ئەگەر ئەمە پرسیارێك بێت، ئەوا بەكورتی و دەستەبجێ دەڵێم زمانی یەكگرتوو پەسەند دەكەم، چونكە لە ھەڵبژێری زمانی یەكگرتوودا، ئازادی بڕیاردان و بەشداری ھەمەلایەنە و خۆڕسكی بەپێی پێداویستی وەڵامدانەوە بە گەشەی پەیوەندییەكان و ژیان دەبینم و بەپێچەوانەوە لە سەپاندنی زاراوەیەك یا زمانێكدا بەناوی ستانداردەوە، خۆسەپاندن و لەنێوبردنی زمانە بێدەسەڵاتەكانی دیكە دەبینم، باشترین بەڵگەشم، بە ڕامیاریكردنی پرسی زمان و داواكردنە لە دەسەلاتی سەركوتگەر تاوەكو بە بڕیارێك وەك سەپاندنی زمانی توركی لەلایەن ‘كەمال ئەتاتورك’ەوە، سۆرانی بەسەر ناوچە ناسۆرانییەكاندا بسەپێنێت!
بەداخەوە تا ئێستاكە نە لە وەڵامەكانی بەڕێز نەژاد سوەیلی بۆ من و نە لە نووسینەكانی لایەنگرانی تاك ستاندارد و جووتستاندارددا، نەیانتوانیوە بە بەڵگە و پاساوی ئاوەزگیرەوە یەكزمانی كوردی بسەلمێن و ئەرگومێنتێك بۆ ستانداربوونی زمانەكەیان بخەنەڕوو، لەمەش سەیرتر ئەوەیە، كە وتەی ئەو زمانناسانەی كە دەیانەوێت بیانكەنە پاڵپستی بۆچوونەكانیان، پێچەوانەكەی خواستەكەی ئەوان، دەسەلمێنن.
ئەگەر قسە بێتە سەر زمان، ئەوا مرۆڤ لە ھەر شوێنێك بێت، خاوەنی دوو زمانە، یەكەم زمانی ھەست و سۆزەكی nonverbal language زمانی سروشتی، كە زمانێكی گەردوونییە و ھەموو مرۆڤەكان لێیتێدەگەنن وەك لەبۆماوە، دەگوازرێتەوە. دووەم، زمانی كۆدەكی – قسەیی؛ Verbal language زمانی ئێتنی، كە تایبەتمەندی كۆمەڵ و ناوچەیەك لەخۆ دەگرێت، سەرەڕای تایبەتمەندی ناوچەیی و ئێتینیی، ڕەچەڵەكی ئێتنی كۆمەڵەكان، ھێشتاكە ئەوە ڕەتناكاتەوە، كە ھەر زمانێك سەر بە خێزانێكی زمانیی گەورەترە و بەڵگەی یەك بنەوانی ئەو كۆمەڵ و ئیتنانە دەدات، زمانی قسەیی بە زمانی دایك ناسراوە و خێزان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە ھەڵگر و گوازەرەوەیەتی، ئەم زمانە فێری دەبین و لە بوونماندا فرەتر بووەتە جێی مشتومڕی دەسەڵاتخوازان و خۆبەبانترزانان، بەھۆی ستانداركردنی زمانێك یا زاراوەیەكەوە، دەبێتە ئامرازێكی كولتووریكردنەوەی دەسەڵاتی سەروو خەڵكی و بەھا كولتوورییەكانی لەسەر ڕۆدەنرێن و دەبێتە پارزەری كولتووری دەسەڵاتدار.
زمانی ھەر گروپ و كۆمەلێك لكێكی جیاوەبووی بنەوانە زمانییەكەیە و زمانی ھاوبەش یا یەكگرتوو، كە یەكگرتنی زمانی گروپ و ئێتنییەكانە بەھۆی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بازرگانیی (بازاری ھاوبەش) دواجار میدیاوە، ئامێتەیەك دروستدەبێت و ھەمووان لێیتێدەگەن.
