Skip to content
ڤۆلین، تێكۆشەری شۆڕشێکی گومناو*
ڤۆلین، ڤسیڤۆلۆد میخایلۆڤیچ ئایشنباوم (Vsevolod Mikhailovich Eichenbaum) لە ١١ی ئۆگوستی ١٨٨٢دا لە ناوچەی ڤۆرۆنیژ (Voronezh) لە ڕوسیای گەورە لەدایكبووە. ئەوەندەی من بزانم تەنیا یەکێك لە نووسینەکانی، کە پەرتووکێکی گچکەی هۆنراوەکانی بوو، بە زمانی ڕوسی لەژێر ناوی ڕاستەقینەی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە، چونکە هەموو نووسینەکان و ئەم بابەتەی بەردەستیشمان شۆڕشێکی نەناسراو (Unknown Revolution) و زۆر وتار و وتەی بە ناوی نهێنی (Voline) بڵاوبوونەتەوە. بۆیە زۆر ئاسانترە بەناوی ڤۆلین (Voline) ناوە نهێنییەکەیەوە یادی بکەینەوە و لەبارەیەوە بدوێین. دایك و باوکی هەردووك پزیشکی دەرمانی بوون، لەباری ژیان ئەو توانایەی پێبەخشیبوون، کە بتوانن مامۆستای زمانی فەرەنسی و ئاڵمانی بۆ مناڵەکانیان بگرن و بەم شێوەیە ڤسیڤۆلۆد (Vsevolod) و براکەی بۆریس Boris ئەو هەلەیان بۆ برەخسێت، کە هەردوو زمانەکە لە سەرەتای لاوێتییاندا فێربن. ڤۆلین دەیتوانی بە هەردوو زمانی فەرەنسی و ئاڵمانی بەڕەوانی وەك زمانی ڕوسی، کە زمانی دایکیی بوو، هەم بدوێت و هەم بنووسێت. یەکەم خوێندنی گشتی خۆی لە کۆلێژێکی ناوچەی ڤۆرۆنیژ (Voronezh) دا بوو. پاش ئەوەی لەوێ خوێندنی تەواوکرد، نێردراوە بۆ خوێندنی مافناسی (jurisprudence) بۆ سانت پیتەرسبورگ ( St. Petersburg » . بەلام گشت پلانەکانی بۆ ئامادەکاری ژیانی داهاتووی لە بارودۆخی ناجێگیر و پڕئاڵوگۆری ئەوکاتی ڕوسیەدا تێکچوون. ڤۆلین لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا وەك خوێندکارێك بە بیری شۆڕشگێرانە ئاشنابوو. بەشێوەیەکی تایبەت خۆی بۆ کارکردن لە بزووتنەوەی کارگەری ١٩٠١دا تەرخانکرد.
لە ساڵی ١٩٠٥دا کاتێك کە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی شۆڕشگێکی گەورە سەراپای ئیمپراتۆری ڕوسیەی گرتەوە و بەڕادەیەك فەرمانڕەوایی ڕۆمانۆڤ (Romanov)ی ڕوخاند، ئەو پیاوە لاوە، کە لە ڤۆرۆنیژ (Voronezh)ەوە هاتبوو بە (پارتی سۆشیال شۆڕشگێڕ»ەوە پەیوەستبوو و ڕۆڵێکی چالاکانەی لەو ڕاپەڕینەدا گێڕا، پاش سەرکوتی خوێناوی ڕاپەڕینەکە، ئەویش لەتەك هەزارانی دیكە دەستگیرکرا. لە ساڵی ١٩٠٧دا دادگەی تزاری بۆ یەکێك لە دورخراوگە زۆر و زەبەدنەکانی تایبەت بە ڕامیارانی ڕوسیە دووری خستەوە. بەلام بەخت یاری بوو و توانی کەرەستەکانی دەربازبوون پەیدابکات و بەرەو فەرەنسە ڕابکات.
