Skip to content
مێژووی فیلۆسۆفی ئه‌نارکیزم
له لائۆ تسه «Lao-Tse»وه تا کرۆپۆتکین
بیرۆکە ئه‌نارکیستییەکان لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا به‌رچاوده‌که‌ون. لە ئەندێشەی حەکیمی چینی لائۆ- تسە (وانە و ڕێگەی ڕاست- The Course and The Right Way) و فیلۆسۆفانی دواتری یۆنانی و هێدۆنیسته‌کان (Hedonists) و سینیکه‌کان (Cynics ) و پەیرەوانی دیکەی لایەنگری ”مافی سروشتی”، بەتایبەت لە ئەندێشەی زێنۆ (Zeno) بنیاتنەری قوتابخانەی ڕەواقی (The Stoic ) و نه‌یاری ئەفلاتون دا، شوێنپای ئەم فیلۆسۆفییه بەدی دەکرێت. ئەم ده‌ربڕینانه لە وانە عیرفانییه‌کانی کارپۆکراتیس لە (ئەسکەندەریە)دا هاتوون و کارایی بەرچاویان لەسەر هەندێك ئاراستە کریستییەکانی سەدەکانی نێوەراست لە فەرەنسە، ئاڵمان، ئیتالیا، هۆلەند و ئینگلاند هەبووە، کە بە زۆری ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبوونەوە. لە مێژووی چاکسازییەکانی (بۆهێمیایی)دا، پیتەر چێلکیسکی (Peter Chelcicky) بەوپەری تواناوە پشتیوانی لەم باوەڕە کرد و لە پەرتوکەکەی خۆیدا «پاکیی باوەڕ»، هەمان هەڵسەنگاندنی بەرامبەر دەوڵەت و کلیسا خستەڕوو، کە چەند سەدە پاشتر تۆلستۆی بەوە گەیشت. لە نێوان مرۆڤدۆستانی دیکەدا، ڕابێلایس (Rabelais)یش دیارە، لە پیاهەڵدانی شاری خۆشبەختی (Theleme Gargantua)دا وێنایەك لە ژیان دەخاتەڕوو، کە لە گشت کۆتوبەندەکانی سەروەری ئازاد بووە. لە نێو لایەنگرانی دیکەی ئەندێشەی ئازادیخوازیدا، دەتوانین ناوی لا بۆتیێ (La Boetie)، سیلویان مارشال Sylvain Marchal و لە هەمووان بەرچاوتر، دیدروت Diderot ناوبەرین، کە نووسینە درەشاوەکانی نیشانەیەکن لە ئەندێشەی ئازادبوونی لە هەر جۆرە دەمارگیرییەکی سەرکوتگەرانە.
لە هەمان کاتدا، پەرەسەندنی چەمکی ئەنارکیزم لە مێژووی تازەدا تێگەییشتنێکی ڕۆشنتری بە ژیان بەخشی و وەڵامدانەوەكی دەستەبەجێ بوو بە ڕەوتەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی کە لە سەدەکانی دواتری مێژوودا هاتنە ئاراوە. بۆ یەکەمین ئەمە جار لەلایەن ولیەم گودوین (1756-1836)ەوە لە نووسینە سەرنجراکێشەکەیدا ( لێکۆڵینەوەیەك لەمەڕ یەکسانی ڕامیاری و کارایی لەسەر خۆشبەختی و بەختەروەری گشتی (لەندەن 1793)دا ئەنجام درا. دەتوانین بڵێین کارەکەی گۆدوین، بەرهەمی پێگەیینی درێژماوەی چەمکە ڕادیکاڵە ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئینگلاند بوو، کە لە جۆرج بوچانانGeorge Buchanan
دەستپێدەکات و لە ڕیچارد هۆکەرRichard Hooker ، گێرارد وینستانلی Gerard Winstanley، ئالگێرنۆن سیدنی Algernon Sidney، جۆن لۆك John Locke، ڕۆبێرت والاس Robert Wallace، جۆن بلێرزJohn Bellers، بە جێرمی بێنتام Jeremy Bentham، جۆزیف پریستلیJoseph Priestley، ڕیچارد پرایس Richard Price و تۆماس پاین Thomas Paine دەگات.
