هەژێن
21ی ئەپریڵی 2012
هەر بە یادی بەردەم بنکەکەی ڕەوتی کۆمونیست لە هەڵەبجە، دیسانەوە دەڵێم، من هیچ جیاوازی لەنێوان بۆرەقە و تەنوورەدا نابینم… چونکە لە هەردووکیاندا ئەوە خواستی پیاوی پاوانخوازە (نەك هەموو پیاوان) دیاری دەکات، کە کامیان باش و کامیان خراپە و هەر ئەوەشە دیاری دەکات، کە کامیان مۆدی ڕۆژ بێت. لە یەکەمیاندا (عەباپۆشەکان)، ژن موڵکییەتی پیاوە وەك تاك و تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی بەس، بەڵام لە دووەمیاندا بۆ بەرژەوەندی سیستەمەکەیە وەك سەروەر، کە ژن دەکاتە کەرەستەی ڕیکلام لە پیشانگاکانی چەك و ئۆتۆمەبێل و جلەوبەرگ و هەرچی شتی پوچی لەو جۆرە هەیە…
بە بڕوای من مرۆڤی خاوەن دانش و هوشیار، هەروەك چۆن هەردووکیان لە بەزۆر سەپاندنیاندا ڕەتدەکاتەوە، هەرواش ڕێز لە هەردووکیان لە ئازادانە پۆشینیاندا دەگڕیت و ئەوە خودی ژنە دەبێت بڕیار بدات، کەجێ بپۆشیت و چی نەپۆشیت، نەك پیاوی پاوانخواز، ئەوروپیگەرا، پارتەکان و ئاراستەی ناسیونالیستی و مەزهەبی و بازاری سەرمایەداری!!!!
بەراستی جێی شەرمەزارییە، کە هێشتاکە کەسێك بێت (چ ژن چ پیاو) ڕێگە بەخۆی بدات و بلێت کامە پۆشاك بۆ ژن دروستە و کامە نادروست. ئایا وەها بڕیاردانێك، زادەی هەمان شوانەیی مەلاکان نییە بۆ ژنان؟ ئایا ئەمە نیشانەی بێدانشی تاکی کۆمەڵگەی کوردی نییە؟
ئەگەر پێتان وایە، سفورپۆشەکان هەموو مرۆڤی ئازاد و ئازادیخوازن و عەباپۆشەکان هەموو دواکەوتوون. ئەوا دەبێت بڵێم هەی هووو لە کەچدەرکیتان لە ئازادی!
ئایا ئەوە بەس نییە، کە بەشداری ژنان لە ڕاپەڕینەکانی ولاتانی عەرەبیدا، باشترین وەڵامیان بەو دەبەنگییە ئەوروپەگەرایی، پوچگەراییە (پڕۆ سەرمایەدارییە، نیئۆلیبراڵییە)ی چەپ و راستی کوردستان دایەوە و پێچەوانەی دەرکی پڕۆ ئەوروپاگەراکان، ژنانی ناسفوور پێشڕەوی پیاوان بوون!!
ئەم خۆبەکەمزانینەی تاکی پرۆ نیئۆلیبراڵی کوردستان بە رادەیەك گەیشتووە، کە نووسەرێکی ناسیونالیست بانگەوازی پەلەکردن لە کردنەوەی لەشفرۆشخانە لە کوردستان وەك پێشکەوتنێك دەکات، نەکا کۆماری ئیسلامی ئێران بروخێت و فارسەکان پێشی کوردچییەتەکەی ئەو لەو بوارەدا بدەنەوە.!!!
ئەوەی کە بەلای منەوە سەیرە، ئەوەیە کە لە خودی ئەوروپادا ژنانی فێمینستی رادیکاڵ و ئازادیخوازان و سۆشیالیستەکان، بەردەوام خەریکی دژایەتی ڕیکلامکردنن بە جەستەی ژنان و بەگروپ هێرش دەبەن و ڕیکلامەکان دەدرێنن و خۆپیشاندان دەکەن و بایکۆتی کڕینی ئەو کەرستانە دەکەن، کە ژن وەك کەرەستەی ڕیکلام بەکار دەبەن، کەچی بەناو فێمینستانی کوردستان و کۆمونیستەکان، بەپێچەوانەی ئەوانەوە خەریکی پەرەدامیدانن بەو ڕیکلامکردنە بە جەستەی ژنانەوە. ئایا ئەمە جێگەی پریسار لەخۆکردن نییە؟
لە ئەوروپا ئازادیخوازان واوەتر لەوە دژایەتی ڕیکلامکردن بە جەستەی ئاژەڵ و بەکاربردنی لەو بواردا دەکەن، کەچی چەپەکانی کوردستان، دەرکی ئەوە ناکەن و تا ئاستی مافی ئاژەڵێك ئەوە بە ژن ڕەوا نابینن، خۆی بڕیار لەسەر پۆشین و نەپۆشین بدات!! لەمانەش سەیرتر ئەوەیە، کە لە بارەی ئازادی و یەکسانییەوە، ڕامیاریی “بانێکەو و دوو هەوا” دەگرنەبەر؛ لەلایەك لە دژی سەپاندنی بڕیاری حیجاب لەلایەن مێرد و مزگەوتەوە دەوەستننەوە و لەلایەکی دیکەوە شانازی بە بڕیاری زۆرەملێیانەی دەسەلات و پەروەردەی هەرێم لە سەپاندنی پۆشاکی سفووردا دەکەن و پشیتوانی دەکەن و وەك هەنگوێنیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، بە هەموو لایەکدا بڵاوی دەکەنەوە.
ئایا ئەمە نیشانەی هاوترازیی مەزهەبیبوون و شوانەیی چەپەکان لە بەرامبەر مەزهەبیبوون و شوانەیی موسوڵمانە توندرەوەکاندا نییە ؟؟؟