ڤۆلین لە فەرنسە هەلی گەورەی بۆ خوێندن و هەڵسەنگاندنی فێرگە جیاوازەکانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و ناسینی لایەنە جۆراوجۆرەکانی گرفتە کۆمەلایەتییەکانی بەگشتی بۆ ڕەخسا. پەیوەندی لەتەك ئازادیخوازە جۆراوجۆرەکان، لەوانە سێباستیان فۆرێ (Sebastian Faure) دەمراست و وتاربێژی ئەنارکیستەکانی فەرەنسە، بەست، کە (ڤۆلین)ی لەتەك دەستەیەك لە ئەنارکیستەکانی ڕوسیە لە پاریس، لەوانە ئا. ئا. کارێلین (A. A. Kareline) و گروپەکەی و ڕێکخراوە ڕوسیییەکانی دیكە لە دوورخراوگە، ئاشناکرد.
ڤۆلین لەژێر کارایی ژینگە و دەوروبەرە تازەکەی، بەرە بەرە بۆچوونە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڕاستکردەوە و سەرەنجام لە ساڵی ١٩١١دا بەیەکجاری خۆی لە سۆشیال شۆڕشگێڕەکان دابڕی و بە بزووتنەوەی (ئەنارکیستی)یەوە پەیوەستبوو.
ساڵی ١٩١٣ کاتێك کە مەترسی کێشمەکێشی چەکدارانە و جەنگ باڵی بەسەر تەواوی ئەوروپادا کێشا، ئەو بووە ئەندامی کۆمیتەی نێونەتەوەیی دژی جەنگ. ئەم چالاکیانە سەروەرانی فەرەنسی هەراسانکرد و لە ساڵی ١٩١٥دا کاتێك کە بەرەکانی جەنگ سەراپای ئەوروپایان دەگرتەوە، میری ڤیڤیانی میلەرا (Viviani-Millerand) بڕیاریدا تاکۆتایی جەنگ بیخاتە ئوردوگەی دەستبەسەرکراوان. بەلام ئەو لەکاتی خۆیدا فریاکەوت و توانی بەیارمەتی هاوڕێ فەرەنسییەکانی بەرەو بۆردۆ (Bordeaux) ڕابکات. لەوێ وەك چاودێری هەمبار بە سواری کەشتییەکی باری بەرەو ئەمەریکا دەربازبوو.
ڤۆلین لە نیویۆرك بە ( یەکێتی کارگەرانی ڕوس لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کانادا)وە پەیوەستبوو، ڕێکخراوێکی گەورە و فراوان کە نزیکەی دە ھەزار (٠٠٠.١٠) ئەندامی هەبوو و لەوکاتەدا هاوبۆچوونی کۆنفیدراسیۆنی گشتی کارگەران (Confe’deration Ge’nerale du Travail)ی فەرەنسە بوو. بەو جۆرە ئەو مەیدانێکی گونجاوی بۆ هەڵسورانی خۆی دۆزییەوە. بەزوویی لە دەستەی نووسەرانی (Golos Truda) هەفتەنامەی (دەنگی کارگەرانی فیدراسیۆن)دا وەك یەکێك لە وتارنووسانی بەتوانا دەستیبەکارکرد.
بەلام لە ساڵی ١٩١٧دا، کاتێك کە شۆڕش سەریهەڵدا، زۆرینەی دەستەی نووسەرانی (دەنگی کارگەران Golos Truda) بڕیاریاندا بەرەو ڕوسیە ئەمەریکا بەجێبهڵن و گۆڤارە خوڵییەکەیان بگوێزنەوە بۆ پێترۆگراد. لەتەك گەیشتنیان بەئەوێندەرێ، لەلایەن یەکێتی ڕاگەیاندنی ئانارکۆسەندیکالیستەکانەوە هاریکاریان کرا. بەو جۆرە کارکردن بۆ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی (دەنگی کارگەران) لەسەر زەمینی روسیە ئاسان بوو. ڤۆلین بەو یەکێتییەوە پەیوەستبوو و دەستبەجێ وەك یەکێك لە نووسەرانی هەڵبژێردرا. لە مانگەکانی سەرەتادا ڕۆژنامەکە وەك هەفتانە دەردەچوو، بەڵام پاش رووداوەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری ١٩١٧ ڕۆژانە دەردەچوو.
