یاداوەرییەكانی ١٨ی مارچ، ڕۆژی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان
یاداوەرییەكانی ١٨ی مارچ، ڕۆژی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان
ھەژێن
١٦ی ئازاری ٢٠١٣
ھەرچەندە من لە ڕۆژانی ڕاپەڕین و سەردەمی سەرھەڵدان و تێكشكانی “بزووتنەوەی شورایی كوردستان”دا، لە ھەرێمی كوردستاندا نەبووم، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشێكبووم لەو بزووتنەوەیە. كاتێك كە تێكشكانی بزاڤی چەكداری و ئاوارەبوون ئێمەی كردە پەنابەری نێو ئۆردووگەكانی وڵاتانی دەوروبەر، بواری زۆرتر ئاشنابوونم بە بزووتنەوەی جەماوەریی و خەباتی جەماوەریی و شۆڕشی كۆمەڵایەتی بۆ ڕەخسا و بە دابڕانم لە بزاڤی چەكداریی، ئاسۆیی بیركردنەوەم فراوانتر و خوێندنەوەم بۆ مێژووی بزووتنەوە جۆرا و جۆرەكان پەرەیسەند و ھەلم بۆ ڕەخسا، كە لەو بارەوە بۆچوونی تایبەتی خۆم بەپێی تێگەییشتن و پێگەییشتنی خۆم، پەرەپێبدەم.
وەھا سەرەتایەك بوو، بوو بە ھاندەرم بۆ كاركردن و چالاكی لەنێو پەنابەران و بانگەوازكردن بۆ پێكھێنانی شورای سەربەخۆیی پەنابەرانی خۆیان و پوچەڵكردنەوەی ھەوڵی بەكرێگیراوان و شوراكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە بە ئاشكرا و نھێنی لە ڕێگەی ڕەوتە ئیسلامییەكانی نێو ئوردووگەكانی پەنابەراندا، كۆماری ئیسلامی دەیسەپاندن و دەیكردنە دەمراستی خەڵكی. ھەرچەندە ھەوڵ و كۆششی من و ھاوڕێكانم بەرەنجامێكی ئاوای بەدەستەوەنەدا، بەڵام ھیچ كات تا كاتی گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی كوردستان، دەستبەرداری پاگەندە و ھەوڵدان بۆ وەھا شورایەك نەبووم و ھاوكاتی پاگەندەكردنم بۆ ڕێكخراوە و یەكێتی جەماوەریی كرێكارانی كورەخانە و كیشاوەرزی، بەردەوام كارم لەسەر ھوشیاریی كەسەكانی دوروبەرم لەبارەی بزووتنەوەی جەماوەریی و كارایی سەربەخۆبوونی و ڕۆڵی لە بەدیھاتنی داخوازییەكانی پەنابەراندا، دەكرد.
گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی كوردستان، ھاوكاتی دەنگدانەوەی ڕەخنەكانی ئیرەجی ئازەرین [ئەندامی فراكسیۆنی كۆمونیزمی كارگەریی نێو پارتی كۆمونیستی ئێران (حكا) و دواتر یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كۆمونیستی كارگەریی ئێران (حككا) و پارتی كۆمونیزمی كرێكاریی عیراق (حككع)] بوو. ئەودەم تەواوی لایەنگرانی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاریی، بە ھەموو ھێز و توانایانەوە، لە ھەوڵی خۆتەكاندن لە تۆزوگەردی ڕۆژانی ڕاپەڕین بوون و ڕاپەڕینیان تا ڕادەی بەگاڵتەگرتن و بە چەتەگەریی چواندن و لە باشترین باردا خۆیان واتەنی بە “ھەڵچوونی تاڵانگەرانەی جوتیاریی” دەچواند و ھەموویان بەپێچەوانەی ئێستاوە، كە خەریكی نۆرەبڕێیكردن و خۆكردنە ڕۆڵەی ڕاپەڕین و قارەمانسازیین، كەوتبوونە نكۆڵی‌كردن لەوەی كە بەشدار یا لایەنگری وەھا ڕاپەڕینێكی سەربەخۆی جەماوەریی بووبن. تەنیا یەك شت نكۆڵییان لێنەدەكرد، ئەویش ھەوڵدان و پاگەندەیان بوو لە ڕۆژانی پاش (ڕاپەڕین)دا بۆ شورا كرێكارییەكان، ھەرچەندە ئەوەش بە ھەمان ورە و لێبڕاویی ئەوسایانەوە نەبوو، پارادۆكسی شانازیی ڕۆژانی ڕاپەڕین و پەشیمانی و ڕەدووكەوتنی ڕەخنە ئایدیۆلۆجییەكەی (ئیرەجی ئازەرین)، بووبووە باری گرانی سەرشانیان و لە شەڕەدەندووكی سكتاریستییان لەتەك لایەنگرانی شورای خەڵكیدا، زمانی كولكردبوون.
بەڵام بۆ من، كە پێناسە و لێكدانەوەی خۆمم بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی ھەبوو، ھەگیز بەدەم ئەو سووكایەتی و گاڵتەكردنانەوە پێنەكەینیم، كە ڕاپەڕینیان بە تاڵانی و ڕاورووت دەچواند و ھەرگیزیش جوتیارییبوونی ھیچ ڕاپەڕینێكم بە كەمیی نەزانی و وەك ئەوان جوتیارانم بە ناشۆڕشگێڕ ناونەبرد. ھەر لە دووەمین ڕۆژی پەیوەستبوونم بە ڕێكخراوی (ڕەوتی كۆمونست)ەوە، ھەستم بە جیاوازیی بۆچوونم، بەتایبەت لەمەڕ ڕاپەڕین و لێكدانەوە دوور لە كەتوارییەكانی (ئیرەجی ئازەرین) لەتەكیاندا كرد، لێرەا ناچمە نێو قوڵایی ئەو بابەتە، چونكە لە [یاداوەریی و ئەزموونەكانی ڕۆژانی چەپایەتیم]دا فراوانتر لەو بارەوە ڕوونكردنەوە دەدەم.
پاش داخستنی بنكەی ڕەوتی كۆمونیست و پووچەڵبوونەوەی بڕیاری ڕەوكردنی ھەموو ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە بۆ ھەندەران، بۆنە و ساڵیادەكانی ٨ و ١٨ی ئازار و یەكی ئایار و ….تد بوونە سەكۆیەك بۆ پاگەندەی ڕێكخراوەیی و ئایدیۆلۆجی. پاش شكستی بزاڤی شورایی و داخستنی بنكەكانی ڕەوتی كۆمونیست، یادی ١٨ی ئازار دووەمین مەراسیم بوو، كە چەپی دەھێنایەوە ڼێو مەیدان و بە كۆمەڵگەی دەناساندەوە. بۆ من یادی (كۆمونەی پاریس)، شتێكی تازە و نائاشنا نەبوو، ھەموو ساڵێك لەتەك ڕادیۆ كۆمەڵە و لە ڕێی بەرنامە تایبەتەكانی لەو ڕۆژەدا، ئاشنای بەسەرھات و ڕووداوەكان و ئەدەبیاتی ئەو ساڵیادەبووم، ئەوەی كە بۆ من نوێ بوو، ھەم بەشداریكردنی چالاكانەی خۆم بوو لەو ساڵیادەدا و ھەم بەشدارییكردنم بوو لە یادی “بزووتنەوەی شورایی” ھەرێمی كوردستاندا، كە دەیتوانی بەجۆرێك خۆزگە و ئەفسووسەكانم بۆ بەشداریكردن لەو بزووتەنەوەدا، كەتواریی بكاتەوە. بەو بۆنەوە، حەزمدەكرد لەو ڕۆژەدا بە ھەموو بوونێكمەوە، توانا و وزەم بۆ ئەو یادە بخەمەگەڕ.
