشت ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری دونيادا بۆ نان، بۆ ئازادی؛ بۆ سۆشياليزم ده‌جه‌نگان، ده‌نگی ئەویان له‌نێو ديواری زيندانه‌كانيان و له‌ چۆڵه‌وانی دورخراوگه‌كانياندا بيست. كاتێكيش كه‌ ديتيان له‌م ده‌رياچه‌ گه‌وره‌يه‌ی ھاوخەباتییدا، كه‌ لە هۆنراوه‌ی ‘نازم’دایه‌، باس له‌ ئەوان كراوه‌، شادییه‌كی بێسنوور و له‌ڕاده‌به‌ده‌ريان هه‌ستپێكرد …

” نابێت له‌بيربكرێت، كه‌ ئه‌م ده‌رياچه‌ گه‌وره‌يه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی سه‌رزه‌مينی ‘ئاناتۆڵی’يه‌ و پێش ئه‌وه‌ی تێپه‌ڕێ و لەتەك ده‌رياچه‌كانی دیكەدا تێكه‌ڵببێت و برژێته‌ ده‌ريالوشی فراوانی ‘واژە’وە‌، كه‌ فه‌رهه‌نگی مرۆڤايه‌تی لێيه‌وه‌ ڕه‌گی ده‌ركردووه‌، له‌ ڕێسايه‌كی ميلیيه‌وه‌ چه‌شه‌یكردووه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری شۆڕشگێڕانه‌ی نازم لەتەك ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌دا زياتر ده‌ركبكه‌ين، باشتره‌ كه‌ ئەو له‌ مه‌يدانی تايبه‌تی چالاكی خۆيدا، واته‌ زمانێك كه‌ دونيای پێنيگاركێشییده‌كرد، له‌به‌رچاوبگرين. ئه‌م زمانه‌ له‌ هه‌مان كاتدا هه‌م له‌ناوبردنه‌ و هه‌م درێژه‌پێدان. له‌ناوبردنه‌ به‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌ هۆنراوه‌ی نازم ڕابوردوو به‌و جۆره‌ی كه‌ هه‌يه،‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام به‌ ته‌ختكردن و خستنەسەری شتی تازه‌ به‌شێوه‌يه‌كی نوێ ده‌ريدەھێنێت. درێژه‌دانه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ هۆنراوه‌ی نازم شتێكی نائاسايی نییه‌، به‌ڵكو پێكهاته‌يه‌كی هه‌نووكه‌ییه‌ له‌ ڕێسايه‌كی كۆنی هۆنه‌رانه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ژيانی گه‌لی تورك، به‌درێژايی مێژوو.

 له‌ هۆنراوه‌دا ده‌توانرێت ئه‌م ڕێسايه‌ له‌ دوو ڕه‌وتدا بخرێته‌ڕوو، كه‌ هه‌ردووكيان له‌ پێكهاتێكی كۆمه‌ڵايه‌تییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرن. به‌ڵام ده‌ربڕی دوو لێكدانه‌وه‌ی جياوازن. ئه‌م دوو ڕه‌وته‌ بريتين له‌ ‘هۆنراوه‌ی گه‌لی’ و ‘ هۆنراوه‌ی ديوانی’، يه‌كه‌ميان ده‌ماوده‌مییه‌، كه‌ پارێزه‌ران و درێژه‌پێده‌رانی ‘دڵداران’ن و ده‌ربڕی بارودۆخی ژيانی گوندییان و له‌ هه‌مان كاتیشدا جيهانبينی ئه‌وانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی زمانێكی ساده‌ و گه‌لییدا، ھەروەھا‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ‘هۆنراوه‌ی ديوانی’ توخمی زۆری له‌ هۆنراوه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی له‌خۆگرتووه‌، خۆی به‌ ‘ئه‌ده‌بياتی په‌سه‌ندكراوان’ داده‌نێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئايديۆلۆجی چينی سه‌روه‌ره‌ …

به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هۆنراوه‌ی گه‌لیی، چونكه‌ له‌باره‌ی ژيانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی ئاساییه‌وه‌ بووه‌ و هه‌رده‌م په‌يوه‌ندی كەتواربينانه‌ی لەتەك دونيا و خه‌ڵكيدا په‌ره‌پێداوه‌. شتێكی سروشتییه‌، كه‌ هۆنه‌ری گه‌لی (ئەویندار) نه‌يده‌توانی تێڕوانينێكی مێژوويی، كە له‌ سنووری هوشياری ئه‌و تێپه‌رده‌كات، بهێنێته‌ نێو هۆنراوه‌كه‌ی. لەتەك ئه‌وه‌شدا، ھێشتاكە‌ ئه‌م هۆنراوه‌ ده‌ماوده‌مییه‌، كەتوارگەرايی ساده‌ و ساكاری تێداده‌بينين، كه‌ په‌يوه‌ندی گوندییه‌كانی تورك لەتەك سروشت و كاردا ده‌ستنيشانده‌كات.

نازم به‌سوودوه‌رگرتن له‌ چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌ی ديوانی [به‌تايبه‌ت له‌ هۆنراوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانيدا] و توخمی شۆڕشگێڕانه‌ی هۆنراوه‌ی گه‌لی، گونجاندنێكی تازه‌ی هێناوه‌ته‌ئاراوه‌.

نازم به‌خۆی ده‌يگوت، كاتێك كه‌ هۆنراوه‌ دەھۆنێتەوە، بير له‌ ئۆركێسترايه‌كی گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌. ژماره‌يه‌ك له‌ هۆنراوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئەو له‌وانه‌ (داربی ديوانه‌) و (ده‌ريای خه‌زه‌ر)، كێش و ئاوازێكی وه‌هايان هه‌يه‌، كه‌ ده‌ڵێی بۆ ئۆركێسترای فيلھارمۆنيك (Philharmonic Orchestra) نووسراون.

له‌باره‌ی ئه‌م هۆنراوانه‌وه‌ نازم خۆی ئاوا ده‌ڵێت :

” بۆ پياده‌كردنی نەزمی كێشی هۆنراوه‌ی خۆم، هيچ گرفتێكم نه‌بوو، چونكه‌ ‘هۆنراوه‌ی ديوانی’ ته‌واوترين نموونه‌ی ڕۆڵی كێش، كه‌ ده‌يتوانی بیبێ، خستبوويه‌ به‌رده‌ستی من. له‌و سه‌رده‌مه‌دا من هۆنراوه‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌گوت، كه‌ بتوانم له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێكی فراواندا بيخوێنمه‌وه‌.”

به‌ڵام ئەو ته‌نيا له‌ چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌ی ديوانی سوودوه‌رده‌گرێت و بۆ ئامانجێكی تايبه‌ت، چونكه‌ پاش ماوه‌يه‌ك له‌ وه‌ڵام به‌ پرسيارێك، كه‌ له‌باره‌ی ساده‌يی هۆنراوه‌يه‌وه‌ ئاراسته‌یده‌كه‌ن، ئاوا وه‌ڵامده‌داته‌وه‌ “…، … له‌وانه‌يه‌ ئه‌مه‌ كاردانه‌وه‌يه‌ك بێت له ‌به‌رامبه‌ر هۆنراوه‌ی سونه‌تی ‘ديوانی’، له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌زموون و ئارايشه‌ ھۆشییه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كان”. نازم ئه‌م شه‌يداییه‌ی بۆ ساكاری له‌ گه‌لی توركه‌وه‌ به‌ لەبۆماوە وه‌رگرتووه،‌ كه‌ بۆ خۆی هۆنراوه‌ی ڕه‌سه‌نی به‌ زمانی ڕۆژانه‌ داهێناوه‌.

ڕاستترە و باشتره‌ بڵێين، زيندان تاقيگه‌يه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ هۆنه‌ر، له‌وێنده‌رێ بوو، كه‌ نازم حيكمه‌ت په‌يوه‌ندی ڕاستەقینەی لەتەك زمانی گه‌ليانه‌ی خه‌ڵك په‌يداكرد و توانی بيهێنێته‌ هۆنراوه‌ی خۆيه‌وه‌. ‘ئيبراهيم عه‌لی’ گوندییه‌كی لاو، كه‌ نازم له‌ زينداندا نيگاركێشیی فێرده‌كرد و پاش ده‌رچوون له‌ زيندان، بوو به‌ نيگاركێشێكی به‌ناوبانگ و ناوی ‘باڵابان’ی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد، له‌ بيره‌وه‌رییه‌كانی خۆيدا ده‌گێڕێته‌وه،‌ كه‌ هۆنه‌ر كه‌ره‌سته‌ی پێويست بۆ هۆنراوه‌ی [ديمه‌نی مرۆيی] خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ :

“نازم ده‌چووه‌ گشت ژووره‌كانی زيندانه‌وه‌، گوێی له‌ قسه‌ی هه‌ر زيندانییه‌ك ڕاده‌گرت، كه‌ شتێكی تازه‌ و جياوازی باسكردايه‌. له‌ زيندانییه‌كه‌ی ده‌خواست، كه‌ خێراتر قسان بكا و داوای كاخه‌زی دەكرد تا بينووسێته‌وه‌ و به‌ په‌له‌ ده‌ينووسی. له‌ ساتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا هه‌ڵده‌ستايه‌وه‌ و ده‌چووه‌وه‌ ژووره‌كه‌ی خۆی. پاشان له‌ پشت پیتچنەكە‌ی داده‌نيشت و چه‌ند ساتێك هۆنراوه‌ی ده‌هۆنییه‌وه‌ و چاپیده‌كرد.”

ئه‌م قۆناخه‌ له‌ هۆنراوه‌ی نازم حيكمه‌ت’دا بەڕاستی قۆناخێكی تازه‌بوو، قۆناخێك كه‌ ئيدی چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌ی ديوانی’ی لەتەك ياريكردن به‌ فۆرم، نه‌يده‌توانی ڕێگربێت له‌ ته‌قينه‌وه‌ و هه‌ڵچوونی بوركانئاسای هۆنراوه‌ی ئەو “ديمه‌نی مرۆيی وڵاتی من”، له‌ ڕاستيدا هه‌ڵچوونی هۆنراوه‌ بوو، سه‌دان لاپه‌ڕه‌ هۆنراوه‌، كه‌ له‌ ڕاستيدا هه‌م هۆنراوه‌ بوو، هه‌م ڕۆمان، هه‌م شانۆيی ! نازم حيكمه‌ت به‌م جۆره‌ هۆنراوه‌، ژيان و خه‌ڵكی ده‌هۆنییه‌وه‌، ئيدی نه ‌له‌ چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌يه‌كی تايبه‌تدا ده‌مايه‌وه‌ و نه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ست وسۆزی ژيانی خۆییيوون. جيهانیبوونی هۆنه‌ر ده‌ستیپێكردبوو، هۆنراوه‌ی ئەو له‌وه‌ به‌دواوه‌، هۆنراوه‌يه‌ك بوو، كه‌ په‌يوه‌ندی نێوان تاكه‌كه‌س و خه‌ڵك و خه‌ڵكی وڵاتانی دیكە و سه‌رزه‌مينه‌ دوورده‌سته‌كانيشی دروستده‌كرد. ئەو هۆنراوه‌ی مرۆڤی ئه‌فريكايی و كوبايی‌ و عه‌ره‌ب و يابانی ده‌گوت.

به‌م جۆره‌ ده‌نگهه‌ڵبڕينی گشت سته‌مديتوانی جيهان بوو، كه‌ له‌ زمانی نازم حيكمه‌ت ‘ە‌وه‌ ده‌هاته‌ده‌رێ، ئەو به‌ڕاده‌يه‌ك قسه‌ی بۆ كردن هه‌بوو، كه‌ پێويستیده‌كرد به‌ ڕه‌وانی و فراوانی په‌خشان بنووسێت و هۆنراوه‌ بهۆنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ درێژترين و په‌خشانیترين هۆنراوه‌كانيشيدا، به‌رده‌وامی ئه‌و ئاوازە‌ لێده‌ره‌ی، كه‌ تايبه‌تمەندی هۆنراوه‌ی نازم حيكمه‌ت ‘ە‌، ده‌توانرێت بەدیبكرێت.

لێره‌دا دوان له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی نازم حيكمه‌ت له‌ توانادا نییه‌، به‌تايبه‌ت كه‌ باسی ژيانی پڕ به‌رهه‌می ئەو، لەتەك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بڕياروابوو، له‌ چوارده‌ لاپه‌ڕه‌ زياترنه‌بێت، وه‌ك ده‌بينن نزيكه‌ی چل په‌ڕه‌ی داگرتووه‌ و هێشتاش زۆر خاڵی سه‌رنجڕاكێشی باسنه‌كراو ماونەته‌وه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ ناچارين باسی تيروته‌سه‌ل له‌باره‌ی هۆنراوه‌ی نازم و به‌رهه‌مه‌كانی دیكەی ئەو، بۆ بوارێكی دیكە ھەڵگرین و لێره‌دا ته‌نيا فه‌هرێستێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئەو ده‌خه‌ينه‌ڕوو.