لە سەردەمی میرایەتی بۆلشەڤیك لە مۆسکۆ، ڕێکەوتننامەی ئاشتی برێست – لیتۆڤسك (Brest-Litovsk) ڕوویدا، کە تێیدا تەواوی ئۆکرانیا درایە دەست هێزەداگیرکەرەکانی ئاڵمان و نەمسا. لەبەر ئەم هۆیە ڤۆلین پێترۆگرادی بەجێهێشت و بەو هێزەوە، کە بەرەو ئۆکرانیا بۆ جەنگین دژی داگیرکەرە بیانییەکان و هاوکارە ڕووسەکانیان، دەچوو، پەیوەست بوو. لەوێ ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا، کە بچێت بۆ بۆبرۆڤ (Bobrov) بۆ سەردانی خێزانەکەی کە لە ساڵی ١٩١٥ەوە، لەو کاتەوەی کە لە فەرەنسەوە بۆ ئەمەریکا ڕۆیشتبوو، نەیدیتبوون.
لە ماوەی ئەو هەیڤانەدا کە لە روسیا ئازادی لە ئارادابوو، کاتێك کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیكە لەپاڵ ئارامی بۆلشەڤیکەکاندا بۆ راگەیاندنی بۆچوونەکانیان لە ڕێگەی بڵاوکراوە و کۆبونەوە ئاشکراکانیانەوە سوودیان لەو هەلە وەردەگرت، لەو کاتەدا ڤۆلین بەشێوەیەکی جێگیر و بەردەوام لە زۆر بواری جیاجیادا سەرقاڵی هەڵسوران بوو. لە بواری پەروەردەی گشتی سۆڤیەتی و هوشیارکردنەوەی خەڵکیدا بەشداریکرد، سەرەتا لە (Voronezh) و دواتر لە خارکۆڤ (Kharkov). لە پاییزی ١٩١٨دا لە پێکهێنانی فیدراسیۆنی ئەناركیستەکانی ئۆکرانیادا هاریکاری کرد، لە ماوەی چەند مانگێکدا ڕێکخراوەکە لەژێر ناوی زەنگ (Nabat)، کە ئەدەبیاتێکی فرەی بڵاوکردەوە. لەپاڵ ئۆرگانە سەرەکییەکەی لە کورسك (Kursk)، زەنگ ڕۆژنامەی هەرێمیی، لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆکرانیادا لەژێر هەمان ناو (Nabat)دا هەبوو. ڤۆلین بوو بە ئەندامی دەستەی سکرتاری (Nabat) و دەستەی نووسەرانی گۆڤارە خولییەکەی. کۆنگرەی ڕێکخراوی ناوبراو لە کورسك (Kursk) ئەو بروابوونەیان پێبەخشی، کە کار لەسەر بنەماکانی ڕاگەیاندنی چێکراو (Synthetical Declaration) بکات، ئەوەی کە دەبوو هەموو فێرگەکانی سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ڕوسیەدا پێی رازیبن و ئاوایان لێبکات، کە پێکەوە کاربکەن.
