ڕۆڵی دەوڵەت لە كێشمەكێشە كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەكاندا

ئەگەر دەوڵەت پارێزگاری لە مافی خەڵكی بێدەسەڵات بكردایە، یا بێلایەن بووایە، ئەوا دەمێك بوو كۆمپانییە جیھانلووشەكان كودەتایان بەسەردا كردبوو.

دەوڵەت نەتەوەیی بێت یا نیشتمانی، دیكتاتۆری بێت یا دێمۆكراتی پارلەمانی، پارتیی بێت یا پاشایەتی، ھیچ لە كرۆكە چینایەتییەكەی ناگۆڕێت، ھیچ لەوە ناگۆڕێت، كە  دەوڵەت بۆ لەناوبردنی دادوەری كۆمەلایەتی، ھەروەزی و ھاوپشتی مرۆیی، ئازادی و یەكسانی مرۆڤ ھاتووەتە بوون. ئەگەر دەوڵەت بچووكتری ناكۆكی لەتەك مشەخۆری بۆرجواكان ھەبووایە، ھەنووكە ناوی لەنێو ناوان نەما بوو. لە زمانی كوردیدا دەوڵەت لە (دەوڵەتمەندی)یەوە دێت، كە جوانترین پێناسەیە بۆی و ھیچ گومان لەوەدا ناھێڵێتەوە كە دەوڵەت بریتییە لە سەروەری سەرمایەداران (دەوڵەمەندان).