گۆدوین زۆر بە ڕۆشنی ئەوەی خستەڕوو، کە هۆی خراپکارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە شێوەکانی دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لە بوونی خودی دەوڵەتدایە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، کە مرۆڤەكان ناتوانن ئازادانە و بەشێوەیەکی سروشتی لەتەك یەکدیدا بژین، بەبێ ئەوەی مەرجە ئابورییە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە دابین بکرێن و هیچ کەس نەکەوێتە بەهرەکێشی کەسانی دیکە؛ ئەوەی کە زۆربەی قسەگەرانی ڕادیکالیزمی ڕامیاری لە ئاستیدا بەتەواوی چاویان نووقاندبوو. لەم ڕووەوە بوو، کە دواتر ناچاربوون بەرتەری فرەتر بە دەوڵەتێك بدەن، کە لە سەرەتادا دەیانویست بۆ لایەنیکەم بەرتەسکی بکەنەوە. بیرۆکەی گودوین لەمەڕ کۆمەڵگەی بێدەوڵەت، خاوەنداریەتی کۆمەلایەتی (هەمووانیی هاوبەشی) زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی لەبەرچاو دەگرت و پشتی بە ژیانی ئابووریی ئازادانەی بەرهەمهێنەران لە هەرەوەزییەکاندا دەبەست. بیرۆکەکەی گۆدوین کاراییەکی فراوانی لەسەر نێوەندە پێشکەتووەکانی کرێکارانی ئینگلاند و بەشە فرە کراوەکانی ڕۆشنبیرانی لیبراڵ هەبوو. لە هەمووی گرنگتر، بەشداری ئەو بوو لە بزووتنەوەی نۆپای سۆشیالیستی (ئینگلاند)دا، ئەوەی کە دواتر پەرەسەندنی بەرچاوی لە کارەکانی رۆبێرت ئۆئێن Robert Owen، جۆن گرەی John Gray و ولیام تۆمسۆن William Thompson دا لەخۆ گرت و بۆ ماوەیەکی درێژ ڕوخسارێکی ئاشکرای ئازادیخوازانەی وەهای لەخۆ نیشاندا، کە سۆشیالیستەکانی ئاڵمان و وڵاتانی دیکە هیچکات نەیانبوو.
هەروەها سۆشیالیستی فەرەنسی، چارلز فۆریە (1772 – Charles Fourier 1832)ش لەم مەیدانەدا کارایی داناوە و پێویستە لێرەدا لەتەك تێئۆرییەکەی لەمەڕ سەرنجراکێشی کار، وەك یەکێك لە پێشڕەوانی هزری ئازادیخوازانە ڕۆشنایی بخەینە سەر.
بەڵام کەسێك کە کارایی فرەتری لەسەر پەرەسەندنی تێئۆری ئه‌نارکیستی دانا، پییەر ژوزێف پرۆدۆ‌ن (1809- Pierre Joseph Proudhon 1865) بوو.
یەکێك لە لێهاتووترین و پەیگیرانەترین نووسەرانی فرە لایەنی سۆشیالیزمی هاوچەرخ بوو. پرۆدۆ‌ن بەقوڵی ڕۆچووبووە ژیانی هزری و کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی و ئەمە کارایی لەسەر هەڵوێستی ئەو لەسەر وەڵامدانەوە بە هەر پرسێك دانابوو. لەبەرئەوە داوەریکردن لەسەر ئەو لەسەر بنچینەی پێشنیارە کردەییە تایبەتەکانی، پێشنیارگەلێك کە وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەو ساتە سەریانهەڵداوە، وەك ئەوەی دواتر هەندێك لە لایەنگرانی پێیهەستان، کارێکی نابەجێیە. لەنێو زۆربەی بیریارانی سۆشیالیستی ئەو سەردەمەدا، ئەو تەنیا کەسێك بوو، کە هۆی نالەباریی کۆمەڵایەتی بەقوڵترین شێوە تێگەیشتبوو و لەو بارەوە ڕوانگەی فراوانتری هەبوو. ئەو بێپێچوپەنا دژی هەموو سیستەمە دەستکردە کۆمەلایەتییەکان بوو و لە گەشەی کۆمەڵایەتیدا ئارەزوومەندیی هەمیشەیی بۆ شێوە نوێ و باڵاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و هزری بەدیکرد؛ پێیوابوو کە ئەم گەشەکردنە ناتوانێت پابەندی هیچ فۆرمۆڵبەندییەکی ئەبستراکت (abstract)ی دیاریکراو بێت.
