ھاوڕێیانی ھێژا، ئەوانەی كە دەربەستانە مامەڵە لەتەك ڕووداو و دیاردەكان دەكەن، تكایە … تكایە … تكایە .. بە وردەكارییەوە سەرنج لە پەیام و بڵاوكردنەوەی وێنەكانی ‘ھیتلەر’ لە فەیسبووكدا بدەن !!!!!!
لە سەردەمی دەسەڵاتداری ‘ھیتلەر’دا چاندنی نەمامی ‘داربەڕوو’ لە ڕۆژی یەكی ئایاردا، سیمبولی نازیزم بوو. ئەم ڕێوڕەسمە تا سالانێك پاش جەنگی جیھانی دووەم ھەر بەردەوام بوو.
٢٦ی ئۆگوستی ٢٠١٢ (ئەم ساڵ) لە وڵاتی ئاڵمان لە بیستەمین ساڵیادی سووتاندنی كەمپێكی پەنابەران و كۆچەران لە شاری ڕۆستۆك، لەلایەن نازییەكانەوە، سەرۆككۆماری وڵاتی ئاڵمان لەبەردەم ساختمانی كەمپەكەدا نەمامێكی ‘داربەڕوو’ی چاند، ئەمە بووە جێی ڕەخنە و گازەندەی ئازادیخوازانی ئاڵمان و ھەر ھەمان شەو كۆمەلێك چالاكی ئازادیخواز ‘داربەڕوو’ەكەیان بڕییەوە. و نووسییان ” ئەمە شەرمەزارییە بۆ خەڵكی ئاڵمان”…
ئەگەر خوێنەری ھوشیار و بەسەرنج بەدواگەران لە دووی یەكەمجار سەرھەڵدانی بیرۆكەی بەرزی و پیرۆكردنی داربەڕوو لە بزاڤی چەكداری كورددا، بكات، بەدڵنیاییەوە دەگەریێەوە بۆ سەردەمی چاندنی نەمانی ‘داربەڕوو’ لە ئاڵماندا وەك سیمبولی نازیزم. تكا دەكەم ئەگەر ئێوەی ئازیز بە سەرەنجامێكی دیكە گەییشتن، منیش لەو زانیارییانە بێبەش مەكەن، بۆئەوەی ھەرچی زووە بۆچوونی ھەڵەی خۆم ڕاست بكەمەوە…
ژمارەی (٨٨) كە بەپێی ژماردنی بەدواییەكداھاتنی پیتە ئاڵمانییەكان پیتی (ھ/ H)بەرابەرە بە ژمارە (٨) ، كە پیتی سەرەتای (بژی) بە ئاڵمانی (Heil) و پیتی یەكەمی ناوی ‘ھیتلەر’ بە (ھ) دەستپێدەكەن و بەم جۆرە ژمارە (٨٨) سیمبول و نیشانە و تاتوی نیئۆنازییەكانە لە ئاڵمان و دەرەوەی ئاڵمان.
كەچی ئەم ھێمایە لەلایەن فیلم -دەرھێنەرێكی كوردەوە كراوەتە ناونیشانی فیلمێك لەمەڕ كیمیابارانی ١٩٨٨ی ھەڵەبجە و كاتی خۆی وتاریكم لەو بارەوە نووسی، بەڵام نە دەرھێنەر باكی لە سەرنجەكەی من ھەبوو و نە وەڵامی پرسیارەكانی دامەوە و نە داوای لێبوردنی لە لەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە كرد و نە خوێنەری ھێژا كاردانەوەی لە خۆی نیشان دا.
ئەگەر لەوانە بگوزەرێم، ئەوەی كە زۆرتر لەم نووسینەدا مەبەستمە، ئەوەیە، كە لە ڕووپەڕی بەشداربووانی كوردزماندا (ئەوانەی كە بە ئەلفابێتی عەرەبی/ئارامی دەنووسن) دیاردەیەك ڕوو لە پەرەسەندنە، ئەویش گێڕانەوەی كۆمەڵێك قسەیە بە زمانی ‘ ئەدۆلف ھیتلەر’ەوە، كە لەو وتانەدا ‘پێشڕەوی فاشێسم’ لە پاش جەنگی یەكەمی جیھانییەوە، ئامۆژگاری مرۆڤەكان دەكات و ڕێیان نیشاندەدات، كە كێ دژەخونكەر و كێ مرۆڤی پاكە !
من زۆر دڵنیانیم, كەی و لە كوێدا ‘ھیتلەر’ قسەگەلی ئاوای كردووە و ئەو خەڵكی لە نیازخراپی رامیاران و دەسەڵاتداران و بەكرێگیراوانیان ئاگاداركردووەتەوە! بەڵام ھەرچەند دەكەم، ئاوەزم پەسەندی ناكات، فاشیستێكی وەك ‘ھیتلەر، كە ھەموو توانای راگەیاندنی خۆی بۆ فریودانی خەڵك بەتایبەت چەوساوانی ئاڵمان خستبووەگەڕ، ئاوا سادەلۆحانە بێت و خۆی خەڵك ھوشیار بكاتەوە و لە خۆی ھانبدات!
