ئه‌ریکۆ مالا‌تێستا (14ی دێسه‌مبه‌ری 1853 – 22ی جولای 1932) ئه‌نارکیستێکی یاخی بوو. زۆربه‌ی ژیانی له دوورخراوگه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی ئیتالیا به‌سه‌ربرد و به‌سه‌ریه‌که‌وه زیاتر له 10 ساڵی له زینداندا به‌سه‌ربرد. چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌کی رادیکاڵی نووسیوه و بڵاوکردووه‌ته‌وه.
مالا‌تێستا له سانتا ماریا کاپوا ڤێتهره Santa Maria Capua Vetere، له هه‌رێمێك له کاستێرتا Casterta (باشووری ئیتالیا) له‌دایك بووه. وی به‌هۆی نامه‌یه‌كه‌وه که بۆ شا (ڤیکتۆر ئیمانوێلی دووم)ی نووسی بوو، ده‌ستگیر کرا، که تێیدا سکاڵای له نادادوه‌رییه خۆجێییه‌کان کردبوو، ئه‌وه یه‌که‌مین زیندانیبوونی درێژماوه‌ی بوو و ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵ بوو.
کاتێك که له دانشگه‌ی ناپلس Naples، له بواری پزیشکیدا خه‌ریکی خوێندن بوو، له‌ته‌ك کۆماریخوازی مازانیان ئاشنا بوو؛ به‌ڵام له ساڵی 1871دا به‌هۆی به‌شداری له خۆپیشاندا له دانشگه ده‌رکرا، به‌راده‌یه‌ك به‌هۆی شه‌یدایی بۆ کۆمونه‌ی پاریس و به‌راده‌یه‌کیش به‌هۆی دۆستایه‌تی له‌ته‌ك کارملو پالادینۆ، به لکی ناپلس ئه‌نجومه‌نی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه په‌یوه‌ست بوو و له هه‌مان ساڵیش‌دا به شێوه‌ی خۆفێرگهری چاککردنه‌وه‌ی ئامێر و ئهلهکتریکاری فێر بوو.
ساڵی 1872 چاوی به میخایل باکونین که‌وت و له‌ته‌ك وی له کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی سنت ئایمهر به‌شادری کرد. مالا‌تێستا، چوار ساڵ دواتر، کۆمه‌کی پاگه‌نده‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له ئیتالیا کرد؛ دووباره وی به هۆی ئه‌و چالاکییانه‌وه ده‌ستگیر کرایه‌وه.
له ئه‌پریڵی 1877دا، مالا‌تێستا، کارلۆ کافیرۆ Carlo Cafiero له کۆڕی Russian Stepniak ئه‌ندام بوون (کۆڕێك بوو له ڕوسیه له سه‌ده‌ی 19دا، که Sergius Michaelovitch Kravchinski سه‌رۆکی پۆلیسی نهێنی روسیه‌یان له ساڵی 1878دا به خه‌نجه‌ر کوشت).
مالا‌تێستا و کارلۆ کافێرۆ و ئاندریا کۆستا Andrea Costa and Carlo Cafiero له‌ته‌ك 30 که‌سی تر، یاخیبوونێکیان له هه‌رێمی بێنێڤێنتۆ Benevento ده‌ست پێ‌کرد و به‌بێ پێکدادان ده‌ستیان به‌سه‌ر گونده‌کانی لێتینۆ Letino و گالۆ Galloدا گرت. شۆڕشگێڕه‌کان به‌ڵگه‌نامه‌کانی باج و سه‌رانه‌یان سووتاندن و کۆتایی میرایه‌تی پاشانهیان راگه‌یاند و پێشوازییان لێ کرا: ته‌نانه‌ت که‌شیشێکی خۆجێیی پشتیوانی خۆی لیێان ڕاگه‌یاند. به‌ڵام پاش به‌جێهێشتنی گالۆ له‌لایه‌ن سه‌ربازانی میرییه‌وه ده‌ستگیر کران و پاش 16 مانگ زیندانی به‌ر دران.
پاش کۆمه‌ڵێك هێرشی تیرۆریستی بۆ سه‌ر خێزانی پاشایه‌تی و پارێزه‌رانیان، که‌سانی ڕادیکاڵ که‌وتنه به‌رچاودێری به‌رده‌وامی پۆلیس. ته‌نانه‌ت وێرای ئه‌وه‌ی که ئه‌نارکیسته‌کان ڕایان ده‌گه‌یاند هیچ په‌یوه‌ندییان به‌و هێرشانه‌وه نییه، مالا‌تێستا، که لایه‌نگری شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ئه‌ویش که‌وته ژێر ئه‌و چاودێرییانه. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناپل، وی ناچار بوو به ته‌واوی ئیتالیا به‌جێ بهێڵێت، به هۆی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌وه، خولی دوورخراوه‌یی ئه‌و ده‌ستی پێ‌کرد.
ساڵی 1878بۆ ماوه‌یه‌کی کورت چووه میسر و سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك له دۆستانی ئیتالیایی کرد، به‌ڵام زۆر به خیرایی له‌لایه‌ن کونسولگه‌ری ئیتالیاوه له‌وێ دوور خرایه‌وه. له کاتی گه‌شته‌که‌یدا و پاش کارکردنی له‌سه‌ر که‌شتییه‌کی فه‌ره‌نسی و ڕێگرتن لێی له چوونه ناو بۆ سوریه، تورکیه و ئیتالیا، له شاری مارسی دابه‌زی و له‌وێوه چووه جنێڤ له سویسرا و دواتر تێکه‌ڵ به هه‌ندێك کۆڕوکۆمه‌ڵی ئه‌نارکستی بوو. له‌وێنده‌رێ له‌ته‌ك ئێلیزه ڕێکلو Elisée Reclus و پیته‌ر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin کۆمه‌کی ده‌رکردنی بڵاوکراوه‌ی La Révote کرد. ئه‌گه‌ر چی وی زۆر زوو له سویسرا ده‌رکرا و له ساڵی 1880دا، پاش تێپه‌ڕبوونی به ڕۆمانیا، پاریس و به‌لجیکا به‌ره‌و له‌نده‌ن گه‌شتی کرد.
مالا‌تێستا له له‌نده‌ن وه‌ك به‌سته‌نی (گێمه‌ڕ) فرۆش و میکانیك کاری ده‌کرد و له ساڵی 1881دا له کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌شداری کرد، که له‌وه‌وه نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌نارکیست په‌یدا بوو. له ساڵی 1882دا چووه میسر تاکو له دژی داگیرکارییه‌کانی ئینگلته‌ره خه‌بات بکات، دواتر پاش ساڵێك به نهێنی گه‌ڕایه‌وه ئیتالیا. له فلورانس ده‌ستی به بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی ئه‌نارکیستی پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی La Questione Sociale کرد، که تێیدا خۆشه‌ویسترین نامیلکه‌ی له‌نێوان جوتیاران Fra Contadini بۆ یه‌که‌مین جار بڵاوکرده‌وه. مالا‌تێستا له ساڵی 1884دا گه‌رایه‌وه ناپلس، له بارێک‌دا که چاوه‌ڕێ بوو سێ ساڵ له زیندان به‌سه‌ر ببات – تاکو پهرهستداری (سه‌روکاری) قوربانیانی نه‌خۆشی کولێرا Cholera بکات. جارێکی تر، وی بۆ هه‌ڵهاتن له زیندان له ئیتالیا رای‌کرد و چووه ئه‌مه‌ریکای باشووری. له ساڵی 1885ه‌وه له بۆینس ئایرێس ژیا، له‌وێنده‌رێ وی ده‌ستی به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی La Questione Sociale کرد و له پێکهێنانی یه‌که‌مین یه‌کێتی کرێکارانی خه‌باتکار له ئه‌رژه‌نتین، یه‌کێتی نانه‌واکان به‌شداری کرد و له‌وێ کارایی ئه‌نارکیستی له بزاڤی کرێکاریدا بۆ ساڵانی دواتر به‌جێهێشت.
له‌ته‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌وروپا له ساڵی 1889دا، وی ڕۆژنامه‌یه‌کی به‌نێوی Ľ Associazione له شاری نیس (شارێك له باشووری فه‌ره‌نسه) تاکو ئه‌و ده‌مه‌ی که ناچار بوو به خێرایی به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵبێت، بڵاو کرده‌وه. بۆ هه‌شت ساڵی دواتریش مالا‌تێستا له له‌نده‌ن نیشته‌جێ بوو، به‌ڵام گهشتگهلێکی نهێنی بۆ فه‌ره‌نسه، سویسرا و ئیتالیا ده‌کرد و له‌ته‌ك تری‌دا دێل مارمۆل Tarrida del Marmol بۆ کۆنفرانسێك له ئیسپانیا گه‌شتی کرد. به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه وی به‌شێك له نامه گرنگه‌کانی، له‌وانه Ľanarchiaی نووسی. پاش ئه‌وه له ساڵی 1907دا مالا‌تێستا له کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌نارکیستی ئهمسترهدام به‌شداری کرد، له‌وێدا مشتومڕێکی دووقۆڵی له‌ته‌ک پییه‌ر مۆنات Pierre Monatte ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌نارکیزم و سه‌ندیکالیزم کرد. مۆنات وای نیشانده‌دات، که سندیکالیزم شۆڕشگێڕانه‌یه و هه‌لومه‌رجی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌به‌ر ده‌ڕه‌خسێنێت، له کاتێکدا که مالا‌تێستا ئاوای ده‌ربڕی که سه‌ندیکالیزم به ته‌نیا به‌س نییه. وی پێ وابوو، که یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان ڕیفۆرمیستن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار بۆی هه‌یه کۆنه‌پارێز بن. هه‌روه‌ها له‌ته‌ك کریستیان کۆرنێلیسێن Christiaan Cornelissen، یه‌کێتییه کرێکارییه‌کانی ئه‌مه‌ریکایان به نموونه هێنایه‌وه، که ئه‌و یه‌کێتییه‌کانی کرێکارانی شاره‌زا، هه‌ندێك جار بۆ پارێزگاری له ڕێوشوێنی تاڕاده‌یه‌ك به‌رته‌ری خۆیان له‌ته‌ك کرێکارانی ساده ده‌که‌ونه ناکۆکییه‌وه. مالا‌تێستا ساڵی 1912 له دادگه‌ی پۆلیسی شه‌قامی بۆو police court bow street به تاوانی سووکایه‌تی و سنووربه‌زاندن داواکرا، که به بڕیاری سێ مانگ زیندانی و پێشنیاری دوورخرانه‌وه کۆتایی هات. ئه‌م بڕیاره له ڕێی که‌مپه‌ینی چاپه‌مه‌نییه ڕادیکاڵه‌کان و خۆپیشاندانی ڕێکخراوه کرێکارییهوهکانهوه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
مالا‌تێستا پاش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، دواجار بۆ دوایین جار گه‌ڕایه‌وه ئیتالیا. دوو ساڵ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی، له ساڵی 1921دا میری ئیتالیا دووباره ئه‌وی زیندانی کرده‌وه، به‌م جۆره وی دوو مانگ پێش به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی فاشیسته‌کان له زیندان ئازاد کرا. له ساڵی 1924وه تا 1926، ئه‌و ده‌مه‌ی که بێنیتۆ مۆسیلینی ته‌واوی چاپه‌مه‌نییه سه‌ربه‌خۆکانی سه‌رکوتکرد، مالا‌تێستا گۆڤاری پێنسییرۆ ئێ ڤۆلۆنتا Pensiero e Volontà بڵاوکرده‌وه. هه‌رچه‌نده وی به‌ر ئازاردان که‌وت و گۆڤاره‌که‌ی که‌وته ژێر سانسووری میرییه‌وه، دوا ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی به‌ڕاده‌یه‌ك به‌ئارامی به‌سه‌ربرد و وه‌ك ئهلهکتریککارێك ژیانی ده‌گوزه‌راند. پاش ساڵانێك ناڵان له ده‌ست لاوازی کۆئه‌ندامی هه‌ناسه و هه‌ناسه‌ته‌نگی، تووشی ئاسما بوو و پاش چه‌ند هه‌فته وێڕای ئه‌وه‌ی که 1500 لیتر ئۆکسجینیان له چه‌ند کاتژێردا پێدا، به هۆی ئه‌و نهخشییهوه مرد و ڕۆژی هه‌یینی 22ی جولای 1932 گیانی له‌ده‌ست دا.
* ئه‌م ژیاننامه‌یه له نامیلکه‌یه‌کدا به‌ناوی “به‌ره‌و ئه‌نارکیزم” به‌زمانی فارسی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بلاوبووه‌وه، هاتووه. “به‌ره‌و ئه‌نارکیزم” ناوی یه‌کێك له وتاره‌کانی نووسه‌ره، که له‌م نامیلکه‌دا بلاوکراوه‌ته‌وه. بۆ زانیاری زیاتر، سه‌ردانی به‌سته‌ری وه‌رگێرانه فارسییه‌که http://cnt-ait.info/article.php3?id_article=1713 یا بۆ زانیاری زیاتر له‌مه‌ڕ ژیان و کردار و بۆچوونه‌کانی، سه‌ردانی په‌ڕگه‌ی (ئه‌رشیڤی ئه‌نارکیسته‌کان) http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/malatesta/Malatestaarchive.html بکه‌ن.