١٨ی ئازاری ١٩٩٢ سلێمانی
بە وەھا ئامادەییەكەوە، بەشداری یادی ١٨ی ئازار؛ ساڵیادی “ڕۆژی كۆمونە” و ساڵیادی “بزووتنەوەی شورایی” لە كوردستان‌م كرد. ئەو كات ئەزموونی چالاكی و ئامادەكارییمان زۆر كەم بوو، پاش مەراسیمی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی جیھانی ژنان، ئەوە دووەمین مەراسیم بوو، كە ئامادەكاریمان بۆ دەكرد، دابەشكار و جیاكردنەوەی دەستەكانی ئامادەكاریی لەئارادانەبوو، ھەندێكمان خەریكی پاگەندە و ئامادەكردن و زیادكردن و بڵاوكردنەوەی پلاكارت و بانگھێشتكردنی جەماوەر بوون، ھەندێكی دیكەش خەریكی ئامادەكردنی شانۆیی و سروود بوون و ئەوانی دیكە وەك پیشەی ھەمیشەیی ڕێكخراوەی ڕامیاریی خەریكی خۆئامادەكردن بوون بۆ وتاردان.
من ھەم لە گروپی سروودوتندا ھەبووم و ھەم لەبەر نەخۆشبوونی ھاوڕێیەك لە پرۆڤەی شانۆییەكەدا بەشداربووم. ھەروەھا پێش ئامادەكاریی مەراسیمەكە، سەرنووسەری یەكێك لە گۆڤارەكانی ئەو دەمە، داوای وەرگێڕانی شانۆنامەی [ “نە بۆ دەنگدان / نا بۆ ڕیفراندۆم”، نووسینی بێرتۆڵد برێشت]ی لە زمانی فاسییەوە، لێكردم و منیش پاش ماندووبوونێكی زۆر و وەك یەكەمین وەرگێڕانی دەقی فارسی، تەواومكرد، بەڵام بەداخەوە، ھەرچەندە دواتر بەناوی خۆیانەوە بڵاویانكردەوە، بە منیان گوت “وەرگێڕانەكەت چاك نییە”. ئەگەر بە باشی لەبیرممابێت، وابزانم ھەر ئەو دەقە شانۆییە بوو، كە تیپە شانۆیییەكە [بەداخەوە دڵنیانیم، كە ئایا تێپی شانۆی ئایار بوو یا تیپی شانۆی نی‌نا] بۆ یادی ١٨ی ئازار پرۆڤەی دەكرد.
بەڵێ ئەو ڕۆژە بۆ من، ھاتنەدی خەونێكی دێرین بوو، كە لە سەرزەمینی ڕاپەڕینی ٧ی ئازاری ١٩٩١دا لەو ڕۆژەدا دوا پەیام و سروودی كۆمونارەكانی پاریس بە گوێی ھاوچینەكانمدا بچرپێنین و لە یادی “بزووتنەوەی شورایی كوردستان”دا ئەو دەنگانە بێننەوە سەرشانۆ. ڕۆژێك، كە ھەرگیز وێنە و یاداوەرییەكانی چۆنیەتی كاركردن و لەخۆبردوویی ئەو ڕۆژانەی ھاوڕێیان و نادەربەستی و وێناكردنی ناكەتوارییانەی ئەم ڕۆژانەم بەیەكەوە بۆ كۆناكرێنەوە. وێڕای یاداوەرییە خۆشەكانی ئەو ڕۆژە، دەنگبڕان و برینداربوونی دەنگەژیـم لە كاتی وتنی سروودی “ھاوڕێیانی گیانبەختكروو ؛ بەڕێزە گیانبازیتان “، كە بەھۆی زاڵنەبوونی ھاوڕێكانی تەنیشتمەوە بەسەر ھۆنراوە و ئاوازەكەیدا، ناچاربووم، بۆ پڕكردنەوە و بەرزكردنەوەی دەنگی ئەوان، من فرەتر دەنگھەڵبڕم، ئەمە بووە ھۆی تێكچوونی دەنگەژێم بۆ ھەمیشە.
بەڵێ ئەو ڕۆژە دڵخۆشی و ورەبەرزیی و بوژانەوە باڵی بەسەر گشت ئەو ھاوڕێیانەدا وەك یەك جەستە و یەك دەنگ و یەكخواست كێشابوو، ئەوانەی كە ئەمڕۆ وەرەمی پارتایەتی سەراپایانی تەنیوە و كردوونی بە ھەزار و یەك پارچەوە و ھەر چەند كەسێكیان لە بەرامبەركێی دەسەڵات و ناوبانگخوازانەدا، پارت و ڕێكخراو و گروپێكیان قوتكردووەتەوە و كەس ئامادەی گوێگرتن لە كەسی دیكە نییە و ھەر كەسە خەریكی دەبەنگنیشاندانی بەرامبەرەكەیەتی، كە لە ڕاستیدا ئەگەر دەبەنگییەك لە ئارادابێت، ئەوا تەنیا ئەو سكتاریزم و دەسەڵاتخوازییە پارتییەیە، كە باڵی بەسەر ھۆش و بیركردنەوەی زۆربەیاندا كێشاوە و ھاوڕێیانی دوێنێی كردووەتە دوژمنی سەرسەختی ئەمڕۆی یەكدی.
ڕۆژگارێك كە كۆمونیستخوازەكان، پارتی پۆڵایینیان نەبوو و بەسەر كۆمەلێك ڕێكخراو و دەستە و كۆڕ و كۆمەڵی جیاوازدا دابەشبووبوون، ھەمووان لە بەرەیەكەدا وەك بۆچوونە جیاوازەكانی ئاوەزێك و بوونێك (جەستەیەك/ كەسێك) دەردەكەوتن، بەڵام ئەمڕۆكە پاش ئەوەی كە بە فەرمانی سەرووی خۆیان لە پارتێكدا توانەوە، بوونە خاوەنی دەرزەنێك پارتی لەیەكچوو بەڵام تینووی خوێنی یەكدی. كاتێك وێنەكانی پاش تەواوبوونی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ دەھێنمەوە پێشچاوم، كە ھەمووان سەرەڕای جیاوازیی بۆچوون و تێڕامانیان، بەڵام لە كەشێكی ھاوڕێیانە و زانیارییخوازانەوە خەریكی مشتومڕبوون، بەداخەوە ناتوانم بۆ ھیچ كەسێكی بسەلمێنم، ئەو كەسانەی كە لەوێدا بوون، ھەر ئەوانەن، كە ئەمڕۆ لە كایەی پارت و لیدەرچیەتی و ھەڵپەی پلەوپایە و ناوبانگدا تا بینەقاقا نوقمی كولتوور و بیركردنەوەی بۆرجوازییانە بوون و لەبری ڕەتكردنەوەی سەروەریی بۆرجوازی كورد، گلەیی لێدەكەن و خەریكی ئامۆژگارییكردنینی، كە چۆن سەرۆكی باش و میرایەتی باش و پارتی باش و پارێزەری دێمۆكراسی پارلەمانی و سەروەریی یاساكەیان بن!
١٨ی ئازاری ١٩٩٣ ھەولێر
لە ھەولێر بەپێچەوانەی سلێمانییەوە، وەك پێشینەی مەراسیمەكانی پێشووتر، بەر لە مانگێك كەوتینەخۆ و بانگەوازمان بۆ كۆبوونەوەی گشتی گشت چالاكان و بەشداری و پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٣ی ھەولێر كرد، وەك ھەموو جارێك ھاوڕێیانی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی دیكە (ڕەوتی كۆمونیست و یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری و سەرنجی كرێكار) و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی وەك ھاوڕێیانی یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ھاوڕێیانی كانونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ و دەستە و كۆڕ و كۆمەڵەكانی دیكە و تاكە سۆشیالیست و نزیكەكانی ئەو ڕێكخراو و كۆڕ و كۆمەڵانە، لە كۆبوونەوەی یەكەمدا بەشدارییانكرد، لە ھاوڕێیانی بەشدار [ ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان)، جەمال چاوشین، عەبدولراحمان مەولوود، گۆران عەبدوڵڵا، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئەحمەد پاشا، دلێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، ناڵە حەسەن، ھیوا، بەختیار، بەخیتیار (كرێكاری كارەبا)، سۆران كەریم، ھیوا كەریم، رێبوار میدحەت، مامە كەریم، كاوە حەسەن، من و كۆمەڵێكی دیكە ھاوڕێ] بەداخەوە تەنیا ناوی ئەمانەم لەبیرماوە. لەم كۆبوونەوەدا بەپێی ئامادەیی و خۆبەخشیی كەسەكان دابەشكار كرا و لێژنەكانی ئەنجامدانی كارەكان پێكھێنران و ڕۆژی كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكارانی لێژنەكان دیاریكران و ھەر لێژنەش سەرخەتی كارەكانی خۆی دەستنیشانكردن.