بەڵام نەخشە ئایەندەییەکانی (Nabat» تێکچوون، کاتێك کە لە بەهاری ١٩١٩دا میرایەتی سۆڤیەت دەستیکرد بە ڕێگریكردن لە ئەناركیستەکان، بە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەکانیان و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی جەنگاوەرەکانیان. لەو کاتەدا بوو ڤۆلین بە لەشکری شۆڕشگێرانەی ماخنۆڤیستەکان (Makhnovist revolutionary movement) وە پەیوەستبوو. ماخنۆ لەو لەشکرەدا بەشێکی تایبەتی بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵکی و ئامادەکردنیان بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی نوێ، کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتی زەوی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمۆنەکان و هاوپشتی هەرەوەزییانە (federative) تەرخانکردبوو. ڤۆلین دەستبەجێ بوو بە لێپرسراوی ئەم بەشە و لە هەڵمەتێکی فراواندا دژی دێنکین (Denikin) بەوکارە هەستا.
لە دێسەمبەری ١٩١٩دا، شورای شۆڕشگێڕانەی سەربازی ئەوی نارد بۆ ناوچەی کریڤۆی ڕۆگ (Krivoi-Rog) بۆ وەستانەوە دژی پاگاندە مەترسیدارەکانی بەکرێگیراوانی هێتمان پێتلورا (Hetman Petlura)، لە ڕێگەدا تووشی گرانەتا(Typhoid fever) دەبێ و ناچار لە ماڵە جوتیارێکدا دەمێنێتەوە. لەو کاتەدا هێرشەکەی لەشکری دێنکین (Denikin) تێکدەشکێت و ماوەیەکی کەم پاش ئەوە لەنێوان میرایەتی سۆڤیەت و پارتیزانەکانی (ماخنۆ)دا پشوویەکی نوێ دەستپێدەکات. ڤۆلین پاش ئەوەش هەر نەخۆش دەبێت، تا لە ١٤ی جێنیوەردا لەلایەن بەکرگیراوانی سوپایی میرایەتی (مۆسکۆ)وە دەستبەسەر دەکرێت و لەم زیندانەوە بۆ ئەو زیندان ڕاکێشدەکرێت. ترۆتسکی دەستبەجێ بڕیاری لە سێدارەدانی دەردەکات، کە ڤۆلین بە هۆی ڕێکەوتی ڕوداێکەوە لە مردن ڕزگاری دەبێت.
مارچی ١٩٢٠ ڤۆلین بینرا بوو، کاتێك کە بەرەو مۆسکۆ دەبرا، تاوەکو ئۆکتۆبەری ئەو ساڵە لەوێدا زیندانی بوو، تا کاتێك کە ئەو و زۆرێك لە ئەناركیستەکان بەپێی ڕێکەوتننامەیەکی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و لەشکری ماخنۆ ئازادکرا. ڤۆلین دووبارە گەرایەوە بۆ خارکۆڤ (Kharkov)، لەسەر چالاکییەکانی پێشوی خۆی بەردەوام بوو و بەشداری لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان میرایەتی لینین و نوێنەرانی هێزەکانی (ماخنۆ)دا کرد. بەڵام ڕێکەوتنێك کە لەنێوان هەردوولادا پێکهاتبوو، بەزووی لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە تێکدرا و لە نۆڤەرمبەردا، کەمتر لە مانگێك پاش ئازادبوونیان، ڤۆلین و زۆرێك لە هاوڕێکانی دووبارە دەستگیرکرانەوە و لە تاگانکا (Taganka) زیندانێکی موۆسکۆ دا دەستبەسەرکرانەوە.
لەوێدا بێجگە لە بۆچوونە ئازادیخوازانەکانیان، هیچ بەڵگەیەکیان لە دژیان نەبوو. ئیدی زۆر دژوار بوو، ئەگەری ڕودانی هەر ئاڵوگۆڕێك لە بارودۆخەکەدا، دەیتوانی ببێتە هۆی ئەوەی کە هەموویان بەڕێگەیەك یا بەڕێگەی دیكە، وەك ئەو هەزارانەی کە دواتر لەنێوبران، لەنێوببرێن. ئەوە ڕێکەوت بوو، کە لە ژیاندا مانەوە.
