تەواوگەری وەڵامەكان / ١

بەڕێزم، كاك نەژاد، برای من، من نووسیومە ئەوانەی كە پێیاندەلێن “ھیندە سوورەكان”، واتە من بە ھیندە سوورەكانیان نازانم، چونكە یەكەم سوور نین و خۆیان وەك ھێمای جەنگ و خوێن، ھێلی پانی سوور و ڕەشیان بە بەری چاویاندا ھێناوە… ھەروەھا “یەكەمین نەوە” ھەڵەیە، چوونكە ئەوانەی دیكە، كە بەنەوەی دووەم و سێیەم ناودەبرێن، كۆمەلێك مرۆڤكوژ و داگیركار و چەتەی ئەوروپی بوون و زێدی مرۆڤە نیشتەجێیەكانی ئەو كیشوەرانە (ئەوانەی كە ناوی ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدایان لێنراوە)یان داگیركردووە و پیاوەكانیان جینۆسایدكردوون و ژن و منالەكانیان بە كۆیلە گرتوون … دەزانی ئەوانە كێ بوون، ئەوانە بوون كە ڕەچەڵەكی خۆیان بە بالاتر لە مرۆڤەكانی دی دەبینی و ھەر كەس نەبووایەتە كۆیلەیان، جینۆسایدیان دەكرد.

ئازیزی من من ناوی ئەسكیمۆی و ئۆریجنەكانی دیكەم، لە بارەی ناسیونالیزمەوە نەھێناوە، بەڵكو لەبارەی دۆستایەتیان بۆ ئاژەڵ، وەك ڕەتكردنەوەی مەرجبوونی زمانی ستاندارد بۆ نەمانی سووكایەتی بە ئاژەڵ لای تۆ… من باسی خۆقوتاركردنی ئەوانم نەكردووە، برای ئازیزم، ئیتر بۆ قسەكانم پێچەوانە دەكەیتەوە؟ تكات لێدەكەم، ئەگەر ئارەزوومەندی لێدوانی دروستت ھەیە، واز لە شێواندنی وەڵامەكانی من بھێنە، خوێنەری ھێژا دەتوانیت ھەر سات بەراود بكات، ئایا من شتی ئاوام وتووە یا نا؟

ئەگەر ئەو ئەركە بكێشیت و كەمێك مێژووی ئەو كۆمەڵە مرۆڤانەی ئەو كیشوەرانە بخوێنیتەوە، ئەوا بۆ دەردەكەوێت، ئەوان بێجگە لە ناوی گروپەكەیان، ھیچ ناوێكی دیكەیان لە خۆیان نەناوە و تەنیا خۆیا بە مرۆڤ زانیوە و سروشتیان بە دایكی خۆیان داناوە ….

ئەزیزی من، من دەڵیم، كە ئەو ھەمووە ناونانە و ئەو ھەمووە پێناسە چەوتوچەوێڵانە بۆ شتێكی دروستكراو [ناسیونالیزم]، بۆ شتێك كە بێجگە لەبنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی ڕامیاران و مەقاشی دەستی سەروەران، ھیچی دیكە نەبووە و نییە و تەنانەت ئیدئۆلۆگەكانی ناسیونالیزم بەخۆیان گیریان بەدەستییەوە خواردووە و ناتوانن لەسەر پێناسێك بۆی ڕێككەون و ھەر ڕۆژەی بەرگێكی بەبەردا دەكەن، وەك وتم ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای سەروەری چینایەتییە و تەنیا بە مردنی لەو شوناسەی ڕزگاری دەبێت، ئیدی لەمە زیاتر دەتەوێت من كات بە چییەوە بكوژم، بە قسەكردن لەسەر ئەو ناو و شوناسانەی كە خودی ناسیونالیستەكان ناتوانن لەسەریان ڕێكبكەون؟

بەڕێزم، ئەگەر سەرنجیش بدەیت، دەبینی، كە ھەموو پیرۆزییەكان (ئایدیۆلۆجیاكان)ی سەرمایە ، بەتایبەت ئایین و ناسیونالیزم ، خەریكە مەرجەكانی بازارئازادی نیئۆلیبرالیزم، شەق لە پیرۆزییەكانیان ھەڵدەدات و بە ڕابوردوویان دەسپێنێرێت وخەریكە چەند شتێكی دیكە جێگەی ئەو مەقاشانە دەگرنەوە [ لە كاتێكی دیكەدا قسە لەسەر ئەوانەش دەكەم] … ئیتر نازانم ئەگەر خەریككردنی خەڵك نەبێت بە درۆیەكی پیرۆز [ناسیونالیزم]ەوە، ئەم ناونانە بێبنەما و دوور لە كەتوارانە، چی سەوز دەكەن؟

لە بەرامبەر گوتەكەی ھێگڵدا ئەوەندە بەسە بڵێین، ئەگەر دەسەلاتخوازان بەپێویستیان زانیوە خوا دروست بكەن، ئەوا ئێمەی قوربانی دەسەلات، دەبێت ئەو خوا دروستكراوەی ئەوان لەنێوبەرین و وڵات و نەتەوەش كە دەستكردی ئەو خوا دەستكردەن، سەرەنجامیان ھەر پووكانەوەیە و سنوورەكانیان تەنیا لە ھۆشی ئەوانەدا بوونیان ھەیە، كە نەیانتوانیوە خۆیان لە ڕابوردووی خێلەكی ڕزگار بكەن و سنووری پاوانەكانیان گەورەكردەوەتەوە و لەبری سەگ بۆ پاسەوانی، كۆمەڵێك مرۆڤیان بەناوی سەربازەوە دەبەنگ كردووە، بۆیە ئەركی ھەر مرۆڤێكی ئازادیخوازە كە پوچگەراییەكان [ئایین و ولات و نەتەوە]ی ئەو خودا دەستكردە لە ڕەوتی خۆھوشیاری تاكدا پوچەڵبكاتەوە!

لە بەرامبەر وتەكەی ‘ھۆبز’یشدا، كەتوارەكان ئەوەیان بۆ سەلماندووین، كە ئەو فیلۆسۆفانە، گیرۆدەی تەلیسمی شتگەلێكن [خوا و دەوڵەت و نەتەوە و نشیتمان]  و بێجگە لە پوچگەیایی لەو بارەوە، ھیچی دیكەیان بەرھەمنەھێناوە، ئەوەندە بەستە بڵێم ” لە كوێ دەوڵەت ھەبوو، لەوێ دادپەروەری كۆمەڵایەتی بوونی نییە، لەكوێ یاسای دەستكردی سەروەران ھەبوو، لەوێ ئازادی نییە.. بۆیە تكات لێدەكەم زۆر بە وردی بەراوردی ژیانی ئاژەڵەكانی نێو جەنگەڵ و ژیانی ئاژەڵە شارستانییەكە، بكە، بزانە ژیانی كامیان ھاوسۆزی و ھاودەری و ھاوژیاریی تێدایە و تێدا ماوە؟

من ھیچ سەرم لەوە سووڕ نامێنێت، كە ‘ھایدگەر’ ئاوا بڵێت، ئەگەر ئەو ئاوای نەگوتایە، ئەوا بە ئاسانی نەدەبوو بە مەقاشی دەستی ھیتلەر و نازیزم. من نازانم، تاكی كورد چ جوانییەك لە ھزری ھایدگەردا دەبینێتەوە، ئاوا شەیدای بووە و وەك دوعانووسەكان بۆ ھەموو دەردێك لەنێو ھەموو نوشتەیەكدا دەینووسن. من ئەوەندەی لە ناو كورددا لایەنگر و شەیدای ھایدگەر دەبینم، بڕواناكەم لەنێو ئاڵمانییەكاندا ئەوەندە دەروێس و سەوداسەری ھەبێت، بە بۆچوونی من، ئەمەش تەنیا بۆ تەشەكردنی بیری نازیزمە لەنێو تاكی كورددا بەتایبەت ھەرێمی كوردستان!