پرۆدۆ‌ن بەرهەڵستی کارایی سونەتیی ژاکۆبین (Jacobin)ی کرد، کە باڵی بەسەر هزری دیموکراتەکانی فەرەنسە و زۆرێك لە سۆشیالیستەکانی ئەو سەردەمەدا کێشابوو، بەهەمان پەیگیرییەوە دەستتێوەردانی دەوڵەتە نێوەندییەکان و چەپاوڵگەریی ئابووری لە ڕەوتی سروشتیی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتیدا ڕەتدەکردەوە. بۆ ئەو ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە ڕیشاڵی ئەو دوو وەرەمە (سرطانە)، ئەرکی سەرەکی شۆڕشی سەدەی نۆزدەهەم بوو. پرۆدۆ‌ن کومۆنیست نەبوو. ئەو خاوەندارێتی وەك بەرتەریدەری بەهرەکێشی ڕەتدەکردەوە، بەڵام دانی بە خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمێناندا بۆ هەمووان دەنا، کە تێیدا لە ڕێی ڕێکەوتننامەی ئازادەوە گروپە پیشەسازییەکان کارایی لەسەر یەکدی دادەنێن، تا ئەو جێیەی کە ئەو مافە نەبێتە هۆی بەهرەکێشی کەسانی دیکە و بەرهەمی کارەکەش بەشێوەیەکی تەواو بخرێتە بەردەست ئەندامانی کۆمەڵگە. وەها کۆمەڵەیەك لەسەر بنەمای هاریکاری بەرامبەرانە (ئاڵووێریی)، بەهرەمەندیی هەمووانی لە مافی یەکسان و گۆڕینەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەلایەتییەکان، دابیندەکات. ماوەی نێوەنجی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێك دەبێتە پێوەری نرخەکەی و پێكهێنەری بنەمایەك بۆ ئاڵووێری بەرامبەرانەی بەرهەمەکانی کار. بەم جۆرە سەرمایە لە هێزی جێکەوتە و ئاسایی خۆی بێبەشدەبێت و بەشێوەیەکی تەواو پابەندی کارکردی کار دەبێت. هەل بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت، کە بەر بە سوودوەرگرتن لێی وەك ئامرزای بەهرەکێشی، بگرن.
وەها شێوەیەك لە ئابووری هەرجۆرە دەزگەیەکی سەرکوتگەرانەی ڕامیاریی دەکاتە شتێکی زیادە و ناپێویست. کۆمەڵگە دەگۆرێت بۆ کۆی کۆمیونیتییە ئازادەکان، کە کاروبارەکانی خۆیان بەپێی پێداویستی ڕێکدەخەن. لەلایەن خۆیانەوە یا بە هاوبەشی لەتەك ئەوانی دیکە ئەنجامدەدەن و لەوێدا ئازادی بەواتای یەکسانی لەتەك ئازادی کەسانی دیکە دێت، نەك بەرتەسکگەرەوەی، بەڵکو وەك ئاساییشپارێزی و پشتیوانیگەری دەبێت. “هەرچەندی تاکەکان ئازادتر، سەربەستتر و ئامادەتر بن، بۆ کۆمەڵگە باشترە”.
ڕێکخراوەیی فێدرالیزم، که پرۆدۆ‌ن داهاتووی نزیکی مرۆڤی تێدا ده‌بینی، هیچ به‌رته‌نگییه‌کی دیاریکراوی له‌بەردەم له‌توانادابوونی گەشەسەندنه داهاتووییەکان دانانێت و فراوانترین زەمینە بۆ هه‌موو جۆره چالاکییه تاکیی و کۆمه‌ڵایه‌تییەکان ده‌ره‌خسێنێت. له خاڵی دەستپێکی فیدراسیۆنەوە، پرۆدۆ‌ن بە هەمان شێوە دژایەتی ئامانجی کۆتایی یه‌کێتییە ڕامیاریی و نه‌ته‌وه‌ییەکانی ناسیونالیزمی تازه پاگرتووی ئه‌و سه‌رده‌مه دەکات، که که‌سانی ناوداری وه‌ك مازینی Mazzini، گاریبالدی Garibaldi، لێلێویل Lelewel و که‌سانی دیکە قسەگەری بوون. له‌م بارەوە، ئەو زۆر له هاوڕێ هاوچه‌رخەکانی ڕۆشنتر سروشتی ڕاستەقینەی ناسیونالیزمی ده‌ناسی. پرۆدۆ‌ن کاراییه‌کی زۆر به‌رچاوی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی سۆشیالیزم دانا، به‌تایبه‌ت له وڵاتانی لاتین.