لە هاوینی ١٩٢١دا کۆنگرەی نێونەتەوەیی یەکێتییە سوورەکان لە موۆسکۆ بەسترا. لەنێو نوێنەرەکاندا، نوێنەری هەندێك لە ڕێکخراوە ئانارکۆ-سەندیکالیستەکانی ئیسپانیا، فەرەنسە و وڵاتانی دیكە، ئەوانەی کە هاتبوون ئەوە هەڵسەنگێنن ئایا هاوپەیمانی لەتەك ئەم نێونەتەوەییە تازەدا گونجاوە یا نا. لەتەك گەیشتنیان بە پایتەخت، ئەناركیستەکان لە زیندانی تاگانکا «Taganka) دەستیان بە مانگرتن لەخواردن کرد، کە دە (١٠) ڕۆژ درێژەی کێشا و دەسەلاتیان ناچار بە راگەیاندنی رونکردنەوەیەکی ئاشکرا کرد، کە بۆچی ئەوانە دەستگیرکراون.
کاتێك کە نوێنەرەکان ئەمەیان بیست، کە چی رویداوە، ناڕەزایەتییەکی توندیان دەربڕی، پەیگیرانە خوازیاری ئازادکردنی هاوڕێ ڕوسییەکانیان بوون. بەڵام بەهۆی ئەم ئاشکراکردنەوە بوو، کە ڕوداوەکە لە کۆنگرەدا خرایەروو و میرایەتی ناچار بە ئازادکردنی مانگرتووان بوو، بەمەرجێك بۆ هەمیشە ڕوسیە بەجێبهێڵن. یەکەمجار بوو، کە زیندانیانی ڕامیار لە بەناو وڵاتی سووری پرۆلیتاریا ناچار بە وڵاتبەدەری بکرێن.
هەروەها میرایەتی سۆڤیەت بێباك بوو لەوەی ئەم قوربانیانە بە پاسپۆرگەلێك کە لە سەربازە یوگوسلاڤییە گیراوەکانی جەنگ، کە لە ڕێگەی گەرانەوەیاندا لێیان وەرگرتبوون، لە کۆڵی خۆی بکاتەوە . کاتێك کە دوورخراوان گەیشتنە لەنگەرگەی شتێتین (Stettin)ی ئاڵمانی، ناوی فەرمی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی ئەوێندەرێ دا و ئەوەیان ئاشکراکرد، کە ئەو پاسپۆرتانە کە لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە پێیاندراون، لەڕاستیدا هی خۆیان نین. بەخت یاریان بوو، لەو کاتەدا ئاڵمانیا بەخۆی لە بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەدا بوو، ڕێکەوتێك کە کەم جار ڕوودەدات.
لەتەك ئەوەی کە فەرماندە (commissar)ی لەنگەرگەکە مافی یاسایی ئەوەی نەبوو، ڕێگە بە کۆمەڵێك کە ژمارەیان دەگەیشتە بیست کەس بدات، كە لە خاکی ئاڵمانیا دا بمێننەوە، هاوسۆزی خۆی لەتەكیان نیشاندا و ڕێگەی دا دووان لە هاوڕێیانیان بڕۆن بۆ بێرلین، تاوەکو بزانن، کە ئایا دەتوانن هاوڕێیانی خۆیان بۆ پشتیوانی لێکردن لێیان پەیدابکەن، کە لێپرسراوەتی سەرپەرشتی و ڕێوشوێنی تازە بۆیان لە ئەستۆ بگرێت. کاتێك کە دوو نوێنەرەکە لە کاتی خۆیدا گەیشتنە بنکەی سەرەکی یەکێتییە سەربەخۆکانی کارگەرانی ئاڵمان لە پایتەخت، سکرتێری ڕێکخراوی ناوبراو فریتس کاتەر(Fritz Kater) بەخۆی لەتەكیان چووە لای فەرماندەی پۆلیس و هەموو پەروەندە پێویستەکانی بۆیان واژۆکرد، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژێرێکدا مۆڵەتنامەی هێنانی هەموو گروپەکە بۆ بێرلین وەربگرێت. بەو جۆرە لە کۆتایی ١٩٢١دا گەیشتنە بێرلین.
