Pluy Merg
Pluy Merg
Serma, lêfe û
Lîte, doşek û berd, serîn
Plu plu befr
Daytenîwe asmanî şîn
Dllî çnar,
Bo xendey xoretaw
Leser bermallî şarezûr
Berniwêjî hêmin eka
Ax .. Le asmanewe
Naumêdî hêrşî hênawe,
Hêz le ejno û
Lêdanî dill sistdeka
Destî hêmin
Bo bizwanî sozî asman
Be beberzî ballay çnar
Bnare û bnarî şarezûr
Xway nêw seran,
Le baweş eka
Plu plu xem debarê
Asman mate û
Dllî çadrekan xurpe eka
Lem meynetawaye
Gyan aware û
Ceste derozey nan eka
Lêre le lîtey cengekana
Letaw sermay sermaye
Destî komek
Ta derî gîrfan birrnaka
Plu plu merg debarê û
Befr ballay hêmin û çnar*,
Lesererrêy fêrge û mall,
kfin eka
*****************************
Rêbendanî 1992
* hêmin û çnar, dû nawî sîmbolîn bo dû mindallî aware, ke le çadirgey seysadeq, le ser rêgey gerraneweyan le fêrgewe bo mall, lenêw befr û letaw serma reqbûnewe …
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی یازدەھەم
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی یازدەھەم
ھەژێن :
ھاوڕێ، لە بارەی ئابووری سۆشیالیستییەوە لە ڕوانگەی (ماركس و ئەنگلس)ەوە، بەو پێیەی تۆ ئاماژەت پێداوە و خۊشیان نكۆڵی لێناكەن و بۆلشەڤیكەكانیش ھەر ھەمان پلانیان پیادەكرد، واتە نێوەندیانەی ڕێكخستنی ئابووری وەك ژێرخان و نێوەندیانەی ڕێكخستنی ڕامیاریی وەك سەرخان، ھەر پێداویستی وەڵامدانەوە بەو نێوەندگەراییەیە، كە دەوڵەت دەكاتە ناچاریی و ماركس و ئەنگڵس ھەرچی دەكەن، وەك تەوقێك لە ملیان نابێتەوە و ھەر ئەمەشە ئاوایان لێدەكات، كە بەناچاریی دەبێت سۆشیالیزمەكەیان شێوە بەرھەمھێانی پێش خۆی (بۆرجوازیی) لە بۆرجواكان بەقەرزوەربگرێت. بێجگە لەوەی كە من باوەڕم بەوە نییە و سەرلەبەری بەنادروست و ناپێویست دەزانم، بەڵام پرسیارێك كاتێك كە ئابووری كۆمونیستی مۆركی سەرمایەداری پێوەبێت، ئیدی چۆن كۆمونیستییە؟ كەواتە بەناچاریی لەبەر مۆركە سەرمایەدارییەكەی، پەیوەندییە سەرمایەدارییەكانی بەرھەمھێنانیش لەخۆدەگرێت، چونكە مۆرك بەبێ بوونی كرۆك ناتوانێت بوونی ھەبێت یا بمینێت! كاتێك كە ئەو ئابوورییە بەناو كۆمونیستییە مۆركی سەرمایەداری و پەیوەندی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ھەبێت، كەواتە بۆ پاڕاستن و گەشەپێدانی پێویستی بە ڕێكخستن و سەرخانی سەرمایەدارییش دەبێت، وەك ھەموومان دەزانین پەیوەندی و گونجانی ژیرخان و سەرخانی كۆمەڵگە (بەرھەمھێنان و بەرێوەبردن) ڕانكوچۆخەی كوردی نییە، كە سەرەوەی ڕەنگێك بێت و بنەوەی ڕەنگێكی دیكە بێت. كەواتە دەوڵەتەكەش بەناچاری و ھەر بەپێی ئەو یاسا كوێرانەیەی كە مێژوو ئاراستە دەكات، دەىێت بۆرجوازیی بێت. دەكرێت جۆرێكی دیارێكراو یا ڕواڵەتجیاوازی بۆرجوازی بێت وەك لە ڕوسیەی بۆلشەڤیكیدا بینیمان،بەڵام كڕۆكی چینایەتی ڕێكخستنی ئابووری و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێان و دەوڵەت، ھەر ھەمان كرۊكی پێش خۆی بوو. ئەمەش بۆ نەزانی بۆلشەڤیكەكان ناگەرێتەوە، بەڵكو بۆ ھەڵەبوونی تێزەكەی ماركس و ئەنگلس دەگەڕێتەوە. كاتێك كە لە ڕاپەڕینی ١٩١٧دا كرێكاران كارخانەكان و جوتیاران زەمینەكان لە داگیركەرە بۆرجوا و خانزادەكان دەستێننەوە و لە شێوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی كارخانەكان لەڕێگەی كۆمیتەكانی كارخانە و خۆبەرێوبەرایەتی ھەرەوەزیی زەمینەكان كە سوونەتیكی ھەرە كۆنی ڕوسیا بوو، لێنین ددان بەوەدا دەنێت، كە لەبەرئەوەی ئابووری سۆشیالیستی بەپێی تێزەكانی ماركس و ئەنگلس و پلانەكانی خۆی، ھێشتا مۆركی سەرمایەداری ھەیە و ناكرێت لە شەوڕۆژێكدا ھەموو شت كۆمەڵایەتی (سۆشیالیزە) بكرێت، بۆیە ناچارە بەڕێوەبەرانی جاران بگیڕێتەوە و لەجێی خۆبەرێوەبەرایەتی كرێكاران گەشە بە ئابووری و پلانە ئابوورییەكانی ئەوان بدەن. ئایا ئەمەی ئەو كردی ھیچ جیاوازی لە تەك تێزەكەی ماركس و ئەنگڵس ھەبوو؟ ئەگەر وەڵام ئەرێێیە و بەبۆچوونی ھەر ھاورێیەك جیاوازی ھەبووە و ھەیەتی، دەی با وەك ماركسیستێكی سەدەی بیست و یەك خۆی بخاتە شوێنی لێنین و پێمانبڵێت، ئەو [بێجگە لە ئەڵتەرناتیڤی كۆمونیستەكانی كڕۆنشتات و ئەناركییەكانی ئۆكرانیا و پترۆگراد] چیدەكات، بۆئەوەی ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر و سۆشیالیزم لەو ناوچەیە ئاوای بەسەردا نەیێت یا ھەر ڕاپەڕیننیكی ئەگەریی دیكە، كە لە ئێستادا ڕووبدات، چۆن لەو چارەنووسە شكستاوییە ڕزاگار دەكات، بەواتایەكی دیكە تێزەكەی ماركس و ئەنگڵس لەمەڕ ئابووری سۆشیالیستی نێوەندگەرای سایەی دەوڵەت، چۆن كردەییدەكاتەوە، بەبێ ئەوەی ناچار بە كوشتوبری ناڕازییە كۆمونیست و ئەناركییستەكان ببێتەوە ؟
با ئاوا وێنای ئەمڕۆ بكەین، كە ھیچ ئەناركییەك و ئەڵتەرناتیڤێكی ئەناركی و نائەناركی بوونی نییە و تەنیا دەنگێك لە كۆمەڵگەدا بۆ سۆشیالیزم، ھەر دەنگی ماركسیستەكانە، دەكرێت بزانین چۆن سۆشیالیزم لەسایەی دەوڵەت و نێوەندگەرایی ئابووریی، بەبێ دووبارەكردنەوەی ھەڵەی بۆلشەڤیكەكان ڕۆدەنێن و ئەوە چییە كە ئەوان دەیكەن، كە بۆلشەڤیكەكان نەیانكرد یا ئاوەزییان بەسەریدا نەشكا، ئایا ڕێگە و شێوازی ئابووری و ڕامیاریی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیكەكانیان پێیە و شكدەبەن، كامەیە و چۆن ؟
ھاوڕێ گیان، شۆڕش لەسەر ڕەچەتەی نێو پەرتووكەكان ڕوونادات، بوونێكی زیندووی نێو كەتوارە و كۆمەڵێك ھۆكار، كاراییان لەسەر ھەنگاوە كردەییەكانی ھەیە؛ لەوانە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە كە بەرھەمی خەباتی ڕۆژانەیە، ئامادەیی بۆ ژیان بەبێ سەروەریی، كە بەرھەمی ھوشیاری شۆڕشگێڕتانەیە، ڕێكخستنی شۆڕشگێڕانە، كە ئامراز و پێویستی و وەڵامدانەوەیە بەسەركەوتنی خەباتی سەربەخۆی ڕۆژانە، شكانەوەی ھاوسەنگی ھێز بەلای بەرەی دژە سەروەرییدا و نەمانی پێویستی مانەوەی دەزگە و سیستەمی سەروەری بۆرجوازیی و كەتوارییبوونەوەی ژیانی ھەرەوەزیی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتی و بەرھەمھێنان و دابەشكردنی كۆمەڵایەتی (سۆشیالیئستی)، دیسانەوە ڕەوتی پێگەیینی ئەمانەش لەژێر كارایی ھۆكارە دەرەكییەكانی وەك دەسەڵاتی كولتووری و بەكولتووربوونی ژیانی بۆرجوازی، مێنتاڵیتیبوونی سەروەریی چینایەتی و ڕاھاتن لەسەر نادەربەستبوون و زۆر شتی دیكەی كۆمەڵگەی چینایەتی، كە وەلانانیان تەنیا لە گرەوی ویستی ھوشیارانەی سوشیالیستیی تاكەكان وەستاوە. شۆڕش بوونێكی لەو جۆرەیە و لە پرۆسێسێكی مێژوویی‌دا دەبێتە كەتوار و بەسەر كەتواری (ناكۆك بەژیان و ناكۆك بە پێداویستی و ناكۆك بە ئازادی تاك)دا زاڵدەبێت، نەك شەڕە تفەنگی میلیشیا و كودەتای سەربازیی و پارەلەمانیی و ھەلقۆستنەی پارتەكان بۆ بەدەسەڵاتگەیشتن. شۆڕشێك كە ئەو ئامادەییانە و ئەو ھەنگاوانەی نابێت و تاكی ئاوای پەروەردەكردبێت، بەدڵنییاییەوە زەمینەكانی ھەڵوەشاندنەوەی پەیوندی سەرمایەدارانەی بەرھەمھێان و ڕێكسختنی بۆرجوازییانەی ئابووری و قوچكەیییانەی بەڕێوەبەرایەتی، ئافراندووە و ھیچ پێویستی بە قەرزكردنی ڕێكخستنی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە و كولتوور و پەیوەندییە كۆمەڵاویەتییەكان و شێوازی بەرھەمھێنان لە دوژمنەكانی، نابێت.
وەك پێشتر وتم، لەبەرئەوەی لە شوێنی دیكەدا لەسەر دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتێری وەستاوم، لێرەدا ناگەرێمەوە سەر ئەو بابەتە، بەڵام دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا بەپێی تێزی پێشڕەوبوونی كۆمونیستەكان و باشتردەركردنی بەرژەوەندییەكانی پرۆلیتاریا لەلایەن مامۆستاكانییەوە : كۆمونیستەكان لە مانیفێستی پارتی كۆمونیست‌دا، كە ئایدیالیسترین تێزی سەردمی خۆیەتی و ھوشیاری بۆ دەرەوەی چین و بۆ دەرەوەی كار دەگێڕێتەوە، ئەوا بۆلشەڤیكەكان بەشی پێشرەوبوون و ئاوەزی پرۆلیتاریا بوون، كەواتە بەپێی ئەو تێزە دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریاش دیكتاتۆری ئەو پێشڕەوانە دەبێت و بۆلشەڤیكەكان ھەر ئەوەیان كرد و دەسەڵات و بەڕێوەبردنیان لە سۆڤیەتەكان سەندەوە، چونكە بەپێی تێزەكەی نێو مانیفێستی پارتی كۆمونیست ئەوان (پڕۆلیتێرەكان) بە قەد مامۆستاكانیان نەیاندتوانی دەركی ئەركە مێژووییەكانی خۆیان بكەن، ھەر بۆیەش سەركوتی پڕۆلیترە كۆمونیستەكان لە كڕۆنشتات، ئاسایی بوو، چونكە ئەوەی ئەوان داوایاندەكرد، دژی ئاوەز و تێزی پێشروان بوو. ئیدی كاتێك ئەمە دەبینین، ئەوەمان باشتر بۆ ڕوندەبێتەوە بۆ ئەناركیستەكان دژی پێشڕەوایەتی كۆمونیستەكانن و بۆچی پارت ڕەتدەكەنەوە. چونكە وەك لە نێونەتەوەیی یەكەمدا پێداگرییان لەسەر دەكرد، ھوشیاریی چینایەتی لە دەروونی خەباتی ڕۆژانەی چینەكەوە سەرھەڵددات نەك لەلایەن ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجوازییەوە بەدیاری بۆیان ببرێت، ئیدی پێشڕەوایەتی و دیكتاتۆرییش لێرەوە دەچنە ژێر پرسیار. بۆیە جارێكی دیكە ناچارم بپرسمەوە؛ بە چ پێوەرێك دەوڵەتی بۆلشەڤیكی، ئەو دەوڵەتە نەبوو، كە ماركس و ئەنگلس مەبەستیان بووە، ئەو چینە كرێكارە چۆن ئەو چینە كرێكارە نەبووە، كە ماركس و ئەنگلس مەبەستیان بووە، ئایا چینی كۆمەڵایەتی لەسەر ڕەچەتەی ئایدیۆلۆجیی دروستدەبێت؟
بەڵام ئەگەر تۆ شۆڕشی كۆمونیستی بە شتێكی دیكە بزانیت، لەوەی بۆلشەڤیكەكان كردیان، ئەوەیان شتیكی دیكەیە و من لەو بارەوە ھەم حەزدەكەم بزانم ئەو شۆڕش چۆنە و چۆن ڕوودەدات، بۆ ئەوەی ڕوسیا ئەوە نەبوو؟ بۆیە ناتوانم لەو بارەوە زۆر قسە بكەم، ئیدی ناچاردەبم لەوەشدا بوەستم، كە جارێكی دیكە قسە لەسەر ئەو دەوڵەتە بكەمەوە، چونكە تۆ ھەم ئەوەی ڕوویدا بە شۆڕشی كۆمونیستی نازانیت و بە لۆجیكی تیڕوانینەكەشت بەرەھەمەكەشی دەوڵەتی ڕاگوزەری كۆمونیستی نابێت. كەواتە تۆ ڕەخنەی پەیگیرانەت لە بۆلشەڤیزم و ئۆكتۆبەر ھەیە و لەم بارەوە ئەگەر لە وەڵامەكانی داھاتوودا كەمێك قسەی لەسەر بكەیت، سوپاسگوزار دەبم، چونكە تاكە ڕەخنەیەكی ماركسیستی كە بۆلشەڤیزم ڕەتبكاتەوە و ڕەخنە لەوە بگرێت، كە لێنین كردی و تا ئێستا من خوێندبێتمەوە، ڕەخنەی ھاوڕێیانی كۆمونیزمی شوراییە، بەدیارێكراوی ئەنتۆن پانەكۆك و كایو براندل. بەڵام دەتوانم بڵێم ھاوڕێ ئەگەر واز لەوەش بھێنم، كە دروست نییە لە پەرتووكان و كەلێنی ئادیۆلۆجییەكاندا بۆ دروستی و نادروستی و شۆڕشبوون و كۆمونیستبوون و بوونەكانی دیكە بگەڕێین، ئەوا دەبێت ئەوە بڵێم، كە یەكەم ناتوانین كەتوارێكی زیندوو لە قاڵبی تیئۆری بدەین و دووەم، ناتوانین ئەوەی لە ڕستەیەكدا ھاتووە دەقاودەق لە كەتواری ژیان و كۆمەڵگەدا كۆپی/ پەیست بكەین و تەنانەت ناتوانین مەبەستی نووسەرێك لە دیالۆكێكدا، دەقاودەق لەسەر شانۆیەك یا لە فیلمێكدا وێنا بكەین. بەڵام دیسانەوە ناچارم بە پرسیارێكی وەرسگەر ڕوو لەو ھاوڕێیانەی كە ئەو بۆچوونەی تۆیان ھەیە، بنێمەوە و بپرسم، ئەی ئەو دەوڵەتە چۆنە و چۆن دەبێت، جیاوازی لەتەك دەستكردەكەی لێنیبن چییە؟
وەك پێشتر وتم، من بەپێچەوانەوە، ڕادەیەك لە تەكنۆلۆجیا و گەشەی بەرھەمھێنان و ژێرخانی ئابووریی و زۆری و كەمی و ساوایی و پیری چینی كرێكار بە مەرجی شۆڕش و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی نازانم. ھەروەھا بەپێچەوانەی ھەموو ئۆروپاوە، ڕوسیا تەنیا وڵاتێك بوو، كە بە سوونەتی كۆمەڵایەتی، ھەرەوەزییە كشتكارییەكان بەشێك بوون لە كولتووری و ھەروەھا ناڕەزایەتی و خەباتی ژنان ئەوەندە لە ئاستێكی بەرزدایە، كە مانگرتنی ژنان دەبێتە ھەوێنی ڕاپەڕینی ١٩١٧ و یاخیبوونی سەربازان و دەریاوانان بە ڕادەیەكە، كە لەھیچ وڵاتێكی ئەوروپی ئەو سەردەمەدا ئەو ھەڵچوونە شۆڕشگیرانەیە نابین، بە ئێستاشەوە لەھیچ وڵاتێكی ئەوروپی تۆپ پێشكەوتوودا، وێڕای پیربوونی چینی كرێكار و تەنانەت ئەو ورە و یاخیبوونە شۆڕشگێرانەیە نابینین و بە ئێستاشەوە توێژی كرێكار نەك چینی پڕۆلیتاریا، لەھیچ وڵاتێكی تۆپ پێشكەوتوودا ئەو مەرجانەی تێدانییە، كە لە كڵێشەكەی (ماركس و ئەنگلس)دا جێگەی ببێتەوە. بەداخەوە ئەو ئامارگیرییە و پەنابردنی ھاوڕێیانی ماركسیست بۆیان، لە گشت سەردەمەكاندا تەنیا توانیویەتی پاساوی شكست و تاوانەكانی دەسەڵاتی بۆلشەڤیكەكان بێت.
بەبۆچوونی من وێرای ھەموو دواكەوتووییەكی پێشەسازی و وێرانی پاش جەنگ و فشار و ھەڕەشەی دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمەرێكا، ھێشتا دەكرا بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی لەجێی دیكتاتۆری پارت بێت و ئەوەی لە بەروبووم و بەرھەم و سامان و ھەژاری ھەیە، دادپەروەرانە دابەشبكرێت و جیاوازی سۆشیالیزم و سەرمایەداری بەكردەوە بۆ پرۆلیتێرەكان بخرێتەرەڕوو. بمبوورن، كە ناچارم بگەڕێمەوە سەر ناوچەی كەتەلۆنیای ئیسپانیا، كە ئەناركستانە بەڕێوەدەبرا، ئەوەی بەرھەمی ھەرەوەزییانەی ھەمووان لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دابەشدەكرا و بڕیاردان ھەمووانی بوو و بەرەنگاری دوژمن ھەمووانی بوو، بێجگە لەوەی كە توانیان لە بوون و نەبوون، لە ئازادی بڕیاردان و بەڕێوەبردن، لە دڵخوازانە بەشداری جەنگ و كۆمەكردن، بەھرەمەندبن، ھەروا وەك پێشتر وتم، كاتێك كە سەرمایەدارەكان بە پێشلەشكری فاشیستەكان پاش تێكشكانی سەربازیی ھەرەوەزییەكان و بەشەكانی دیكەی ئیسپانیا، گەڕانەوە، نەك كارخانەكان و كێڵگەكان ئاوەدانبوون، بەڵكو بەروبوومیش لەچاو پێش ھەرەوەزییەكان زیاتر بوو. ئێستاش ئەوانەی كە لەو سەردەمەدا ژیاون، بەتامەزرۆییەوە ئەو ڕۆژانە دەگیرنەوە. ئایا نەدەكرا لە (ڕوسیە)ش ئەوە بكرێت؟ باشە، با ئاوای دابنێین كە پێش و پاش ١٩١٧ تا ١٩٢٨ [ھەرچەندە من ئەو ساڵە ١٩٢٨ بەدروست نازانم، تەنیا ھەوڵێكە بۆ دەركیشانی لاقی لێنین لە لیتەكەدا] لە ڕوسیە پیشەسازی ھاوچەرخ وەك بنەمای ئابووریی پێشكەوتوو، زۆر دواكەتوو بووبێت، ئەدی لە ساڵانی سییەكان بەملاوە، مەگەر ڕوسییە نەبووە وڵات و ھێزێكی ئابووریی و سەربازیی جیھانخۆر و مەگەر نەك ھەر چینی كرێكار بە ئاستی ڕەچەتەكەی ماركس و ئەنگلس گەییشت، بەڵكو ھەموو كۆمەڵگە لەژێردەستی سەروەری پارتی بۆلشەڤیكدا نەبوو بە كرێكار و لەھیچ جێییەكی دونیا ھێندەی ڕوسیە كرێكار ی پێشەسازیی بوونی ھەبوو؟ مەگەر لە چاینی پاش سەركەوتنی ماوییەكان ئەوەندە كرێكاری پێشەسازیی ھەبووبێت، ئەدی بۆچی كلیشە كۆمونیستییەكان، كەتواریی نەبوونەوە ؟
ھاوڕێ گیان ناو و ناتۆرە دۆزینەوە بۆ خەڵكی ڕاپەڕیوی ڕوسیە لە ١٩١٧دا ھیچ لەوە ناگۆڕێت، كە جەماوەری ڕاپەڕیو بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی (شورایی)یان دەویست، ئازادی و یەكسانی ئابووریی و دادپەروەرییی كۆمەڵایەتییان دەویست. پاشان ئەگەر ڕاپەڕینی گشتی یا گەلیی خراپ و بێكەڵك بێت، ئەدی ڕاپەڕین و دەسەڵاتی چەند ملیۆن كرێكارێك نابێتە سەروەریی كەمینە بەسەر زۆرینەدا؟
بەبۆچوونی من درەخشانترین خاڵی ئەو ڕاپەڕینە، گەلییبوونی بوو و تەنیا توێژێكی وردەبۆرجوازی، كە بەناوی كۆمونیزم و سۆشیالیزم و سۆڤیەتەكانەوە قسەی دەكرد و كۆمونیزمی كردبووە دێوجامەی شاردنەوەی خەونە ناسیونالیستییەكانی بۆ گەیاندنی ڕوسیە بە ئاستی وڵاتانی ئۆروپا و ئەمەریكا، ئەوە پارتی بۆلشەڤیك [سەرانی پارت نەك ئەندامانی دڵسۆز و كۆمونیستخواز] بوو، ھەر بۆیە بەبۆچوونی من نەك پیادەكردنی ئەڵتەرناتیڤە كۆمونیستییەكانی كرۆنشتات و ئەناركییەكانی ئۆكرانیا، بەڵكو ئەگەر تەنیا ئەڵتەرناتیڤی نادرۆنیكییەكانیان پیادەبكردایە، زۆر لە دەسەڵاتی پارت و دیكتاتۆریی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە باشتربوو، چونكە بەلایەنی كەم، ھەنووكە نەك تەنیا چارەنووسی ڕوسیە، بەڵكو چارەنووسی تەواوی جیھان شتێكی دیكە دەبوو. ھەرچۆنێك بووایە، ھەنووكە واژەی كۆمونیزم ئەوەندە ڕسوا نەبووبوو و خەونە بەرزەكان نەدەبوونە كەرەستەی گاڵتەی ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجوا و قسەكەرانی نیئۆلیبرالیزم. ھەرچەندە لەو ئەزموونەدا ئەناركیستەكان قوربانی بوون، بەڵام دوژمنانی چینایەتی ئەو ڕاستییە دەشارنەوە و شكست و تاوانەكانی بۆلشەڤیزم بەڕووی ئێمەشدا دەدەنەوە !