ئەوە ھەستی ناسیونالیستانە نییە، كە زمانی یەكگرتوو دروستدەكات، بەڵكو لەیەك نزیكبوونەوەی ئێتنییەكان و پەیوەندی بازرگانیی و ئاڵووێری ڕۆشنبیرییە، یەكگرتوویی زمان دروستدەكات و دەیكاتە پێداویستی. چونكە ئەگەر بە ھەڵای ناسیونالیستانەی پارتە ڕامیارییەكان و توندڕەویی و پاوانخوازیی سەرتاسەریی ناسیونالیزم بووایە. دەبوو لە سەد ساڵی ڕابوردوودا زمانی یەكگرتوو و دواجاریش ستانداردایزەی ئەو زمانە یەكگرتووەمان ببینیایە، بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین، كە لە بیست ساڵی ڕابوردوودا بازاری ھاوبەش و ئاڵوێریی ڕۆشنبیریی و ھونەر و میدیا [میدیای دەسەڵات نا]، بەجۆرێك لەیەك گەییشتنی لەنێوان زمانە كوردییەكاندا دروستكردووە و جاران كە بازاری ھاوبەشی ھەمووان لە بەخداد و موسڵ بوو، ناچار سۆرانەكان و كرمانجەكان و ھۆرامییەكان و كەلھورێیەكان بەعەربی دەئاخاوتن و گرفتی پەیوەندیگرتنیان چارەسەر دەكرد، بەڵام ھەنووكە بازارێكی ھاوبەش بەتایبەت پاش كۆتایی جەنگی نێوخۆیی ینك و پدك، لە ھەرێمی كوردستاندا دروستبووە و بەجۆرێكی سەرەتایی سەرھەڵدانی زمانی یەكگرتوو ھەستپێدەكەین، بەلایەنی كەمەوە لەنێوان سۆرانیزمانەكان و كرمانجزمانەكاندا.
زمان ھیچ پەیوەندییەكی بە ناسیونالیزمەوە نییە و پرسێكی تاكەكەسییە و مافی تاكەكەسە كە كام زمان بە زمانی خۆی یا زمانی فەرمی خۆی بزانێت. ئەگەر زمان پرسێكی نەتەوەیی بووایە و زمان دروستگەری نەتەوە یا پایەی نەتەوەبوونی تاكەكان بووایە، دەبوو ھەموو ئینگلیززانەكانی دونیا و دانیشتوانی ئەمەریكا و ئوسترالیا و بەشێكی كەنەدا خاوەن ھەستی ناسیونالیستی بۆ بریتانیا بووایێن، بەڵام بەپێچەوانەوە ھەرچەندە كە ئینگلزی زمانی فەرمی زۆرێك لە وڵاتانی خۆرھەڵات و باشووری ئاسیایە، كەچی ھیچ فلیپینییەك یا بەنگلادیشییەك یا ھیندییەك نەك خۆی بە ئەندامی نەتەوەی ئینگلیز نازانێت، بەڵكو ھێشتاكە ڕك و بێزاریی سەردەمی داگیركراوییان بۆ بریتانییەكان (ئینگلیزەكان) ھەیە. ئەگەر سەپاندنی زمان بیتوانیایە یەكزمانی دروستبكات، دەبوو ئێستاكە زۆربەی ئاخێوەرانی زمانی ئینگلیزی و كوردەكانی توركیە و ئەفریكییەكان ھەستییان بە جیاوازیی كولتووری و ڕۆشنبیریی خۆیان لەتەك زمانی داگیركەردا نەكردایە. ھەر بۆیە پێویستە ھەڵگرانی شۆڤێنیزمی سۆرانی، ئەوە بەھەند وەربگرن، كە سەپاندنی زمان بە فەرمانی قەرەقوشییانەی میرایەتی ھەرێم، كینە و دوژمنایەتی سبەینێ دەپەرورێنێت !