لە وەڵامی پێشووتری ئەم وەڵامەدا، وەڵامی ناوھێنانی شیوعییەكانم داوەتەوە، بەلامەوە سەیرە، تۆ بەو ناوەوە لەتەك مندا قسە دەكەیت، بۆ ناوی شیوعییەكان دەھێنیت، ئایا من پاگەندەی شیوعیبوونم كردووە؟ لە قسەكانمدا پشتم بە ھیچ بۆچوونێكی شیوعییەكان بەستووە؟ من تەنیا ئەوەندە لەم كارەی تۆ تێدەگەم، كە تۆ زۆر دژە-شیوعی بیت، بەڵام بەداخەوە ھەم دژایەتییەكەت و ھەم گێڕانەوەكانت لەمەڕ شیوعیەت، ئەوەی كە تۆ مەبەستتە [ماركسیزم]، لە تێگەییشتنی خۆتەوە نین لەمەڕ ماركسیزم، بەڵكو لە گێڕانەوەی خەڵكی دیكەوە وەرتگرتوون، بەداخەوەم بۆ ئەمە، خۆزگە لە ھەوڵی خۆتەوە، تێگەییشتنت لەسەر ماركسیزم وەرگرتایە، نەك لە دەمی نووسەری پەرتووكە ڕەشيكەوە! یا نووسەرانی لاساییكەرەوەی پەرتووكە ڕەشەكە.

بۆ برای من، پێتوایە لە ھەرێمی كوردستان، تاكی كورد بێڕێزی پێناكرێت، گرفتەكە لەوادایە كە تۆ سەرچاوەی ستەم لە گەلانی دیكە دەرك ناكەیت و دەوڵەت لە دەمی ‘ھایدگەر’ەوە بە ھەتووانی دەردی كوردان دەزانیت .. بۆ ئەوەی بزانی من چۆن و چەندە خەمی گەلانی ستەملێكراو دەخۆم، تكایە نووسینەكانی پێشترم بخوێنەرەوە، من تەنیا نوێنەری خۆمم و ئەگەر زۆر خوازیاری بیت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ھاوڕێ شیوعییەكانیشم ئەم قسەیەم دەسەلمێنن، ھەڵبەتە ھەر لە كۆن شیوعییەكانەوە [بۆیە ‘شیوعییەكان’م نووسیوە و ‘كۆمونیستەكان’م نەنووسیوە، بۆئەوەی نەكا باسەكە بەلاریدا بڕوات] بگرە تا كۆمونیستەكانی ئەمڕۆ، ئەوانیش وەڵامی خۆیان ھەیە.

ئینجا برای ئەزیزی من، تكا دەكەم، بەڵگە و نووسینەكانی ٢١ ساڵی پێشوو بخوێنەرەوە، بزانە ئەوانەی كە خەمی كچە ئەنفالكراوە فرۆشراوەكانی كوردستانیان بووە، كەسانی ئازادیخواز و ‘شیوعی’ بوون یا ئەو ناسیونالیستانەی كە تۆ دەوڵەتی ئەوان دەكەیتە ھەتووانی دەردان و ئەوانەی كە پێتوایە بە كایەكردن بەناوەكانی ناسیونالیزم، خەمی تاكی چەوساوەی كوردیانە؟

لەبەرئەوە تكات لێدەكەم، لە وەلامەكانی دیكەدا تەنیا وەلامی من بدەرەوە و واز لە ھاوڕێیانی ‘شیوعی’ بھێنە، چونكە من بۆم نییە بەناوی ئەوانەوە قسە بكەم و تەنیا نوێنەری خۆمم، ئەگەر ئەوان بەخۆیان سەرنجیان نووسی، ئەوا مافی خۆتە ناویان بھێنیت، بەڵام لەم بارەدا ناوھێنانەكانی تۆ تەنیا دەچنە خانەی كینەدۆزی بەرامبەر كۆمونیزم، وەك خۆت دەزانیت، كینەدۆزی توانای ڕەتكردنەوەی ئاوەزپەسەند و لۆجیكیانەی نییە!

بەڕێزم، تكا دەكەم، واز لەوە بھێنە، كە بڵێی لە كوردستان دەسەڵات و ناسیونالیزم بوونیان نییە، ئەگەر دەسەڵات نییە، ئەگەر یاسا نییە، ئەگەر سەروەری بۆرجوازی نییە، ئەگەر ناسیونالیزم بوونی نییە، دەی فەرموو تۆ بڕۆ كار بۆ بنیاتنانی ولات و دەوڵەت و یاسای خەونەكانت بدە، بڕۆ ھەر بۆ تاقیكردنەوە ئاڵای كوردستان [ئالای ناسیونالیزمی كورد] داگرە یا بسووتێنە، بزانە شەقی دەسەڵات چۆن بۆچوونەكانی منت بۆت دەسەلمێنێت، ئینجا بزانە ناسیونالیزم لە چ تەوژمێكدایە!

سەبارەت بە زمانی ستاندارد، ئەگەر بێتوو (پدك) ئەو زمانە نیوە ستانداردەی تۆ دەیلێت، لەتكردبێت، من دەستخۆشی لێدەكەم، لەبەرئەوەی نا، كە ڕكم لەو زمانەیە یا لە ئاخێوەرانی یا ئەوەی كە لایەنگری لە دەسەلات بكەم، بەڵكو لەبەرئەوەی كە من ئازادی خوێندن و نووسین و خوێندنەوە و بەڕێوەبردن بە زمانی دایكی ئەگەر تەنانەت یەك تاكەكەس لە دونیادا مابێت بەو زمانە قسە بكات، ئەوا مافی بێچەندوچوونییەتی، چونكە لای من مرۆڤ [وەك تاك] لە خودا و دەوڵەت و نەتەوە و نیشتمان و زمانی ساتندارد و ھەموو پوچگەراییەكانی دیكە بەنرخترە [بەنرختر نەك پیرۆزتر، چونكە ھەموو پیرۆزییەك بنەمایەكی پووچگەرایانەی ھەیە و شتێكی مردووە].

من ئەگەر ئەو قسەیەی ڕۆسۆ بكەم بە بنەما بۆ نەتەوەبوونی كورد [وەك خەڵكی ھۆرامان و كەلھوریستان و سۆرانستان و كرمانجساتان و زازاكیستان (ستان بە واتای زێد) ]، ئەوا نە زازاكی لە سۆرانی تێدەگات و نە سۆرانی لە ھورامی تێدەگات و نە سۆرانی لە كرمانجی و كەلھوڕی تێدەگات، كەواتە بۆچوونەكەی من لەمەڕ زمانی كوردی و پێداویستی دروستبوونی زمانی یەكگرتوو لە ھەموو زمانەكان، دروستە، كە ھەر یەكە لەوانە خاوەنی زمانی خۆیانن و ئەگەر زمان بنەمای نەتەوەبوونی كۆمەلێك بێت، ئەوا كەلھوڕەكان ھۆرامییەكان وسۆرانەكان و كرمانجەكان نەتەوەتی سەربەخۆن و لەو چوارچێوە جوگرافییەدا نەتەوەیەك بەناوی كورد بوونی نییە!

ئەگەر كورد لەلای تۆ بریتییە، لە كۆمەڵێك خێڵ، ئیدی تۆ لەپێناو چی خۆت ماندوو دەكەیت، دەتەوێت بە كوێ بگەیت. [ھەرچەندە من بەپێچەوانەی تۆوە دەڵێم ھەموو ناوچەكانی كوردستان بە قۆناخی خێڵایەتیدا نەڕۆیشتوون و ناتوانین بەخێڵەكییان بناسێێن، دەكرێت لە كوردستاندا پاشماوەی خێڵ مابێت، بەڵام ئەو پاشماوانەش ملكەچی سەروەری بۆجوازین و سەربازی پاراستنی دەوڵەتی بۆرجوازین و توانای ڕێگیرییكردنیان لە ھەوڵەكەی تۆ نییە ]. ئایا ئەو دەربڕینەی تۆ سەلمێنەری بۆچوونەكەی من نییە، كە دەڵیم، ھەستی ھاوچارەنووسی لەلای دانیشتوانی وڵاتنی داگیركراو، بەرامبەر دەسەلاتی داگیركەر، بواری بۆ قۆستنەوەی داوەتە  دەسەڵاتخوازان بۆ یەكێتیبەخشین بە دەمارگیرییە ناوچەییەكان لە یەكێتییەكی سەرتاسەری بەناوی نەتەوەوە و ڕەگداكوتانی ناسیونالیزم وەك ئایدیلۆجیاوە، دەوڵەت وەك سەروەری كەمایەتی مشەخۆڕ دامەزرێنن. لەبیرت نەجێت بۆ دامەزراندنی ئەو دەولەتە بەناو نەتەوەییە، تاكی نەدار و ژێردەستە دەبێتە سووتەمی [وەك لە بزاڤە چەكدارییەكاندا دیتمان] و دواتر ھەر ئەو دەوڵەتە وەك ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندی كەمایەتی مشەخۆر، ھەموو ناڕەزایەتییەكانی قوربانیانی دروستكردن خۆی، سەركوتدەكاتەوە!