ھاوڕێ، دیسانەوە جارێكی دەگەرێیتەوە سەر بڕیاردانی یاسای كوێرانەی گەشەی ئابووریی كۆمەڵگە و دەیكەیتە بەردەبازی ڕزگاركردنی پارت و سەرانی بۆلشەڤیك لە خنكان لەبەردەم ڕەخنەكانی خۆتدا و دەیانكەیتەوە بە ڕۆبۆت و ئاراستەكردنی ڕەوتی رووداوەكان بەھێزێكی درەوەی ئەوان دەسپێریتەوە. ” حیزبی ئەو چینە بێت و بە ناچاری دەبووایە خۆی تەسلیم بە ڕەوەندێکی مێژوویی بکات کە لەدەرەوەی، مەیل و خواست و ئیرادەی ئەو، یاساکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە ئابوریی و ژێرخانییەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا بەسەریدا دەیسەپاند.” بەڵام ھاوڕێ، كەتواری ئەو كات شتێكی دیكەمان نیشاندەدات.
كاتێك كە تۆ باس لە شۆڕشبوونی ڕاپەڕینی ١٩١٧ دەكەیت و ددان بەوەدا دەنێیت، كە كرێكاران و سەربازان و خوێندكاران ئەو شۆڕشەیان كردووە، باشە سەربازان كێن و پێش سەربازی كێبوون، مەگەر ڕۆلەی كرێكار و زەحمەتكێش نەبوون، ئەی خوێنداكاران كێن، مەگەر بەپێی زۆریەنبوونی كرێكار و زەحمەتكێش، زۆرینەی خوێندكاران سەر بە بنەماڵەكانی ئەو چینە نەبوون؟ باشە ئەگەر شۆڕش ئەوان كردبێتیان، ئیدی چ پێویست دەكات، لە كەسی دیكە وەریبگرنەوە؟ ئایا من بەرەنجامی كارێك كە بەخۆت ئەنجامتداوە، چۆن لە كەسێكی دیكە وەریدەگریتەوە و پێشكەشت دەكرێتەوە؟ ئەمە ڕاستییەكی شاراوەی تێدایە؛ یا شۊرش كەمینەی بۆلشەڤیك كردوویەتی و بەپێی تێزەكانی مانیفێستی پارتی كۆمونیست و بۆچوونەكەی تۆ، دەبوو بیداتە دەست كرێكاران ! یا خودی كرێكاران و بەشە ژێردەستەكانی كۆمەڵگە كردوویانە و بۆلشەڤیكەكان لێیاندزیون و دەبوو بیگێرنەوە بۆ خاوەنەكەی؟ بەبۆچوونی من، ئەوەی دووەم بوو، وەك دەبینین تا ساڵی ١٩١٨ بەجۆرێك سۆڤیەتەكان ڕۆڵیان ھەیە و دەتوانن بەجۆرێكی لاوەكی بڕیار بدەن، بەڵام لە پاش ١٩١٨- ١٩٢١ ەوە ئیدی سۆڤیەتەكان تەنیا ناوی سەركاخەز بوون و ئەگەر وەك ڕێكخراویش ھەبووبن، ئەوا تەنیا مەقاشی پارت بوون و بۆ سەركوتی ناڕەزایەتی خەڵك بەكاریھێناون!
ئاخر ھاورێ، كاتێك پارت وەك پێشڕەو باڵاترین ئۆرگانی ڕێكخستنی چینایەتی بێت، كاتێك كۆمونیستەكان ڕۆڵی پێشڕەوایەتیییان ھەبێت، ئیدی چۆن بزووتنەوە لە قاڵبنادرێت، یا ئیدی ڕۆڵی پارت چییە؟ بەڵێ یەكێتی كۆمونیستەكان وەك پارت، سەرچاوەی لێڵبو‌ونی ئاوەكەیە و ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی، كە ماركس و ئەنگلس سكتاریستانە لە نێونەتەوەیی یەكەمدا بە پیلانگێڕیی، باكونین و ھاوڕێكانی بە تۆمەتباركردن و سووكایەتی بكەنە دەرەوە. ھەڵدانەوەی ئەم پەڕە ڕەشانە لە مێژووی نێونەتەوەیی یەكەمدا زۆر ئازارم دەدات، بەڵام ھەندێك جار ناچاردەبم و ناكرێت بازی بەسەردا بدرێت. ھەروا بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم، یەكێتی كۆمونیستەكان و مانیفێستەكەی سەرچاوەی سروشتوەرگرتنی لێنین و ئەوانی دواترن، ھەروەھا پیلانگێڕییەك كە بۆلشەڤیكەكان لە خۆزاڵكردن بەسەر سۆڤیەتەكاندا و دواتر پووچەڵكردنەوەیان و پیلانگیرێیەك كە چەپەكانی ھەرێمی كوردستان لەنێو یەكێتی بێكاران و ڕێكخراوەكاندا بۆ دەرپەڕاندنی سۆشیالیستە نا حیكمەتیستەكان، سروش لە یەكەمین پیلانگێریی نێو نێونەتەوەیی یەكەم وەردەگرن و وەریانگرتووە، كە بۆ یەكدەستیكردنەوەی نێونەتەوەیی یەكەم و دەرپەڕاندنی سۆشیالیستە دژە دەوڵەتییەكان، گیرایەبەر. من ئاوای دەبینم، بەداخەوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەكان لەلای من، شتێكی دیكە، جیاواز لەوەی لەلای تۆ گەلاڵە دەبێت، دەسەلمێنن. ئەمەش ئاساییە و دەكرێت ھەڵەشبم. بەڵێ من ئەوەی لێنین، بە گەشەی ئەوەی پێشووتری خۆی دەبینم، بەڵام دەقاودەق ھەوڵەكانی حیكمەتیزم لە ئێران و كوردستاندا، بە دووبارەكردنەوەی ھەوڵەكانی لێنین و بۆلشەڤیكەكان دەزانم.
ھاوڕێ گیان، سروشتی پێكھاتە و ڕێكخستنی قوچكەیی و دەسەڵاتخواز ئاوایە، كە وەك ئەم ڕۆژانە دەبینین حیكمەتیستەكان لەسەر ڕابەرڕابەرانێ و ئەوەی كێ باشتر دەروێشی حیكمەت بووە، كەوتوونەتە گیانی یەكتر، لە ڕێكخستنی ڕامیارییدا ناو و دەسەڵاتی ڕابەر/ لیدەر لەپێش پارتەوەیە، ھی پارت لە پێش چینێكەوەیە كە پاگەندەی دەكات، پاشان وڵاتەكی لە پێش وڵاتەكانی دیكەوەیە و بەم شێوەیە …تد كایەكە بەردەوام دەبێت. ھاوڕێم، حەزدەكەم بگەڕێتەوە سەر پێداگرتنە مەزھەبییەكانی لێنین لەسەر ماركسیستبوون، پاشان سوێندخواردنەكانی ستالین لەسەر تەرمەكەی لێنین و پێشبركێی ستالین و ترۆتسكی و ئەوانی دیكە لەسەر ئەوەی كە كێ زیاتر و باشتر لێنینیست بووە و ژەیە. لە ئەمڕۆدا دەقاودەق ئەمە دەبینین، مەنسووری حیكمەت لە دەورانی فراكسیۆنەكەی نێو (حكا)دا ئۆرتۆدۆكسبوونی كردە سوونەت، پاش جیابووەنەوەی لە ستوونی یەكەمی، یەكەم ژمارەی بڵاوكراوەی (انترناسیونال)دا بە “من لێنینیستم” پەیامی خۆی بە لایەنگرانی دەدات، كە ئەو مرد، بە شێوەی ستالین، پاشڕەوانی كەوتنە سوێندخواردن بۆ مەیتەكەی و ئینجا پێشبڕكێی ئەوەی كە كێ حیكمەتیستترە دەستیپێكرد و درێژەی خۆتان باش دەیزانن. ئەم وەرەمە كە ئەمڕۆ سەراپای كۆمونیستەكانی گرتووەتەوە و لەوێشەوە بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی ئالوودەكردووە، سەرچاوەكەی بۆ نێونەتەوەیی یەكەم دەگەرێتەوە و سۆشیالدێمۆكراتەكان گواستییانەوە نێو نێونەتەوەیی دووەم و لێنین گواستییەوە نێو سەدەی بیست و ھەوڵەكانی دواتر. بەبۆجوونی من، ئەو وەرەمە، كە تۆش بەجۆرێك ڕۆشنایت خستووەتەسەر، تەنیا بە پاكژكردنەوەی كۆمونیزم و ماركسیزم لە مەزھەبگەرایی و ئایدیالیزم بنەبڕ دەكرێت، ھەرچەندە لە ئوروپا كۆمونیستە شوراییەكان بەجۆرێك بەو كارە ھەستاون، بەڵام بەداخەوە لە خۆرھەلاتی ناوین و كوردستاندا ھەوڵی ئاوا جێگەی خاڵییە.
دەستخۆش ھاوڕێ، لەپێش دوا پەرەگرافدا، زۆر بەجوانی وێنای یا وێنەیەكی پڕاوپڕت لەسەر چۆنیەتی سەركەوتنی بۆلشەڤیكەكان و دەوڵەتەكەیان، خستووەتەڕوو، كە بەداخەوە، كەم كۆمونیست لە خۆرھەڵاتی ناوین و ھەرێمی كوردستاندا بوێری ئەوەیان تێدایە. بەڵام داخەكەم، لەبەرئەوەی تۆش پاش ئەوە، جارێكی دیكە دەبیتەوە بە تاھیری نێو پەرتووكەكان، نا‌توانیت واوەتر برۆیت و ئەو دەرگە كڵۆڵمكراوە بشكێنیت، كە لەسەر بابەتی دەوڵەتینەبوونی سۆشیالیزم و كۆمونیزم، داخراوە. بەبۆجوونی من، گرفتەكە لە ناتوانایی یا نەزانینی لێنین و پاشڕەوانی ئەودا نەبوو، كە ئەو دەوڵەتە نەبووە، كۆمونیستی، بەڵكو لەوەایە، كە كۆمونیزم وەك ئایدیای كۆمەڵگەی ئازاد، دژ و ناتەبایە بە دەوڵەت، ئەوەش لەبەرئەوەی كە دەوڵەت دژی ئازادییە و كۆمونیزمیش بەبێ ئازادی، تەنیا دێوجامەیەك دەبێت، لەو دێوجامانەی كە لێنین و مائوتسیتۆنگ و كاسترۆ و ئەوانی دیكە پۆشییان.
بەڵام ھاوڕێ گیان، ئەوەندەی من بزانم و تێگەییشتبم، خودی ماركس ڕەخنە لەوە دەگرێت، كە بتوانرێت ھەر كەس بەقەد بڕی كارەكەی وەربگرێت، چونكە بێجگە لە پێداویستییە ڕۆژانەییە ڕاستەوخۆكانی تاك، بەشێك لە بڕی كاری تاك بۆ پێداویستییە گشتییەكانی كۆمەڵگە دەبێت بخڕینەلاوە. ھەڵبەتە من نامەوێت، پاساو بۆ چەتەگەریی جەنەراڵ و سەرانی پارتی بۆلشەڤیك بەسەر ڕەنج و بەرھەمی ژێردەستانی كۆمەڵگەوە، بھێنمەوە، نەخێر، مەبەستم ئەوەیە، كە نە لە كۆمەڵگەی كۆمونیستی و نە لە كۆمەڵگەی ئەناركیدا ناتوانرێت تاك ١٠٠%ی بڕی كارەكەی ڕاستەخۆ وەربگرێت، بەڵام دەبێت ئەوەی ھەیە و نییە، بە یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتییانە دابەشبكرێت و ھەمووان لێی بەھرەمەندبن، چ كەسانێك كە توانای كاركردنیان ھەیە، چ ئەوانەی كە توانایان نییە.
بەڵام ھاوڕێ گیان، وەك لە سەرەتادا وتم، ھەرچەندە دژایەتی بەستنەوەی ئەو دوو واژەیە بەیەكەوە دەكەم، ئەگەر ئەوەی لە ڕوسیە بەرپاكرا، ئەوە نەبووە، ئەدی دیكتاتۆری بەناو پڕۆلیتاریا چییە و چۆن دەبێت و چۆن پیادەدەكرێت؛ ئەگەر سبەینێ لە عیراقدا ھەلێك لە چەشنی ئەوەی ئۆكتۆبەر ھەڵكەوێت و پارتێكی كۆمونیست لەو چەشنەی كە ماركس و ئەنگلس دەیانخواست، ھەبێت و ھەموو ئەو زەمینە و مەرجانەی كە تۆ بۆ سەركەوتنی شۆڕش و كۆمونیزم بەپێویستی دەزانیت، لەئارادابن، بەڵام پاش سەركەوتنی، خەڵكی بادینان، داوای جیابوونەوە و پەیوەستبوون بە ھەرێمی كوردستانی توركییە یا سوریە بكەن، شیعەكان داوای ئۆتۆنۆمییەك بكەن، كە لە لە سایەیدا بەز ۆرینەی دەنگ خوازیاری میرایەتی ئایینی بن، دانیشتوانی ناوچەی ھەولێر، بە زۆرینەی دەنگ خوازیاری كۆمونە كشتكارییەكان بێت، دانیشتوانی ناوچەی ھۆرامان بە زۆرینەی دەنگ، خوازیاری خوێندن و بەكاربردنی زمانی دایكی خۆیان بن، ئایا وەڵامی پارتی پێشرەو و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەسەر ڕەچەتەی ماركس و ئەنگلس، بەچوونی ھاوڕێییانی ماركسیست – كۆمونیستی ئەم سەردەمە، دەبێت چۆن بێت یا چۆن دەبێت ؟
تێبینی، مەبەستم لەم پرسیارە یا پرسیارەكانی پێشووتر، تەنگەتاوكردنی ھیچ ھاوڕێیەك نییە، بەڵكو تەنیا بۆ تێگەییشتنی خۆمە، كە بەداخەوە ھەرچەندی دەكەم و تێدەكۆشم، من جیاوازی لە ڕەچەتەكانی ماركس و لێنین و پاش ئەوانیش نابینم. ھەر بۆیە وەڵام بەو پرسیارانە كۆمەكێكی زۆر بە ڕەخنەگرانی كۆمونیزمی ماركسیستی بەھەموو لك و پۆپەكانیەوە دەكات و ئاسانكاریی تێگەییشتنی ئەوەیان بۆ دەكات، كە دەركی جیاوازییەكە لەسەر زەمینەی كەتوار بكەن. ھەروەھا نامەوێت سووچی درێژبوونەوە و ھاتنەناوەوەی باسی لاوەكی دیكە، بخەمە سەر ھیچ ھاوڕێییەك، بەڵكو بۆ ئەوەی دەگێڕێمەوە، كە مشتومڕەكەی ئێمە لە سەرەوە دەستیپێكرد و ئەگەر لە خوارەوەڕا دەستیپێبكردایە، واتە لە بابەتەكانی قۆناخبەندی مێژوو و ھۆی دروستبوونی چینەكان و پاشان ناچاریی بەرەنگاریی و ئینجا پێداویستی ڕێكخستن و كامە ڕێكخستن و ئەگەری ڕاپەرینەكان و ھۆی تێكشكانیان و شۆڕش و ئینجا سۆشیالیزم و دەوڵەت، كاتێك كە مشتومەكەی ئێمە بازدانێك دەبێت بەسەر ئەو بابەتانەدا، ئیدی بمانەوێت و نەمانەوێت، بابەتەكانی دیكە دێنەپێشەوە و ناكرێت ھیچ یەك لە ئێمە خۆی لە لێدوان لەبارەیانەوە لابدات و ئەگەر كارێكی ئاوا بكەین، تەنیا ناڕۆشنی لەلای خوێنەر دروستدەكات.
ھاوڕێیان، لە كۆتاییدا تەنیا ئەوە ماوە بڵێم، كە مشترومڕ لەمەڕ پرسەكانی سۆشیالیزم، بۆ من ھەوڵێكە بۆ پەیبردن بە لاوازییەكانی تێڕوانینی خۆم لە خوێندەوەی بۆچوون و دیتنی ھاوڕێیانی سۆشیالیستخوازدا، بۆیە ھەم كاتێكی زۆری بۆ تەرخاندەكەن و ھەم بەسوودی دەبینم، بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەم بنەمایە، لە مشتومڕی تەندروست و ھاوڕێیانەدا، براوە و دۆراو بوونی نییە، چونكە ئەوە تەنیا لە فەرھەنگی كەسانی ڕامیار و پارتیبازدایە، كە مشت‌ومڕ دەبێتە شەڕەدەنووكی كەڵەبابان و دەبێت یەكێكیان ئەوی دیكەیان بكوژێت یا لە خوێندا بگەوزێنێت. بەداخەوە زۆرجار لەو فەرھەنگە دواكەوتووەدا كەسایەتی خاوەنی بۆچوونی ڕەخنەلێگیراو و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی دەكەونە بەرھێرشی كینەدۆزانە و تەنانەت لە فەرەھەنگی گروپە چەپە میلیشیاكاندا زۆرجار كاركێشاویەتە گولـلەبارانكردنی یەكدی، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەمە نەماوە، بەڵام ھێشتاكە لە شێوازی ڕەخنەی نووسراودا، تیرۆری كەسایەتی و دەوروبەری ڕەخنەلێگیراو، پارێزراو نییە.
بۆیە من زۆر دڵخۆشم و بە ئارەزوومەندییەوە بەشداری ئەم مشتومڕانە دەكەم، چونكە ئەم ھاوڕێیانە یا لەبنەڕەتەوە ھەڵگری وەھا فەرھەنگێكی دواكەوتوو نەبوون یا سەردەمانێكی زۆر دوورە پشتیان لەو فەرھەنگە كردووە. سوپاس بۆ بەشداری و ئامادەییتان، بەھیوای یەكگرتنەوە لە مشتومڕێكی دیكەدا، ئەگەر بشكرێت بەشێوەی زنجیرەیی و لەسەر پێشنیاری ھەمووان، ناوبەناو لێرەولەوێ بەردەوام بین. ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ھێژا نەوتراو نەمێنێتەوە، من بۆخۆم ئامانجم لەم مشتومرانە، لەنێوبردنی جیاوازی بۆچوون و بیركردنەوە نییە، بەڵكو ئامانجم دەوڵەمەندكردنی جیاوازییەكانە و ھیچ شتێك بەبێ جیاوازی بۆچوون و بیركردنەوە، ناتوانێت بەرەوپیشەوە بڕوات، جیاوازییەكان لەبیركردنەوەدا، زیندوویەتی بە ھزر و فیلۆسۆفی و ژیان بەگشتی، دەبەخشن.
درێژەی ھەیە ….
******************************************************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f
بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m
بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E
بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J
بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N
بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397
بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a
بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t
بەشی نۆھەم : http://wp.me/pu7aS-19y
بەشی دەھەم: http://wp.me/pu7aS-19D
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی دەھەم
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی دەھەم
ھەژێن :
” دەوڵەتی نەتەوەیی، ئاڵۆزترین پێکهاتەی سیاسیی بوو کە دەبووایە نەک تەنها پاشماوەکانی دەسەڵاتی فیوداڵی پێڕابماڵێت، بەڵکو دەبووایە وەک شمشێرێکیش بەسەر ئەو چینە نوێیە [ پرۆلیتاریا ]وە ڕایبگرێت کە تازە لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا گەشەیکردبوو. ” [تاھیر ساڵح]
لێرەدا زۆر بە سەلیقە و وردەكارییەوە، پێناسەی دەوڵەتی نەتەوەیی یا ھاوچەرخت كردووە و دێوجامەكەیت داماڵاندووە و ھیچ بوارێكت بۆ خۆشباوەڕیی بە دەوڵەت و نەتەوەییبوونی دەوڵەت نەھێشتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە من لەم وەڵامانەی دواییتدا ناكۆكیی و دوو بۆچونیی دەبنم، لەوێدا كە ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ لەتەكماندا دەكەوێتە گفتوگۆ، بەتەواوی دەست بۆ كردنەوەی كرێكوێرەكان دەبەیت، بەڵام لەو ڕستانەدا كە ھانا بۆ ماركس و ئەنگلس دەبەیت، كە لەجیاتی خۆت گفتوگۆمان لەتەكدا بكەن، نەك ھەر دژی خۆت دەوەستیتەوە، بەڵكو خۆت لەبیردەكەیت، كە لە ساڵی ٢٠١٣دا دەژیت و ئەزموونەكان دێوجامەی شۆڕشگێڕبوونی دەوڵەت و پارت و بۆرجوازییان شندڕ وندڕ كردووە. ئەگەر تەنیا ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ لەم وەڵامانەی دواییدا بدوایە، بەدڵنیاییەوە منیش زۆر ناچار بە وەڵامدانەوەی باسی لاوەكی نەدەبووم و زۆرتر لەسەر چارەسەر و ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت دەوەستام، كە خواست و پرسیاری تۆ و ھاوڕێ فوئاد بوو لە سەرتایی ئەم مشتومڕەدا.
بەڵام لەبەر ناكۆكیبووونی چەمكی شۆڕش و شۆڕشگێریی لە بۆچوونەكاندا، كە لەلای من شۆڕش واتە لەنێوبردنی سەروەری چینایەتی، لەلای تۆ بەپێی ڕستەكانت دەكاتە گۆڕینی سەروەری چینایەتی چینێك بە چینێكی دیكە، بۆیە لە ڕستەكانی دواتردا، كە بۆرجوازی دەكەیتە سۆپەر شۊڕشگێڕ، دیسانەوە، لەتەك ئەو بۆچوونەت، كە ‘ یاسای گەشەكردنی مێژووی مرۆڤایەتی لەدەرەوەی ویست (ئیرادەی) مرۆڤەكان’ دادەنێت، دەكەویتە ناكۆكی و بۆرجوازی بەسەر ئەو یاسایەدا زاڵدەكەیت، واتە دەیكەیتە سەرنشینێكی ڕۆڵدار و بڕیاردەر! دەكرێت من لە مەبەستی تۆ تێنەگەییشتبم، بەڵام بەپێی تێگەییشتنم، بەو سەرەنجامە دەگەم، كە دوو بۆچوونی ناكۆك بە درێژایی وەڵامەكانی ئەم دواییە دێن و دەڕۆن، وەك وتم كاتێك كە خۆت قسەدەكەیت، مرۆڤەكان، مێژوو ئاراستە دەكەن و كاتێك ھاوڕێیان ماركس و ئەنگلس قسەدەكەن، ڕۆڵەكە لە مرۆڤەكان دەستێنیتەوە و بە یاسا سەروو مرۆییەكەی دەبەخشیت. ….
ھاوڕێ، دەبێت بمبەخشیت، كە بڵێم، بەتەواوەتی دوا ڕستەی ئەنجامگیریی “گۆڕانی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمەیداری بۆ شێوە بەرھەمھێنانی كۆمونیستی” تێناگەم یا تێنەگەییتم، چونكە نازانم ھەڵەی داڕشتنی ڕستەكەیە یا دروستی ڕستەكە و دێژەدانەوەیە بە بێڕۆڵی و بێویستی تاك و چینەكان؟
من لەوەدا ھاوبۆچوونتم، كە لەچاو سیستەمی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی، سیستەمی سەرمایەداری ئاڵۆزترین سیستەمە كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیبێتی، بەڵام ئەو یاسا كوێرانەیە، كامەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵات و ویستی چینی بۆرجوازیدا، خۆی بەسەر دەسەڵاتەكەیدا سەپاندووە؟ ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پەرەگرافەكانی پێشوو و پرسی یاساكانی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی و گۆڕانی سیستەمەكان، ئەوا جارێكی دیكە دژی ویست و شۆڕشگێڕبوونی بۆرجوازی دەوەستیتەوە و بۆرجوازیش وەك پرۆلیتاریا دەكەیتە ڕۆبۆت و كۆیلەی یاسای كوێرانەی گەشەی مێژوو و ھەموو لێپرسراوەتییەكی مێژوویی لێدەستێنیتەوە و لە قەفەزی تاوانباریی بەرامبەر مرۆڤایەتی ڕزگاری دەكەیت. وەك وتم من ئاوا لەم پەرەگرافە تێدەگەم، ئەگەر ئاوا نییە، تكایە لە درێژەی مشتومڕەكەماندا ڕۆشنی بكەرەوە.
