بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەھرەمدەھێنێت ؟/ بەشی سێیەم

بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەھرەمدەھێنێت ؟

ھەژێن

بەشی سێیەم

سڵاو ھاوڕێیان، دەستخۆش وەستا سابیر بۆ سەرنجی دووەمت، ھەرچەندە تا نزیكەی كۆتایی وەڵامەكەت خوێنەر لەوە تێناگات، كە ڕووی دەمت لە كێیە، تا لە كۆتاییەكەدا دەردەكەوێت مەبەستت چییە.

بەداخەوە سێ بەشی وەڵامەكەت بۆ پێداھەڵدانی مەزھەبییانەی ماركسیزم تەرخانكردووە و پاشان بە یەقینگەرایی قوفڵ لە گشت دەرگەكانی بیركردنەوە دەدەیت. ئەزیزم، دەكرێت كەسێك لە حوجرەكانی پارتدا وەھا بۆ شاگردان بدوێت و بە مەزھەبی ماركسیزم سەرسووڕماویان بكات، بەڵام كاتێك كە لە تۆڕێكی كۆمەڵایەتییدا مشتومڕ لەسەر بابەتێك دروستدەبێت، ناكرێت كاتی خوێنەر بەو مەوعیزانە بگریت. پێویستە لە وەڵامی بابەت دەرنەچیت و دەقاودەق لەسەر بۆچوونە دەربڕاوەكانی بەرامبەر قسە بكەیت. مشتومری نێوان سۆشیالیستەكان كایەی نێوان (تۆم و جێری) نییە، كە خەریكی بردنەوە و براوەكاری بین و لەبری گوێگرتن و خوێندەوەی یەكدی، خەریكی سەرقاڵكردنی بەرامبەربین بە شتی لاوەكی و خۆدزینەوە لە بابەت.

تۆ سەد ئەوەندەی تر ڕستە ڕیزبكەیت، ھێشتا ناتوانێت ھێندەی ھاوڕێ (سەلام عارف)ی ئەناركیست پێداگری لەسەر وردەكاری و جوانییەكانی ھزری ماركس بكەیت. ئەو لە بەرامبەر ئایدیالیزمی (لێنین)دا پشتیوانی لە ماركس دەكات و تۆش دەتەوێت بەڕیزكردنی كۆمەڵێك مەوعیزە، بیسەلمێنیت، كە ئەوەی لێنین وتوویەتی، درێژەی بیركردنەوەی (كارل ماركس)ە. ئەمەیە كڕۆكی بەدبەختییەك، كە وای لە لایەنگرانی ماركس لە كوردستان و خۆرھەڵاتی ناوین كردووە، لەبری پێداگری و شانازی بە سۆشیالیستبوونەوە، چەپایەتیییان كردووەتە میراتی ماركس، لەبری خەباتی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی ڕۆژانەی چین و توێژە ژێردەستەكان، ڕیفۆرم و چەنەبازیی ڕامیارییان كردووەتە میراتی ماركس و خەباتی كۆمونیستی.

كاكی خۆم، زانست شتێكی زۆر پیرۆز نییە، وەك پەنابەرە ئەفریكییەكە لەبەرامبەر كابرای نازی وتی “ھەموو خوێڕی و ساختەچییەك دەتوانێت ئاڵمانی بێت !” ھەر ئاواش ھەموو داھێنانێكی دژە مرۆیی و دژە سۆشیالیستی دەتوانێت زانست بێت، ئاخر لە ئەمڕۆدا زانست ئەو شوناسەی لەدستداوە، كە خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات، بەڵكو چەكی دەستی بۆرجواكانە و لە كلیسا باشتر خزمەت بە سەروەری و مشەخۆری دەكات.

من دژی زانست نیم و زانست؛ تەكنۆلۆجی مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست، مەرجی سەرەكی گەشە و ھەڵكشانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی و داھاتووی مرۆڤایەتین، بەڵام دانانی ترۆھاتێك، كە ئەمڕۆ بە زانست دەناسرێت، لە سەروویی ھەموو شتێكەوە و دەمكوتكردنی خەڵك بەوە، كارێكی دژە شۆڕشانەیە.