بیرۆکەگه‌لی لە جۆری تێڕوانینە ئابووریی و ڕامیارییەکانی پرۆدۆ‌ن، له‌لایه‌ن لایەنگرانی به‌ناو (ئه‌نارکیزمی تاکگه‌را)ی وەك وه‌ك جوسیه وارنJosiah Warren ، ستێفان پێرڵ ئاندرێوس Stephen Pearl Andrews ، ویلیا‌م بی. گرین William B. Greene، لیساندەر سپونەر Lysander Spooner، بێنیامین توکەر Benjamin R. Tucker ، ئەزرا هێیوود Ezra Heywood، فرانسیس دی. تاندی Francis D. Tandy و زۆرێکی دیکەوە له ئه‌مه‌ریکا پاگەندەیان بۆ دەکرا و پەرەیان پێدەدرا، هەرچەندە هیچ یه‌ك له‌وانه نه‌یانتوانی بگه‌نه دووربینی ڕوانگەی پرۆدۆ‌ن. تایبه‌تمه‌ندیی ئازادئەندێشی ئەم فێرگەیە ئەو ڕاستەیە، که زۆربه‌ی بیریارانی ئەو فێرگەیە، بیرۆکە ڕامیارییه‌کانیان لە (پرۆدۆ‌ن)ەوە وەرنەگرتوون، به‌ڵکو له سونەتی لیبرالیزمی ئه‌مه‌ریکاییه‌وه هاتوون، به جۆرێك که توکەر ده‌توانێت پاگه‌نده‌ی ئه‌وه بکات، که ” ئه‌نارکیسته‌کان پێشەنگانی دێمۆکراتە (جێفرسۆن Jefferson)ییەکانن”.
یەکێك لە ده‌ربڕینە بێوێنەکانی بیرۆکە ئازادیخوازه‌کان، دەتوانرێت له په‌رتووکەکەی ماکس شتینەر (یۆهان کاسپار شمیتJohann Kaspar Schmidt 1806 – 1856) تاك و خاوەندارییەتییەکەی (Der Einzige und sein Eigentum)دا، به‌ده‌ستبهێنرێت، که زۆر زوو فه‌رامۆشکرا و کاراییه‌کی وەهای له‌سه‌ر بزاڤی ئه‌نارکیستی دانه‌نا. په‌رتووکەکەی شتینەر فرەتر کارێکی فیلۆسۆفییه، که شوێنپای وابەستەیی مرۆڤی به‌وانەوە، کە پێیاندەوترێت ده‌سه‌ڵاته باڵاکان له هه‌موو ڕێگە پێچاوپێچەکانییەوە هەڵگرتووه، هیچ سڵی لە نیگارکیشانی بەدەستهێنراوە زانستیییەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە، نەکرد. ئه‌م په‌رتووکه یەکێکە لەو یاخیبوونە ئاگاهانه و بەئەنقەستانە، که ڕێز بۆ هیچ ئوتوریته‌ك دانانێن، هه‌رچه‌نده به‌ده‌سه‌ڵاتیش بێت. هەر لەبەرئەوەیە، كە بەتەواوی هێزییەوە خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی بیرکردنەوەیە.