فریاکەوتنی ژمارەیەکی وا لەو کاتەدا، کارێکی فرە ئاسان نەبوو، بەڵام هاوڕێیانی ئاڵمان ئەرکی سەرشانیان بەوپەری تواناوە بەجێگەیاند. بەتایبەتی ئەوەی کە زۆر سەخت بوو، شوێن بۆ ژیانی هاوڕیێانی تازە دەستەبەربکرێت، لەڕاستیدا پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، پرسی خانووبەرە لە ئاڵمانیا نالەبار بوو و وەك گرفتێکی گەورەی نەتەوە تا چەند ساڵ دواتر مایەوە و ئەرکی دژواریان پەیداکردنی سەرپەنایەکی گونجاو بوو، کە خێزانە حەوت کەسییەكەی ڤۆلین تێیدا نیشتەجێ بێت. لە تاقە پەناگەی کۆمیتەکەیاندا لەو کاتەدا كە تەنیا یەك ژوور گەرمی تێدابوو، دەتوانرا دابینبکرێت.
ئەوکات، یەکەمجار بوو، کە چاوم بە ڤۆلین و هاوڕێکانی کەوت. لەتەك ئەوەی کە تەنیا چل و یەك ساڵە بوو، بەپێی پرچ و ڕدێنی سپی هەڵگەرابووی، پیرتر و بەتەمەنتر دەهاتەبەرچاو. چوست و چالاکی و بزووتنە خێراکانی، بەخێرایی دیتنەکانی منیان ڕاستکردەوە. پیاوێکی خوێنگەرم و زیرەك و سەرنجراکێش بوو و ڕەفتار نەرمی و وردبینییەکەی پێچەوانەی بارودۆخە دەرەکی و نەهامەتییە کەسییەکانی بوون. بەتوانایی لەرادەبەدەری لە وردەکاری و توانستی بەردوامی لە نووسیندا بە ئاسانی لەو ژوورە باڵابانەی کە دەبوو تەواوی خێزانەکەی تێیدا بخۆن و بخەون و ژیانی ڕۆژانەیان تێیدا بگوزەرێنن، لێهاتووی ئەویان نیشاندەدا.
لەڕاستیدا ڤۆلین لەو ماوەدا کە لە بێرلین بوو، گەلێك کاری بەسوودی بە ئەنجام گەیاند. پەرتووکۆکەیەکی هەشتا پەڕەیی بە زمانی ئاڵمانی لەمەر چەوساندنەوەی ئەناركیستەکان لە یەکێتی سۆڤیەت نووسی. ئەم زانیاریانە یەکەمین زانیاری دەستییەك و بڕواپێکراوبوون لە دەرەوەدا لەمەڕ ئەوەی کە لەناو روسیەدا چی دەگوزەرا. پەتوکێکی پیتەر ئارشینۆڤ (Peter Arshinov)ی لەمەر مێژووی بزووتنەوەی ماخنۆڤیستی، بۆ سەر زمانی ئاڵمانی وەرگێڕا و لە هەمانکاتیشدا گۆڤارێکی ڕوسی بەناوی کارگەرانی ئەناركیست دەرکرد. لەپاڵ ئەمەشدا کارێکی زۆر چڕوپڕی بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئاڵمانی ئەنجامدا، ئامادەکاری و وتارگەلی بۆ بڵاوکراوەکانمان دەنووسی.