پاشان نە زانست و نە یاساكەی نیوتن و نە تیئۆرییەكانی داروین و ماركس ناكرێت لەسەرووی ڕەخنەوە بن، ھەروەھا بەداخەوە ھەم تیئۆرییە زانستییەكەی داروین و ھەم تیئۆرییە ڕامیاریی و ئابوورییەكەی [مەبەست لە دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمە نەك لێكۆڵینەوەكانی دیكەی ماركس] لە سەدەی بیستەمدا گەورەترین خزمەتیان بە سەروەری و مانەوەی بۆرجوازی كرد و ئابووری دەوڵەتی و ناوەندگەرایی پلان، لەوەوە سەرچاوەیان گرت. تیئۆری “بنچینەی جۆرەكان”ی داروین، گەورەتین دار بوو بەدەست ڕژێمی ئاپارتایدیستی ئەفەریكای خوارووەوە، ھەروەھا تیئۆری “ململانێی مانەوە”ی داروین تا ئێستاش گەورەترین خزمەتی بە ڕەوایەتیدان بە چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەو، كردووە. ئەگەر كاتت ھەبوو خراپ نییە، سەرنجی ڕەتدانەوەی كرۆپۆتكین بۆ ئەو تیئۆرییە بدەیت، كە دەیەوێت بەھەمان بنەمای ژیانی ناچاریی ئاژەڵەكان، ڕەوایەتی بە زاڵبوونی ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا بدات …

ئایا كوورەكانی مرۆڤسوتاندن لە ئاڵمانیا و  تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی بەسەر ھیرۆشیما و ناكازاكی و یورانیۆم بەسەر سەربازانی ئێرانی لە لەنگەرگەی (فاو) و كیمیایی بەسەر ھەڵەبجەدا، داھێنان و دەسكەوتی زانستی نەبوون، ئایا سێدارەی ئەلەكتریستی و بڵاكردنەوەی ئایدز لە ئەفەریكای خواروو لەڕێی دەرزیلێدانەوە، داھێنانی زانستی و دەستكەوتی زانستی نەبوون، ئایا بڵاكردنەوەی ڤایروسە دروستكراو و جێنشێوێنراوەكان بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی نەخۆشی و فرۆشتنی ھەرچی زیاتری دەرمانی كیمیایی و لێدان لەو كۆمیونیتییەیانەی كە نایانەوێت بچنە ژێر باری جیھانگیری نیئۆلیبرالیزم، داھێنانی زانستی نین و شانازیی ئەو زانستە نین؟

بەداخەوە دەستەواژەی “زانستی بوون” ئەوەندەی كراوەتە كوتەك لەسەر ڕەخنەگرانی تیئۆرییەكان، ئەوەندە واتای زاسنتی بەھیچ شتێك نەبەخشیوە و لەتەك گوتەی كنسێت و كلیسا و مزگەوتەكان، كە لەبەرامبەر ھەر ڕەخنەیەكدا (یەھوا و گۆد و ئەللە) قوتدەكەنەوە، جیاوازیی نیییە و ئەوەندەی خزمەت بە ئایدیاكانی ئایدیالیزم دەكات، ئەوەندە خزمەتی بە ئایدیاكانی ماتریالیزم نەكردووە !

ئەزیزی من، ڕیزكردنی ڕستە و پەرەگرافی پێداھەڵدان ئاسانە، بەڵام، پەسەندكردنی بۆ ئاوەزی تەندروست و پشتبەستوو بە لۆجیك، زۆر گرانە !!!!!!

پاشان تۆ دەڵێیت “تئیۆری شۆڕش ئەگەر زانستی نەبێت تێک ئەشکێت ، تێک شکانی شۆڕشی ئوکتۆبەر بە مانای تێک شکانی تیئۆرێ زانستی یانەی شۆڕشی بەڵشەفیکەکان و لێنین نی یە ، بە مانای تێک شکانی دەستکەوتە زانستی یەکانی مارکس ئەنگس بۆ خەباتی چینایەتی نی یە .

منیش دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر تیئۆری شۆڕش پشت بە لۆجیكی ماتریالیستی نەبەستێت، ئەوا خۆبەخۆ دەچێتە خانەی دژە-شۆرش واتە نالۆجیكیی ئایدیالیستی. بەڵام ھەر بەو پێوەرەی خۆت، كە تیئۆرییەكانی لێنین بەتایبەت [پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی شۆرشگێڕ و تیئۆرییە ئابوورییەكانی كە كۆڵەكە ئابوورییەكانی ڕوسیای بۆلشەڤیكی [١٩١٧-١٩٨٩]یان لەسەر بنیاتنرا، زانستی دەزانیت، كەچی ئامادەنیت، ددان بەو ڕاستییەدا بنێت، كە ئەو شكستە بەرھەمی ئەو زانستەبوون كە تۆ بوویتەتە كۆیلەی و وەك خوایەك لە سەرووی خۆتەوە داتناوە !

بە بۆچوونی من، یا تیئۆرییەكانی ماركس و لێنین [بەتایبەت لێنین] زانستی نەبوون و ھەر بە پێوەرەكەی تۆ واتە شۆڕشگێڕیش نەبوون، یا ئەوەتا شكستی ئیمپراتۆری (٧٠) ساڵەی بۆلشەڤیزم، شكستی ئەو تیئۆرییانەیە !!! ئەگەر نا، بۆ ئێمەی ڕوون بكەرەوە، كە چۆن شكستی ئەو تیئۆرییانە نەبووە و نییە، بەڵام تكادەكەم بە خوێندەوە و  لێكدانەوەی ئابووریی و تیئۆریك نەك بە پێداھەڵدانی مەزھەبییانە ….