ئەگەر بەھەڵەدانەچووبم، ئەو دانیشتنەمان لە بنكەی كانوونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ واتە شوێنی پڕڤەی تیپی شانۆی مژدە یا لە بنكەی یەكێتی بێكاران، ئەنجامدا. وەك جارەكانی دیكە، من كەوتمەوە لێژنەی ھونەری و لێژنەی پاگەندە و بڵاوكردنەوەی پلاكارت و ڕاگەیاندن، ھەروەھا وەك نوێنەری لێژنەی خۆجێی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست، لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكەی ئێمە بەشی ئاشكرای ھەبوو، گرتن و مۆڵەتوەرگرتنی ھۆڵ بۆ مەراسیمەكە بە ئێمە سپێردرا و منیش ئەو داواكارییەی كۆمیتەی مەراسیمەكەم بە نوێنەری بەشی ئاشكراوی ڕێكخراوەكەمان لە ھەولێر گەیاند و ئەویش لەوە دڵنیای كردمەوە، كە بێخەم بم و ئەوە كاری ئەوە و زوو ئەنجامیدەكات و نامەی مۆركراو بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگەی ئاساییش، ئامادەدەكات و بەخۆی جێبەجێیدەكات.
ھەرچەندە ناكۆكی بیركردنەوە و بۆچوون و شێوازی كار و ھەڵسوكەوتمان لەتەك ڕێكخراوەكانی دیكەدا، جیاواز بوو و سووكە گومانێكم لەوە ھەبوو، كە كارەكە ئەنجامنەدات، بەڵام لەولاشەوە بڕوام بەخۆم دەھێڼا، بە خۆمم دەگوت “بڕواناكەم تا ئەو ڕادەیە كار و پرسە گشتییەكان و كارە ھاوبەشەكان بكاتە قوربانی ناكۆكی كەسیی و بۆچوونی كەسیی”.
ئێمە ئەندامانی لێژنەكان، ڕۆژ بە ڕۆژ كارەكانمان ئەنجامدان و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان ئۆتۆمەبێلەكەی خستبووە پێناو ئەنجامدانی كارەكانمان و بەخۆیشی ھاریكارمان بوو. لەو ڕۆژانەدا نزیكایەتی و ھاوڕێیەتییەكی وەھا باڵی بەسەر پەیوەندی ھەندێكماندا كێشابوو، كە بۆ كەسانی دەرەوەی ئەو سێ ڕێكخراوە، ئاساننەبوو، بزانێت كێ لە كام ڕێكخراوەدا ئەندامە و جیاوازیی ڕێكخراوەییمان چییە. بەتایبەت نێوان ئێمە ھاوڕێیانی (حەوزەی شققە) لەتەك ھاوڕێیانی یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری (ئارام عەلی)، سەرنجی كرێكار (جەعفەر عەلی و بەختیاری كرێكاری كارەبا) و ھاوڕێیان ئازاد ئاڕمان و جەمال چاوشین و ھاوڕێیانی گیانبەختكردوو شاپوور و قابیل و كۆمەلێك خوێندكاری زانكۆ، ھێندە گەرموگوڕ بوو، وەك خێزانێكی گەورەمان لھاتبوو. پەرتووكفرۆشییەكەی ئێمە سەرەتا بەرامبەر ئاساییش و بەردەم قەڵا و دواتر بەرامبەر سینەما كریستاڵ، بووبووە بنكەی كۆبوونەوەی گشت چەپەكان و یەكدی بینینیان.
ڕۆژی ١٨ی ئازار، كاتێك كە بە ئۆتۆمەبێلەكەی ھاوڕێ (ئازاد ئاڕمان)، كەرەستەكانی مەراسیمەكەمان بردنە ھۆڵی ڕۆشنبیریی جەماوەر، لەوێ پاسەوانی ھۆڵەكە پێیگوتین، ئێمە ئاگادارنەكراوین و بەبێ مۆڵەتی ئاساییش بۆتان نییە مەراسیم بكەن. قسەیەكی ئاوا وەك فیشەكێك بوو، بە ھەموومانەوە نرا، ئەم، لەوی دەپرسی و ئەو، لەمی دەپرسی “چۆن مۆڵەت وەرنەگیراوە” و ” ئەو دەیگوت، مەگەر ئێمە یەكەمجارمانە مەراسیم بكەین، بۆ شتی وانەبووە” و ھەمووشیان ڕووی دەمیان لە من دەكردەوە ” مەگەر بڕیار نەبوو، تۆ ئەو كارە ئەنجامبدەیت”. منیش ھەرچەند لە كۆبوونەوە ھەفتانەییەكانی پێشووی مەراسیمەكەدا لەوە ئاگادارم كردبوونەوە، كە لیپرسراوەكەمان بەڵێنی داوە بەخۆی ئەو كارە ئەنجامبدات و بە منی گوتووە “پێویستناكات، تۆ خەیاڵی خۆت بەوەوە خەریكبكەیت و من ئەو كارە ئەنجامدەدەم”. دیسانەوە درامەوە بەر ڕێژنەی پرسیار “مەگەر ئێوە لە لێژنەی خۆجێی ھەولێر و بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەتاندا پێكەوە كارناكەن و چۆن لە كارەكانی یەكدی ئاگادارنین؟” دیسانەوە ناچاربووم بڵیم ھاوڕێیان، بەداخەوە من ماڵی ئەو ھاوڕێیە نازانم لەبەرئەوەی تا ئێستاكە بۆ ئێمە ئاشكرا نییە، ھەرچندە بەخۆی لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەكانە!
پاش ماوەیەك چاوەرێ ماینەوە، دواجار ناچاربووین، [ئەگەر بەباشی لەبیرممابێت] ھاوڕێیەك لەتەك ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان بە ئۆتۆمەبێلكەكەی چوون بۆ ماڵی لێپرسراو و لەوێوە چووبوونە ئاساییش و ھاتنەوە و لێپرسراو و مۆڵەتەكەیان لەتەك خۆیان ھێنا. لەم ساتەدا كە ئەوان ھاتنەوە، نزیكەی ٢٠ خولەكی بۆ ئەو كاتەی، كە بۆ دەستپێكی مەراسیمەكە دیاریمانكردبوو، مابوو. ھەرچۆن بوو، بە پەلەپەل، وەخۆ كەوتین و مەراسیمەكەمان بەرپاكرد. ھاوڕێی لێپرسراو بە پێكەنێكی دەستكردەووە وتی “خۆ دیتان بەبێ من ھیچتان بۆ ناكرێت”، لەو كاتەدا سەیرێكی منی كرد و ھاوڕێیانی بەشدار لە كۆمیتەكەدا لەوە تێگەییشتن، كە ھاوڕێی لێپراسراو ئامانجدارانە وەرگرتنی مۆڵەتەكەی دواخستووە و بە منیان گوت ” ئەگەر بمانزانیایە، بەرامبەر بە تۆ ناكۆكی ھەیە، ئەوا بەخۆمان داوای نامەی مۆركراوی ڕەوتمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەكە لێدەكرد و تووشی ئەم دەردیسەرییە نەدەبووین”.