ڤۆلین بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بێرلین مایەوە، پاش ئەوە لەلایەن سێباستیان فۆرێ (Sebastian Faure) داوانامەیەکی پێگەیشت، بۆ ئەوەی لەتەك خێزانەکەی لە پاریس نیشتنەجێ بن، چونکە لەو ڕۆژانەدا گوزەرانی ژیان لە وێندەرێ زۆر لە ئاڵمانیا باشتربوو. فۆرێ «Faure) ئامادەگەر و بلاوگەری ئینکلۆپێدی ئەناركیستی (Encyclopedie Anarchiste) بوو و پێویستی بە کەسێك بوو، کە شارەزایی لە زمانەکانی دیكەدا هەبێت و بە بەردەوامی هاریکاری بکات. بەو شێوەیە ڤۆلین مەیدانێکی گونجاو و لەباری بۆ چالاکییەکانی دۆزییەوە. وتارگەلێکی جۆراوجۆری بۆ ئینکلۆپێدییە نوێیەکە نووسی، زۆرێکیان وەك نامیلکە بە گەلێك زمانی دیكە بڵاوبوونەوە. هەروەها، ئەو بە پێشنیارەکەی فیدراسیۆنی نیشتمانی کارگەران (Confederacion Nacional del Trabajo) لە ئەسپانیا ڕازیبوو، کە تێیدا داوای لێکرابوو ببێتە سەرنووسەری بلاوکراوە خولییەکەیان ئەسپانیای دژە فاشیست ( I L’Espagne Anti Fasciste) لە پاریس.
بەلام سەرەرای ئەوەی کە باری گوزەرانی لە فەرەنسە لەچاو ئاڵمانیا باشتربوو، بەدواهاتنێکی ناخۆشی بۆی هەبوو. ئەوەی کە لە بارێکی ناهەمواردا هاوسەرەکەی مرد، کە ناخۆشترینیان بوو. پاش ماوەیەكی کەم بەرەو (نیم Nimes)، پاریسی بەجێهێشت و پاشان گەیشتە مارسێڵس (Marseilles). لەوێندەرێ کەوتە نێو جەنگی جیهانی دووەم، پاش ئەوەی کە نازییەکان پەلاماری فەرەنسەیان دا، ڕێوشوێنی ڤۆلین فرەتر کەوتە مەترسییەوە. لە حەشارگەیەکەوە بۆ حەشارگەیەکی دیكە، WRS ناچاریکرد، کە لەناو نەهامەتییەکی سەراپاگیردا و نائومێدییەکی ترسناکدا بژی.
کاتێك کە جەنگ تەواو بوو، گەرایەوە بۆ پاریس، بەلام تەنیا بۆ کەوتن لە نەخۆشخانە، لەبەر ئەوەی سەخت تووشی نەخۆشی سیل(Tuberculosis) بوو بوو و بەخۆی دەیزانی، کە چەند ڕۆژێك ژیانی ماوە. لە ١٨ی سێپتەمبەری ١٩٤٥دا لەوێندەرێ مرد. زۆرێك لە هاوڕێ دێرینەکانی لە دوا بەڕێکردندا لەتەكی بوون، کە بە سوتاندنی – شێوەیەکە لە ناشتنی مردووان- لە گۆرستانی دێرینەی پێر لەشەیز (Pere-Lachaise) کۆتاییهات. هاوڕێیانی هاوڕێیەکی کۆڵنەدەریان لەدەستدا، کە ژیانێکی پڕ چەرمەسەری بردەسەر، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئەمان جێما، خەباتی بێوچان بوو بۆ دونیایەکی باشتر و لەپێناو ئازادی و دادپەروەی کۆمەڵایەتی.
***************************************************************
ئەم ژیاننامەیە لە پێشەکی پەرتووکی شۆڕشێکی نەناسراو «Unknown Revolution» ڤۆلین، وەرگیراوە، کە ڕۆدۆلف ڕۆکەر ژیاننامەکەی تێدا نووسیوە.
* ئەم تیترە من بۆم داناوە. پیشتر لەژێر سەردیری (ڤۆلین، ھەڵسوڕاوی شۆڕشێکی نەناسراو *) بڵاوبووەتەوە. و. ك