بەداخەوە ھەروەك مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی لە شاكارە ڕامیارییەكەیان “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”دا كەوتوونەتە داھێنانی نوێ گۆڕینی ناوی خاوەنكار و سەرمایەدار بە “بەڕێوەبەرانی كاروبارە ئابوورییەكان”، تۆش دەتەوێت ناوی كرێكار و جوتیار و زەحمەتكیش و چەوساوە بگۆڕیت، باشە من ئەم پیشنیارەت بۆ دەكەم، تاوەكو كەمێك كینەدۆزیت بەرامبەر ھزری سۆشیالیستی ھێوەر بێتەوە؛ لەمەولا لەبری كرێكار دەنووسم (بەرھەمھێنەر، زەحمەتكێش، ڕەنجدەر ) ھەروا لە بری بۆرجوا دەنووسم (بەرھەمدز و مشەخۆر، ڕەنجخۆر) و لەبری سەرمایەدار دەنووسم (تلاگەری سامانی كۆمەڵگە)، لەبری ناسیونالیزم دەنووسم (مەزھەبی ھاوچەرخ) ، لەبری دەوڵەت دەنووسم (كوتەكی دەستی سەرمایەداران) من لەمە زیاتر ناتوانم ئەو ناوانە لە كوردیبووندا پەتی بكەمەوە و لەمەش زیاتر ناتوانم خاتری بگرم!!!

بەڕێزم، تاكی كورد ئەو ھوشیارییەی تۆ دەتەوێت و خەونی پێوەدەبینیت، بۆیە نییەتی چونكە پێویستی نییە، چونكە لە ھەرێمی كوردستاندا ئەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی ھاونەتەوە و [ناسیونالیستەكان واتەنی] ھاوخوێنییەتی، كە خوێنی دەمژێت و خەونەكانی دەكوژێت و بێرێزی بە مرۆڤبوونی دەكات،  ویستی پێشێل دەكات و خواستەكانی زیندانی دەكات. تاكی كورد خەریكە ھوشیاری چینایەتی لەلا دروستدەبێت، ھوشیاری و بیری ئازادیخوازی لە لای سەرلھەڵدەدات. ئەمەش نە ھاوردەی كەسێكی كەیە و نە ئافەرێنراوی ئەناركیستەكان و كۆمونیستەكان، بەڵكو خۆبەخۆ بەرھەمی كاردانەوەیە بەڕووی كار و كردەوەی بۆرجواكاندا كە لەژێر دێوجامەی نەتەوەدا تاكی زەحمەتكێش بەكوشتندەدا و پاش سەركەوتنی و بەدەسەڵاتبوونی، بەرھەمی خوێنی قوربانییەكانی ئازادی نەتەوە و ڕزگاری نیشتمان دەكاتە سەرمایە و ڕامیاران و ڕۆشنبیرانی مشەخۆری ناسیونالیست-ئەندێشی پێ بەختەوەر دەكات.

بەڵێ، ئەمە ئەو مەترسییە بوو، كە نووسەرانی ڕەھەند و پاشرەوانی ئەوان و جێگرەوەكانیان، بەپێی ژیان و ئەزموونیان لە ئەوروپا و ئەمەریكا، زوو ھەستییان پێكرد و كەوتنە خۆ و دەستیان بە ناووناتۆرە داتاشین بۆ ناسیونالیزم و میكیاجكردنەوەی كرد و و كەوتنە پاگەندەی ئەوەی كە ئەو پارتانە و سەرانیان ناسیونالیست نەبوون و ناسیونالیزم فریشتەیەكە، ھێشتا لە ئاسمانەوە خوا بۆی نەناردووین و تەشریفی نەھێناوەتە كوردسان!

