Skip to content
ناسیونالیزم، پەرەسەندنی خێلگەراییە
بەڕێزم، كاك نەژاد، نازانم لەسەر كام بنەما و بەكام پێوەر، دەتەوێت پاگەندەی ئەوە بكەی، كە شتێك بەناوی ناسیونالیزمی كوردی بوونی نییە؟
بەپێچەوانەی بۆچوونی تۆوە، بەبۆچوونی من، ئازادیخوازانی [دژەدەسەڵات و یەكسانیخوازەكان]ی كورد لە بیستەكانی سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەمڕۆ، یا خۆیان بەجۆرێك خۆشباوەڕییان بەرامبەر ناسیونالیزم ھەبووە یا لەژێر كارایی ئایدۆلۆجی ڕزگاری نیشتمانی بۆلشەڤیكی و مائۆئیستی و ھۆشی مینە و ‘كێم ئیڵ سۆنگ’یدا خاتری ناسیونالیزمیان گرتووە و لەسەر ئامانجی بۆرجوازی تازەپێگرتووی كورد [لەو سەردەمەدا تازەپێگرتوو بووە نەك ئێستا] وەك چینێكی دەسەڵاتخواز لەژێر ناوی نەتەوە و بەپشتبەستن بە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی، شیكردنەوە و خستنەڕوویان نەكردووە. ئەگەر ئەو نەوەیە لە ئازادیخوازانی كورد، بە رادیكاڵبوونی ڕادیكالیبوونی ئازادیخوازانی ئەوروپای خۆراوایی ڕەخنەیان لە بزووتنەوەی ناسیونالیستی كورد بگرتایە، ئەوا ھەنووكە تاكی كورد لە كایەی دەوڵەتی كوردی و پان-كوردستانی و پڕۆ-ئەمەریكاییدا، ئەوەندە دەستەمۆ و خۆشباوەڕ نەدەبوو.
بەڕێزم، تۆ دەڵێت “ئەوەی تورك و فارس و عەرەب ڕایسیزمە نەكـ ناسیونالیزم” …
من نازانم تۆ چەندە بە پەیگیری (جدیەت)وە دەچیتە پشتی ئەم بۆچوونە، بەڵام ئەوەی سروشتی سەرھەڵدانی ناسیونالیزم وەك ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتی (دەوڵەتی سەراپاگیر) بناسێت، بەدڵنیاییەوە ئەوە دەرك دەكات، كە ناسیونالیزمی پەرەسەندوو بەپێی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت، ھەر ڕۆژەو یەكێك لە كاژەكانی فڕێدەدات. خۆ بڕوا ناكەم گومانت لە ناسیونالستبوونی ھیتلەر و مۆسۆلۆنی و جەنەڕاڵ فرانكۆ ھەبێت، كە ھەر ئەو ناسیونالیزمە بوو، بەناچاری ئەو كاژەی فریدا و بەپێی ھاوسەنگی ھێزی نێوان بلۆكە جیھانییەكان و مسۆگەركردنی بەرژوەندەی براوەكانی جەنگ، كاژێكی نەرمتری پۆشی، كە تۆ بە ناسیونالیزمی سڤیلی ناوی دەبەیت و ھەر ئەو ناسیونالیزمە ئارامگرتووە، لە سەرەتای نەوەدەكاندا، كە بە ڕوخانی بلۆكی ڕوسیای بۆلشەڤیكی ھاوسەنگی جیھانی بە قازانجی ئازادكردنی لغاوی كۆمپانییە جیھانخۆرەكان تێكدەچێت و پێداویستی كاژگۆڕینی ناسیونالیزم بەپێی سەردەمی تازە دێتەپێشەوە و ئیدئۆلۆگەكانی دەسەڵات، لەژێرەوە بە پشتیوانی مادی و لەسەرەوە بە پشتیوانی تیئۆری و میدیایی ھاندانی گروپە ناسیونالیستەكان، ئەم جارە لەبری پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ، سەنگەری جەنگ بەرەو كوشتاركردنی كرێكاران كۆچەر و پەنابەران دەگوێزنەوە. ھەر ئەوەی كە ئەوڕۆكە لە كوردستان ناسیونالیزمی بەرھەڵستكار و پاگەندەكەری دۆستایەتی گەلانی ناوچەكەی دەھەی ھەشتای سەدەی رابوردوو، بەپێی پێداویستی وەڵامدانەوە بەنیازەكانی دەسەلات، وەك دەبینین، بەرەو شۆڤێنیزم و ڕاسیسزم پەرەی سەندووە و ملدەنێت.