بۆ من، ئەم مەراسیمە دوو ئەزموونی تێدابوو، یەكەم قسەكەی ھاوڕێ (ئـ.. ح-ك) ئەندامی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست لە سلێمانی بۆ سەلما، كە دەیگووت “ئەگەر دەتەوێت گویط لێ‌بگرن و بە پلەیەكی بەرزتر بگەیت، پێویستە دەست بەكڵاوەكەتەوە بگریت”. منیش لەو كەسانە بووم، كە كڵاوێكم نەمابوو تا دەستیپێوەبگرم، دووەم، ئەوانەی ھەڵپەی پشت مایكرۆفۆن و بەردەم كامێرایان بوو، بە ھەموو شێوەیەك دەیانویست چتبوونی خۆیان بسەلمێنن. ھەڵبەتە ئەم كارە، سەرەتای دژایەتیكردنی من بوو، لە زۆربەی چالاكییەكاندا و دواتر لە مەراسیمی یەكی ئایاری ١٩٩٣دا تاڕادەی دژایەتی و گەرپێفرۆستن و دەرپەڕاندن، ناچاریانكردم بەرەو ئاكرێ ملی ڕێگە بگرم. ھەروەھا بەرگرتن بە بەرپاكردنی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی منداڵان كە لە ساڵی ١٩٩٣دا، پێشنیار و ئیدەی من بوو، لەلایەن لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەمانەوە، كە ڕێكخستنی شارەكانی ڕەوتی كۆمونیست ڕەزامەندی لەسەر دابوو و ھەروەھا بەرگرتن بە كۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر سووتاندنی پەتووكخانەی ڕاپەڕین لە ڕانیە، كە نزیكەی ٥٠ كەس لەسەر بانگەوازی ئێمە [ھاوڕێیانی شوقە و ھاورێ ئازاد (بژار) بەناوی لێژنەی خۆجێی ھەولێری ڕەوتی كۆمونست، بەیاننامەی سزاواركردن و بانگەوازمان بۆ كۆبوونەوەی گشت ئازادیخوازانی ھەولێر دەركردبوو و كۆبوونەوەكەمان لە گڵكەند بەرپاكرد. دواتر لە گێڕانەوەی یاداوەرییەكانمدا بەناوی [یاداوەریی و ئەزموونەكانی ڕۆژانی چەپایەتیم]، بە وردی دەچمە سەر زۆر بابەتی دیكەی شاراوەی ئەو ڕۆژانە.
خوێنەری ھێژا، ئەمە كورتەی یاداوەرییەكانی من بوون، لەمەڕ مەراسیمی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و بزووتنەوەی شورایی؛ ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ و ١٩٩٣. دەكرێت زۆر لایەنی دیكەی ئەو چالاكییانە و ھەڵویستگیرییەكانی ئەودەمە، بۆ ھاورێیانێكی دیكە سەرنجڕاكێشتر بووبن و بەو ھۆیەوە لە یاداوەیی مندا تۆمار نەبووبن یا لەبیرم نەمابن، مایەی دڵخۆشییە، ئەگەر ھاوڕێیانی بەشدار و جالاكی ئەو ڕۆژانە قۆڵی لێھەڵماڵن و لەتەك ئێمەدا یاداوەرییەكانیان بەشبكەنەوە. داوایلێبوردن دەكەم، كە لە ھەندێك جێگەدا ناچاربووم، زیاتر لەسەر شتەكان بوەستم یا ڕۆشنكردنەوەی زیاتر بدەم، تاوەكو بتوانم وێنایەكی ڕۆشنتر بخەمە بەرچاوی ئەو خوێنەرە ئازیزانەی، كە لەو ساتەدا ئامادە و بەشدارنەبوون و ئاگایان لەو پرسانە نەبووە. ھەروەھا ئەو كاتیش وەك ئێستا من دژی پلەوپایەی ڕێكخراوەیی بووم و وەك سەرەتاییەك (مەبدەئێك) ڕەتمدەكردەوە و ڕەتیدەكەمەوە و ئەندامبوونم لە لێژنەی خۆجێی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست‌دا، تەنیا لەبەر داواكاریی و سووربوونی ھاوڕێیانم [مامە كەریم، ڕێباز، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیواكەریم، سیروان عەلی (ئەندامانی حەوزەی شوقە)] ڕازیبووم. بەداخەوە بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئەو ھاوڕێیانەوە، نەك ھەر ڕازیبوونی من، نەبووە ھۆی باشتركردنی پەیوەندی ئێمە لەتەك لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕەوت لە ھەولێر و ڕێكخستنی نھێنی شارەكان، بەڵكو بووە ھۆكاری توندوتیژبوونەوەی دژایەتی دوو ھاوڕێی ڕێكخراوەیمان بۆ من، كە لە دەرەوەی ئاپارتمان (شققە)كەی ئێمە دەژیان.
بۆ خوێندنەوەی یاداوەرییەكانی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی جیھانی ژنان، كرتەلەسەر ئەم بەستەرە بكەن: www.hezheen.tk
سه‌رابی نیشتمان
سه‌رابی نیشتمان
لێم مه‌پرسه
بۆچ وا وه‌رسم؛
له ژیان
له واژۆكردن ١
له ده‌رهێنانی پاره له كون ٢
له خواردنه‌وه‌ی بیره و
لە شایی و سه‌مای دیسكۆكان
*****
لێره هاوكاره‌كه‌ت، هاوسێكه‌ت
هاوپۆل و هاوگه‌شته‌كانت
جه‌سته‌یه‌كن، بێزمان
له‌بیربراون ..
سپێده‌باشی به‌یانیان
*****
لێره‌ش مرۆڤ؛
ناو و كۆدێكه بۆ كارتی ده‌نگدان
لێره‌ش كار و به‌رهه‌م،
*****
نامۆن به بكه‌ره‌كان
لێره گوڵ ته‌نیا ڕوخساره،
وه‌ك ئازادییه‌كه‌ی كوردستان
لێره‌ش به‌خت دیاریده‌كا،
چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان
لێره‌ش وه‌ك له‌وێ،
ژیان هه‌رزانتره له نان ٣
*****
لێم مه‌پرسه
بۆچ ناگه‌ڕێمه‌وه ئامێزی نیشتمان
بۆچ به‌باده‌ده‌م
ساته‌كانی ته‌مه‌نم،
له هه‌نده‌ران
بۆچی خۆزگه‌كانم، ده‌كه‌مه كۆلاره و
هه‌ڵیانده‌ده‌م بۆ ئاسمان ..
بۆچ بوومه‌ته مامه‌خه‌مه و
ڕیش و سمێڵم قانگداوه،
وه‌ك گاڵكێشان
ده‌زانی بۆ؛
ئه‌ی هاوسێ دڵدزه‌كه‌م
ئه‌ی هاوپۆله‌كه‌ی جاران
ئه‌ی گوڵه‌به‌رۆژه‌فرۆشه‌كه‌ی به‌رده‌م فێرگه
ئه‌ی جه‌لاده‌كه‌ی ئاسایشی گشتی
ئه‌ی هاوڕێكه‌ی یەكێتی بێكاران
ئه‌ی چایچییه‌كه‌ی گازینۆ به‌هار
ئه‌ی ڕۆژنامه‌فرۆشه‌كه‌ی كن قه‌لا
ئه‌ی بارھەڵگه‌ره‌كه‌ی ئاكرێ
ئه‌ی قاچاخچییه‌كه‌ی، ڕێی شه‌مزینان
ئه‌ی گیانی ته‌ره‌بووی،
خنكاوانی ڕێی ئیتالیا و یۆنان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به مانگایه‌كی زه‌رد و
هه‌موو ڕۆژێ بوتڵێ شیری
به‌خشییه مناڵانی هه‌تیو و برسی
منیش پێڵوه‌كانم ده‌كه‌مه شووره‌ی..
