بنچینه‌کانی سه‌ندیکالیزم
پێشەنگانی سۆشیالیسته‌کانی فه‌ره‌نسه له‌بەرئەوەی که له بزاڤی ‘ژاکۆبینی’یه‌وه هاتبوونه‌ده‌ر، خۆبه‌خۆ له‌و ئاراسته هزرییه‌دا ده‌گیرسانه‌وه. بابۆف و بزاڤه شۆڕشگێڕانه‌که‌ی له‌ڕاستیدا خوازیاری دیکتاتۆری شۆڕشگێڕانه له فه‌ره‌نسه بوون و ئاراسته‌ی کۆمونیزمێکی کشت‌وکاڵیان هه‌بوو. بزاڤه‌کانی دواتریش [ له‌ته‌ك بوونی که‌سانی وه‌ك باریس و بلانکی «Louis Blanc» له ڕابه‌رایه‌تییه‌که‌یدا] درێژه‌یان به‌م پێشینەیەدا و مارکس و ئه‌نگلس تێڕوانینه‌کانی خۆیان له‌م باره‌وه، وه‌رگرت. به‌م جۆره بیرۆکه‌ی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” گه‌شه‌ی کرد و له مانیفێستی کۆمونیستدا خرایه‌ڕوو. به‌ڵام پاش ڕاپه‌ڕینی ‘کۆمون ی پاریس’ له ساڵی ١٩٧٩دا مارکس به‌تێڕوانینێكی دیكە گه‌یشت. ئەو ناچار به گرنگیدان به ده‌ستکه‌وته‌کانی کۆمونی پاریس بوو، چونکه “لایه‌نه میرایه‌تییه‌کانیانی له‌نێوبرد” به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه‌ی له ڕوانگه‌دا، ته‌واو ئازادانه و دڵخوازانه ئه‌نجامنه‌دا. باکونین ده‌نووسێت: “ده‌سته‌کوته‌کانی کۆمونی پاریس هێنده لێده‌رانه بوون، که ته‌نانه‌ت مارکسیسته‌کانیش له‌به‌رامبه‌ریدا سه‌ری ڕێزیان بۆ دانه‌واند؛ چونکه ته‌واوی تێڕوانینه‌کانی ئه‌وانی خستبووه زبڵدانه‌وه و به پێچه‌وانه‌ی لۆجیکی خۆیان ناچار بوون به‌وه‌ی به‌رنامه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمون بکه‌نه ئامانجی خۆیان. کارایی شۆڕشگێڕانه‌ی ڕاپه‌ڕینی کۆمون، مارکسیسته‌کانی ناچار کرد به پێچه‌وانه‌ی خواستی پێشوویی و هه‌ستی خۆیانه‌وه، پێشوازی لێبکه‌ن، ئه‌گینا له هه‌موو لایه‌که‌وه تووشی سه‌رکۆنه و توانجلێدان ده‌بوون“.
به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا مارکس کۆمونی پاریس وه‌ك پێشه‌کی “دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” یادده‌کاته‌وه. به‌م جۆره ئەو له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا تێڕوانینی جیاواز له‌م باره‌وه ده‌رده‌بڕێت. له ”مانیفێستی کۆمونیست”دا وه‌ك میرایەتی نێوه‌ندی و شۆڕشگێڕانه لەبارەی ”دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا”وە ده‌دوێت، که توانای پیاده‌کردنی سۆشیالیزمی هه‌یه، به‌ڵام له ‘جه‌نگی نێوخۆیی’دا له‌به‌ر له‌نێوبردنی ‘ده‌وڵه‌ت’ ڕاپه‌ڕینی کۆمون گرنگ ده‌نرخێنێت.
پرسه‌که بۆ ئێمه زۆر ڕۆشنه. ”دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا” واته ده‌سه‌ڵاتداریی میرایەتی له‌لایه‌ن پارتێکی دیاریکراوه‌وه. له بنچینه‌دا دیکتاتۆریی بریتییه له دەسه‌ڵاتی پارتێك نه‌ك چینێك، له‌به‌رئه‌وه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی “دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا”ین و ھەر به‌هۆی ئه‌م به‌ڵگه ساده و ڕۆشنه‌وە، چونکه ئێمه دژی میرایه‌تین. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له دیکته‌کردنی پرۆلیتاریا به چینه دارا‌کان و کۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان و به‌ڕێوه‌بردن و گرتنه‌ده‌ستی ته‌واوی ده‌زگه گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵگه له ده‌ستی خۆیدا بێت؛ ئێمه نه‌ك ھەر دژی نین، به‌ڵکو به هه‌موو هێز و ئامرازه گونجاوه‌کان پشتیوانی لێده‌که‌ین. وه‌ها تێڕوانینێك نێونه‌ته‌وه‌یی فیدراسیۆنه‌کانی دژه ئۆتۆریته، له دەمی کۆنگره‌ی خۆیدا له ساڵی ١٨٧٢ له سویسرا له ‘به‌رنامه‌ی سانت ئایمیر’ په‌سه‌ند کرا و بڕیاری له‌سه‌ر درا.
