ڕۆڵی یه‌کێتییه کارگه‌رییه‌کان : ڕوانگه‌ی ئەنارکۆسه‌ندیکالیزم
ئه‌ندێشه‌گه‌لێك بوونه هۆی گه‌شه‌ی سه‌ندیکالیزمی شۆڕشگێڕانه، یا به‌وجۆره‌ی که دواتر ناوهێنرا ئەنارکۆسه‌ندیکالیزم، له فه‌ره‌نسه و وڵاتانی دیكە ده‌سته‌واژه‌ی “سه‌ندیکای کارگه‌ران” سه‌ره‌تا هه‌ر به‌واتای ڕێکخراوه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ران بۆ باشترکردنی ده‌ستبه‌جێی هه‌لومه‌رجی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییان به‌کارده‌برا.
به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ندیکالیزمی شۆڕشگێڕانه واتای یه‌که‌می فراوانتر و قوڵترکرده‌وه. هه‌ر به‌و جۆره‌ی که پارت، ڕێکخراوێکی یه‌کگرتووه بۆ چالاکی ڕامیاریی له سایه‌ی بڕیارنامه‌کانی ده‌وڵه‌تی دیموکراتی هاوچه‌رخدا، هه‌وڵده‌دا سیسته‌مێك که له ئارادایه به شێوه‌یه‌ك بپارێزێت یا ئاڵوگۆڕی دیاریکراوی تێدا بکات. له ڕوانگه‌ی یه‌کێتیگه‌راکانه‌وه، یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کانیش ڕێکخراوه‌ی یه‌کگرتووکردنی کارگه‌رانن، که ئامانج له پێکهاتنیان پارێزگاریکردنه له به‌رهه‌مهێنه‌ران له هه‌مان کۆمه‌ڵگه‌دا، ئاماده‌بوونیان بۆ سۆشیالیزم و سه‌رله‌نوێ سازدانه‌وه‌ی به کرده‌وه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌و ئاراسته‌یه. به‌م پێیه، ئامانجی دوو لایه‌نه‌یان هه‌یه :
١. هێنانه‌دی داخوازییه ده‌ستبه‌جێکانی کارگه‌ران بۆ دابینکردن و پێشخستنی ستاندارته‌کانی ژیان.
٢. ئاشناکردنی کارگه‌ران به هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی به‌رهه‌مهێنان و پرسی ئابووری بەشێوه‌یه‌کی گشتی و ئاماده‌کردنیان بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌زگه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کان و پێکهێنانه‌وه‌یان له‌سه‌ر بنچینه‌ی شێوازه سۆشیالیستییه‌کان.
ئەناركۆسه‌ندیکالیسته‌کان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، که پارته ڕامیارییه‌کان توانای ئه‌نجامدانی هیچ یه‌ك له‌م دوو کاره‌یان نییه. به‌پێی ڕوانگه‌ی ئەوان، ده‌بێت یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان سه‌ره‌نێزه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری بن، به چالاکی ڕۆژانه به‌هێزبن و گیانی سۆشیالیستیی په‌ره‌پێبده‌ن؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی چالاکی ئه‌وان وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌رانێك که ته‌واوی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان ڕاگرتووه، مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه مسۆگه‌ر ده‌کات. کارگه‌ر ته‌نیا وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ر و ئافرێنە‌ری سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌توانێت هێزی خۆی بناسێت. ئەو له هاوپشتی سه‌ندیکاییدا لەتەك هاوکارانیدا یه‌که گه‌وره‌کانی سوپای کارگه‌ری پێکدێنن، گیانی ئازادی مه‌شخه‌ڵداری ده‌کا و به ئامانجی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یگێڕێته‌وه نێو ژیان.
به تێڕوانینی ئەناركۆسه‌ندیکالیسته‌کان، سه‌ندیکای کارگه‌ری به به‌رهه‌مترین کۆرپه‌له‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوو و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، فێرگه‌ی سۆشیالیزمه. هه‌ر پێكهاته‌یه‌کی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تیی، سه‌ره‌تا په‌لوپۆی خۆی له ده‌زگه (ئۆرگانیزم)ی پێشیندا دروستده‌کات؛ له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، به‌بێ ئاماده‌کردنی زه‌مینه، وێناکردنی هیچ ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌توانادا نییه.
په‌روه‌رده‌ی سۆشیالیستیی، نه‌ك به‌واتای به‌شداریکردن له ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌کاندا، به‌ڵکو هه‌وڵێکه بۆ شیکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خۆیی بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و پرسه هونه‌رییه‌کانی کار بۆ کارگه‌ران، په‌روه‌رده‌کردنی توانایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییان، به‌ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی ئاماده‌یی بۆ خۆگرتن له شوێنی ڕاسته‌قینه‌یان وه‌ك ڕێکخه‌رانی نوێی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و دواجار، هێنانه‌دی باوه‌ڕبه‌خۆبوون له‌واندا بۆ ئه‌م کاره. بۆ ئه‌م شته، هیچ په‌یکه‌ره‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی کاراتر له ڕێکخستنی خه‌باتی ئابووریی کارگه‌ری، نییه؛ ئه‌م ڕێکخسته ئاراسته‌یه‌کی دیاریکراو به چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌دات، به‌رهه‌ڵستی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌بات بۆ داخوازییه ده‌ستبه‌جێ و پێویسته‌کانی ژیان و به‌رگری له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ ڕێکده‌خات. به‌ڵام له‌م نێوه‌دا، چه‌مکی مۆڕاڵی پێویست بۆ هه‌ر جۆره ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تیش پێکده‌هێنێت: وابه‌سته‌یی چاره‌نووس به‌گشته‌وه و به‌رپرسێتی مۆراڵی له هه‌موو کاره‌کاندا.
ئەناركۆسه‌ندیکالیسته‌کان، له‌به‌ر ئاراسته‌گه‌ری کاری ڕاهێنه‌رانه‌یان به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئه‌ندێشه و کاری سه‌ربه‌خۆ، نه‌یاری سه‌رسه‌ختی ئاراسته نێوه‌ندگه‌راکانن، که له زۆربه‌ی پارته کارگه‌رییه‌کانی ئه‌وڕۆکه‌دا ده‌بینرێن. نێوه‌ندگه‌رایی، به‌رنامه‌ڕێژی ده‌ستکردانه که له‌سه‌ره‌وه‌ڕا بۆ خواره‌وه جێبه‌جێده‌کرێت و پرسه‌کانی بڕیاردان به که‌مایه‌تیه‌کی که‌م ده‌سپێرێت، باوه‌ڕی تاکه‌کان له‌نێوده‌بات و داهێنانی که‌سییان به پرنسیپ (انضباط) و بۆرۆکراسی بێچه‌ندوچوون ده‌کوژێت؛ هه‌رده‌م ئه‌نجامه‌که‌ی پێکهاته‌ی فه‌رمیی و نه‌زۆك ده‌بێت. بۆ ده‌وڵه‌ت، نێوه‌ندگه‌رایی شێوه ڕێکخستنێکی گونجاوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ پاراستینی هاوسه‌نگی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی، خوازیاری فره‌ترین ڕاده‌ی یه‌كجۆریی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌ڵام له بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تییدا، که بناخه‌ی بوونی وابه‌سته‌ی کاری ده‌ستبه‌جێ له کاتی گونجاو و ئه‌ندێشه‌ی سه‌ربه‌خۆی لایه‌نگرانییه‌تی، نێوه‌ندگه‌رایی به‌ڵایه‌که، که ده‌سه‌ڵات بڕیاردانی لاوازده‌کات و به‌شێوه‌یه‌کی سیستەمیی هه‌ر بزووتنێكی سه‌ربه‌خۆی تێیدا سه‌رکوت ده‌کات.