وەستا گیان، ئەگەر مەبەستت لەم دەستەواژەیەدا “چەندین ڕەوت و بۆچون و دارو دەستەو تاقمی جۆراو جۆر هەن لە توێژە ووردەبۆرژواکانی ناو کۆمەڵگا کە دژایەتی کۆمۆنیزم ئەکەن بە شێوەیەکی شەرمێونانە و بە پێچ و پەناوە،

ئەناركیستەكانن، ئەوا تەنیا ئەوە بەسە كە بڵێم، ئەناركیستەكان بەخوێن و قوربانیدانی مێژوویی، كە ئێستاش ناشیرترین لەكەیەكە بەنێوچەوانی (لێنین  وترۆتسكی)یەوە، وەڵامی ناكۆمونیستبوون و نا شۆڕشگێربوونی بۆلشەڤیكەكانیان داوەتەوە، لە ئەمڕۆشدا لە سەرتاسەری دونیادا لە (جاكاتا)وە تا (یوھانسبێرگ) لە بزووتنەوەی دژی جیھانگیریی نیئۆلیرالیزمەوە بیگرە تا داگیركردنی كارخانەكان لە (ئەرجەنتین)ەوە تا  یۆنان و میسر، ئەوە ئەناركیستەكان كە ئاڵای سۆشیالیزمیان بەرزكردووەتەوە و بە ئاشكرا دەلێن، سۆشیالیزم دەوڵەت نییە، بۆلشەڤیزم دژە-شۆرش بووە و ھەیە. ئیدی نازانم كێن ئەوانەی كە شەرمنۆكانە ناوێرن ئەمە بە تۆ بلێن؟

لەبارەی بەشی تەواوكەری ئەو دەستەواژەوە، ئەوەیان پەیوەندی بە شەڕەدەندووكی نێوان خۆتان [پاشڕەوانی لێنین و مەنسووری حیكمەت]ەوە ھەیە و تەنیا خۆتان دەتوانن بەسەرەنجامی بگەییێنن ….

لەوە بەدوا بەتەواوی پشتیوانی لە بۆچوونەكانت بەرامبەر ھەلپەرستیی چەپ لە كوردستان و عیراق دەكەم، كە بۆ دەستكەوتی پارتیی و كەسیی خۆیان، لەتەك بكوژانی ھاوڕێیكانیان كەوتوونەتە سازش …

وەستا گیان، ھیوادارم درێژە بەم مشتومڕە بدەین، بەڵام تكادەكەم، بەبێ پەنابردن بۆ گێڕانەوە، با ھەر یەكە لە ئێمە، لە توانای ھزریی خۆمانەوە لە ئەزموونی خۆمانەوە، لە پێگەییشتنی خومانەوە، ھەوڵی ڕۆشنكردنەوە و كردنەوەی گرێكوێرەكان و شڵەقاندنی گۆمە لیخنەكان بدەین، ئەو گۆمانەی كە ڤایروس و بەكتریای وەھای بەرھەمھێناوە، كە بەناوی سۆشیالیزمەوە لیبرالیزمی نەزمی نوێ، بە كۆمەڵگەی كوردستان دەفرۊشێتەوە..

دەبێت بمبووریت و دڵگیر نەبێت، لە توندی وەڵامدانەوەكانم، چونكە ئەوە شێوازی وەڵامدانەوەی تۆیە، كە ئاوا دەمھێڼیتە قسە … وەڵامدانەوەی بەرامبەر بەبێ ناوھێنانی و تۆمەتباركردنی بە بەكڕیگیراو  و خزمەتكاری بۆرجوازی، شێوازێكی ناشێرینی دەھەی نەوەدی چەپی كوردستانە و ھیوادارم ئەگەر خۆت بە سۆشیالیست و كۆمونیست دەزانیت، ھەوڵبدەیت خۆت لەو شێوازە بۆرجوازییانەیەی كەمڕاگرتنی بەرامبەر، ڕاببسێنیت…

كاتێكی خۆش بۆ ھەمووان و دەستی خەباتكارانەتان دەگوشم ….

خوێنەرانی ھێژا، بۆ گەڕانەوە سەر بۆچوونەوەكانی وەستا سابیر و بەشداربووانی دیكە، تكایە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە كرتە بكە :

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=10151229775877480&set=a.84727347479.78989.608192479&type=1&comment_id=9197573&offset=0&total_comments=22