ئێمه وه‌ك نه‌یارانی میرایەتی ناتوانین پشتیوانی ده‌ربڕینی وه‌ك “ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕانه” بین. ده‌وڵه‌ت هه‌میشه کۆنه‌په‌رسته و هه‌ر که‌س ئه‌و پرسه پێشنیارده‌کات، له بنچینه شۆڕشگێڕییه‌کان تێنه‌گه‌یشتووه. هه‌ر ئامرازێك بۆ کارێك چێکراوه. به ئامرازه‌کانی ئاسنگه‌ری ناتوانرێت ددان ده‌ربکێشرێت و به دندانکێشی پزیشکیش ناتوانرێت ئاسنگه‌ری بکرێت. لەبەرئەوەی که ده‌وڵه‌ت ئامرازی زاڵکردنی کۆمه‌ڵێکه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵکدا، ناتوانرێت ئۆرگانی ئازادکردنی جه‌ماوه‌ر بێت. ئه‌وه دیکته‌کردن له سه‌ره‌وه‌ڕا نییه، به‌ڵکو سه‌ره‌نجامی ئاکسیۆنه شۆڕشگێڕییه‌کانی جه‌ماوه‌ری کرێکارانن، که له‌پێناو ئازادی‌دا هه‌نگاوده‌نێن. که‌سێك که خوازیاری “دیکتاتۆری پرۆلیتاریا”یه و پاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕ ده‌کات، له‌ڕاستیدا له‌به‌رامبه‌ر شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕاوه‌ستاوه. له‌نێوان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌نێوچوونی ده‌وڵه‌ت و دیکتاتۆری ده‌وڵه‌تییدا جیاوازییه‌کی زۆر و ئاشکرا هه‌یه. ڕێگه‌ی سێیه‌میش نییه، ئیدی هه‌ر که‌س چی بخوازێت، ئازادە و ده‌توانێت لەنێوان ئەم دووانەدا هه‌ڵبژێرێت.
من چه‌ندین جار لەم بارەوە دواوم، که پارته چه‌په‌کان له‌ڕاستیدا، هه‌وڵی ده‌سته‌مۆکردنی هێزی خه‌باتی ئابوورییان هه‌بووه و له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی که دروشمی ئه‌نجومه‌ن (سۆڤیه‌ت*)یی و خه‌باتی ئه‌نجومه‌نی به‌رزده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا زه‌مینه بۆ زاڵبوونی خۆیان له‌نێو ئه‌نجومه‌نه‌کاندا ئاماده‌ده‌که‌ن، که ئه‌مه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌ته‌ك ڕوانگه‌ی ئه‌نجومه‌نییدا ناکۆکه. ڕوانگه‌ی ئه‌نجومه‌نیی به‌مه‌به‌ستی وه‌ستانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ڕامیارییه ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیارییه‌کانی ده‌وڵه‌ت هاتوونه‌ته ئاراوه. ‘ سان سیمۆن Saint-Simon‘ له‌م باره‌وه ئاوا بۆچوونی خۆی فۆرمۆڵه ده‌کات “جێیه‌ك که هونه‌ری میرایه‌تیکردن به‌سه‌ر خه‌ڵکدا شوێنی خۆی به هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی شته‌کان ده‌دات”. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن شۆڕشی ڕوسیه‌وه ده‌نگیدایه‌وه، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ر له‌وه هه‌بووه و ئه‌زموونکرابوو. به‌پێچه‌وانه‌ی دژه ئۆتوریته‌یی نێونه‌ته‌وه‌یی کرێکارانه‌وه، که ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی لەلا په‌سه‌ندبوو، هه‌موو پارته ڕامیارییه‌کان دژی ڕوانگه‌ی ئه‌نجومه‌نیی بوون. ‘لێنین Lenin‘ ڕابه‌ری بۆلشه‌ڤیكەکانی ڕوسیه له ساڵی ١٩٠٥دا ئاوا وه‌لامی ئه‌نجومه‌نه‌کانی پترسبۆرگ ده‌داته‌وه ” سیستەمی ئه‌نجومه‌نی کۆنه و په‌ڕپووتبووه و پارتی ئێمه ناتوانێت پشتیوانی لێبکات”. به‌لام ئه‌وڕۆکه هه‌لومه‌رج، بۆلشه‌ڤیکه‌کانی ناچارکردووه، که لایه‌نگری ” ئه‌و شێوازه کۆن و په‌ڕپووته”بن. سروشتییه که ئه‌وان له داهاتوودا سیستەمی ئه‌نجومه‌نی بگۆڕن به ده‌وڵه‌تی ئه‌نجومه‌نی و گیانی بیروکراسیانه‌ی خۆیان له‌نێویدا موتوربه بکه‌ن؛ پرسگه‌لێك که له‌ته‌ك بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نییدا هیچ نزیکییه‌کیان نییه (و. فارسی: ڕودۆڵف ڕۆکه‌ر له ساڵی ١٩١٩دا سیستەمی هه‌نووکه‌یی روسیه – سه‌رده‌می سۆڤیه‌تی جاران-ی پێشبینی کردبوو). له کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له ‘بازڵ’ی سویسرا له ساڵی ١٨٦٩دا پرسی ئه‌رکی مێژووی سه‌ندیکاکانی پێشنیارکرد و به‌درێژی خستییه به‌رلێدوان و پرسوڕا. ڕوانگه‌ی سۆشیالدیموکراته‌کانی ئا‌ڵمانیا، که بوونی سه‌ندیکاکانی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی سیستەمی سه‌رمایه‌داریدا به‌پێویست ده‌زانی، لەوێدا به‌ته‌واوی ڕه‌تکرایه‌وه. ڕوانگه‌ی گشتی پێیوابوو، که گروپه خه‌باتکاره ئابوورییه‌کان، ئه‌رکی بنیاتنانی سۆشیالیزم و کۆمه‌ڵایه‌تییکردنیان له‌ئەستۆگرتووه. باکونین و که‌سانی دیكە له باڵی چه‌پی دژه ئۆتۆریتەی نێونەتەوەیی یەكەمدا، سه‌ندیکایان وه‌ك چەق و پێكھێنەری بنه‌ڕه‌تیی سۆشیالیزم ناوده‌برد و به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نگرانی ڕوانگه‌ی سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تییەوە، پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نه کرێکارییه‌کان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت دەستەواژه‌ی “ئه‌نجومه‌نه کرێکارییه‌کان” له‌و کاته‌دا باو بوو و له کۆنگره‌کانی دواتردا به‌کارده‌برا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕوانگه‌یه ماوه‌یه‌کی زۆر لێدوانی لەبارەوە نه‌کرا و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرا، ئەوەش له‌به‌ر شکستی کۆمونی پاریس و بزاڤه‌کانی ئه‌سپانیا و ئیتالیا و وڵاتانی دیكە بوو، که کرێکاران ناچار به پاشه‌کشێیه‌کی تاراده‌یه‌ك درێژماوە بوون. دواتر جارێکی دیكە له بزاڤه سه‌ندیکالیستییه‌کان و ڕێکخستنه ئه‌نجومه‌نییه‌کان و ڕێکخراوه ئه‌نجومه‌نییه‌کاندا سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه و له ده‌ستووری کاری ڕۆژانه‌یاندا جێگیربوو. شێوه‌ی پێكهاتنی ئاوایه: له هه‌ر شار و گه‌ڕه‌کێکدا، کرێکاران ڕێکخراوه پیشه‌ییه‌کانی خۆیان پێكده‌هێنن. سه‌ندیکای گشتی خۆجێی (محلی)، که له ڕێکخراوه پیشه‌ییه کرێکارییه‌کان پێکهاتووه، له خۆجێیدا پێكدێت. له‌ڕاستیدا ئه‌م نێوه‌نده کرێکارییه، شوێنێکه بۆ ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی سۆشیالیستی، ڕێکخه‌ری مانگرتن و هاوپشتی کرده‌ییه. هه‌ر نێوه‌ندێکی کرێکاری به‌شێکه له فیدراسیۆنی وڵات و زه‌مینه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجامدانی ئاکسیۆن و چالاکییه هاوبه‌شه‌کانه.
شێوه‌ی دووه‌می ڕێکخستن، ڕێکخراوی پیشه‌ییه. واته هه‌موو کرێکارێك له کاتێکدا که ئه‌ندامی سه‌ندیکای خۆجێییه، له‌لایه‌کی دیكەیشه‌وه ئه‌ندامی سه‌ندیکای پیشه‌ییه‌ی کاره‌که‌ی خۆشیه‌تی و به‌م جۆره له‌ته‌ك کرێکارانی هاوکاریدا له سه‌رتاسەر‌ی وڵات‌دا له هاوپشتیدایه. به‌م جۆره ڕێکخراوه‌کانی کرێکارانی میتال، دارتاشی، بارکردن و گواستنه‌وه و ئه‌وانی دیكە پێكدێن. به‌م پێیه له داهاتوودا سه‌رکه‌وتنی ئه‌م ڕێکخراوانه ده‌توانێت، پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه بگۆڕێت و له‌پێناو کۆمه‌ڵایه‌تییکردندا تێبکۆشێت. هه‌ر نێوه‌ندێکی کرێکاریی له شوێنی نیشته‌جێبوون و چالاکی خۆیدا، به‌ڕێوه‌به‌رایەتی خانوبەرە، خواردن، پۆشاك و که‌ره‌سته‌کانی دیكە ده‌گرێته ئەستۆی خۆی. له‌لایه‌کی دیكە‌وه نووسینگه‌ی ئاماری نێوه‌ندی کرێکاری له خستنه‌ڕووی که‌می و زیادییه‌کان تێده‌کۆشێت و به هاریکاری فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری نێوه‌ندی کرێکاری، له دابینکردنی پێداویستییه‌کان و پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکوڕییه‌کان و دابه‌شکردنی که‌ره‌سته ئاماده‌کان له‌ته‌ك نێوه‌نده کرێکارییه‌کانی دیكەدا ده‌ستبه‌کارده‌بن. به‌م جۆره زه‌مینه‌ی به‌رهه‌مهێنان به به‌رنامه‌یه‌ك له‌بارده‌کرێت، له کاتێکدا نێوه‌نده کرێکارییه‌کان پرسی به‌کاربردن، خانوو و خوارده‌مه‌نی چاره‌سه‌رده‌که‌ن؛ ڕێکخراوه پیشه‌ییه‌کان پرسی به‌رهه‌مهێنان ده‌گرنه ئه‌ستۆ و بەرەوپیشه‌وه‌ی ده‌به‌ن.
به‌م جۆره، کۆمه‌لایه‌تییکردنی به‌رهه‌مهێنان و به‌کاربردن و دابه‌شکردنی که‌ره‌سته‌کان له خواره‌وه‌را بۆ سه‌ره‌وه (لە خۆجێوە بۆ سەرتاسەر)، له‌لایه‌ن خودی جه‌ماوه‌ری کرێکارانه‌وه ئه‌نجامده‌درێت و له‌لایه‌کی دیكە‌وه [به‌پێچه‌وانه‌ی وێناگه‌ریی زۆرێك له چه‌په‌کان که پاگه‌نده‌گه‌ری ده‌وڵه‌تیکردنی پیشه‌سازی و شته‌کانی دیكەن] به به‌ده‌وڵه‌تیکردنی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، سۆشیالیزم نایێته‌دی، به‌ڵکو سیستەمی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی که یه‌کێك له خراپترین شێوه‌کانی به‌هره‌کێشی مرۆڤه‌کانه، سه‌رهه‌ڵده‌دات. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه، ئێمه سه‌ندیکالیسته‌کان خوازیاری کۆمه‌لایه‌تیکردنه‌وه‌ین، ئه‌ویش له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه و له‌لایه‌ن سه‌ندیکا و ئۆرگانه‌کانی ئه‌وانه‌وه، واته نێوه‌نده کرێکارییه‌کان و فیدراسیۆنه‌کانیان و ڕێکخراوه پیشه‌سازییه‌کانه‌وه.
پرسێکی دیكە، که ده‌بێت ده‌رببڕدرێت، ئه‌وه‌یه که کۆمه‌لایه‌تیکردنی به‌رهه‌مهێنان له‌ته‌ك به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی به‌رهه‌مهێنان جیاوازی هه‌یه. کۆمه‌ڵایه‌تییکردن به واتای ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تییە له نه‌زمی سه‌رمایه‌داریدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆکه خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌مووان له ئارادا نییه، له‌به‌ر بێتوانایی ئێمه نییه، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌یه که به‌رهه‌مهێنان له‌ده‌ستی سه‌رمایه‌داردایه و ئه‌و دیاریگه‌ر و چاودێریگه‌ریه‌تی. له‌لایه‌کی دیكە‌وه ده‌بێت په‌یوه‌ندی نادروستی نێوان پیشه‌سازی و کشتکاری و ناکۆکی نێوان کاری هۆشی و کاری بازوویی له‌نێوببرێت. پرسه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه نییه، که به‌رهه‌مبهێنین، تاوەكو پێداویستیمان دابینبکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت له‌پێناو به‌دیهێنانی شوێنی کار و ژیانی نوێ، داهێنانی مرۆڤه‌کان په‌ره‌پێبدرێت و کارکردن بۆیان خۆشی و چێژبه‌خش بێت. ئه‌مه ئه‌رکی ئێمه‌یه، که ئه‌وڕۆکه زه‌مینه‌ی وه‌ها کۆمه‌ڵگه و بیرکردنه‌وه‌یه‌ك بخه‌ینه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه و په‌یگیرانه و کۆڵنه‌ده‌رانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی تێ‌بکۆشین. ئه‌مه ته‌نیا ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی سۆشیالیستییه. ئه‌وه هه‌ڵه‌ی مارکسیسته‌کانه که تێڕوانینه‌کانی ئێمه به خه‌یاڵی داده‌نێن و له‌م ئاراسته هزرییه‌دا تێناکۆشن. سۆشیالیزم خۆبه‌خۆ سه‌رهه‌ڵنادا؛ بروسکه‌یه‌ك نییه له پڕێکدا سه‌راپای سیستەمی سه‌رمایه‌داری له‌نێوبه‌رێت. هه‌روه‌ها نابێت ته‌نیا پشت به هه‌ڵومه‌رجه ئابوورییه‌کان ببه‌سترێت و چاوه‌ڕێی هاتنی ڕۆژی به‌ڵێندراو دانیشین. ده‌بێت خۆمان ئاماده‌بکه‌ین، تاوه‌کو بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان خافڵگیرمان نه‌که‌ن و له‌بیرنه‌که‌ین که بۆ چه‌رخاندنی ڕه‌وڕه‌وی ڕۆژگار، ویستی ئێمه پێویسته.
هه‌ڵبه‌ته شایانی باسه، که بزاڤی ئێمه‌ش له که‌موکوڕی به‌ده‌رنییه. چڵ ساڵ په‌روه‌رده‌ی سۆشیالدیموکراسیانه، هه‌موو جۆره وزه‌یه‌کی ئافه‌رێنه‌ر و توانا و لێهاتوویی کاری له کرێکاران سه‌ندووه. سۆشیالیزم بووه به نه‌گۆڕ (دۆگم)ێکی وشكهه‌ڵهاتوو. گیانی پارتپه‌رستی و کاری پارتییانه، بزاڤه‌که‌ی له مه‌نگه‌نه‌داوه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ به‌له‌نێوچوون سزاواره. بزاڤی سۆشیال‌دیموکراسی ئا‌ڵمانیا هه‌مان ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر سۆشیالیزم ئه‌نجامدا، که کلیسای پاپ له‌به‌رامبه‌ر مه‌سیحیه‌ت پێیهه‌ستا. له‌به‌رئه‌مه‌یه که بزاڤی ئێمه ئه‌وڕۆکه له‌ته‌ك گیروگرفتی بێئه‌ژمار ڕووبه‌ڕووه.
پرسێکی دیكە، ڕوسیه و شۆڕشی ئه‌وێیه، که سه‌ردارانی پاگه‌نده ده‌که‌ن: له‌وێ هه‌واڵیك له سه‌ندیکا و بزاڤی سه‌ندیکالیستی نییه و ته‌نیا به‌داهێنانی پارته ڕامیارییه‌کان، جووڵانه‌وه‌کان سه‌ریانهه‌ڵداوه و ڕێکخراوه کارخانه‌ییه‌کان له‌ژێڕ چاودێری ڕاسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تدا ئه‌رکه‌کانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن. ئه‌و سه‌ردارانه ئاگایان له که‌تواره‌کان و په‌ره‌سه‌ندنی جووڵانه‌وه‌کان نییه. له‌ڕاستیدا ئه‌وه سه‌ندیکا و کۆمیته‌کانی کارخانه‌كان بوون، که جووڵانه‌وه‌کانیان هه‌ڵخڕاند. ته‌واوی به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییکردن له‌لایه‌ن سه‌ندیکا و ڕێکخراوه خه‌باتکاره‌کانی کرێکارانه‌وه داڕێژرا و ده‌ست به پیاده‌کردنی کرا. بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌ر له ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نه (شورا) کرێکارییه‌کاندا کاردانه‌وه‌یان نیشاننه‌دا. ئه‌وه ئه‌نارکیسته‌کان و سه‌ندیکالیسته‌کان بوون، که له ئه‌نجومه‌ن (شورا)کاندا سه‌رقاڵی کاری کارا و سه‌رکه‌وتووانه بوون. ئه‌وه هاوڕێیانی ئێمه بوون له ڕێکخراوی “گولوس تورودا”دا که خۆیان به ئه‌نارکۆسه‌ندیکالیست نێوبرد و خزمه‌تگوزاریی زۆر و زه‌به‌نده‌یان ئه‌نجامدا، به‌بێ هاریکاری هێزه شۆڕشگێڕه‌کان، هیچ کات بۆلشه‌ڤیکه‌کان توانای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوو. هه‌روه‌ها هه‌مان سه‌ندیکای ڕوسیه، ئه‌وڕۆکه له‌دوای La Vie Ouvrièreو بوونی سه‌ندیکای شۆڕشگێڕانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییە. له ڕوسیه ئه‌وه پارته‌کان نه‌بوون، به‌ڵکو ئه‌وه سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان بوون، که هه‌لومه‌رجیان بۆ سۆشیالیزم له‌بارکرد. گه‌شه‌ی خێرا و به‌رچاوی ڕژێمی ‘کۆماری ئه‌نجومه‌نیی ڕوسیه’ش سه‌ره‌نجامی چالاکی جه‌ماوه‌ری کرێکارانه، نه‌ك داهێنانی ئافه‌رێنه‌رانه‌ی تاکه‌که‌سێك یا که‌سانێك. ئه‌گه‌رچی خزمه‌تگوزارییان زۆره، به‌ڵام جوتیارانی ڕوسییە، که کۆمه‌ڵێکی زیاتر له ١٢٨ ملیۆن که‌سی پێكده‌هێنن، ڕۆڵێکی به‌رچاویان له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشدا هه‌بوو. جوتیارێك که دوو له‌سه‌ر سێی زه‌وییه‌که‌یان داگیرکردبوو و هه‌نووکه پاش شۆڕش دووباره بووه‌ته‌وه به‌خاوه‌نی، ده‌زانێت که له‌باری سه‌رکه‌وتنی دژه‌شۆرشدا دووباره زه‌وییه‌که‌ی لێده‌سێننه‌وه. له‌به‌رئه‌وه به‌هه‌موو توانایه‌کییه‌وه له خه‌بات دژی دژەشۆڕشدا به‌شدارده‌بێت. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرایه، که سه‌رکه‌وتنی شۆڕش به‌سه‌ر دژه‌شۆڕشدا ڕۆشنده‌کاته‌وه. به‌ڵگه‌یه‌ك که به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن زۆرێکه‌وه له‌به‌رچاوناگیرێت.
تێڕوانینی ئێمه له‌مه‌ڕ پارتی بۆلشه‌ڤیك، ھەمان به‌رخوردی ئێمەیە بەرامبەر پارته سۆشیالیستییه‌کانی دیكە. ئێمه به‌ته‌واوی هێزمانه‌وه پشتیوانی له شۆڕشی ڕوسیه دژی دژه‌شۆڕش ده‌که‌ین. به‌ڵام نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئێمه بۆلشه‌ڤیکین، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئێمه شۆڕشگێڕین. ئه‌گینا له بواری دیكەدا ئێمه ڕێگه‌ی خۆمان ده‌گرینه‌به‌ر، چونکه به‌توندی پێداگری له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌کانی خۆمان دەكەین. له‌م باره‌وه دەبێت ئه‌وه‌ش بڵێین، لێنین که هه‌میشه دژی سه‌ندیکالیسته‌کان بوو، له دوا کۆنگره‌ی ‘کۆمینتێرن’دا له مۆسکۆ ڕایگه‌یاند، که سه‌ندیکالیسته‌کان خه‌باتکارانی چینایه‌یتی باشبوون و ده‌بێت هاریکارییان بکرێت. به‌ڵام تێڕوانینی ئێمه له‌م باره‌وه هه‌مان تێڕوانینه، که هه‌موو جارێك ڕامانگه‌یاندووه، چونکه هێشتاکه لایه‌نگرانی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له ئا‌ڵمانیا سه‌رسه‌ختانه درێژه به جه‌نگ دژی سه‌ندیکالیسته‌کان ده‌ده‌ن.
ئه‌وان پێیانوایه، که کارتی بردنه‌وه‌یان له ده‌ستدایه. چونکه به‌پێی پاگه‌نده‌ی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی ئابووری به‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری ناتوانرێت به‌ده‌سته‌وه‌بگیردرێت. بۆیه پێویستە له‌پێشدا پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری بکه‌ین. ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری بریتییه له سوپا، ده‌زگه‌ی پۆلیس، دادوه‌ری و هیدیكە. به‌ڵام نابێت له‌بیربکه‌ین که ئه‌م ده‌زگه به‌رێوه‌به‌رییه تا کاتێك له‌جێی خۆی ده‌مێنێته‌وه، که چینه دارا‌کان ئامرازه ئابوورییه پێویسته‌کانیان له‌ده‌ستدایه. له‌و کاته‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی ده‌که‌وێته ده‌ستی کرێکاران ئیدی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری چینه سه‌روه‌رکان گرنگی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. کاتێك که کرێکاران کارخانه‌کان، کارگه‌کان و هیدیكە ده‌خه‌نه ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆیان؛ ئیدی سروشتییە، که ده‌زگه‌کانی مرۆڤکوژی و کارخانه‌کانی چه‌کسازی له‌کارده‌که‌ون و ئه‌و ده‌زگه سه‌رکوتگه‌رانه‌یه‌ی دژه‌شۆڕشیان له‌ده‌ستده‌رده‌چێت.
ئامانجی ئێمه به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵکو به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی زه‌مین و كێڵگە، کارخانه و کارگه‌کانه. ئه‌مه یه‌کێكه له ئه‌رکه گرنگه‌کانی سه‌ندیکالیسته‌کان، که ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه له‌نێوان کرێکاراندا په‌ره‌پێبده‌ن. ئێمه سه‌ندیکالیسته‌کان به‌پێچه‌وانه‌ی تۆمه‌ته‌کانی که‌سانی دیكە‌وه، نه‌ك بەھیچ شێوەیەك خوازیاری لێكدابڕان و پڕشوبڵاوی نێوان کرێکاران نین، به‌ڵکو هه‌وڵی یه‌کێتی کار و به‌دیهێنانی هاوپشتی فراوان و گشتیین. ڕێك به پێچه‌وانه‌ی شێوازی کاری پارته ڕامیارییه پرشوبڵاوکانه‌وه، که زۆرینه‌ی چالاکی خۆیان بۆ خه‌بات دژی یه‌کتری و دروستکردنی سه‌ندیکای تایبه‌ت به‌خۆیان [ له‌و ڕێگه‌یەوه لێک‌دابڕان له نێوان کرێکاراندا دروستده‌که‌ن] هه‌یه. با سه‌رنجی فه‌ره‌نسه بده‌ین؛ به‌ر له یه‌کگرتنی پارته سۆشیالیسته‌کان، هه‌شت یا نۆ گروپی پارتیی هه‌بوون، که به‌توندی دژی یه‌کدی چالاکیانده‌کرد. هه‌ر پارتێكیش سه‌ندیکایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆی دروستکردبوو و به‌م جۆره توانای چالاکی هاوبه‌شی پرۆلیتاریای فه‌ره‌نسه له‌نێوبرابوو. تا ئه‌وه‌ی که دواجار کرێکاران داچڵەكان (بەھۆشھاتنەوە) و ڕامیارکارانیان له‌نێوان خۆیان کرده‌ره‌وه و ڕێکخراوی خه‌باتکارانه‌ی ئابووریی خۆیان پایه‌ڕێژییکرد.
تا ئێره هه‌وڵمدا، بنچینه و بناخه‌ی تیئۆری سه‌ندیکالیزم ڕۆشنبکه‌مه‌وه، ئیدی ڕه‌تکردنه‌وه یا لێوه‌رگرتنی له ئه‌ستۆی خودی هاوڕێیاندایه.
کورته‌ی باسه‌که، سه‌ندیکالیسته‌کان باوه‌ڕیان به خەباتی ڕاسته‌وخۆ هه‌یه و پشتیوانی هه‌موو جۆره چالاکی و ئاکسیۆنێکی جه‌ماوه‌ریی، که له‌پێناو له‌نێوبردنی سیستەمی پاوانگه‌ریی (مۆنۆپۆڵ) ئابوورین، که له‌به‌رامبه‌ر چالاکی سه‌ندیکاییدا ده‌وه‌ستێت. ئه‌رکی سه‌ندیکالیسته‌کان بریتییه له په‌روه‌رده‌كردنی كولتووریی و ڕۆشنبیریی جه‌ماوه‌ر و هاوئاهه‌نگکردنی چالاکیان له سه‌ندیکا و ڕێکخراوه خه‌باتکارییه ئابوورییه‌کانیاندا، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چالاكی ڕاسته‌وخۆ (له‌وانه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه، مانگرتنی گشتی و …) و ڕزگاری له چنگ سیستەمی کرێگرته‌یی و میرایه‌تی هاوچه‌رخ. ئێمه ئاماده‌ی هه‌موو جۆره چالاکییه‌کی هاوبه‌ش له‌ته‌ك شۆڕشگێڕه ڕاستگۆکانی دیكەین به‌مه‌بستی خه‌باتی هاوبه‌ش دژی دژه‌شۆڕش، به‌ڵام هیچ کات سه‌ربه‌خۆیی خۆمان له‌ده‌ستناده‌ین.
هاوڕێ ‘ کرۆن ‘ بابه‌تێکی خستوه‌ته‌ڕوو، که پێویسته لێره‌دا ئاوڕی لێبدرێته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت “ده‌توانرێت جه‌ماوه‌ر به‌هۆی دیکتاتۆرییه‌وه په‌روه‌رده‌بکرێن”. ئه‌مه ڕوانگه‌یه‌کی سه‌یره. من زۆر جار له‌و بارەوە دواوم ، که دیکتاتۆری و فێرکاری و ڕاهێنان وه‌ك ئاو و ئاگر وان. ئێمه دژی هه‌موو جۆره فێرکاری و په‌روه‌رده‌کردنێكی توندوتیژانه‌ین، فێرکاری واته فێربوونی ئازادانه، فێرکاری واته باوه‌ڕ. په‌روه‌رده و فێرکاری دژی هه‌موو جۆره دیکتاتۆرییه‌کن. مرۆڤایه‌تی له‌وێدا ھەیە، که مرۆڤ ئازادانه و سه‌ربه‌خۆ بیربکاته‌وه و کاربکات.