ڕێکخستنی ئەناركۆسه‌ندیکالیستی به‌پێی بنچینەكان‌ی فیدرالیزم، له‌سه‌ر بناخه‌ی یه‌کێتی ئازادانه، له خواره‌وه‌ڕا ئه‌نجامده‌درێت، مافی بڕیاردانی هه‌ر یه‌کێتییه‌ك له‌مه‌ڕ هه‌ر شتێك خۆی به‌بانتر له هه‌ر شتێکی دیكە داده‌نێت و ته‌نیا پێکهاته‌یه‌ك که به فه‌رمی ده‌یناسێت، په‌یوه‌ندییه‌که له‌سه‌ر بناخه‌ی خواسته هاوبه‌شه‌کان و پێکهاتنی هه‌ردوولا. به‌پێی ئه‌مه، ئه‌م ڕێکخسته به‌م جۆره سه‌رهه‌ڵده‌دا: کارگه‌رانی هه‌ر به‌شێك له یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کانی په‌یوه‌ست به خۆیاندا کۆده‌بنه‌وه. یه‌کێتییه‌کانی هه‌ر شارێك یا ناوچه‌یه‌کی دێهاتی له نووسینگه کارگه‌رییه‌کاندا که نێوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی خۆجێیی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، کۆده‌بنه‌وه، کارگه‌ران وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ر پێکه‌وه په‌یوه‌ندی ده‌گرن تاوه‌کو به‌ر به په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ر جۆره ده‌سته‌گه‌رییه‌کی کورته‌بیرانه بگیرێت. گشت یانه کارگه‌رییه‌کان به له‌به‌رچاوگرتنی ناوچه‌یان ده‌سته‌به‌ندی ده‌کرێن و (فیدراسیۆنی گه‌لی) یانه‌کارگه‌رییه‌کان پێکدێنن، که په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان ڕێکخستنه ناوچه‌ییه جۆراوجۆره‌کان ده‌پارێزێت، هێزی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی ئه‌ندامانی ڕێکخراوه جۆراوجۆره‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی ئازادانه و له‌خۆوه‌ڕا، ڕێکده‌خرێن، هه‌ر بڕیاردانێکی پێویست بۆ پرسی په‌روه‌رده و پارێزگاریی له گروپه خۆجێییه‌کان له‌ڕێگه‌ی ڕاوێژی گشتی و پێشنیاره‌وه جێبه‌جێده‌کرێت.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی، هه‌ر یه‌کێتییه‌کی پێشه‌یی، به‌شێوه‌یه‌کی فیدراسیۆنیی لەتەك گشت ڕێکخراوه‌کانی ئه‌و پیشه تایبه‌ته و پاش ئەوە لەتەك گشت پێشه په‌یوه‌ندیداره‌کان، یه‌کده‌گرن و به‌م جۆره یه‌کێتییه پێشه‌سازی و کشتوکاڵییه گشتییه‌کانیش پێکدێن. دابینکردنی پێداویستییه‌کانی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی نێوان کارگه‌ر و سه‌رمایه‌دار، کۆکردنه‌وه‌ی گشت هێزه‌کانی بزووتنه‌وه‌که بۆ کارێکی تایبه‌ت، کاتێك که پێویستیی بێته پێشه‌وه، کاری ئه‌م یه‌کێتییانه‌یه. به‌پێی ئه‌مه فیدراسیۆنی یانه‌کارگه‌رییه‌کان و فیدراسیۆنی یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان، دوو جه‌مسه‌ری چالاکی سه‌ندیکای کارگه‌رانن.
وه‌ها ڕێکخراوه‌یه‌ك نه‌ک ته‌نیا هه‌لی هه‌ر جۆره خه‌باتێك بۆ باشترکردنی ڕێڕه‌وی ڕۆژانه بۆ کارگه‌ران ده‌ره‌خسێنیت، به‌ڵکو هه‌روه‌ها پێشه‌کی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تیشیان، به‌ده‌ستی خۆیان و به‌بێ خۆتێهه‌ڵقورتاندنی ده‌ره‌کی، فێرده‌کات. ئەناركۆسه‌ندیکالیسته‌کان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی که ئابووری سۆشیالیستیی ناتوانێت به سه‌روه‌ری و فه‌رمانی میرایە‌تی بیته‌دی، به‌ڵکو ته‌نیا به ھاریكاری له‌خۆوه‌ڕا (خۆبه‌خشانه)ی کارگه‌ران، شاره‌زایان و وه‌رزێڕان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خودی خۆیان به‌سه‌ر کاروباری به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردندا، ده‌سته‌به‌ری ده‌کات. له وه‌ها بارودۆخێکدا، یانه‌کارگه‌رییه‌کان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رمایه‌یه‌ك که هه‌یه له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن، پێداویستییه‌کانی دانیشتوانی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ده‌ستنیشاندەکه‌ن و خه‌رجی خۆجێییانده‌ده‌ن. دیاریکردنی پێداویستییه گشتییه‌کانی وڵات و ڕێکخستنی کاری به‌رهه‌مهێنان به سه‌رنجدان لێی، له ڕێگه‌ی به‌رپرسانی فیدراسیۆنی یانه‌کارگه‌رییه‌کانه‌وه له‌تواناداده‌بێت. له‌لایه‌کی دیكە‌وه، کاری یه‌کێتییه پیشه‌سازیی و کشتوکاڵییه‌کان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، بارکردن و گواستنه‌وه و دابینکردنی پێداویستییه‌کانی گروپه جۆراوجۆره‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌بێت. به‌کورتی :
١. ڕێکخستنی گشت به‌رهه‌مهێنانی وڵات له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی یه‌کێتییه پیشه‌سازییه‌کان و ئاراسته‌دانی کار له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته کارگه‌رییه‌کانی هه‌ڵبژێردراوی خودی کارگه‌ران.
٢. ڕێکخستنی ھاریكاریی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی یانه‌کارگه‌رییه‌کانه‌وه.
سه‌ره‌رای ئه‌مه، له‌م بواره‌دا ئه‌زموونه‌کان باشترین ڕێنوێنیان خستۆته ڕوو. ئه‌زموونه‌کان نیشانیانداوه، که زۆرێك له گرفته‌کانی سه‌رله‌نوێ چێکردنه‌وه‌ی (بازسازی) سۆشیالیستی کۆمه‌ڵگه، ناتوانرێت به‌ده‌ستی هیچ حکومه‌تێك چاره‌سه‌ر بکرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م حکومه‌ته دیکتاتۆری ئه‌فسوناوی پرۆلیتاریاش بێت. له ڕوسیه، دیکتاتۆری بۆلشه‌ڤیکه‌کان بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو ساڵ، له‌به‌رامبه‌ر گرفته ئابوورییه‌کاندا دۆشدامابوو و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو، لاوازییه‌کانی خۆی له پشت شه‌پۆلێك له فه‌رمان و بڕیاردا که به‌زۆری له فه‌رمانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه سه‌ریانده‌ردەھێنا، بشارێته‌وه. ئه‌گه‌ر به فه‌رمانده‌رکردن دونیا ئازاد ببووایه، پێشوه‌ختی ئه‌مه گشت گرفته‌کانی ڕوسیه چاره‌سه‌ر ده‌بوون. بۆلشه‌ڤیزم، به‌ده‌سه‌ڵاتخوازیی شه‌یدایانەی، به‌توندوتیژی، به‌نرخترین بنچێنه‌کانی سیسته‌می سۆشیالیستی؛ بە تابووکردنی کۆبوونه‌وه ئازاده‌کان، ده‌وڵه‌تیکردنی یه‌کێتییه پێشه‌ییه‌کان و بێبه‌شکردنی سۆڤیه‌ته‌کان له خۆبڕیاردان، له‌نێوبرد و ڕێگه‌ی نه‌ك بۆ سۆشیالیزم ، به‌ڵکو بۆ دواکه‌وتووترین شێوه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی و دیوانسالاری خۆشکرد، که بووه هۆی گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رمانڕه‌وای بێچه‌ندوچوون، که ساڵانێك به‌ر له‌وه له زۆربه‌ی وڵاتاندا به شۆڕشی بۆرجوازی له‌نێوبرابوو. کرۆپۆتکین، له په‌یامێکدا بۆ کارگه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپای خۆراوایی، ڕاستی وتبوو: ” ڕوسیه بۆی خستینه‌ڕوو، که چۆن ناتوارێت سۆشیالیزم جێگیربکرێت. هه‌ڵبه‌ته خه‌ڵکی، له‌به‌ر نه‌فره‌تیان له ڕژیمی پێشین، هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌کی چالاکانه له‌به‌رامبه‌ر کرده‌وه‌کانی میرایە‌تی نوێ‌دا نیشانناده‌ن. بیرۆکه‌ی پێکهێنانی ئەنجومەن [سۆڤیه‌ت]ه کارگه‌رییه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ڕامیاریی و ئابووریی وڵات، بۆ خۆی، فره گرنگ و پێویسته… به‌ڵام کاتێك که وڵاتێك له‌لایه‌ن دیکتاتۆری پاته‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت، ئەنجومەنە کارگه‌ریی و وه‌رزێڕییه‌کان، خۆبه‌خۆ گرنگی خۆیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و تووشی هه‌مان شه‌رمه‌زاری ده‌بن، که نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌کان له سه‌رده‌می پاشایه‌تی بێچه‌ندوچووندا به‌سه‌ریان هات “.