ئه‌نارکیزم تین و وزەی شۆڕشگێڕانەی، لە میخائیل باکونین ( Michael A. Bakunin 1814-1876)ەوە وەرگرت، که بیرۆکەکانی بە فێرکارییەکانی پڕۆدۆن پشتئەستوور بوون، به‌ڵام له بواری ئابووریدا پەرەیپێدان، کاتێك کە شانبەشانی باڵی فیدرالیستی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، بانگەوازی بۆ خاوه‌ندارێتی گه‌لیانه (به‌کۆمه‌ڵ)ی زه‌مین و ئامرزه‌کانی دیکەی به‌رهه‌مهێنان کرد و خوازیاری به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی بوو، تەنیا بۆ به‌رهه‌می کاری که‌سیی. هه‌روا (باکونین)یش نه‌یاری کۆمونیزم بوو، که له سه‌رده‌می ئەویشدا، تایبەتمەندییەکی زۆرتر دەسەلاتگەرایانەی هه‌بوو، وه‌ك ئەوەی ئه‌وڕۆکه له بۆلشه‌ڤیزمدا خۆی نیشاندەداتەوە. باکونین لەو بارەوە ده‌لێت: “من کۆمونیست نیم، چونکه کۆمونیزم گشت هێزه‌کانی کۆمه‌ڵگه له ده‌وڵه‌تدا یه‌کده‌خات و به‌خۆی هه‌ڵیانده‌لوشێت؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی که به‌ناچاری به‌ره‌و کۆکردنه‌وه‌ی گشت داراییه‌کان له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا ملده‌نێت، لە کاتێکدا کە من خوازیاری له‌نێوبردنی ته‌واوەتی بنچینەکانی دەسەلاتگەرایی و چاودێریی میرایەتیم، که تاوه‌کو ئه‌وڕۆکه، لەژێر پاگه‌نده‌ی مۆڕاڵیکردن و شارستانییکردندا، خه‌ڵکی لە کۆیلایەتیدا ڕاگرتووە و به‌هره‌کێشیی لێده‌کات”.
باکونین شۆڕشگێڕێکی په‌یگیر بوو و باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ری دۆستانه و ئاشتیخوازانه‌ی کیشەکانی نێو کۆمه‌ڵگه نه‌ده‌کرد. ئەو لەوە تێگه‌یشتبوو، که چینه فه‌رمانڕه‌واکان، کوێرانە و سه‌رسه‌ختانه به‌ر به هه‌ر لەتوانادابوونێك بۆ جەێبەجێکردنی چاکسازییە کۆمەلایەتییە گه‌وره‌کان ده‌گرن، بۆیە ته‌نیا ڕێگه‌چارەی
له شۆڕشی کۆمەڵایەتیی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بینی، که لە توانایدا هەیە گشت داموده‌زگه‌کانی دەسه‌ڵاتی ڕامیاریی و به‌هره‌کێشی ئابوورییی له‌نێوبه‌رێت و له جێی ئه‌واندا فێدراسیۆنی ئه‌نجومه‌نه ئازاده‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌کاربه‌ران بۆ دابینکردنی پێداویستییه ڕۆژانه‌ییه‌کانی ژیانیان، به‌رپابکات. له‌وێوه، که ئه‌ویش وه‌ك زۆرێك له هاوسه‌رده‌مه‌کانی، باوه‌ڕی به نزیکی ڕوودانی شۆڕش هه‌بوو، دڵسۆزانه هه‌موو هێزی خۆی خستبووه پێناو یه‌کێتی که‌سانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز له نێوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی نێونەتەوەیی (ئینته‌رناسیونال)ی یەکەمدا، تا له‌به‌رامبه‌ر دیکتاتۆری یا هه‌ر جۆره گه‌رانه‌وه‌یەك بۆ هه‌لومه‌رجی پێشێن، پارێزگاری له شۆرشێك بکات، کە بەڕێوەیە. له‌به‌رئه‌وه‌یه، که ده‌توانرێت له زۆر ڕووه‌وه، ئەو به بنیاتنه‌ری بزاڤی ئه‌نارکیزمی هاوچەرخ ھەژماربكرێت.