ھەروەھا بێجگە لەوە لە ھەمان پەرەگرافدا، بەپێچەوانەی سەندنەوەی ڕۆڵ و ویست لە بۆرجوازی، بەرھەمھێنانی كۆمونیستی دەكەیتە فەرمانێكی بێچەندوچوون، ئایا ئەو بێچەندوچوونییە (حەتمیەتە) لە كوێوە سەرچاوەدەگرێت؛ لە یاسای كوێرانەی گەشەی مێژوو یا لە ناچاریی شۆڕشی كۆیلانی سەرمایەداری؟ ئەگەر وەڵام، یەكەم بێت، ئەوا ئەمە بۆچوونێكی دیتێرمینیستی گەشەی ئابووریی و ملكەچی تاكەكانە بۆ ئەو گەشەیە و نە بۆرجوازی ڕۆلی لە گۆڕانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا ھەبووە و لە پرۆلیتێرەكانیش دەتوانن ڕۆلیان لە سەرھەڵدانی بەرھەمھێنانی كۆمونیستیدا ھەبێت!
بەڵێ ھاوڕێ تاھیر، دەوڵەت ئەوەیە كە تۆ باسی دەكەیت و زیاتریش، بەڵام جارانیش ھەمان شتبووە و ھەر ناوەڕۆكە چینایەتییەكەیەتی، كە ئەو بوونە ئەختەبوتییەی پێبەخشێوە، خۆ ئەگەر دەوڵەت، ئاوا كە لایەنگرانی پاگەندەی بۆ دەكەن، بێلایەن بووایە، بەدڵنیاییەوە دەبوو شەڕی زۆرێك لەو ھێزانەی بكردایە، كە تۆ ناوتھێناون. لێرەدا زۆر بەجوانی خەڕێكی كڕۆكی دەوڵاتمان بۆدەخەیتەڕوو، ھۆیەكەشی ئەوەیە، كە خۆتی قسەدەكەی، بەڵام كە دەكەویتە ھەوڵی خۆگرێدانەوە بە بەجێماوەكانی نێو پەرتووكەكان، دیسان ناچار دەبیت، ئەو خودای خراپەیە، كە لە لەنێوبردنیدا ڕزگاری مرۆڤایەتی دەبینی، دووبارە زیندووی بكەیتەوە، بە یاسای دۆناودۆن بیكەیتە نێو جەستەیەكی پاكژ و چاكەكاری پێدەسپێریت. ئیدی من لێرەوە لەتەك تۆدا نایێێنم، چونكە من خەڕێك دەبم، كە ئامادەكاریی بۆ كۆمەڵگەی نوێ، لەنێوبەری دەوڵەت بێت، نەك پاش لەنێوبردنی دەوڵەت، ئینجا بۆ پێكھێنانی یەكەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو، بكەومەخۆ. بەبۆچوونی من، ھۆكاری ئەوەی كە تۆ یا ھاورێیانی ماركسیست ناچار بە زیندووكردنەوەی گیانی خراپەكاری دەوڵەت لەنێو جەستەیەكی پاكژدا دەبن، ئەوەیە كە تاكە ژێردەستەكان بۆ سەربازبوون لە پارتی پێشرەودا بانگەوازدەكەن و ھەموو ڕۆڵێكیان جەنگكردنە بۆ پلانەكانی پارت و كاتێك كە دەوڵەتە بۆرجوازییەكە دەڕوخێنن، خودی سەربازەكان لە تاكە بۆرجواخوازەكان خراپتر، ھیچ ئامادەییەكیان بۆ كۆمەڵگەی نوێ نییە و بەھەمان كولتوور و ڕاھاتنی جاران، زۆر ئاسایی دەبنەوە ھاوولاتی نادەربەست و ژێردەستی دەوڵەت، وەك وتم كاتێك كە ھیچ ئامادەكاریییەك بۆ كۆمەڵگەی نوێ چ بە پەروەردەی تاكی سۆشیالیست و چ بە ڕۆنانی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆكان و چ بە بەجێخستنی ھەروەزی و خۆبەرێوەبەرایەتی بەكۆمەڵ لەنێو ئەو تاك و گروپانەدا نەكردبێت، نەك مەترسی گەڕانەوەی بۆرجوازی بۆ دەسەڵات چ بە كودەتای سەربازی و چ بە فریودان و وروژاندنی كۆنەپەرستی ئایینی و ..تد، زۆر نزیكە، بەڵكو بێجگە لە قوتكردنەوەی دەوڵەت وەك ڕێكخستنی قوچكەیی و كۆیلەڕاگری دانیشتووان، ھیچ چارەیەكی دیكەت، نابێت.
گرفتەكە لەوەدایە، كە ئێوە ھاورێیانی ماركسیست، بە ھەمان شیمانەی ڕوخاندنی دەوڵەتی بۆرجوازی بەھۆی سەركردژایەتی پارتی پێشڕەو و پاشڕەویی پڕۆلیتێرەكان و دۆشدامان لە دووڕیانی گەڕانەوەی بۆرجوازی یا سازكردنی جەستەی پاكژ بۆ گیانێكی شەڕەنگێزدا دۆشدادەمێنن. ھەر ئەو دۆشدامانەش بوو، كە ئاوای لە بۆلشەڤیكەكان كرد ڕەوایەتی بە سەركوتی ھاوڕێكانی خۆیان بدەن.
ھاوڕێیان، بەداخەوە لەبەرئەوەی كە ھزری ئەناركی لە سەرچاوەی یەكەمەوە لە پەرتووكخانەی كوردیدا بوونی نییە، ھەرچەندە دەزانم ھاوڕێ تاھیر تۆ ھەم فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی دەزانیت، بەڵام لەوە ناچێت ئارەزوومەندیت لە خوێندنەوەی بۆچوونە ئەناركییەكان ھەبێت، ئەگینا دڵنیام ئەو بۆچوونەت نەدەبوو، كە ئەناركییەكان بەبێ ڕێگەچارە و ئەڵتەرناتیڤ، خوازیاری لەنێوبردنی دەوڵەت بن. لێرەدا بۆ یەكەم جار ،ناچار دەبم وتەی ھاوڕێیەكی ئەناركی (ئێڕێكۆ مالا‌تێستا) بھێنمەوە، چونكە قسەی خۆم نییە. مالا‌تێستا دەڵێت ” ئەگەر ھەر ئەمڕۆ بەبێ ئامادەكاری و ئامادەبوونی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێكخستن و دەزگە بۆرجوازییەكان، دەوڵەت، پۆلیس، پۆست، …تد لەنێوبەرین، كارەساتێك ڕوودەدات، چونكە تاكی گۆشەكراو بەم دەزگە و ڕێكخستنانە، توانای دەركی كۆمەڵگەی ئەناركی نییە…… ” . بەڵێ وەك ئەو دەڵێت، پێویستە ھەنگاوی یەكەم، لەنێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵكیدا، خەڕێكی ئامادەكردن و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤەكان بین، كەی توانیمان ئەوە بكەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە پێداویستی دەوڵەت و ڕێكخستنی بۆرجوازی نامێنێت و ڕوخاندنی ھەر زۆر ئاسان دەبێت. ئەمە ھەر ئەو پلەی گەشەكردنەیە، كە ھاورێ تاھیر باسی دەكات، بەڵام وردی ناكاتەوە.
من ناتوانم مل بە كۆیلەتی كرێگرتە نەدەم، ئەگەر ھەرەوزەییە سۆیالیستەكان ھەر ئەمڕۆ ھەلی سەربەخۆبوونم بۆ نەڕەسخێنن، چونكە زینوومانەوە و ناچاریی ژیان، بەرەو چوونەوە سەركاری كۆیلەگەرانە بەڕێمدەكات. من ناتوانم پۆلیس ڕەتبكەمەوە، ئەگەر پێكھاتەیەكی كۆمەڵایەتی جێگەی ئەوی نەگرتبێتەوە و ئاساییشی ھەمووان نەپارێزێت ! ھەر بۆیە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە قوچكەییە (ھەرەمی/ ھیرارشی)یە، پێویستمان بە ھوشیاربوونەوە و پەروەردەی ئەو تاكانەیە، كە ژیان لە سایەی وەھا سیستەمێكدا بۆیان ئەستەمە. بەڵام كاتێك كە تۆ لە سیستەمی قوچكەیی پارتدا تاكە ناڕازییەكان بەھەمان ڕێكخستنی قوچكەیی چینایەتی ڕێكدەخەیتەوە، ئیدی لۆجیك سەرەنجامی كارەكە بەرەو پێداویستی نۆژەنكردنەوەی دەوڵەت دەتبات. چونكە تەنانەت سەربازەكانی پارتیش پێویستیان بە دەزگەیەكی سەركەوتگەری وەك دەوڵەت ھەیە، ئەگیا وەك دڕندە بەردەبنە گیانی ژێردەستەكانی كۆمەڵگە، ئیدی با ھێزە تێكشكاوەكانی بۆرجوازی لەولاوە بوەستن. من بەتەواوەتی لەوە تێدەگەم و دەركی دەكەم، كە بۆ ئێوە ناتوانن دەركی كۆمەڵگەی ئازاد لە دەرەوەی دیوارەكانی ئەم زیندانەوە بكەن، چونكە سەرەتا دەزگەیەكی قوچكەیی وەك پارت دەكەنە كەڵەگا بەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستییەوە و پاشان بەبێ پەروەردە و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالسیتی لەم كۆمەڵگەدا، دەتانەوێت بە شەورۆژێك بە پلانە ئابووریی و ڕامیارییە زۆرەملێییەكانی پارت، سۆشیالیزم بەرپابكرێت، ھەر بۆیە لەوەھا بارێكدا بەبێ دەوڵەت، نە سەپاندنی پلانەكان مەیسەر دەبێت و نە ڕاگرتنی تاكە بۆرجوازییە حەپەساوەكانی پاش ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازی ئاسان دەبێت. بەڵام تۆ وەرە لەبری پارت، رێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لە شوێنی كار (كارخانە و كیڵگە) و خوێندن و فەرمان و نیشتەجێبووندا وەك فێرگە و پەروەردگەی سۆشیالسیتی و ئامرازی خەباتی ڕۆژانە، ھەرەوەزییەكان لە بواری پێشەسازی و كشتكارییدا وەك نموونەی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەرە سەنگەری ئازادكردنی تاك لە كاریكرێگرتە، بزانە چۆن سیستەمی چینایەتی سەرمایە لەبەردەم گۆڕانی پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ھوشیاریی تاكی ئازادیخواز و سۆشیالیستدا دەبیێتە ئەو شتە زیادەیەكی كە كۆمەڵگە وەك كاژێك ناچار بە فریدانی دەبێت و بزانە وێناكردنی كۆمەڵگەی سۆسیالستی پاش نەمانی پێداویستی دەوڵەت و سیستەمی بۆرجوازیی، چەندە ئاسانە و ڕۆنانی زۆر بە ئاسانی لە توانای تاكە ئامادەكانی ئەو كۆمەڵگە نوێیەدا ھەیە و دەبێت!
بەڵێ، تا ئەو كاتەی كە كۆمەڵگە ئەو ئامادەیی پەیدانەكردبێت و تاكەكان بەو جۆرە خۆیان پەروەردە نەكردبێت، ھەم سۆشیالیزم خەیاڵپڵاوییە و ھەم بوون و مانەوەی دەزگە بۆرجوازییەكان پێویستییەكی ناچاریی كۆمەڵگە دەبێت. بەبۆچوونی من، تا ئەو كاتەی كە ئەو ئامادەییە بۆ كۆمەڵگەی سۆشیالیستی نەبووبێتە ھەڕەشەی لەنێوبردن و ناپێویستكردنی سیستەمی سەرمایەداری، ڕێكخستنی بۆرجوازی لە ڕێكخستنی پارتی پێشرەوی كۆمونیستەكان بۆ كۆمەڵگە پێویست‌تر و ناچارییترە، بەڵام وەك سوشیالیستێك ئەگەرچی ھێشتاكە ئەو ئامادەییە لە قۆناخی كۆرپەلەیی خۆیدایە و لێرەو لەوێ لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا ھەرەوەزییەكان و ڕێكخراوە سەربەخۆكان وەك سەرەتایەك سەریانھەڵداوە و ھێشتا لە قوناخی ئاڵوگۊری بنەڕەتیدا نین، بەڵام بۆ تەنیا ساتێكیش نابێت لە دژایەتی دەزگە سەركوتگەرەكانی بۆرجوازی (ئەختەبوتەكەی دەوڵەت) بوەستین، ئەگەرچی ھێشتاكە لە نائامادەیی ژێردەستاندا بۆ لەنێوبردنیان، پێویست دێنەبەرچاو.
ھاوڕێ گیان، لەبەرئەوەی كە وەڵامەكان لەوە زیاتر درێژنەبنەوە، ناچارم خۆم لە وردەكاریی لەمەڕ كۆمونەی پاریس لابدەم و تەنیا ئەوەندە بڵێم، كۆمونەی پاریس ڕاپەڕیننێك بوو، كە نەھامەتی جەنگ و شكستی ھێزەكانی فەرەنسە لە بەبارمبەر پروسەكاندا زەمینەیان ڕەخساند، ھەروەك ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر و ئازاری ١٩٩١ی لای خۆمان بەرەنجامی شكستی جەنگبوون، دەزانم لە خوێندنەوەی ئەم ڕستانەدا، تا من ئەم ڕستەیەی دوایی بۆ زیاددەكەم، زۆر ھاورێ پەرێشان و دڵتەنگ دەبن، بەڵێ تەنیا ڕاپەڕینێك بوو وەك بەرەنجامی شكستی جەنگ، ھیچ ئامادەكارییەكی بۆ بنیاتنانی سۆشیالیزم نەبوو، جەماوەری ڕاپەڕیو وەك لە ھەموو ڕاپەڕینەكانی دیكەدا دوای قەرەباڵخی و زاڵی دەنگەكان كەوتن، كە لەو كاتەدا سۆشیالیستەكان (ماركسیستەكان، بلانكیستەكان، ئەناركیستەكان و زۆرێكی دیكە ھەرە دیارترینیان بوون) دەنگی زاڵ و ھزری باوی كۆمەڵگە بوون و پاریس پەناگەی سۆشیالیستەكانی دونیا بوو، ھەروەك لە ڕاپەڕینی ١٩١٧دا زۆرینە دوای دەنگی زاڵكراوی بۆلشەڤیكەكان، لە ١٩٧٩ی ئێران‌دا زۆرینە دوای دەنگی زاڵكراوی ئیسلامییەكان و لە ئازاری ١٩٩١دا دوای دەنگی زاڵی ناسیونالیستەكان كەوت، ھەر ئاواش لە كۆمونەدا زۆرینە دوای سۆشیالیستەكان كەوت، بەڵام بەداخەوە لەبەر دوو ھۆ؛ یەكەم، نەبوونی ئامادەیی سۆشیالیستی بۆ وەڵانانی سەروەری و تەریكەوتنەوەی ڕاپەڕینەكە لە پاریس و نەبوونی پشتیوانی، دووەم ئاگربەستی پروسەكان بۆ خۆسازدانەوەی لەشكری تێكشكاوی فەرەنسە بۆ سەركوتی كۆمونەی شۆڕشگێڕ، كە بۆی ھەبوو لە درێژەكێشان و مانەوەیدا، ڕاپەڕین ھەموو ئەوروپا بگرێتەوە و ئاگر لە سەراپای بوونی بورجوازی لە ئوروپا بەربدات. بەداخەوە ڕاپەڕین تێكشكاو و زۆرینەی جەماوەری ڕاپەڕیو تێداچوو. بەڵام ئەگەر بھاتایە ھەلی بەردەوامی ھەبووایە و لەسەر مۆدێلەكەی بلانكییەكان بۆ سۆشیالیزم دەوڵەتیان دروستبكردایە، ئەوا شەڕەفی سەركوتگەرییەكانی پاش ١٩١٨ی بۆلشەڤیكەكان بەوان [بلانكییەكان] دەبڕا. لێرەوەیە كە تێزەكانی ماركس بۆ دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزم سەرچاوەیان بۆ سۆشیالیزمی بلانكییەكان دەگەڕێتەوە و ھەر ئەوەش بوو، كە لێنین و ترۆتسكی و ستالین و بۆلشەڤیكەكان لە ڕوسیەی پاش ١٩١٧ بە ئاگر و ئاسنباران پیادەیانكرد و ئەوەش سەرەنجامەكەی بوو، كە دیتمان و بۆ ئێمەش تەنیا خەم و شكست و ئەفسوسخواردنی بەجێھێشت!
ئینجا ھاوڕێ گیان، وەك تۆ دەوڵەتبوونی سۆشیالیزمت كردووەتە ناچاریی بۆ داھاتووش، من بۆ خۆم ئەگەر ھیچ ڕێگەیەكی دیكەم نەبێت و ناچاربم بە ژیان لەو دەوڵەتەدا، وەك ئەوەی تۆ زۆر بەدڵنییاوە دەڵێت سەرەنجامی ھەموو ھەوڵەكان ھەر دوڵەتیبوون دەبێت، ئەوا ھەر لە ئێستاوە من واز لە خەباتكردن بۆ شتێك كە بە ناچاریی سەرەنجامەكەی ھەر دەوڵەت و سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكیدا بێت، دەھێنم و لەبەرامبەر ئەو ناچارییەدا، ئازادییە ڕواڵەتی و سكبرسیبوونەكەی سەرمایەداریم لە سكتێربوونە زیندانییەكەی ئەو سۆشیالیزمە دەوڵەتییە پێباشترە، چونكە وەھا سۆشیالیزمێك [تكایە ئەمەم بە سووكایەتیپێكردن لێوەرمەگرە، چونكە فەرماندانەكەی تۆ بە مێژوو، بە وەھا دەربڕێنێك ناچارم دەكات] تەنیا بە (گاوداری و جوجەسازی) دەبینم، كە ئاژەڵ و پەلەوەرەكان لەلایەن خاوەن و سەرپەرشتكارەكەیانەوە، مشەبوونی خواردنیان، بە مەرجی لەدەستدانی ئازادی بۆ دابیندەكرێت !
لێرەدا دیسان ناچارم بگەڕێمەوە سەر “یاسای كویرانەی دەرەوەی ویستی مرۆڤەكان” كە تۆ بە پاڵنەری گەشە و گۆڕانی مێژوویی دادەنێیت، كە بەو سەرەنجامەی گەیاندووی، دەوڵەتیبوونی سۆشیالیزم لە دەرەوەی ویستی مرۆڤەكانەوەیە و دەبێت ملی پێبدرێت، ئەگینا ڕۆنانی سۆشیالیزم ئەستەمدەبێت. كەواتە خودی سەرمایەداریش وەھا سەرەنجامێكی ناچارییە و ئەو یاسا كوێرانەیەی سەرووی ئێمە سەپاندوویەتی و دەبێت ملی پێبدەین و ئیدی بۆچی لە دژی خەبات بكەین و لەنێوبردنی دەوڵەتی بۆرجوازی لەپێناو چی و چ سوودێكی ھەیە؟ ئایا ناكرێت ھەر بەپێی ئەو یاسا كوێرانە سەروو مرۆییە، دەوڵەتی بۆرجوازی خۆی بگۆڕێت بە دەوڵەتێك كە تۆ پاشگری سۆشیالیستبوونی بۆ زیاددەكەیت؟ خۆت دەزانیت من ھەم خوازیاری ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازیم و بەبێ ئەوە گەییشتن بە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بە خەیاڵ دەزانم، ھەم دژی دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمم، لەبەرئەوەی كە دەكاتەوە سیستەم و پێكھاتەی چینایەتی و سەركوتگەر؛ ئایا ئەو بۆچوونەی تۆ كە گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی ویستی كەسەكانەوە دادەنێیت و ھەرواش بەناچاری دەوڵەت بەسەر سۆشیالیزم‌دا دەسەپێنێت و پێماندەلێت، ھەرچی بكەین و بكۆشین، سەرەنجام دەبێت دەوڵەتمان ھەبێت، ئایا گۆڕانی بەرەبەرەی دەوڵەتی بۆرجوازی لە ڕوانگەی سۆشیالدێمۆكراتەكانەوە بەرەو دەوڵەتی سۆشیالیستی، كەتوارییتر و ئاوەزپەسندتر نییە، لەچاو ئەوەی كە دەوڵەتی سۆشیالیستی خۆبەخۆ بپووكێتەوە ؟
منیش ھاوبۆچوونتم، ئەگەر كۆمونەی پاریسی ١٨٧١ و ئۆكتۆبەری ١٩١٧ بە ھەمان ساتی مێژوویی و بەھەمان ئامادەیی تاكەكان و لە كەشی تێكشكانی جەنگدا دووبارەببنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم جارە بەتەنیا وەك تراجیدیا دووبارە نابنەوە، بەڵكو گاڵتەجارانەتریش دەبن. بۆیە ئەگەر ئەو بۆچوونەی تۆ “دووبارەبوونەوەی کۆمۆنەی پاریسێکی دیکە لە هەرشوێنێکی دنیادا، بە ناچاری هەمان تایبەتمەندی [ دەوڵەت بوون و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوون] لەخۆی دەگرێت. تۆ هەر ناوێکی دیکەی لێبنێیت، لە ڕووی کارکردەوە هەمان شتە. ڕێگای دووەم بۆ گواستنەوە لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم، جگە لە [دەوڵەتی پرۆلیتاریا ؛ یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]بوونی نییە” دروست و ناچاریی بێت، ئەوا بۆ مرۆڤایەتی، تێزەكەی سۆشیالدێمۆكراتی ئاوەزگیرانتر و كەم كارەساتبارتر دەبێت. لەبارەی ڕێگەی دووەم یا ئەڵتەرناتیڤی ئەناركییەكان لە ڕوانگەی منەوە [چونكە نازانم چەند ئەناركیست ئەم ڕوانگەیەی من پەسەنددەكەن] لەسەرەوە لەسەری دوام و لەو بروایەشدا نیم تەنیا دوو ڕێگە ھەبن، چونكە دەكرێت ھەم ڕێگەچارەكەی تۆ و ھەم ئەوەی منیش ھەڵەبێت و ڕێگەچارەی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەمیش ھەبن. تاكو ئێستا مێژووی ڕووداوەكان و ئەزموونەكان ھەڵەبوونی ڕیگەچارەی ھاوڕێیانی ماركسیستی سەلماندووە، ڕێگەچارەی ئەناركییەكانیش لە ھەنگاوناندایە بۆ خۆئامادەكردن و تاقیكردنەوە [ھەرچەندە خاوەنی چەند ئەزموومنی درەخشانە و وەك وتم ئەزموونی ئەناركییەكان لەنێوخۆرا كڕمۆڵنەبوون و نەپوكانەوە، بەڵكو بەھێزی سەربازیی تێكشكێندران، بۆیە تەنیا جوانییەكانمان دیتوون و نازانین چەندە سەركەوتوو دەبن، ئەگەر ھەلی پیادەكردنیان ھەبێت و لە ڕووی سەربازییەوە بتوانن بەرەنگاری ھێرشی دەرەكی دەوڵەتانی بۆرجوازی بكەن]، بەڵام وەك وتم سەركەوتنی ئەڵتەرناتیڤی ئەناركییەكان، بە ئامادەیی ھۆشی و كردەیی تاكە ئازادیخوازەكانەوە پەیوەستە و بەبێ ئەوە، دەبێتە پلانێكی خۆشخەیاڵانە و بەس.