ئایا لە وەھا بارێكدا لەبری ھەوڵدان بۆ سەپاندنی زمانێك و سەركوتی ئەوانی دیكە، باشتر نییە ئازادی بەكاربردنی زمانەكانی دیكە دەستەبەربكرێت و ھەوڵ بدرێت لە ڕێگەی میدیا و كایەی ھونەری و ڕۆشنبیرییەوە، كار بۆ جێخستەكردنی بنەماكانی زمانێكی یەكگرتوو بكرێت؟
ئەگەر ئامانجی سەپێنەرانی تاك ستاندارد یا جووتستاندارد سەركوتی ئەوانی دیكە نییە، بۆ لەبری پەنابردن بۆ ئاوەز و ئەزموونگیری لە ولاتانی دیكە، پەنا بۆ سەپاندن و دنەدانی دەسەڵات بۆ سەركوتی داخوازی خوێندنی زمانی دایكیی ناسۆرانییەكان دەدەن؟
ئایا ئەو داوایەی شۆڤێنیزمی سۆرانی بۆ سەپاندنی سۆرانی بەسەر ناسۆرانییەكاندا لەلایەن دەسەڵاتەوە و لە ڕێگەی بڕیاری ڕامیارییەوە، ھیچ جیاوازییەكی لەتەك ھەوڵی كەمالیستەكان بۆ سڕینەوەی زمان و كولتووری ناتوركەكان، ھەوڵی بەعسییەكان لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ سەپاندنی زمانی عەرەبی، دژایەتی شۆڤێنیستە فارسەكان بۆ بەرگرتن بە خوێندنی زمانی دایكیی نافارسەكان ھەیە؟
تكایە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا ھەوڵبدەن بۆ ساتێك پەردەی ناسیونالیزم و شۆڤێنیزمی سۆرانی لەسەر بیركردنەوە لابدرێت، تاوەكو وەك تاكێك بە ویژدانی ئازادەوە ، بكەونە لێكدانەوە و بەراورد و وەڵامدانەوە!
زۆر سوپاست دەكەم، بەڵی من دەوڵەت، یاسای دەوڵەت، كولتووری دەسەڵات، نەتەوە وەك دێوجامەیەك بۆ سەروەری بۆرجوازی، ‘داد’یش لە سایەی سەروەری چینایەتیدا ڕەتدكەمەوە، دەمێكە بڕیارم داوە، ئەو تەمەنی ماومە، لەپێناو دژایەتی ئەو گوتارانەدا بەسەری بەرم، بەڵێ من ئەناركییانە بیردەكمەوە، ئازادی تاك لە بڕیارداندا لە سەرووی ھەموو شتە پیرۆزكراوەكانەوە لەوانە دەوڵەت و ئایین و یاسا و نەتەوە و نیشتمان، دادەنێم و ئەوەی كە بۆ خۆمی ڕەوا دەبینم، بۆ كەسانی دیكەش بە ڕەوای دەزانم و خەبات بۆ بەھرەمەندیی ھەمووان لە ھەمان ماف دەكەم، واتە چۆن تۆ مافی خۆتە لە ناوچەی خۆت بە سۆرانی بنووسیت و بخوێنیت و كاروبارە كۆمەڵایەتیی و كاركێڕییەكانت بەرێوەبەریت، ئاواش كەڵھوڕی و زازاكی و ھۆرامییەكانیش مافی خۆیانە و ھەر كەس لاری لەم مافە ھەبێت، پێبزانێت یا نا، خەریكی جۆشدانی كوڕەكانی شۆڤێنزیمە بۆ سوتانی كولتوور و ڕۆشنبیریی كەسانی دیكە !