من بە پێچەوانەی تێگەییشتنی تۆوە، نەتەوەپەرستی (ناسیونالیزم) لە بەرزترین لوتكە و پەرەسەندنیدا سەری لە شۆڤێنیزمەوە دەردەچێت وەك ئیتالیا و ئاڵمانیای دەھەی سی سەدەی رابوردوو و نیشتمانپەروەریی گەشەكردوو سەری لە راسیزمەوە دەردەچێت وەك سەرجەم ولاتانی ئەوروپای خۆراوایی و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا. ئەزیزم، ئەمانە بەرئەنجامی داوەری و حەزی من یا كەسانی دژە-ناسیونالیزم نییە، بەڵكو دراوی دەركەوتەی نێو كەتواری كۆمەڵگە پەرەسەندوو و ھەروا پاشڕەوەكانە لە سەرتاسەری دونیادا.
بە بڕوای من ناسیونالیزم بێجگە لە دەمارگیریی ھیچی دیكە نییە، ئیتر نازانم ئەرێنی ئەم نەھامەتییە لەكوێدایە، تاوەكو پێمانوابێت ئەو ھەموو قوربانیدەرە [مەبەست گیانبەختكردووانی كوردستانە بۆ سەربەستی كورد و ڕزگاری كوردستان بەخەیاڵی خۆیان] لێیتێنەگەیشتوون و پێویستمان بەوە ھەیە، ئەوەندەی دیكە خوێنی بۆ برێژین، تاوەكو ئەو ئەژدیھا ھەزار سەرەی دەوڵەت [سەروەری چینایەتی بۆرجوازی] تینوویەتی لە خوێنی چینە بێدەسەڵاتەكان بشكێت؟ ئەگەر لۆجیك بكەینە كۆلەكە (تان)ی بیركردنەوە و ئاوەزی خودییش بكەینە ڕایەڵەی (پۆی)، ئەوا بە ئاسانی دەركی ھاوجۆری و ھاوئاراستەیی دەمارگیری خێلایەتی و نەتەوایەتی ھەستپێدەكەین. بۆ ئەوەی ئەو سەربەخۆییە لەبیركردنەوەدا ڕووبدات، پێویست بە خۆپساندنی ئاوەز لە كارایی و جادووی ئایدیۆلۆجییەكانی دەسەڵات ناسیونالیزم [ئایینی سەردەم] ھەیە. بەڕێزم، پێشمەرجی ڕوودانی كارێكی ئاوا، پلەی ئەكادێمی یا زۆری خوێندنەوەی گوتاری ‘ڕەھەندییەكان’ و ‘پەرتووكی ڕەش’ نییە، بەڵكو تەنیا پێشمەجێك كە پێویستە، تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی ھزریی و خۆڕزگاركردنە لە جاڵجاڵۆكەی ماسمیدیا و جادووی ئیدئۆلۆگەكانی نیئۆلیبرالیزم.
ئەوەی من وەك بەرەنجامی ئەزموونگیری خۆم لە سی ساڵی ڕابوردوودا پێیگەییشتووم، ئەوەیە كە نەتەوە و ھاوبەرژەندی نەتەوەیی تەنیا درۆیەكی پیرۆزە و لە دونیای كەتواریدا بوونی نییە، نەك ھەر ھاوھەستی و ھاودەستی لەنێوان ھەرێمەكان و ناوچەكان و پاشماوەی خێلەكاندا نییە، تەنانەت لەنێوان دوو گەڕەكی پایتەختەكانی ئەوروپای لانكەی دێمۆكراسیشدا بوونی نییە و بەجۆرێك سلێمانی و ھەولێری ھەرێم لەنێوان تاكە دەمارگیرەكانی شارەكانی ئەوروپاشدا ھەیە. ئەوەش لەبەر نەخوێندەواربوون و تایبەتمەندی كولتووریی نییە، بەڵكو سروشتی دەستكردانەی نەتەوەیە، كە بەخۆی درێژە و پێكھاتەی گەشەی خێڵایەتییە و لەسەر ھەڵخڕاندنی دەمارگیری و پابەندی بۆ نیازەكانی دەسەڵات ڕۆنراوە، بۆیە ناتوانێت لە كڕۆكی خۆیدا ھەڵگری میكانیزمی ڕەتكردنەوەی دەمارگیری خێڵایەتی و ناوچەگەری بێت و خراپتر لەوەش گەشەی پێدەدات و بەرەو لوتكەی شۆڤێنیزم و ڕاسیسزمی دەبات.
ئازیزی من، ھەر شتێك كە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی ئاساییدا بووە بەشێك لە نۆرم و بەھای كۆمەڵایەتی، خودبەخود بەو ئاقارەدا كە تۆ دەخوازیت، سڤیلی بووەتەوە، ئەگەر نا، دەبوو ھەنووكەش ناسیونالیزم لە كوردستاندا وەك چەتە و ڕێگر، یەخەی خەڵكی بگرتایە، تاوەكو پەیامەكەی بە خەڵك بگەیێنێت. بە بۆچوونی دەمێكە ناسیونالیزم سڤیڵی بووەتەوە، ئەگەر نا، ئەو ھەموو كرێكار و زەحمەتكیشە ئاوا بە ئاسانی ئامادەنەدەبوون بۆ سەروەری كەمایەتی بۆرجوازی لە قەوارەی دەوڵەتدا، خۆیان بەكوشت بدەن. لە تەواوی دونیادا سڤیلیبوونەوەی ناسیونالیزم، ھەنگاو بە ھەنگاو لەتەك كۆمەڵایەتیبوونەوەی سەروەری بۆرجوازیدا، جێكەوتە بووە و بووەتە بەشێك لە ئاوەزی خەلكی ژێردەست و وەك دەبینین، بەو ئەفیونە دەبەنگی كردوون. ناسیونالیزم لە لوتكەیدا وەك دەسەلاتی بۆرجوازی كورد، لە قۆناخی شاخ و بەرەنگاریدا نییە، تاوەكو گومان لە سڤیلیبوونەوەی بكەین. سڤیلیبوون بە واتای كۆنترۆڵكردن و رامیارییكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە سایەی سەرتاپاگیری دەسەڵات و ئاراستەكردنی نۆرم و بەھا كۆمەڵایەتییەكان بەپێوانەی بەرژەوەندییەكانی بازار و سەروەری كەمایەتییەك، ھەردەم لە ئارادابووە، ھیچ پێویست بە خۆپێوەخەریككردن ناكات.
[بمبوورە، ئەمە بە لاقرتێ وەریمەگرە و دەربڕینەكان بە ئاراستەكراوی كەسیی خۆت لێكمەدەرەوە] من سڤیلیبوونەوەی ناسیونالیزم بەو ئاراستەی تۆ لەڕواڵەتدا خەونی پێوە دەبینیت، ھێندەی سڤیلیبوونی ڕۆژنامەكانی ‘ھاووڵاتی نەك ھاوڵاتی’ و ‘ئاوێنە’ و .. تد، بە گاڵتەجاڕی دەزانم. چونكە تاوەكو سەروەری چینایەتی و مشەخۆری كەمایەتییەك لەم جیھانەدا لە ئارادا بێت، قسەكردن لە بوونی دیاردە و بوونی پێكھاتەی سڤیلی وەك سیمای كۆمەڵگەی ئازاد، دەچێتە خانەی خەوبینین بە كولیچەخواردنەوە لە ئاسمان.
لێرەدا كۆتایی بەم باسە دەھێنم، لەبەرئەوەی كە لە دەھەی ڕابوردوودا لە نووسینی جۆراوجۆردا لەبارەی ناسیونالیزمەوە قسەم كردووە. بەڵام ئەگەر پێویست بكات، ئامادەم زیاتر لەسەر سروشت و ڕەوتی پەرەسەندن و دەستی شاراوەی ھاندەری و بنەما ئابوورییەكانی و ڕۆڵی ڕۆشنبیران وەك پشكخوازانی دەسەڵات و دەستكەوتەكانی، لە سەرھەڵدان و پەرەپێدان و نۆژەندكردنەوەی و كاژگۆڕینی بەپێی پلەكانی گەشەی ئابووری و جیھانیبوونەوەی بازار، بەشداری بكەم. ھیوادارم توانیبێتم بە ئەرێنی بەشداری لە مشتومڕەكەتاندا بكەم و ئەگەر لە ھەندێك شوێندا ڕەقی بە وەڵامەكانمەوە دیاربێت، بۆ بەرپەرچدانەوەم بە ھەوڵەكانی نئیۆلیبرالیزم لە جیھاندا بەگشتی و لە ھەرێمی كوردستانی بەبازاركراودا بەتایبەتی، دەگەڕێتەوە، بێجگە لەمە، دونیایەك ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ھەمووتان ھەیە.
**********************
خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە