خه‌بات له ئا‌ڵمانیا و ئه‌سپانیا
له ئا‌ڵمانیا، كه باڵه میانڕه‌وه سۆشیالیسته‌كان به‌هێزبوون، سۆشیالیزم له ماوه‌ی سالانێكی دوورودرێژ فریوخواردنی به چالاكی ڕۆژانه‌ی پارله‌مانی وه‌ها جێكه‌وته بووبوو، كه چیدی نه‌یده‌توانی هیچ جۆره ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك نیشانبدات. ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌یه‌كی بورجوازی وه‌ك فرانكفۆرته‌ر تسایتونگ (Frankfurter Zeitung) خۆی به‌ناچار ده‌بینێت ددان به‌وه‌دا بنێت، كه ” مێژووی گه‌لانی ئه‌وروپا، پێشتر هیچ كات شۆڕشێكی وه‌ها هه‌ژار له بۆچوونی داهێنه‌رانه و لاواز له وزه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌رهه‌منه‌هێناوه “. لەتەك ئه‌وه‌ی كه پارتێك به ژماره‌یه‌كی فره‌تر ئه‌ندام له هه‌ر پارتێكی وه‌ك خۆی له دونیادا، كه ساڵانێك به‌هێزترین ڕێكخراوی ڕامیاریی ئاڵمان بوو، وه‌ها ئاسان و بێ هیچ به‌رگرییه‌ك مه‌یدانی بۆ هیتله‌ر و داروده‌سته‌كه‌ی چۆڵكرد، نیشانه‌یه‌كی فره ئاشكرای لاوازی و بێتوانایی ئه‌م پارته‌یه.
به‌راوردی بارودۆخی ئاڵمانیای ئه‌و سه‌رده‌مه لەتەك هه‌لومه‌رجی یه‌كێتییه پیشه‌ییه ئاناكۆسه‌ندیكالیسته‌كان له ئه‌سپانیا و به‌تایبه‌ت فره جه‌ماوه‌رییان له كاتالۆنیا، جیاوازی نێوان بزووتنه‌وه كارگه‌رییه‌كانی ئه‌م دوو وڵاته به‌باشی ده‌خاته‌ڕوو. كاتێك كه له جونی ١٩٣٦دا، پیلانی فه‌رمانده فاشیسته‌كانی سوپا جێبه‌جێكرا، ته‌نیا به‌رهه‌ڵستی قاره‌مانانه‌ی فیدراسیۆنی میلی كارگه‌ران (CNT) و فیدراسیۆنی ئه‌ناركیسته‌كانی ئیریا (FAI) بوو، كه ئاژاوه‌ی فاشیسته‌كانی له كاتالۆنیادا ته‌نیا له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا كپكرده‌وه، به‌شێكی فره گرنگی له خاكی ئه‌سپانیای له چنگی دوژمن ڕزگاركرد و پیلانگێڕانی ته‌واو سه‌رسام كرد، به پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی یه‌كه‌مییان له گرتنی ‘به‌رشه‌لۆنه’دا. پاش ئه‌مه، كارگه‌ران نه‌یانده‌توانی له نیوه‌ی ڕێگەدا بووه‌ستن، ئیدی سۆشیالیزه‌كردنی زه‌وییه‌كان (به‌هه‌ره‌وه‌زیكردنی كێڵگه‌كان) و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كارخانه‌كانیان له‌لایه‌ن سه‌ندیكا كارگه‌رییه‌كان و وه‌رزێرانه‌وه، جێبه‌جێكرد. ئه‌م بزووتنه‌وه، كه بڕیاری ده‌ستپێشخه‌رانه‌ی ئه‌ندامانی فیدراسیۆنی میلی كارگه‌ران (CNT) و فیدراسیۆنی ئه‌ناركیسته‌كانی ئیریا (FAI) بوو، به هێزێكی به‌رپێنه‌گیراوه‌وه خرایه‌گه‌ر، ئاراگۆن، لیوان و هه‌ندێ ناوچه‌ی دیكەی وڵاتی گرته‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆری له یه‌كێتییه‌كانی پارتی سۆشیالیست (UGT) یه‌كێتی گشتی كارگه‌رانی لەتەك خۆی ڕاكێشكرد. ئه‌م ڕووداوه نیشانی‌دا، كه كارگه‌رانی ئەناركۆسه‌ندیكالیستی ئه‌سپانیا، نه‌ك ته‌نیا ده‌زانن چۆن بچنه‌پای جەنگ، به‌لكو لێواولێویشن له بۆچوونی بنیاتنه‌رانه‌ی پێویست بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه كەتواریه‌كاندا. ئه‌وه لێهاتوویی سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه بوو له ئه‌سپانیا، كه له ده‌می ئینته‌رناسیونالی یه‌كه‌مه‌وه، كارگه‌رانی به وه‌ها گیانێكه‌وه په‌روه‌رده كردبوو، كه ئازادی له هه‌ر شتێكی دیكه به‌نرختر بگرن و سه‌ربه‌خۆیی هزری به بنچینه‌ی بوونی بزووتنه‌وه‌ی خۆیان بزانن. ئه‌وه بێتوانایی و شه‌رمه‌زاری كارگه‌رانی ڕێكخراو له وڵاتانی دیكه بوو، كه ملیان به ڕامیاریی دووره‌په‌رێزانه‌ی میرایەتییه‌كانیان دا؛ هه‌ر لاوازی و خۆباوەڕیی و كرێكارانی وڵاتانی دیكە‌ش بوو، كه بووه هۆی شكستی كارگه‌ران و وه‌رزێڕانی ئه‌سپانیا پاش دوو ساڵه‌ونیو له خه‌باتێكی قاره‌مانانه و كه‌م وێنه.