بەڵام ھاوڕێ گیان، لەبیرت نەچێت، كۆمونەی پاریس ئەوەندەی لەژێر كارایی ھزری ئەناركییەكاندا بوو، ئەوەندە لەژێر كارایی ھزری ماركسیستەكاندا نەبوو، ڕێكخستنی سۆڤیەتی یا كۆمونەیی پێش كۆمونە پێشنیاری ئەناركییەكان بوو لە نێونەتوەیی یەكەمدا، پیادەكردنیشی لە ڕاپەڕینی كۆمونەدا لەژێر ئەو كاراییەدا بوو، ھەروەھا بۆلشەڤیكەكان وەك بەڵگەنامەكانی خۆیان نیشانیدەدەن، بەناچاری دروشمی ھەموو دەسەڵات بۆ سۆڤیەتەكانیان بەرزكردەوە. لەتەك ئەوەشدا پێموانییە، كە دەبێت كۆمونە وەك خەلافەتی یەكەمی ئیسلامی لە مەكە و مەدینەدا بگەرێینەوە سەری، ھەرچەندە كۆمونەی پاریس یەكەمین بەرگرتنی ھەوڵی ئەناركییەكان دەژمێردرێت، بەڵام لەچاو ھوشیاریی ئەمڕۆی تاكە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان، زۆر سەرنجراكێش نییە و ئەگەر بەو ھەڕەمەكییەی ئەوسا بەتەمابین، كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بنیاتبنێین، ئەوا خاكبەسەر سۆشیالیزم. دەكرێت لە لایەنە پۆزەتیڤەكانیدا وەك ئەزموونگیری بگەڕێینەوە سەر كۆمونەی پاریس وەك یەكەمین ڕاپەڕینی پرۆلیتێری، بەڵام بۆ ئەمڕۆی سەردەمی جەنجاڵی تەكنۆلۆجیا و ئەنكەبوتی دەوڵەت و جیھانیبوونی بازار و گوندبوونی جیھان لە تۆڕێكی ئینتەرنێتییدا، لەو بڕوایەدانیم، كە زۆر كۆمەكگەربێت.
ھاوڕێ گیان، بەداخەوە پاش ئەوەی كە وەك ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ ناوبەناو لێكدانەوەی دروست بۆ دەوڵەت و دڕندەیی و جیھانگری سیستەمی سەرمایەداری دەكەیت، بەڵام زوو زوو دەگەرێتەوە سەر ئەوەی كە ماركس و ئەنگلس ١٤٢ ساڵ لەمەربەر چیانگوتووە. ئەمە مشتومڕەكە بەملاو و بەولادا دەبات و منیش ناچار بە درێژدادڕیی بێزاركەر دەكات، بروابكە ھەر ئێستا كە ئەم ڕستانە دەنووسم، خۆم لە ناچاریی دووبارەكردنەوەی ھەندێك شت بێزاربووم، ئینجا قوڕبەسەر خوێنەری ئازیز، كە ئەم ڕستانەی من دەخوێنێتەوە. بەڵام وەك وتم، ناتوانم خۆم لە وەڵامدانەوەیان لابدەم، چونكە قسەكردن و وەڵامدانەیان ھەم بە ھەندوەرگرتنی بۆچوونەكانی تۆیە و ھەم بەدڵنییاوە بێسوود نابێت و بەلایەنی كەمەوە، وەڵام و ئەرگومێنتێكی باشتر لەلای تۆدا بەرامبەر من دەئافرینێت. بەڵام داواكارییەكی ھاوڕێیانەم لە تۆ و ھاوڕێیانی دیكەی ماركسیست ھەیە، كە بۆ ئەوەی مشتومڕەكە بابەتی لاوەكی لێنەبێتە و بابەتەلاوەكییەكان نەبنە بابەتی سەرەكی و بابەتە سەرەكییە دەوڵەت لەبیرنەچێتەوە، ھەوڵبدەن بۆچوونی خۆتان بكەنە وەڵام نەك ھێنانەوەی بۆچوونی ماركس و ئەنگڵس و دیگەران… وەك وتم تەنیا بە خاتری درێژنەبوونەوە و بەملا و بەولادا نەچوونی بابەتەكە و بەس، ئەگینا زۆرم پێخۆش دەبێت، ئەگەر ھاوڕێیانی ماركسیست نووسینەكان ماركس و ئەنگلس وەبگێڕن، بۆئەوەی ئێمەش ھەلی خوێنەوەیانمان بۆ بڕەخسێت.
درێژەی ھەیە ….
************************************************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f
بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m
بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E
بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J
بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N
بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397
بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a
بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t
بەشی نۆھەم : http://wp.me/pu7aS-19y
ڕاپه‌ڕینی 13ی ئایاری 1987ی هه‌ڵه‌بجه و مێژوویه‌کی به ئه‌نقه‌ست له‌بیرکراو
ڕاپه‌ڕینی 13ی ئایاری 1987ی هه‌ڵه‌بجه و مێژوویه‌کی به ئه‌نقه‌ست له‌بیرکراو
هه‌رچه‌نده کاتی خۆی له ژماره (1)ی (گۆڤاری فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی دالیان) دا، له وتارێکدا به‌نێوی (چه‌خماخه‌ی شۆڕشی به‌رد) ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیرم بووبێت، گێڕانه‌وه‌یه‌کم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپه‌ڕینه سه‌ره‌تاییه داوه. هه‌روه‌ها پارسال له سه‌ردانییه‌که‌مدا بۆ کوردستان، چوومه‌وه شاری (هه‌ڵه‌بجه) و به‌دیتنی وێرانه‌یه‌ك به‌ناوی هه‌له‌بجه‌ی شه‌هید و هه‌ڵواسینی لافیته‌یه‌کی ڕووزه‌رد له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانی شاره‌وه له شوێنی گیانبه‌ختکردنی (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید» دا، بڕیارم دا کۆمه‌ڵێك وێنه له شوێنه‌کان بگرم و پاش گه‌رانه‌وه‌م وتارێك به‌بۆنه‌ی بیسته‌مین ساڵیادی ئه‌و راپه‌ڕینه‌وه بنووسم. به‌لام به‌داخه‌وه گرفته‌کانی ڕۆژگار تا ئه‌وڕۆکه‌ش ئه‌و بواره‌یان نه‌داومه‌تێ و وتاره‌که‌م به نیوه‌وناچڵی ماوه‌ته‌وه، هه‌وڵده‌ده‌م به‌مزوانه بڵاوی بکه‌مه‌وه. کاتێك که نووسینه‌که‌ی به‌ڕێز (راستی هه‌ڵه‌بجه‌یی)م له سایتی (هاوپشتی) خوێنده‌وه، ده‌ستم له نووسینه‌وه‌ی یاداوه‌رییه‌کانی زیندان هه‌ڵگرت، که خه‌ریکی نووسینیان بووم و وا لێره‌دا به‌پێی توانای خۆم هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌وه‌ی دیتومه بینووسم.
ڕۆژی پێشوو، له (ئاماده‌یی هه‌له‌بجه‌ی کوڕان) – که ڕۆیشتبووم ماڵاوایی له مامۆستاکان بکه‌م، چونکه لێبوراوی گشتی (معفوی عام)ی پۆلی چواری ئاماده‌یی بووم – هاتمه‌ده‌ر، وه‌ك هه‌موو ڕۆژان ڕووم له دوکانه‌که‌ی (وه‌ستا به‌کر) نا -به‌داخه‌وه له کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵەبجه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا-، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه ژوورێ، (سه‌باح ئه‌حمه‌د) هاته‌ده‌ره‌وه و وتی وه‌ره ئه‌وه له کوێی، وتم چی بووه، وتی ئێستا ده‌زانی. که چوومه ژووره‌وه، له ده‌ستی راست (سه‌لاحە ڕەش) و له ده‌ستی چه‌پیش (وه‌ستا به‌کر)، گه‌ر به هه‌ڵه‌شدا نه‌چووبم، (ئوسمانی نه‌جیبه) و (فاتیح عه‌زیز)، له‌وێنده‌رێ دانیشتبوون. ڕووم له (وەستا به‌کر) -په‌یوه‌ندی من و به‌کر، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆشنبیری بوو و ئه‌و ئاڵای شۆڕش و منیش لایه‌نگری کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان بووم- کرد و وتم “خێر، چی بووه”، وتیان “هه‌ر خێر ده‌بێت”. شادی و گه‌شانه‌وه‌یه‌کی زۆرم له ڕوخساریاندا به‌دی ده‌کرد.
(وه‌ستا به‌کر) وتی “به‌نیازین به‌یانی خۆپیشاندان دژ به گواستنه‌وه‌ی لادێکان – که چه‌ند ڕۆژ بوو ئاواییه‌کانی خێڵی حه‌مه و ته‌په‌کوره و …. بۆ چۆڵکردن ئاگادار کرابوونه‌وه- به‌ڕی بخه‌ین، تۆ پێت چۆنه؟” منیش له‌وه‌ڵامدا وتم “خوا خوای ڕۆژێکی ئاوامه، ئێستا چی بکه‌ین؟”، وتیان “هه‌رکه‌س له شوێنی خۆیه‌وه ده‌ست بکات به پاگه‌نده بۆ خۆپیشاندان و به‌یانی له کاتژێر شه‌شی له‌به‌رده‌م ناوه‌ندی شاره‌زووی کوران – که پیشتریش له هه‌موو خۆپیشاندانه‌کاندا خاڵی ده‌ستپیکردن بوو، به‌و پێیه‌ی که که‌وتبووه که‌ناری شار و گه‌ڕه‌کی کانی ئاشقان- کۆده‌بینه‌وه”.
به‌م جۆره پاش قسه و باس له‌سه‌ر چۆنییه‌تی کارکردن و خۆئاماده‌کردن، بڕیاردرا ده‌ستبه‌جێ بانگه‌وازی بۆ بکه‌ین.
من و (سه‌باح ئه‌حمه‌د) له دوکانه‌که ده‌رچووین و هه‌ر که‌سێکی ناسیاومان ببینیایه، له ڕودانی خۆپیشاندان ئاگادارمان ده‌کرده‌وه. له (چایخانه‌ی خاڵه) به‌ره‌و (کانی قوڵکه) گه‌راینه‌وه، هه‌ندێك که‌سمان بینین، که هه‌واڵه‌که‌یان بیستبووه‌وه و ئه‌وانیش به ئێمه‌یان ده‌گوته‌وه. ئه‌و ڕۆژانه کارکردن بۆ شتێکی وا زۆر ئاسان بوو، چونکه جامی خه‌ڵکی پڕبوو بوو و نائومێدی له چاره‌نووسی شاریش باڵی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا کێشابوو. هه‌ر چۆن بوو، ئه‌و ڕۆژه‌مان برده‌سه‌ر و شه‌و چووم بۆ ماڵی پورێیه‌کم، که یه‌کێك له کوڕه‌کانی پاشره‌وی ئیسلامییه‌کان لایه‌نگری – ئەوکات ئیسلامییەکان فرەتر لە گروپی قورئانخوێندا دەردەکەوتن- . کاتێك که بانگه‌وازه‌که له یه‌کێك له مزگه‌وتی جامیعه‌ی (کانی ئاشقان)ە‌وه بڵاوکرایه‌وه، له هه‌موو لایه‌که‌وه ڕژێم و پیاوه‌کانی ده‌ستیانکرد به ده‌ستڕێژی به‌رده‌وام، تاوه‌کو خه‌ڵکی به ئاسانی گوێیان له بانگوازه‌که نه‌بێت. پورزاکه‌م وه‌ك ئیسلامییه‌ك زۆر دژی بوو و بانگه‌وازه‌که بوو به مشتومڕی نێوان من و ئه‌و. ئه‌و پێی وابوو، که ئه‌وه کارێکی منالانه‌یه و هه‌رچی لایه‌نی سۆشیالیست و مارکسی هه‌ن، هه‌رزه‌کار و نه‌زانن، ئه‌مەشیان هه‌ر هه‌رزه‌کارییه. منیش له‌وه‌ڵامدا وتم “ئێوه ئیسلامییه‌کان مانگانه 15 دینار وه‌ك خوێنه‌ری قورئان له مزگه‌وته‌کاندا وه‌رده‌گرن، که (عیزه‌ت دووری) له ڕێی (شیخ قادری چوێسه)وه بۆتانی بڕیوه‌ته‌وه، تاوه‌کو له‌به‌رامبه‌ریدا دژایه‌تی سۆشیالیسته‌کان و مارکسییه‌کان بکه‌ن”.
به‌یانی زوو له خه‌و هه‌ستام، له لای به‌نزینخانه‌که‌وه به‌ره‌و گەڕەکی (کانی ئاشقان) و (ناوه‌ندی شاره‌زوور) که‌وتمه ڕێ. له به‌رده‌م فێرگه سه‌ره‌تاییه‌که‌ی (کانی ئاشقان) – به‌داخه‌وه ناوه‌که‌یم له‌بیر نه‌ماوه، گه‌یشتم به ناسراوێکم (نو‌عمان موحه‌مه‌د سلێمان، ناسراو به هه‌ورامان عه‌لی)، که پاش ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هاوه‌ڵێتیمان پته‌وتر بوو، لێم پرسی ” به‌م به‌یانییه زووه له کوێ بووی ، بۆ خۆپیشاندان ده‌چی؟” وتی “نا، بۆ لای براده‌رێکم ده‌چم”. کاتێك گه‌یشتمه به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی به‌رامبه‌ر(ناوه‌ندی شاره‌زوور)، له‌و لاوه (نه‌ریمانی عه‌بدولی ئه‌من) هات. من نه‌ریمانم باش ده‌ناسی و ماڵمان له یه‌که‌وه نزیكبوو و ده‌شمزانی که لایه‌نگری پارتییه، چونکه له‌وه‌و پێشتر زۆرجار له‌سه‌ر جه‌لالی و مه‌لایی مشتومرمان ده‌بوو. وتی “ئه‌وه چییه، که‌س نه‌هاتووه؟”، من خۆم له گێلی دا و وتم “مه‌به‌ستت کێیه؟”، وتی “خه‌ڵك بۆ خۆپیشاندان!”، وتم “تۆ له کوێ ده‌زانی خۆپیشاندانه؟”، وتی “بۆ کاكه ئێمه کورد نین؟ من هه‌قم چییه به‌سه‌ر باوکمه‌وه، خۆت ده‌زانی من چیم، هه‌روه‌ها شه‌و گوێم له بانگه‌وازه‌که بوو!”، مه‌به‌ستی من له‌و پرسیاره، ئه‌وه بوو بزانم ئایا ڕێکخستنه‌کانی پارتی هیچ پلانێکیان بۆ به‌شداری له خۆپیشاندانه‌که‌دا هه‌یه.
له‌م قسانه‌دا بووین، چه‌ند که‌سی دیكە په‌یدا بوون و بووین به حه‌وت.. هه‌شت که‌س. یه‌کێك له ته‌نیشتمه‌وه وتی “ئه‌وا (وریا ئێناخی) هات! – وریا ئێناخی ئاساییشی به‌عس بوو-“، ئێمه‌ش قسه‌وباسه‌که‌مان گۆڕی و وامان نێشاندا که خوێندکاری (ناوه‌ندی شاره‌زوور)ین و ئەو تێپەڕێ و لەوە دەچوو تەنیا بۆ هەواڵ و چاودێری شوێنەکە هاتبێت. ورده ورده ئاپۆڕه‌مان له زیاد بووندا بوو. پاش ماوه‌یه‌ك تیوتایه‌کی سپی به‌عسییه‌کان ده‌رکه‌وت، ئێمه‌ش خۆمان کرد به ناوه‌ندی شاره‌زووردا و تا ئه‌وان ڕۆیشتن، بڵاوه‌مان لێکرد و خۆمان گه‌یانده کۆڵانه‌کانی پشته‌وه‌ی ناوه‌ندییه‌که، که له‌وێدا کۆتایی شار ده‌هات.
پاش ڕۆیشتنی سه‌رنشینانی تیوتاکه، نیوه‌کاتژێرێکی دیكە چاوه‌ڕێ ماینه‌وه، به‌ڵکو ئاپۆره‌که زیاتر بێت و ده‌سته‌ی خۆپیشاندانیش ده‌رکه‌ون – هه‌ر که‌سه و چاوه‌ڕێی که‌سانێك بوو، که ئاگاداریان کردبووه‌وه-. لەتەك تێپه‌ڕبوونی کاتدا، مقۆمقۆ دروستبوو و وتیان درنگه با ده‌ستپێبکه‌ین. به‌و جۆره به ژماره‌یه‌کی که‌مه‌وه، به‌ده‌م دروشمدانه‌وه، که‌وتینه نێو کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌کی (کانی ئاشقان) و به‌ره‌به‌ره جه‌ماوه‌ر لێمانکۆبووەوه و هه‌واڵمان پێگه‌یشت، که له قۆڵی (کانی قوڵکه)وه خۆپیشاندان ده‌ستیپێکردووه. بڕیاردرا به‌ره‌و نێوه‌ندی بازار بڕۆین و لەتەك باڵه‌که‌ی دی‌دا یه‌كبگرینه‌وه.
کاتێك که گه‌ییشتینه لای باڵه‌که‌ی دیكە، (حه‌مه‌سه‌لیم هه‌ورامی) له‌به‌رئه‌وه‌ی له زۆربه‌یان بالابه‌رزتر بوو، به‌ده‌م دروشمدانه‌وه، له دووره‌وه دیاربوو. لەتەك یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو باڵکه لەنێو بازار، بڕیاردرا به‌ره‌و لای سه‌را بڕۆین، به‌لام موده‌ڕه‌عه‌یه‌ك که له سه‌رووی گەراجی سلێمانێ وه‌ستابوو، ته‌قه‌ی لێ‌کردین و له هه‌موو لایه‌که‌وه هاوارکرا “به‌ره‌و (کانی ئاشقان)، یه‌ك یه‌ك و دوو بپه‌ڕنه‌وه”. له‌و کاته‌دا من له نزیك (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید)ی گیانبه‌ختکردوو و (مه‌ریوانی عه‌لی شه‌معه) وه‌ستابووم و چاوه‌ڕێی پەڕێنەوە بووین، دۆشکه‌ی سه‌ر موده‌ڕه‌عه‌که وچانبدا و بکه‌ینه ئه‌وبه‌ر، من و دوو که‌سی دیكە، خۆمان گه‌یانده ئه‌وبه‌ر به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی (حه‌مه‌ی عه‌زیز). ئه‌م جار (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید) و یه‌ك دوو که‌سی دیكە، ویستیان بپه‌ڕنه‌وه، گولله‌ی دۆشکا به‌ر (مه‌ریوان) که‌وت و به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، یەکەم جار لە شەقامەکەی دا و هەڵبەزییەوە و به‌ر لاجانگی چه‌پی که‌وت و که‌وته نێوه‌راستی شه‌قامه‌که، واته که‌وته نێو نێوه‌ندی چواڕیانی( پیرموحه‌مەد- سه‌را، کانی قوڵکه- کانی ئاشقان، که وه‌ك خاچێکی گه‌وره هه‌ڵه‌بجه‌ی دابه‌شاندووه). پاش ئارامبوونه‌وه‌ی ته‌قه‌کان، چه‌ند که‌سێك به وره‌وه جه‌سته‌ی له خوێنگه‌وزاوی (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید)یان کێشایه به‌ری (کانی ئاشقان) و به‌ره‌و مزگه‌وتی جامیعه به‌ڕێمانکرد”. چه‌ند که‌سێك به ڕاکردن چوون داره‌مه‌یتێکیان به‌ره‌و ته‌رمه‌که‌ی(مەریوان) هێنا و خستیانه نێو داره‌میته‌که و کۆڵانه و کۆڵان که‌وتینه گێڕانی جه‌سته‌ی گیانبه‌ختکردوو (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید)، په‌یتا په‌یتا له ماڵه‌کانی ده‌وروبه‌ره‌وه چه‌پکه گوڵ و ڕه‌یحانیان بۆ سه‌ر داره مه‌یته‌که ده‌هێنا و ماڵان ئاوی ساردیان به‌خۆپیشانده‌ران ده‌دا و ده‌رگه‌کان ده‌کرانه‌وه و لاوان ده‌ڕژانه نێو خۆپیشاندانه‌که‌وه. ته‌رمی(مه‌ریوان) هێنده‌ی دی ڕك و توڕه‌یی خه‌ڵکی شاری تاوده‌دا و پێشوازی و هاوده‌ردی ژنان و گوڵبارانیان له جه‌سته‌ی (مه‌ریوان)، هێنده‌ی دی وره‌ی به ئێمه ده‌به‌خشی. به‌راده‌یه‌ك وره‌ی شۆڕشگێرانه په‌ره‌ی سه‌ندبوو، من بۆخۆم که هه‌نگاوم ده‌نا، وا هه‌ستمده‌کرد به‌سه‌ر په‌له هه‌وره به‌رزه‌کاندا ڕێده‌که‌م، ترس له مردن و بیر له دواڕۆژ، له‌و ساته‌دا ته‌نیا شتێك بوو، که بیرمان لێنه‌ده‌کرده‌وه. یه‌کێتی جه‌ماوه‌ر مه‌ستیکردبووین. تاکه‌کانی جه‌ماوه‌ر وه‌ك ئه‌ندامی جه‌سته‌یه‌کی گه‌وره ده‌بزووتن. جه‌سته‌یه‌ك که پڕ به گه‌رووی، بانگه‌وازی شۆڕش و یاخیبوونی چه‌وساوانی به‌گوێی زه‌وی و ئاسماندا ده‌چڕی.
به‌و جۆره به‌ره‌و مزگه‌وتی (دارولئیحسان) گه‌ڕاینه‌وه. له‌و کاته‌دا ده‌سته‌یه‌ك سه‌رباز له لای سه‌راوه به‌ده‌م ته‌قه‌ی هه‌واییه‌وه، به‌ره‌وڕوومان هاتن و خۆمان خزانه مزگه‌وت و ماڵه‌کانی ئه‌و ناوه‌وه. هه‌ندێك ده‌یانوت با ئێمه‌ش ته‌قه‌یان لێبکه‌ین، هه‌ندێکی دیكە باوه‌ڕمانوابوو، که پێویسته به دروشمی “برایه‌تی سه‌رباز و خه‌ڵك” به‌رەو ڕوویان بڕۆین. له‌و کاته‌دا له حه‌وشه‌ی ماڵێکدا هه‌ر که‌سه‌و چه‌پکه گوڵێکمان به‌ده‌سته‌وه گرت و به‌ره‌و سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌که‌ی (کانی قوڵکه) که سه‌ربازه‌کان له‌وێوه ته‌قه‌یانلێده‌کردین، ڕۆیشتین. سه‌ربازه‌کان ته‌قه‌یان لێ‌کردین و ئێمه نه‌گه‌ڕاینه‌وه. – له‌و کاته‌دا من و (ناسر ھۆرامی)، شان به‌شانی یه‌ك ده‌ڕۆێشتین و فیشه‌کێك دای له نێوان پێمان و پارچه به‌ردێك هه‌ڵقۆزییه‌وه و به‌ر په‌نجه تووته‌ی من که‌وت و وامزانی بریندار بووم-، ئه‌وان ته‌قه‌یانده‌کرد و ئێمه‌ش ده‌مانگوت ” کل جنود اخواننا، صدام حسین و البعثیین عدواننا”، به‌ده‌م وتنه‌وه‌ی دروشمی دیكە‌وه خۆمان گه‌یانده لایان و چه‌پکه گوڵه‌کانمان پێشکه‌شکردن و ئه‌وانیش وتیان ” ئێمه ته‌قه‌ی هه‌وایی ده‌که‌ین، تاوه‌کو له‌سه‌رمان نه‌که‌وێت، ئێمه هه‌قمان به‌سه‌ر ئێوه‌وه نییه و به‌ره‌و ئه‌ولا ده‌رۆین، چونکه پێیانراسپاردووین. “
ئیدی به‌و بۆنه‌وه ئه‌وان ته‌قه‌ی خۆشیان به ئاسماندا ده‌کرد و ئێمه‌ش کردمان به چه‌پله‌ڕێزان. ئه‌مه مێژوویترین ساتێك بوو، که ته‌نیا له گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی شۆرشه‌کانی کۆمونه‌ی پاریس و ئۆکتۆبه‌ردا بیستبوومانن، ساڵه‌هایه‌ك بوو، که هه‌ریه‌که له ئێمه چاوه‌ڕیی وه‌دیهتانی وه‌ها خه‌ونێکمان ده‌کرد. ئێستاکه ئیدی بوو بوو به ڕاستی و به‌چاوی خۆمان ده‌مانبینی سه‌ربازانی به‌زۆر هاورده‌ی ئوردونی و یه‌مه‌نی و شاره‌کانی نێوه‌ڕاست، به ده‌ستڕێژی چه‌که‌کانیان ته‌پلی سه‌رکه‌وتنیان بۆ جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشی هه‌ڵه‌بجه لێده‌دا و ئێمه له‌بری نه‌فره‌ت، وه‌ك برای ئازیزی خۆمان چه‌پله‌مان بۆ لێده‌دان و چه‌پکه گوڵمان پێشکه‌شده‌کردن. ڕاپه‌ڕین هێزێکی ئه‌فسوناوی بوو، لاینه‌گران و ئه‌ندامانی پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان، که به‌رده‌وام شه‌وانه یه‌کدییان له‌ماڵ ده‌رده‌کێسا و ده‌که‌وتنه لێدان و ده‌ستنیشانکردنی یه‌کدی بۆ ڕژێم، وه‌ها ئاشتکردبووه‌وه که له‌و ساته‌دا که‌س له ده‌ره‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر خۆی به هیچ پارت و لایه‌نێك پێناسه‌نه‌ده‌کرد، زۆرینه‌ی چه‌کداره کورده‌کانی ڕژێمیش، سه‌نگه‌ری دوژمنیان به‌ردابوو و بووبوونه به‌شێك له ڕاپه‌ڕین. ئه‌و ڕۆژه مزگه‌وته‌کان بووبوونه نێوه‌ندی چالاکی خۆپیشانده‌ران و نوێژ ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی خه‌ڵك نه‌بوو و له‌بری بانگه‌وازکردنی خه‌ڵك بۆ ترسان، له مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانه‌وه بیلاله هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان، بانگی ڕاپه‌رین و ئازادیخوازیخوازی و ڕاونانی ترسیان ده‌چڕی.