یه‌کێكی دیکە له تێئۆریدارێژه‌رە ناسراوەکانی ئه‌نارکیزم، پێته‌ر کرۆپۆتکین (Peter Kropotkin 1842-1921) بوو، که خۆی بۆ بەکاربردنی ده‌ستکه‌وته‌کانی زانستی سروشتیی هاوچەرخ لەپێناو پەرەدان بە چه‌مکی کۆمه‌ڵناسییانه (sociological)ی ئه‌نارکیزم، تەرخان کردبوو. ئەو له په‌رتووکە داهێنەرانەکەیدا ”هاریکاری بەرامبەرانە – هۆکاری گەشەکردن”، بە خستنەڕووی به‌ڵگه‌کانی خۆی، دژی داروینیزمی کۆمەلایەتی (Social Darwinism) وەستایەوە، که لایه‌ندگرانی هه‌وڵیانده‌دا به‌سودوه‌رگرتن له تیئۆری داروینیی -ململانێ له‌پێناو مانه‌وه (the Struggle for Existence)، ئەوە بسەلمێنن، کە جەنگی بەهێز بەرامبەر لاواز، یاسایەکی نەگۆڕ (ئاسنینی)ی سروشتییە و مرۆڤیش دەگرێتەوە. لەڕاستیدا ئەم چەمکە بەتوندی لەژێر کارایی ڕێڕەو (مذهب)ی مالتوس (Malthus)ی‌دا بوو، ئەوەی ”خشتەکی ژیان بۆ هەمووان بڵاونەکراوەتەوە و پێویستیان نییە، تەنیا دەتوانن خۆیان لەتەك ئەو ڕاستییەدا بگونجێنن”. کرۆپۆتکین نیشانی‌دا، که وەها تێگەیشتنێك بۆ سروشت وەك مه‌یدانی بێسنووری جه‌نگ، ته‌نیا کاریکاتۆرێکه له ژیانی ڕاستەقینە، لە هاوشانی جه‌نگی دڕندانه بۆ مانه‌وه، که به چنگ و کەڵبە ده‌کرێت، لە سروشتدا ئاراستەیەکی دیکەیش هه‌یه، که خۆی له پەیوەندی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆره لاوازه‌کان و هەوڵی مانەوەی جۆرەکان له‌سه‌ر بنه‌مای گەشەکردنی غەریزی کۆمه‌ڵایه‌تیی و هاریکاریی بەرامبەرانە ڕاوەستاوە. به‌م جۆره، مرۆڤ ئافه‌رێنه‌ری کۆمه‌ڵگه نییه، به‌لكو کۆمه‌ڵگه ئافه‌رێنه‌ری مرۆڤه، لەوەدا کە ئەو لەو جۆرانەی کە ئەویان لێوە هاتووە، غەریزەی کۆمەڵایەتیی بۆ لەپاشماوە، ئەو توانایەی پێدەبەخشیووە کە بەتەنیا لە دەوروبەری یەکەمیدا لەبەرامبەر زاڵی جەستەیی (فیزیکی) جۆرەکانی
دیکە پارێزگاری لە خۆی بکات و پێشکه‌وتنێکی چاوەڕواننەکراوی باڵاتر مسۆگه‌ر بکات. ئه‌مەی دووه‌میان هەروا کە له پاشڕەوی بەردەوامی ئەو جۆراندا نیشاندراوه، کە تیایاندا حه‌زی ململانێی مانەوە تا هەنووکە بەسەر یەکەمیاندا، واتە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، زاڵترە و ته‌نیا پشت به هێزی جەستەیی خۆی دەبەستێت. ئه‌م بیرۆکە، ئه‌وڕۆکه به‌رده‌وام له ئاستێکی فراواندا لە بواری زانستی سروشتیی و لێکۆڵینه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێشوازی زیاتری لێده‌کرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ گەشەکردنی مرۆڤ، گشت دەرگەکان بەڕوویدا ئاوەڵا کراون.
بەپێی تێڕوانینی کرۆپۆتکین، ئه‌م ڕاستییه ته‌نانه‌ت له سه‌رکوتگه‌رترین هه‌لومه‌رجدا ڕاسته، که فره‌تر په‌یوه‌ندییه که‌سییه‌کانی مرۆڤ له‌ته‌ك هاوجۆرانی، لەسه‌ر بنەمای ڕێسا کۆمه‌ڵایه‌تییەکان، ڕێککەوتنی ئازاد و هاریکاری به‌رامبه‌رانه ئه‌نجام ده‌درێن و به‌بێ ئه‌وانه، ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هەرگیز له توانادا نەدەبوو. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره نه‌بووایه، ته‌نانه‌ت به‌هێزترین ده‌زگه سه‌پێنه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تیش نه‌یانده‌توانی نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بپارێزن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم شێوە سروشتییانەی ئاکار، که له قوڵایی سروشتی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، تاکو ئەمڕۆکەش بەهۆی ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وام و بەرئەنجامه‌کانی به‌هره‌کێشی ئابووریی و جێگیریی میریییەوە، کە نوێنەرایەتی شێوەیەكی دڕندانە لە شێوەکانی ململانێی مانەوە لە کۆمەڵگەی مرۆیی‌دا دەکات، لەکار دەخرێن، پێویستە شێوەیەکی دیکە لە شێوەکانی هاریکاری ئازاد و یارمه‌تی به‌رامبه‌رانه بەسەریدا زاڵببێت. هوشیاری لەمەڕ لێپرسراوه‌تی که‌سیی و توانای هاوده‌ردی له‌ته‌ك که‌سانی دیکە، کە گشت ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان و گشت بیرۆکەکانی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستده‌که‌ن، له سایەی ئازادی‌دا باشتر گه‌شه ده‌که‌ن.
هەروەك باکونین، (کرۆپۆتکین)یش، شۆڕشگێڕ بوو. به‌ڵام ئەو، وه‌ك ئێلیزە ڕێکلوس (Elisee Reclus) و ئه‌وانی دیکە، لە شۆڕشدا ته‌نیا قۆناخێکی تایبەتیی پرۆسیسی پەرەسەندنیی بەدیکرد، ئەوەش کاتێك دەردەکەوێت، که هیوایەکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تیی لە گەشەسەندنی سروشتییانه‌ی خۆیدا بەڕادەیەك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رته‌سك بکرێته‌وه، که پێش ئەوەی وەك هۆکارێکی نوێ لە ژیانی مرۆڤدا بتوانێت کار بکات، ناچار بێت بە توندوتیژی قاوخە کۆنەکان بشکێنێت.
به پێچه‌وانه‌ی هاریکاریگه‌رایی بەرامبەرانەی پرۆدۆ‌ن و کۆمه‌ڵگه‌رایی (باکونین)ەوە، کرۆپۆتکین بانگەوازی بۆ خاوه‌ندارێتی هاوبه‌ش کرد، نەك تەنیا ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵکو هەروا به‌رهه‌مەکانی کاریش، لەبەرئەوەی پێیوابوو لە باری هه‌نووکه‌یی تەکنۆلۆجیادا هیچ پێوه‌رێكی ورد بۆ نرخاندنی کار بوونی نییه. بەڵام، له‌لایه‌کی دیکە‌وه، به ئاراستەی ئاوەزگیرانەی شێوازه هاوچەرخه‌کانی کارەوە، لە توانادا هەیە فراوانییەکی ڕێژەیی بۆ هه‌موو مرۆڤێك دابینبکرێت. ئەنارکیزمی کۆمونیستی، پێش کرۆپۆتکین لەلایەن که‌سانی وه‌ك ژوزیف دێجاك (Joseph Dejacque)، ئێلیزە ڕێکلوس (Elisee Reclus)، کارلۆ کافییرۆ (Carlo Cafiero) و که‌سانی دیکەوە پێشنیار کرابوو، دره‌وشاوه‌ترین و به‌رجه‌سته‌ترین نموونه‌ی ئه‌م هزرە، کە لەلایەن زۆرینەیەکی بەرچاوی ئەنارکیستەکانی ئەمڕۆوە پەسەند کراوە، له کاره‌کانی (کرۆپۆتکین)دا بوو.
لێره‌دا پێویسته یادێکیش له لیئۆ تۆلستۆی ( Leo Tolstoy -1828-1910) بکه‌ینه‌وه، که له مەسیحیەتی سەرەتایی و له‌سه‌ر بنچینەگەلێکی مۆڕالیی کە لە وانەکانی ئینجیل‌دا هاتوون، به بیرۆکەی کۆمه‌لگه‌ی بێسەروەر گه‌یشت.
خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌نارکیستەکان خوازیاریی پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاڵییە له هه‌موو ده‌زگه ڕامیاریی و کۆمه‌لایه‌تییه سەپێنراوەکان، کە لەبەردەم گەشەی مرۆڤایەتی ئازاد‌دا ڕێگرن. له‌م چەمکەدا، نابێت هاریکاریی بەرامبەرانە، کۆمه‌ڵگه‌رایی و کۆمونیزم به‌واتای سیسته‌می ئابووریی داخراو لەبەرچاو بگیردرێن، که بوار بۆ پێشکه‌وتنی زیاتر و بەردەوام ناهێڵێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌مانه ته‌نیا ئامرازی ئابووریین بۆ پارێزگاری له کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد. تەنانەت بۆی هه‌یه له هەموو شێوەکانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازادی داهاتوودا، شێوەی جیاوازی ئابووری هاریکاریی لە پاڵ یەکتردا هه‌بن، لەوێدا هه‌ر بەرەوپێشچوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستە بۆ ئه‌زموونگیری ئازادانه و تاقیکردنه‌وه‌ی کرده‌یی شێوازه تازه‌کان، له کۆمه‌ڵگه ئازادی کۆمیونیتییە ئازادەکاندا هه‌موو هەلێك له ئارادا ده‌بێت.
هه‌مان شت لەتەك هەموو شێوازە (method) جۆراوجۆرەكانی ئه‌نارکیزم دەگونجێت. کاری لایەنگرانی بە دیاریکراوی، پەروەردە و ئاماده‌کاریی هزریی و ده‌روونیی خه‌ڵکه بۆ ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی خۆیان. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ سنووردارکردنی کارایی پاوانگه‌ری ئابووریی و ده‌سه‌لاتی ده‌وڵه‌ت، هه‌نگاوێكه به‌ره‌و که‌توارییبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه. هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنێکی ڕێکخراوه خۆبەشکارەکان له بواری جۆراوجۆری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا به ئاراسته‌ی
ئازادی که‌سیی و دادپەروەریی کۆمه‌ڵایه‌تی، هوشیاری خه‌ڵکی قوڵتر و لێپرسراوه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییان زیاتر ده‌کات و به‌بێ ئه‌مانه، بەدیهێنانی هیچ ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی له توانادا نابێت. زۆربه‌ی ئه‌نارکیسته‌کانی ئەم سەردەمە لەو بڕوایەدان، کە وەها ئاڵوگۆرێکی کۆمه‌لایه‌تیی چه‌ندین ساڵ دەخایێنێت و کاری بنیاتنان و پەروەردەی پێویستە و به‌بێ هەڵچوون و بارگرژییەکی شۆڕشگێڕانه کە تا هەنووکە هەموو بەرەوپێشچوونێکی کۆمەڵایەتی ئافراندووە، بەدیهاتنی لە توانادا نییە، هه‌ڵبه‌ته تایبه‌تمه‌ندی وەها هەڵچوون و بارگرژییەك بە ڕادەی بەهێزیی بەرهەڵستیێکەوە بەستراوە، که چینه فه‌رمانرواکان بۆ به‌رگرتن له که‌توارتیبوونه‌وه‌ی بیرۆکە تازەکان له خۆیان نیشانده‌ده‌ن. هەچەندی بازنه‌کانی ڕێکخستنەوەی کۆمه‌ڵگه بە نێوەڕۆکی ئازادیخوازیی و سۆشیالیزمەوە فراوانتر بن، ژانه‌کانی لە دایکبوونی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی لە داهاتوودا که‌متر و ئاسانتر دەبن. تەنانەت شۆڕشه‌کان ده‌توانن تەنیا گەشە بە بیرۆکەگه‌لێك بدەن و پێبگەیێنن، که هه‌نووکه بوونیان هه‌یه و بوونەتە بەشێك لە هوشیاری مرۆڤ: به‌ڵام بەخۆیان ناتوانن بیرۆکەگەلێکی نوێ، یا دونیایەکی نوێ له هیچه‌وه بئافرێنن.
پێش ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تە سەراپاگیرەکان له ڕوسیه، ئیتالیا، ئا‌ڵمانیا و دواتر له پورتوگال و ئیسپانیا و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ڕێکخراوه و بزاڤی ئه‌نارکیستی له نزیکەی زۆربەی ولاتاندا بوونیان هه‌بوو. به‌ڵام وه‌ك هەموو بزاڤه سۆشیالسیتییه‌کانی دیکەی ئه‌و سه‌رده‌مه، که‌وتوونه‌ته به‌ر سه‌رکوتی فاشیزم و هێرشه‌کانی سوپای ئا‌ڵمانیا و ته‌نیا توانییان بە نهێنی بمێننەوە. له پاش کۆتایی جه‌نگەوە، هه‌ستانه‌وه‌ی بزاڤه ئه‌نارکیستییه‌کان له گشت وڵاتانی ئەوروپای خۆراوایی شتێکی بەرچاوە. فیدراسیۆنی ئه‌نارکیستانی فه‌ره‌نسه و ئیتالیا یەکەم پێکهاتنیان بەست، هەروەها ئه‌نارکیستانی ئیسپانیا که هیشتاکه هه‌زارانیان له دوورخراوگه‌ن و به زۆری له فه‌ره‌نسه، به‌لجیکا و ئه‌فریکای باکووری دەژین بە هەمان کار هەستان و هه‌ر به‌و جۆره ڕۆژنامه و گۆڤاره ئه‌نارکیستییەکان له زۆر ولاتی ئەوروپا و ئه‌مه‌ریکای باکوور و باشووری بڵاو ده‌کرێنەوە.