بەداخەوە، تۆ نەتوانیوە بەر بە حەزی سۆرانیخوازیی خۆت و ھەراسانیت بەرامبەر داخوازی ڕەوای ھۆرامییەكانیش بۆ خوێندن بە زمانی دایكییان و بەكاربردنی زمانەكەیان لە كارگێڕیی سەربەخۆی خۆیاندا، بگریت و پاش كۆمونیستەكان، پەلامارێكیشت لە ئەوانیش داوە. ئەزیزم، ھۆرامییەكان [نەك ھەورامییەكان، چونكە ناو وەرناگێڕدرێت]، داوای سەرەتاییترین و مرۆیانەترین و ڕەواترین مافی خۆیان دەكەن، ئەویش خوێندن و نووسین و بەكاربردنی زمانەكەیانە لە كارگێرییەدا وەك زمانی دایك، وابزانم مرۆڤی ناناسیونالیست و ئازادیخواز زۆر بە ئاسانی دەركی ئەو مافە ڕەوایە دەكات.. ئایا تۆ دەتوانی بە خوێنەرت بلێیت بۆ سۆرانیزمانەكان و كرمانزانەكان ئەو مافەیان ھەیە، بۆ كەلھوڕی و ھۆرامی و زازاكی ئەو مافەیان نەبێت؟ ئەزیزی من، ئەوەی تۆ بە زمانی ستانداردی دەزانیت، تەنیا خەونێكی لوتبەرزانەی ناسیونالیزمی سۆرانییە و بەس، كە دەسەلات و بەرتەری ناوچەیەك لە پێش ماف و ئازادی و ویستی تاكەكان ناوچەكانی دیكە و تەنانەت لە بوارەكانی دیكەشدا لە سەرووی ویست و ئارزووی تاكە سۆرانییەكانیشەوە دادەنێت!

من نازانم، ئەوانەی كە پاگەندەی بێگەردبوونی ناسیونالیزم دەكەن و دەوڵەتانی خۆراوا و دەزگەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی خۆراوا بە ئایدیال دەزانن و دەبینن كە ئەو دەوڵەتانە و”ناسیونالیزمە سڤیلی” لەژێر فشاری ھوشیاری تاكی خۆراوا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكاندا ملیان بە داخوازی خوێندن و ڕیزگرتن لە زمانی دایك وەك مافی سەرەتایی داوە، ئەدی بۆچی كە پرسەكە دێتە سەر پرسی خوێندن بە زمانی دایك، “ناسیونالیزمە سڤیلییە فریشتەكەتان” دەبێتە شمشێری دوودەمی ‘ ئیمام عەلی’ و سەری ھەر كەسێك كە خوازیاری خوێندن بە زمانی دایك بێت، دەپەرینێت و بە نۆكەری بێگانە تاوانباری دەكات؟ ئایا ئەمە ڕامیاریی ”بانێك و دوو ھەوا” نییە؟

بەبۆچوونی من ئەگەر ھەموو كوردان یەك نەتەوەن و ئەركی یەكسانیان ھەبێت، ئەوا پێویستە و دەبێت لە مافیشدا یەكسانی بن و لە بەڕێوەبەرایەتی و بەركەوتنی سامانی نەتەوەییدا ھاوبەش و وەك یەك بن! ئازیزم، بە ویژدانت گوندەكانی ناوچەی ھۆرامان، كە لە سەردەمی باركردنی گوندەكاندا یەكەمین زیانمەند بوون و لە وێرانكاریی جەنگی عیراق-ئێراندا زۆرترین زیانیان بەركەوت و لە شەڕی كوردایەتیشدا گەورەترین باجیان دا و لە جەنگی ئیسلامییەكانیشدا قوربانی یەكەم بوون، بەڵام لە ئاوەدانكردنەوە و بۆژانەوە و دەستگیرۆییكردندا، ھێندەی پارتە ئیسلامییەكانی سیخوڕی سعودیە و ئێران و پارتە توركمانی سیخوڕی توركیە و ھێندەی كۆنە بەعسییەكان و سەرۆكخێڵە خۆفرۆشەكان، لە داھاتی كوردستان و بەرەوبوومی بەھرەمەند نەبوون؟  ئەدی بۆ ھستی نەتەوایەتی “ناسیونال سڤیلیستەكان” نابزوێت و لەو بارەوە نقەیان لێوە نایێت؟

لە كۆتاییدا منیش ھەم خوازیار و خۆزگەخوازی بەشداری ئازیزانی دیكەم و ھەم بەرەوپێشچوونی گفوتوگۆكەی ئێمە، بەبێ پەلاماری كەسی یا كەسانی دیكە.. ھەر تەندروست بژیت.