ناسیونالیزم وەك كۆڵەكەی دەسەلات

بەڕێزم، كاك نەژاد، تۆ لە بەشی دووەمی وەڵاكەتدا داوای بەڵگە لە ئێمە دەكەیت، من ئەم داواكردنە وەك ئەوە دێتەپیشچاوم، كە كەسێك لەبەردەم ڕەشەبادا وەستابێت و بە توندی خەریكی ھەناسەھەڵكێشان بێت، كەچی داوا لە دەوروبەرەكەی بكات و بلێت، وەرن بوونی ھەوام بۆ بسەلمێنن. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم، تۆ نازانیت، بەڵكو دەمەوێت بڵێم، كە تۆ بەمەبەستەوە دەتەوێت نكۆڵی لەبوونی ناسیونالیزم لە كوردستاندا بكەیت، چونكە نۆژەنكردنەوەی ناسیونالیزم لە بەرگێكی دیكە و لەژێر ناوێكی دیكەدا، پێداویستی ژیانییە بۆ مانەوەی دەسەلات و بەبێ زاڵی ھەست و دەمارگیری ناسیونالیستی، ورەی جەنگین بۆ سەرمایە و ترس لە ھەرەشەی دەرەكی، لە ناخی تاكی ناھوشیار و خۆشباوەڕدا  دروست نابێت.

پاشان تۆ پرسیار لە نەبوونی “ناسیونالیزمی سڤیل و زانستی” دەكەیت، من لە بەشی پێشوودا بەپێی توانانی خۆم، وەڵامی سڤیلییەكەیم دایەوە، وا خەریكم لێرەدا قسە لەسەر “زانستی”یەكەی بكەم. من تێناگەم مەبەست لە “ناسیونالیزمی زانستی” چییە؛ ئایا دروستكراوێكی تاقیگەییە یا بیردۆزێكی زانستی؟ خۆ ئەگەر ناسیونالیزم بوونەوەر بووایە یا توخمێكی كیمیایی، ئەوا دەكرا، بڕوا بەخۆمان بھێنین، كە زانستییە، بەڵام بەداخەوە، ھیچكامیان نییە و ناسیونالیزم وەك ڕەوتی سروشتی گەشەی دەمارگیری خێلایەتی و گەورەبوونەوەی بەرەو ملكەچی بۆ ھۆز و دواتر نەتەوەپەرستی، وەك بەرھەمی ناھوشیاری تاك، تەنیا ڕك و كینە و دەمارگیرییە، بەڵام وەك بابەتێكی تیئۆریزەكراو بەھوشیارییەوە لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵاتخواز (ئیدئۆلۆگەكانی دەوڵەت)ەوە، وەك یەكێك لە ئایدیۆلۆجیاكانی سەروەری چینایەتی، كە پێداویستی درێژەدان و مانەوەی ئەو سەروەرییە، بە ناچاری جێگەی ئایینی سەردەمی ئیمپراتۆركانی گرتووەتەوە و ئەو بۆشاییەی پڕكردووەتەوە، كە خەریكبوو لە پاساوەكانی بوون و پێداویستی سەروەریدا، بە لاوازبوونی ڕۆڵی ئایین و كزبوونی لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كایە كولتوورییەكاندا، دروست دەبوو.

لە ولاتانی داگیركەردا ناسیونالیزم وەك راگری پێكھاتەی چینایەتی و ھیرارشیانەی كۆمەڵگە، كە بە داتەپین و ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەكان، ڕووی لە تیاچوون بوو، خۆی وەك ئایدیۆلۆجی دەولەت-نەتەوە پێشنیار دەكات، تاوەكو لایەنی كەم، زێدی سەرەكی ئیمپراتۆری بپارێزێ و لەو وڵاتانەشدا كە داگیركراوبوون، بە سووژەوەرگرتن لە ناسیونالیزمی داگیركەر، وەك ئەزموونگیری چینایەتی، بێ سێ و دوو بەرھەڵستكاران دەكەونە لاسایی ھەمان ھەنگاوی چینایەتی ھاوچینەكانیان. [بە بێڕێزی تێمەگەن] ناسیونالیزم وەك دارێكە و ھەردوو سەرەكەی ھەر …. وە، ئەگەر داگیر بكات، ھەر خۆی بەرھەمدەھێنیتەوە، ئەگەر داگیربكرێت، ھەر بەرھەمدێتەوە.

ئەگەر لەم بارەدا مەبەستی تۆ لە زانستیبوون، ئەوە بێت، ئەم ئایدیۆلۆجیایە بیری لێكراوەتەوە و ئاگاھانە ئاراستەكراوە، ئەوا منیش دەڵێم، بەڵێ، ناسیونالیزم وەك درێژە و گەشەی دەمارگیری خێلایەتی و ناوچەیی و ھەرێمی لە ناھوشیاری تاكی ژێردەستەدا، ھیچ بیركردنەوە و توێژینەوەیەكی لەلایەن تاكە ناھوشیارەكانەوە كە ھەردەم لە ھەموو قۆناخەكاندا، قوربانیان لەپێناویدا داوە، ئەنجام نەدراوە، بەڵام تا ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر، ئاراستەگەرانی ناسیونالیزم وەك ئایدیۆلۆجیای ھاوچەرخی دەسەلات، بێگۆمان ھەزاران ئیدئۆلۆگ لە ماوەی سێ سەد ساڵی ڕابوردوودا لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنیان لەبارەیەوە كردووە و ڕەھەندەكانیان دیاریكردووە و بەردەواوم وەك گروپەكەی گۆڤاری ڕەھەند خەریكی پەڕوپینەی بوون و لە سەرھەڵدانی یەكەمین دەوڵەتی نەتەوەییەوە تا ھەنووكە، بەردەوام ئەزموونگەری لەسەر دەكرێت و كەرەستەكانی ئەو ئەزموونگەرییانە، قوبانیبوونی ملیۆنان تاكی ناھوشیاربوون لەپێناو تۆكمەكردنی دەسەڵاتی چینایەتیدا.

بەڕێزت لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەتدا دەلێیت ” ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرای(تاراوگەی) کوردیی …، … بەشێکێشی بۆ کەللەوشکیی و حیقدێکی کوێرانەی ناسیونالیستیی …. ، … دروستتر ناسیۆنالیزمی تاراوگەی کوردیی زیاتر لە زینەفۆبیاوە xenophobia( بە مانیفێستکردنی ترس) نزیکترە تا لەچەمکە فڕانسییەکەوە کە بە شۆفینیزم chauvinism، یان لە چەمکە ئینگلیزییەکەشەوە، جینگۆییزم jingoism ناسراون”

ئەمە بۆ من زۆر سەرنجراكێشە، چونكە بەبۆچوونی ئەوە نەزانی تاكی تەرەبووی كورد نییە، كە لە تاراوگەدا ناسیونالیزم بەو جۆرە بەرھەمدەھینێت، بەڵكو یەكەم ئەوە كارایی و كاركردی پارت و گروپە ناسیونالیستەكانی كورد لە (پاسۆك)ەوە تا (پكك)یە. دووەم، ئەوە كاردانەوەیە بەرامبەر كاری [بە گوتەی خۆت] “ناسیونالیزمی سڤێلی”، كە ھیچ مرۆڤێك بەبێ شوناسنامەی ناسیونالیستی قبولناكات و ناچار بە وەرگرتنی ئەو شوناسەی دەكات. ئەمەی من دەیڵێم، بۆ ھەر تاكێكی ھوشیار، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا ژیابێت، بەكردەوە ئەمەی ئەزموونكردووە، كە لە یەكەم پرسیار و یەكەم وانەی فێربوونی زمان و لە یەكەم ڕۆژی كاركردندا داوای ئەم شوناسەت لێدەكەن و ھەروەھا ئەوە بەرەنجامی پلەدووبەخشینی “ناسیونالیزمی سڤیلی” ئەوروپایە بە كۆچەران و پەنابەران، بەوەی كە ناچار بە گۆشەگیری و كەنارنشینی كۆمەڵگە و تەریككەوتنەوە و دواجار ھەستكردن بە ترس لە تێكەڵاوبوون و ھەستكردن بەترس لە تیاچوونی كولتوور و شوناسی، تووشی ترس لە بێگانە (xenophobia) یان دەكات.  بە واتایەكی دیكە (كسینۆفۆبیا/ ترس لە بێگانە) لە ناخی كۆچەران و پەنابەراندا، دیاردەیەكی ھاوردەی دەرەكی نییە، كە كۆچەر لەتەك خۆیدا ھاوردبێتی، بەڵكو ترسێكە كە لە مامەڵەی ناسیونالیزمی سڤیلیدا، بەسەریدا زاڵ دەبێت و كاتێكیش كە بگەڕێتەوە، ئەو وڵاتەی كە لێوەی ھاتووە، بەداخەوە ئەو ترسە بەری نادات و بەردەوام خۆی بە بێگانە دەبینێت.

برای ئەزیزم، تێكەڵكردنی ئەم چەمكانە، ھیچ پاساوێك بۆ ناسیونالیزم و ڕەوایەتی دەستەبەر ناكەن، بەلكو تاوەكو پرسەكە فرەتر شی بكەیتەوە، فرەتر دژەمرۆییبوونی ناسیونالیزم لە ھەموو ئاست و پلەكانیدا دەردەكەوێت. بەكورتی ناسیونالیزم وەك مەزھەبێكی ھاوچەرخ و دونیایی سووڕی خۆی تەواوكردووە و لەتەك گیانەلای خۆیدا بۆ مرۆڤایەتی، بێجگە لە تاوان و توندوتیژی ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە. بەڵام بۆ دەسەڵات و پاراستنی سەروەری چینایەتی، بە ھەموو بارێكدا چ راسیزم بەھێزبێت یا شۆڤێنیزم، چ ترس لە بێگانە لە خەڵكی ولاتاندا دروست بكات یا لە خەڵكانی پەناھاوەردا ترس بچێنێت، سەرەنجام یەك ھێز براوەیە و یەك بەرە دۆراوە، ئەویش براوەیی ھێزی سەرمایە و دۆراوی بەرەی چەوساوانە.

**********************

خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە

https://www.facebook.com/hezheen/posts/536814296335603