له کاتی تێپه‌ڕبوونی سه‌ربازه‌کاندا “عادله خه‌جێ” – که خۆیی و باوکی و مامی چه‌کداری ڕژێم بوون و زۆر که‌س نه‌یانده‌ناسی و ده‌موچاوی پێچابوو- ویستی ته‌قه له سه‌ربازه‌کان بکات. خۆپیشانده‌ران په‌لاماریاندا و چه‌که‌که‌یان لێسه‌ند و وه‌ك زیندانی دوورخرایه‌وه. باش له‌یادمه ” تاهیر ئوسمان عەبابەیلەی) و (حه‌مه سه‌لیم هۆرامی) و کۆمه‌ڵیکی دیكە له‌و شوێنه‌دا وه‌ستابوون.
(حه‌مه سه‌لیم) و (تاھیر ئوسمان) و چه‌ند که‌سی دیكە له مینبه‌ری مزگه‌وتی (دارلئیحسان)وه که‌وتنه قسه‌کردن و دروشم‌دان، یه‌کێك له‌و دروشمانه ، دروشمه‌که‌ی ڕادیۆ کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتكیشان بوو “با چه‌وسێنه‌ران له به‌رامبه‌ر شۆڕشی کۆمونستیدا سه‌رپایان بێته له‌رزین، کرێکاران له‌م شۆڕشه‌دا بێجگه له زنجیره‌کانی ده‌ستیان هیچ له‌ده‌ست ناده‌ن، به‌ڵام جیهانێك به‌ده‌ستدێنن، کرێکارانی جیهان یه‌کگرن”، ئه‌مه و كۆەملێك دروشم و وتار له‌سه‌ر ڕامیارییه‌کانی به‌عس له‌مه‌ڕ ڕاگواستنی گونده‌کان …
له‌تاو گه‌رما و چاوه‌روانی ئاماده‌کردنی ته‌رمه‌که‌ی (مه‌ریوان)، خۆمان دابووه بندیواره‌کان و کۆڵانه‌کانی ئه‌و ناوه. موده‌ره‌عه‌یه‌کیش له‌سه‌ر شه‌قامی (کانی قوڵکه) – (ئوردووگەی عه‌نه‌ب)، له‌به‌رده‌م (ئاماده‌یی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوران)دا وه‌ستابوو، به‌ڵام ته‌قه‌ینه‌ده‌کرد. له ڕاسته کۆلانه‌که‌ی پشت مزگه‌وته‌که‌دا چاوم به (حه‌مه‌ی مه‌جیلان) و چه‌ند که‌سی دیكە که‌وت. له‌پڕ وتیان ئه‌وه (خه‌سه لیکه)یه – خه‌سڕه‌وی خواکه‌ره‌مه که‌چه‌ڵ-، په‌لاماریان دا‌و چه‌که‌که‌یان لێسه‌ند. چاوه‌ڕوانییه‌که درێژه‌ی کێشا، چووم بۆ ماڵی هاوه‌ڵێکم له خواره‌وه که دوکانێکی گچکه‌یان هه‌بوو، بۆ جگه‌ره‌کڕین، له سه‌ر ڕێی (تووه وشك)، پشتی مزگه‌وتی (حاجی حه‌مه ڕێوی)، (ڕه‌فعه‌ت ئێناخی– ڕەفعەتی حەمە شەوکوێر)م دیت کە ئاساییش بوو، که‌سێکی دیكەی لەتەكدا بوو، هه‌رچه‌ند جلی کوردی پۆشیبوو، به‌ڵام هه‌ر له عه‌ره‌ب ده‌چوو، لێی پرسیم ” لێره چی ده‌که‌ی؟” وتم “ده‌چم بۆ جگه‌ره کڕین!”، وتی “هه‌تیو من تۆ ده‌ناسم، له خۆپیشاندان بووی و درۆده‌که‌ی” – من (ڕه‌فعه‌ت ئێناخی)م پێشتر ده‌ناسی، له ساڵی ١٩٨٢دا، له شانه‌ی (شه‌هید فاتیح ئێناخی)دا ڕێکخه‌رم بوو، ئه‌و کات من بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له ڕیزی (یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان- یشك)دا بووم-، هه‌ر چۆن بوو به زوویی له کۆڵی خۆمم کرده‌وه و گه‌رامه‌وه، به (حه‌مه‌ی مه‌جیلان) و هه‌ندێکی دیكە که چه‌کیان پێ‌بوو، وت “ڕه‌فعه‌ت ئێناخی و که‌سێکی عه‌ره‌بم له‌و خواره‌وه دیت”. یه‌ك دوو که‌س چوون به دوایاندا، به‌ڵام نه‌یاندیتبوون.
هێلیکۆپته‌ر به به‌رده‌وامی بۆمبارانی گه‌ڕه‌که‌کانی گولانی ئه‌وبه‌ر و (کانی ئاشق)ی ده‌کرد. بریندارێکی زۆر برانه خه‌سته‌خانه، دواتر هه‌واڵمانزانی، که ڕژێم هه‌موویانی له خه‌سته‌خانه ده‌رکێشاوه و له پشت سه‌ربازگه‌ی سه‌رووی شار، به کۆمه‌ڵ زینده‌به‌چاڵیکردوون.
شه‌وی پێشوو، مه‌فره‌زه‌یه‌کی (ینك) به سه‌رپه‌رستی (فه‌لاحی حه‌مه‌بۆر)، له‌نێو شاردا بوون و خه‌ڵك داوای کۆمه‌ك و پشتیوانی‌یان لێکردبوون، به‌ڵام ئه‌وان له وه‌ڵامدا وتبوویان “فه‌رمانی کارێکی له‌و جۆره‌مان پێنییه”.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ که بانه‌گه‌وازمان بۆ خۆپیشاندانه‌که کرد، هه‌وڵ درا ده‌نگۆی خۆپیشاندانه‌که بگه‌یێنرێته شار و شارۆچکه‌کانی دیكە، له‌وانه (ئوردووگەی سیروان) ، (خۆرمال) ، (سه‌یساده‌ق) و (سلێمانی). له کاتێکدا که خه‌ریکی ئاماده‌کردنی ته‌رمه‌که‌ی (مه‌ریوان) بووین، ده‌سته‌ی سه‌رپه‌شتی هه‌واڵی پشتیوانی و خرۆشانی خه‌ڵكی شارۆچکه‌کانی (سیروان) و (خۆرماڵ) و (سه‌یساده‌ق)یان پێڕاگه‌یاندین. به‌ڵام له چاوه‌ڕوانی پشتیوانی و خرۆشانی شاری (سلێمانی) نا‌ئومێد بووین.
ده‌مه‌و ئێواره پارێزگاری سلێمانی (شێخ جه‌عفه‌ر) و (حه‌سه‌ن به‌گ) له هێلیکۆپته‌رێکدا به‌سه‌ر شاردا ده‌سوڕانه‌وه و داوایان له خه‌ڵك ده‌کرد، هه‌ره که‌سه له ماڵی خۆی دابنیشێ و هاتووچۆ قه‌ده‌خه‌ده‌بێت. به‌ڵینیاندا که‌س نه‌گرن و هه‌وڵی ئارامکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که بده‌ن. ئه‌مه ئه‌و به‌ڵێنانه بوون، که به‌کرێگیراوانی به‌عس به گوێی دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌یاندا ده‌دان.
زۆربه‌ی چالاکانی ئه‌و خۆپیشاندانه پێیانوابوو، زه‌مینه‌ی ڕاپه‌ڕین و خرۆشانی به‌رده‌وام ڕه‌خساوه. لەبەرئەوەی کە جه‌ماوه‌ر به‌گشتی تورەبوو و که‌سانێکی زۆر له شه‌ڕگه‌کان هه‌ڵهاتوون، ئاشتبوونه‌وه له‌نێو لایه‌نه چه‌کداره‌کاندا هاتۆتبووە گۆڕێ. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که ڕژێم له لاوازی‌دا ناچاربوو هێزی بیانی – سه‌ربازی یه‌مه‌نی و ئوردونی و … هیدی – بهێنێته (هه‌ڵه‌بجه) و ناوچه‌که و ڕژێم له زۆر به‌ره‌ی شه‌ڕدا تێکشکابوو. ئه‌مانه متمانه‌یان به خه‌ڵکی به‌گشتی و هه‌ڵسوراوان و چالاکان ده‌به‌خشی، که چاوی ئومێد ببڕنه خۆپیشاندانی به‌ردوام و ڕاپه‌ڕینی زنجیره‌یی. هه‌رچه‌نده یه‌ك ڕۆژی ته‌واو، زۆربه‌ی شوێنه‌کانی شار له‌ژێر کۆنترۆڵی خه‌ڵكدا بوون و ڕۆژی دواییش هه‌ر ڕژێم له مۆڵگه‌کانیدا خۆی هه‌شاردابوو و چاوه‌ڕێی کۆمه‌ك بوون، له خواره‌وه بۆیان بێت، به‌ڕاده‌یه‌ك یه‌کێتی گه‌ل و سوپا ڕاگه‌ێنرابوو و زۆربه‌ی چه‌کداره کورده‌کان- که زۆرینه‌یان سه‌ربازی هه‌ڵاتووی به‌ره‌کانی جەنگی- عیراق و ئێران بوون-، به خۆپیشاندانه‌که‌وه په‌یوه‌ستبووبوون، خۆپیشاندانه‌که بووبووه مانگرتنێکی گشتی و دوکان و بازار داخرابوون و فێرگه و فه‌رمانگه‌کان داخرابوون، به‌ڵام وه‌ك وتم نه‌ته‌نینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که و نه‌خرۆشانی سلێمانی و شاره‌کانی دیكە، بڕبڕه‌ی پشتی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی تێکشکاند. چونکه ئه‌گه‌ر شاره‌کانی دیكەیش هه‌مان هه‌نگاویان هه‌ڵگرتایه و هێزه چه‌کداره‌کانی شاخیش، له گشت شاڕێگه و ناوچه‌کاندا چالاکی هاوکات و به‌رده‌وامیان ئه‌نجامبدایه، ئه‌وا بێگومان ڕاپه‌ڕین تێكنه‌ده‌شکا و زه‌مینه‌ش بۆ دروستبوونی هێزه ئیسلامییه‌کان نه‌ده‌ڕه‌خسا. ئه‌مه ئه‌و شته بوو، که زۆرێك له هه‌ڵسوراوان چاوه‌ڕێیانده‌کرد.
دووه‌م شه‌وی دوای خۆپیشاندان نائومێدی و نادیاری چاره‌نووس، باڵی به‌سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵکدا کێشا. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ر له خه‌ڵکی ئاسایی و چه‌کداره هاریکاره‌کانی ڕاپه‌ڕین و هه‌ندێك سه‌رۆکخێڵ و مه‌لاش به‌ره‌و ئیران شاریان به‌جێهێشت.
ڕۆژی دوایی ڕژێم و نۆکه‌ره‌کانی که‌وتنه شوێنپێ هه‌ڵگرتن و گرتنی به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌که، به‌تایبه‌ت ڕێکخه‌رانی و ڕوخاندنی هه‌ندێك ماڵ – وەك ڕاستی هه‌ڵه‌بجه‌یی په‌نجه‌ی بۆ ڕاکێشاوه- و دواتر تەقاندنەوەی گه‌ڕه‌کی (کانی ئاشقان).
من تا ئێره ئاگاداری ڕووداوه‌کانی نێو شارم. ڕاستییه‌که‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی که ڕاپه‌ڕینه‌که تێكشکا و نه‌یتوانی به‌رده‌وامبێت، ئه‌وانه‌ی که چالاك بووین، تووشی شپرزه‌یی و خۆشاردنه‌وه بووین، بۆیه ده‌وێرم بڵێم که‌سمان ناتوانین به‌ته‌واوه‌تی ئاگاداری هه‌موو ڕووداوه‌کان بین. به‌ڵام ده‌کرێت به هه‌موومانه‌وه گێڕانه‌وه‌یه‌کی پوخت و ته‌واو له ڕاپه‌ڕینه و چۆنییه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی و هۆکاره‌کانی شکستی، بخه‌ینه ڕوو و لاپه‌ڕه‌یه‌ك له مێژووی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی جه‌ماوه‌ری له فه‌وتان و له‌ناوچوون ڕزگاربکه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئێستاکه، ده‌سه‌ڵات بۆ ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هانای بۆ چه‌ند که‌سێکی ڕارا و هه‌لپه‌رست و ترسنۆکی ئه‌و ڕۆژگاره بردووه، تاوه‌کو ئه‌م چه‌خماخه یه‌که‌مه‌ی ڕاپه‌ڕینی سه‌ربه‌خۆیه‌ی جه‌ماوه‌ر بکاته باره‌ته‌قای خۆی له‌و ناوچه‌دا. بێده‌نگه‌کردنی هه‌ر هه‌ڵسوراو و چالاکێكی ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ی ناوچه‌ی شاره‌زوور ( شارۆچکه‌کانی هه‌ڵه‌بجه و سیروان و خورماڵ و سه‌یساده‌ق) به‌رامبه‌ر به‌م ساخته‌کردنه‌ی مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه، ئه‌وا مێژوو به هاوبه‌شی له‌و ساخته‌کردنه‌دا تۆماریده‌کات.
کورته‌یه‌ك بۆ مێژوو
له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا هیچ لایه‌نێكی (به‌ره‌ی کوردستانی)، (جود) و (جوقد)، کارایی و پلان و ئاماده‌ییاننه‌بوو. ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هێزه چه‌کداره‌کان وه‌ك تاکه که‌س و سه‌ربه‌خۆ هه‌روه‌ك زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که که‌وتبوونه ژێرکارایی و به‌شدارییانکرد.
ده‌سته‌یه‌کی چه‌کداری (ینك) به سه‌رپه‌رشتی (فه‌لاحی حه‌مه‌بۆر)، له‌نێو شاردا بوون و خه‌ڵك داوای هاریکارییان لێکردبوون، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بوون و وتبوویان “فه‌رمانی کارێکی له‌و جۆره‌مان پێنییه”.
خۆپێشاندان له‌لایه‌ن و له‌ژێر کارایی ئه‌ندامانی ئاڵای شۆڕش، هه‌ندێك له ڕێکخراوی سۆشیالیستی دیكە، که زۆربه‌یان له‌ژیر کارایی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی ئێران‌دا بوون، لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان، ڕێکخەر و هه‌ڵخڕێنەر، هه‌ر ئه‌وانیش بوون، چالاك و هه‌ڵسوڕاوی ڕێزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌که. (ئاڵای شۆڕش)، مه‌به‌ست له‌و ڕێکخراوه‌یه که له (ینك) جیابووه‌وه و خۆی به سۆشیالیست ده‌زانی، نه‌ك که‌سانێك که دواتر چوونه‌وه باوه‌شی (ینك) و زه‌حمه‌تکێشان، بۆیه که‌سانێك که له‌و ڕۆژه‌دا سەر بە (ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش) بوون و ئێستا به‌کرێگیراوی ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی، ناتوانن پاگه‌نده‌ی ئه‌و میراته بکه‌ن. (ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش) له‌و ساته‌دا که لەتەك زه‌حمه‌تکێشان یه‌کیگرت، ئیدی کۆتایی به ژیانی ڕێکخراوه‌یی هات و ئه‌وانه‌ش که چوونه‌وه ناو (ینك) چیدی ناتوانن پاگه‌نده‌ی ئەندامەتی (ئاڵای شۆرش) بکه‌ن، چونکه (ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش) به‌رهه‌می سه‌رکوتگه‌ری سۆشیالیسته‌کان بوو له‌لایه‌ن سه‌رانی (ینك)وه له‌نێو ڕیزه‌کانی خودی (ینك)دا. به‌داخێکی زۆره‌وه هه‌ندێك له‌و (ئاڵا شۆڕش)انه‌ی ئه‌و ڕۆژگاره له به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ردا بوون، له ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌له‌بجه له ٢٠٠٦دا، وه‌ك نۆکه‌ری ده‌سه‌لات که‌وتنه سه‌رکوتی خۆپیشانده‌ران و ده‌ستنیشانکردنیان بۆ زیندانیکردن، که خه‌ریکبوو له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی دادوه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه، سزانی له‌سێداره‌دانیان بۆ ببڕێته‌وه.
له‌و کاته‌دا بیستم که گیانبه‌ختکردوو (مه‌ریوان حەمەڕەشید) ئه‌ندامی (پدك) بووه و به‌بێ فه‌رمانی ئه‌وان به‌شداری خۆپیشاندانه‌که‌ی کرده‌ووه.
له‌و کاته‌دا زۆربه‌ی ئه‌و ئیسلامیانه‌ی که ئێستا سه‌ران و پایه‌دارانی ڕێکخراوه ئیسلامییه‌کانن، قورئانخوێنی مزگه‌وته‌کان بوون و ناراسته‌وخۆ لە ڕێگەی (شێخ قادری چوێسە)وە له (عیزه‌ت دووری)یه‌وه مانگانه مووچه‌یان بۆ برابووه‌وه و مانگانه (١٥) دیناری سویسرییان وه‌رده‌گرت. ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی که شار له‌ژێر کۆنترۆڵی خه‌ڵکدا بوو، له هیچ مزگه‌وتێك بانگنه‌دراو و له هیچ مزگه‌وتێکدا کۆنوێژ نه‌کرا. مزگه‌وته‌کان بووبوونه شوێنی دوشمدانی سۆشیالیسته‌کان. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش به‌دوای ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا تا کاتی کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵەبجه، بڵنگۆی مزگه‌وته‌کان له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه داگیران و مه‌لاکان وه‌ك بیلالی حه‌به‌شی له سه‌ربانی مزگه‌وته‌کان بانگیان ده‌دا. هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامییه‌کان، یه‌که‌م هۆی شکستی ڕاپه‌رین بوو – ئه‌مه‌ش ئه‌زمونێکی مێژووییه، هه‌رده‌م پاش شکستی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان، ڕه‌وته کۆنه‌پارێزه‌کان هاتوونه‌ته سه‌رشانووی ڕامیاری و ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ك چۆن پاش شکستی ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١، به‌ره‌ی کوردستانی هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات-، هۆی دووه‌میش فیتی ئێران بوو و کۆمه‌ڵێك ڕێکخراوی ئیسلامی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی- کوردستانی عیراق، جندالله و صارالله و هیدیكە و جیابوونه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ك له بزووتنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌یان له ئوردووگه‌ی سه‌ریاسه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وانه‌ی که پێیانوابوو هێشتا کاتی جیهاد نه‌هاتووه و له پاش کیمیابارنکردنی هه‌ڵه‌بجه، له ئوردوگه‌کانی سونقری کولیائی، که‌نگاوه‌ر، کامیاران و سه‌قز، گه‌رای گروپێکیان دانا، که دواتر بوو به (رابیته‌ی ئیسلامی).
هه‌ڵوێستی زۆرێك له ده‌سته چه‌کداره کورده‌کانی سه‌ربه ڕژێم زۆر له هه‌ڵوێستی پارته پێكهێنه‌ره‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی باشتر بوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئه‌و ده‌سته چه‌کدارانه‌ی که به‌شدارییا کرد، یا به زۆری هه‌ڵاتووی شه‌ڕی عیراق- ئێران بوون یا له کاردانه‌وه و به‌رامبه‌ر كارە چەپەڵەكانی هێزه‌کانی (ینك) و (پدك) بووبوون به چه‌کداری ڕژێم، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه زۆربه‌یان له هه‌ڵوێستیان په‌شیماننه‌بوونه‌وه و پاش تێکشکانی ڕاپه‌ڕینه‌که لەتەك خه‌ڵکه‌که به‌ره‌و ئێران و ناوچه ئازاده‌کان هه‌ڵهاتن.
له سه‌ر چیاکانی ده‌وروبه‌ری دێی هاوار – هاواری تازه-، کۆمه‌ڵێك چه‌کداری کوردی ڕژێـم، خۆیان گه‌یاندبووه ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی (ینك)، که زۆربه‌یان خه‌ڵکی ناوچه‌ی سلێمانی و ئاخجه‌له‌ر بوون.
به‌ڵام بۆ مێژوو ده‌ڵێم هیچکات (ئازاد ته‌وفیق) – که وه‌ك (ڕاستی هه‌ڵه‌بجه‌یی) ده‌ڵێت، گومانی به‌عسیبوون له باوکی ده‌کرا و خۆشی لای خه‌ڵك به‌گشتی و لاوان به‌تایبه‌تی خۆشه‌ویست نه‌بوو- بۆخۆم وه‌ك یه‌که‌م که‌س و هه‌ڵخڕێنه‌ری خۆپیشاندانه‌که نه‌مدیتووه و (ئیبراهیم هه‌ورامانی)ش به‌شدارنه‌بوو و ئه‌وه‌ی که ئێستاکه خه‌ریکین خۆیان به‌خاوه‌نی ڕاپه‌ڕینی هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ن، خه‌ریکی مامه‌ڵه‌یه‌کی بازرگانین.
با ئاوای دابنێین کە بەڵێ ڕۆڵی بەرچاویان هەبووبێت، ئایا دەتوانن بۆمان بسەلمێنن، ئەو پارتە دەسەلاتدارەی کە ئەوان خەرکین لە ڕیزەکانیدا سەرکوتی خەڵکی هەڵەبجە دەکەن، ئەو کات ڕۆڵی لەو ڕاپەڕینەدا چی بووه؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ڕۆڵیشیان هه‌بووبێت، ئه‌وا ئه‌وڕۆکه نه‌خشه‌ی سه‌رکوتی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه داده‌ڕێژن، وه‌ك ئه‌وه‌ی که دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێیهه‌ستان. به‌م پێیه، گرنگ نییه له کوێوه هاتووین، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌نووکه له کوێی مێژوودا وه‌ستاوین!
که‌سانێك که به‌شداربووبن، که‌س ناتوانێت ناویان بسڕێته‌وه، چونکه مێژوو ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌کرێت بشێوێنرێت، به‌لام سڕینه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه کارێکی ئه‌سته‌مه و هه‌رگیز ڕووینه‌داوه. من لێردا ناوی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که له‌یادم و له‌و ڕۆژه‌دا دیتوومن، ڕیز ده‌که‌م؛ (مامۆستا به‌کر – ناسراو به (وه‌ستا به‌کر-، (فاتیح عه‌زیز)، (سه‌لاحه ڕه‌ش)، (ئوسمانی نه‌جیبه)، (کاوه ئومه‌ر بامۆکی)، (سه‌باح ئه‌حمه‌د برای سه‌لاحه ڕه‌ش)، (ئه‌نوه‌ری ڕابه)، (مه‌ریوانی عه‌لی شه‌معه)، (تاهیر ئوسمان)، (حه‌مه‌سه‌لیم ھۆرامی)، ( هۆرامان عه‌لی) و کۆمه‌ڵێکی دیكە که ئێستا ته‌نیا شێوه‌یانم له‌به‌رچاوه.
لێرەدا داوایلێبوردن لە بەشداربووانی ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ی شاری هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر ناوم له‌بیرکردبن یا به‌هۆی له‌بی چوونه‌وه‌وه، زیادی و که‌میم له گێڕانه‌وه‌که‌دا کردبێت، هیوادارم خوێنه‌رانی هێژا، ئه‌وانه‌ی که ئاگادارن، بۆم ڕاستکه‌نه‌وه. چونکه بیست و یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نێکه و ئه‌وکات منیش هه‌ژده ساڵان بووم و ده‌کرێت ئاواره‌یی و کیمیابارانی هه‌ڵەبجه و په‌نانبه‌ری ئوردووگه‌کانی ئێران و دواتر گه‌ڕانه‌وه و زیندانی میری هه‌رێمی کوردستان و برسییه‌تی و دابران و دوازده ساڵ ژیانی هه‌نده‌ران و گیروگرفتی گوزه‌ران و خێزان زۆر شتی له‌بیربردبم، به‌لام دڵنیاتان ده‌که‌م، که هیچ هانده‌رێکی ڕامیاری یا ئایدیۆلۆژی یا ناوچه‌گه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندیی ناوی که‌سه‌کان و به‌شه‌کانی ئه‌و مێژووه‌یان پێفه‌رامۆشنه‌کردووم. له هه‌ر کاتێکیشدا شتێکم وه‌بیربێته‌وه، ئاماده‌م و بێسڵه‌مینه‌وه، داوایلێبوردن له خوێنه‌ران و مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ش بکه‌م و راستی بکه‌مه‌وه.
په‌یامی (مه‌ریوان) و (کوردۆ) له (هه‌ڵه‌بجه)وه بۆ …. *
په‌یامی (مه‌ریوان) و (کوردۆ) له (هه‌ڵه‌بجه)وه بۆ …. *
١٣ی ئازاری ٢٠٠٩
مه‌ریوان**
” هاوڕێم کوردۆ، له کاتێكدا که له ساڵی ١٩٨١ە‌وه تا دوێنێ ئه‌م شاره ڕۆژانه له‌لایه‌ن تۆپخانه‌کانی دزڵی و گۆزیڵ و (له‌شکرگه)وه هه‌ر له‌ته‌ك ڕاگه‌یاندنی فه‌رمانی ئاخونده‌کان به‌وه‌ی که بێجگه له شاره “پیرۆزه‌کانی” عیراق (که‌ربه‌لا) و (نه‌جه‌ف) – خۆیان واته‌نی- ته‌واوی شاره‌کانی عیراق ده‌که‌ونه به‌ر تۆپباران، تۆپبارانده‌کرا و ئه‌مه ئاوای لێهاتبوو، هه‌ر که ڕژێمی عیراق په‌لاماری شاره‌کانی ئێرانی بدایه، ئه‌وا بێ گوێگرتن له ڕادیۆکانی ئێران، ده‌مانزانی که دیسانه‌وه هه‌ڵه‌بجه یه‌که‌مین شاره، که تۆپباران ده‌کرێت و له‌و ساته‌وه ترپه‌ی دڵمان به‌رزده‌بووه و له‌نێو پۆله‌کانی خوێندن، له‌سه‌ر خوانی به‌یانیان و نیوه‌ڕوان و ئێواران یا له شیرین خه‌ودا، ده‌بوو خۆمان بگه‌یێنه ژێرخانه‌کان، که دروستکردنیان له‌و ڕۆژانه‌دا بوو بوو به پێویست و باو. له‌و ساڵانه‌دا ئێمه نه خه‌ومان، خه‌و بوو و نه خواردنمان، خواردن. چه‌ند سه‌د که‌سێکمان لێ کوژران و یه‌کێك له‌و ڕوداوانه، ڕوداوی ته‌قینه‌وه و سوتانی نزیکه‌ی ١٠٠ مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ئ خۆحه‌شارداو‌ی ناو کارگه‌ی په‌تاته‌که‌ی سیروان بوو، له ئێواره-بۆمبارانێکی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا. که‌چی پارته ڕامیارییه‌کانی باشووری کوردستان، هه‌موو کار و چالاکیان بوو بووه هێنان و بردنه‌وه‌ی پاسدار و دانانی بنکه بۆیان له قه‌ره‌داخ و گه‌رمیان، پێشله‌شکری سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر بیره‌نه‌وته‌کانی باباگوڕگوڕ.”
” هاوڕێم، ڕژێمی به‌عس پاش تێکچوونی ڕێکه‌وتنه‌که‌یان له‌ته‌ك (ینک)دا (سه‌دام)ی خوێن‌ڕێژ له وه‌ڵامی نوێنه‌رانی (ینک)دا، که وتبوویان ئێمه پاسدار ده‌هێنینه قوڵایی عیراق، وتبووی “له هه‌ر گوندێکه‌وه ته‌قه‌مان لێبکرێت، وێرانی ده‌که‌ین، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌کدا پاسدار ببینین، کیمیایی پێداده‌که‌ین و چۆڵیده‌که‌ین و قه‌ده‌خه‌ی ده‌که‌ین”. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه گونده‌کان بوون به سه‌نگه‌ری ته‌قه‌کردن و ناوچه‌کانی کوردستان بوون به مه‌یدانی ته‌ڕاتێنی پاسدار و به‌سیجی ئێرانی و گونده‌کانی شاره‌زوور بوونه به‌شێك له جێبه‌جیکردنی هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌عس و هه‌ر ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی هاندا ڕاپه‌ڕین و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی گونده‌کان و ئازادی و ته‌نه‌نات ڕوخانی ڕژێم بکه‌ین. ئێمه چه‌ند ڕۆژ بوو کارمان بۆ ئه‌وه کردوو، که‌چی ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندان لای پارته چه‌کداره‌کان هێنده‌ی هاریکاری پاسدارێك گرنگی نه‌بوو.”
“هاوڕێم، من له‌وێدا جوانه‌مه‌رگ کرام و ئیدی گێڕانه‌وه‌ی له‌وه و بەدوای به تۆ و هاوڕیاکانت ده‌سپێرم، ئێوه‌ش خۆتان و ئه‌رکی مێژوویی سه‌رشانتان. منیش ده‌متوانی له‌و ڕۆژه‌دا وه‌ك کوڕه ده‌وڵه‌نده‌کانی شار له‌نێو نوێنی گه‌رم و نه‌رمدا خۆم بشارمه‌وه و ده‌ست به کڵاوی به‌رژه‌وه‌ندیمه‌وه بگرم. به‌ڵام تامه‌زرۆیی بۆ ئازادی، له‌لام زۆرتر له چێژه هاوبه‌شه‌کانی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، له پێشتر و پێویستر بوو!”
کوردۆ***
“هاوڕێم، مه‌ریوان، هاوڕێی پێشه‌نگ. پاش ئه‌وه‌ی که جه‌سته‌ی تۆ بوو به ئاڵای ڕاپه‌ینی شار، ڕژێمی به‌عس که‌وته بۆمباران و زینده‌به‌چاڵکردنی برینداران و ته‌قانده‌وه‌ی گه‌ڕه‌کی کانییه‌که‌ی ئاشقان (کانی ئاشقان) و گرتن و ڕاونانی خه‌ڵکی هه‌ڵسوراو و چالاك. زۆرێكمان ناچاربوون په‌نابه‌رینه به‌ر بۆمبارانکه‌رانی ١٩٨١- ١٩٨٨ و له ئوردوگه‌کانی ئێران‌دا چاوه‌ڕێی له‌تێك نان بمێننه‌وه، ئه‌وانه‌شمان که مانه‌وه یا گه‌ڕانه‌وه بۆ شار، هه‌موو ساتێك دڵمان له مشتماندا بوو. چونکه سه‌ره‌رای ڕاپه‌ڕینی شار دژی ڕژێمی به‌عس و ئاواره‌بوونی نیوه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ ئێران، که‌چی بۆردومانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دۆستی پارته به‌رهه‌ڵستکاره چه‌کداره‌کان له‌سه‌ر شار تاکو ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ هه‌ر به‌رده‌وام بوون و سه‌دانی دیكە بوونه قوربانی سه‌وداومامه‌ڵه‌ی ئه‌وان و کۆماری ئیسلامی ئیران و بێده‌نگه له‌و تاوانانه کرا.”
“هاوڕێم، له ١٣ی ئازاری ١٩٨٨‌وه که‌وتینه به‌ر تۆپبارانی تۆپخانه‌کانی له‌شکری کۆماری ئیسلامی ئێران و تا له دوانیوه‌ڕۆی 15ی ئازاری ١٩٨٨دا سوپای عیراق به پێی پیلانی پێشووتر، خۆی دا به‌ده‌سته‌وه یا له شار به‌ره‌و سه‌یساده‌ق کشایه‌وه و سوپای پاسداران و له‌شکری ئێران به به‌ربووکی (پ‌د‌ک) و (ینک) و (حسک) و (بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له کوردستانی عیراق) و (جندوڵڵا) و …تد هاتنه نێو شار و هه‌موو شاڕێگه‌کانی شاریان داخستن و له‌نێو شاردا مۆڵدراین و بۆ ڕۆژی دوایی فڕۆکه‌کانی سوپای بۆرجوازی عیراق که‌وتنه ساخکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می کارگه‌کانی کیمیایی دروستکردن و پێنج هه‌زار مۆم له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی تۆ له شه‌هیدان داگیرسان. ببووره هاوڕێم له‌بیرم چوو، بۆت بگێڕمه‌وه، که چۆن له پاش گیانبه‌خشینی تۆ و زینده‌باچاڵکردنی برینداره‌کان، ماڵی مه‌لا و سه‌رۆکخێڵ و سه‌رۆکچه‌کداره‌کان “فرسان سه‌لاحه‌دین” و “سووکه‌کان” بوو به میوانخانه بۆ پێشوازی فه‌رمانده‌کانی (قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان) و (قه‌رارگای خاته‌مولئه‌نبیا) و له‌وێدا پلانی وێرانکردنی شاره‌که‌م کێشرا. من زۆرم به‌بیرنایێت و زۆریم له گێرانه‌وه‌ی که‌سوکاره‌وه به‌رگوێ که‌وتووه، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی بۆتی ده‌گیڕمه‌وه، زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ده‌یزانن و ڕۆژێك ده‌بێت، وه‌ك لاپه‌ڕه‌ی پڕ تاوانی (نازییه‌کان) و (فاشییه‌کان) و(فرانکۆییه‌کان) و (ستالینییه‌کان) و ،،تد ده‌که‌ونه به‌رچاوی هه‌مووان، چونکه تا سه‌ر مێژوو بۆ که‌س په‌رده‌پۆشناکرێت!”
“به‌ڵام هاوڕێم، ئه‌وه ده‌زانم، که پاش ڕاپه‌ڕین ئێمه گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر وێرانه‌یه‌ك، له هه‌ر چوارلاوه گه‌ڕاینه‌وه هه‌ڵه‌بجه و هۆرامان و شاره‌زوور، تا یاداوه‌رییه‌کانمان لێك گرێبده‌ینه‌وه و له‌وێوه ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی مێژوومان بکه‌ین. به‌ڵام له‌وه ده‌چوو ئه‌وانه‌ی که له ١٣ی ئازاری ١٩٨٨دا پێشله‌شکری ئێرانیانکرد و بیانوویان دایه ده‌ست خوێنرێژه‌که‌ی به‌خداد، تاوه‌کو کیمیایی و ته‌قه‌مه‌نی که‌ڵه‌که‌بووی زه‌ڕاتخانه‌کانی گه‌وره هێزه‌کان به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا ساخبکه‌نه‌وه، هێشتاکه دڵیان ئاوی نه‌خواردبیته‌وه و له ساڵی ١٩٩٣- ٢٠٠٣ کۆمه‌ڵێك شه‌ڕی میلیشیاییان کێشایه شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه و هۆرامان و لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌یان به ده‌ستبه‌سراوی و به فه‌رمانی جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی شه‌ڕ له نێوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌دا گوله‌بارانکرد و قه‌سابخانه‌که‌ی (خێڵی حه‌مه)یان ئافه‌راند.”
“هاوڕێم، نازانم له کوێوه ده‌ست پێبکه‌م و چیت بۆ بگێڕمه‌وه، شته‌کان زۆرن و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان خێڕا.. وه‌ك وتم پاش ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١، کاتێك که جه‌ماوه‌ر له شاره‌کانی خوارووی عیراق، وه‌ك کاردانه‌وه‌ی پاش تیکشکانی هێزه‌کانی عیراق له کوێت دا، ڕاپه‌ڕین و ئه‌مه بوو به په‌یامێك بۆ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر له کوردستان و تێكشکاندنی داموده‌ز‌گەكانی ڕژێمی به‌عس. به‌ڵام به‌ره‌ی کوردستانی هه‌روه‌ك چۆن پێشله‌شکری ئێرانی بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه کرد، هه‌ر ئاواش له یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی ڕاپه‌ڕینه‌وه که‌وته گفتوگۆ له‌ته‌ك ڕژێمی نیوه‌گیانی به‌عس و کۆڕه‌وێکیان سازکرد و پاشان ڕێگه‌یان بۆ خۆش‌بوو، تاوه‌کو گفتوگۆی پشتپه‌رده‌یان بێننه پێش په‌رده و به هاوبه‌شی له‌ته‌ك به‌عس، کۆنترۆڵی شاره‌کانیان کرد. به‌ڵام جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، ملکه‌چی سه‌وداومامه‌ڵه‌ی ئه‌وان و به‌عس نه‌بوو و جارێکی دیكە له سێپتەمبەری ١٩٩١دا خه‌ڵکی له سلێمانی و هه‌ولێر ڕاپه‌ڕییه‌وه و له هه‌ولێر (ئاراس مه‌ولود****) به کاروانه‌که‌ی تۆوه په‌یوه‌ستبوو. ڕژێم ناچاربوو کشایه‌وه و له کوردستان دێوه‌جامه‌ی هه‌ڵبژاردن و پارله‌مانیان به‌سه‌ر مێژووی پڕ شه‌ڕه میلیشیاییاندا دا و له‌و سا‌وه هه‌موو ساڵێك له‌١٦ی ئازاردا که‌وتنه به‌ڵێن و به‌ڵێنکاری به خه‌ڵکی و ئه‌مه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی توڕه‌کرد و بڕیارماندا له ساڵیادی ٢٠٠٦دا په‌لاماری ده‌سه‌لاتی قه‌ره‌قوشی بۆرجوازی کورد بده‌ین و شاربه‌ده‌ریان بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا ڕوویدا، پێچه‌وانه‌ی خۆشباوه‌ڕی زۆرێك ده‌رچوو و ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرجوازی کوردیش وه‌ك ده‌سه‌لاتدارانی بۆرجوازی عیراق (به‌عس) منیان وه‌ك تۆ گوله‌بارانکرد و ئیدی لێرەو بەدوا منیش ئاگادارنیم و مه‌گه‌ر خوێنه‌رانی ئه‌م یاداوه‌رییانه، بیخه‌نه سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیكەی مێژوو.”
“هاوڕێ، منیش وه‌ك تۆ له‌وه‌ی که جه‌سته‌م بۆ ئازادی کردووه به به‌یداخ و ژیانم به‌خشیوه، هیچ په‌شیمان نیم و دڵنیاشم تاوه‌کو مرۆڤ سه‌روه‌ری مرۆڤ بێت، تاوه‌کو ئازادی له کونجی زیندانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداراندا چوارمێخه کێشرابێت، تاوه‌کو مێژووی ڕاسته‌قینه له بری تۆماری فه‌رمی له‌سه‌ر دیواری زیندان و ژووره‌کانی چاوه‌ڕوانی له‌سێداره‌داندا بنووسرێته‌وه، تاوه‌کو منالان- ده‌ستگێڕ و کچان- له‌شفرۆش و پیران- ده‌رۆزه‌که‌ر و دایکان و باوکان- بێکار بن، پێویستده‌کات هه‌زارانی دیكەی وه‌کو من و تۆ به خوێنی خۆیان ئاڵای ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی سووربکه‌ن. له‌م ڕۆ به‌دواوه تا ئازادی سه‌راپای کۆمه‌ڵگه، ئاڵای هه‌ر بزاڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نیوه‌ی به خوێنی چه‌وساوان سوور و نیوه‌که‌ی تری ڕه‌ش، هێمایه‌ك بۆ خه‌موپه‌ژاره‌ی ئازیزان و به‌جێماوانمان، ئاڵایه‌ك که خه‌می ئێمه و ئه‌وان پێکه‌وه گرێبداته‌وه، ڕۆژێك دێته پێشه‌وه، له‌سه‌ر هه‌ر که‌لاوه‌یه‌کی هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵبکرێت، ئه‌و ڕۆژه‌ی که خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه بڕیاری شاربه‌ده‌رکردنی ده‌سه‌لات و پارته ڕامیارییه‌کان ده‌دات و هه‌ڵه‌بجه ده‌بێته هه‌رێمێك بۆ هاتنه‌دی خه‌ونه‌کانی من و تۆ و ئاراس و ئه‌وان …”
***********************************************
* ئه‌م په‌یامانه، نامه‌ی کراوه‌ن و ئاراسته‌ی هه‌موو که‌سێکی به‌ویژدان ده‌کرێن، به‌و هیوایه‌ی هه‌ر که‌سه و له جێی خۆیه‌وه په‌یام و وه‌ڵامی خۆی بخاته‌سه‌ر، تاوه‌کو لاپه‌ڕه شاراوه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ئایاری ١٩٨٧ و چۆنیه‌تی له‌شکرکێشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه و کیمیابارانکردنی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس و هۆی بێده‌نگه‌ی ده‌وڵه‌ته چه‌پ(بلۆکی خۆرهه‌ڵاتی) و ئیسلامی (ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کان) و دیموکراته‌کانی (ده‌وڵه‌تانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپا و ئوسترالیا) دونیا به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه و دواجار گولله‌بارانکردنی لاوانی هه‌ڵه‌بجه له شه‌ڕی میلیشیاکان و ته‌قه‌کردن له خۆپیشانده‌رانی ٢٠٠٦ی ساڵیادی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و بریاری له‌سێداره‌دانی چالاکانی ئه‌و خۆپیشاندانه، له ساخته‌کردن و ئاوه‌ژووکردنه‌وه بپارێزین و بزاڤێکی جه‌ماوه‌ری به به‌شداری هه‌موولایه‌ك بۆ دادگایی‌کردنی تاونبارانی به‌رله‌شکری ئێران و کیمیابارانکه‌ران و گولله‌بارانکه‌ران و ته‌قه‌که‌ران له خۆپیشاندانه‌که‌ی ساڵیادی ٢٠٠٦ ی هه‌ڵه‌بجه له دادگه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ی بێلایه‌ندا به سزای ڕه‌وای خۆیان بگه‌ن، ئه‌وسا هه‌موومان پێکه‌وه زامه‌کانی هه‌ڵه‌بجه ساڕ‌ێژ بکه‌ین…
** مه‌ریوان، لاوێکی خوێندکاری شاری هه‌ڵه‌بجه بوو، که له ڕاپه‌ڕینی ئایاری ١٩٨٧ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا له چوارڕیانی شاردا به گولله‌ی زرێپۆشی سوپای بۆرجوازی عیراق گیانی له‌ده‌ست دا و لاوێتی له پێناو ئازادی و وه‌ده‌رنانی له‌شکری ڕژێمی بۆرجوازی عیراق له کوردستان به‌خشی و دروشمی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی له ئایاری ١٩٨٧دا “کرێکاران له‌م شۆڕشه‌دا بێجگه له زنجیره‌کانی ده‌ستوپێیان هیچ له‌ده‌ستناده‌ن، به‌ڵام جیهانێك به‌ده‌ستده‌هێنن” بوو.
*** کوردۆ، لاوێکی هه‌ڵه‌بجه‌یی، که له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ئازاری ٢٠٠٦ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌پێناو ئازادی‌دا به گولله‌ی سیخوڕ و ئاساییشە‌کانی بۆرجوازی کورد گیانی له‌ده‌ستدا. کوردۆ گیانی خۆی کرده مۆمێك بۆ ڕوناکی خستنه‌سه‌ر په‌رده‌ی ڕه‌شی تاوانه به‌رده‌وامه‌کانی ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی کورد.
**** ئاراس مه‌ولود، هه‌ڵسوڕاوێکی کۆمونیست، کوڕه کرێکارێکی هه‌ولێر، چالاکێکی شوراكانی ھەولێر و ڕاپه‌رینه‌کانی ئازار و سێپتەمبەری ١٩٩١، که به گولله‌ی لیژنه ته‌نسیقییه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی و ڕژێمی به‌عس له‌به‌رده‌م پارێزگه‌ی هه‌ولێردا له ڕاپه‌ڕینی دووه‌مدا کوژرا و جه‌سته‌ی گیانبه‌خشیوی چه‌ند ڕۆژێك له‌لایه‌ن لێژنه‌ی ته‌نسیقی (به‌ره‌ی كوردستانی و به‌عس)وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا. ئاراس له ڕاپه‌ڕینی دووه‌مدا گیانی به‌خشی تا له‌شکر و داموده‌زگه‌کانی ڕژێمی بۆرجوازی به‌عس له کوردستان، کوردستانبه‌ده‌ر بکرێنه‌وه.
ئه‌زموونێك له دوێنێ و وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وڕۆ
ئه‌زموونێك له دوێنێ و وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وڕۆ
٠٢ی ئەپڕیلی ٢٠١٠
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت، پێیهه‌ستم، ئه‌نجامدانی ئه‌رکێکی سه‌رشانمه که ده‌بوو له ساڵانی ڕابوردوودا (١٩٩٨ – ٢٠٠٩) پێیهه‌ستم و له فه‌وتان و له‌بیرچوونه‌وه ڕزگاریبکه‌م. بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی عیراق- ئێران و له گه‌رمه‌ی پیاده‌کردنی قۆناخی دووه‌می وێرانکردنی گونده‌کانی کوردستاندا، له گه‌رمه‌ی تۆپبارانه هه‌رڕۆژه‌ییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا بۆ سه‌ر شاری ھەڵەبجە، ئێمه خوێندکارانی ئه‌و کاتی ئاماده‌یی ھەڵەبجە‌ی کوڕان، وه‌ك بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆی خوێندکاران دژی یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی به‌عس “الاتحاد الطلبة والشبیبة العراق”، که ئه‌و ڕۆژانه (پاش نیوه‌ی ساڵی ١٩٨٧) خه‌ریکی سیناریۆی خۆهه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی که‌سانێك بوون به‌ناوی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خوێندکاران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له هه‌ر خوێندنگه‌یه‌ك چه‌ند که‌سێك که پێشتر ژێربه‌ژێر ئه‌ندامی یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی ڕژێمی به‌عس بوون، خۆیان کاندید کردبوو.
له‌ته‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، له‌نێو خوێندکاراندا بوو به مقۆمقۆ و که‌سانێك که پێشتر به هاوه‌ڵیتی و ناسیاوی متمانه‌مان به‌یه‌کدی زۆر بوو، بڕیاری به‌شدارینه‌کردن و ده‌نگنه‌دانمان دا و که‌وتینه پاگه‌نده دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ڕژێم. له‌و هه‌ڵسوراوانه‌ی که فره‌تر هاوه‌ڵێتی خوێندکاری به‌یه‌که‌وه گرێیدابووین و هه‌ر که‌سه‌و لایه‌نگری بۆ لایه‌نێکی ئۆپۆزسیۆن هه‌بوو یا بێلایه‌ن بوو؛ که‌سانی ئه‌تاهیستمان تێدابوون، هاوکات که‌سانی ئایینداریش، که‌سانی ناسیونالیست و که‌سانی خۆبه‌سۆیالیستزان، هه‌موومان دوو شت کۆی ده‌کردینه‌وه: یه‌که‌م خوێندکاربوون و داخوازییه هاوبه‌شه‌کانمان. دووه‌م، دژایه‌تی ڕژێمی دیکتاتۆر و داگیرکه‌ر. له‌وانه‌ی که چالاکانه کۆششیان بۆ بایکۆتکردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه کرد: کامه‌ران عه‌لی شمعه، شادمان مورادخان، شیرکۆ زه‌رده‌هاڵی، نه‌وزاد ده‌له‌مه‌ڕی، ئه‌یوب، نه‌هرۆ باوه‌کۆچه‌کی، من و…تد به‌داخه‌وه ناوی زۆرێك له‌و ئازیزانه‌م له‌بیرنه‌ماوه و ته‌نانه‌ت ناچاریش بووم، که له بری ناوی سیانییان، ناوی گوند ناوچه‌کانیان بنووسم.
هاوکاتی زیادبوونی ده‌نگۆی هه‌ڵبژاردنه‌که، که له سه‌ره‌تاوه وه‌ك پاگه‌نده‌یه‌ك له‌به‌رچاومان ده‌گرت، هه‌وڵی ئێمه‌ش چڕتر ده‌بووه‌وه و ناوی که‌سانێك که تا ئه‌و کات ژێره‌کی له ڕیزه‌کانی یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی به‌عسدا کاریانده‌کرد، ئاشکراتر ده‌بوو، له‌وانه ناوی دوو که‌سیانم له‌بیر ماوه: (دڵشاد عارف بیاره‌یی، سه‌ردار هاواری) بوون – به داوایلێبوردنه‌وه، دیسانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی که ناوی سیانییانم له‌بیرنه‌ماوه، ناچاربووم ناوی گونده‌کانیان بۆ ناسینیان بکه‌مه پاشگری ناوه‌کانیان، هیچ مه‌به‌ستێکی ناوچه‌گه‌ری و ئایینگه‌ری له‌پشت ئه‌م ناوهێناناوه نییه-. ئه‌وان به‌ناو خوێندکاراندا ده‌گه‌ڕان و داوای ده‌نگپێدانیان ده‌کرد.
هه‌رچه‌نده ئامانجی ڕژێم له‌م سیناریۆیه، جه‌ماوه‌ریکردنه‌وه‌ی یه‌کێتییه‌که‌ی بوو به‌هۆی ڕاکێشانی که‌سانێك بۆ نێو لیسته‌که‌ی و هاوکاتیش دیاریکردنی که‌سانی ئۆپۆزسیۆن. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌بوو بۆ سه‌ر ئێمه. به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه نه‌یتوانی نه ئێمه و نه که‌سانی دیكەی بێلایه‌ن و خوێندکارانی دی، ناچار به ملدان به‌و سیناریۆیه بکات و که‌سانێكمان باجی ئه‌م ڕاوه‌ستانه‌وه‌یان دا.
تا ده‌هات ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و ڕسوابوونی کاندیده‌کانی ڕژێم فراوانتر و ئاشکراتر ده‌بوو. واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که نزیکبووه‌وه و بێجگه له چه‌ند که‌سێك، که‌س ئاماده‌نه‌بوو خۆی کاندیدبکات. ئه‌مه‌ش ڕێکخراوی پارتی به‌عس (المنظمة)ی ناچارکرد، که به‌خۆیان بێن و به زۆره‌ملێ خوێندکاران ده‌ستنیشانبکه‌ن. چه‌ند ڕۆژ پێش هه‌ڵبژاردنه‌که – هه‌رچه‌نده له‌به‌ر دوو هۆ ڕۆژه‌که دیارینه‌کرابوو: یه‌که‌م نه‌بوونی ژماره‌یه‌کی پێویست له کاندید بۆ به‌رپاکردنی سیناریۆکه و دووه‌م، له‌ترسی نه‌هاتنی خوێندکاران له‌و ڕۆژه‌دا، چه‌ند که‌سێك له ڕێکخراوی پارتی به‌عس- پۆلی ھەڵەبجە هاتن، له‌وانه که زۆر ناسراوبوو و هاکاتیش له ناوه‌ندی مه‌وله‌وی کوڕان مامۆستا بوو، مامۆستا (خوزه‌یر) بوو. ئێمه له گه‌رمه‌ی وانه‌دا بووین و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که‌مان مامۆستا (حەیدەر عوسمان) له‌ته‌ك پیاوه‌کانی ڕێکخراو هاتنه ژووره‌وه. به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان ترسێکی زۆر له ڕوخساری نیشتبوو، چونکه ئه‌و پۆله‌ی ئێمه دیاربوو و زۆرجار به ئاشکرا مشتومڕی ڕامیاریمان ده‌کرد یا له‌مه‌ڕ مێژووی نووسراوه و که‌تواریی ئایینه‌کان قسه‌وباسمان ده‌کرد. پاش کورته‌یه‌ك له‌مه‌ڕ یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی به‌عس و پێویستبوونی بۆ خوێندکاران و ئامانجه‌کانی، مامۆستا (خوزه‌یر) پرسی “کێ خوازیاره خۆی کاندیدبکات؟”. که‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. جارێکی دیكە هه‌مان پرسیاری کرده‌وه و وتی “ ئێمه پێمانخۆشه خۆتان ئاره‌زوومه‌ندانه خۆتان کاندیدبکه‌ن، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامنه‌ده‌نه‌وه و هاریکاریمان نه‌که‌ن، ناچارده‌بین خۆمان چه‌ند که‌سێکتان لێ دیاریبکه‌ین!“ دووباره که‌س ئاماده‌نه‌بوو. ئه‌و جار که‌وتنه هه‌ڕه‌شه و وتیان “ئه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بێت، ئه‌وا له خوێندن ده‌ریده‌که‌ین و خۆی له چاره‌نووسی به‌رپرسیاره!“ دیسانه‌وه که‌س ئاماده‌نه‌بوو.
هه‌ڵویستی یه‌کگرتووی ئێمه، زۆر نائاسووده‌یکردن و که‌وتنه سووکایه‌تیپێکردن و ترساندنمان. ئه‌وه‌ش سوودی نه‌بوو، بۆیه که‌وتنه په‌نجه ڕاکێشان بۆ خوێندکاران و به‌زۆری کاندیدکردنیان. ئه‌مه‌ش هه‌ر سوودی نه‌بوو. چونکه زۆربه وتیان نایکه‌ین و هه‌ر که‌سه پاسا و هۆیه‌کی دیپلۆماسیانه‌ی بۆ ئاماده‌نه‌بوونه‌که‌ی هێنایه‌وه. به‌ڵام بۆ ئه‌وان پاساوه‌کان په‌سه‌ندنه‌بوون و که‌وتنه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردن و گرتن. یه‌کێك له‌و که‌سانه‌ی که به زۆر ده‌ستنیشانکران، ناوی (نه‌هرۆ بوو (به‌داخه‌وه ناوی سیانیم له‌بیر نه‌ماوه، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم خه‌ڵکی (باوه‌کۆچه‌ك بوو)، وتی “من ئاماده نیم و نایکه‌م”. پیاوه‌کانی ڕژێم هاوارییان به‌سه‌ریداکرد و وتیان “هه‌سته سه‌رپێی و بزانین بۆ ئاماده نیت؟” له وه‌ڵامدا نه‌هرۆ وتی “نایکه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی که نایکه‌م!“ وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی دیكە ئه‌وانی توڕه‌کردن، چونکه هه‌مووانی خسته پێکه‌نین و هاوکاتیش گاڵته‌پێکردن بوو به پیاوه‌کانی ڕژێم.
به‌و جۆره هیچیان هه‌ڵنه‌کڕان و به‌ده‌م هه‌ڕه‌شه‌کردنه‌وه له پۆله‌که‌مان ده‌رچوون. هه‌مان ڕۆژ بۆمان ده‌رکه‌وت، که به بڕیاری ڕێکخراوی به‌عس، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاماده‌یی هه‌ڵه‌بجه ناچارکراوه، نه‌هرۆ و ئه‌وانی دیكە له خوێندن بێبه‌شبکات یا بۆ خوێندنه‌گه‌ی دیكە بیانگوێزێته‌وه، له‌وانه نه‌هرۆ نێردرا بۆ (په‌یمانگه‌ی ئیسلامی هه‌ڵه‌بجه). به‌ڵام ئه‌مه‌ش دادی ڕژێم و کاندیده‌کانی نه‌دا و بڕیارمان دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بایکۆتکردنه بەرەوپێشه‌وه به‌رین. چه‌ند ڕۆژ دواتر، له کاتێکدا وه‌ك هه‌موو ڕۆژێك بۆ پشووی پاش وانه‌ی یه‌که‌م، ویستمان به‌ره‌و هه‌وشه‌ی خوێندندگه‌که بڕۆینه‌ده‌ره‌وه، دیتمان چه‌ند چه‌کدارەکانی سوپای گه‌لی (الجیش الشعبی) ده‌رگه‌کانیان داخستوون و چه‌که‌کانیان کردووه‌ته خوێندکاران و ناهێڵن، که‌س بچێته ده‌ره‌وه. یه‌کسه‌ر زانیمان له‌به‌ر چییه و به په‌له که‌وتینه ناو خوێندکاره‌کان، به‌تایبه‌ت هاوپۆله‌کانی خۆمان و پێمانوتن بچنه ئه‌و پۆلانه‌ی که ڕاکێشکراون و ده‌نگیانداوه و خۆتان به‌وان تێکه‌ڵبکه‌ن و ئێمه چووینه پۆلی شه‌شه‌می ئه‌ده‌بی، که ڕێك به‌رامبه‌ر پۆله‌که‌ی ئێمه بوو. به‌و جۆره پیلانه‌که‌مان پوچه‌ڵکرده‌وه و زۆرێك خۆیان دزییه‌وه و به‌شداری ده‌نگدانمان نه‌کرد.
ڕاسته ڕژێم توانی به زۆری چه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردن له خوێندن، که‌سانێکی ناچار به ده‌نگدان کرد، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که‌سانێکی زۆر به‌شدارییاننه‌کرد و پاش هه‌ڵبژاردنیش هه‌ڵبژڕدراوه‌کان ته‌نیا ناوبوون و هیچ ڕۆڵ و کاراییان نه‌بوو و که‌سیش به‌هه‌ندی وه‌رنه‌ده‌گرتن و وه‌ك سیخوڕ له‌ناو خویندکاراندا چاویان لێده‌کرا.
ئه‌مه‌ی لای سه‌ره‌وه کۆمه‌لێك بیره‌وه‌ری منن وه‌ك هه‌ڵسوراوێکی ئه‌و ده‌مه، که چالاکانه له‌و بایکۆتکردنه و قسه‌وباسه‌کاندا به‌شداریمکردووه، له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌وڵه سه‌ربه‌خۆییه‌ی خوێندکاران، که ڕێکخه‌ریی هیچ پارت و ڕێکخراوێکی رامیاریی نه‌بوو. بایکۆتی یه‌کێتییه پاشکۆکه‌ی به‌عس که بۆ ده‌سته‌مۆکردنی خوێندکاران – هه‌ر وه‌ك ئه‌و ڕێکخراوه پاشکۆیانه‌ی که له‌پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه له نێو خوێندکاراندا ڕۆڵی سیخوڕی پارته‌کان و ده‌سه‌لات ده‌گێڕن- سه‌ریهه‌ڵدابوو، سه‌ره‌تا و چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕێنێك بوو، که پاشتر له ئایاری ١٩٨٧دا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی خسته نێوان ده‌سه‌لاتی ناهاوسه‌نگی به‌عس و جه‌ماوه‌ر و به خاپوورکردنی گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره‌ی ئه‌م شاره و زینده‌به‌چاڵکردنی زیاتر له ٧٦ بریندار و ئاواره‌بوونی هه‌زاران که‌س کۆتایی هات.
ئه‌و ڕۆژانه شاری هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا له‌ژێر فشاری ده‌زگه سیخوڕی و داپڵۆسێنه‌ره‌کانی ڕژێمی به‌عسدا نه‌بوو، به‌ڵکو ڕامیاران و تێکۆشه‌ران که‌وتبوونه ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌کدارگه‌لێکی خۆفرۆش که به‌هۆی نه‌خشه و پیلانی دوولایه‌نه‌ی ڕژێمی به‌عس و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان له قه‌واره‌ی ” فه‌وج خه‌فیخه” و “فورسان سه‌لاحه‌دین” و هیدیكەدا سه‌ریانهه‌ڵدابوو. به دیاریکراوی له‌و ڕۆژانه‌دا یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عیراق، له به‌رامبه‌ر یه‌کدیدا لایه‌نگرانی خۆیان بۆ پێكهێنانی “فه‌وجی خه‌فیفه” – که ڕژێمی به‌عس بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی گیانی خێڵه‌کی خێڵ و تیره‌کانی جاف دروستیده‌کردن- هانده‌دا و بۆ دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه لایه‌نگری و شوناسی ئه‌و سه‌رۆكخۆفرۆشانه ئاشکرابوو.
دوا وته، ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه بیره‌وه‌ری بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره و به‌دڵنیاییه‌وه زۆر شت و ناوی زۆر که‌سم له‌بیرچووە. هه‌ر بۆیه داوا لێبوردن له هاوپۆل و هاوه‌ڵانی ئه‌وده‌م ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر ناویانم به‌هه‌ڵه یا ناته‌واو نووسێبێت. چونکه ئه‌م ڕۆژانه له‌ژێر پاشکاراییه‌کانی کیمابارانی ١٩٨٨دا ده‌ژیم و وه‌ك هه‌ر بریندارێکی ئه‌و شاره وێرای ئازاری به‌رده‌وام و ده‌روونفشارده‌ر و بێچاره‌سه‌ر، به به‌رده‌وامی وێنه و یاداوه‌رییه‌کانی کاره‌ساته‌کانی پاش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ئایاری ١٩٨٧ و کیمیابارانه‌که‌ی ئازاری ١٩٨٨ ئازارمده‌ده‌ن و زۆر جار نائومیدی تا لێواری گۆڕ ڕاکێشمده‌کات. هه‌ر ئه‌و باره جه‌سته‌یی و ده‌روونییه، ناچاریکردم وا به په‌له و نیوه‌وناچڵ ئه‌م ساڵ بکه‌ومه خۆم و ئه‌م بیره‌وه‌رییه بخه‌مه سه‌ر په‌ره‌یه‌ك و له فه‌وتان یا شێواندن ڕزگاریبکه‌م.
ئه‌گه‌ر خوێنه‌رانی هیژا سه‌رنجبده‌ن، ده‌بینن ئه‌و بزاڤانه‌ی که سه‌ربه‌خۆ و جه‌ماوه‌ری گشتی بوون، یا له‌بیرکراون یا هه‌وڵی شێواندنیا دراوه، له‌وانه‌ش ڕاپه‌ڕینی ئایاری ١٩٨٧ که له ڕۆژگاره‌دا گه‌وره‌ترین و سه‌خترین ڕاپه‌ڕین بوو، ڕاپه‌ڕێنێك که سه‌ربازانی هێنراوی ئوردنی ناچار به ته‌قه‌ڕاگرتن و ملدان به یه‌کێتی سوپا و گه‌ل کرد و چه‌کداره کورده خۆفرۆشه‌کانیشی ناچار به سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه بۆ به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر کرد و زۆرێکیان ناچاربوون له‌ته‌ك هه‌ڵسوراوانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا ڕوو بکه‌نه ناوچه ئازاده‌کانی ده‌وروبه‌ری شار و واوه‌تریش له‌ته‌ك ئاواره‌کان به‌ره‌و ئێران بڕۆن.
هیوادارم به‌م سه‌ره‌تایه و به‌م گێڕانه‌وه کورته، هاوپۆل و هاوه‌ڵه‌کانی ئه‌وسام هاندابن، که پێنووسه‌کانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و ئه‌م تاقه ئه‌زموونه سه‌ربه‌خۆییه‌ی خوێندکاران له فه‌وتان و فه‌رامۆشی ڕزگاربکه‌ن و ئه‌و شتانه‌ی که من له‌بیرمچوون یا ئه‌و که‌سانه‌ی که ناویانم نه‌هێناوه، به‌سه‌ربکه‌نه‌وه، تاوه‌کو ببێته هه‌وێنی بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازادیخوازانەی خوێندکارانی ئه‌وڕۆ، که وه‌ك ده‌بینین، خوێندکارانی ئه‌وڕۆش وه‌ك خوێندکارانی ئه‌و کاتی ئێمه گیرۆده‌ی ده‌ستی یه‌کێتییه سه‌پینراو و پاشکۆکانی پارته ڕامیارییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتن و به‌و هۆیه‌وه به‌سه‌ر چه‌ندین گروپی دژبه‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت کراونه‌ته ئامرازی سیخوڕی به‌سه‌ر یه‌کدییه‌وه و له‌وانه‌ش ڕۆڵی یه‌کێتییه‌کانی سه‌ر به کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوه ئیسلامییه‌کانی کوردستانی عیراق، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیـۆکراتی کوردستان و لایه‌نه‌کانی دیكە له شه‌ڕی ناوخۆی ١٩٩٤ – ١٩٩٨ باشترین نموونه‌ی سیخوڕی و گرتن و ئاواره‌کردنی چه‌ندین خوێندکاری شه‌ره‌کانی کوردستانن …
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان / بەشی نۆھەم
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی نۆھەم
ھەژێن :
ھاوڕێ تاھیر، ئەوەی كە لەنێوچوونی سەرمایەداری لە گرەوی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتییدایە، منیش ھەمان بۊچوونی تۆم ھەیە، بەڵام ناتوانم ناوی كۆمونیستبوون لەسەر ئەو شۆڕشە كۆمەڵایەتییە دابنێم، لەبەرئەوەی كۆمونیستبوون لەتەك ناو و ڕابوردووی پارتە كۆمونیستەكان و دەوڵەتە بەناو كۆمونیستەكان، ھاوتا و ھاوواتابووە، ھەر لەبەرئەوە من شۆڕشی سۆشیالیستی، كە خاڵی ھاوبەشی نێوان ئەناركیستەكان و ماركسیستەكانە بەكاردەبەم. ئەو لێكدانەوەیە بۆ بەسەرەنجامگەییشتنی ململانێكە و خاڵی تەقینەوەی ناكۆكییە چارەسەرھەڵنەگرەكان، بەدروست دەبینم، بەڵام ھیچ پێشمەرجێكی تەكنۆلۆجی و پەسەرەندنی ئابووریی و ڕێكخستنێكی ڕامیاریی بە پێویست نازانم و تەنیا بە خاڵی دووەمەوە گرێیدەدەمەوە، كە ھوشیاریی و ئامادەیی و ناچاریی پرۆلێتێرەكانە بۆ ڕزگاربوون لە نەھامەتییەكانی سەرمایەداری و خۆڕزگاركردن لە ژێردەستەیی سەروەریی كەسانی دیكە. وەك پێشتر وتم ئەمە لە ھەموو سەردەمەكاندا ئەگەری دەبوو، ئەگەر ھوشیاریی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕەتكردنەوەی سەروەریی لەئارادابووایە. ھەڵبەتە ھوشیاریی لەخۆیەوە نایێتەبوون و بەرھەمی بەرەو لوتكەكشانی ململانێكەیە، كە بەپێی ئەزموونگیریی لە شكستەكان، شۆڕشگێرەكان [لێرەدا مەبەست لە دەستەیەكی ڕامیارپیشە یا ئاراستەەیەكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی نییە، بەڵكو مەبەست ھەموو كەسێكە كە ژیان لە سایەی سەروەریی كەسانی دیكەدا بە كۆیلەتی دەزانێت و خوازیاری یەكسانی بەرھرەمەندی لە تواناییە ئابوورییەكان و دادوەریی كۆمەڵایەتییە] بە پلەیەكی باڵاتر لە ھوشیاریی شۆڕشگێرانە دەگەن.
بەڵام بەداخەوە، وەك پێشتر وتم، ھەم ماركس و ئەنگڵس، ھەم پاشڕەوانیان، لەبەرئەوەی كە پرۆسێسی شۆڕش و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی یا داھاتوو بە دوای ڕوخانی سەرمایەداری دەبەستنەوە و بەپێچەوانەی ئەوەی كە تۆ لە پەرەگرافەكانی پێشووتردا بە یاسای گۆڕان و گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی ناوی دەبەیت، ھەروەك تۆ، دان بەوەدا دەنێن، كە ڕەتگەرەوەی سیستەمەكانی پێشتر (كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی) لە مناڵدانی ھەمان سیستەمەوە سەرھەڵدەدەن و لەڕووی بنەمای ئابووریی و پەیوەندی بەرھەمھێنان و گۆڕانی كۆمەڵایەتی و ئامادەیی ھوشیاریی شۆڕشگیرانەوە گەشەدەكەن، بەڵام كاتێك كە دەگەنە سەر چۆنیەتی لەنێوبردنی سەرمایەداری و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی، یاساكانی گەشەكردن و ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ڕەتدەكەنەوە، ھەر بۆیە سەرەتا بۆ ڕوخاندنی سەرمایەداری دەستەوداوێنی پارتی پێشڕەو و دواتر بۆ بەرگرتن بە گەڕانەوەی سیستەمی ڕوخاو، ناچار بە دروستكردنەوەی دەوڵەت دەبن و لەبەرئەوەی كە ناتوانن نكۊڵی لە كڕۆكی دیكتاتۆریی دەوڵەت بكەن، بۆیە دێن و پڕۆلیتاریا دەكەنە پاشگری دیكتاتۆری دەوڵەتەكە . بەڵام ئیدی لێرەوە دەستەوداوێنی خەیاڵبافی دەبنەوە و تا مردنی خۆشیان و پاشڕەوانیان نەیانتوانی مەتەلی خۆبەخۆپووكانەوەی دەوڵەتەكە شیبكەنەوە و وەك تەوقێك كردیانە ملی پڕۆلیتاریا و بوو بە ئامرازێك بۆ ڕامكاربازی ڕامیارپێشەكان.
لەبەرئەوەی پێشتر وتارێكم لەژێر سەردێری (کێ دیکتاتۆره، پارت یا پرۆلیتاریا؟)دا نوویسوە، بۆیە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم بابەتە ناوەستم، تەنیا دەپرسم ئەگەر شۆڕشی پڕۆلیتاریا بۆ لەنێوبردنی دژەكەی واتە بۆرجوازییە، ئەدی خۆی وەك چینێك پاش لەنێوبردنی دژەكەی، چۆن دەمێنێتەوە؟ ئایا بەبێ بوونی بۆرجوازی پرۆلیتاریا وەك چینێكی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی چینایەتی دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ئەگەر وەڵام ئەریێیە، كەواتە ئەو كات ھێشتا سەرمایەداری ماوە، كە ئەویش مابێت، ئیدی قسەكردن لە سەركەوتنی شۆڕش، بێواتایە! ئەگەر بۆرجوازی وەك چینی سەروەر نەمابێت، وەك پێشتریش وتمان، دەبێت زەمینەی مانەوە و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنانی بۆرجوازی تێكشكابن. كاتێك كە تێكشكانێكی ئاواش لە پرۆسێسێكی مێژووكردی شۆڕشگێرانەدا ڕوویدابێت، گەڕانەوەی ئەستەمە، ھەروەك گەڕانەوەی سیستەم و سەروەریی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەڕێتەوە، ئەوەش لەبەر تێداچوونی ئامادەیی ڕاپەڕیوان بۆ مانەوە و ملدان بە سەروەریی داراكان. كاتێك ئامادەییەكی ئاوا بۆ گێڕانەوەی سەرمایەداری لەنێو ژێردەستانی كۆمەڵگەدا مابێت، كەواتە قسەكردن لە سەركەوتنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی و یەكلاكردنەوەی ململانێی چینایەتی بەلای سۆشیالیزم‌دا، لە ھەراوھوریای ڕامیارپپشەكان بەولاوەتر نابێت!