کرۆن ده‌ڵێت “مانگرتنی گشتی به‌ته‌نیا به‌س نییه و ده‌بێت لەدووی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه‌وه بین و هه‌روا که له شۆرشی ڕوسیه‌ی ساڵی ١٩٠٥دا ڕوویدا”. پێویسته ئه‌وه بڵێم، که به باشی ئاگاداری ئه‌و ڕوداوانه ھەم، که ڕوویانداوه. شۆڕشی ١٩٠٥ ڕێك هه‌ر له‌به‌ر ھەبوونی پارته‌کان بوو، که شکستی هێنا، واته پرسێك که کرۆن وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك دژی تێڕوانینه‌کانی ئێمه به‌کاریده‌هێنێت. شۆڕش له‌وێ هه‌موو ڕێکخستنه ده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کانی ده‌ستلێنه‌دراو هێشته‌وه و خۆی به‌دوای به‌ڕێوه‌بردنیانه‌وه بوو. سه‌ره‌نجام کاتێك که دژه‌شۆڕش گه‌ڕایه‌وه، هه‌موو ده‌زگه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی جه‌ماوه‌ر ده‌ستلێنه‌دراو دووباره که‌وتنه‌وه ژێرڕکێفی. باشترین به‌ڵگه بۆ بوونی پارته‌کان و خراپکارییه‌کانیان یاخیبوونی دوو گه‌له‌که‌شتی ده‌ریای ڕه‌شن. کاتێك که ده‌ریاوانانی که‌شتی پۆتمکین و که‌شتییه جه‌نگییه‌کانی دیكە یاخیبوون و ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، سه‌روگوێلاکی سه‌ردارانی پارتی په‌یدابوو و داوای چالاکی هاوبه‌شیانکرد و له‌و کاته‌دا بوو، که پاگه‌نده و تۆمه‌ته‌کان ده‌ستیانپێکرد. هه‌موو که‌سێکی دیکه‌یان به دژه‌خون (خیانەتكار) داده‌نا و سه‌ره‌نجام یه‌کێك له باشترین هه‌له‌کان له‌ده‌ستچوو.
ماتاچنکۆ یه‌کێك له چالاكانی سه‌ره‌کی یاخیبوونه‌که دواتر له له‌نده‌ن چۆنیه‌تی ڕوداوه‌که‌ی بۆ گێڕاینه‌وه و به ئه‌نارکیسته‌کانه‌وه په‌یوه‌ستبوو. چونکه له پارته‌کان به‌گشتی بێزاربوو. ڕێك له‌وێدا که به خۆشباوه‌ڕییه‌وه هه‌وڵده‌درێت ده‌زگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له جێی خۆیدا بمێنێته‌وه، تا دواتر سوودی لێوه‌ربگیرێت؛ بەو جۆرە ڕێگه بۆ دژه‌شۆڕش خۆش و له‌بارده‌کرێت.
جوتیارانی فه‌ره‌نسی سه‌راپای پێکهاته‌کانی سیستەمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی (فیئۆداڵی)یان له‌نێوبرد. دواتر له‌شکره‌کانی ئۆروپا، فه‌ره‌نسه‌یان داگیرکرد و ته‌نانه‌ت پاشایه‌کیشیان له پاریس هه‌ڵبژارد، به‌ڵام هیچ کات نه‌یانتوانی دووباره سیستەمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی سه‌رله‌نوێ چێبکه‌نه‌وه. چونکه سه‌ره‌پای پێکهاته‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه وێرانکرابوو. که‌سێك که خوازیاری جێگیرکردنی ده‌زگه‌ی دیکتاتۆری ده‌وڵه‌تییه، له‌ڕاستیدا خزمه‌ت به دژه‌شۆڕش ده‌کات. ڕێك لێره‌دا (ئا‌ڵمانیا)، له‌وێوه‌یه که شۆڕش سیستەمی ئابووریی و ڕامیاریی نه‌گۆڕیوه؛ لایه‌نگرانی پاشایه‌تی به خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕێی ڕۆژی به‌ڵێندراون.
کرۆن ده‌ڵێت “دیکتاتۆری پێویسته تاکو پیشه‌گه‌ران و کارناسان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کاره‌کان‌ی خۆیان”. لێره‌شدا شۆڕشی ڕوسیه نموونه‌یه‌کی باشه. هیچ دیکتاتۆرێك نه‌یتوانی شاره‌زایان و ته‌کنیککاران بگێرێته‌وه سه‌ر کاری خۆیان. تا ئه‌وه‌ی که لێنین ملی به پێدانی کرێی داواکراویان بدات و به‌م جۆره ئه‌وان گه‌رانه‌وه سه‌ر کاری خۆیان. دیکتاتۆری توانای گۆڕینی باوه‌ڕه‌کانی جه‌ماوه‌ری نییه. نابێت له‌بیر بکه‌ین، که شۆڕش بریتییه له سه‌رله‌نوێ له‌دایکبوونه‌وه‌ی گه‌لێك به ئاراسته‌ی مۆڕاڵ و ڕۆشنبیریی نوێ. به‌بێ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و ژێرخانیی له بنچینه‌دا شۆڕش واتا و تێگه‌یشتنێك به‌ده‌سته‌وه‌نادات. توندوتیژی نه‌ك ھەر کارێکی شۆڕشگێڕانه نییه، به‌ڵکو کارێکی کۆنه‌په‌رستانه‌شه. شۆڕش سه‌ره‌نجامی ئاڵوگۆڕی قوڵ له بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان و گه‌یشتنیان به هۆشیاری نوێیه؛ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستکردی چه‌ك. که‌سانێك که پێیانوایه، ده‌توانن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م میکانیزمه گه‌وره جه‌نگییەدا به‌ته‌نیا چه‌کدارانه پێبنێنه مه‌یدانی کارەوە، به‌هه‌ڵه‌داچوون. چونکه ده‌بنه هۆی خوێنڕێژییه‌کی بێسوود. من دژی توندوتیژیم، له‌به‌رئه‌وه‌ی که دژی ده‌وڵه‌تم. چونکه له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌ت واته به‌رجه‌سته‌بوونی توندوتیژی ڕێکخراو. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم، که توندوتیژی وه‌ك ئامرازی پارێزگاریكردن له‌خۆ ڕه‌تناکه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر له هه‌لومه‌رجێکدا به‌سه‌رماندا بسه‌پێنرێت، ده‌بێت په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که من دژی خۆکوژیم.