سه‌رم ده‌كه‌مه سه‌نگه‌ری كۆڵنه‌دان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به كێڵگه‌كانی كه‌تالان ٤ و
كانییه‌كانی بوونه،
بالانوێنی ئه‌وینداران..
منیش چه‌ك ده‌كه‌مه شان و
به‌گیان ده‌یپارێزم،
له هێرشی فرانكۆكان ٥
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به شه‌قامی ئه‌وین،
بۆ پیاسه‌ی ئێواران..
منیش گسكێك به ده‌سته‌وه ده‌گرم و
خاوێنی ده‌كه‌مه‌وه،
له زبڵی خواپێداوان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به سه‌رپه‌نای لانه‌وازان
منیش دڵم ده‌كه‌مه پاتیته‌ختی ..
ده‌ست و لاق و سه‌رم،
ده‌كه‌مه شاڕێ، هێڵی شەمەندەفەر، كۆڵان و مه‌یدان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به كارگه؛
بۆ هاوه‌ڵ و هاوپۆل و بێكاران
منێش ده‌بمه ئامێری كار و
بۆ مناڵان چێده‌كه‌م،
چوكلێت و جلكی جوان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به شیرخۆرگه و باخچه
بوو به فێرگه‌ی دابڕاو له ئاسمان
بوو به مۆزه‌خانه بۆ
په‌یكه‌ری شێخ و به‌گ و ڕامیاركاران
منیش بۆی ده‌بمه چاودێری ڕێگە و بان ٦
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به چێشتگه‌ی گشتی،
جلشۆرگه و كابان ..
منیش بۆ ژنانی له ئه‌وین تینوو،
ده‌بمه جێ‌ژوان ..
ده‌بمه هاوسه‌ری چاوه‌ڕوانكراو
ده‌گه‌ڕێمه‌وه له نوگره‌سه‌لمان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به پاروه‌نانی گه‌رم،
به نوێنێكی خاوێن و جوان
منیش بۆ به ساڵاچووان،
ده‌ستم ده‌كه‌مه گۆچان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
وه‌ك زانۆن ٧ بوو به هی هه‌مووان
منیش بۆ پاراستنی،
له هێرشی چه‌ته‌كانی ده‌ریا و
ژاوە ژاوی میدیاكان
جه‌سته‌م ده‌كه‌مه داوه‌ڵ و
برژانگه‌كانم ده‌كه‌مه پاسه‌وان ..
وه‌ك خانییسا ٨
چاوه‌كانم ده‌كه‌مه گڵۆپ و
ڕۆشن ده‌كه‌م،
شه‌قام و كۆڵانی تاریكستان
***************************
١. له هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپی، بێكاران دوو هه‌فته جارێك، ده‌بێت، بچنه ئیمزاكردن، بۆ سه‌لماندنی ئەوەی كه به دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن و بۆ وه‌رگرتنی بڕه پاره‌یه‌ك، كه به‌شی ژه‌مێ خواردن له چێشخانهییهكی پێنج ئه‌ستێره‌دا، ناكات.
٢. مه‌به‌ست له پارەدهركێشانه له بانكدا، كاتێك كه كاری فه‌رمی بكه‌ی یا بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بێكاری وه‌ربگری، ناچارده‌بێت كارتی بانكێكت هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری بژێوت بكه‌ن و بانكه‌كانیش سوود له پاره‌كه‌ی تۆ به‌بێ به‌رامبه‌ر،وه‌ربگرن.
٣. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌وه هۆنه‌ر شێركۆ بێكهش له هۆنراوه‌یه‌كی دا به‌كاری بردووه و گۆرانیبێژان نه‌جمه‌دینی غوڵامی و به‌كری لهكزی كردوویانه به سروود.
٤. له ئه‌سپانیای 1936–1939 له ناوچه‌ی كه‌تالۆنیا به ده‌ستپێشخه‌ری سه‌ندیكای كارگەڕان و هه‌ڵسوڕاوه ئه‌ناركیسته‌كان، كارگه و كێڵگه‌كان كرانه موڵكی گشتی و كاری ههرهوهزییان تێدا ڕێكدەخرا.
٥. جه‌نه‌راڵ فرانكۆ، ئه‌و فاشێسته بوو، كه ئه‌سپانیای ئازادی، كرد به دۆزه‌خ بۆ كارگەڕان و زه‌حمه‌تكێشان و به‌هه‌شت بۆ پاشا و سه‌رمایه‌داره مشه‌خۆره‌كان.
٦. مه‌به‌ست له پۆلیسی ڕێگاوبانه.
٧. كارخانهیهكه له ئه‌رژه‌نتین، كه له‌لایه‌ن كارگەڕانهوه به‌شێوازی هه‌ره‌وه‌زییانه به‌ڕێوه ده‌برێت و به‌رهه‌مه‌كه‌شی به‌پێی خواستی كارگهرهكان و پێداویستییه‌كانی كۆمیونیتییهكهی ده‌روبه‌ری دابه‌ش ده‌كرێت.
٨. Khanyisa وشه‌یه‌كی (زولو)ییه و به واتای ڕوناكردنهوه دێت، زۆر ناوه‌ندی خێرخوازی هه‌ن. هه‌روه‌ها له باشوری ئه‌فریكا وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌رگرتن به ده‌وڵه‌ت و به‌شدارینه‌كردن له ده‌نگدانه پارلهمانییهكاندا، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كان له‌ژێر ئه‌و ناوه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه.
Serabî Nîştman
Serabî Nîştman
lêm mepirse
boç wa wersim;
le Jyan
le wajokirdin 1
le derhênanî Pare le Kun 2
le xwardnewey Bîre û
le Şayî û Semay Dîskokan
*****
lêre Hawkareket, Hawsêket
Hawpol û Hawgeştekant
Cesteyekin, Bêzman
lebîrbrawn ..
Spêdebaşî Beyanyan
*****
lêreş Mrov;
Naw û Kodêke bo kartî Dengdan
lêreş Kar û Berhem,
namon be Bkerekan
lêre Gull tenya Ruxsare,
wek Azadîyekey Kurdistan
lêreş bext dyarîdeka,
Çarenûsî Mrovekan
lêreş wek lewê,
“Jyan herzantre le Nan” 3
*****
lêm mepirse
boç nagerrêmewe Amêzî Nîştman
boç bebadedem
Satekanî Temenim,
le Henderan
boçî Xozgekanim, dekeme Kolare û
hellyandedem bo Asman ..
boç bûmete Mamexeme û
Rîş û Smêllm qangdawe,
wek Gallkêşan
*****
dezanî bo;
ey Hawsê dilldzekem
ey Hawpolekey caran
ey Gulleberojefroşekey berdem Fêrge
ey Celadekey Asayşî giştî
ey Hawrrêkey Yekêtî Bêkaran
ey Çayçîyekey Gazîno Behar
ey Rojnamefroşekey kin Qela
ey Barhellgerekey Akrê
ey Qaçaxçîyekey, Rêy Şemzînan
ey Gyanî terebûy,
Xinkawanî Rêy Îtalya û Yonan
*****
eger Nîştman
bû be Mangayekî zerd û
hemû Rojê butllê şîrî
bexşîye Mnallanî hetîw û birsî
mnîş Pêllwekanim dekeme Şûrey..
Serm dekeme Sengerî kollnedan
*****
eger Nîştman
bû be Kêllgekanî Ketalan 4 û
Kanîyekanî bûne,
Balanwênî Ewîndaran..
mnîş Çek dekeme Şan û
be Gyan deyparêzm,
le Hêrşî Frankokan 5
*****
eger Nîştman
bû be Şeqamî Ewîn,
bo Pyasey Êwaran..
mnîş Giskêk be Destewe degrim û
xawênî dekemewe,
le Zibllî Xwapêdawan
*****
eger Nîştman
bû be Serpenay Lanewazan
mnîş Dllim dekeme Patîtextî ..
Dest û Laq û Serm,
dekeme Şarrê, hêllî Şemendefer, Kollan û Meydan
*****
eger Nîştman
bû be Karge;
bo Hawell û Hawpol û Bêkaran
mnêş debme Amêrî Kar û
bo Mnallan çêdekem,
Çuklêt û Cilkî cwan
*****
eger Nîştman
bû be Şîrxorge û Baxçe
bû be Fêrgey dabrraw le Asman
bû be Mozexane bo
Peykerî Şêx û Beg û Ramyarkaran
mnîş boy debme Çawdêrî Rêge û Ban 6
*****
eger Nîştman
bû be Çêştgey giştî,
Cilşorge û Kaban ..
Mnîş bo Jnanî le Ewîn tînû,
debme Cêjwan ..
debme Hawserî Çawerrwankraw
degerrêmewe le Nugreselman
*****
eger Nîştman
bû be Parwenanî germ,
be Nwênêkî xawên û cwan
mnîş bo be Sallaçuwan,
Destim dekeme Goçan
*****
eger Nîştman
wek Zanon 7 bû be hî hemuwan
mnîş bo Parastinî,
le Hêrşî Çetekanî Derya û
Jawe Jawî Mîdyakan
Cestem dekeme Dawell û
Birjangekanim dekeme Pasewan ..
wek Xanîysa 8
Çawekanim dekeme Gllop û
roşn dekem,
Şeqam û Kollanî Tarîkistan
*****************************
1. Le hendê Wllatî Ewrupî, Bêkaran dû Hefte carêk, debêt, biçne îmzakirdin, bo selmandinî ewey ke be dway Karda degerrên û bo wergirtnî brre pareyek, ke beşî jemê xwardin le çêşxaneyyekî pênc estêreda, nakat.
2. Mebest le parederkêşane le bankda, katêk ke karî fermî bkey ya bîmey Komellayetî û bêkarî werbigrî, naçardebêt kartî bankêkt hebê, bo ewey çawdêrî bjêwt bken û bankekanîş sûd le parekey to bebê beramber,werbigrin.
3. Em destewajewe honer şêrko bêkeş le honraweyekî da bekarî birduwe û goranîbêjan necmedînî xullamî û bekrî lekzî kirdûyane be srûd.
4. Le espanyay 1936-1939 le nawçey ketalonya be destipêşxerî sendîkay kargerran û hellsurrawe enarkîstekan, karge û Kêllgekan krane mullkî giştî û karî herewezîyan têda rêkdexra.
5. Cenerall franko, ew faşêste bû, ke espanyay Azadî, kird be dozex bo kargerran û Zehmetkêşan û beheşt bo paşa û Sermayedare Mşexorekan.
6. Mebest le polîsî rêgawbane.
7. Karxaneyeke le Erjentîn, ke lelayen kargerranewe beşêwazî herewezîyane berrêwe debrêt û berhemekeşî bepêy xwastî kargerekan û pêdawîstîyekanî komîwnîtîyekey deruberî dabeş dekrêt.
8. KHanyisa wşeyekî (Zulu)îye û be watay runakirdnewe dêt, zor nawendî xêrixwazî hen. Herweha le başurî efrîka wek hewllêk bo bergirtin be dewllet û beşdarînekirdin le dengdane parlemanîyekanda, xoberrêweberî şarewanîyekan lejêr ew naweda seryanhelldawe.
چاوه‌ڕێم به، دێمه‌وه‌لات
چاوه‌ڕێم به، دێمه‌وه‌لات
ئاخ .. بمبووره ..
ئه‌م ساڵیش نه‌متوانی،
ڕازه‌كانی وه‌لی دیوانه
بۆ كچه جافێ بخوێنمه‌وه.
گیانه چاوه‌ڕێم به ..
له‌بیرمنه‌كردووی،
نامه‌یه‌كم به با سپاردووه ..
له‌بیرم نه‌كردووی، گیانه
له گیرفانه‌كانی ئاواره‌ییمدا
له‌ته ئاوێنه‌ی نۆزده به‌هار له‌وه‌وبه‌رم هه‌ڵگرتووه
ئه‌و ئاوێنه‌ی،
خه‌ونه‌كانی تۆم تێدا ده‌خوێنده‌وه
ئه‌و ئاوێنه‌ی،
فاڵی به‌خته‌وه‌ریمانم تێدا ده‌گرته‌وه.
*****
شه‌وان پێش ده‌سته‌ملانی برژانگه‌كانم
ئه‌شكه‌كانی هه‌رزه‌كاریم،
له له‌پی یاده‌كانتا ده‌خۆمه‌وه
نا‌ئومێد نه‌بی له دواكه‌وتنم ..
هێشتا به هیوای ئه‌و خه‌ونه،
سه‌رم كاس و دڵم پڕ خه‌م
به‌ره‌و هه‌واری دێوانه و شه‌م
بناره و بنار،
شاخ و دۆڵ و ده‌شت و چه‌م
ملی ڕێگا دەگرمەوه ..
*****
له‌م بیابانه به‌رینه‌دا
له‌م ژیانه ڕوخسار ناشیرینه‌دا
بۆ كۆكردنه‌وه‌ی یاداوه‌رییه‌كانم
بستێ نیشتمانی سه‌وزه‌ڵان ،
لانزارێك نییه،
ده‌واری كۆچه‌ریمی تێدا هه‌ڵده‌م
چاوه‌ڕێم به، دێمه‌وه لات
چرام بۆ هه‌ڵكه،
هیوابڕاو نه‌بی ..
هه‌ر كه شه‌و داهات،
بۆت دەگێڕمه‌وه؛
شه‌وانی تاراوگه، چۆن لە خەیاڵما
ده‌بوومه ئاوێزانی به‌ژن و باڵات
***************
٢١ی ئازاری ٢٠٠٧
çawerrêm be, dêmewe lat
çawerrêm be, dêmewe lat
ax .. bimbûre ..
em Sallîş nemtwanî,
Razekanî Welî dîwane
bo Kçe Cafê bixwênmewe.
Gyane çawerrêm be ..
lebîrimnekridûy,
Nameyekim be Ba sparduwe ..
lebîrm nekridûy, Gyane
le Gîrfanekanî awareyîmda
lete Awêney nozde Behar lewewberm hellgirtuwe
ew Awêney,
Xewnekanî tom têda dexwêndewe
ew Awêney,
Fallî bextewerîmanim têda degirtewe.
*****
Şewan pêş destemlanî Birjangekanim
Eşkekanî Herzekarîm,
le Lepî Yadekanta dexomewe
naumêd nebî le dwakewtnim ..
hêşta be Hîway ew Xewne,
Serm kas û Dllim pirr Xem
berew Hewarî Dêwane û Şem
Bnare û Bnar,
Şax û Doll û Deşt û Çem
mlî Rêga degirtuwe ..
*****
lem Byabane berîneda
lem Jyane Ruxsar naşîrîneda
bo kokirdnewey Yadawerîyekanim
Bistê Nîştmanî sewzellan ,
Lanzarêk nîye,
Dewarî koçerîmî têda helldem
çawerrêm be, dêmewe lat
Çram bo hellke,
hîwabrraw nebî ..
her ke Şew dahat,
bot degêrrmewe;
Şewanî Tarawge, çon le Xeyallma
debûme awêzanî Bejn û Ballat
***************
21î Azarî 2007
ڕه‌وی یاداوه‌ری و سنووره‌كانی نیشتمان
ڕه‌وی یاداوه‌ری و سنووره‌كانی نیشتمان
ده‌زانی چی،
وا من و تۆی پێكه‌وه گرێداوه؟
یاداوه‌ری ڕۆژانێ،
كه قه‌د له‌بیرناچنه‌وه ..
ڕۆژانی داره داره و
ڕۆژانی دڵداری به دزی خواوه ..
ڕۆژانێ، كه بۆمبارانه‌كان،
ناچاریانكردم؛
بتگرمه كۆڵ و
به‌دزی یاساوڵه‌كانه‌وه ..
گوند به گوند و شاره به شار
لەتەك كۆچی قه‌ره‌چێتیما بتگێڕم،
لەنێو دڵما بتشارمه‌وه.
*****
ئه‌و ڕۆژانه‌ی، كه فه‌رمانده‌كان هاتن و
پێیانوتین ” ئێوه قه‌ره‌چن و
نیشتمانتان نییه”،
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێن،
من له ئامێزی تۆدا
داره داره‌م ده‌كرد ..
هاتن .. چاوی من و
دره‌خته‌كانی سه‌ری تۆ هه‌ڵكه‌نن.
له‌و ساوه خوێنی من،
لا ڕوومەته‌كانی تۆ سوراو ده‌كا
خه‌می تۆش، دڵی من لێواو لێو ..
له‌و ساوه مه‌رگیان له ناخما داكوتاوه،
تۆیان برد و
منیش بێ‌گیان كه‌وتم،
كه‌سیش نه‌بوو ده‌رگه‌ی ئەوان
به‌ردباران كا.
*****
گوێم لێ‌بوو وتت ” فریامكه‌وه،
سنگمیان كردۆته ته‌پڵ و
له‌سه‌ر ناوكم به ئه‌سپه دێزه‌كانیانه‌وه
خه‌ریكی سه‌ما و سمكۆڵن “
به‌ره‌به‌یانێكی زوو بوو،
بواریاننه‌دام له خه‌و ڕابم
به دوای ئه‌سپه‌كانیانه‌وه،
به‌ره‌و بیابان ڕاكێشیانكردم ..
بینه‌رانی قه‌راخ ڕێگاكه، هه‌لهه‌له‌یان لێده‌دا
كه‌س ئاگای له هاواره‌كانی من نه‌بوو
نا .. ڕاستره بڵێم
كه‌س نه‌بوو، بڵێ بۆچ وایانلێكردووم
له‌و ڕۆژه‌وه من بێ‌وچان هه‌ڵدێم و
لاقه‌كانم ڕاومده‌نێن ..
ترس به‌ره‌وپێش پاڵمپێوه‌ده‌نێ و
یاداوه‌رییه‌كانم به‌ره‌و دوا،
په‌لكێشم ده‌كه‌ن ..
له هه‌ر گوند و شارێ، خۆزگه‌یێ
له‌هه‌ر وڵات و كیشوه‌رێ، نیشتمانێك و
یاداوه‌رییه‌كم لێ به‌جێماوه..
******
ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نم،
گه‌رده‌خۆڵی پرش و بڵاون
له پارچه‌كانی تۆ ده‌چن ..
له پارچه‌ی نامه‌ی دڕاوی
دڵدارێكی دڵشكاو ده‌چن ..
كه‌لێنی لێكترازانیان پڕنابێته‌وه.
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م،
لایه لایه‌ی دایكم و
شه‌رمنه نیگای كچه دراوسێكه‌مان ..
قاقای پێكەنینی هاوپۆله‌كانم ..
ئاراسته‌ی كۆچی باڵنده بێنیشتمانه‌كان ..
وه‌ك سه‌ره‌داوی یاداوه‌رییه ونبووه‌كانم
له‌م بیابانه بێشه‌قامه‌دا،
بۆ نادۆزرێنه‌وه
*****
ئه‌وسا من ته‌مه‌نم
هێنده‌ی ته‌مه‌نی،
كێله بێناونیشانه‌كانی ھەڵەبجە بوو.
ئه‌و كات دڵی شكاوی منیش
چاوه‌ڕێی ده‌ستێكی ناسك بوو،
برینه‌كانی ساڕێژكاته‌وه.
ئه‌و كات ڕوخساری هه‌ڵبرسكاوم
چاوه‌ڕێی كیژۆڵه‌یه‌كی یاخیبوو،
به ماچێ،
خه‌می دابڕانی له‌سه‌ر بشواته‌وه
*****
بەڵام هه‌ی هوو
چاوەڕوانیمان بێسوود بوو ..
نه كیژی خه‌ونه‌كانی من،
له ئێواره‌وه‌ختێكا هات
نه خه‌ونی مرۆڤه‌كانی جه‌نگه‌ڵێش،
بوو به سه‌رهات ..
نه‌كه‌س ده‌زانێ،
خێزانه په‌ره‌وازه‌كانی گه‌رمیان
چی‌یان به‌سه‌ر هات ..
خۆ ده‌بینی منیش؛
خه‌می تۆم لێنیشتووه
خه‌می ئازیزانێ،
كه له ئامێزی تۆدا خه‌ویان لێكه‌وت ..
خه‌می ئازیزانێ،
كه له كۆڵانه برسییه‌كانی تۆدا
بێجگه له جەنگ، هیچیان به‌رنه‌كه‌وت.
*****
كوان ئه‌وانه‌ی بڕیار بوو:
چاوه‌ڕوانی تۆ و
كاروانی گەڕانه‌وه‌ی من، گرێده‌ن؟
كوان ئه‌وانه‌ی بڕیار بوو:
له یادی كۆستی تۆدا،
بلوێری شوانه گومناوه‌كان لێده‌ن؟
كوان ئه‌وانه‌ی،
سوێندیان به چاوه‌كانی تۆ
به پڕچه‌كانی تۆ
به مه‌مكه‌كانی تۆ، ده‌خوارد ؟
كوان له كوێن ؟
له ئه‌شكه‌وتا یا له پارله‌مان
له مه‌یخانه‌ن یا له له‌شفرۆشگه‌كان؟
*****
مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو
فه‌رشێكی سوور ..
له ئاسمانه‌وه تا به‌ر ماڵی تۆ ڕاخه‌ن ؟
مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو
پاسپۆرتێك به وێنه‌ی تۆوه،
بۆ ئێمه‌ی لانه‌واز به‌ڕێكه‌ن ؟
كوان، له كوێن ؟
خه‌ریكی چین ؟
له كام كۆڕدان ؛
كۆڕی گیانبه‌ختكردووانی تۆ،
یا كۆڕی دڵدانه‌وه‌ی ئه‌تككه‌رانی تۆ ؟
*******************
١٦ی ئازاری ٢٠٠٧
Rewî Yadawerî û Snûrekanî Nîştman
Rewî Yadawerî û Snûrekanî Nîştman
dezanî çî,
wa min û toy pêkewe grêdawe?
Yadawerî Rojanê,
Ke qed lebîrnaçnewe ..
Rojanî Dare Dare û
Rojanî Dilldarî be dzî Xwawe ..
Rojanê ke Bombaranekan,
naçaryan kirdim;
bitgirme Koll û
bedzî Yasawllekanewe ..
Gund be Gund û Şare be Şar
letek Koçî qereçêtîma bitgêrrm
lenêw Dillma bitşarmewe.
*****
ew Rojaney, ke Fermandekan hatin û
pêyanutîn ” êwe Qereçin û
Nîştmantan nîye”,
pêş ewey ewan bên,
min le Amêzî toda
Dare Darem dekrid ..
hatin .. Çawî min û
Drextekanî Serî to hellkenin.
lew sawe Xwênî min,
Larûmetekanî to Suraw deka
Xemî toş, Dllî min lêwaw lêw ..
lew sawe Mergyan le Naxma dakutawe,
toyan bird û
mnîş bêgyan kewtim,
Kesîş nebû Dergey ewan
berdbaran ka.
*****
Gwêm lêbû witt ” firyam kewe,
Singimyan kirdote Tepill û
leser Nawkim be Espe dêzekanyanewe
xerîkî Sema û Simkolln “
Berebeyanêkî zû bû,
bwaryannedam le Xew rabim
be dway Espekanyanewe,
berew Byaban rakêşyan kirdim ..
Bîneranî Qerax Rêgake, Helheleyan lêdeda
Kes agay le Hawarekanî min nebû
na .. rastre bllêm
Kes nebû, bllê boç wayanlêkridûm
lew Rojewe min bêwçan helldêm û
Laqekanim rawimdenên..
Tris berewpêş pallmipêwedenê û
Yadawerîyekanim berew dwa,
pelkêşm deken ..
le her Gund û Şarê, Xozgeyê
le her Wllat û Kîşwerê, Nîştmanêk û
Yadawerîyekim lê becêmawe..
*****
Rojekanî temenim,
Gerdexollî priş û bllawn
le parçekanî to deçin ..
le Parçey Namey drrawî
Dilldarêkî dllişkaw deçin ..
Kelênî lêktrazanyan pirrnabêtewe.
herçend dekem,
laye layey Daykim û
şerimne Nîgay Kçe Drawsêkeman ..
Qaqay pêkenînî Hawpolekanim ..
Arastey Koçî Ballinde bênîştmanekan ..
wek Seredawî Yadawerîye winbuwekanim
lem Byabane bêşeqameda,
bo nadozrêtewe
ewsa temenim
hêndey temenî,
Kêle bênawnîşanekanî Hellebce bû.
*****
ew Kat Dllî şkawî mnîş
çawerrêy Destêkî nask bû,
Brînekanî sarrêjkatewe.
ew Kat Ruxsarî hellbriskawm
çawerrêy Kîjolleyekî yaxîbû,
be Maçê,
Xemî dabrranî leser bişwatewe
*****
bellam hey hû
çawerrwanîman bêsûd bû ..
ne Kîjî Xewnekanî min,
le êwarewextêka hat
ne Xewnî Mrovekanî Cengellêş,
bû be Serhat ..
ne Kes dezanê,
Xêzane perewazekanî Germyan
çîyan beser hat ..
xo debînî mnîş;
*****
Xemî tom lênîştuwe
Xemî Azîzanê,
ke le Amêzî toda Xewyan lêkewt ..
Xemî Azîzanê,
ke le Kollane Birsîyekanî toda
bêcge le Ceng, hîçyan bernekewt.
******
kwan ewaney birryar bû:
çawerrwanî to û
Karwanî gerranewey min, grêden?
kwan ewaney birryar bû:
le Yadî Kostî toda,
Bilwêrî Şwane gumnawekan lêden?
kwan ewaney,
Swêndyan be çawekanî to
be Pirrçekanî to
be Memkekanî to, dexward ?
kwan le kwên ?
le Eşkewta ya le Parleman
le Meyxanen ya le Leşifroşgekan?
*****
meger birryar nebû
Ferşêkî sûr ..
le Asmanewe ta ber Mallî to raxen ?
meger birryar nebû
Pasportêk be Wêney towe,
bo êmey Lanewaz berrêken ?
kwan, le kwên ?
xerîkî çîn ?
le kam Korrdan ;
Korrî Gyanbextkirduwanî to,
Ya Korrî dilldanewey Etkkeranî to ?
***************
16î Azarî 2007
نەوت و خوێن
نەوت و خوێن
هەناسەبڕكێی من و ترپەی دڵی تۆ
هاودەنگی چركەی كاتژمێرەكەت
من لێرە گوێم بە ترسەوە ..
بۆ ناوەختە زەنگێ هەڵخستووە
تۆ لە بێگریەیی ساواكەت
ترست لێنیشتووە ؛
بڵێی ئەویش زانیبێتی
كە ئەو شەو تارماییە شومەكان
ئۆپێرای مەرگ ئەگێڕن؟
ئەو شەو تەنیانیت و پیرەژنەكەی هاوسێت
لەگەڵ دەنكە تەزبیحەكەیدا،
دوا ساتەكانی تەمەنی دەژمێرێ ..
دڵم لەلاتە و دەزانم،
چەندە دڵگیری،
لە چەتە دەریاییەكانی كۆلۆمبۆش
لە دراوسێكەی دەستی ڕاستت
كە هەلهەلەیان بۆ دەكا
*****
بەڵام هەر تۆ نیت …
هەزار، سەد هەزار دڵ ئەم شەو
لە بەسرە و كەركووك
هەولێر و نیوێۆرك
لە بەرلین و هاڤانا
لە گشت قوژبنێكی جیهانا،
دەنگپێی مەرگ دەژمێرن ..
وا دێن، دزەكانی دەریا
دڕندەكانی جەنگەڵ
جڕوجانەوەرانی تاریكایی مێژوو
وا دێن و بەڕێوەن …
خانمە گەنمڕەنگەكەم،
خەندەی تۆ هەڕاج ئەكەن
بە چنگی خوێناوی سەدام
ڕووی زەردی خۆیان میكیاج ئەكەن
دڵگیر نەبی، بە زمانی من
دەستەبراكانی سەدام،
دەڵاڵانی خوێن، پێشوازی مەرگ ئەكەن
*****
دڵگیر نەبی!
هەر چۆن من لە تۆ
دڵگیر نەبووم و دەمزانی
تۆ دڵداری ئەو فرۆكەوانە نیت،
كە بەسەر شارەكەمدا ڕشایەوە
تۆ هەلهەلەت بۆ لەشكری ئەنفال نەكرد و
لەگەڵ مناڵانی هەڵەبجە،
لە خەما سەرت نایەوە ..
خانمەكەم دەستت بێنە و
هەنگاو هەڵگرە
ئەم شەوەزەنگە درێژە و
تەنیایی سەرابی بیابانێكی قاقڕە
ئاگات لە ساواكەت بێ،
هەر ڕۆژ وەبیری بێنەره‌وە
چەتەكانی دەریا هاتوون،
ئێسكی وشك و ڕوتاوەمان
جارێكی دی ڕووتكەنەوە
هاتوون، بە بۆمبی ژیر
*****
تۆڵەی گاورباخی ..
وانەكانی (ئازار)مان لەبیربەرنەوە
هاتوون لە بازار ئازادا :
دیموكراسی بە نان
بۆمبی ژیر بە ژیان
دۆلار بە ئازادی
سەدام بە چەلەبی
نەوت بە خوێن ..
بگۆڕنەوە
Newt û Xwên
Newt û Xwên
Henasebrrikêy min û tirpey Dllî to
Hawdengî Çirkey Katjimêreket
min lêre Gwêm be tirsewe ..
bo nawexte Zengê hellxistuwe
to le bêgiryeyî Sawaket
Trist lênîştuwe ;
bllêy ewîş zanîbêtî
ke ew Şew Tarmayye Şumekan
Opêray Merg egêrrn?
ew Şew tenyanît û Pîrejnekey hawsêt
legell Denke Tezbîhekeyda,
dwa Satekanî Temenî dejmêrê ..
Dllim lelate û dezanim,
çende dillgîrî,
le Çete deryayyekanî Kolomboş
le Drawsêkey destî rastit
ke helheleyan bo deka ..
*****
bellam her to nît,
hezar, sed hezar Dill em Şew
le Besre û Kerkûk
Hewlêr û Nîwêork
le Berlîn û Havana
le gişt Qujbinêkî Cîhana,
Dengipêy Merg dejmêrn ..
wa dên, Dzekanî derya
Drrindekanî Cengell
Crrucaneweranî tarîkayî Mêjû
wa dên û berrêwen ..
Xanme genimrengekem,
Xendey to herrac eken
be Çingî xwênawî Sedam
Rûy zerdî xoyan Mîkyac eken
dillgîr nebî, be Zmanî min
Destebrakanî Sedam,
Dellallanî Xwên, pêşwazî Merg eken
*****
dillgîr nebî!
her çon min le to
dillgîr nebûm û demzanî
to dilldarî ew Frokewane nît,
ke beser Şarekemda rşayewe
to helhelet bo Leşkirî Enfal nekrid û
legell Mnallanî Hellebce,
le Xema sertnayewe..
Xanmekem destit bêne û
Hengaw hellgre
em Şewezenge drêje û
tenyayî Serabî Byabanêkî qaqrre
agat le Sawaket bê,
her Roj webîrî bênerewe
Çetekanî Derya hatûn,
Êskî wişk û rutaweman
carêkî dî rûtkenewe
*****