بەڵێ ھاوڕێ، من دەرك و تێگەییشتنم لەوە زیاتر بوارم نادات، بڕوا بە خۆم بھێنم، كە ئەوەی لە ڕوسیە ڕوویدا، شكستی تیئۆری دەوڵەتە بەناو پڕۆلیتێرەكەی ماركس و ئەنگلس نەبووبێت و لەو بڕوایەشدام، ئەگەر لەجێی لێنین و ھاوڕێكانی، ماركس و ئەنگلس و ھەژێن و تاھیر و زاھیر و فوئاد و ..تد بوونایە، لەوان باشترمان جێبەجێنەدەكرد. بەپێچەوانەوە، من لە شكستی ئەو تیئۆرییەدا سەركۆنەی لێنین ناكەم، ھەروا كە لە دادگەییكردنەكانی سەردەمی (ستالین)دا لەبری سەركۆنەی ستالین، بۆ یەكەمین پاكتاو یا پاڵافتەكردنی ڕیزەكانی پارت لەیەكەمین كۆنگرەی پاش ١٩١٧ لەسەر دەستی لینین دەگرێمەوە، ھەروا شكستی ئەو تیئۆرییەش بۆ ھەڵەتێگەیشتینی (ماركس و ئەنگلس)ی دەگێڕنمەوە، كە بەداخەوە لە كاتی نێونەتەوەیی یەكەمدا چەپلە و پیداھەڵدانی پاشڕەوانیان، بواری پێداچوونەوە و پاشگەزبوونەوەیان لەو ھەڵە مێژووییە، كردە نەنگێك و ئەو دوو ھاوڕێیە نەیانتوانی بچنە ژێری.
بەپێچەوانەوەی ڕەخنەی گشت ھاوڕێ ماركسیستەكانەوە لە كۆمونەی پاریس، یەكەم ھۆكاری شكستخواردنی نەبوونیی پارتی پێشڕەو نەبوو و ھەروەھا بەرێوەربردن لەوێدا بەرەو دەوڵەتییبوون نەچوو، بەڵكو بەڕێوەبردنی كۆمونەیی (سۆڤیەتی) بوو؛ كە شانازی بۆلشەڤیزم بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، ئەوەی لە كۆمونەدا نەتوانرا دەستی بۆ ببرێت، ئەوان ئەنجامیانداوە؛ واتە پارت و دەوڵەت، ئەوەی لە ئۆكتۆبەردا پێیھەستان. بە بۆچوونی من سەرەنجامگیریی ماركس لە كۆمونە و ڕێكخستنی كۆمونەیی، گەورەترین ھەڵەی مێژوویی بوو، كە بەسەریدا تێپەڕی. ھۆكاری ئەوەش، بۆ كارایی بلانكییەكان لەسەر ماركس و ئەنگلس لەمەڕ شۆڕش و دەوڵەت و سۆشیالیزم دەگەڕێتەوە، ئەوەی كە لێنین لە پارتی پۆلایین و دواتر لە دەوڵەتدا گەشەی پێدەدا و مەنسووری حیكمەت لە پرسی “دەسەڵاتی ڕامیاریی و كۆمەڵگە”دا بە لوتكەی دەگەیێنێت و بلانكیزم دەھێنتەوە نێو سەردەمی ئێمە.
لە درێژەی وەڵامەكانی ھاوڕێ تاھیردا ئاوا ھاتووە ” بۆچی شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا دەبێت قۆناغ بەندی بکرێت؟ پێویستی، دەوڵەت و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕوانگەی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە چییە؟ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە؟ ………“
بەداخەوە ھاوڕێ، دەبێت ئەوە بڵیـم، كە لەم سەرنجانەی دواییتدا، بەخۆشت باسەكەت فراوانتركردووەتەوە، بۆیە منیش ناچارم و بەناچاری دەبێت قسە لەسەر گەشەی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بكەم. بەڵێ منیش لەوەدا كە گۆڕانە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان بە ڕاستەھیڵ و بە شێوەی یەكسان و لەدوای لاوازبوونی شێوەیەك لە بەرھەمھێنان، یەكسەرە كۆتایی پێنەھاتووە و شێوەیەكی دیكە لە سنووری كۆتایی ئەودا دەستیپێنەكردووە، بەڵكو ھەمیشە پرۆسێسێكی بەیەكداچوو بووە و ھەرواش دەبێت، چونكە گۆڕانی ئەوان وەك ڕوخاندنی خانوویەكی كۆن و ڕۆنانی خانوویەكی نوێ نییە، كە ڕۆنانی نوێیەكە لە خاڵی كۆتایی پرۆسێسی ڕوخانی كۆنەكەوە دەستپێبكات، نەخێر بە پێچەوانەوە، لەسەردەمی كۆیلایەتیدا زەمیندارە ئازادەكان ھەبوون، كە بە ھاوڵاتی ئازاد یا ئازادەكان ناوبراون، ھەروەك چۆن لە سەردەمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداریشدا بەتایبەت لە ئەمەڕێكا، لە كێڵگەكاندا كۆیلە ڕەشپێشتەكان ھەبوون و كاریاندەكرد.
دیسانەوە بەبۆچوونی من و لە ڕوانگەی ئەناركیزمێكەوە، كە من پاگەندەی دەكەم [چونكە لەوانەیە ئەناركیستانێك ھەبن، دژی ئەم بۆچوونەی من بن]، ئەمە یەكێكی دیكەیە لە جیاوازییە بنەڕەتییەكانی تێڕوانینی ئەناركیستی و ماركسیستی، كە ھاوڕێیانی ماركسیست، ھەموو گۆڕانێك و ھەموو ھەنگاونانێك بۆ لاوازكردن و بنكۆڵكردن لە سیستەمی سەرمایەداریدا بۆ پاش سەركەوتنی ڕاپەڕینی سۆشیالیستی ئەوەی ئەوان بە شۆڕش ناوی دەبەن، ھەڵدەگرن، واتە ئەو كاتەی كە پارتی پێشڕەو دیكتاتۆریی خۆی بەناوی پرۆلیتاریاوە ڕادەگەیێنێت و لەوێوە وەك ڕوخاندن و ڕۆنانی خانووەكە، دەست بە ڕۆنانی ژێرخانی ئابووریی و سەرخانی ڕامیاریی دەوڵەتیی بەناوی سۆشیالیزمەوە دەكەن و ئیدی ئەوی بەھەر بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێكەوە دژی یا لەتەك بڕیارەكان ناكۆك بوو، ئەوا مادامەكی لەتەك نەخشە و بڕیاری پارتدا ناكۆكە، ئۆتۆماتیكی دەبێتە دوژمنی كۆمونیزم و پڕۆلیتاریا.
بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەناركییەكان [لایەنیكەم من] ھەم لەبەرئەوە دەوڵەتبوونی سۆشیالیزم ڕەتدەكەنەوە و ھەم لەبەرئەوەی كە لەو بڕوایەدان، سۆشیالیزم وەك ئەلتەرناتیڤی ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە منداڵدانی سیستەمی سەرمایەداریدا دەبێتە ئەڵتەرناتیڤ و بەشێك لە كولتووری تاكی چەوساوە، ھەڵبەتە لەوێوە كە تاكە ھوشیارەكان بەكردەوە، لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەدا، ھەم ڕێكخراوە جەماوەرییە پڕۆلیتێرییە سەربەخۆكان دەكەنە فێرگەی پەروەردەی تاكی كۆمەڵگەی نوێ و ھەم ھەرەوەزییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەنە شێوازی ڕێكخستنی سەربەخۆی ناكۆك بە سیستەمی زاڵ؛ لەم بارەوە پێویست نییە بگەڕێمەوە سەر ئەزموونەكانی ئۆكرانیا و ئیسپانیا و ئیتالیا، بەڵكو ئەوەندە بەسە سەرنجی داگیركردنی كارخانەكان لە ئەرژەنتین لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمەوە و بەڕێوەبردنیان لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتی بە كۆمەڵی كرێكارانەوە، كە ئەم ڕۆژانە لە یۆنان و میسر و ئیسپانیا ھەوڵی بۆ دراوە و دەدرێت و تەنانەت لە ئیسپانیا ھاوڕێیانی كۆمونیست [كۆمونیستی نا حزبی و نا لینینی] لەم ھەوڵەدا بەشدارییان ھەیە و لە شارەوانی ناوچەیەكدا وێرای داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و بێكاری و نەبوونی لەڕادەبەدەر، لە كۆمونەكەی ئەواندا، بەپێی دانپێدانانی ماسمیدیا، كە وەك پەڕجووی ئابووری ناوی دەبەن، كە ھەم ئابوورییان ڕوو لە گەشەیە و ھەم بێكارییان نییە و ھەم لە ئاشتی و ئارامیدا دەژین و ھەم كۆمەكی دەوروبەریشتیان دەكەن و ھەم تێروتەسەلن.
بەڵێ، لەبەر ئەو دوو ھۆیە، واتە ناھاوئاستبوونی گۆڕانەكان لە ھەموو شوێنەكان و سەردەمەكاندا و نەڕۆشتنیان بەھێڵێكی ڕاستدا، ئەو ئەزموونەی بە ئەناركییەكان چ لەسەردەمی پرۆدۆ‌ن و چ لە سەردەمی من و تۆدا بەخشێوە، كە لە دەرەوەی تێڕوانینە ڕامیاریی و تیئۆرییەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەڕێن، واتە لەنێو خودی ڕووداوەكان و گۆڕانە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا، ھەر بۆیە، یەكەم، دەستپێكردنی گۆڕانی سۆشیالیستی لە پاش ڕوخانی سیستەمی سەرمایەداری نابینین، بەڵكو ڕوخان و تیاچوونی سیستەمی سەرمایەداریی وەك بەرەنجامی بوون و گشتگیربوونی كۆمەڵایەتییكردنەوە (سۆشیالیزەكردن)ی كەرتەكانی بەرھمھێنان و خزمەتگوزاری و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە و بەرێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی دەبینن و ڕووخانی سەرمایەداریی لە خاڵێكدا ڕوودەدات، كە ئیدی نە سیستەمی ئابووریی و نە پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و نە سەرخانە ڕامیارییەكەی، ناتوانن وەڵام بە كۆمەڵگە و پێداویستییەكانی بدەنەوە و لە ململانێییەكی ڕۆژانەی توند و گشتگیر و سەرتاسەرییدا، بەلای ڕوخاندا ناھاوسەنگ دەبێت، ھەروەك سیستەمەكانی پێش خۆی؛ كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی بەو چارەنووسە گەییشتن. دووەم، دروستكردنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و دەوڵەتیكردنی پەیوەندییە كۆمەڵیەتییەكان و كەرتەكانی بەرھەمھێنان، تەنیا شكست و گەڕانەوە بۆ سەر بنەمای چیانیەتی بەرھەمدەھینننەوە. سێیەم، ھەروا كە چین و توێژە پرۆلیتێرەكان بەخۆیان ڕاگری بەردەوامی ژیانی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەن، ئاواش ڕێكخستنە جەماوەرییەكانیان دەتوانن باشترین یەكەی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە و ئامرازی خەبات بن و ھەر ئاواش لە ڕامیارەكان باشتر دەتوانن نێوەندەكانی كار و فەرمان و ژیانی خۆیان رێكبخەن و دیسانەوە نە پێویستیان بە پارت و نە ڕامیارپێشەكان و نە دەوڵەتتی سەرووخەڵكی و نە بیروكراسییەتی توێژی فەرمانڕەای خاوەن بەرتەریی ئابووریی و دەسەڵات، ھەیە.
ئەمانە تەنیا بۆچوونی خودی منن و نازانم تا چەندە بیریارانی كلاسیك و ھاوچەرخی ئەناركیست، ھاوبۆچوونی ئەمەن، بەڵام من ئاوا لە تێڕوانینی ئەوان گەییشتووم و ئەگەر بێت و ئەوان دژی ئەمە بیربكەنەوە و كاربكەن، ئەوا من لێرەدا تەنیا خۆمم و دژی ئەوان بیردەكەمەوە.
پاشان ھاوڕێ تاھیر دەڵێت ” ئەوە لە ئیرادەو توانای کەسەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت دەوڵەتەکانیش، وەک ئۆرگانی زەبروزەنگ و ئامڕازی سەروچینایەتیدا نەبووە و نییە کە مێژوو بخەنە سەر ڕاستەهێڵێک کە خۆیان مەبەست و ئامانجیان بووە، “
ھاورێ گیان، لە وەڵامی ئەوەی كە بەبۆچوونی تۆ، ئەوەی لە ڕوسیا لەسەر دەستی بۆلشەڤیكەكان [بۆیە دەلێم بۆلشەڤیكەكان، چونكە بڕوام بە جیاكردنەوەی سەردەمی لێنین و ستالین و تا پێش كۆتایی سەرۆكایەتی گرباچۆڤ نییە و ئەوانی دواییش درێژە و تەواوكەری سەرەتاكەن]، ھەمان شت نەبێت، كە ماركس و ئەنگلس لەبارەیەوە دواون. من یەكەم ئەم نیوەپەرەگرافەی خۆت، دەكەمە وەڵام، ئەگەر : یەكەم مێژوو لە دەرەوەی ویست (ئیرادەی)ی تاكەكانەوە بێت، ئەوا قسەكردن لەسەر شۆڕش و گۊرینی سیستەمی سەرمایەداری، دەچێتە خانەی خەیاڵی فڕینی مرۆڤ … . دووەم، پێویستبوونی پارت و ڕابەر و دیكتاتۆری پرۆلیتاریا و دەوڵەت بەناوی سۆشیالیزمەوە، دەچێتە ژێر پرسیار … . سێیەم، بێتاوانی بۆلشەڤیكەكان لەوەی كلێشە ئامادەكانی (ماركس و ئەنگلس)یان پیادەنەكردبێت، دەردەخات!
بەڵام من پێچەوانەی ئەوە دەبینم، یەكەم مێژوو ویستی تاكەكان [چ ئەوانەی بەرەنگاری دەكەن و چ ئەوانەی دەستەمۆیانە چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست ڕامیارەكان و سیستەمی ڕامیاریی] ئاراستەەی دەكەن. بۆ نموونە ئەگەر كۆیلە ڕاپەڕێوەكان ھوشیاریی دژی سەروەرییان ھەبووایە و ئەو ھوشیارییە پێگەی كۆمەڵایەتی ھەبووایە [نەك لێواری شمسیر و نووكی ڕم و تیری كەوان]، ئەوا زەمیندارە ئازادەكان لە شكستی ئیمپراتۆریی كۆیلەدارەكاندا نەدەبوونە، سەروەری نوێ، ھەروا، ئەگەر لە ڕاپەڕینی جوتیاران و نەدارانی شارەكاندا ئەو ھوشیارییە دژەسەروەرییە پێگەی كۆمەڵایەتی ھەبووایە، ئەوا بازرگان و خاوەنكارخانەكان و ڕۆشنبیرە بۆرجواكان و ڕامیاركاران، نەدەبوونە سەروەری نوێ، دیسان ھەرئاوا ئەگەر ئەو ئامادەییە كەمەی ھوشیاریی دژەسەروەریی لە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا گشتگیر بووایە، ئەوا سەروەریی پارتی بۆلشەڤیك و خاوەندارێتی دەوڵەتی (سەرمایەداری دەوڵەتی) جێگەی دەوڵەتی كاتی و ئەنجومەنی دامەزرێنەران و خاوەندارێتی تایبەتی (سەرمایەداری ئازاد) نەدەگرتەوە!
ھەڵبەتە وەك پێشتر وتم، منیش لەوەدا بەتەواوەتی ھاوبۆچوونتم، كە ڕەوتی مێژوویی پەرەسەندنی كۆمەڵگە و گۆڕانی شێوەكانی بەرھەمھێنان و سیستەمە ئابووریی و ڕامیارییەكان، لەپاڵیەكدا ڕیزكردنی كۆمەڵێك خانوو نییە، كە ئەندازیارێك و كۆمەڵێك كرێكار نەخشەی بكێشن و ڕۆیانبنێن، بەڵكو لە شێوەی پێكھاتەی چینەكانی زەمین، تێكەڵ بەیەكدی بوون و ئەو بەیەكداچوون و تێكەڵبوونەش گۆڕانی دروستكردووە، نەك پێچەوانەكەی. بەڵام ئاراستەەكردنی مێژووی مرۆڤایەتی ئافەرێنراوی كاركردی تاكەكانە.
ھەروەھا بە پێچەوانەی دیتنی تۆوە، من پلانە ئابووریی و ڕێكخستنە ڕامیارییەكانی بۆلشەڤیزم دەقاودەق بە وركردنەوە و پیادەكردنی تێڕوانینە ڕامیاریی و بنەما دەوڵەتیەكانی ماركس و ئەنگلس دەبینم. بۆیە ناچارم لە ھەموو ھاوڕێیانی ماركسیست بپرسم، ئەگەر ئەنگۆ لەجێی بۆلشەڤیكەكان بوونایە یا ئەمڕۆكە ڕاپەڕینێكی ئاوا بێتەڕوودان، وەك ماركسیستێك چیدەكەن، بۆ نموونە ئەگەر چەند شار و ناوچەیەك دژی بوونی ڕۆڵی پارتی پێشڕەو بوون، ئەگەر كرێكاران ملیان بە پلانە ئابوورییەكان نەدا، ئەگەر ناوچەیەك داوای جیابوونەوەی كرد، ئەگەر كۆمونە كشتكارییەكان ئامادەنەبوون لە پلانی دەوڵەتیدا بتوێنەوە و ببنە ئامرازی كاری زۆرەملێ، ئەگەر لە دەروونی پارتدا، فراكسیۆنی كرێكاریی و كۆمونیستی دژ بە سەرخەتەكانی پارت و ڕامیارییەكانی دەوڵەت دروستبوون، چیدەكەن؟
بەبۆچوونی من، وەڵامدانەوە بەم پرسیارە زۆر بەئاسانی گرێكوێرەی ماركسیستبوون و نەبوونی ئەوەی لە ڕوسیا ڕوویدا، دەكاتەوە و لەباری سەلماندنی ئەرێییانەدا، دەتوانێت پشتیوانییەكی تیئۆریی پتەو بێت بۆ پێویستبوونی دەوڵەت و پارت و نێوەندگەرایی ڕێكخستنی ئابووریی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و پێویستنوونی دەسەڵاتی ڕامیاریی!
لە ساڵی (١٩٨٣)وە من بەردەوام، ئەم پرسیارەم لە ھاوڕێ ماركسیست و لێنیست و مائۆئیست و ستالینیست و حیكمەتیستەكان ھەبووە، بەداخەوە نە ڕاستەوخۆ لە دەمی خۆیانەوە و نە لە دەقی ئەو ڕەخنانەدا، كە لە ئەزموونی بۆلشەڤیكەكان گرتوویان، تا ھەنووكە وەڵامم وەرنەگرتووەتەوە، چونكە نەیانتوانیوە بیسەلمێنن، كە ماركسیزم لەمەر پارت و دەوڵەت و سۆشیالیزم شتێكی دیكەیە و ڕۆشنی بكەنەوە، بە كامە جیاوازی ماركسیزم شتێكی دیكەیە، بۆیە تەنیا ھیوایەك بۆ ڕۆشنبوونەوەی ئەو جیاوازییانە، وەڵامدانەوەیە بەو پرسیارەی لای سەرەوە.
لێرەدا پاش پرسیارەكە دەگەرێمەوە سەر پرسی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی، …. بەڵام ناتوانین، ئامانج و خواستی كۆیلە ڕاپەڕێوەكان لەتەك ئامانج و خواستی زەمیندارە ئازادەكانی سەردەمی كۆیلایەتی لە دژایەتی و ململانێی بەرامبەر ئیمپراتۆری كۆیلەدارەكان یەكبگرین و ھەروەھا ئەوە زمیندارە ئازادەكان نەبوون، كە ھەرەسیان بە ئیمپراتۆری كۆیلەدارەكان ھێنا، بەڵكو ئەوە یاخیبوون و ڕاپەڕینی بەردەوامی چەند سەدەی كۆیلەلان بوو و زمیندارە ئازادەكان، خوازیاری لەنێوچوونی كۆیلایەتی نەبوون و پاش داڕمانی ئیمپراتۆرییەكان، درێژەیان بە كۆیلەراگرتنی ڕەشپێشتەكان و دیلگیراوەكانی وڵاتانی دیكە لەسەر كێڵگەكانی خۆیاندا و ئەمەش بووە بنەمای كۆیلەتی جوتییاران بۆ دەرەبەگەكان و ھەروا ململانێی بازرگان و خاوەنكارگە و ڕۆشنبیرە بۆرجوازییەكان لەتەك سیستەمی فیئۆداڵێیدا ھاوتا و ھاوسەنگەری ناڕەزایەتی جوتیاران لەو سیستەمە نەبوو و ئەوە بۆرجواكان نەبوون، كە دەرەبەگایەتیان ڕوخاند، بەڵكو ئەوە ڕاپەڕین و یاخیبوونی چەندین سەدەی جوتیاران و دوانەوەكانی كۆیلان بوو، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی ڕوخاند، بەڵام لە نائامدەیی ھوشیاریی دژەسەروەرییدا، بۆرجواكان ھەلی سەروەربوونی خۆیان دەقۆزنەوە و مێژوو بەو جۆرە ئاراستە دەكرێت، كە دەیبینین، بەواتایەكی دیكە ئەوە ھوشیاریی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانە كە مێژوو ئاراستەەدەكات، نەك پێچەوانەكەی. چونكە ئەگەر ئاوابێت، كە تۆ دەریدەبڕیت، ئەوا ئێمە سەرنشینانی شەمەندەفەر و كەشتییەكین، كە ڕەوت و ئاراستەی مێژووی ئێمە دیاریدەكات!
ھەرچەندە خەریكە لە چەقی مشتومڕەكە دووردەكەوینەوە، بەڵام لێرەدا بەپێویستی دەزانم، كە جیاوازی بۆچوونی خۆم لەمەڕ ڕۊڵی چینە دارا و سەروەرەكان بخەمەڕوو، چونكە ھاوڕێ تاھیر وروژاندوویەتی و ناكرێت بازی بەسەردا بدەم، ئەویش ئەوەیە، شۆڕش لەلای من واتە ھەوڵی گێڕانەوەی ویست و مرۆڤایەتی و سەربەخۆیی بۆ تاكە ژێردەستەكان، ئیدی ئەو تاكانە سەر بە چینێك، ڕەگەزیك یا نەتەوەیەك بن، وەك ئەزموونەكانی سەراپای مێژووی مرۆڤایەتی نیشانماندەدات، ئەو گێڕانەوەیەش بەبێ شۆڕشی كۆمەڵایەتی، واتە وێرانكردنی بنەما ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی سەروەری چێنایەتی، ناییێتەدی و ھەر ھەوڵێك بە ئاراستەەیەكی دیكە، دیسانەوە سەری لە نۆژەنكردنوەی سەروەری چینایەتی دەردەچێتەوە، وەك پاش ڕوخانی سیستەمی كۆیلەكان، پاش ڕوخانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و پاش ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازیی لە ڕوسییە، كە بەناوێكی دیكەوە سەروەریی چینایەتییان بەرھەمھێنایەوە. لەبەرئەوە ھیچ كات خانزادەكان و زەمیندارە ئازادەكانی لاورگی كۆیلایەتی و بۆرجواكانی لاورگی دەرەبەگایەتی و بۆلشەڤیكەكان یا سۆشیالدێمۆكراتەكان [مەبەستم لە تاكە ئازادیخواز و شۆسیالیستخوازەكانی خوارەوەی ڕیزی ئەو پارتانە نییە، تەنیا مەبەستم سەران و دەسەڵاتخوازنی نێو ئەو پارتانەیە]ی لاورگی بۆرجوازی، شۆڕشگێڕ نەبوون و ناشبن، چونكە تەنیا شۆڕشی چینایەتییان لەباربردووە و سەروەری چینایەتییان لە تیاچوون ڕزگاركردووە و تاكە ژێردەستە نارازییەكانیان بەناوێكی دیكە و بە كایەیەكی ڕامیاریی دیكە، دەستەمۆكردووەتەوە!
درێژەی ھەیە ….
******************************************************