به‌ڵام ده‌ستبردن بۆ خه‌باتی چه‌کدارانه و کوده‌تاگه‌رانه و سه‌ره‌نجام هه‌لڕه‌خساندن بۆ دوژمن بۆ به‌رپاکردنی گه‌رماوی خوێن، تاکتیکێکی هه‌ڵه‌یه، که هیچ کات پشتیوانی لێ ناکه‌ین. هه‌ڵبه‌ته به‌داخه‌وه ئێمه زۆرمان دیتووه، که که‌سانێك قسه‌ی زلیان له‌باره‌ی خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه کردووه، به‌ڵام له ساتی پێویستدا ونبوون و کاره‌که‌یان خستووه‌ته سه‌ر شانی که‌سانی دیكە.
کرۆن ده‌ڵێت “ نابێت ئێمه ته‌نیا به‌دوای خه‌باتی ئابوورییه‌وه بین، به‌ڵکو ده‌بێت په‌ل بۆ خه‌باتی ڕامیاریش بهاوێین”. ئه‌مه هه‌مان شته، که ئێمه ده‌یڵێین. به‌ڵام ئێمه دژی چالاکی پارله‌مانین، ئه‌گینا هه‌ر جۆره خه‌باتێك که له خزمه‌تی هه‌موواندا بێت، جێسه‌رنجی ئێمه‌شه. مانگرتنی گشتی بۆخۆی خه‌باتی ڕامیاریشه و هه‌روا پاگه‌نده‌شە دژی میلیتاریزم. سه‌ندیکا واته چالاکی ڕامیاری. سه‌ندیکالیزم ئامانجێکی ڕامیاریی گه‌وره‌ی خستووه‌ته به‌رده‌م خۆی. له‌نێوبردنی ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤەوە و ھەڵوەشاندنەوەی ده‌زگه‌كانی بیرۆکراسی. کرۆن پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌کات، که نێوه‌ندێتی (سه‌نترالیزم) له پارتی کۆمونیستدا جۆرێکی دیكەیه. نه‌خێر! نێوه‌ندێتی، هه‌ر نێوه‌ندێتییه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه، که ئێمه ته‌نانه‌ت پرسه مادیی و داراییه‌کانی خۆشمان نێوه‌ندی نه‌کردووه‌ته‌وه و خه‌زێنه‌ی نێوه‌ندی لەنێوماندا بوونی نییه. سه‌ندیکالیستێك، فێدرالیستیشه و من ئه‌وه‌شی ده‌خه‌مه سه‌ر، که شۆڕشگێڕێك ده‌بێت فیدرالیستیش بێت. که‌سێك که خوازیاری سیستەمی ده‌وڵه‌تییه، له هوشیارییه‌وه بێت یا ناهوشیارییه‌وه ئه‌وا خزمه‌ت به کۆنه‌په‌رستی ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که جه‌ماوه‌ر ناهوشیار، خۆپه‌رستن و به دوای پرسی مادییه‌وه‌ن؛ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت که‌سانێك که له لوتکه‌ی بڕیاردان هه‌ر له‌م ده‌سته‌یه‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌یه که ئێمه خوازیاری له‌نێوچوونی ده‌سه‌ڵاتدارین.
* سۆڤیه‌ت یا سۆڤیه‌ته‌کان ڕێکخستنی دژ به ڕێکخستنی پله‌به‌ندی سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه «Hierarchy»ین، گونجاوترین واژه‌ی هاوواتا له زمانی کوردی‌دا بۆ ئه‌م واژه ناکوردییه، «ئه‌نجومه‌ن»ه، ئه‌نجومه‌ن له ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵکدا پێكدێت و له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌ڵبژێردراوانی نه‌شیاو، لاده‌نرێن. به‌م جۆره ده‌بینین، ئه‌نجومه‌ن (سۆڤیه‌ت) له نێوه‌ڕۆکدا واتایه‌ك پێچه‌وانه‌ی واتای (شورا)ی ئیسلامی ده‌به‌خشێت، که تێیدا ده‌نگده‌ر یا هه‌ڵبژێره‌ر له‌نێوان که‌سانێکی پێشتردیاریکراو به‌پێی مه‌رجه بنچینه‌ییه‌کانی ئیسلام، که له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری خوا و کۆیلایه‌تی مرۆڤ «Hierarchy» دارێژراون، ته‌نیا مافی هه‌ڵبژاردنی له نێوان خراپ و خراپتردا هه‌یه. جێی خۆیه‌تی که سۆشیالیسته‌کان له به‌کاربردنی ئه‌و واژانه‌دا ورده‌کاربن و لاسایی و خاترخاترۆکێی چه‌په‌کانی وڵاتانی دراوسێ نه‌که‌ن. (و.كوردی)
/* Style Definitions */
table.MsoNormalTable
{mso-style-name:”Table Normal”;
mso-tstyle-rowband-size:0;
mso-tstyle-colband-size:0;
mso-style-noshow:yes;
mso-style-parent:””;
mso-padding-alt:0cm 5.4pt 0cm 5.4pt;
mso-para-margin:0cm;
mso-para-margin-bottom:.0001pt;
mso-pagination:widow-orphan;
font-size:10.0pt;
font-family:”Times New Roman”;
mso-ansi-language:#0400;
mso-fareast-language:#0400;
mso-bidi-language:#0400;}