من تێناگەم لە تێزەكەتدا بۆ ناسیونالیزمی سڤیلی باس لە یەكێتی دانیشتوانی ولاتێك وەك نەتەوەیەك دەكەیت، كەچی كەنەدییەكان كە بە تێزەكەی تۆ نەتەوەیەكن، بەڵام كاتێك كە قسە دێتە سەر زمان بە نەتەوەی جیا جیا دەیانبینیت. ئایا ناكرێت لە ھەرێمی كوردستانیش ھەمان مۆدێلی كەنەدا بەكارببرێت؟ خۆ ئەگەر بیانوو و پاساویش ئەوەیە، كە یەكێتی نەتەوەیی تێكدەچێت، ئەی چۆنە لەنێو فەرەنسیزمان و ئینگلیززمانەكانی كەنەدا یا ئیتالیزمان و ئاڵمانیزمان و فەرەنسیزمانەكانی سویسرا، كە لە بنەڕەتەوە نەتەوە نەبوون، ھەستی ھاونەتەوەیی و ھاونیشتمانی لەنێوانیاندا دروستبووە و ھێزیش نییە جیایان بكاتەوە؟
ئایا بوونی ئەو پێكەوەژیان و ھاوھەستییە، نیشانە و سەلمێنەری ئەوە نییە، كە تەنیا كاتێك مرۆڤەكان ھاوھەستی و ھاونەتەوەیی ھەستپێدەكەن، كە ئازادانە بڕیار بدەن و لە خوێندن و بەكاربردنی زمان و پاراستنی كولتووریاندا ئازادبن؟
ئایا ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتەكانی بلۆكی ڕوسی كە دووری و جیاوازی زمانیان ھەر ھێندەی سۆرانی و ھۆرامی یا كرمانجی و زازاكی بوو، بەڵگە و سەلمێنەری ئەوە نییە، كە سەپاندنی زمان، سەرەنجامەكەی جیابوونەوەی خوێناوی بەرھەمدەھێنیت؟
ھەروەھا بۆ نابێت كە بە ھۆرامی و كەڵھوڕی و زازاكی پەرتووك چاپبكرێت، ھەریەك لەمانە ھەم نووسەر و ھەم وەرگێڕی خۆیان ھەیە، ئەوە ئەوان خۆیانن، كە دەبێت دیاری بكەن، چی وەربگێردرێت و چی چاپ بكرێت. چونكە وەھا بۆچوونێك كە تۆ دەریدەبڕیت، قسەكردنە لە لووتكەی زاڵی و دەسەڵاتداریی سۆانییەوە، بۆیە یەكسەرە كەوتوویتە خەمی وەرگێڕان، بۆ دەبێت ئەو ناوچانە زیاتر لە نووسین و دانانی پەرتووكی خۆیان پێویستیان بە وەرگێڕانی پەرتووكی سۆرانی بیێت؟ ئایا پاشبنەمای ئەم خەیاڵ و گومانە، كەمگرتنی توانای دیگەران نییە و پێتوایە كە بەبێ سۆرانی پەرتووكیان بۆ فێربوون و خوێندنەوە و پەروەردە و تێگەییشتن نییە !
كاك نەژاد كارەسات ئەوەیە، كە جیاوازی زمان و دیالیكت و بنەدیالێكت فەرامۆش بكەیت، برای ئازیزم، سۆرانی وەك ئەوانی دیكە زمانە و چەند زاراوەیەكی لێدەبێتەوە، لەوانە بە نموونە : زاراوەی موكریان + ھەولێر، سلێمانی، سنە ، كەركووك، ..تد ھەروەھا شێوە ئاخاوتنی خێڵ و ناوچەكانی ھەریەك لەو ھەرێمانە، بنزاراوەی سۆرانی پێكدەھێنن، بۆ تێگەییشتنی دروست لە زاراوە و بنزاراوە، سەرنجی ئاخاوتنی خێڵەكانی ھۆزی جاف بدە، ئەگەر ھۆرامی و زازاكی لەلای تۆ زاراوەی یەك زمانن، ئەدی بۆ سۆرانیزمانەكان لێیان تێناگەن؟ دیسانەوە، ئەگەر ھەر یەكە لەوانەی تۆ بە زاراوەیان ناودەبەیت، زمان نین، كەواتە بە پێوەرەكەی تۆ شێوە ئاخاوتنی سنە و سلێمانی وموكریان + ھولێر و كەركووك دەبنە بنزاراوە، ئەدی شێوە ئاخاوتنی خێڵەكانی ھۆزی جاف لە سنووری سلێمانیدان، دەچنە چ خانەیەكەوە، ئەدی شێوە ئاخاوتنی دیانە و ڕانیە و كۆیە و سەردەشت و بانە دەچنە چ خانەیەكەوە؟
ئەگەر مەرجی زمان و یەكزمانی تێگەییشتنی ئاخێوەرانی ھەموو زاراوە و بنزاراوەكانی بێت لەیەكدی، ئەوا ئەو زمانە كوردییەی كە تۆ باسی دەكەیت، بوونی نییە و خەون و ئەفسانەی ناسیونالیستانەیە، بەڵام لە بەرامبەردا ھەموو ئاخێوەرانی لك و پۆپەكانی زمانی ھۆرامی لەیەكدی تێدەگەن، ھەروەك ھەموو ئاخێوەرانی لك و پۆپەكانی زمانی سۆرانی لەیەكدی تێدەگەن و بەم جۆرە كەڵھوڕی و كرمانجی و زازاكیش ھەروا …
ھیچ كات ھۆرامی یا كەڵھوڕی یا زازاكی یا كرمانجی، زاراوەی زمانێك نین، كە سۆرانی زاراوەكی دیكەی بێت. چونكە بە ئێستاشەوە، سەرەرای بوونی پەیوەندی و ھاتووچۆی سەدان ساڵە، ھێشتاكە لەیەكدی تێناگەن. بەڵام زاراوە و بنزاراوەكانی ھۆرامی یا سۆرانی یا كەڵھوڕی یا كرمانجی یا زازاكی چ خوێندەوار و چ نەخوێندەوار، زۆر بە باشی لە یەكدی تێدەگەن و ھیچ گرفتێكیان نییە و پێویستیان بە فەرھەنگی وشە یا خولی فێربوون و چوونە فێرگە بۆ ئەو مەبەستە نییە .