من لەپشت ئەم دیاردە و ھەوڵانەوە، ھەمان تەوژمی سەردەمی جەنگی جیھانی دووەم و دواتر دەبینم، كە لەلایەن ئەندامانی پارتی دێمۆكراتی كوردستان-عیراقەوە، ھەوڵی پەرەدان بە بیری نازیزم لە كوردستاندا دەدرا. وەك دەزانین و بەرێزانێكیش لەو بارەوە پێشتر نووسیویانە، چەند ساڵێكە لە ھەرێمی كوردستاندا پەرتووكەكەی ھیتلەر چەند جارە چاپ دەكرێتەوە و وێنە و سیمبولەكانی لەسەر دەر و دیواران ڕوو لە زیادبوونە و كاركێشاویەتە نێو فەیسبووك و خەریكە لە ڕێگەی نووسینەوەی كۆمەڵێ وێنە و رازاندنەوەوە قسەی، ‘ھیتلەر’مان لێ دەكەنە، پەندی پێشینان و لەو ڕیگەوە ئامۆژگاریمان دەكەن!!!
ھەرچەندە لێرە و لەوێ بەپێی توانا، ھەوڵمداوە سەرنج و پەیامی خۆم بۆ بینەرانی وێنە و وتە بەناوكراوەكانی ‘ھیتلەر’ بنووسم، بەڵام دیسان بەداخەوە، نادەربەستی خوێنەر و كەسانی ئازادیخواز، زۆر بە ئاشكرا دیارە و ئەو ھەموو كەمپەین و كەمپەینكارییە، كەچی نابینم، كەس لە ھەوڵی وەستانەوە و نووسین بێت لەسەر ھزری ھیتلەر و ڕوو لە شۆڤێنیزمنانی ناسیونالیزمی كورد، ھەڵوێست بنوێنێت و بنووسێت.
بە بۆچوونی من كاتی ئەوە ھاتووە، دەنگ ھەڵبڕین و بڵێن، ئێمە لەتەك ئێوەدا ھاوڕا و ھاوبۆچوون نین، ئێمە پەند و وانەی شۆرشگێڕی لە ئەزموونی خەباتی چەوساوانەوە وەردەگرین، نەك لە وتەی ھاوچینان و ھاوڕێیان و ھاوبیرانی ھیتلەرەوە!!!
بەكورتی من لە پشت ئەم پاگەندانەوە، ھەمان حەز و نیاز، دەبینم، كە كەسانێك قسەی دڵی خۆیان بەناوی “تەڵاقەكانی بارام بەگ [لەتەك ڕێزی بێپایانم بۆ ‘بارام بەگ’ی زەحمەتكێش]”ەوە دەكەن. ، ئەو كەسانە بە ھەمان شێوە كەسانێكی ناسیونالیست دێن و قسەی دڵی خۆیان لەپاڵ وێنەكانی ‘ھیتلەر’ەوە دەنووسنەوە. بەڵام بە جیاوازییەكی گەورە و دژییەك لەنێوان كەسانی لایەنگری “تەلاقەكانی بارام بەگ” و ‘وێنەكانی ھیتلەر’ و ئامانجیاندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە، كە كەسانی قسەخۆش و بیرتیژ، قسەكانی خۆیان لەپاڵ وێنە و خۆشەویستی و پێگەی كۆمەڵایەتی ‘بارام بەگ’دا بە ئێمە دەگەیێنن، بەڵام لایەنگرانی ‘ھیتلەر’ بەھۆی كۆمەلێك قسەی دروست و جێكەوتەوە خەریكن پەسەندی بە “وێنەی ھیتلەر و بیری نیئۆنازیزم” لە لای خوێنەری كەرد دەدەن و دەیكەنە سیمبولی خەڵك!!! ئەمە ھەمان كارە كە نیئۆنازییەكان لە وڵاتی ئاڵماندا خەریكن لەنێو خەڵكی بێكار و تەنگەتاودا دەیكەن!!!
دەبا ئێمەش ھەموو ئەوانەی كە دژی فاشیزم و نازیزم ھاوخەباتن، دەست بدەینە دەست یەك و دەنگ ھەڵبڕین:
” شاگردانی ھیتلەر، ڕاوەستن! ھیچ جیاوازی بەعسیزم و نازیزم نییە، بۆ رزگاری ئەم ھەرێمە و وەدەرنانی فاشیستەكانی بەعس، دەیان ھەزار قوربانیمان داوە، ڕێگە نادەین جارێكی دیكە لەم ھەرێمەدا بیروباوەڕی فاشیستی چەكەرە بكاتەوە و سێبەر بەسەر ژیان و خەیاڵ و خەونەكانماندا بكات”