ناسیونالیزم، تۆ لە بەشەكانی پێشوودا باس لە نەبوونی ناسیونالیزمی فارسی وعەرەبی و توركی دەكەیت، كەچی لێرەدا وەك بەڵگە دەیھێنیتەوە، من نازانم كام لە بۆچوونەكانت لەمەڕ ناسیونالیزمی فارس و عەرەب وتورك بەھەند وەربگرم؟
دوا وشە، من نەك دژی دروستبوونی یەكزمانی یەكگرتوو لەنێوان ئەو زمانانەدا بە ھەر ناوێكەوە بێت، نیم، بەڵكو چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكەم و لەو بارەوەش نووسینم ھەیە، چونكە من دژی ھەموو ناوچەگەریی و دەمارگیرییەكی ناسیونالیستانەم و زمان بە ئامرازی ئاسانتركردنی پەیوەندی و دەربرین و خۆشەویستی و ھاوپشتی نێوان مرۆڤەكان دەزانم، نەك پێشمەرجی پووچگەرایی ناسیونالیزم و ئامرازی ھەڵاواردن و دروستكردنی دوژمنایەتی و لەیەكدیدابرانی مرۆڤەكان. من خوێندن و بەكاربردنی زمانی دایك بۆ بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە، بە یەكێك لە ھەرە سەرەتاییترین مافەكانی تاك و مرۆڤ بەگشتی دەبینم، ئەگەر ھەموو ئاخێوەرانی زمانی ھۆرامی، كەڵھوڕی، زازاكی یا بلوجی و ئازەری و …تد دژی بەكاربردنی زمانەكەیان لە خوێندن و نووسین و بەرێوەبەردندا بن، من وەك پێداگریی لەسەر ئەو ماف و ئازادییە سەرەتاییەیان، پەشیمان نیم و باوەڕم بەو ماف و ئازادییە لەقنابێت، لە بەرامبەریشدا دژایەتی ھەموو ھەوڵێكی سەپێنەرانە و سەركوتگەرانە و ھەموو داخوازینامەیەك كە دەسەلات بۆ سەپاندن و سەركوت ھاندەدات، بە ئەركی سەرشانی خۆم دەزانم و لەو باوەڕەدام كە سەپاندن و كوتەكدانەدەست دەسەڵات، ڕەتكردنەوەی ھەموو بنەماكانی ئازادیخوازیی و مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤە. ھەر بۆیە پێویستە كەسی ئازادیخواز و بزووتنەوەی ئازادیخواز، ڕێگەچارە و تێڕوانینەكانی لەبەر ڕۆشنایی ئازادییە تاكەكەسییەكان و مافە سەرتاییەكانی مرۆڤەوە، سەرچاوە بگرن، ئەوەی ئازادیخوازە، دژی دەسەڵات و سەپاندنە، ھەر كەسێكیش كە لایەنگری دەسەڵات و سەپاندن بێت، خۆبەخۆ دژی ئازادی و مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤە.